وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی کوردستان


ڕزگار ئەمین نژاد:

یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی ئاسێمیلەکردن، هێژمۆنیی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندە

ئاماژە: هەموو هەوڵی داگیرکەرانی کوردستان بەدرێژایی مێژوو ئەوە بووە بە هەموو مێتۆدێک بەر بە گەشەکردنی شوناس و هەوێتیی کورد بگرن و دەسەڵات و هەژمۆنیی سیاسی و کولتووریی خۆیان بە هەموو هێزەوە بەسەر کورددا بسەپێنن.

سەرکوتی بزووتنەوە سیاسی و فەرهەنگییەکان، سیاسەتی نەرمی تواندنەوە و دروستکردنی قەیرانی شوناس بۆ نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردی تەنیا بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاریی رێژیمەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا ناسیۆنالیزمی مەدەنی و مرۆڤتەوەر و ئاشتیتەوەری کوردیش بەردەوام روو لە گەشە و هەڵکشاندا بووە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئاشتیخوازیی کورد لە بەرانبەر دوژمنانیدا نەبووەتە هۆی خوڵقاندنی ئەو دۆخەی مەجالی زیاتر بە نەیارانی بدا لە سەر سیاسەتی داگیرکاریی خۆیان بەردەوام بن؟ رێکارەکانی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەبات لە بەرانبەر سیاسەتی داگیرکەری و ئاسێمیلاسیۆنی کورد لە کوردستان چییە؟ ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بەو باسەمان لەگەڵ ڕزگار ئەمین نژاد، نووسەر و کارناسی باڵای کۆمەڵناسیی پەروەردە تاوتوێ کردوە.

دیمانە:  شەهرام سوبحانی

کاک ڕزگار پێش هەموو شتێک بۆ بەرچاوروونی پتر دەمەوێ بپرسم لە روانگەی ئێوەوە ئایا کوردستان داگیرکراو و موستەعمەرەیە؟ ئایا سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیش لە چوارچێوەی سیاسەتگەلی ئیستەعماریدا جێ دەگرن؟

خوێندنەوەی کارناسیانە لەمەڕ کۆلۆنیالیزم، ئەم بۆچوونە پشتراست دەکاتەوە کە کوردستان وڵاتێکی کۆلۆنیکراوە و هەروەها پێیان وایە هەڵسوکەوتی تاران لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران کۆلۆنیالیستییانەیە. هەڵبەت خوێندنەوەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم چەند لقی لێ دەبێتەوە و هەر کام لەم لقانە بە تێرم و خوێندنەوەی جیاوازەوە توێژینەوەیان لەسەر مێژووی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، کردووە. بۆ نموونە «کۆ-کۆلۆنیالیزم»، «کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی» و هەروەها «کۆلۆنیالیزمی نێوان بندەستان» بەشێکن لەو خوێندنەوانە. بەڵام لەم توێژینەوانەدا بە گشتی سیاسەتی سەنترالیزەکردنی ئابوری-ئیداری لە ئێران و هەروەها بەفەرمی کردنی کولتور و زمانی ئێتنیکی فارس بە بنەما دەگرن. لە گشت لقەکانی خوێندنەوەی پۆستکۆلۆنیالیستیدا پرۆسەیەکی مانادار بەدی دەکرێت لە نێوان رەوتی گەشەسەندوویی لە ناوچە فارسنشینەکان و هەژارکردن و بە کەمینەکردنی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی نێو ئێران. لە سەدەکانی نۆزدە و هەژدەهەمدا ئەم رەوەندە پێچەوانە بوو، بۆ نموونە کوردستان میرنشینی خۆی هەبوو، زۆر سەربەخۆتر و لە باری ئابووریشەوە سەقامگیرتر بووە.

خوێندنەوەی پۆستکۆلۆنیالیستی هاوچەرخن و بەرهەمی کۆمەڵێک ئاکادێمیسیەن و هەروەها کۆمەڵێک رۆشەنبیری ئۆرگانیکن کە زۆر کاری باش و توێژینەوەی بەنرخیان بە زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی و کوردی و زمانەکانی دیکە کردووە و لە ژوڕنالی زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهانیشدا چاپ و بلاو کراونەتەوە. تەنانەت پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە لقێکی تایبەت بە خوێندنەوەی پۆستکولۆنالسیتی سەبارەت بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە کالێج یا زانکۆکاندا بکرێتەوە. هیوادارم ئەم هەوڵانە بگات بە ئامانج چوونکە پرسی کورد دەچێتە قۆناغکی دیکەوە و ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا تووشی ئاڵەنگارییەکی جیددی دەکات. بەڵام نابێ دیسیپلینی ئاکادێمیکیش لەبەرچاو نەگرین چوونکە ئەم توێژینەوانە لەمەڕ پرسی کۆلۆنالیزم بە گشت لقەکانیەوە، لە ئێستادا هەر پێشمەرجێکی تیۆریکە و دەبێ چاوەڕوان بین لە کۆمەڵگای ئاکادێمیکدا چۆن دەسەلمێندرێن.

بەڵام گۆتاری دژەکۆلۆنیالیستی لە سەردەمانی پێش ئەم توێژینەوانەش هەبووە، بۆ نموونە لە رۆژنامەی کوردستان کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە؛ لە زۆر شوێندا ئاماژە بە «ئیستەعمار» کراوە، لە شێعری شاعیراندا و بۆ نموونە مامۆستا هەژار لە دژی ئیستەعمار هەڵوێستە دەکەن و تەنانەت دوکتور قاسملوش سیاسەتی داگیرکردنی کوردستان وەک سیاسەتێکی نیمچە ئیستەعماری شرۆڤە دەکات. کەوایە هەڵسوکەوتی کۆلۆنالیستیانەی رێژیمەکانی ئێران لە هەست و نەستی تاکی کوردا وەها ناخێنە کراوە کە قەت لەبیری ناچێتەوە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەکۆلۆنی کراوە و، وچە لە دوای وچە زیاتر پەرە بە خوێندنەوەی دژەکۆلۆنیالیستی دەدەن. بەڵام کاتێ حیزبێکی سیاسی و بەرپرس بەتەما بێت خوێندنەوەی دژەکۆلۆنیالیستی لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا بە بنەما بگرێت، ناچارە ستراتیژییەکەشی بگۆڕێت. وابزانم دەرکەوتەی تیۆری دژەکۆلۆنیالیستی لە سەربەخۆیی کەمتر نەبێت و لە ئێستادا ئەم پارادایم شیفتە بۆ حیزبەکانی کوردستان مومکین نییە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە حیزبەکان لە روماڵکردنی وەها تیۆریگەلێک خۆیان نەبان بکەن، بە دڵنیاییەوە زۆر پێویستە گرنگیی بەم تیۆریانە بدرێت و لە ڕاگەیاندنەکانیشدا رەنگ بداتەوە.

زۆر لە نوخبە و ئێلیتی کورد لە سەر ئەو باوەڕەن کە کوردستتان بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکاری و گەیشتن بە ئازادی لەپێشدا پێویستی بە فەرهەنگسازییە، ئەم فەرهەنگسازییە بە چ شێوەیەک دەتوانێ دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورد بگۆڕێ؟

وابزانم زۆربەی کۆمەڵناسان لەسەر ئەم پێناسەیە کۆک بن کە کولتور پرۆگرامێکی زەینی-دەروونییە بۆ خۆرێالیزەکردن و هەروەها پێناسەکردنی تاک و تەنانەت کۆمەڵگاش. بەڵام زۆر زەحمەتە بڕوا بەوە بکەم کە کولتور وەک پەکەیج بەر لە چالاکییەکانی مرۆڤ ساز و ئامادە کرابێت. کولتور رەنگدانەوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤە و پێوانەکانی ئێمەش بۆ داوەری کردن لەسەر کولتوری باش و خراپ، شێوازی تەعامولی تاک و کۆمەڵگایە. هەڵبەت کولتور یەک لەو ئێلێمانانەیە کە لە نێو گشت دیاردەکان و هەروەها لە گشت کات و فەزایەکی کۆمەڵایەتیدا حوزووری هەیە و خۆیمان بیر دەهێنێتەوە. هۆکارەکەش روونە؛ چوونکە کولتور دیاریکەرە لە شێوازی تەعامول لەگەڵ خۆمانەکان و ئەوانەی دیکەش. کەوایە خەبات لە پێناوی ئازادیدا پراکتیکی کولتوری هزر و بەیانی ئازادیش هەموار دەکات. لە سیستەمێکی دژ بە ئازادیدا کولتورسازیی گرنگە بەڵام مومکین نییە، چوونکە رێگا بە پراکتیکی ئازاد نادرێت. کەوایە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی دەبێ کار بۆ ناساندنی بەربەستەکانی ئازادی بکات و لەهەمان کاتدا بیری کۆمەڵگا بهێنێتەوە کە ژیانی ئازاد تاچەند پێوەندیی بە کەرامەت و بەختیاریی مرۆڤەوە هەیە. ئەگەر سەیری گشت ئایدیالۆژییەکان بکەین، بەر لەوەی کولتورسازیی بکەن، وێنەسازیان کردووە. واتە دروست کردنی وێنەیەکی گەورە کە مرۆڤ بیکات بە نموونە، خۆی لەگەڵدا تەتبیق بدات و خەبات بۆ رێالیزەکردنی ئەو وێنەیە بکات. کولتور لە رەوتی خەباتەکەدا خۆی بەرهەم دەهێنێت و تەنانەت دەبێت بە نموونەی رەفتاریی بۆ ئایدیالۆژی یان بزاڤەکە. وابزانم ئەو شتەی کە بۆ خەبات لە پێناو ئازادیدا پێویست بێت پەرەدان بە کولتوری رێکخراوەیی بێت، واتە بیری خەڵک بێنینەوە کە بەتەنیا لە رێگای رێکخستن، هەماهەنگی و پرۆژە و بەرنامەدانانەوە دەتوانین شانسی گۆڕان لەکۆمەڵگادا ببەینە سەر، کە ئازادیش یەک لەو ئامانجانەیە.

ئایا ناسیۆنالیزمی مەدەنی و ئاشتیخوازی کورد لە بەرانبەر دژمنانیدا نەبووەتە هۆی خوڵقاندنی ئەو دۆخەی مەجالی زیاتر بە دژمنانی بدا پێداگرتر بن لە سەر سیاسەتی داگیرکاری و کۆلۆنیالیستیی خۆیان؟ بە بڕوای بەڕێزتان کاتی ئەوە نەهاتووە کە حیزبەکانی کوردستان سیاسەتەکانی خۆیان لە چوارچێوەی کاردانەوەکانی دژمنانیان دابێژن؟

سەرەتا ئەوە بڵێم کە پرسی ئاشتی و ئامانجی ئاشتیخوازانە یەکێکە لە فەزیلەتە بەرزەکانی مرۆڤ. کەوایە ئاشتیخوازیی کێشەسازکەر نییە و قەتیش نابێتە هۆکار بۆ لاوازبوونی هێزە سیاسییەکان. بەڵام کاتێ باس لە ئاشتی دێتە ئاراوە دەبێ پێناسەی ئەجێنت و ئامانجی ئاشتیخوازنە روون بێتەوە. رێگەم بدەن یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو بە نموونە بهێنمەوە. ئێمە لەبیرمانە کە خەباتی ئاشتیخوازانە یەک لە چەکە هەرە گرنگەکانی بلوکی سوسیالیستی بوو لە دژی بلوکی کاپیتالیستی. ئاشتیخوازیی لە ساڵانی شەست و حەفتا و تەنانەت هەشتای زایینیدا و لە ئاستی ئۆروپا و ئامریکاش بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی. بە بۆچوونی زۆر یەک لە کارناسانی سیاسی، ئەگەر بزووتنەوەی ئاشتیخوازانە نەبوایە، لەوانەیە شەڕی ڤیەتنام و ئامریکا درێژخایەنتر بوایە و ئامریکا لەژێر زەختی وەها بزووتنەوەیەکدا ناچار بە کشانەوە لە ڤیەتنام کرا. کەوایە ئەجێنتەکە لێرەدا بلوکی سوسیالیستیە و ئامانجەکەش شکستی بلوکی کاپیتالیستی بوو. پرسیارێک کە قەت بزاڤە ئاشتیخوازەکانی ئەو کات وڵامیان نەدایەوە ئەوە بوو کە بلوکی سوسیالیستی تاچەند پابەند بە ئاشتییە؟ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە یەکێتی سۆڤیەت لە ڕێگای شەڕەوە لایەکی ئۆروپای داگیر کردبوو، لە ئەفغانستان شەڕی دەکرد، پرۆژەی چەکی ناوەکی سۆڤیەت هەڕەشەیەکی جیددی بوو لەسەر جیهان و هتد.

بەڵام لە سۆنگەی خەباتی کورد لە کوردستان، دەبێ عەرزتان بکەم کە خەباتەکە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بڕوای بە چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کوردە. هۆکارەکەش روونە: چوونکە ماهیەتی خەباتەکە و داواکانی کورد ئاشتیخوازانەن. کورد لە ئێران لەسەر کێشەی سنوور یا لە پێناو کورسیی دەسەڵات و لەبەر کودیتا دەستی بۆ چەک نەبردووە، داوایەکی هەیە و داواکانیشی سیاسی-مەدەنین، کەوایە پێناسەی ئەجێنت و ئامانجی ئاشتییەکەش روونە. بەڵام رێژیمەکانی ئێران نەک پێشوازیان لە هەوڵی ئاشتیخوازانەی کورد نەکرد بەڵکە بە هەڵایسانی شەر لە دژی کوردستان هەوڵیان داوە سیمای بزووتنەوەی میلی دێمۆکراتیکی کورد شەڕەنگێز پیشان بدەن، لە رێگای زەبر و زەنگ و سەرکوتەوە ئارامییەک بۆ کوردستان بگەڕێنێتەوە و بە جیهانیش بڵێن ئاشتی لە کوردستاندا جێگیرە و ئەوانەش کە مل بەو ئاشتییە نادەن؛ گروپێکی چەکدارن، ناو و مۆرکی خراپی سیاسیشیان لێ دەدات.

کەوایە ماهیەت و داواکانی کورد لە کونتێکستی ئاشتی نزیکترە و ئەگەر بزووتنەوەیەکی ئاشتیخوازانە لە ئێراندا هەبێت کە خەباتی کورد و داواکانی بە هەند بگرێت و وەک پێشمەرجی ئاشتییەکی نەتەوەیی سەیری بکات، ئەوا کورد شانسی سەرکەوتنی زیاتر دەبوو. بەڵام ئەو تێرمە سانتیمێنتاڵیانەی ئەمرۆ لە رێتۆریکی چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئێراندا دەبینین، وەک مافی شارومەندی، ئاشتی، ئازادیخوازی، دێمۆکراسی، خەباتی ناتوندوتیژیانە و هتد، بەرهەمی هێژمۆنسازیی چینی بروژوا-بروکراتی ئێرانە و بە مەبەستی پەڕاوێز خستنی یەک لە باڵەکانی رێژیم سوودی لێ وەردەگرن نەک سیستەمە سیاسییەکە. بەداخەوە چەمک و پێناسەی خەباتی کورد لە نێو ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە زۆر نەگەتیڤە چوونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە پرسی فرەنەتەوەیی نییە و هەر پێکهاتە و بزاڤێک بەناوی نەتەوەخوازیی سەرهەڵبدات وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێرانی دەبینین. بەڵام سەرەڕای ئەو بەربەستانە کە لەبەردەم خەباتی کوردا هەن، حیزبەکانی کوردستان نابێ سیاسەتەکانیان کاردانەوەیی بێت. حیزب خوێندنەوەی خۆی لەسەر دۆخی کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهانیش هەیە، کەوایە سیاسەت و ستراتیژی خەباتەکەی دەبێ رەنگدانەوەی خوێندنەوە و عەقڵیەتی سیاسی خۆشی بێت. حیزبەکانی کوردستان بۆ شەڕکردن لەگەڵ رێژیمەکانی ئێران دانەمازراون کە تاکتیکەکانی بە پێی رەفتاری رێژیمەکان تەکووز بکات، بە پێچەوانەوە حیزبەکانی کوردستان نوێنەرایەتی داوایەکی نەتەوەیی دەکەن، خەبات بۆ بەختیاریی، سەربەرزی و ژیانێکی باش بۆ نەتەوەکەیان دەکەن و سروشتییە کە دەبێ سیاسەت -هەم لە پراکتیکدا و هەم لە رێتۆریکدا، بە پێی نێوەرۆکی ئەو ئامانجانەش داڕێژرێن. بەڵێ، راستە کورد ئاشتیخوازە، بەڵام روانگەی سیاسی ئێمە بۆ ئاشتیخوازیی دەبێ لەسەر بنەمای تاوانناسی بێت، واتە نەهێشتنی تاوان بە بنەما بگرین نەک سزادانی تاوانبار. کەوایە رژیمی ئێران خۆی شەڕە، نەک لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ پرسی کورد، بەڵکە بۆ ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیهاینیش ئەم رێژیمە شەڕە. کەوایە ئاشتی لە ئێراندا بەبێ نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران نایەتە دی.

یەکێک لە پڕۆژە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە کەمینەکردنی نەتەوەی کورد و دروستکردنی دابڕانی زیاتر لەنێو ئەو نەتەوەیە لە ئێراندا بووە، بۆ نموونە دابڕاندنی لۆڕەکان لە کورد و ئەتۆمیزەکردنی کورد. بۆ؟

سیاسەتی بە کەمینەکردنی نەتەوەکانی ئێران مێژوویەکی کۆنی هەیە و هی ئێستا نییە. ئەم پرۆژەیە لە رێگای هەڵوەشاندنەوەی ئەماراتەکانەوە دەست پێدەکات و دواتر لە سەدەی نۆزدەهەمدا بە هۆی سیاسەتی نیشتەجێ کردنی زۆرەملی و چەک کردنی خێلەکان و هەروەها دوورخستنەوەی بەشێک لە خێڵەکان لە ژینگەی سروشتیی و ئێتنۆ-جۆگرافیای خۆیان، پێدەنێتە قۆناغێکی دیکە. بەڵام کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا تەوژمی بەکەمینەکردنی نەتەوەکان لە رێگای ژینۆسادی ئەتنیکی، زمانی و ژینگەییەوە وەها دراماتیک بوو کە نەتەوەکانی ئێران وەک رۆژانی رەش یادی لێ دەکەنەوە. ژێنۆسایدی لۆرەکان بە دوای ژێنۆسایدی ئەرمەنییەکان لە تورکییە، گەورەترین ژێنۆسایدە لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین و بە دوای لۆرکووژیشدا، بلوچکووژی و کوردکووژی و قڕکردنی عەرەبەکانیش بە پلەی چەندەم دێن. لە یاداشت و بیرەوەریی ئێلیتی نەتەوەکانی ئێران کە بە شێوەی فۆتۆبیۆگرافی چاپ کراون، قوڵایی ئەم جینایەتانە بە باشی پیشان دەدەن. رەوەندی رووداوەکان لەو سەردەمەدا نیەتی دەسەڵاتدارانی ئێرانمان بۆ روون دەکەنەوە واتە؛ مەبەستەکە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بوو لەسەر بنەمای ئەتنیکی-زمانی کە فارس پێناسەکەی بێت. ئەم پرۆژەیە لە سەردەمی پەهلەوی دووهەمەوە بە ژێنۆسادی کۆبیرەوەریی دەست پێدەکا، واتە شێواندنی بیرەوەری و «تایمۆس». کوشتنی رۆح و سۆزی نەتەوەیی کە بڕوایەکی بەهێزی ئەخلاقییە و لە هەستی نەتەوەییدا دەبووژێتەوە ئامانجی ئەم پرۆژەیە بوو کە بە ئامێری سانسۆر، مێژووسازی، کۆنترۆڵ و سووکایەتی دەچووە پێش بەڵکوو نەتەوەکان وەها لە یەکتر نامۆ بکەن کە مەجالی هەستی هاوچارەنووسییان نەمێنێ و تەنانەت بە هۆی جیاوازیی مەزەبی و بنزارییەوە دەگژ یەکتریشان بکاتەوە. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاند لەک و هەورامییەکان، لە راستیدا درێژەدانی سیاسەتی بەکەمینەکردنی نەتەوەکانە کە بە چەند پرۆژەی وەک هەژارسازی، لێکدابڕان و کەم کردنەوەی حەشیمەتی پێکهاتە نەتەوەییەکان دەچێتە پێشەوە بەڵکوو باشتر کۆنترۆڵیان بکات و خێراتر ئاسیمیلە ببن. تەنانەت دەکارکردنی تێرمی «کوردنشین» ئەگەرچی یەک لەو سیاسەتە گوتاریانەیە کە رێخۆشکەرە بۆ نامۆکردنی تاکی کورد بە نیشتمانەکەی خۆی، بەڵام بە بۆچوونی زۆر یەک لە روناکبیرانی کورد ئاماژەیەکیشە بە نیشتەجێبوونی کاتی. واتە ئەم پێکهاتانە نیشتمانێکیان نییە کە خەسڵەتی ئێتنۆ-جوگرافیکی هەبێت، ئەمانە کۆچەرن، هاتوون و لەوانەیە لە داهاتووشدا بڕۆن.

بەپێی ئەزموون و ئەزموونکراوەکان و لە دۆخی ئێستادا رێکارەکانی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەبات لە بەرانبەر سیاسەتی داگیرکاری و ئاسێمیلاسیۆنی کورد لە کوردستان چییە؟

سەرەتا دەبێ بزانین ئامێرەکانی ئاسیمیلەکردن چین و چۆن کار دەکەن، کەوایە هەر بەو ئامێرانە و بەو مێتۆدانەش دەکرێ خێرایی ئاسیمیلەکردن خاو بکرێتەوە. بەڵام پرۆسەی ئاسیمیلەکردن لە ئێران خسڵەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و دەکرێ لە سۆنگەی مێتۆدۆلۆژیای ئەندازیارانی کولتوری ئێرانیدا لێی تێبگەین. ئەو دیاردەیەی بە ناوی کولتوری ئێرانی پێناسە دەکرێت بەرهەمی سووژەسازیی کۆلۆنالیزمی ئوروپاییە. بەدوای ئینقلابی پیشەسازی لە ئۆروپا، پێناسەی مودێڕنیزم بە پێی داواودانی (عرضە و تقاضا) کاپیتالیزم و هەروەها خوێندنەوەیەکی کولتوریی لەمەڕ سیڤیلیزاسیۆن تیۆریزە کراوە. سیڤیلیزاسیۆن لە سەردەمی رۆشنگەریدا مانایەکی دیکەی هەبوو، واتە دیاریکردنی چارەنووسی تاک، قوتاربوون لە چەمکی ئۆمەتی مەسیحی و بنیاتنانی چەمکی سیڤیل بە ناسنامەیەکی سیاسییەوە کە بنەماکانی مافی سیڤیل دەستەبەر بکات. بەڵام کۆلۆنالیزمی ئۆروپایی مۆدێڕنیزمیان لە بەرامبەر نەریتدا پێناسە کرد. کەوایە سیڤیلیزاسیۆن لە سەردەمی کاپیتالیزمدا یانی سڕینەوەی هێما و پێناسەکانی نەریت. بەڵام نەریت چی بوو؟ نەریت هاوواتای دواکەوتوویی و خورافە دەهاتە ئەژمار، نەریت بە مانای فرەرەنگی و فرەچەشنییەکی مزاحم بوو لەبەر دەم زێدەباییخوازییەکانی کاپیتالیزمدا، بۆیە کۆلۆنالیزمی ئۆروپایی بە چەکی سیڤیلیزاسیۆنەوە هەڵمەتی سڕینەوەی فرەکولتووری، فرەزمانی، فرەچەشنی و گشت فرەکانی دیکەی دەست پێکرد و دەوڵەت نەتەوەکانی ئۆروپاش بەرهەمی وەها پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-ئابووری بوون. ئێستا لە سەردەمی پۆست مۆدێڕندا ئێمە تێدەگەین ئەم سیاسەتە تا چەند زەبری لە کەرامەتی مرۆیی داوە، بەڵام ئەو کات نۆرمێکی سیاسی بوو چوونکە سەنترالیزمی بروکراتیک وای دەخواست. وابزانم ئەو پێناسە کورتە لەمەڕ مۆدێڕنیزم و سیڤیلیزاسیۆن یارمەتیمان بدات بەڵکوو لە دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی ئێران تێبگەین.

کولتوری ئێرانی وەک شمشێرێکی دوو سەر وایە: سەرێکی ئەم شمشێرە زمانی فارسییە و سەرەکەی دیکە کولتورێکی هاوردەی مۆدێڕنە کە لە خزمەت جێگیرکردنی سیستەمی سەنترال-بروکراتیکی ئێرانی و هەروەها لە قازانجی کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دەست ئەتنیکێکی تایبەت دایە. ئەم روانگەیە لە شێوەی پێناسەکردنی فۆلکلۆری ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا بە جوانی دەردەکەوێت، بۆ نموونە، موزیک و زمانی مەحەلی، جل و بەرگی قەومی و هتد. بەرەهەمەکانی ئەوان فەرمی و مۆدێڕنن، بەڵام وەبەرنانی ئێمە مەحەلی و قەومین و هەر ئەم پۆلبەندییە کولتورییە لە دیبەیت و توێژینەوەی زانکۆکانی ئێرانیشدا دەبینین کاتێ خەسارناسیی بۆ هۆکارەکانی گەشەنەسەندوویی پەڕاوێزەکان دەکەن. ئەمە نموونەیەکی سادەیە، بەڵام ئەم نموونانە باس لە ئالیاسیۆن و هێژمۆن دەکەن. یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی خەبات لە دژی ئاسیمیلەکردن، هێژمۆنی گوتار و هێماسازییەکانی ناوەندن. ئەم هێژمۆنە ئێمە دەکات بە کەمینە، وێنەیەکی مەحەلیمان لێ ساز دەکات و پێناسەیەکی قەومیمان پێدەبەخشێت بەڵکوو قەت خۆ لە قەرەی هێژمۆنی کولتووریی و گوتاریی ئەوان نەدەین، لە نێو کولتوری بەرزی ئەواندا بتوێینەوە و هەرگیز خەون بە ئیرادەی ئازاد و نەتەوەسازیی خۆمانەوە نەبینین.

واتا مەبەستتان بەهێزکردنی بزاڤی کۆمەڵایەتی\سیاسیی و گوتاری سەربەخۆیە؟

بزاڤی کۆمەڵایەتی-سیاسیی تەنیا میکانیزمێکە کە دەتوانێت لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها هێژمۆنێکدا گوتاری خۆی ساز بکات. بەڵام بزاڤە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان نابێ تا ئاستی کۆمەڵێک پێڕفۆرمانسی کولتوریی-فولکلۆری دابەزن، ئەمە ئەو دۆخەیە کە سیمۆن دۆبوڤار پێی دەڵێت ئێمانێنس واتە پووکانەوە بەنێو قاپوری خۆیدا. بزاڤێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی دەبێ تا ئاستی ترانسێندەنتاڵ بەرز بێتەوە بەڵکوو هێژمۆنیای ئەو مێژووە کولتورییە بشکێنێت کە رێگرە لە ئازادی و بوژاندنەوەی تایمۆسی خۆی و لە ئەنجامدا؛ پێناسەیەکی کولتوریی بە بنەما بگرێت بەڵکوو بە ئیرادەیەکی ئازاد خۆی پێناسە بکاتەوە. کەوایە کولتور لەم سۆنگەوە کردەوەی سیاسییە، چوونکە هۆکارەکانی ئاسیمیلەکردن سیاسین و سیاسەتیش دەبێ هێندە بوێر بێت کە سیلە لە ئایدیالۆژیی دەسەڵاتی سەنتراڵ-برۆکراتی ئێرانی بگرێت. واتە خەبات لە دژی ئەو ئایدیالۆژییەی کە بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی ناسراوە و مەعریفەیەکی کاپیتالیستی-کۆلۆنالیستی پاراوی کردووە.

سپاس بۆ ئەوەی کاتتان بۆ ئەو دیمانەیە دانا

زۆر سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.

سەرچاوە:

رۆژنامەی کوردستان، ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤، ژمارە ٨٦٩.

لێدوانێک بنووسە

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑