پێناسە کردنی ئومێد لە کۆنتێکستی سیاسەتدا نە کارێکی ئاسانە و نە ئاساییە، چونکە سیاسەت لە گۆشەنیگای ئەفلاتوونییەوە هەمان کارکردی ئومێدی هەیە. سیاسەت رووی پراکتیکی ئومێدە، واتە ئەگەر خەون و ئاواتەکانمان لە هەناوی ئومێد دا گیانیان بە بەردا دەکرێ، ئەوا سیاسەت رێگای کردەوەیی کردنیان دیاری دەکا.
ئومێد لە گەمەی سیاسەت دا

لە ئەفسانەی یۆنانی کۆندا باس لە چیرۆکی پاندۆرا، جوانترین ژنی دونیا کراوە کە خواکانی یۆنان دروستیان کرد بۆ ئەوەی مێرد بە پرۆمێتووس بکا و تؤلەی خواکانی لێ بکاتەوە. تاوانی پرۆمێتووس ئەوە بوو کە ئاگری لە زێئووس دزی و دای بە مرۆڤ. لای پرۆمێتووس سندووقێکی داخراو هەبوو، رۆژێک پاندۆڕا سەری سندووقەکە دەکاتەوە و لەنەکاو گشت خراپە، ناخۆشی و ئازارەکان لەو سندووقە دێنەدەر و بە جیهاندا بڵاو دەبنەوە. پرۆمێتووس درەنگ بەم کارەساتە دەزانێ و کاتێ سەری سندووقەکەی نایەوە هەر ئومێد مابووەوە کە بێتەدەر. ئومێد لەم ئەفسانەیەدا وادەیەکی سەربەموورە بۆ سارێژ کردنی زام و ئازارەکانی مرۆڤ. هەڵبەت ئیلاهیاتی مەسیحی و فەلسەفە نەیانهێشت ئومێد لە سندوقەکەی پرۆمێتوس دا بمێنێتەوە و دواتر درگای سندووقەکەیان بەسەردا کردەوە.
تۆماس ئاکویناس (١٢٢٥ـ ١٢٧٤) یەکێک بوو لەو فیلسوفانەی کە بەم چەشنە ئومێد پێناسە دەکا: “ئومێد جووڵەیەکی ئیرادەییە کە عەقڵ پاڵنەریەتی بۆ ئەوەی خێراتر، باشتر و بە پێشکەوتوانەترین مێتۆد بمانگەیەنێتە ئامانج”[1]. کەوایە ئومێد لەم سۆنگەوە ئیرادەیەکی عەقڵانی و لەهەمان کاتدا مۆتۆریکە بۆ وەدیهێنانی ئامانج. بەڵام دێڤید هیوم (١٧١١ـ ١٧٧٦) چەمکی ئومێد ئینتیزاعی تر دەکاتەوە و وەک سۆزێکی دەروونی لەبەرامبەر ترسدا پێناسەی دەکا. ئومێد لای ئەو پێوەندی بە ئاسودەیی و قازانجەوە هەیە و ترس؛ پێوەندی بە دۆڕاندن و ئازارەوە هەیە. هەڵبەت ئەم تێروانینە رەگی لە ئیلاهیاتی مەسیحیدا هەیە، چوونکە لە مەسیحیەتیدا ئومێد وەک فەزیلە پێناسە کراوە و هاتۆتە نێو ئەخلاقی مەسیحییەوە. ئاگوستین (٣٥٤ ـ ٤٣٠) سێ دیاردەی ئیمان، ئومێد و عەشق وەک فەزیلەی مەسیحیەت پێناسە دەکا. ئومێد لەم میانەیەدا گرنگترین رۆڵی هەیە لە ئیلاهیاتی مەسیحیدا چوونکە عەشق لە ئیمانەوە دێ و ئێمان پێوەندی بە ئومێدی هاتنی رەستاخیز و مەلەکوتی ئاسمانییەوە هەیە. بەڵام فرێدریش نیچە (١٨٤٤ ـ ١٩٠٠) یەکێکە لەو فیلسوفانەی کە دیاردەی ئومێد لە بەستێنی تراژیدیا دا شرۆڤە دەکا. ئەو پێی وابوو ئومێد لە ئیلاهیاتی مەسیحیدا دیاردەیەکی وەهمی و لە هەمان کاتدا پرۆژەی سیاسی کلیسایە بۆ دەسەمۆکردن و مەسخ کردنی ئیمانداران. رەنگە هیچ کەسێک وەک نیچە رەشبینانە و بە گومانەوە ئاوڕی لە ئومێد نەدابێتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئیلاهیاتی مەسیحی ئومێد لە سندوقەکەی پرۆمێتوس دەردێنێ و لە سندووقی ئیمان و ئەخلاقدا درگای لەسەر دادەخاتەوە. نیچە لە کتێبی “رەچەڵەکشناسی ئەخلاق” (١٩٩٤) دا دیاردەی ئومێد وەک دینامیزمی “ئەخلاقی بندەستی” [2] سەیر دەکا. ئومێد لەم سۆنگەوە وەک لەمپەرێک دێتە ئەژمار کە کەوتۆتە سەر رێی ئازادی و مافی هەڵبژاردنی مرۆڤ، بۆ گەیشتن بە ئازادی و فەزیلەی “پاوەر مێن”، پێویستە مرۆڤی ئازادە هەوڵ بۆ شکاندنی تەلیسمی ئۆمێد بدات. ئومێد لای نیچە لە راستیدا دیاردەیەکی سەربەخۆ و ئیرادەیەکی ئازادە بۆ دەربازبوون لە چارەنووسی بندەستی.

رۆڵی ئومێد لەم سەردەمە و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و رەفتارە سیاسییەکانی ئێمەش دا سەرنجی تایبەتی پێدراوە. بۆ نموونە دیاردەی ئومێد لە زانستی سایکۆلۆژیدا وەک گوزارەیەکی مانادار سەیر دەکرێ، چوونکە شرۆڤەهەڵگرە. مەبەست لە شرۆڤەهەڵگربوون ئەوەیە کە ئێمە بتوانین گوزارە مانادارەکان لە رێگای ئەزموون و تاقیکارییەوە بسەلمێنین و بناسین. کەوایە ئومێد لەم سۆنگەوە پرسێکی فەزیلەتی، ئیرادەیەکی عەقڵانی و هەروەها سۆزێکی دەروونی نییە و بە دڵنیاییەوە لە هیچ سندوقێکدا بە داخراوی نامێنێتەوە، بەڵکە ئومید ئۆبژەیە و دەکرێ ئانالایزی بکەین. دوفالد و مارتێچیۆ (١٩٨٥) لە پرۆژەیەکی هاوبەشدا توێژینەوەیەکی مەیدانیان بۆ دیاردەی ئۆمێد کرد. دیاردەی ئومێد لەم توێژینەوەدا بەسەر شەش پێناسەی جیاوازدا ئانالایز کرا کە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم:
- یەکەم؛ پێناسەیەکی ئافێکتیڤ [3] یاخۆ عاتفییە و لە خانەی هەست و سۆزدا ئومێد شرۆڤە دەکا کە بۆ ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە. بڕوا و باوەر بەخۆبوون لێرەدا پاڵنەرێکی سەرەکەییە بۆ ئومێد کە رووی لە داهاتوویەکی نادیارە، واتە مرۆڤ لە رێگای ئیمانێکی دەروونییەوە چاوەرێی داهاتوویەکی روون تر دەکا. ئومێد لەم کۆنتێکستەدا دیاردەیەکی وەهمییە.
- دووهەم؛ پێناسەیەکی کۆگنۆتیڤانەیە[4] و ئومێد وەک رەوەندێکی میکانیکی سەیر دەکا. واتە بۆ شرۆڤەکردنی ئومێد سەرنج بە رەوەندە بنەماییەکانی سەرهەڵدانی ئومێد دەدرێ. ئەم رەوەندە بنەماییانە مێتۆدیکن؛ واتە پێوەندی بە ئاستی رؤشنبیری، ئاوات، بڕوا، زاکیرە و ئامانجەکانمانەوە هەیە.
- پێناسەی سێهەم لە خانەی رەفتارگەرایانەدا [5] شرۆڤەی ئومێد دەکا و پیوەندی بە چالاکییەکانی ئێمەوە هەیە. کاتێ مرۆڤ هەست دەکا مەجالی ئەوەی هەیە ئازادانە و چالاکانە پلان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆی دادەنێ، لە هەموو کاتێ زیاتر هیوادار دەبێ. موتیڤاسیۆن [6] یاخۆ ئەنگیزە لێرەدا رۆڵێکی گرینگی هەیە، هەتا ئاستی مۆتیڤاسیۆن بەهێزتر بێ ئەوا چالاکییەکانی ئێمە بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانمان گروتینی زیاتری دەبێ.
- پێناسەی چوارەم بۆ ئومێد بەسراوەیی [7] بوونە. مەبەست لە بەسراوەیبوون ئەوەیە کە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کەسانی دڵخۆشکەر لە ژیانماندا، پشتگری نێزیکان و هەروەها دیاردە ئیدەئالەکان دەتوانن پەنایەکی بەهێز بن بۆ هیوادار بوون.
- پێناسەی پێنجەم پێوەندی بە زەمان [8] هەیە. زەمان دیاردەیەکی پوویایە کە لە بەستێنی رابردوو، ئێستا و داهاتوودا پێناسە دەکرێ. ئومێد لە گشت پێناسەکاندا لە راستیدا رووی لە داهاتووە، داهاتوو دەتوانێ نزیک یاخۆ دوورەمەودا بێ. بەڵام رەهەندی ئێستا و رابردووی زەمان بۆ داهاتووی ئومێد دیاریکەرە. عونسووری رابردووی زەمان پێوەندی بە ئەزموونەکانی ئێمەوە هەیە و عونسووری ئێستای زەمانیش ئیمکانی وەدیهاتنی ئومێد باشتر دەردەخات. بۆ نموونە کاتێ لە هەواڵەکاندا رادەگەیەندرێ کە سبەی باران دەبارێ، ئەگەر پێشبینییەکانی بارین لە رابردوودا وەراست گەرابن ئەوا ئومێدی بارین بۆ سبەینێش بەهێز دەبێ. لە لایەکی دیکەوە پێویستە نیشانەکانی بارین لە کەش و هەوای ئەمرۆدا ببینین. ئەگەر بەیانی باران نەبارێ ئەوا ئومێدی بارین لەگەڵ زەمان دا دەمرێ. کەوایە دیاریکردنی زەمان بۆ ئومێد کاتێ مسۆگەرە کە زەمینەکانی وەدیهاتنی ئامانج لە ئارادا بن. لە سیاسەتدا بەرواڵەت ئومێد دیاردەیەکی بێزەمانە، واتە داهاتووی دیار نییە، چوونکە زەمینەکانی وەدیهاتنی ئامانج هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئێمە دەتوانین لەم مەنتقە تێبگەین، بەڵام رەهەندی زەمانیی ئومێد لە سیاسەتدا ئەگەر بێزەمانیش بێ ئەوا ناتوانێ دۆخی ئێستا و ئەزموونی رابردووی چەواشە بکا.
- کۆنتێکستواڵ [9] پێناسەی شەشمی ئومێدە، واتە شرۆڤەی زەمینەکانی سەرهەڵدانی ئومێد دەکا. لەم گۆشەنیگایەوە ژینگەی ئومێد زۆر گرنگە، چوونکە دۆخی ژیان، دەرفەت، ئامێرەکان و ئازادی کردەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانج زۆر دیاریکەرن.

بە پێی بۆچوونی ئێریک فرۆم (١٩٧١) ئومێد شتێکی ئابستراک نییە کە لە وشیاری ئێمەدا هەبێ بەڵکە دۆخێکی دەروونییە و پێویستە زەمینەکانی بۆ فەراهەم کرا بێ. کەوایە دیاردەی ئومێد دیاردەیەکی جووت رەهەندانەیە، بەشێکی دەروونییە و بەشەکەی دیکە دەرەکییە. دەروونییە چوونکە ئێمە ناتوانین بە بێ ئاوات و خەونەکانمان بژین و، دەرەکیشە چوونکە بۆ وەدی هێنانی ئاوات و خەونەکانمان نیازمان بە زەمینەسازی حەقیقەتی ئومێد و پاڵنەرە عەینییەکانی هەیە. دیاردەی ئومێد لای فرۆم پاڵنەرێکی گرنگ و لە هەمان کاتدا دیاریکەرە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی، بە چەشنێ مرۆڤ ئاسوودەگی خۆی تێدا ببینێتەوە.
پێناسە کردنی ئومێد لە کۆنتێکستی سیاسەتدا نە کارێکی ئاسانە و نە ئاساییە، چونکە سیاسەت لە گۆشەنیگای ئەفلاتوونییەوە هەمان کارکردی ئومێدی هەیە. سیاسەت رووی پراکتیکی ئومێدە، واتە ئەگەر خەون و ئاواتەکانمان لە هەناوی ئومێد دا گیانیان بە بەردا دەکرێ، ئەوا سیاسەت رێگای کردەوەیی کردنیان دیاری دەکا. هەڵبەت کاتێ باس لە سیاسەت دەکەین پێویستە رەچاوی جیاوازییەکی کارکردگەرایانە لەمەڕ سیاسەت بکەین؛ واتە سیاسەت وەک پرسێکی مەعریفی و سیاسەت وەک کردەوەیەکی سیاسی. مەعریفەی سیاسی بەستێنێکی تیۆریکە کە پرسی پراکتیک و رێکارەکانی دامەزرانی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان شرۆڤە دەکا. بەڵام کردەوەی سیاسی پرۆژەیەکی مانادار، ئامانجدار و هەروەها عەقڵانییە وەک پێناسە فەلسەفییەکەی توماس ئاکویناس بۆ ئومێد. بەڵام کاتێ باس لە کردەوەی سیاسی دەکەین، ئەوا دیاردەی ئومێد کەمێ ئاڵۆزتر دەبێ. هۆکارەکەش لەوەدایە کە کردەوەی سیاسی دەبێ پتانسیەڵ و زەمینەکانی عەینیکردنی ئومێدی پێبێ. بۆ نموونە ئیدەی رێفۆرمیستی لە چوارچێوەی مەعریفەی سیاسیدا شرۆڤە دەکرێ، بەڵام کاتێ ئیدەی رێفۆرم دەبێ بە بزووتنەوەیەکی سیاسی ئیدی دەچێتە چوارچێوەی کردەوەی سیاسی و، ئەو بزاڤە دەبێ توانای عەینیسازی [10] ئومێدی هەبێ.
پێناسەی ئومێد لە سیاسەتدا پێوەندی بە کارکردی ئومێد و ئەم پرسیارە گرنگەوە هەیە کە ئایا سیاسەت لە خزمەت بەرهەمهێنانی ئومێدە یاخۆ ئومێد کەموکوڕییەکانی سیاسەت پەردەپۆش دەکا؟ ئێمە ناتوانین وڵامێک بۆ ئەم پرسیارە ئامادە بکەین ئەگەر دیاردەی ئومێد لە دوو بەستێنی ئایدیالیستیانە و واقعگەرایانەدا شرۆڤە نەکەین. بەستێنی ئادیالیستیانە هەمان پێناسەی عاتیفی ئومێدە کە پێشتر باسی لێکرا و تەمای ئێمەیە بۆ ئومێد، بەستێنی واقعگەرایانەش هەمان پێناسەی کۆنتێکستوالی ئومێدە و سیاسەت دەبێ زەمینەی رێئالیزەکردنی فەراهەم بکا. کەوایە ئومێد لەو کەلێنەدا دەردەکەوێ کە زۆرجار دەکەوێتە نێوان تەمای ئێمە و عەرزی واقع. بەڵام ئەم کەلێنە قەرار نییە هەمیشە بە ئومێدێکی چالاک و عەینی پڕ بێتەوە، بەڵکە زۆرجار ئومێد لە قاڵبی ئۆتۆپیا دا دەردەکەوێ. مەبەست لە ئومێدی چالاک هەمان پێناسی رەفتارگەرایانەی ئومێدە کە باسی لێکرا، واتە زەمینەی بەشداریی کردنی ئێمە بە شێوەیەکی ئازاد و چالاک لە پرۆژەی وەدیهێنانی ئامانجەکانمان. بەڵام ئومێد لە دۆخێکی ئۆتۆپیاییدا پرۆژەیەکی وەهمییە بۆ مسۆگەرکردنی سوڵتە و لە رێگای عەینیسازی کردنی ئومێدەوە سوڵتە نۆرمالیزە دەکا، رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و پێرفۆرمانسی شادی لەمەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان نموونەیەکن بۆ عەینیسازی ئومێد.
ئەم رۆژانە لە ئێراندا قسەکردن لە ئومێد نەک کارێکی ئاسایی نییە بەڵکە پرسێکی زۆر ئاڵۆزیشە، چونکە ئیندێکسەکانی ئومێد تادێ ئۆتۆپیایی تر دەبن. جموجووڵە کۆمەڵایەتییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویی بۆ گۆڕان و تێپەڕین لە ئیستەبدادی دینی، ئیدەی دامەزراندی کۆمەڵگای مەدەنی لێکەوتەوە کە دواتر وەک فەزیلەی رێفۆرمیستی دیاریکرا. بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە چاوی ئومێدەوە هەوڵیان بۆ کولتورسازی و نەهادینە کردنی ئەم فەزیلە رێفۆرمیستییە دەدا و تەنانەت هەوڵێکی زۆر درا تا دەسەڵات درگای دیالۆگیان بەسەردا بکاتەوە چوونکە پێیان وابوو رێژیمی سیاسی ئێران ئیدی برستی بەرهەمهێنانی ئومیدی لێبڕاوە. بەڵام نیشانەکانی ناکامی ئەم رەوتە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەکەوێ و وادیارە لە درێژماوەشدا سەرکەوتوو نابێ. تەفسیری ئومێد لای رێژیم لە خانەی ئیلاهیاتی “ویلایەتی فەقی” دا جێدەگرێ و سروشتییە هەر چەشنە ئومێدێک دەبێ لە خزمەت سوڵتەی وەها ئیلاهیاتێک بێت. پرۆژەی سیاسی رێژیم ئامادە نابێ بە ئاقاری بەرهەمهێنانی ئومێد دا بروات بەڵکە بە پێچەوەانەوە، ئومێدی خستۆتە خزمەت سیاسەت. رێژیم ئومێدی “چاکسازی” لە سندووقێکدا راگرتووە بە ناوی “دەوڵەت”. کاتێ بەدوای هەڵبژاردنەکاندا درگای ئەم سندوقە بەسەر خەڵکدا دەکرێتەوە، بە تەنیا هەر ئازار، ئیختلاس، هەژاری، بێکاری، درۆ، نائەمنی کۆمەڵایەتی، ئیعدام، زیندان و سانسۆر بە شەقامی گشتی ئێراندا بڵاو دەبێتەوە و کاتێ نۆرە دەگا بە ئومێد، دەرگای سندوقەکە دادەخاتەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و دەوڵەتێکی دیکە. ئومێد لەم دۆخە سیاسییە دا تەنیا هەر لە خانەی پێناسەی عاتفی دا شرۆڤە هەڵدەگرێ و بەداخەوە چاکسازیخوازان ئامادە نابن لە تەفسیری دراماتیکی ئومێد تێپەڕن و بەرەو تەفسیرێکی تراژدیک هەنگاو بێنن. رەنگە نیچە لە سەردەمی خۆیدا گرفتاری وەها تەفسیرێکی دراماتیک بووبێ کە بەم چەشنە نکۆڵی لە ئومێد کرد.
رزگار ئەمین نژاد
٢/٥/٢٠١٨
سەرچاوەکان:
Day, J. P. (1991). Hope: A philosophical Inquiry. Acta Philosophica Fennica, 51, 1-101.
Dufault, K. & Martocchio, B. C. (1985). Symposium on compassionate care and the dying exerience. Hope: its spheres and dimensions. Nursing Clinics of North America,20, 379–391.
Fromm, E. (1971): Det revolusjonære håp-om en humanisert teknologi. Oslo.
Nietzsche, Fridrich. Moralens Genealogi. 1994, 2. Utgave. Gyldendal Norsk Forlag A/S. Oslo.
پەراوێزەکان:
[1] “Hope is a movement of appetite aroused by the perception of what is agreeable, future, arduous, and possible of attainment.” (Day, J. P. (1991), 51, 1-101).
[2] Slave morality
[3] Affective
[4] Cognetive
[5] Behaviorisme
[6] Motivation
[7] Affiliation
[8] Temporal
[9] Contextual
[10] Objectivation
وەڵامێک بنووسە