چەند رۆژ بە دوای هەرەشەی فەرمەندەرە نیزامیییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ١٩ی پووشپەری ١٤٠٠ دا، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە. ئەم دیاردەیە رووداوێکی دەگەمەن نییە و ساڵانێکە ئەو ناوچەیە و تەنانەت قوڵایی خاکی هەرێمیش ئامانجی هێرشەکانی رێژیم بۆ لێدانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بووە. بەڵام ئەو شتەی کە ئەم هێرشانە لە هێرشەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، داوای بەفەرمی سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللی ئێرانە لەمەڕ دەرکردنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێم و تەنانەت لە عێراق کە ئاراستەی حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە وەها داوایەک بە کەس جێبەجێ دەبێ؟ ئەگەر جێبەجێ ناکرێت، بۆچی بەرپرسێکی باڵای رێژیم وەها داوایەک لە سەرۆک وەزیرانی عراق و بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم دەکات؟
بەر لە وڵامدانەوە بەم پرسیارانە، حەز دەکەم سەرەتا بە روانگەیەکی رەخنەگرانە و لە چەند دێڕدا، سەرنج بە کاردانەوە و لێدوانەکانی ئەندامان و چارتی رێبەریی حیزبە کوردستانییەکانی ئێران بدەین کە لەم چەند رۆژەدا و لە رێگای میدیا پڕبینەرە کوردی و فارسی زمانەکانەوە دەهاتنە گۆڕێ. یەکێک لە گرفتە جیددییەکانی ئەو لێدوانانە لەوە دایە کە بە داخەوە رێتۆریکی حیزبەکانمان مێدیاتیزە نەکراوە و مەودایەکی زۆری لەگەڵ مەنتقی مێدیاییدا هەیە. ئێستا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بەسەر لێدوانی رۆمانتیکدا تێپەرییەوە و لە جێگای ئەمە؛ تەعاموولی بەڵگەمەند و پەیڤ رەفتاری یا ئەو شتەی کە بە زمانی زانستی کۆمەڵایەتی پێی دەڵێن دیسکۆرسیڤ ئینتەراکشێن، باڵی بەسەر رێتۆریک و دەربڕینی سیاسیدا کێشاوە. ئەو لێدوانانەی لەم ماوەیەدا و لە مێدیاکانەوە دەمان بیست، بەداخەوە هەر لە زمانی رۆمانتیک و لە چوارچێوەی دراماتیزەکردنی رووداوەکان و دروشم و هەرەشەدا دەردەکەوتن و کەمتر هەوڵ بۆ لێدوانێکی شرۆڤەیی دەدەرا بەڵکوو شیکاری وەها سیناریۆیەک بکات کە رێژیم پشتی پێ گەرم کردووە. ئەگەر ئەندامێکی ئاسایی یا بەرپرسێکی نیزامی لە لێدوانەکانیدا دروشم و زمانی هەرەشە دەکار بکات، بۆ مێدیا و تەنانەت شرۆڤەکارن شتێکی ئاساییە. بەڵام ئەم رووکردە بۆ کادری سیاسی کە لە ناوەندی بڕیاردانن وەک لاوازیی سیاسی راڤە دەکرێت. زمانی ئەندام ئەگەر تیژ بێت، زمانی رێبەرانیان دەبێ پان و پەرەسەندوو بێت بەڵکوو زەرفیەتی ئەوەی تێدا بێت کە رووداوەکان بە قازانجی مەشرووعیەتی سیاسی خۆیان راڤە بکەن.
بەڵام سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کوێی دێشێ کە وەها باڵ بۆ حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق فش دەکاتەوە؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە ئێمە دەبێ بە دوو خوێندنەوەی جیاوازەوە، بەڵام تەواوکەری یەکتر، ئاوڕ لە دیاردەیەکی نەحەملاو بە ناوی سپای پاسداران بدەینەوە، واتە: خوێندنەوەی ماهیەتی و خوێندنەوەی کاردانەوەیی. بۆ وڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا لە خوێندنەوەی ماهیەتییەوە دەست پێ دەکەم و دواتر لە رێگای خوێندنەوەی کاردانەوەییەوە هەوڵ دەدەم وڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەم پێدا.
یوهانس گێرشوسکی، لە وتارێکدا باس لە دیاردەیەک بە ناوی «هاوبژاردن (co-optaition)» دەکات وەک یەکێک لەو سێ کۆڵەکانەی کە بۆ سەقامگرتوویی رێژیمە ئەوتۆکراتییەکان پێویستن (من ئەم وتارەم وەرگێراوەتە سەر کوردی و بەم زووانە بڵاو دەبێتەوە). هەر لە چوارچێوەی تیۆری هاوبژاردندا باس لە دیاردەیەک دەکات بە ناوی «ئیئتەلافی سەرکەوتن» کە «بیۆنۆ دی مێسکیتا» لە توێژینەوەیەکی لەسەر دەسەڵاتە دیکتاتۆر و میلیتارییەکانی ئامریکای لاتین کردوویەتی. باڵی نیزامی و بە شێک لە بژارەدە بازرگانەکان، لە نێوان خۆیاندا یەکتر هەڵدەبژێرن و بە شێوەیەکی نەرم کودەتا لە دەسەڵات دەکەن. بۆ راگرتنی دەسەڵاتەکەیان دەچنە نێو ئیئتەلافێکی رانەگەیاندراو و بەم چەشنە بە دوو باڵی نیزامی و داراییەوە کار بۆ سەقامگرتوویی رێژیمەکەیان دەکەن و هەر چەشنە جووڵەیەکی مەدەنی و دێمۆکراتیکیش لەبار دەبەن. چیرۆکی هێژمۆنیای سپای پاسداران لە دەسەڵاتدا، چیرۆکێکی نوێ نییە. بەڵام لە دەسپێکی دەوڵەتی ئەحمەدی نژادەوە، پرسی هێژمۆنیای سپا چووە نێو فازێکی دیکەوە و لە دەوڵەتی رەئیسیدا – وادیارە، نێوەرۆکی «ئیئتەلاف بۆ سەرکەوتن» خۆی پیشان دەدات کە سپای پاسداران زۆرترین رۆڵی هەیە تێیدا. کەوایە زۆر سرووشتییە بە هێرشی نیزامی، مانۆڕی دەریایی، ڤیراژی مووشەکی و سەرکوتی راپەرینە نێوخۆییەکان، ماوە بە ماوە، بیری باڵە سیاسییەکانی نێو رێژیم بێنێتەوە کە لەم ئیئتەلافەدا چ رۆڵێکی گرنگی هەیە و لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ سیاسەتە زێدەخوازییەکانی خۆی بدات.
بۆچی – نە وەک ئیحتماڵ و نە وەک ئیمکان- مەجالی تێدا نییە کە حیزبە کوردستانییەکانییەکانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان دەربکرێن؟ وەک باس کرا، بە خوێندنەوەیەکی کاردانەوەییەوە هەوڵ دەدەم وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. سەرتا با ئاماژە بە نیگەرانییەکانی بەشەێک لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کورد بدەم کە لەم ماوەیەدا و لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا دەبیندران. سرووشتییە کە دەبێ ئەم نیگەرانیانە بە هەند بگرین، چوونکە سیاسەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا قەت بە پێی مەنتقی سیاسی نەچووەتە پێش و لە بیرەوەریماندا زۆر رووداوی نەخوازراو، ناعەقڵانی و نائەخلاقی بە دژی داوای رەوای کورد تۆمار کراون کە زۆر بەجێیە نیگەران بین. یەکێک لەو شتانەی کە پەرە بەم نیگەرانییە دەدات؛ نموونە ئەزموونییەکانن، بۆ نموونە چەک کردن و دەرکردنی «سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران» زۆرجار لە بیرەوەریماندا زیندوو دەبێتەوە. موجاهیدین – چ وەک ئیمکان و چ وەک ئیحتیمال- لە عێراقی دوای سەدام حوسێن هەر دەردەکرا چوونکە یەکێک لە هەڵە ستراتژییەکانی ئەو رێکخراوەیە ئەوە بوو کە وەک هاوپەیمانی حیزبی بەعس دەرکەوت. سرووشتییە بە دوای رووخانی حکوومەتی بەعس، پاساوێک بۆ هێشتنەوەی هاوپەیمانەکانیشی نامێنێتەوە. بە خۆشییەوە حیزبە کوردستانییەکانی ئێران لەم لایەنەوە بێ هەڵەن. دووهەم هۆکار؛ شیفت لێدانە ئایدیالۆژیکەکانی موجاهدین و روانگە ئەمنیەتییەکانی ئەو رێکخراوەیە بوو کە وای کرد لە بیرەوەری زۆربەی خەڵکی ئێراندا جێگایان نەمێنێت، بە چەشنێک کە خەڵک زۆر بە خەمساردییەوە بە سەر ئەو قەیرانانەدا تێدەپەرین کە موجاهدین تێی دەکەوت. بەڵام گەلی کورد لە ئێران لە حاند حیزبەکانیاندا خەمسارد نین و مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧، مەشرووعیەتی ئەو داوایەی زیندوو کردەوە کە حیزبە کوردستانییەکانی ئێران نوێنەرایەتی دەکەن. بەڵام یەک ئیحتمال هەیە کە نابێ چاوپۆشی لێ بکرێت: ئەویش سەودای ژێر بە ژێری سیاسییە. سەودای ژێر بە ژێری سیاسی وەک ئیحتەمال بەهێزە، بەڵام بە خۆشییەوە وەک ئیمکان لاوازە. چوونکە دەرکردنی ئەو حیزبانە و کەمپەکانیان، سازانێک نییە کە لە نێوان دوو وڵات یا دوو دەسەڵاتی سیاسیدا بکرێت، بەڵکە پێویستی بە پرۆژەیەکی گران و درێژخایەن هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەو پرۆژەیە دەبێ لە ئاستی جیهانیدا بچێتە پێش و بۆ وەها پرۆژەیەکیش دەبێ زۆر ناوەند و رێکخراوەی نێودەوڵەتی بڕیاری لەسەر بدەن و لەسەری رێک بکەون کە لە دەسەڵاتی وڵاتانی عێراق و ئێراندا نییە. کەوایە بۆ دەبێ بەرپرسێکی باڵای رێژیم وەها داوایەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەر پرسانی هەرێمی کوردستان بکات؟
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، هاتنە سەر کاری حکوومەتی کازمی لە عێراق، وەک کاردانەوە بۆ زەروورەتێکی سیاسییە کە وڵاتانی هاوپەیمان جەختی لەسەر کردبووەوە. مانەوەی وڵاتانی هاوپەیمان و بە تایبەت ئەمریکا لە عێراق، پرۆژەیەکی کاتییە و زۆر سرووشتییە کە ئەو وڵاتانە جەخت لە باڵە سیاسییەکانی عێراق بکەن کە زەمینەی کشانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق فەراهەم بکەن. کەوایە بە بۆچوونی کارزانانی سیاسی یەکێک لە زەروورەتەکان: پرسی تەناهی عێراق و دەستێوەردانی دراوسێکانیەتی لە کار و باری ئەو وڵاتەدا. ئاسەوارەکانی وەها پرۆژەیەک لە هەوڵ و کارەکانی حکوومەتی کازیمیدا بە تۆخی رەنگی داوەتەوە کە بە چەند پلان هەوڵ بۆ بردنە پێشی وەها پرۆژەیەک دەکات. یەک لەو پلانانە مانوری دیپلۆماتیکی کازمی و رۆڵگێڕانی لە وتووێژی نەهێنی نێوان عەرەبستان و ئێرانە و بە دڵنیاییەوە نرخی ئەم رۆڵگێرانەی کازمی بۆ ئێران ئەوەیە کە واز لە پشتگری کردنی هێزە میلیشیاکانی عێراق بێنێت. ئێمە ئاگاداری نێوەرۆکی دیدارەکانی نێوان کازمی و وەزیری دەرەوەی عێراق لە گەڵ ئێرانییەکان نین چوونکە میدیایی نەکراون، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە حەدشی شەعبی و بن باڵەکانی، تەوەرێکی جیددین لە دیدارەکاندا. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: بۆچی داوای دەرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لە زمانی سەرکۆمار و وەزیری دەروەی ئێرانەوە ڕاناگەیەندرێت بەڵکە عەلی شەمخانی خۆی تێ هەڵدەقوتێنێت؟ وڵامەکەی سادەیە: داوای بەرپرسێکی خوارتر لە سەرکۆمار و وەزیری دەرەوە، هەر لە چوارچێوەی هەرەشەدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئامانجی هەرەشەکەی سەرۆکی ئاسایش ئێران گرنگە و ئەویش ئەمەیە کە نرخی کورت کردنەوەی دەستی ئێران لە کار و باری عێراق، دەرکردنی حیزبە کوردستانییەکانی ئێرانە لە هەرێمی کوردستان. بە دڵنیاییەوە ئەم نرخە بۆ حکوومەتەکەی کازمی زۆر گرانە و زەحمەتە پوتانسێڵی ئەوەی هەبێ کە ئەو داوایە کردەیی بکات. تەمای جێبەجێ کردنی وەها داوایەک بۆ حکوومەتەکەی کازمی ریسکێکی گەورەیە چوونکە تووشی هەڵەی سیستەماتیک دەبێت. بۆ نموونە بە دەرکردنی موجاهدین لە عێراق، نەک ئێران وازی لە دەستێوەردانەکانی نەهێنا، بەڵکە مەجالی زیاتری وەرگرت کە بە ئەرخایەنییەوە جێ پێی خۆی لە عێراق قاییم تر بکات. کەوایە ئەم ناکۆکیانە لە نێوان ئێران و عێراق بەردەوام دەبن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە داواکەی ئێران کاردانەوەییە و نرخی رەچاوکردنی وەها داوایەک بۆ عێراق زۆر لەوە گرانترە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، چوونکە پێوەندی بە نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆ دەبێ ئەم پازێلە ناتەواوە نیگەرانمان بکات؟ جان ئەگینۆ مامۆستای جوگرافیای سیاسی لە ئەمریکا، باس لە دیاردەیەک بە ناوی «Chronopolitics» یا سیاسەتی زەمانمەند دەکات (رەنگە فەزای سیاسیش گونجاو بێت). بە بۆچوونی ئەگینۆ دەوڵەتەکان مێژوو-تەوەرن، واتە وەک چون لە کاتێکی دیاریکراودا دادەمەزرێن، بە هەمان شێوەش لە کاتێکی دیاری کراودا هەرەس دێنن. بەڵام سیاسەتی مۆدێڕنی جیهان بۆ ناکارا کردنی مەنتقی مێژوو-تەوەری دەوڵەت، پێداچوونەوەیان لە چەمکی ژێۆپۆلیتیکدا کردووە. پرسی ژێۆپۆلیتیک لە ئێستادا ئەو نۆرمە دەوڵەت-نەتەوەییانە نەماوە کە حکوومەتەکان لە نێوخۆی وڵات شەری بۆ بکەن، بەڵکە سیاسەتی نێوخۆیی و پرسی ژیۆپۆلیتیک لە بەستێنێکی بەربڵاوتر و لە ئاستێکی بەرزتردا بە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان گرێ دەدەنەوە. بۆ نموونە باس لە شەری سارد دەکات وەک کۆنتێکستێکی لەبار بۆ نیکسۆن کە لە ساڵی ١٩٧١دا سیستەمی دارایی «بریتۆن وۆدز» هەڵوەشێنێتەوە و بە کۆتایی هاتنی شەری ساردیش رێگا بۆ ئیئتلافە بازرگانی و دەرکەوتنی مەزن-کۆمپانیاکان خۆش کرد.
رووکردی سیاسەتی زەمانمەند لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و بە تایبەت دوا بە دوای شەری دژە تیرۆر، تا دێ رۆژ بە دوای رۆژ زیاتر دەردەکەوێ و بە دڵنیاییەوە دوای ماوەیەکی تر قازانجە سیاسی و ژیۆپۆلیتیکییەکانی دەوڵەتان لەم کۆنتێکستەدا دەبینین. هێرشەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد و تێچووەکانی ئەو هێرشانە، «کەمیەتی» رووداوەکان پیشان دەدەن و بۆ خەبات زۆر ئاسایین، بەڵام نیگەرانی ئێمە دەبێ «کەیفیەتی» ئەم رووداوانە بن. ئێمە دەبێ نیگەران بین لەوەی کە رێژیم بەم هێرشە چەکدارییانە رێگا بۆ کۆنتێکستێکی شووم خۆش نەکات کە ناسنامە و نێوەرۆکی بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کورد تا ئاستی چەند گرووپی چەکداری دابەزێنێت (ئەمە بۆچوونی رێژیمە). لە وەها دۆخێکدا «کەیفیەتی» ئەم خەباتە رەوایە تا ئاستی «کەمیەتی» خەبات دابەزیوە و سرووشتییە کە سەودا کردن لەسەر «کەمیەت» بۆ عێراق و ئێران زۆر ئاسانتر و هەرزانتر تەواو دەبێت. وتەبێژ و کادرە میدیاییەکانی حیزبی دەبێ وریا بن و خۆ لە دروشمدان و زمانی رۆمانتیک بپارێزن و رێگە نەدەن ئەم رووداوانە وەها دراماتیزە بکرێت کە «کەیفیەتی» خەباتەکە بشێوێت. رێتۆریکی پەرەسەندووی سیاسی و رووکردی شرۆڤەکارانە، بە تایبەت لەم کاتەدا کە باڵانسی هێز بەلای رێژیمدا شکاوەتەوە، زۆر گرنگە بۆ ئەوەی رووداوەکان بە قازانجی بەهێزکردنی کەیفیەتی خەبات بگۆڕێت.
رزگار ئەمین نژاد
١٦\٨\٢
وەڵامێک بنووسە