مووشەک تێگرتن لە “ئەوانی تر”


لە گشت شرۆڤەکان کە لە کانسێپتی نێوخۆییدا ئاماژەیان بەم رووداوانە کردووە، پرسی کورد لە خانەی “خۆ بوون” و لە کانسێپتی دەرەکیشدا پرسی کورد لە خانەی “ئەوانی تر” کە هێندێ جار لە تێگێشتنێکی ئاپارتایدانەش نزیک بوون، شرۆڤە کراوە. کەوایە پرسی کورد لە هەر دوو کانسێپتدا دیاردەیەکە کە دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاوڕی لێبدرێتەوە.

مووشەک تێگرتن لە “ئەوانی تر”

سەرلە بەیانیی رۆژی ١٧ی خەرمانان رامین حوسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە سێدارە دران کە بە بۆچوونی پارێزەرەکانیان و هەروەها بەشێک لە مافناسان، ئەم کردەوەیە وەک “قەتڵی سیاسی” پێناسە دەکرێ؛ چوونکە رەوەندی دادخوازییەکانیان، تەنانەت بە پێی یاساکانی رێژیمیش، کۆتایی پێ نەهاتبوو. دوای چەند کاتژمێر بەداوی ئەو قەتڵە سیاسییەدا، بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی و بەداخەوە بەشێک لە کادری رێبەری حدک و کۆمەڵێک لە کادر و پێشمەرگەکانی حدک و حدکا شەهید و بریندار دەبن. ئێوارەی هەمان رۆژ، سپای پاسداران لە راگەیاندراوێکدا بەرپرسایەتی ئەو هێرشە دەگرێتە ئەستۆ و وەک کردەوەیەکی ئازایانە باس لە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەکا. رۆژی دواتر لە لایەن ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان کرا کە ٢١ی خەرمانان بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەورووی تاوانەکانی ئەو رێژیمە ببنەوە و رۆژانی دواتر چالاکانی سیاسی و مەدەنیش لە نێوخۆی کوردستانەوە پشتگری مانگرتنیان کرد. شارەکانی کوردستان بەپیر ئەو بانگەوازەوە هاتن، رۆژی ٢١ی خەرمانان لە ماڵەکانیاندا مانەوە و بەم چەشنە رکوودی گەورەترین مانگرتنی گشتی و لە هەمان کاتدا کردەوەیی ترین شێوەی نافەرمانی مەدەنیان لە کوردستانی ئێران تۆمار کرد. میدیاکان رووماڵی ئەم دوو رووداوەیان کرد و چاودێرانی سیاسی لە گۆشەنیگای جیاوازەوە شرۆڤەیان کرد. بەڵام ئەو شتەی کە جیگای سەرنجی ئەم وتارەیە؛ شرۆڤە و چۆنایەتی رووماڵی ئەو هەواڵانە بوو کە لە نێوان دوو قۆناغی پێش مانگرتن و دوای مانگرتندا گۆڕانێکی رێژەیی بە خۆیەوە بینی. ئاوڕدانەوە لەو گۆڕانە رێژەییە یارمەتیمان دەدا سەرنجێکی زیاتر بە دیاردەیەک بدەین بە ناوی “ئەوانی تر” کە دواتر لەم وتارەدا باسی لێ دەکرێ.

بۆ ئەو کەسانەی کە لەگەڵ کاری میدیاییدا ئاشنان، حەتمەن لە کاتێ رووماڵی هێرشە مووشەکییەکانی رێژیم بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی حدک، هەستیان بە رەوەندێکی رۆتینی کردبێ. لە هەواڵەکاندا: باس لە رووداوێک دەکرێ لە شوێن و کاتێکی دیاریکراو و زیانەکانی، دواتر سەرنجی میدیاکان لەسەر توانای لوجیستیکی رێژیم چڕ دەبێتەوە و لە ئاکامدا ئەم پرسیارە بە شێوەیەکی گووماناوی ئاراستەی رای گشتی دەکرێ کە داخوا ئەم حیزبانە لە کوێی هاوکێشەکاندا راوەستاون کە بەم چەشنە هێرشیان دەکرێتە سەر؟ هەروەها لە پرسیارەکاندا بە گوومانەوە سەیری پێوەندی نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کورد و کۆمەڵگای خۆیان دەکرا و حیزبەکانی رۆژهەڵات زیاتر وەک گروپێکی چەکداری ئیزۆلەکراو پێناسە دەکران کە لەمێژە لەگەڵ کۆمەڵگای خۆی نامۆیە. بەم چەشنە بەشێک لە میدیاکان ئەم رووداوەیان وەک رەوتێکی ئاسایی پیشان دەدا کە درەنگ یا زوو دەبوایە روو بدا. هەڵبەت ئێمە دەتوانین لەوە تێبگەین کە لە کاری میدیاییدا پێشمەرجە فکرییەکان زەمینەی هاتنە ئارای پرسیارەکانیش خۆش دەکەن، بەڵام داخوا ئەو پێشمەرجانە چین کە میدیاکانی بەرەو ئاراستەیەک پاڵ پێوەنا کە وەها پرسیارێک بەرز بکەنەوە؟ بۆ تێگێشتن لەو پێشمەرجانە ئێمە ناچارین ئەم رەوەندە وەک دیاردەیەک قبووڵ بکەین، دواتر لە کۆنتێکستی خۆیدا سەرنجی پێبدەین و دواجار وەک هەموو دیاردەکان شرۆڤەی هۆکارە دەرەکی و دەروونییەکانی بکەین.

هۆکارە دەروونییەکان بەشێکن لەو خەسارناسیانەی کە لە لایەن حیزبەکان و هەروەها چاودێرانی سیاسیییەوە بە بەردەوامی ئاماژەیان پێکراوە. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای دەیەی هەشتای هەتاوییەوە بە رادەیەک سەرقاڵی دێمۆکراسی دەروون حیزبی و کێشە سەلیقەییەکانیان لەمەر بەرێوەبەری لە حیزبدا بوون کە بەداخەوە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەرکی سیاسی خۆیان لەبیر کرد و لە ئەنجامدا حیزبەکانی تووشی لەتبوون کرد. رەوتی ئینشیعابی حیزبەکان و شێوازی مامڵەکردنیان لەگەڵ یەکتر، هەرەشەیەکی جیددی بوو بۆ سەر سامانی سیاسی کوردستانی ئێران و تا رادەیەکی زۆر خەڵک و تەنانەت حیزبەکانیشی ناهومێد کردبوو. ئەم دۆخە وای لە حیزبەکانی رۆژهەڵات کرد کە ووزە و توانای خۆیان بۆ پاساوی جیابوونەوەکانیان تەرخان بکەن و کەمتر هەوڵ بۆ گەشەی سامانی سیاسی بزووتنەوەی کورد لە ئێران بدەن.

ئەم هۆکارەی کە ئاماژەی پێدرا و هەروەها دەرکەوتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵیش، زەمینە خۆشکەری هۆکارە دەرەکییەکەش بوون و دەستی رێژیمی لە جاران ئاوەڵاتر کرد بۆ بردنە پێشی سیاسەتە نەرم ئامێری و سەخت ئامێرییەکانی. رەنگە سیاسەتی سەخت ئامێری رێژیم کە مۆدێڕنیزەکردنی کۆنترۆڵی هاوڵاتیان و تەکنۆلۆژیای شەرە، بابەتێکی ئاسایی بێ ئەگەر سەرنج بە هەڵکشانی ساڵانەی بودجەی نیزامی رێژیم بدەین. بەڵام سیاسەتی نەرم ئامێری رژیم بۆ لاواز کردنی ئوپۆزیسیۆن، بابەتێکی سایکۆ-فکری بوو کە ئەگەر حیزبەکان و چالاکانی سیاسی سەرمایەیان بۆ تەرخان کردبا رەنگە تا ئەو رادەیە سەرکەوتوو نەدەبوو. ئاشکرایە کە رژیم هەمیشە ترسی لە نیهادەبوونی ئایدیای کۆمەڵگای مەدەنی بووە و هەشە، بەڵام سیاسەتی نەرم ئامێری رێژیم لە هێندێ دۆخی تایبەتدا توانی لە رێگای دیسکۆرسی مەدەنییەوە هەوڵ بۆ لاواز کردنی خەباتی حیزبەکانی رۆژهەڵات بدا و لە بەرچاوی کۆمەڵگای ئێراندا ئەم حیزبانە وەک رەوتێکی نامەدەنی بناسێنێ چوونکە چەکدارن. هەڵبەت لەم دیسکۆرسە مەدەنییەدا دیار نەبوو کە بۆچی رێژیم مافی مەشرووعی هەیە بۆ دەست بردن بۆ چەک! جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ئیدەی پێشمەرگە وەک نیهادێکی نەتەوەیی، لە چوارچێوەی کۆنتراکتێکی نیشتمانیدا و لە سەردەمی کۆماری کوردستان باسی لێکراوە و تەنانەت ماف و ئەرکەکانیشی لە یاسای کۆماری کوردستاندا دیاری کراون. ساڵی ١٣٥٧ ئیدەی دامەزرانەوەی هێزی پێشمەرگە وەک نیهادێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کوردستان و دەسکەوتەکانی شۆرش دیسان هاتە ئاراوە. لە هەر دوو قۆناغدا تاکتیک و ئیستەعدادی نیهادی پێشمەرگە بەرگری کردن بووە و بۆیە قەت نەیتوانی لە چوارچێوەی بەرگری دەرچێ. بەڵام نیهادی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٥٧ بەو لاوە ئەرکی مەدەنیشی لە ئەستۆ بوو؛ بۆ نموونە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا پێشمەرگە تەنیا نیهادێک بوو کە بە ناوی مامۆستای شۆرش هەوڵی دەدا کە منداڵانی کوردستان لە خوێندن دوا نەکەون، لە بنبڕ کردنی دیاردە ناپەسەندە کۆمەڵایەتییەکاندا رۆڵی کاریگەری هەبوو، هەروەها پێشمەرگە ئەرکی ژینگەپارێزیشی لە ئەستۆ بوو بۆ پاراستنی دارستانەکانی کوردستان. چاوپۆشی کردن لە کارکردی مەدەنیانەی ئەم نیهادە نیشتمانیە و ناساندنی وەک هێزێکی چەکدار کە هەوڵ بۆ رووخانی رێژیم دەدا، وای لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد کرد کە لە حەوزەی عموومی دا کەمتر دەرکەوێ. هەڵبەت سیاسەتی نەرم ئامێری رێژیم بەمەش نەوەستا و هەوڵی دا پێناسەیەکی دیکە لە ناسیۆنالیزم دابهێنێ و رای گشتی کوردستانی پێوە سەرقاڵ بکا. بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کوردستان هەر لە سەرەتای دەسپێکی خەباتیدا کۆمەڵێ نۆرمی لە ئیدەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا نەهادینە کردبوو کە مەجالی تەعامولێکی دێمۆکراتیکی لەگەڵ گەلاندا هەموار دەکرد. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی کە لە رێگای سیاسەتی نەرم ئامێری رێژیمەوە کاری لەسەر دەکرا لەو نۆرمە دێمۆکراتیکانە بەتاڵ کرابوو. ئەم دیاردەیە وای کرد کە بە بۆچوونی بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد، ناسیۆنالیزمێکی سەقەت لە کوردستانی ئێراندا سەرهەڵبدا کە بەرچاوگەیەکی لێلی هەبێ بۆ گەیشتن بە ئامانج. بێجگە لەمە رێژیم لەو ساڵانەی دواییدا مەیدانی بە بەشێک لە نوخبەی کورد دابوو کە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، لەسەر بنەمای فکریی ئەو ناسیۆنالیزمەی کە لای رێژیم قەدەغە نییە و بە هەڵوێستێکی رێژەیی باس لە گرفتی کورد وەک دیاردەیەک بکرێ کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا هەیە. ئەم شتانەی کە باس کران و زۆر هۆکاری دیکە، هەوڵی دەدا رەوتی خەباتی میللی دێمۆکراتیکی کورد لە ئێران وەک بزووتنەوەیەکی پاسیڤیزم دەربخات و بێگوومان پێشمەرجە فکرییەکانی میدیاکاران بۆ شرۆڤە و رووماڵی هەواڵەکانی رۆژهەڵات لە دەوری وەها بازنەیەکی تەسکەدا دەخولانەوە.

بەیانی رۆژی ٢١ی خەرمانان، کاتێ وێنە و گرتە ڤیدۆییەکانی مانگرتن بە دونیای مەجازیدا بڵاو بوونەوە، نەک رێژیم بەڵکە میدیاکانیشی تووشی شۆک کرد و بە هەمان رادە شرۆڤەکانیش تووشی گۆڕانێکی رێژەیی هاتن. لە باری نیشانەناسییەوە دەتوانین ئەم گۆڕانە رێژییە بەسەر دوو کانسێپتی نێوخۆیی و دەرەکیدا دابەش بکەین. مەبەست لە کانسێپتی نێوخۆیی شێوەی تێگێشتن و شرۆڤەکردنی چاودێرانی سیاسی نێو ماڵی کوردە کە بەشێکی بەرچاویان هەڵمەتی نافەرمانی مەدەنی خەڵکی کوردستان بە دژی رێژیمیان وەک پەیامێکی مانادار شرۆڤە دەکرد کە یەکێ لە بەردەنگەکانی حیزبە کوردییەکانن و پێیان وا بوو خەڵک بەم کارەیان حیزبەکانیان ئاگادار کردەوە کە هەرچەشنە جموجۆڵێک بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد لە گرەوی یەکگرتوویی حیزبەکان دایە. بەڵام کاتێ سەرنج بە کانسێپتی دەرەکی دەدەین، واتە ئەو چاودێرانەی لە دەرەوەی ماڵی کورد شرۆڤەی رووداوەکانیان دەکرد، کاردانەوەکان جیاواز بوون. بەشێکی بەرچاو لە شرۆڤەکاران لە ئاست گەورەیی ئەم کردەوەی خەڵکدا بێدەنگیان هەڵبژارد و بەشێکی دیکە بەدەنگەوەهاتنی خەڵکیان وەک هێمایەک بۆ پێگەی بەهێزی کۆمەڵایەتی حیزبە کوردییەکان لە نێوخۆی وڵات قبوڵ کرد.

ئەو شتەی کە لەم میانەیەدا جێگای سەرنجە و رەنگە ئامانجی سەرەکی ئەم وتارەش بێ، دیاردەیەکە بە ناوی “ئەوانی تر”. تیۆری “ئەوانی تر” سەرەتا لە زانستی کۆمەڵایەتی و لەمەڕ پرسی ناسنامەدا هاتە بەر باس. تاک ناسنامەی خۆی بە پێی ئەو جیاوازیانە پێناسە دەکا کە لە ئەوانی تر دا نییە. بەڵام لە سیاسەتدا “ئەوانی تر” هەر لە بەستێنی ناسنامەدا نەمایەوە بەڵکە لە خانەی ئاپارتاید و نادادپەروەریشدا دەکار دێ. کەوایە “ئەوانی تر” لە سۆنگەی سیاسەتدا تەعامولێکی نادێمۆکراتیکە لە نێوان زۆرینە و کەمینە، ناوەند و پەراوێز، رەنگ و دەنگە جیاوازەکان. دەرکەوتەی ئەم تیۆرە لەسەر کەمینە و پەراوێزنشینەکان دەرەنجامێکی پێچەوانەی هەیە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەستی “خۆ بوون”. لە رووماڵی هەواڵ و شرۆڤەکانی ئەم چەند رۆژەدا، چ لە کانسێپتی ناخۆیی و چ لە کانسێپتی دەرەکیدا، ئێمە هەست بە نێشانەکانی کارکردی تیۆری “ئەوانی تر” دەکەین. لە گشت شرۆڤەکان کە لە کانسێپتی نێوخۆییدا ئاماژەیان بەم رووداوانە کردووە، پرسی کورد لە خانەی “خۆ بوون” و لە کانسێپتی دەرەکیشدا پرسی کورد لە خانەی “ئەوانی تر” کە هێندێ جار لە تێگێشتنێکی ئاپارتایدانەش نزیک بوون، شرۆڤە کراوە. کەوایە پرسی کورد لە هەر دوو کانسێپتدا دیاردەیەکە کە دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئاوڕی لێبدرێتەوە. ئەم تێگێشتنە لە مەڕ پرسی کورد بە گشتی و پرسی “ئەوانی تر”، لە راستیدا بەرهەمی تەعامول و گوتاری نەرم و بەرپرسانەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردە لەگەڵ ناوخۆی نیشتمان و بە تایبەت چالاکانی مەدەنی کورد. گۆرانی گوتاری رۆمانسیانەی کورد بەرەو عەقڵییەتێکی پراگماتیک کە خۆی لە خانەی ئادیالۆژیدا زیندان ناکا، بەڵکە چاوی لەو فاکتۆرە عەقڵانیانەیە کە بزووتنەوەی کورد لە ئامانج نزیکتر دەکاتەوە، توانیویەتی زەمینەی سەرهەڵدانی شەپۆلی سێهەمی ناسیۆنالیزم لە کوردستان فەراهەم بکا. پرسی ژینگە، یەکسانی رەگەزی، ئەخلاق، بەرپرسیارەتی نیشتمانی، ئازادی، دێمۆکراسی، دادپەروەری و گشت نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، لە خانەی ئەم ناسیۆنالیزمەدا جێی بۆ کراوەتەوە و بەرچاوگەی وەدیهێنانی خەونەکانی کوردی روون تر کردووە. ئەگەر کانسێپتی دەرەکی بەتەمایە لەگەڵ دیاردەی “ئەوانی تر” دا تەعاموول بکا، پێویستە سەرەتا تەمرینی تەعامولێکی دێمۆکراتیک بکا لە گەڵ پرسی “ئەوانی تر” و ئەوجار بیر لە سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی چەمکی دێمۆکراسی، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە “ئەوانی تر” بەشدار بن لەو مەیدانە دا. رێژیمی ئێران لە راستیدا سیلەی مووشەکەکانی لە “ئەوانی تر” گرت بۆ ئەوەی ئەم گوتارە عەقڵانی و سیاسییە بێدەنگ بکا.

رزگار ئەمین نژاد

١٦/٩/٢٠١٨

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: