- ئیپیزۆدی یەکەم:
رەنگە دایکم بە دەیان جار ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕابیتینەوە و، هەموو جارێکیش ئەم چیرۆکە نە زیادی دەکرد و نە لێی کەم دەبۆوە. بیرەوەری ئەم رووداوە وەها کاری لە دایکم کردبوو کە نە بە جارێک و نە دە جاران گێڕانەوەش ئۆقرە ناگرێ.
ئەو ساڵە باوکم هەڵاتبوو بۆ عێراق. لەساڵانی ١٣٤٥ بۆ ١٣٥٠ هێرشی ساواک و ژاندارمە (ئەمنییە) بۆ سەر لاوانی کورد بە رادەیەک بوو کە هەر کەس شتێکی لە خۆیدا شک دەبرد، پەریوەی ئەو دیوو (عێراق) دەبوو. وادیارە باوکیشم شتێکی لە خۆیدا شک دەبرد کە وەها بە هاسانی دەسبەرداری ماڵ و منداڵی دەبێ و پەریوەی ئەو دیوو بووە. دایکم کوتی تۆ هێشتا لە دایک نەببووی، سەرەتای بەهاری ١٣٤٧ دەنگۆیەک بە شاردا بڵاو بۆوە و خەڵک لە ترسانا بە شەوان هاتووچۆی یەکتریان نەدەکرد، دەرگایان تووند دەکرد و تا بەیانی وەنەوزیان نە دەدا. دەیانگووت «چەتە» هاتووە و دایکم دەیگێرایەوە کە خەڵکیش بەراستی باوەریان کردبوو کە چەتە هەن. نازانم چۆن ساواک توانی وەها دەنگۆیەک لە نێو خەڵکدا بەهێز بکا، چوونکە خەڵک قەت باوەریان بە پیاوانی حکوومەت نەدەکرد. دیار بوو لە رێگای دەرەبەگەکانەوە ئەو دەنگۆییەیان بڵاو کربۆوە. دایکم جوان لە بیری ماوە، تەنانەت رۆژەکەشی دەزانێ. ئێوارەی پێنج شەممە، ١٢ی بانەمەری ١٣٤٧ بوو، کوتیان چوار چەتەیان کوشتووە و تەرمەکانیان هێناوەتەوە بۆ مەزراکەی ئێمە کە دەکەوێتە خوارووی کێوی «دووزین». کوتی خەڵک بە پۆل بەرەو مەزرای ئێمە دەرۆشتن. دایکم چاوی بە دادە «نەسرەتی شەریفزادە» دەکەوێ کە بە شین و شەپۆرەوە لەگەڵ مێردەکەی کاک «رەحیمی ئەمینی»، لە پردەکەوە دەپەرنەوە. دادەنەسرەت خەڵکی مەهاباد بوو، لە بانە مێردی بە کاک رەحیمی ئەمینی کردبوو. کاتێ دایکم دەبینێ دادە نەسرەت بە خۆیدا دەدا و بە شین و شەپۆرەوە بەرەو مەزرای ئێمە دەروا، خۆی پێ راناگیرێ و دوایان دەکەوێ.

کاتێ دایکم دەگاتە مەزراکەمان، ئەو پیاوەی کە وەک نیوەکار کاری بۆ دەکردین، بەرەو پیری دایکم دێت و پێی دەڵێ: ئەوە بزورگ خانم بۆ هاتووی؟ خەتەرە …. ئەو کەسانەی دایکم دەناسن دەزانن کە ئەو ژنێکی بە غیرەت و هەروەها روونابیرە، هێندێ جار هەستم دەکرد تەنانەت لە باوکیشم بە غیرەت ترە. گوێی بە قسەی نیوەکارەکەمان نابزوێ و لە تەرمەکان نزیک دەبێتەوە. بەگزادە بەرماوخۆرەکانی بانە، وەک سەگی راوچی ئەو چوار تەرمە بێ گیانەیان گەمارۆ دابوو و رێیان بە کەس نەدەدا لە تەرمەکان نزیک ببنەوە، بەڵام ئەو بەگزادانە شەرمیان لە دایکم دەکرد و رێزیان لێ دەگرت چوونکە دەیانناسی کچی کێیە و ژنی کێشە. دایکم چاوی بە تەرمی لاسە شۆرێکی نیشتمان دەکەوێ کە غەنیمی دژمنانی کورد بوو. دایکم ئێستاش ئەو دیمەنەی لە چاوان وون نابێ، تەرمێکی خوێناوی، تەپوتۆزاوی، سارد، شلک وەک رێواسی کوێستانان و لە پەنای سێ ترمی دیکەدا بە بێ گیانی راکشا بوو. دایکم باسی چاوەکانی، برۆی قەترانی، روومەتی گەش و روخساری ناز لێشێواوی دەکرد و دەیگووت: «هێندە جوان بوو تەنانەت خوشکی خۆشی حەزی لێ دەکرد». دایکم دەچێتەوە لای دادە نەسرەت. کوتی کەس نەیدەوێرا خۆی لێ بدا، خەڵک دەترسان و بە ماتی راوەستا بوون. لەو بێدەنگییەدا لە دوورەوە دادە نەسرەت برا غەریب و بێنازەکەی خۆی دەلاواندەوە. دایکم باوەشی بۆ دەکاتەوە و پێی دەڵێ: نەسرەت گیان دژمن بە خۆت خۆش مەکە. دادە نەسرەت بە چنگ و ددانان چەند جار هۆمەن بۆ یەکێک لە بەگزادەکان دەبا، بەڵام خەڵک دەیگرن. دایکم گێرایەوە کاتێ دادە نەسرەت زانی دەستی ناگاتە ئەحمەد خان، بەسەریدا دەقریشکێنێ و دەڵێ: «گەواد، شەرت بێ ئەو کراسە رەشەم دانەکەنم، تا پیاوێک پەیدا دەبێ و تۆڵەی براکەمت لێ بستێنێتەوە».
دایکم کوتی ماشینی ساواک و دوو ماشینی جیپ و سێ زیلی ئەرتەشی هاتن. دەورەی خەڵکەکەیان گرت، رەئیسی ساواک و چەند ئەفسەر دابەزین و لە تەرمەکان نزیک بوونەوە. دیار بوو پزیشکی قانوونیان لە سەقزەوە هێنا بوو کە مەرگی ئەو چوار کەسە بسەلمێنێ و هەر لەوێ «سوورەت جەلەسە» واژۆ بکەن. دایکم شتێکی سەیری گێڕایەوە و کوتی یەکێ لە ئەفسرەکان کە بە تەمەن لەوانی دی لاوتر بوو، کاتێ لە تەرمەکان نزیک دەبێتەوە، لە پەنای تەرمی بێگیانی کوڕە جوانەکە ووشک دەبێ، بەسەر تەرمەکەیدا دادەمووکێتەوە و دوو چەپۆک بەسەری خۆیدا دەدا و بە دەنگی بەرز دەڵێ: « اسماعیل! … قوربان کوا ئەوانە چەتەن، من ئەمەیان دەناسم، لە زانکۆ لەگەڵ یەک بووین، موهەندیسە و …» دایکم کوتی فەرماندەکەیان بەگژیدا هاتەوە و رەئیسی ساواکیش پیلی ئەفسەرە لاوەکە دەگرێ و سوار ماشینەکەی خۆی دەکا. دایکم کوتی یەکێ لە بەگزادەکان بۆ خۆشیرین کردن فیشەکێک بە تەرمی بێگیانی «سمایلی شەریفزادە»ەوە دەنێ و دەڵێ ئەوەیان سەرۆکی چەتەکان بوو. دادە نەسرەت لەو کاتە دا گڕ دەگرێ، چنگان لە عەرزی دەگرێ، دەقیژێنێ و دەستی بەکەس ناگا. فەرمەندەکە تاوێ لە دادە نەسرەت رادەمێنێ، ئەوجار روو لە بەگزادەکە دەکا و بە گرژییەوە پێی دەڵێ: «لەبەرچاوی ژنان خۆت فش دەکەیتەوە خوێڕی، ئەگەر پیاوی ئازایەتییەکت دانێ بۆ شوێنی خۆی». دواتر «سوورەت جەلەسەیان» ئیمزا کرد، بارەقەڵایان بە دەرەبەگە رووتەکانی بانە کوت، دەستووریان دا تەرمی بێگیانی شەهیدان لە پشت یەکێ لە زیلە ئەرتەشییەکان بهاوێن، بۆخۆشیان سوار بوون و رۆشتن. لەو ئێوارە خەماوییە دا، لە ژێر چارشێویی زەردپۆشی رۆژئاوابوونی بانە و لە بن تەپوتۆزی ماشینەکاندا، خوشکە دڵسووتاوەکەی «سمایل شەریفزادە» بە بێدەسەڵاتی بەجێ ما.
کاتێ ئەنقلابی ساڵی ١٣٥٧ سەرکەوت، لە بیرم دێ شەر بوو لەسەر ناوی «سمایلی شەریفزادە» چریکی فیدایی دەیگووت هی ئێمە بوو، باڵێکی حیزبی توودە دەیگووت هی ئێمە بوو، کۆمەڵە دەیگووت هی ئێمە بوو، حیزبی دێمۆکرات دەیگووت هی ئێمە بوو، بەڵام ئەو شتەی کە روون بوو ئەوە بوو کە ئەو شەهیدە بێنازەی کە لە خۆرئاوای ئێوارەیەکی بانە دا راکشابوو «سمایلی شەریفزادە» بوو، هێندە گەورە بوو کە بەشی هەموو خەڵکی ئێران و کوردستانیشی دەکرد.
- ئیپۆزۆدی دووهەم
ئەمەیان ئیتر چیرۆکی منە، چیرۆکی سەردەمی راپەرینی گەلانی ئێران و دوارۆژەکانی حکوومەتی پەهلەوییە. ئەم چیرۆکە لە بیرەوەری زۆربەماندا ماوە، ساڵی ١٣٥٧ بوو، ئێمە نەدەچووینەوە بۆ قوتابخانە چوونکە هەموو رۆژێ خەڵک دەرژانە سەر شەقام و بە دژی شای ئێران دروشمیان دەدا. من ئەو کات پۆلی سێی سەرەتایی بووم، تەمەنم نۆ ساڵان بوو. گشت رێپێوانەکان دەچووم، بەڵام ئەوەی راستی بێ نەمدەزانی وەک ئەو خەڵکە درووشمەکان بڵێمەوە، دەستم وەک ئەوان هەڵدێنایەوە و بەدوایاندا دەرۆشتم. لە بیرمە یەکێ لەو رۆژانەی کە خەڵک رژابوونە سەر شەقام، لە نەکاو چەند کەسێک دەنگیان هەڵبڕی و خەڵکەکەیان بەرەو پادگان (سەربازخانە) دننە دەدا. وا دیار بوو کە بە تەما بوون وەک شارەکانی دیکە پادگانی بانەش چەک بکەن. هێندەی پێ نەچوو کە بوو بە تەقە. من تا ئەو کات گوێم لە تەقەی چەک نەببوو، نازانم منیش وەک ئەو خەڵکە ترسا بووم یا هەر دوای خەڵکەکە دەکەوتم. خەڵک بڵاوەیان کرد و منیش بەرەو ماڵ گەرامەوە. دایکم لەبەر درگا چاوەرێی من و براکانمی دەکرد، کوتی هەڵێ وەرە ژوورەوە، پرسیاری برا گەورەکانمی لێ کردم، نەمدەزانی لە کوێن و نەشم بینی بوون. باوکم بە پەلەداوان خۆی بە ماڵەوەدا کرد و بە دایکمی کووت: «دەمانچەکەم بۆ بێنە». دایکم کە پێشتر دەمانچەکەی شاردبۆوە، بۆی هێنا و باوکم لەگەڵ چەند کەسی دیکە بەرەو پادگان چوون. دواتر پیاوێکی باڵابەرز و جامانە قیتم بینی کە بە بەر درگاکەی ئێمەدا بەرەو پادگان دەرۆشت، چەکەکەی لە دەمانچەکەی باوکم گەورە تر بوو دواتر زانیم ئەو پیاوە کەڵاشینکۆفی پێ بوو، سڵاوی لە دایکم کرد و بە غاردان بەرەو پادگان رۆشت. دایکم لەبەر خۆیەوە کوتی رەببی نەگەرێیتەوە. کوتم بۆچی؟ کوتی تۆ کارت بەو شتانە نەدا بێ، برۆ ژوورەوە. کوتم کێ بوو؟ کوتی ئەحمەد خانە!
تەقە هەر دەهات و گەرمتر دەبوو، ژنانی گەرەک بە گریانەوە خۆیان بە ماڵی ئێمەدا دەکرد و دایکم دڵنەوایی دەدانەوە. پێم سەیر بوو کە بۆ دەبێ ئەوان بێن بۆ ماڵی ئێمە، دواتر کە گەورە بووم زانیم هۆکاری هاتنیان بۆ ماڵی ئێمە نەترسی دایکم بوو و ئافرەتەکانی گەڕەک لای ئەو سووکناییان دەهات. ماڵی ئێمە پڕ ببوو لە ژن و منداڵی گەرەک و لەبەر دەنگی گریان جارەز ببووم. ماڵی ئێمە بەرز بوو، منیش نەدەترسام، چووم لە هەوەرەبانەکەوە سەیری پادگان بکەم، هیچ دیار نەبوو هەر دەنگی تەقە دەهات. دایکم کوتی رۆڵە وەرە خوار، گوللەی وێڵت بۆ دێ! گوڵلەی وێڵ؟ بەلامەوە سەیر بوو، تا ئەو کات شتی وام نەبیستبوو و لەو کاتەشدا نەمدەزانی بۆ دەبێ لە گوللەی وێڵ بترسێم. ئێوارە دەنگی تەقە بڕا، خەڵک پادگانیان گەمارۆ دابوو و لەو رۆژەدا زانیم نیوەی خەڵکی شار چەکیان لە ماڵەوەدا هەبووە و تا ئەو کاتە شاردبوویانەوە. ئیتر چیرۆکی من و چەک لەو رۆژەوە دەستی پێ کرد. لە سەرەتای تەقەکەدا کورێک بە ناوی «رەحمانی فاتە ئالاسکە» کووژا. دواتر دەنگۆی کووژرانی «ئەحمەد خان» بڵاو بۆوە. شەوێ کە باوکم هاتەوە، بە مردنی ئەحمەد خان پەشۆکاو بوو، بەڵام دایکم دیار بوو پێی ناخۆش نییە.
رۆژی دواتر خەڵکی شار رژانەوە سەر شەقام، بەڵام دروشم و هێماکان گۆران، بیرم دێ ژێرکراسێکی (فانیلە) خوێناویان بە دارێکدا بەرز کردبۆوە و بە شەقامدا دەیانگێڕا. گۆیا ئەوە ژێرکراسی ئەحمەد خان بوو. خەڵک هاواریان دەکرد: «ئەحمەد خانی قارەمان، تانگی دوژمنی شکاند!» ئیتر ئەم درووشمە بوو بە دروشمی رۆژ و وێنەی ئەحمەدخان بە هەموو شوێنێکەوە هەڵواسرا بوو. رۆژی دوای مردنی ئەحمەد خان، چووم بۆ رپێوان، باوکم دەستی گرتبووم، قەرار بوو تەرمی ئەحمەد خان ببەن بۆ گۆرستانی سڵێمان بەگ. منیش لەگەڵ باوکم رۆشتم، دایکم نەهات و من هەستم دەکرد کە نەدەبوایە باوکیشم بچێ، نازانم بۆ بەڵام بە خەمساردییەکەی دایکم دا وام هەست دەکرد. باوکم دەستی تووند گرتبووم، جەماوەرێکی زۆر رژابوونە سەر شەقامی جادەی سڵێمان بەگ، وێکڕا هاواریان دەکرد: «ئەحمەد خانی قارەمان، تانگی دژمنی شکاند!» لە رێی قەبراندا دیمەنێکی سەیرم بینی، دادە نەسرەت بە تەمای هاتن بوو بۆ سەر قەبران، دایکم لە کنی راوەستا بوو، دیار بوو رێیان لێ دەگرت، لەگەڵ کاک رەحیمی مێردی دەمبۆڵەیان بوو، جوانم لە بیر نەماوە کە چیان پێ دەگووت چوونکە ئەو کات منداڵ بووم، بەڵام لەبیرم دێ کاک رەحیم و هێندێ لە پیاوانی دی زوو زوو لە بەری دەپارانەوە و دەیانگووت «عەیبە». کاتێ تەرمەکەی ئەحمەد خان هات، دادەنەسرەت بەرۆکی کراسە رەشەکەی دادڕی و دواتر دایکم بۆی دەگێڕامەوە کە دادە نەسرەت لەو کاتەدا کوتوویەتی: «ئۆخەی، ئەمرۆ شایی سمایل گیانە». دایکم دەیگووت لەو رۆژەوە ئیتر دادە نەسرەت جلی رەشی لەبەر نەکردەوە.
خەڵکەکە زۆریان پێ ناخۆش بوو کە دادە نەسرەت وای کرد، دەرەبەگەکان وەک بڵێی نە بایان دی بێ و نە بۆران، خۆیان رادەنا و هۆمەنیان بۆ دادە نەسرەت دەبرد، هێندێ کەس جنێویان بە دادە نەسرەت دەدا و هێندێکیش تف و لەعنەتیان دەکرد، بەڵام کەس چیرۆکی خۆرئاوا دەڵتەنگەکەی ساڵی ١٣٤٧ی بانەی لە بیر نەما بوو. ئێستا ئیتر ئەحمەد خان ببوو بە قارەمان، شەهید، نەترس، ئازا، ئەفسانە و … من ئەو رۆژە و رۆژانی دواتریش هەر بە دوای تانگیێکی شکاو دا دەگەرام کە ئەحمەد خان تێکی شکاندبێ. ئەوەی راستی بێ قەت قەت ئەو تانگە شکاوەم نەبینی، چوونکە هیچ تانگێک لە ئارا دا نەبوو، زرێپۆشێکی نەفەر هەڵگر لە رۆژی تەقەکەدا لە پادگان دێتە دەر، بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکا کەمێ تەقە لە دار و دیوار دەکا و دەچێتەوە ژووری پادگان. دوای ساڵانێکی دی زانیم ژێرکراسەکەش درۆ بوو، خوێناوی نەبوو، هی ئەحمەد خانیش نەبوو، بەڵکە ژێرکراسێکی بێ خاوەن بوو کە بە رەنگ سووریان کردبوو.
ساڵەکان تێپەرین و منیش فێری سیاسەت و کتێب خوێندنەوە ببووم. کاتێ رۆمانی «گورستان غریبان»ی براییم یونسیم دەخوێندەوە، باسی پیاوێکی دڵرەق و سەر بە گێچەڵی تێدا بوو کە وەک یەکێک لە پێرسۆناژە نەگەتیڤەکانی رۆمانەکە دەوری هەبوو. پیاوێکی کەللە رەق، نمادێکی پیاوسالاری، بێ بەزەیی و وەک پووشێکی بێ نرخ بە دەم بای رووداوەکانەوە دەرۆشت و قەتیش شتی باشی لە دوای خۆی بەجێ نەدەهێشت. ئەو پیاوە سەربەگێچەلەی کە لە رۆمانی «گورستان غریبان» سەری خوشکەکەی دەبڕێ و دەیباتەوە بۆ دایکی و هەرەشە لە دایکیشی دەکا کە ئەگەر بێت و بۆی بگری، سەری ئەویش دەبڕێ. کاتێ دایکم رۆمانی «گورستان غریبان»ی دەخوێندەوە، بۆی باس کردم کە ئەو بەسەر هاتە راستە، ئەو کچە خوشکی ئەحمەد خانی ئەحمەدی بوو، کوڕە رەعیەتێک حەزی لێدەکا و نایدەنێ، خوشکی ئەحمەد خان رەدووی کورە دەکەوێ و دواتر ئەحمەد خان بە فێڵ دەیهێنێتەوە و سەری دەبڕێ.
ئەحمەد خان لەو رۆژانەی ئینقلاب دا قارەمان بوو، بەڵام شتێکم زۆر پێ سەیر بوو کە بۆچی باوکم و زۆر یەک لە کادرەکانی حیزبی دێمۆکرات هەوڵیان نەدەدا لەو رۆژانەدا ئەو خەڵکە روون بکەنەوە و باسی رووداوە راستییەکانی مێژوو بکەن. بە بێدەنگی بە پەنای رووداوەکان دا دەرۆشتن، هەروەک بڵێی هیچیان لە بیر نەماوە. بەڵام دایکم قەت قەت لە بیری نەچوو و ئێستاشی لەگەڵدا بێ کاتێ باسی ئەحمەد خان دەکا دەڵێ: ئەو گۆڕ بە گۆرە! دواتر ساڵی ١٣٥٨ لە شاری مەهاباد دادگای شۆرش، دۆسێیەکی بۆ لێکۆڵیینەوەی شەهید بوونی شەهید سمایلی شەریفزادە و هاورێکانی کردەوە، دەرەبەگە رووتەکانی بانەیان راکێشی مەهابادی ئازاد کرد و دادگایی کران، لە گشت قۆناغەکانی لێپرسینەوەی دادگادا گۆیا یەک ناوی نەگبەت و بێزراو بە بەردەوامی وەک تاوانبار دووپات دەبووەوە: «ئەحمەد خانی ئەحمەدی». ئیتر لەو رۆژەوە کەم کەم ناوی ئەحمەد خان لە بانەش کوێر بۆوە و دواتر وەها سڕایەوە کە هیچ لایەن و حیزبێک ئامادە نەدەبوو خۆی لێ بە ساحێب بکا. دەستی چارەنووس وابوو کە کاتێ رژیمی کۆماری ئیسلامی شارەکانی کوردستانی داگیر دەکرد، ناوی ئەحمەد خان زیندوو بێتەوە و ناوەکەی چووە نێو لیستەی شەهیدانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران و مووچەی شەهیدانەیان بۆ بنەماڵەکەی برییەوە. چارەنووسی ئەحمەد خان وای لێهات کە ببێ بە میراتی رژیمێکی مرۆڤکووژ و بەدخوو کە لەباری هەڵسوکەوتەوە زۆر وەک کەسایەتی ئەحمەد خان دەچێ.کاک سمایلی شەریفزادەش بە گشت کاراکتێرە جوانەکانییەوە بوو بە میراتی کورد و کوردستان و هەموو ساڵێ یادی دەکەینەوە، رێزی دەگرین و پێی دەڵێین: کاکە گیان، لە سەردەمی کورتە باڵاکاندا تۆ هێندە گەورە بووی کە لەو بێدادییەدا، لەو شەوەزەنگە شوومانەدا، زانکۆت بەجێ هێشت و باوەشت بە چیا دا کرد بۆ ئەوەی شەر بۆ عەداڵەت، ئازادی و ناسنامەیەکی نەتەوەیی بکەی کە حاشای لێ دەکەن و هەشە.
تێبینی:
وێنەکە لە وێبلاگی روانگە وەرگیراوە
وەڵامێک بنووسە