یوهانس گێرشووسکی
و. رزگار ئەمین نژاد
یانەی توێژینەوەی «دێمۆکراسی: سازێنەرەکان، کارکردەکان، بەرگژەکان»، زانستی کۆمەڵایەتی
ناوەندی توێژینەوە لە بێرلین (WZB)، بێرلین، ئالمان
(ئەم وتارە سەرەتا لە ٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١١ وەرگیراوە و دەقی کۆتایییەکی لە ٣١ی ئووتی ٢٠١٢ وەرگیراوە)
کورتەیەک
بۆچی هێندێک لە رێژیمە خۆسەرەکان سەقامگیرترن و ئەوانی دیکە هەرەس دێنن؟ ئەم وتارە هەوڵدەدات بە سەرنجدان بە سێ کۆڵەکەی رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن، چوارچێوەیەکەی تیۆریک بدا بەدەستەوە بۆ شیکاریی و وڵامدانەوە بەم پرسیارە. ئەم سێ فاکتۆرە هۆکاریانە کە ئاماژاەیان پێدرا، وەک دەرەنجام و سێنتێزی گشت توێژینەوەکان، هەم لە خوێندنەوەی کلاسیک و هەم لە خوێندنەوەی سەردەمدا، دێتە ئەژمار. لەم بابەتەدا بە شێوەیەکی تایبەت سەرنج بە گونجاندنەوەی رەواییدان دراوەتەوە بۆ شرۆڤەکردنی سەقامگیریی لە سیستەمە خۆسەرەکان. هەوڵی سەرەکی ئەم وتارە شرۆڤەکردنی ئەو سێ کۆڵەکەیەیە و هەروەها بە شێوەیەکی کۆنکرێت قسە لەسەر ئەو مێتۆدانە دەکرێت کە کارایی کۆڵەکەکانی پێ هەڵدەسەنگێردرێت. دواتر هەوڵ بۆ شیکاریی پرۆسەی سەقامگرتن دەدات.
کارایی ئەو کۆڵەکانە لەسەر سەقامگیریی تا چەندەیە؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارەش ئاماژە بە پرۆسەی بەهێزکردنی کۆڵەکەکان و هەروەها هەماهەنگی لە نێوانیان دەکرێت. پرۆسەی بەهێزکردنی ئەو کۆڵەکانە بە شێوەی؛ هەندەر-بەهێزکەر، خۆ-بەهێزکەر و هاو-بەهێزکەر، دەچێتە پێشەوە. بۆ دەرخستنی مەنتقی دەروونی ئەو پرۆسەیە ئاماژە بە هێندێ نموونەی ئەزموونی دەکەم. هەروەها باس لەوە دەکەم کە بۆ تێگەیشتن لەم ئەزموونانە پێویستیمان بە چی هەیە و چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی روون لێیان تێبگەین. دارشتنی چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ تێگەیشتن لەم پرۆسانە دوو قازانجی لێ دەکەوێتەوە: یارمەتیمان دەدات باشتر لە ئاڵۆزیی پێکهاتەی رێژیمە خۆسەرەکان تێبگەین و لە هەمان کاتدا وەک بنەمایەک بۆ شرۆڤە و پێناسەکردنی نموونەکانی دیکە دەکاری بکەین – واتە رێژیمە خۆسەرەکان و نموونە لاوەکیەکانیان؛ هەروەها تێروانینی ستاتیکی و جەختکردنەوە لەسەر میکانیزمە بنەمایی و جێگیرەکانی وەک دەروون-بابەتی و هەمبەر-بابەتی، کاراسانیمان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بە روانگەیەکی تۆکمە و هەمەگیرەوە شرۆڤەی پرسی سەقامگیریی بکەین.
وشە کلیلییەکان: خۆسەریی، سەقامگیریی، رەواییدان، سەرکوت، هاوبژاردن
هۆکاری خۆراگریی خۆسەرەکان چین؟
وتارە سەرنجراکێشەکەی ئادام پرزیۆرسکی و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩٩٦دا بەم پرسیارەوە دەستی پێکرد: ”هۆکاری خۆراگریی دێمۆکراسیەکان چین؟”. کارایی ئابووری و هەڵبژاردن، دوو هۆکاری سەرەکی بوون بۆ تەمەندرێژیی دێمۆکراسی کە لەم وتارەدا ئاماژەیان پێدراوە [1]. هەڵبەت وتارەکە پشت بە نەریتێکی درێژخایەن دەبەستێت کە بەهۆی کارە مەیدانییەکان لەسەر دێمۆکراسی و دێمۆکراتیزاسیۆن، گەلێک تیۆری و ئاکامی باشی ئەزموونی بەرهەم هێناوە. بەڵام کاری توێژینەوە لەسەر رێژیمە خۆسەرەکان وەک «هاوتای» دێمۆکراسی، لە قۆناغی کلاسیک و لە ساڵانی ١٩٦٠و ١٩٧٠ زیاتر تێنەپەریوە [2]. لەگەڵ کۆتاییهاتنی «شەپۆلی سێهەمی دێمۆکراتیزاسیۆن»، ئەم روانگەیەش گۆڕا و کۆتایی بە رووکردی گەشبینانە، هەم لە سیاسەت و هەم لە زانستە سیاسییەکان هێنا و شیکارییەکی جیددیتر جێگای گرتەوە. لێرەوە پرسی رێژیمە خۆسەرییە سەقامگیرەکان لە جاران زیاتر کەوتە بەر سەرنجی پسپۆران. هەنووکە کۆمەڵێک وڵامی نوێ و داهێنەرانە سەبارەت بە پرسیارە کۆنەکان هاتوونەتە ئاراوە کە تیشکێکی زیاتر دەخەنە سەر مەنتقی رێژیمە خۆسەرەکان[3]. ئەم وتارە لە چوارچێوەی وەها مژارێکدا بەردەوام دەبێت و هەوڵدەدات لە دوای وڵامێک بۆ ئەم پرسیارە بگەرێت کە هۆکاری خۆراگریی رێژیمە خۆسەرەکان چین؟
ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە پێشنیارکردنی چوارچێوەیەکی تیۆریکە بۆ شیکردنەوەی سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکان[4] و هەوڵدەدات بە کۆکردنەوەی ئارگیومێنتە سەرەکییەکان، هەم لە کاری توێژینەوە کلاسیکەکان لەسەر دەسەڵاتخوازی و هەم لە کاری توێژینەوەکانی سەردەم سەبارەت بە هۆکاری سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکان، بگات بە سێنتێزێک. هەروەها باس لەوە دەکات کە سەقامگرتنی گشت رێژیمە خۆسەرەکان – تەنانەت نموونە لاوەکییەکانیش – بە پێی ئەو سێ کۆڵەکەیە شرۆڤە دەکرێت، واتە: رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن[5].
لە سەرەتای دامەزرانی رێژیمە خۆسەرەکاندا ئەو سێ کۆڵەکەیە دەرناکەون، بەڵکە بە تێپەربوونی کات گەشە دەکەن. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە چۆن ئەو کۆڵەکانە دادەمەزرێن، هەروەها لەباری تیۆریکەوە چۆن دەتوانین هەست بە پرۆسەی سەقامگرتن بکەین؟ پرۆسەی بەهێزکردن رەهەندێکی دیکەیە لە باسەکەی مندا، کە هەم لە نێو کۆڵەکەکان و هەم لەنێوان کۆڵەکەکاندا دێتە دی. ئەم پرۆسانە دەتوانن بە فۆرمی جیاواز دەرکەون: یەک لە پرۆسەکان هەندەر-بەهێزکەرە کە لە لایەن هێزی بەردەست و سەرچاوە داراییەکانی رێژیمی دەسەڵاتدارەوە دابین دەکرێت؛ ئەوەی دیکە پرۆسەیەکی ناوازەیە، واتە خو-بەهێزکەرە کە دەبێتە هۆی رەوت-بەسراوەیی، دوا پرۆسەش، پرۆسەی هاو-بەهێزکەرە کە دەبێتەهۆی خاڵێکی بەهێز بۆ تەواوکاریی لە نێوان کۆڵەکەکاندا. ئامانجی ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی وورد و بابەتیانەیە بۆ ئەم سێ پرۆسەیە بەڵکوو هۆکاری سەقامگرتنی رێژیمە خۆسەرەکان باشتر روون بێتەوە.
دارشتنی وەها چوارچێوەیەکی تیۆریک، بە بۆچوونی من، دوو قازانجی لێدەکەوێتەوە. یەکەم، یارمەتیمان دەدات کە ئاڵۆزییەکانی پرسی خۆسەریی لەبەرچاو بگرین کە بە رادەی پێویست رەچاو نەکراون و دەکرا بۆ گشت رێژیمە خۆسەرەکان دەکار کرابا. دووهەم؛ دوو تێروانینی ستاتیکی و دینامیکی ئاوێتەی یەک دەکات بۆ ئەوەی بە ووردبینییەوە سەیری پرۆسەی سەقامگرتن بکات و لە ئاکامدا کاری هەڵسەنگاندنی دەروون-بابەتی و هەمبەر– بابەتییەکان ئاسان دەکات.
درێژەی وتارەکە بەم چەشنەیە: لە بەشی دووهەمدا بە مەبەستی پێناسەکردنی کۆڵەکەکان پێداچوونەوەیەک بە نێو سەرچاوە پێوەندیدارەکان دەکات. بەشی سێهەم کار لەسەر چەمکسازی دەکات و بە ووردی تایبەتمەندییەکانیان شی دەکاتەوە. هەر لەم بەستێنەوە، لە بەشی چوارەم و پێش ئەوەی بگەم بە دەرەنجام، چۆنایەتی هاتنە ئارای ئەو سێ کۆڵەکەیە تیۆریزە دەکەم.
سەرچاوەکان چیمان پێ دەڵێن؟
بۆچی رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن کلیلی سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکانن؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە و هەروەها بە چاوخشاندنێک بۆ سەر گشت سەرچاوە جیاوازەکان، درگای هێندێ شرۆڤەی فرەچەشنمان بەسەردا دەکرێتەوە کە دەکرێت لە چوارچێوەیەکی گشتی و بە رێکوپێکی لێکدانەوەی بۆ بکەین. بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ سێ شەپۆلی توێژینەوە پێناسە بکەین: پارادایمی توتالیتاریزم هەتا ناوەراستی ساڵانی ١٩٦٠ کە تیشکی دەخستە سەر ئایدیالۆژی و تۆقاندن؛ دەرکەوتنی دەسڵاتخوازی (ئەوتۆریتاریانیزم) هەتا ساڵانی ١٩٨٠ کە زیاتر پێداگری لەسەر هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکرد. هەروەها، لەگەڵ رووماڵکردنی وتارەکەی «گادێس» لە ساڵی ١٩٩٩دا، رێنەسانسێک لە کاری توژینەوەی خۆسەریی (ئەوتۆکراسی) سەری هەڵدا کە سەرنجیان زیاتر لەسەر دوو هۆکاری وەک سەرکوتی ستراتژیک و هاوبژاردن چڕ دەکردەوە.
شەپۆلی یەکەم، ساڵانی ١٩٣٠ – ١٩٦٠: پارادایمی توتالیتاریزم
لەگەڵ دەسپێکی یەکەم کارە مەیدانییەکان لە ساڵانی ١٩٣٠دا [6]، چەمکی توتالیتاریزم بۆ شرۆڤەکردنی دیاردەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە. خوێندنەوەی پێوەرمەند لەم پێناوەدا – لانیکەم لە زانستی سیاسیدا – هەنووکەش ئەو توێژینەوانەن کە لە لایەن «فرێدریش» و «بێرژینسکی» کراون [7]. لە دەیەی ١٩٥٠دا، ئەوان «پۆلبەندیەکی شەش خاڵیی» بەناوبانگیان دیاریکرد بۆ پێناسەکردنی رێژیمە توتالیتارەکان [8]. ئافراندنی «مرۆڤی نوێ»، ئامانجی ئەم قۆناغە مێژووییە بوو کە هەوڵدەدرا لە چوارچێوەی ئایدیالۆژییەکی گشتگیر، بە هرووژانی هەزارەگەرایی (چەلیاستیکی) و یۆتۆپیایەکی بەهێز، هەروەها لە رێگای تۆقاندن، پروپاگاندا و لەسەر دەستی حیزبێکی بەهێز ئەم ئامانجە بێنێتە دی[9]. ئەگەرچی ئارگیومێنتەکانی فرێدریش و بێرژینسکی لەمەڕ کاراکتەری توتالیتاریانیزم زۆر ستروکتورالیستیانەیە، بەڵام کاری «هانا ئارنێت» بۆ تێگەیشتن لە نێوەرۆکی توتالیتاریانیزم، هەوڵێکی فەلسەفی-کۆمەڵایەتی بوو[10]. ئەو تیشکی خستە سەر ئایدیالۆژی و تۆقاندن وەک دوو تایبەتمەندی سەرەکی بۆ باندەست بوونی توتالیتر. لە روانگەی هانا ئارنێتەوە توتالیتاریزم هەوڵدانێکە بۆ ئەتۆمیزە کردنی کۆمەڵگا، بۆ حەرامکردنی ئەو شتەی کە ئارنێت وەک سیاسەتی رادیکاڵانە لێی تێگەیشتووە. بە هەمان شێوە لە رووکردی سێهەمی خوێندنەوەی توتالیتاریزمیشدا، پێداگریی لە سەر ئایدیالۆژی و تۆقاندن کراوەتەوە، بەڵام ئەوان بزاڤە توتالیتارەکاننیان بە «دینی سیاسی» بەراورد دەکرد بۆ ئەوەی شرۆڤەی «هرووژان و باڵکێشیەکەی» بکەن[11].
بەم حاڵەش، لە ساڵانی ١٩٦٠دا، پارادایمی توتالیتاریزم تووشی رەخنەیەکی بەهێز دەبێتەوە. «باربێر» سەرەڕای رەخنە گرتن لە زاتگەرایی وەها دەوڵەتناسییەک، ئاماژەی بەوەش دەکرد کە بنەماکانی تێگەیشتن لەم چەمکە زۆر شێواو و ئالۆزن[12]. بە هۆی دەگمەن بوونی نموونەی ئەزموونی، چەمکی دەسەڵاتخوازی کەم کەم جێگای بە چەمکی توتالیتاریزم لێژ کرد.
شەپۆلی دووهەم، ساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٨٠: سەرهەڵدانی دەسەڵاتخوازی (ئۆتۆریتاریانیزم)
چەمکی دەسەڵاتخوازی لە سەرەتادا هێدی و سادەتر هاتە ئاراوە. «خوان لیز» لە ساڵی ١٩٦٤دا رایگەیاند کە نابێ لە چاویلکەی توتالیتاریزمەوە خوێندنەوە بۆ ئیسپانیای فرانکۆیست بکەین، بەڵکە ئەم دسەڵاتخوازییە دیاردەیەکی نوێ و جیاوازە[13]. سەرهەڵدانی دەسەڵاتخوازیی وەک رێژیمێکی جیاواز، لەگەڵ توێژینەوەکەی «ئۆدانییەل»، واتە «دەسەڵاتخوازیی برۆکراتیک» دەستی پێکرد [14]. بە کورتی؛ ئۆدانییەل باسی لەوە دەکرد کە بە هۆی ناکارامەیی ستراتیژی هاوردەکردن لە ئارژانتین و برازیل، نوخبە برۆکراتەکانی سووپا و کەرتی بازرگانی، کە دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات بێزاری کردبوون، دێنە مەیدان و ئیئتلافێک پێک دێنن بۆ کودەتا. لە ئەنجامدا رێژیمێکی دەسەڵاتخوازیان دامەزراند بەڵکوو کار بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات بکەن و دەوڵەتیش لەو بشێوییە رزگار بکەن. ئەگەرچی شیکارییەکەی ئۆدانیەل، بە دوای سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دیکەی ئامریکای لاتین تووشی گرفت هات، بەڵام لەسەر ئەم خاڵە پێداگری دەکردەوە کە پێشتر ئاماژەی پێدابوو: رەهەندی ئابووری-کۆمەلایەتی – هەم بۆ سەرهەڵدان و هەم بۆ پاراستنی رێژیمە دەسەڵاتخوازەکان، پاڵنەرێکی کارایە[15]. هەر لەم سۆنگەوە من لە شرۆڤەکانی خۆمدا سوود لە فاکتەری «پشتگریی تایبەت» وەردەگرم[16].
دوو راهاتی دیکە لە نێو ئەم شەپۆلەدا هەن کە شایانی سەرنجن: ئاماژەدان بە زۆربوونی نموونەی لاوەکی و هەروەها «هەرێمایەتی کردن»ی شرۆڤەکان[17]. بە تایبەتی لە ئەمریکای لاتین و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، کاتێک رێژیمە میلیتارەکان لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا سەریان هەڵدا، بە رۆڵگێڕانی بەردەوامی میلیتارەکان دەناسران کە لە پشت رووکارێکی نیمچە مەدەنییەوە هەڵسووکەوتیان دەکرد. هاوکات، باشووری سەحرای ئافریقا زێدەبوونی رێژیمە تاک حیزبییەکانی بە خۆیەوە بینی و هەروەها دەسەڵاتخوازەکان لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بنەمای نیۆپاتریمۆنی و «گرێبەستی کۆمەڵایەتی» لە نێوان دەسەڵات و گەلدا سەپاندبوو[18].
خاڵی هاوبەشی گشت شرۆڤەکان لەوەدایە کە لەگەڵ پارادایمی توتالیتاریزمدا زۆر جیاوازن و دەبێ لە دوای شیکارییەکی ووردتر و گۆنجاوتر بگەرێین بۆ دیاردە نوێیەکان (هەرێمایەتی کردن). تایبەتمەندییە سەرەکییەکەشیان لەوەدایە کە دەسەڵاتخوازەکان ناتوانن تەنیا پشت بە ئایدیالۆژی و تۆقاندن ببەستن، بەڵکە پێویستیان بە باشترکردنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە کە زۆرجار بە پێی سیاسەتی خەڵاتکردنی نافەرمی جێبەجێ دەبێت.
شەپۆلی سێهەم، رێنەسانسێک لە توێژینەوەکانی خۆسەرییدا (ئۆتۆکراسی)
شەپۆلی سێهەم، واتە توێژینەوە لەسەر خۆسەریی، درەنگ دەستی پێکرد. لەراستیدا وتارە گرنگەکەی «باربارا گێدز» لە ساڵی ١٩٩٩ وای کرد کە توێژەران دیسان سەرنج بە خۆسەریی بدەنەوە[19]. بەرچاوترینیان، رێبازی «دامەزراوەگەرایی نوێیە» کە لەم دواییانەدا هاتە نێو کاری توێژینەوەکانی خۆسەریی و هەروەها تیشکی خستە سەر کارایی دامەزراوەکان لەسەر سەقامگرتن[20]. رۆڵی حیزبە سیاسییەکان، یاسادانان و هەڵبژاردن وەک میکانیزمی هاوبژاردن، لەم قۆناغەدا گرنگییەکی تایبەتی پێدرا. لە توێژینەوە کۆنەکاندا، هەڵبژاردن و یاسادانان وەک شانۆ سەیر دەکران و رۆڵی حیزبە سیاسییەکانیش تا ئاستی پێکهاتەیەکی سەرەکی بۆ «دابینکردنی شوێنکەوتوانی دیکتاتۆر» سەیر دەکرا[21]. «گاندی» و «پێرزیۆرسکی» ئەم هۆکارانە بە هەند ناگرن و لە توێژینەوەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارە خۆسەرەکان سوودێکی سیستەماتیک لەم دامەزراوە بەرواڵەت دێمۆکراتیکانە وەردەگرن بۆ ئەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەیان درێژتر بکەنەوە [22]. کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە رێژیمە تاک حیزبییەکان لە چاو رێژیمەکانی دیکە بە هێزترن. کەوایە کارایی حیزب بۆ سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکان سەلمێندراوە، چوونکە لە ناکۆکییە دەروون- نوخبەییەکاندا دەتوانن نێوبژیوان بن[23]. هەروەها هەڵبژاردن ئامێرێکی کارایە بۆ هاوبژێرکردن چوونکە سەرکردە نەتەوەییەکان بە میکانیزمی هەڵبژاردن، زانیارییەکی باش سەبارەت بە ئەمەگداری و لێهاتوویی بەرپرسان و کارگێڕانی مەڵبەند و ناوچەکانیان دەست دەکەوێت[24].
لەهەمبەر ئەو پێشێلکارییە داپلۆسێنەرانەی کە لە رێژیمە توتالیتارەکاندا هەبوو، «عەجەم ئۆغلوو» و «رۆبینسۆن» ئاماژەیان بە ستراتێژیی سەرکوت دەکرد کە لە گمەی «زمانیی و تیۆری» و پلە «باشەکانی» سەرکوتکردن پێکهاتووە و رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و تایبەتیان هەیە بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی رێژیمە خۆسەرەکان[25]. لە رووکردی بژاری عەقڵانی ئەواندا، بابەتێکی دووهەم هەیە کە سەرنجراکێشترە: واتە یەکریزیی دەروون-نوخبە. ئەم بابەتە پشت بەو گریمانەیە دەبەستێت کە رێژیمە خۆسەرەکان ناچارن هێز وەها هاوبەش بکەن کە ئاقارە لاوازەکانیش بگرێتەوە، کەوایە لە رێگای هێزەوە (دەکارکردنی هەرەشە) بەر بە هەر چەشنە لادانێک دەگرن. ناکرێت هەرەشە شاراوەکانی دەروون-نوخبە لەو رێژیمانەدا بێ چارەسەر بمێنێتەوە و لە وەها دۆخێکدا رۆڵی دامازراوەی هاوبژاردن زۆر گرنگە، چوونکە کێشەی مەترسی ئەخلاقی کەم دەکاتەوە[26].
بە کورتی؛ لە کاتێکدا پارادایمی توتالیتاریزم پێداگریی لەسەر تۆقاندن و رۆڵی ئایدیالۆژییە سیاسییەکان دەکرد، لە توێژینەوەکانی دواتردا پێداگریی لەسەر هەلومەرجی ئابووری-کۆمەڵایەتی دەکرا و هەروەها تایبەتمەندییە نافەرمییەکانی حوکمی دەسەڵاتخواز هاتە رۆژەڤەوە. لە دەیەی رابردوودا، کارایی سەرکوتی ستراتژیک و دامەزراوە فەرمییەکانی وەک هەڵبژاردن، یاسادانان و حیزبەکان بۆ سەقامگرتن و بەهێزکردنی دەرون-نوخبە، بە ووردبینییەکی زیاتروە شیکاری بۆ کراوە. خشتەی ژمارە یەک بەرچاوگەیەکی کورت دەدا بە دەستەوە.
پێشنیاری من بۆ ئاوێتەکردنی ئەو لقە جیاوازانە لە چوارچێوەیەکی رێک و شیکارییدا، ئەو سێ کۆڵەکەیە کە پێشتر ئاماژەیان پێدرا واتە؛ رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن. من باس لەوە دەکەم کە ئەو سێ کۆڵەکانە، دەتوانن مەترسی رووخانی رێژیمە خۆسەرەکان پووچەڵ بکەنەوە کە لە سێ لایەنەوە سەرچاوە دەگرێت: بە هۆی پابەندنەبوونی هاوڵاتیانی ئاسایی کە زۆرجار بە شێوەی راپەرین و شۆرش دەردەکەوێت؛ لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە کە توانای رێکخستنیان هەیە بۆ بەرەنگاری و؛ دواجار بە هۆی کەلێنی نێوان دەروون-نوخبە کە تەما ستراتیژییەکانیان وا دەکات نوخبە گرنگەکان لە رەوتی نوخبەی دەسەڵاتدار لادەن[27]. لە بەشی دووهەمدا کار لەسەر چەمکسازی، کرداریکردن و مێتۆدەکانی هەڵسەنگاندنی کۆنکرێت دەکرێت.
چەمکەکان: رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن
هێنانەوەی رەواییدان لە توێژینەوەی خۆسەرییدا
چەمکی رەواییدان ووردە ووردە لە توێژینەوەکانی ئەم دواییانەدا سڕایەوە. هەر بەو جۆرەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، رەواییدان لە رۆژەڤی توێژینەوەی کلاسیکدا بوو بەڵام بە نەمانی پارادایمی توتالیتاریزم ئیتر رۆڵی سەرەکی نەما. رەخنەگرانی هاوچەرخ لە سێ رەهەندەوە پرسی رەواییدانیان نرخاندووە: نۆرماتیڤ، نێوەرۆکی و مێتۆدی. لە باری نۆرماتیڤەوە پێیان وایە « خۆسەریی رەوا» دیاردەیەکی ناتەبا و دژبەیەکە. لەباری نێوەرۆکییەوە پێیان وایە کە رەواییدان لە راستیدا گرینگ نییە بۆ سەقامگرتنی رێژیمە خۆسەرەکان، چوونکە پێویستیان بە پشتگریی گەل نییە [28]. دواجار و لە روانگەیەکی پراگماتیکترەوە، پێیان وایە کێشە مێتۆدییەکانی هەڵسەنگەندنی رەواییدان لە رێژیمە خۆسەرەکاندا هەتا ئێستاش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
ئەوەی باس کرا هۆکارە باشەکان بوون، بەڵام کاتێ چاوپۆشی لە رەواییدان دەکەین، لە راستیدا چاوپۆشی لە فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگ دەکەین. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانە، من فاکتەری رەواییدان بۆ شرۆڤەکردنی هۆکاری سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکان لەبەرچاو دەگرمەوە. وێڕای رەچاوکردنی ئەو رەخنانەی کە لە سەرەوەدا هاتنە بەر باس، رەواییدان لێرەدا وەک پرۆسەی بەدەستهێنانی پشتیوانیی پێناسە دەکرێت کە پشت بە نەریتی ئەزموونیی «ماکس وێبەر» دەبەستێت، واتە «باوەری رەوایی»[29]. کەوایە بێ بەرییە لە تێبینییە نۆرمییەکان و کێشەی رەخنەی ئۆکسیمۆرۆن یا دژبەیەکیشمان نابێت. ئامانجی سەرەکی و هەروەها هەوڵەکانی وێبەر ئەوە بوو کە دەسەڵاتی سیاسی لە جێی «حەق» دانەنێت و دەسەڵات وەها پۆلبەندی بکرێت کە دوور بێت لە داوەریکردنی نۆرمی. رەواییدان لەم گۆشەنیگایەوە بە دوای گەرەنتییەکدا دەگەڕێت بۆ رەزامەندی چالاکانە، پابەندبوون بە یاسا، ملدانی پاسیڤ یا تۆلێرانس لە نێو هاوڵاتیاندا.
رەخنەی نێوەرۆکیی، بە گوومانە لەوەی کە پاراستنی سەقامگیریی پێوەندی بە رەواییدانەوە هەبێت. بەڵام قسە بە ناوبانگەکەی رۆسۆ دەتوانێ سەبارەت بە خۆسەریش راست بێت کە دەیگووت: تەنانەت زلهێزەکانیش بۆ چەسپاندنی دەسەڵات پێویستییان بە رەواییدان هەیە، چوونکە قەت هێندە بەهێز نابن کە بۆ هەمیشە باندەست بن. من بە راشکاوی لەم گریمانەوە دەست پێدەکەم کە دەبێ لە پشت هەر بڕیارێکی سیاسی «بیرۆکەی رەواییدان» هەبێت [30]. خۆسەرەکانی سەردەم ناتوانن (لانیکەم لە درێژ ماوەدا) پێشێڵکارانە، ملهووڕانە و بە هۆی سیستەمێکی سیاسی هیرارشی و فۆرمێکی هەرەمییەوە تاسەر بەردەوام بن، وەک چۆن ئیستەبدادی کۆنیش کە رەچاوی هیچ شتێکیان نەدەکرد و –هێز تاکە سەرچاوەیان بوو– بۆیان نەلوا و لە دەسەڵات کەوتن. پێناچێت بیرۆکەی کۆنی «ویتنفۆگڵ» لەمەڕ «ئیستەبدادی رۆژهەڵاتی» بۆ رێژیمە خۆسەرەکانی ئەم سەردەمەش گوونجاو بێت کە تێدیدا نوخبەکان لە رێگای کۆنترۆڵی ئاوەوە و لە «کۆمەڵگایەکی هایدرۆلیکی» بێ سنووردا حوکمیان دەکرد[31]. بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتی ئەوان بە پێی تەعامۆلی هەمبەر لە نێوان دەسەڵاتدار و ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان لەسەر دەچەسپێنن، پێناسە دەکرێت.
یەکێک لە کەمایەسییەکان بۆ سەلماندنی گرنگبوونی رەواییدان ئەوەیە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر پشت بە بەڵگەی گێرانەوەیی دەبەستێت. هەڵبەت پێویستیمان بە بنەمای تیۆریی پتەوتر هەیە، بەڵام بۆ گەیاندنی مەبەست لەوانەیە هەر ئەوەندە دەست بدات کە لێرەدا ئاماژە بە مەنتقیی بنەرەتیی نموونە ئەزموونیی و جیاوازەکان بکەین. بۆ نموونە، راگرتنی رێژیم لە سەردەمی کۆماری دێمۆکراتیکی پێشووی ئاڵمان بە پێی ئاوێتەیەک لە باوەڕی رەوایی کاریزماتیک و رەواییدانی عەقڵانی شرۆڤە کراوە. سەرەڕای گشت هەوڵەکانی بەرهەڤکردنی دەسەڵات، کەچی چینی مامناوەندی و ناسیاسی رۆژهەڵاتی ئاڵمان کە پێگەیان لە بنەماڵە و شوێنی کاردا بەهێز بوو، گاڵتەیان بە رەواییدانی ئاراستەکراو دەهات و لەبەرامبەردا چاوێکیان هەر لە «سیاسەتی باڵا»ی رێژیم بوو. کاتێ لە لە ساڵانی ١٩٧٠ جەخت لە رێژیم کرا کە واز لە بەڵێنە خەیاڵییەکانی بێنێت و زیاتر کار لە سەر پێوەرەکانی جێبەجێکردن بکات، رێژیم شکستی هێنا. خاڵی لاوازی کۆماری دێمۆکراتیکی ئاڵمان، بێزاری و تێگەیشتنی هاوڵاتیان بوو لەسەر بەڵێنە بێبنەماکانی رێژیم، چوونکە هەستیان بە مەودایەکی زۆر لە نێوان بانگەشە فەرمییەکانی ئایدیالۆژی و ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیانە دەکرد کە دواجار هەرەسی بە حکوومەت هێنا[32]. هاوکات دەتوانین ئاماژە بە نموونەیەکی هاوشێوە بکەین کە بە «بەهاری عەرەبی» ناوی دەرکرد. لەمێژ بوو باس لەوە دەکرا کە دەوڵەتە دەسەڵاتخواز و پۆپۆلیستەکان بەپێی «گرێبەستی کۆمەڵایەتی» دەسەڵات بەرێوە دەبەن: واتە ماملەیەکی جووتلایەنی لە نێوان دەسەڵات و گەڵدا کە دڵنیایی سیاسی لەبەرانبەر دابینکردنی ئابوورییەکی رێژەیی مسۆگەر دەکرد[33]. خەڵکی تونس و میسر بە هۆی بێزاری و بێ هیوایی، لەو «گرێبەستە کۆمەڵایەتییە» پاشگەز بوونەوە و بەدژی دەسەڵاتداران راپەرین. سەبارەت بە میکزیک دەزانین کە، بە پێی توێژینەوەکەی «ماگالۆنی»، لە سەردەمی گەشەی ئابووریدا حیزبی پاوانخوازی «پارتی شۆرشگێری دامەزراوەیی» پشتگیریی گشتیی بەدەست هێنا و بۆ دەیان ساڵ مێکزیکییەکان «دەنگیان بە خۆسەریی دەدایەوە»؛ دواتر وەچەی نوێ، واتە ئەو لاوانەی کە لە سەردەمی سەقامگیریی ئابووریدا نەژیا بوون، لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆتاییان بە دەسەڵاتی پارتی شۆرشگێڕی دامەزراوەیی هێنا[34]. دەبڵا کەیسەکەی کۆماری گەلی چین لەبەرچاو بگرین کە بە دوای خۆپیشاندانەکانی مەیدانی «تیانانمین» لە ساڵی ١٩٨٩، حیزبی کۆمۆنیست بە ئاوێتەکردنی کارامەیی ئابووری، نەتەوەپەرەستی و ئایدیالۆژیا، توانی (دیسان) رەوایی بە دەسەڵاتەکەی بداتەوە و تێشیدا زۆر سەرکەوتوو بوو[35]. هەڵبەت ئەو نموونە ئەزمونیانە بەڵگەیەکی سیستەماتیک نادەن بەدەستەوە؛ دەبێ چاوەرێی توێژینەوەی بەراوەردکارانە (کۆمپێراتیڤ) و بەرفراوانتر بکەین لەمەڕ کارایی رواییدان لە رێژیمە خۆسەرەکاندا. بەڵام ئەو نموونانە دەرخەری ئەو راستییەن کە تەنانەت رێژیمە خۆسەرەکانیش گرنگی بە بنیاتنانی بنەمایەکی پتەو دەدەن بۆ رەواییدان.
ئەو نموونانە ئەوەشمان پێدەڵێن کە رێژیمە خۆسەرەکان زۆر لەوە زیاتر مشوور لە کارامەیی دەخۆن کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە. ماوەیەکی زۆر چەمکی رەواییدان لەگەڵ «ئایدیاکراسیەکانی» وەک کوبا یا کۆریای باکوور و هەروەها رێژیمە «تێۆکراسییەکانی» وەک ئێران هاو واتا بوو[36]. چوونکە مەبەستی سەرەکی ئەو رێژیمانەش ئەوە بوو کە لە رێگای تەڵقینی بەربڵاوەوە هاوڵاتیان بکەن بە «باوەردارانی راستەقینە». کەچی دەرکەوت کە میکانیزمی تەڵقینیش سنوورێکی هەیە و رێژیمە خۆسەرەکان ناتوانن تاسەر ئایدیالۆژییە خەیاڵییەکانیان بپارێزن و بۆ هەمیشە بەر بە کارتێکەریی سەرچاوە دەرەکییەکانی زانیاری بگرن. تەنانەت کۆریای باکوور، کە لە دنیا دابڕاوە، گرفتی هەیە بۆ قۆرخکردنی زانیاری و لە ئەنجامدا پەنای بۆ تەما ناووکییەکانی بردووە بۆ ئەوەی رەوایی دەسەڵاتەکەی ببووژێنێتەوە[37]. وەک نموونەکەی کۆماری دێمۆکراتیکی ئاڵمان، ئایدیاکراسییەکان درەنگ یا زوو دەگەنە قۆناغێک کە دەبێ بەکردەوە بەڵێنەکانیان بسەلمێنن. ئایدیالۆژی دەتوانێ وەک ئەسپەکەی ترۆوا نوخبەکانی خۆسەریی تووشی هەڵەی بنەمایی بکات[38]. کەوایە، دەبێ هەنگاوێک زیاتر لە تەوژمی تەڵقینیی ئایدیالۆژیا هەڵێنینەوە و لە خوێندنەوەکانمندا رەچاوی کارامەیی و دەرکەوتەی رەواییدان وەک سەرچاوەیەکی جیاواز بکەین[39]. بۆ روونکردنەوەی چەمکی رەواییدان لە باسەکەمدا، سوود لە جیاکارییە کۆن بەڵام گونجاوەکەی «ئیستۆن» وەردەگرم لەنێوان «پشتگیریی بەربڵاو» و «پشتگیریی دیاریکراو»دا.
دەشێ «پشتگیریی دیاریکراو» وەک «دانوستان» پێناسە بکەین بۆ وەدیهێنانی داواکارییەکان[40] و بە تایبەتی ئەم چەمکە دەتوانێت رەهەندی کارامەییش لە خۆ بگرێت. وەک چۆن لە شەپۆلی دووهەمی توێژینەوەی دەسەڵاتخوازیدا پێداگری لەسەر کراوە، خۆسەرەکانیش دەبێ رەچاوی داواکارییە جەماوەرییەکان بکەن، واتە گەشەپێدانی ئابووری-کۆمەڵایەتی و هەروەها تەناهی هاوڵاتیان. بێجگە لە هەلومەرجی ئابووری، پشتگیریی دیاریکراو دەتوانێت ئاماژەیەکیش بێت بۆ لێهاتوویی دەوڵەت لەمەڕ پاراستنی یەکریزیی ناوخۆیی و تەناهی کۆمەڵایەتی. بەڵام «پشتگیریی بەربڵاو» ئاماژە بەو ئەجندایە دەکات کە رێژیمی سیاسی «خۆی پێ پێناسە یا نوێنەرایەتی دەکات[41]». بە پێچەوانەی پشتگیریی دیاریکراو، ئەمەیان گشتگیرتر و درێژماوەتەوەرە. پشتگیریی بەربڵاو بەم نێوەرۆکەوە، دەتوانێت هەم لە لایەن ئایدیالۆژییە سیاسییەکان کە تەوەری سەرەکی بوون لە توێژینەوە کلاسیکەکانی توتالیتاریدا جێبەجێ بکرێت، هەم لە بانگەشەی دینی، نەریتی، نەتەوەپەرستی و کاریگەریی کاریزماتیکی رێبەرانی خۆسەر بێتە دی، هەروەها هەرەشەی دەرەکیش دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ پشتگیریی بەربلاو چوونکە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی گەل لە دەوری یەک ئاڵا [42].
هێشتا بەرگژێکی دیکە ماوە کە ناکرێت چاوپۆشی لێ بکەین. تەنانەت ئەگەر سەلماندمان کە بەڵگەی باشمان هەیە بۆ هێنانەوەی رەهەندی رەواییدان لە خوێندنەوەی خۆسەریدا، ئەی چۆن بیپێوین؟ سەبارەت بە پشتگیریی دیاریکراو دەتوانین وای دانێین کە: پشتگیریی دیاریکراو بە پێی هێنانەدی ئەو بەڵێنانە هەڵدەسەنگێندرێت کە لە ئەجندای سیاسی رێژیمدا باسی لێکراوە. تا چەند دەسەڵات توانیویەتی لە پلانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها نەزمی گشتیدا سەرکەوتوو بێت، بەو رادەیە رەوایی داوە بە دەسەڵاتەکەی. کەوایە دەسەڵات لە جێبەجێکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بووە و ئیندیکاتۆری پێویست بۆ پیشاندانی کارایی لە ئارادا هەیە، هەروەها دەکرێت ئەم ئیندیکاتۆرە لەگەڵ ئیندیکاتۆرە تایبەتەکانی دیکە سەر یەک بخرێتەوە و تێکڕا رەوایی رێژیمەکان بسەلمێنن[43].
لەم پێوەندییەدا ئیندیکاتۆرە جیاوازەکانی گەشەپێدانی بانکی جیهانیی وەک: نرخی گەشەی بەرهەمە نێوخۆییەکان (GDP)، نرخی هەڵاوسان، گەشەی سەرانەی بەکارهێنانی ووزە، هەروەها سەرانەی کەرەسەی هاتوچۆ یا سەرانەی تەلەفۆن و تەلەڤیزیۆن، بەشێکن لەو ئیندێکسانەی کە دەتوانین کارامەیی ئابووری رێژیمی پێ هەڵسەنگێنین. هەڵکشان یا داکشانی تێچووە کۆمەڵایەتی، تەندرووستی و پەروەردەییەکان، ئیندێکسی جینی (GINI) بۆ پیشاندانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، سەرانەی خوێندنی منداڵان و رێژەی خوێندەواری، سەرانەی پزیشکیەکان یا تێکڕای ئیندێکسەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)، کۆمەڵێک ئیندیکاتۆری باشن بۆ پێوانەکردنی پشتگیری دیاریکراو[44]. هەروەها بۆ پێوانەکردنی لێهاتوویی رێژیم لەمەڕ پاراستنی تەناهی ناوخۆ و نەزمی گشتی، دەکرێت سوود لە کۆمەڵێک ئیندیکاتۆری دیکە وەربگرین بۆ هەڵسەنگاندن؛ بۆ نموونە رێژەی ئاژاوە، مانگرتن، شەری پارتیزانی یا رێژەی تاوان لە وڵاتدا [45].
بێ گومان رەوایی بەربڵاو وەک گوێزی ئازا وایە کە بە زەحمەت دەشکێت[46]. رەواییدان لە وڵاتانی دێمۆکراتیک، بە پێی داتای ڕاپرسی سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵک پێوانەی بۆ دەکرێت. لە رێژیمە خۆسەرەکان، لەم چەشنە داتایە یا نین یا ئەگەر هەبن بۆ متمانە نابن، چوونکە ئەگەری دەستێوەردان لە داتاکاندا بەهێزە. کەوایە چۆن دەتوانین سەرکەوتووبوونی ئایدیالۆژییەک هەڵسەنگێنین؟ سێ رێکار هەیە بۆ نزیکبوونەوە لە رێژەی پشتگیریی بەربڵاو. یەکەم، دەتوانین رێژە و تەوژمی راپەرینە جەماوەرییەکان وەک پرۆکسی-ئیندیکاتۆرێک لەبەر چاو بگرین بۆ پیشاندانی ئاستی بێزاریی لە کۆمەڵگادا. روانگە و هەڵوێستی خەڵک لێرەدا مەبەست نییە، بەڵکە بەم رێکارە زیاتر چاوەدێریی هەڵسوکەوتە ئەزموونییەکان دەکرێت[47]. هەتا رێژەی بێزاریی زیاتر بێت، بەو رادەیە رەوایی رێژیمەکان کەمترە. بەڵام لێرەدا دوو کێشە سەر هەڵدەدا: لە لایەکەوە، داتای بێزاریی تەنیا قەیرانی رەواییدان هەڵدەسەنگێنێت، کەوایە «یەکلایەنانەیە»؛ لە لایەکی دیکەوە، خۆپیشاندانی جەماوەری بە پێی توانای دانیشتوان و لاوازبوونی دەزگای سەرکوت رێکدەخرێت، کەوایە پێویستە تەوژمی سەرکوتکردن روو لە داکشان بکات. رێکاری دووهەم بۆ خەمڵاندنی پێوەری رەواییدان، دەکرێت لە رێگای هەڵسەنگاندنی کوالیتی شارەزایان و پسپۆرانی وڵات یا هەڵسەنگاندنی سەرچاوە لاوەکییەکانەوە بێت، بە مەرجێک هەر دووک لا ئەرکیان پێ ئەسپێردە کرابێت. سێهەم، بانگەشە فەرمییەکانی رەواییدان کە لە لایەن نوخبەی باندەستەوە دێنە گۆڕێ، دەکرێت بە هەند وەربگیرێن و لە رێگای تەکنیکی شیکاریکردنی نێوەرۆکەەوە پۆلبەندی بکەرێن. با وای دانێین کە لە بانگەشەی نوخبەی دەسەڵاتداردا ئاماژە بە جێبەجێکردنی بەڵێنە ئادیالۆژیکەکان کراوە، لەوەها دۆخێکدا دەرکەوتنی کەلێن لەنێوان بەڵێن و واقیعە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت رەوایی نوخبە خۆسەرەکان تووشی مەترسی بکات.
سەرکوتکردن وەک بڕبڕەی پشتی خۆسەرییەکان
بێگوومان سەرکوتکردن بربرەی پشتی خۆسەرییەکانە و تەنانەت هێندێک جار وەک تایبەتمەندییەکی دیاریکەر بۆ خۆسەریی پێناسە کراوە. سەرەرای ئەوەش سەرکوتکردن ناتوانێت بە تەنیا هۆکارێک بێت بۆ درێژبوونەوەی تەمەنی خۆسەرییەکان. سەرکوتکردنی درێژماوە یەکێکە لە گرانترین رێکارەکان بۆ راگرتنی سەقامگیریی؛ قسەیەکی «تالەیراند» هەیە کە دەڵێت: “دەکرێت بە رمب هەموو کارێک بکەی، بەڵام ناتوانی لە سەری دانیشی”. بە پێی بۆچوونی «داڤنپۆرت» سەرکوت دەتوانێ وەک “دەکارکردنی حەقیقی یا هەرەشەی سزا فیزیکیەکان لە دژی کەس یا رێکخراوەیەک، لە چوارچێوەی یاسای نیشتمانی و بە مەبەستی سەپاندنی نرخی گران بۆ ئامانج و هەروەها لەبار بردنی چالاکییە دیاریکراوەکان” پێناسە بکرێت [48]. کارکردی سەرەکی سەرکوت لە راستیدا کانالیزەکردنی ئەو داواکارییە گشتییانەیە کە لەگەڵ سیستەمی سیاسی ناتەبایە و رێژیمە خۆسەرەکان دەخاتە مەترسییەوە.
بۆ کرداریکردنی چەمکەکە من سوود لە جیاکارییە بە پێزەکەی «لێڤیتسکی» و «وای» وەردەگرم لەنێوان سەرکوت بە گوژمی «بەرز» و «نزم»[49]. سەرکوت لە کارەکەی ئەواندا بە پێی کەس یا دامەزراوە دەستنیشانکراوەکان، هەروەها شێوەی توندوتیژی نواندنەکە لە یەکتر جیا دەکرێتەوە. دەشێ هەرەشە بە گوژمی بەرز وەک کردەیەکی دیار پێناسە بکەین کە کەسانی ناسراو؛ بۆ نموونە رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن یا هەژمارێکی زۆر لە ئەندامان و رێکخراوە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکاتە ئامانج. رێوشوێنە دیارەکانی وەها سەرکوتکردنێک بریتین لە سەرکوتی (توندوتیژی) خۆپیشاندانی جەماوەری، هێرش (توندوتیژی) بۆ سەر حیزبەکان و هەروەها هەوڵدان بۆ تیرۆر یا زیندانیکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن. دواتر هەرەشە بە گوژمی نزم ئەو تاقم و گروپە لاوەکیانە دەکاتە ئامانج کە کەمتر لەبەر چاون و، زۆرجار بە شێوەی نەرم سەرکوت لەسەریان تاقی دەکرێتەوە. رێوشوێنە دیارەکانی وەها سەرکوتکردنێک دەشێ بەکارهێنانی دەزگاکانی چاوەدێری (فەرمی و نافەرمی) بێت، گێچەڵ پێکردن و تۆقاندنی نەیاران بە گوژمی نزم بێت و هەروەها شێوازە نافیزیکییەکان: بۆ نموونە بێبەری کردنی نەیاران لە هەلی کار و خوێندن و پێشێلکردنی مافی سیاسی بێت، بۆ نموونە ئازادیی سازدانی کۆبوونەوە. پێوانی سەرکوتکردن ئاسانە، چوونکە داتای سەرراستمان لەبەر دەستدا هەیە. جیاکارییەکەی «خانەی ئازادی» (FH) لە نێوان «مافی سیاسی» و «ئازادییە مەدەنییەکان» تا رادەیەک ئاوێنەی باڵانوێنی جیاوازیی نێوان سەرکوتی نەرم و سەرکوتی توندە. بێگوومان، داتاسێتی مافەکانی مرۆڤی سینگرانێلی ریچارد (CIRI) گوونجاوترن، چوونکە پێکهاتەی ئیندێکسەکانی روونتر دەکاتەوە و رێگە بە دارشتنی ئیندێکسە جیاوازەکانیش دەدات. جیاکارییەکەی «CIRI» لە نێوان «ئیندێکسی هێزدارکردنی نوێ» و هەروەها «ئیندێکسی مافە فیزیکییەکان» بە هەمان شێوە جیاوازی نێوان سەرکوت بە گوژمی نزم و بە گوژمی بەرزمان بۆ دەردەخات. سێهەمین بنکەی زانیاری کە دەتوانین لەبەرچاوی بگرین، پرۆژەی پێوەری تیرۆری سیاسییە (PTS- Political Terror Scale). لێڤیتسکی و وای نرخناندنەکەی خۆیان لەمەڕ سەرکوتکردن بە گوژمی «بەرز» و «نزم»، بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی و راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ویڵایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا لە سەر مافی مرۆڤ، ئامادە کردووە[50].
کۆڵەکەی سێهەم: هاوبژاردن
پێناسەی من بۆ «هاوبژاردن»، ئەو دەرفەت و تواناییانە دەگرێتەوە کە لەودا ئەکتەرە ستراتیژیست و پەیوەندیدارەکان (یا تاقمێک لە ئەکتەرەکان) بە نوخبەی رێژیم دەبەستێتەوە. یەکێک لە مەرجەکانی هاوبژاردن بەلای «بیونۆ دی مێسکیتا» ئەوەیە کە ئەندامانی «هەڵبژێردراو» دەبێ سەر بە «ئێئتلافی بردنەوە» بن[51]. هاوبژاردن بۆیە پێویستە لە ئارادا بێت بەڵکوو ئەکتەر “بگاتە ئەو قەناعەتە کە هێز و سەرمایەی خۆی وەک ئاستەنگ دەکار نەکات” بەڵکە بە ئاراستەی داوا و بەرژەوەندییەکانی نوخبەی دەسەڵاتداردا بیخاتە گڕ[52]. «گمەزانەکان» لەم «گمە لاوەکییەی خۆسەریدا» دەبێ لە ئاستی دەروون-نوخبەکاندا بن. کەوایە نوخبەی میلیتاری و بازرگانی کە لەباری ستراتیژییەوە گرنگن بۆ رێژیم، پێویستیان بە هاوبژێرکردنی یەکتر هەیە[53]. کارکردی هاوبژاردن لەم گۆشەنیگایەوە دەشێ وەک لەخۆگرتن پێناسە بکرێت. هاوبژاردن وەک کەمەربەندی گواستنەوە وایە کە هەم یەکریزی دەروون-نوخبە و هەم لێهاتوویی رێبەریکردنی نوخبە سیاسییەکان مسۆگەر دەکات. لێهاتوویی نوخبەی سیاسی بۆ راگرتنی هاوسەنگیی لە نێوان ئەکتەرە ملکەچ و رکابەرەکاندا زۆر گرنگە بۆ سەقامگرتنی خۆسەریی، واتە گرێدانی گشت ئەکتەرە پێوەندیدارەکان بە رێژیمەوە، وەها کە رێگە نەدات یەکیان زۆر بەهێزتر بێت لەوانی دیکە.
هەروەک لە سەرەوەدا ئاماژەی پێدرا، لە بابەتە بە پێزەکەی گاندی و پرزۆرسکیدا باس لەوە کراوە کە هاوبژاردن لە رێگای کاناڵە فەرمییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت[54]. دامەزراوە سەرەکییەکانی دێمۆکراسی، وەک پارلیمان، حیزب یا هەڵبژاردن، رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ هاوبژێرکردنی نوخبە ستراتژییەکان کە لە نێو ریزەکانی سووپا و کەرتی بازرگانیدا چالاکن. سەرەڕای کاناڵە فەرمییەکان، رێگای نافەرمیش لە ئارادا هەیە بۆ گرێدانی ئەکتەرەکان بە رێژیمەوە. لەم پێوەندییەدا دەکرێت ئاماژە بە پاتریمۆنیالیزمی (نوێ) بکەین کە بەربڵاوترین شێوەی دەسەڵاتی خۆسەریی بوو لە ساڵانی١٩٧٠دا [55]. ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرجار نوخبەکانی خۆسەریی لە رێگای تۆرە داخراوەکان و لە لایەن پێوەندییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی بە بنباڵەکانی رێژیمەوە، دەسەڵات دەکەن. پاڵپشتی، مشتەریخوازی و گەندەڵی لەو ئامێرانەن کە لەم پێوەندییەدا زۆر دەکار دەکرێن[56].
بۆ گەیشتن بە پێوانەیەکی کۆنکرێت دیسان تووشی هێندێک بەرگژ دەبینەوە، چوونکە هێج ئیندیکاتۆرێک شک نابەین بۆ هەڵسەنگاندنی هاوبژاردن. گاندی و پرژورسکی «پلەی دامەزراوەیی» دەستنیشان دەکەن بۆ پێوانەکردن. بیرۆکەی پشت ئەم بابەتە سەرنجراکێشە، ئەوان لەم گریمانەیەوە دەرواننە بابەتەکە کە رێژیمە خۆسەرەکان دەبێ بەپێی ئاستی ئەو هەرەشانە بەرسەڤیان هەبێت کە روویان تێدەکات. کەوایە رەچەڵەکی سەرکردەکان (میلیتارن یا مەدەنی)، رێژەی گۆڕانکارییەکانی سەرکردایەتی، حیزبی بنەماڵەیی، رێژەی لە سەتای دێمۆکراسی بە بەراورد لەگەڵ نموونەکانی دیکە لە جیهاندا و هەروەها خەڵاتکردنی سەرچاوە کانزاییەکان وەک پرۆکسی-ئیندیکاتۆرێک رەچاودەکەن بۆ نواندنی دامەزراوەییبوون. سەرەرای ئەمە بە مەبەستی پیشاندانی کارایی کەم تا زۆری دامەزراوەیی لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرەکان، رێژەی حیزبە پێشبینی کراوەکان لەگەڵ هەژمارە راستەقینەکان بەراورد دەکەن (واتە: هیچ حیزبێک، تاکە حیزب، یا زیاتر لە یەک حیزب لە یاساداناندا)[57].
بۆ ئەوەی بۆچوونەکەی گاندی و پرژیۆرسکی باشتر روون بێتەوە، لەوانەیە بتوانین گشتگیربوونی حیزبەکان بە پێی ماوەی سەرۆکایەتی رێبەرەکانیان، فراکسیۆنەکانی دەوڵەت و رێژەی گۆرانکاریی لە کابینەی حکوومەتدا هەڵسەنگێنین. کاتێ نۆرەوە دەگاتە هەڵسەنگاندنی بەسراوەیی سووپا و رێژیمی دەسەڵاتدار، تێچووەکانی سووپا، قەبارەی سووپا و رێژەی میلیتارەکان لە کابینەکانی حکوومەتدا، رەنگە ئاماژەیەکی باش بن بە چڕبوونی هەوڵەکانی هاوبژاردن[58].
بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی هاوشێوە و لە رێگای مێتۆدە نافەرمییەکانەوە، دەشێ «لایەن-داواکار»ی هاوبژاردن بە پێی فرەچەشنی زمانی، ئەتنیکی، دینی و کولتووری دیاریی بکەین کە «ئالێسینا» و هاوکارەکانی و هەروەها «فیرۆن» لەبەرچاویان گرتووە[59]. یەکێکی دیکە لە سەرچاوە بەهێزەکان، داتای پێوەندیی هێزە ئەتنیکییەکانە «EPRD»[60]. هەڵبەت داواکاریی لایەنەکان تاچەند لە رێگای ئامێرە نافەرمییەکانی وەک مشتەریخوازی و تۆڕەکانی پاڵپشتییەوە جێبەجێ دەبن، هێشتا روون نییە و پێویستی بە نرخاندنێکی کوالیتیانە هەیە لە لایەن پسپۆرانی ئەو وڵاتانەوە. بە پێی زانیارییەکانی من، بە ئێستاشەوە هچ ئیندیکاتۆرێکی گونجاو شک نابەین بۆ توێژینەوەیەکی بەرفراوانتر. لە سۆنگەی گرنگبوونی ئەم مژارە، لەوانەیە کۆکردنەوەی سیستەماتیکی زانیاری لە سەر میکانیزمی هاوبژاردنی نافەرمی، زۆر بە نرخ بێت بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو[61]. فیگووری ژمارە یەک سێ کۆڵەکەی سەقامگیریی پیشان دەدات.
پرۆسەی سەقامگیری
پاش پێداچوونەوە بە سێ چەمکی: رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن کە بە بۆچوونی من هۆکارێکی گرنگ و پێوەندیدارن بۆ پرسی سەقامگیریی رێژیمە خۆسەرەکان، پێویست دەکات هەنگاوێک زیاتریش هەڵێنینەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە سەقامگیریی بە شێوەیەکی ئاسایی ئاماژە بە دۆخی ئارایی دەکات، بەڵام سەقامگرتن پرۆسەیە. کاتێ دەڵێین رێژیمە خۆسەرەکان لەسەر سێ کۆڵەکە راوەستاون، دەبێ وڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە کە ئەو کۆڵەکانە چۆن دادەمەزرێن؟ باسمان لەوە کرد کە ئەو کۆڵەکانە لە گەڵ دامەزرانی رێژیم چێ نابن، بەڵکە بە تێپەربوونی کات دادەمەزرێن. وەک چۆن لە خشتەی ژمارە ٢دا وێنا کراوە، پێشینیار دەکەم کە بۆ شرۆڤەکردنی پرۆسەی سەقامگرتن سەرنج بە سێ پرۆسە بدەین کە لە نێو و لەنێوان کۆڵەکانەدا دێنە ئاراوە:
(١) پرۆسەکانی هەندەر-بەهێزکەر کە پشتگیری دەرەکی و سەرچاوە مادییەکانی رێژیم پاڵنەریەتی، بەڵام لە نێو کۆڵەکەکاندا جێبەجێ دەکرێن.
(٢) پرۆسەی خۆ-بەهێزکەر لە نێو کۆڵەکەدا، کە دەبێتە هۆی بەستراوەیی بە رەوتەکەوە؛ و
(٣) پرۆسەی هاو-بەهێزکەر و دەرکەوتەی سوودەکانی تەواوکاریی لەنێوان کۆڵەکەکاندا.
لە بەشی دواتردا، بۆچوونەکانی خۆم لەمەڕ ئەو پرۆسانە تیۆریتیزە دەکەم، هەر بابەتێکی پێوەندیدار کە پێویست بێت لە چوارچێوەی تیۆرییدا شی بکرێتەوە، بە راشکاوی باسی دەکەم و هەروەها بە مەبەستی دەرخستنی وێنەیەکی روون، سوود لە بابەتی ئەزموونی وەردەگرم.
بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆسەریی لەنێو کۆڵەکەکاندا
بۆ تیۆریزەکردنی تایبەتمەندییەکانی رەهەند-زەمەنی لە پرۆسەی ناو کۆڵەکەکاندا، سوود لە سەرچاوە پڕنرخەکانی تیۆریی نیۆ-ئینستیتوشناڵ وەردەگرم [62]. بە مەبەستی دەرخستنی کارایی ئەم تیۆرییە لەسەر سەقامگیریی، باس لەوە دەکەم کە ئەو سێ کۆڵەکانە دەبێ بە تێپەر بوونی کاتدامەزراوەیی بکرێن[63]. بەرکەوتەی فرەتەعامولی کە لە «مەیدانی» رواییدان، سەرکوت و هاوبژاردندا دەبێ روو بدات، ناشێ کاتی و بە پێی هەلومەرج بێت، بەڵکە پێویستە بەردەوام لە تەعامولدا بن و لە دامەزراوە سەقامگیرەکاندا پتر پەرە بستێنێت. بە واتایەکی دی، تێگەیشتنی ئێمە بۆ دامەزراوەییکردن لێرەدا وەک مۆدێلێکی رەفتارییە. ئەم مۆدێلانە “رێوشوێنی پابەندبوون و هەروەها کۆمەڵێک کردەی ستانداردن کە هەڵسوکەوت و پەیوەندی نێوان تاکەکان دیاریی دەکەن” [64]. مانای رەواییدانی دامەزراوەیی ئەوەیە کە هاوڵاتیان نۆرمەکانی رەواییدان لە هەست و بۆچوونیاندا ناخێنە کردووە؛ سەرکوتی دامەزراوەیی واتە بە شێوەیەکی پێکهاتەیی رێگریی لە راپەرینی ئەکتەرەکان و ئۆپۆزیسیۆن دەکرێت؛ هەروەها هاوبژاردنی دامەزراوەیی ئاماژە بە ماملەی نێوان نوخبە سیاسییەکان لە لایەک و بازرگان و نوخبە میلیتارەکان لە لایەکی دیکە دەکات، کە لەودا قازانجی هاوکارییکردن لە تێچووەکانی زیاتر دەنرخێندرێت. بەڵام پرۆسەی دامەزراوەییکردن چۆن دەچێتە پێش؟
لە وڵامی ئەم پرسیارەدا، هەوڵدەدەم دوو پرۆسەی جیاواز لە نێو کۆڵەکەکاندا شی بکەمەوە. یەکەمیان مژارێکی بەربڵاوتر و «ئاساییە» بۆ دامەزراوەییکردنی هەندەر-بەهێزکەر. دووهەمیان لەباری تیۆرییەوە زۆر سەرنجراکێشە، بەڵام لە باری ئەزموونییەوە دەگمەنە: واتە پرۆسەی دامەزراوەییکردنی خۆ-بەهێزکەر کە لە حاڵەتی «دەسکەوتی زێدەکراو»دا خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم جیاکارییە بە مەبەستی روونکردنەوەی شیکاریانە دیاری کراوە، دەنا ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە گۆڕان بەسەر مەنتقەکانیدا بێت و هێندێ جاریش وەک هاوتریب دەرکەون.
باوترین و بەرچاوترین فۆرمی دامەزراوەییکردن ئەو پرۆسەیەیە کە لە توانایدا نییە سەربەخۆ بێت، بەڵکە پێویستیی بە پاڵنەرێکی دەرەکی هەیە- لێرەدا مەبەست دەرەوەی کۆڵەکەکانە. رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن هیچ میکانیزمێکی خۆ-بەهێزکەرانەیان نییە، بەڵکە پێویستییان بە پاڵنەری دەرەکی هەیە و هەر بەم هۆیە لاوازن، کەوایە هێز و سەرچاوە ماددییەکان سنووری پرۆسەی دامەزراوەییکردن دیاری دەکەن. ئەگەر نوخبەکانی رێژیمی سیاسی بە هۆی گرفتی بودجە یا دابەزینی سەرچاوەکانی هێز نەتوانن چیتر پرۆسەی رەواییدان لە نێو جەماوەردا بەهێز بکەن و هەر پشت بە کارکردی دەزگای سەرکوت ببەستن، یا خێر و بێری ماڵی و ئابوورییەکانی وەها لە کزی بدات کە نەتوانن ئەکتەرە ستراتیژیستەکان رازی بکەن، پرۆسەی دامەزراوەییکردن لە نێو کۆڵەکەکاندا پەکی دەکەوێت. بۆ بەکارهێنانی مێتافور، دەکرێت بڵێین: دامەزراوەکان وەک مەزرەق وایە کە پێویستە رێژیمی دەسەڵاتدار بە بەردەوامی مەزرەقەکان (دامەزراوەکان) هەڵسوورێنێت، ئەگەر دەست راگرێت مەزرەقەکان بە لادا دەکەون و کۆتایی بە پرۆسەی دامەزراوەییکردن دێت [65].
دووهەمین فۆرمی پرۆسەی دامەزراوەییکردن بە پێی رەوت-بەسراوەییەوە شرۆڤە دەکرێت. کاتێ یەکێک لە دامەزراوەکان کەوتە سەر رەوتی خۆی، لادان لەو رەوتە ئاستەم دەبێت کە هۆکاری بەهێزکردنیەتی. ماهوونی میکانیزمی جیاوازی پێشینیار کردووە بۆ پرسی خۆ-بەهێزکردن: میکانیزمێکی رەواییدان کە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە “چوونکە لە باری ئەخلاقییەوە لای ئەکتەرەکان رەوا یاخۆ گونجاوە”[66]؛ میکانیزمێک لەسەر بنەمای تێکدانی هاوسەنگی لە هێزدا و؛ هەروەها میکانیزمی سوودخوازانە کە بە پێی نرخاندنی قازانج و زەرەرە چاوەروانکراوەکان خۆی بەرهەم دێنێتەوە[67]. دەکرێت ئەو سێ میکانیزمە وەها کار بکات: رەواییدان دەتوانێت لە رێگای پەروەردەی هەڵوێستی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە رێژیمخۆی بەهێز بکاتەوە، سەرکوت دەتوانێت لە رێگای تێکدانی پارسەنگی هێز بە قازانجی رێژیم و بە دژی ئۆپۆزیسیۆن بەرهەم بێتەوە و هەروەها هاوبژاردن دەشێ وەک کردەیەکی ستراتژیکتر سەیر بکرێت، کە تێیدا هەم نوخبەکانی دەسەڵات و هەم ئەو نوخبانەی کە بڕیارە هاوبژێر بکرێن، قازانج و زەرەرەکانی خۆیان دەنرخێنن.
لە راستای بۆچوونەکەی ماهوونی، منیش باس لەوە دەکەم کە ئەم میکانیزمانە خۆ-بەهێزکەرن، وەها کە دەبێتە هۆی بەستراوەیی بە رەوت، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا هاورام کە بۆ گەیشتن بە شیکاریی دەسکەوتی زێدەکراو، دەبێ هەنگاوێک زیاتر لە بەڵگەهێنانەوەی «مژار-مێژوویی» هەڵێنینەوە. کەوایە تا ئەو کاتەی ئەم دیاردەیە بە شێوەی ئەزموونیی پیشان دەدرێت، من خۆم بە بەشێک لەو کەمپەینە دەزانم. بەڵام پێشینیاری من ئەوەیە کە پرسی رەوت-بەسراوەیی سنووردار بکەین بەڵکوو بزانین ئەو میکانیزمانە دەسکەوتی زێدەکەراویان لێ دەبێتەوە[68]. ئەم تێرمە لە بنەرەتدا رەگی لە زانستی ئابووریدایە، دەسکەوتی زێدەکراو لە کاتێکدا دێتە دی کە گۆرانکاری لە یەک یەکینەی لایەنی ئێکسپلان (گوزارەی راڤەکەر. وەرگێڕ) ، بە دوای گۆڕانی زیاتر لە چەند یەکینەی دیکەی دێت لە ئێکسپلاناندۆمدا (ئەو گوزارەیەی کە بڕیارە راڤە بکرێت. وەگێڕ). بە واتایەکی دیکە، کاتێک نرخی کۆتایی «بەرهەم» بە هۆی یەکینەیەکی لاوەکی بەرز دەبێتەوە، زێدەکردنی رێژەی بەرهەمهێنان قەرەبووی دەکاتەوە و نرخەکەی دادەشکێنێت و چەماوەی نرخی کۆتایی وەکوو شیو بەرەو داکشان لێژ دەبێتەوە.
ئەگەرچی رەوت-بەسراوەیی زۆرجار لە شرۆڤەکانی زانستی کۆمەڵایەتیدا هاتووە، بەڵام زۆر دەگمەنتر باس لەو شێوە دامەزراوەییکردنانە کراوە کە بە پاڵنەری دەرەکی دەبووژێنەوە. پرسیار ئەوەیە کە بە شیوەی ئەزموونیی دەبێ سەیری چی بکەین؟ چۆن دەتوانین بزانین کە پرۆسەیەک، لەبری ئەوەی پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان ببەستێت، خۆی بەهێز دەکاتەوە؟ ئەمە لە راستیدا بەرگژێک دروست دەکات، بەڵام دەسکەوتی زێدەکراو و هەروەها پرۆسەی خۆ-بەهێزکەر لە کاتێکدا دێنە دی کە رەچاوی ئەو خاڵانەی خوارەوە بکات:
(١) نرخی جێگیر یا نرخە بەرز و دەسکاری کراوەکان کە بە هۆی هەڵکشان تێکدەچن و لە ئاکامدا نرخی وەبەرهێنان بۆ پرۆژەکانی داهاتوو گرانتر دەبێت، هێندێ جاریش دەبێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایە.
(٢) کاراییەکانی فێرکاری و هەماهەنگی کە بە هۆی زانیاری زیاتر و ئەزموونەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان کاراتر دەکات، بەڵکوو تێچووەکان کەم بێتەوە و لە وەها دۆخێکدا چاوەروان دەکرێت کە دەسکەوتی زێدەکراوتر زۆرتر بێت.
(٣) ئافراندنی چاوەروانییە بەراوردییەکان کە ئاماژەیەکە بۆ کارایی پێشبینی کردن. پێشبینیی داهاتووی ئەکتەرەکان بە پێی ئەو زانیاریانە دێنە دی کە لە ئێستادا هەن. ئەکتەرەکان رەفتاری خۆیان لەسەر بنەمای وەها زانیارییەک و بە پێی کارایی خۆ-بەجێهێنان سازگار دەکەن. بۆ نموونە: ئاستی تێگەیشتن و گەشەی رۆشنبیریی ئەکتەرەکان، زەمینەی وەدیهێنانی پرۆژەی نوێ و گەشەدانی تەکنۆلۆژیای مۆدێڕن هەموار دەکات.
(٤) کارایی تۆڕەکان ئاماژە بە دەسکەوتی بەرهەمی تۆرێک دەکات کە بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ زۆربوونی هەژماری بەکارهێنەران زیاد دەکات، بۆ نموونە سوودی تەلەفۆن لە چوار بۆ پێنج بەکارهێنەر، بە پێی زیادکردنی ئیمکانی پێوەندییە تەلەفۆنییەکان، لە ١٢ بۆ ٢٠ زیاد دەکات.
رێگەم بدەن ئەم بابەتە بە چەند نموونەی ئەزموونی پیشان بدەم. بڵاوبوونەوەی «باوەرێکی رەوا» بۆ نموونە دەکرێت وەک یەک لە بەرهەمەکانی تۆرێک فام بکەین کە بە نرخی باڵای دەسپێکردن لە سەرەتادا دێتە بازار و دەبێتە هۆی دنەدانی وەبەرهێنان و لە ئەنجامدا نرخی جێگرەوەکان گرانتر دەبێت، تەنانەت هێندێ جار دەبێتە هۆی قەرەباڵغی. با نموونەی کۆریای باکوور لەبەر چاو بگرین. لە ساڵانی ١٩٥٠ و لە کاتێکدا هێشتا پلۆرالیزمێکی رێژەیی لە جیهانبینییە جیاوازەکان لە گۆرێدا بوو، ئایدیالۆژی جوچە (پشت بەخۆبەستن، ئایدیالۆژیی سیاسی کۆریای باکوورە کە تێکەڵاوێکە لە مارکسیزم، ناسیۆنالیزم و هومانیزم. وەرگێڕ)، کە لە یەکەم کۆبوونەوەی جەماوەری لە ساڵی ١٩٥٥دا راگەیاندرا، بە خێرایی داسەپا. تا ئەو کاتەی هەوڵە سەرەتاییەکانی پرۆپاگاندا لە خزمەت دیارییکردنی هێل و پەرەدانی بیری جوچە بوون، هەوڵەکە تا رادەیەک خۆ-بەهێزکەر بوو. هەجمەی پەیوەستبوونی باوەردارانی نوێ بە تۆرەکەوە، بوو بە هۆی بەربڵاوبوونی تۆرەکە وەها کە گشت وڵاتی داپۆشی. بەم چەشنە ئیمکانی پەیوەندی لەنێو ئەم تۆرە باوەرییەدا بە خێرایی پەرەی سەند و لە ئەنجامدا نرخی کۆتایی «ملدانی» جەماوەر دابەزی[69].
سەرکوتکردنیش هەروەها دەتوانێت وەک تۆڕێکی باش راڤە بکرێت کە دینامیکی پرۆسەی دامەزراوەییکردنەکەی خۆ-بەهێزکەرە. نوخبەی رێژیم وەک تەلەفۆن یا هێڵی شەمەندەفەر هەوڵدەدات بە وڵاتدا بڵاو ببێتەوە. بە پێی قسە بە ناوبانگەکەی موسیلینی کە دەیگووت رێکخستنی حیزب دەبێ وەک ووردەدەماری رژیم بێت [70]، زیادکردنی مەکتەبێکی نوێی حیزب یا بنکەیەکی دیکەی پۆلیسی ئاسایش لە وڵاتدا دەتوانێت سوودەکەی زۆر لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان زیاتر بێت بۆ رێژیم. سەبارەت بە نموونەکەی کۆریای باکوور، دەکرێت دامەزراوەییکردنی دەزگاکانی سەرکوت و چاودێریکردن لە کۆتایی ساڵانی ١٩٥٠دا، وەک پەیرەوکردنی وەها مەنتقێک لەمەڕ تۆری سەرکوت راڤە بکرێت. لە ماوەیەکی کورتدا، تۆرێکی چروپڕی کەمپی زیندان و تاراوگە و هەروەها میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی کۆمەلگا لەسەر ئاستی وڵات دامەزران کە -لانیکەم بە شێوەیەکی کاتی، بوو بە هۆی خۆ-بەهێزکردنی میکانیزمی سەرکوتکردن. سەرەرای ئەمەش، کارایی هەماهەنگی نەک هەر کاراسانی بۆ دامەزراوەیی و راگرتنی دەزگای سەرکوت لە کۆریای باکوور کرد، بەڵکە بەهێزیشی کرد. دامەزراوەگەلی وەک سیخوڕی نەهێنی، پۆلیسی نەهێنی، وەزارەتی ئاسایشی گشتی، وەزارەتی ئاسایشی حکوومی و وەزارەتی بەرگری لە ساڵانی ١٩٥٠ کاریان بۆ سازدانی هەماهەنگی دەکرد و ئەمەش بوو بە هۆی دەسکەوتی زێدەکراو[71].
کارایی فێرکاری و هەماهەنگی لە رێژیمە خۆسەرییەکاندا، رەنگە بە پێی کارایی هاوبژاردن شی بکرێتەوە. بەڵگە سەلمێندراوەکانی «هلینگ» سەبارەت بە کەیسی وڵاتی بورمە، باس لەوە دەکات کە تا ئەو کاتەی «تاتمەداو»، رێکخراوی میلیتاری، بە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٨دا دەنگیان نەهێنایەوە و «نی وین» لە دەسەڵات نەکەوت، پرۆسەی سەقامگیریی بە باشی کاری دەکرد. ئەو شێوازەی کە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا پیشینیار کراوە بۆ رێکخستن و هاوسەنگی میکانیزمەکانی هاوبژاردن، دەکرا لێرەشدا رەچاو کرابا و کار بۆ دروستکردنی رەوت- بەستراوەیی و راهێنانی رێکخراوەیی کرابا. حکوومەتی میلیتاری بوورمە بۆ راگرتنی دیسیپلین، سیستەمێکی دامەزراند بەڵکوو زانیاری و بەڵگەی پێویست لە دژی ئەفسەرانی سوپا کۆ بکاتەوە. سەرەرای ئەوەش، یاسایەکیان ئامادە کرد بە ناوی «رێزێڕڤینگ» کە خێر و بێرێکی زۆری بەو ئەفسەرانە دەگەیاند کە تاسەر وەفادار بە رێژیم دەمانەوە، بەڵام قەت هێندەی بەهێز نەدەکردن کە گرفت بۆ دەسەڵات بننێنەوە[72]. بەم چەشنە، هاوبژاردن، سەرکوت و رەواییدان نەک هەر لە ئاستێکی بەرزدا لە لایەن نۆخبەی رێژیمەوە و لە رێگای پالنەرە دەرەکی و ماڵییەکانی وەبەرهێنان دابین دەکرا، بەڵکە دامەزراوەییکردنەکە هۆکاری نێوخۆیی و پێکهاتەییشی هەبوو.
بەهێزکردنی هەمبەر و پرسی تەواکاریی لە نێوان کۆڵەکەکان
دامەزراوەکان بە دەگمەن تاک و تەرا کار دەکەن، بەڵکە بەشێکن لە گرووپێکی دامەزراوەیی. پێوەندیی نێوانیان دەشێ بە شێوەیەکی گشتی، بێلایەنانە، جێگرەوە، ناکۆک یا تەواوکار بێت. سەرنجی من لێرەدا لەسەر پرسی تەواوکاریی لەنێوان کۆڵەکەکاندا چڕ دەبێتەوە. بەڵام مەبەست لە تەواوکاری چییە؟ لەم پێوەندییەدا کاری هەرە پێشکەوتوو لەمەڕ چەمکاندن و پێناسەکردنی ئەم چەمکە لە لایەن کۆمەڵناسانی ئابووری و ئابووریزانانی سیاسی-بەراوردکارییەوە کراوە[73]. «هۆپنێر» بە کۆی ئەو توێژینەوانەدا چووەتەوە و لە چوارچێوەی کورتەباسێکی بەپێزدا ئەم دەرەنجامە دەدات بە دەستەوە: “تەواوکاریی ئاماژە بە هاوکاتی و هاوکارکردیی دامەزراوەکان دەکات کە پێکەوە یەک «گشت» پێک دەهێنن” [74]. وێرای ئەم چەمکە، من ئاماژە بە هاو-بەهێزکەریش دەکەم لەنێوان کۆڵەکەکاندا. مەبەست لە هاو-بەهێزکەر ئەوەیە کە هەبوونی یەک کۆڵەکە دەبێتە هۆی دنەدانی کۆڵەکەیەکی دیکە، کە ئەمیش بە نۆرەی خۆی ئەوی دیکە بەهێز دەکاتەوە و هتد [75]. هاوبەهێزکردن هەم دەبێتە هۆی بەسراوەیی کارکردیی و هەم جەخت لە یەکتر بەهێزکردنیش دەکاتەوە.
لە بەشی چەمکناسی ئەم وتارەدا باسم لە کارکردە جیاوازەکانی کۆڵەکەکان کرد، کوتمان کە: وەرگرتنی پشتگیرییەکی دیاریکراو و بەربڵاو لە لایەن هاوڵاتیانەوە ئەرکی رەواییدانە؛ کانالیزەکردنی داخوازییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەهەمبەر نوخبەی دەسەڵاتدار، بە شێوازی سەرکوتی نەرمتر و تووندتر مسۆگەر دەکرێت؛ و دواجار، پاراستنی یەکریزی و لێهاتوویی رێبەریکردنی نوخبەکان، لە رێگای بەکارهێنانی مێتۆدە فەرمی و نافەرمییەکانی هاوبژاردن جێبەجێ دەکرێت. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەو کارکردانە چۆن دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن و چۆن دەتوانن دووبارە بەهێز بکرێنەوە؟
پاراستنی یەکریزیی نوخبەکان ئاماژەیەکە بۆ تەواوکاریی کانالیزەکردنی داخوازییەکانی ئۆپۆزیسیۆن. هاوبژێرکردنی نوخبەی ناکۆک لە رێگای مێتۆدە فەرمی و نافەرمییەکانەوە، مەترسی سەرهەڵدانی رێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن کەم دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا سەرکووتکردن بە شێوازی نەرم و تووند، نرخی هەڵوێستەکردنی نوخبە ناکۆکەکان گران دەکات. لە وەها دۆخێکدا دەکرێت پێوەندییەکەی بەهێز لە نێوان سەرکوتکردن و شێوازەکانی هاوبژێرکردن هەست پێبکەین. لە پێوەندی بە هاوبژاردن و رەواییدانیشدا دەکرێت سازدانی وەها پێوەندییەک لەبەرچاو بگرین: هاوبژاردن، دەبێتە هۆی گرێدانی ئەکتەرەکان، واتە دەروون-نوخبەکان بە رێژیمەوە و لە ئاکامدا مەترسی سەرهەڵدانی جێگرەوەیەک (کاریزماتیک) کەم دەکاتەوە کە وەک پێشەنگی جیهانبینییەکی نوێ لە داهاتوودا دەرکەوێت. هەروەها کارامەیی و رەوایی ئایدیالۆژی، نرخی ملدانی نوخبە دادەبەزێنێت و کاراسانی بۆ هاوبژاردن دەکات.
سازدانی پێوەندیی لە نێوان شێوەکانی رەواییدان و سەرکوتکردندا بێ کێشە نییە چوونکە کارایی پشتگیریی لەوەدایە کە پێگەی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە لاواز بکات کە دەزگای سەرکوت دەبوایە بە سەرکوتکردن لە خشتەی بەرێت، بەڵام کارایی دەزگای سەرکوت لەوەدایە کە بە لێدانی سەرچاوەکانی رەواییدان، مەجاڵ بە تەڤگەری ئۆپۆزیسیۆن نەدات کە وەک ئەڵتەرناتیڤ دەرکەوێت. کەوایە پێوەندی نێوان ئەم دوو کۆڵەکانە ناتەبایە، چوونکە دەزگای سەرکووت وەک شمشێرێکی جووت دەم وایە. دەیڤێنپۆرت تیشک دەخاتە سەر«پازڵی سزا»، کە لەودا کاریگەریی سەرکوتکردن لەسەر نارەزایەتییە جەماوەرییەکان بە ئەرێنی، نەرێنی یا نە-بوونی پیشان دەدات[76]. سەرکوتکردن دەتوانێ زۆرجار ئاکامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە و کارایی رەواییدان لاواز بکات، کە دیسان کێشەیەکی دیکە بە گرفتەکان زیاد دەکاتەوە و دەبێتە هۆی لەباربردنی سەقامگیریی. هەڵبەت رێژیمێک کە لەسەر بنەمای ئایدیالۆژییەکی بەهێز دامەزرا بێت، لەوەانەیە بتوانێت رەچاوی هەر دوو شێوەی سەرکوتکردن بکات چوونکە ئادیالۆژی وەک چوارچێوەیەکی هێرمێنۆتیک وایە بۆ سەرکوتکردن و تەنانەت دەتوانێت پاساوی بەکارهێنانی سەرکوتکردنی تووندیش بکات. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، زۆرجار سەرکوتکردنی تووند کێشە بۆ سەلماندنی رەواییدانی کارامەیی رێژیمە خۆسەرەکان دەنێتەوە. فیگووری ژمارە ٢ سێکۆچکەی تەواوکاریمان پیشان دەدات.
لە باری ئەزموونیەوە چی ببینین ئەگەر ئیدیعای تیۆری هاو-بەهێزکەر و تەواوکاریی، وەراست گەڕێن؟ نرخاندنەکەی «دیگ» راستە کاتێ دەلێت رێژەی پێکهاتەی توخمە سەرکەوتووەکانی تەواکاریی سنووردارن[77]. کۆی تایبەتمەندییەکانی یەک کۆڵەکە وەک پێکهاتەیەک وایە کە «تێکڕا دەچنە پێش». ئەو تایبەتمەندیانە نابێ بە شێوەیەکی هەرەمەکی بڵاو ببنەوە، بەڵکە دەبێ تێکڕا پیشاندەری مۆدێلە سیستەماتیکەکان بن. بۆ تاقی کردنەوەی گریمانەی تەواوکاریی و بە شێوەیەکی ئەزموونی، وەها چاوەروان دەکرێت کە رێژیمەکان پۆلبەندی بکرێن.
لەم پێوەندییەدا دەکرێت گریمانەی دوو جۆرە شێوەپێدانی جێگیر پێشبینی بکەین. لە سەرەوە باس لەوە کرا کە پشتگیریی بەربلاو لە رێگای ئایدیالۆژی و سەرکوتکردنی تووند، دوو لە تایبەتمەندییە زاڵەکانی خوێندنەوەی کلاسیک بوون. لەگەڵ زیادکردنی هاوبژاردن، بە تایبەت لە رێگای پێکهاتەی حیزبییەوە، شێوەپێدانێکی جێگیر و گریمانەکراو مسۆگەر دەکەین کە زۆر لە پارادایمی توتالیتاری کۆن نزیکە و تایبەتمەندییەکانیشی بریتین لە پشتگیری بەربڵاو، سەرکوتی نەرم و تووند بە گوژمی بەرز و هەروەها هاوبژاردنی فەرمی. وەها شێوەپێدانێک دەکرێت وەک «شێوەپێدانی پڕ-سیاسیکردن» ناو ببەین. لەوانەیە لە رێگای کۆکردنەوەی رێژەیەکی زۆر لە دۆزە ئەزموونییەکان و هاوکات بە رەچاوکردنی هێندێک لە پڕنرخترین بۆچوونەکان، بتوانین بەسەر تەما تایبەتەکانی پارادایمی توتالیتاریزمدا زاڵ بین و بەم چەشنە، لە نێوەرۆکی ئایدیالتیپیکی رێژیمە تونداژۆکان تێبەگەین.
لە لایەکی دیکەوە، بە سەرنجدان بە کارەکەی لینز [78] دەکرێت رێچکەیەکی دووهەم دیاری بکەین، واتە «شێوەپێدانی کەم-سیاسیکراو». لەم شێوەپێدانەدا ئاماژە بە پلەیەکی بەرز لە ئاراستەکردنی کارامەیی کراوە، باوەری بە فۆرمێکی نەرم و نیانتر لە سەرکوت هەیە و هەروەها هاوبژاردن لە رێگای کانالە نافەرمییەکان بەشێکە لە ستراتیژی ئەم شێوەپێدانە کە بە هۆی تۆرەکانی پاڵپشتیی و مشتەریخوازی جێبەجێ دەکرێت. ئاکامی جێگیرکردنی وەها ئاوێتەبوونێک هەر ئەو دیاردەیە کە ئۆدانێل وەک «هاوڵاتیبوون بە پلەی نزم» پێناسەی دەکات [79]. رووکردی دەوڵەتی رانتی و هەروەها ئەدەبیاتی ئوتۆریتاریزمی گەشەسەندوو کە لە سەرەوە لێکدانەوەی بۆ کرا، لەم شێوەپێدانەدا بیرۆکەی «گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی» نەگوتراومان بیر دێنێتەوە کە لە نێوان دەسەڵاتداران و گەلێکی پاسیڤدا جێبەجێ دەکرێت.
لەباری ئەزموونییەوە بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم دوو شێوەپێدانە – کە بەرهەمی سوودەکانی تەواوکارییە و بۆیە دەبێتە هۆی جێگیرکردنی شێوەپێدانەکان- هەتا ئێستاش نەسەلمێندراوە و لە بەرنامەی کاری توێژینەوەدایە. بەڵام ئێمە دەتوانین دوو رێگا بۆ دیاریکردنی دەرەنجامێکی هۆکاریانە لەبەرچاو بگرین: سەرەتا، دەکرێت پشت بەو تیۆرییانە ببەستین کە دژەهۆکارن و لە ئەنجامدا خوێندنەوەیەکی بابەتیانە و قووڵتریان بۆ بکەین. دواتر پێویستە پیشانی بدەین کە ئەگەر تەواوکاریی لە ئارادا نەبێت، کەوایە «گشت وەک یەکن» و کارایی دامەزراوەکان لاوازتر و دەسکەوتیان کەمتر دەبێت [80]. دووهەم، دەتوانین بە پشت بەستن بە تیۆری نەزمبەخشی هۆکارانە، پاڵنەرێکی کارا زیادبکەین و کەڵک لە شیکاریی کۆمەڵەیی یا شیکاریی کوالیتی بەراوردکارانەی سیستەماتیک (QCA) وەربگرین. ئەگەر ئەو دوو کۆمەڵانە لە زۆربەی دۆزەکاندا ببینینەوە، رێسا لێکدراو و دیاریکراوەکە جێگیرە و پێوەندییەکی هۆکارانەمان بۆ مسۆگەر دەکات. کەوایە «پڕ-سیاسیکردن» و «شێوەپێدانی کەم-سیاسیکردن» لێرەدا وەک «دوو جیهانی خۆسەریی» دەردەکەوێت.
دەرەنجامی لێدوانەکان
کاتێ «خوان لینز» لە ساڵی ١٩٧٥دا بابەتە کلاسیکەکەی خۆی نووسی، بۆشاییەکی بەرین لەو کتێبە شەش بەرگییەدا بەدی دەکرا، هۆکارەکەش ئەوە بوو کە کەمتر پرژابووە سەر وڵاتانی نادێمۆکراتیک [81]. لەگەڵ سەرهەڵدانی رێنەسانسی خوێندنەوەی خۆسەریی لەم ماوەیەدا، پێداچوونەوەیەکی باش بەسەر ئەم بابەتەدا کرا. لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک بۆچوونی نوێ هاتوونەتە ئاراوە؛ بەڵام هێشتا خاڵی کوێر هەیە بۆ تێگەیشتن لە مەنتقی دروونیی رێژیمە خۆسەرەکان و بەم مەبەستە مشتومڕی گرنگی ئاکادێمیک هەروا بەردەوامە. ئامانجی ئەم بابەتە دیاریکردنی چوارچێوەیەکی تیۆریک بوو.
من باسم لەوە کرد کە رێژیمە خۆسەرەکان لەسەر سێ کۆڵەکە راوەستاون. بە سەرنجدان بە سێنتێز و بەڵگەکانی خوێندنەوەی کلاسیک و نوێ، رەواییدان، سەرکوت و هاوبژاردن وەک کلیل بۆ کردنەوەی ئەم بابەتە رەچاو کراوە. بۆ خوێندنەوەی خۆسەریی من گرنگی تایبەتم بە رەواییدان داوەتەوە، واتە رەهەندێکی تیۆریک کە لەم دواییانەدا کەمتر وەک دیاردەیەکی پێوەندیدار لەبەرچاو دەگیرا. بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پرۆسەی زەمەن، پێشنیاری من ئەوە بوو کە سەرنجێکی وورد بە سێ پرۆسەی: هەندەر-بووژێنەر، خۆبووژێنەر لە نێو کۆڵەکەکان و هاو-بووژێنەر لەنێوان کۆڵەکەکاندا بدرێت. مەبەستی ئەم چوارچێوە تیۆریکە ئەوەیە کە روانگەیەکی ستاتیک بدا بە دەستەوە بۆ تیشک خستنە سەر سەقامگیریی و هەروەها بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمە بنەماییەکانی بەهێزکردن، سەرنج بە سێ فاکتەری هۆکاریانە و روانگەیەکی داینامیک دراوە. لە پێناو تێفکرینی زیاتر، هیوادارم لە داهاتوودا ئەم روانگەیە سوودێک بە کاری بەراوردکارانەی دەروون بابەتی گەیاندبێت.
سپاس و پێزانین
لێرەدا پڕ بە دڵ سپاسی سێ کەس لە داوەرەکان دەکەم کە ناویان نەهاتووە و هەروەها سپاسی «پاتریک کالنێر»،«ستێفان کایلێیتس»، «جێف هاینز» و «ئاندێریاس شەدلێر»دەکەم بۆ شرۆڤە و راوێژە بە سوودەکانیان. ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی توێژینەوەدا ئامادە کراوە لە ژێر سەردێڕی: ”قۆناغە زەمەنییەکانی رەخنە و مانەوەی دیکتاتۆرییەکان” کە دەزگای توێژینەوەی ئاڵمان دابینی کردووە. لەم پێوەندییەدا سوودێکی باشم لە دیالۆگی نێوان خۆم و «والفگان مێرکێل»، «کریستۆف ستێفتس» و «داگ تانبێرگ» وەرگرتووە. رێز و پێزانینێکی تایبەتیشم هەیە بۆ «ئالێکس شوماتس».
تێبینی وەرگێڕی وتارەکە:
دەقی وتارەکە بە زمانی ئەنگلیزی لەم لینکە وەرگیراوە:
https://www.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/13510347.2013.738860
هەروەها بۆ بینینی سەرچاوەکان و بەشی کتێبنانسی وتارەکە، دەتوانن سەردانی هەمان لینک بکەن.
پەراوێزەکان:
[1] Przeworski et al., “What Makes Democracies Endure”.
[2] بۆ نموونە بروانە بۆ،
Linz, “Authoritarian Regime”; Linz, “Totalitarian and Authoritarian Regime”; O’Donnell, Bureaucratic Authoritarianism.
[3] بروانن بۆ ئەم سەرچاوانە کە لەو ماوەیەدا کاریان لەم پێوەندییەدا کردووە:
Wintrobe, Political Economy of Dictatorship; Brownlee, Authoritarianism in Age of Globalization; Gandhi and Przeworski, “Authoritarian Institutions”; Gandhi, Political Institutions under Dictatorship; Maga- loni, Voting for Autocracy; Svolik, “Power Sharing”.
[4] لەم بابەتەدا «دەسەڵاتخوازی» وەک خاڵی هەمبەری «دێمۆکراسی» باسی لێ دەکرێت. کەوایە دەسەڵاتخوازی وەک کەپرێک بۆ لەخۆگرتنی گشت جیاوازییە ماناییەکان دەکار کراوە کە بریتییە لە خوێندنەوە کلاسیکییەکەی لینز و ئەوانی تر لەمەڕ رێژیمە توتالیتار، پۆست توتالیتار و ئۆتۆکراتەکان، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە بۆ پۆلبەندی کردنی رێژیمە خۆسەر و حیزبی و میلتارییەکان کراوە. بروانن بۆ:
ullock, Auto- cracy, 1–17; Merkel, Systemtransformation, 40–54. A “regime” is defined here with Fishman as the “formal and informal organization of the center of political power, and of its relations to the broader society”, Fishman, “Rethinking State and Regime”, 428.
[5] من لێرەدا «کۆڵەکە» دەکار دەکەم. توێژەرانی دیکە رەنگە پێیان باش بێت «گۆرەپان» یا «مەیدان» دەکار بکەن یا بە پێی ئیندیکاتۆرەکان چوارچێوەی ماناییەکەی بەرتەسک تر بکەنەوە. لە بەشی دووهەمی بابەتەکەمدا، لەو شوێنەدا کە باس لە پرۆسەی سەقامگرتن دەکەم، بە شێوەیەکی گشتیتر باس لەو سێ کۆڵەکەیە وەک دامەزراوە دەکەم.
[6] هەڵبەت مێژووی رێژیمە نادێمۆکراتیکەکان بە رادەی مێژووی دیکتاتۆرییەکان کۆنە. بە هێندێ جیاوازییەوە دەکرێ ئاماژە بە ئیستەبداد، دیسپۆتیزم، رەهاگەرایی، فێۆدالیزم یا دیکتاتۆری بکەین. بۆ خوێندنەوەیەکی بنچینەیی بروانن بۆ کتێبەکەی سارتۆری:
Theory of Democracy
[7] Friedrich and Brzezinski, Totalitarian Dictatorship
[8] ئەو شەش تایبەتمەندیانە بریتین لە: ئایدیالۆژی، ماس پارتی، سیستەمی تیرۆر، پاوانی پێوەندییە گشتییەکان، پاوانی هێز، ئابووری دەوڵەتی
[9] بۆ تێگەیشتنی زیاتر بروانن بۆ
Schapiro, Totalitarianism, 20.
[10] Arendt, Origins of Totalitarianism.
[11] Maier, “Concepts for the Comparison of Dictatorships”, 205.
[12] Barber, “Conceptual Foundations”.
[13] Linz, “Authoritarian Regime”; هەروەها Linz, “Totalitarian and Authoritarian Regimes”.
[14] O’Donnell, Bureaucratic Authoritarianism.
هەروەها پێداچوونەوەیەکی بە سوود لە لایان:
Rema and Merckx : “Bureaucratic Authoritarianism Revisited”.
[15] بروانن بۆ
Collier, The New Authoritarianism.
ئەم بۆچوونە لە وتاری دیکەشدا هاتووە. بروانن بۆ
Im, “Bureaucratic Authoritarianism in South Korea”.
[16] Easton, A Systems Analysis.
[17] هەروەها بروانن بۆ کارەکانی پێرلموتەر بۆ جیاوازی دانان لە نێوان مۆدێلی حکوومەتی شەریکەیی و مۆدێلی حکوومەتی ئەیالەتی
Perlmutter, Modern Authoritarianism, 38–44.
[18] بۆ نموونە بروانن بۆ
Finer, Man on Horseback; Nordlinger, Soldiers in Politics; Eisenstadt, Tradition, Change, and Modernity; Beblawi and Luciani, The Rentier
State.
[19] Geddes, “Democratization after Twenty Years”; Merkel, “Are Dictatorships Returning”.
[20] بۆ خوێندنەوەیەکی خێرا، سەیرێکی ئەو دوو لێکۆڵینەوە ئالمانییە بکەن:
Ko ̈llner, “Autorita ̈re Regime”; Kailitz, “Autokratieforschung”.
[21] Friedrich and Brzezinski, Totalitarian Dictatorship, 47.
[22] Gandhi and Przeworski, “Authoritarian Institutions”, 1293; also see Gandhi, Political
Institution under Dictatorship.
[23] Brownlee, Authoritarianism in Age of Democratization; Magaloni, Voting for Autocracy.
[24] Schedler, “Elections without Democracy”; Schedler, “Electoral Authoritarianism”; Gandhi and Lust-Okar, “Elections under Authoritarianism”.
[25] Acemoglu and Robinson, Economic Origins of Dictatorship.
[26] Gandhi and Przeworski, “Cooperation, Cooptation and Rebellion”; Magaloni,
“Credible Power-Sharing”; Svolik, “Power Sharing”.
[27] من لێرەدا پێشینیاری مشتومڕێکی تەواوکارانەم کردووە کە بۆچی ئەو سێ کۆڵەکەکانە گرنگن بۆ سەقامگرتنی خۆسەریی، بە تایبەت کاتێ سەرنج بە پاڵنەرەکان بدەین. لە کاتێکدا کۆڵەکەی رەواییدان، هاندەری سەرەکییەکەی پشتگیریی جەماوەرییە، هەستی رەواییدان هێندێ جار ناچارییە؛ سەرکوتکردن لەسەر بنەمای ترس وەک هاندەرێک وایە بۆ ئەگەری دژایەتیکردن. هاندەری هاوبژێرکردنی نوخبەکان بە پێی نرخی قازانجگەرایانە و سوودبەخش دەچێتە پێشەوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتر بروانن بۆ:
Gerschewski et al., “Warum uberleben Diktaturen?”.
[28] روانگەی رەخنەگەرانە لەم کتێبە وەرگیراوە:
Przeworski, Democracy and the Market.
[29] Weber, Wirtschaft und Gesellschaft, 122.
[30] Kielmannsegg, “Legitimita ̈ t”, 389.
[31] Wittfogel, Oriental Despotism.
[32] بروانن بۆ:
Meuschel, Legitimation und Parteiherrschaft, 10 – 28.
[33] بۆ نموونە بروانن بۆ:
Heydemann, Authoritarianism in Syria, 30 – 54; Albrecht and
Schlumberger, “Waiting for Godot”, 376–378.
[34] Magaloni, Voting for Autocracy.
[35] Holbig and Gilley, “Legitimacy in China”.
[36] بۆ تێگەیشتن لە چەمکی «ئایدیاکراسی» بروانن بۆ:
Piekalkiewicz and Penn, Politics of Ideocracy;
on the concept of “theocracies”, please refer to, for example, Ferrero and Wintrobe,
Political Economy of Theocracy.
[37] بۆ نموونە بروانن بۆ:
Lankov, “Death of North Korean Stalinism”.
[38] لەم پێوەندییەدا سەیری ئەم کارانەی لینز و ستێفان و شرۆڤە جوانەکانیان بکەن لەمەڕ پرووکانی توتالیتاریزم لە قەوارەی پۆست توتالیتاریزمی دا:
Linz and Stepan, Democratic Transition, 42–50.
[39] بۆ کارکردی ئابووری سەیری ئەم کتێبە بکەن:
White, “Economic Performance and Communist Legitimacy”; and Scharpf, Governing in Europe for performance orientation.
[40] Easton, A Systems Analysis, 268.
[41] Easton, A Systems Analysis, 444.
[42] بۆ باس کردن لەمەڕ رەواییدان، تکایە سەیری ئەم کتێبە بکەن:
Burnell, “Autocratic Opening”; Beetham, Legitimation of Power.
[43] خاڵێکی گرینگ هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەم ئیندێکسانە: لە کاتێکا تیۆریی مۆدێرنیزاسیۆن باس لەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی ئاستی رەهای ئیندێکسە ئابووری-کۆمەڵایەتییەکان بە پێی ئەگەری دێمۆکراتیزاسیۆن هەڵدەسەنگێنێت، ئیندێکسە رێژەییەکان کە بەرزبوونەوە یا دابەزین دەپێون، لەوانەیە «پشتگری دیاریکراو» وەک باشترین ئیندێکس بێت لە حکوومەتە خۆسەرەکاندا.
[44] بروانن بۆ:
The World Bank, World Development Indicators.
[45] Banks and Wilson, Cross-National Times-Series Data Archive.
[46] کاری کایلیتس لە ئێستادا یەکێکە لە کارە باشەکان بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە کە چۆن سیستەمی تایپۆلۆژییە سیاسییەکان کار بۆ رەواییدان دەکەن. بروانن بۆ:
Kailitz, “Classification by Legitimation”.
[47] دەکرێ لێرەدا ئاماژە بە بزووتنەوە ئیعتەرازییەکان بکەین وەک گرفت. بروانن بۆ:
Chwe, “Collective Action”.
[48] Davenport, “State Repression”, 2.
[49] Levitsky and Way, “Competitive Authoritarianism”.
[50] بروانن بۆ ماڵی ئازادی: “Freedom in the World”; Cingranelli and Richards, “CIRI Human Rights Dataset”; Gibney, Cornett, and Wood, “Political Terror Scale”.
[51] Bueno de Mesquita et al., The Logic of Political Survival.
[52] Shleifer and Treisman, Without a Map, 8–9; Bertocchi and Spagat, “Politics of Co-optation”.
[53] چەمکی هاوبژاردن لێرەدا لە ئاستی نوخبەدا سنووردار دەبێتەوە. فرە هاوبژێرکردن کە بەشێکی زۆرتر لە خەڵک دەگرێتەوە، لێرەدا وەک شێوازێک لە بەرهەمهێنانی پشتگیری دیاریکراو هاتووەتە بەر باس.
[54] Gandhi and Przeworski, “Cooperation, Cooptation, and Rebellion”; Gandhi and Przeworski, “Authoritarian Institutions”.
[55] Eisenstadt, Tradition, Change, and Modernity.
[56] Stefes, Understanding Post-Soviet Transitions.
[57] Gandhi and Przeworski, “Authoritarian Institutions”.
[58] بۆ دەستراگەیشتن بەو ئیندیکاتۆرانە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن:
Banks and Wilson, Cross-National Times-Series Data Archive; Beck, Keefer, and Clarke, “Database of Political Institutions”. :
[59] Beck, Keefer, and Clarke, “Database of Political Institutions”; Banks and Wilson, Cross-National Times-Series Data Archive; Alesina et al., “Fractionalization”;
Fearon, “Ethnic and Cultural Diversity”.
[60] Wimmer, Cedermann, and Min, “Ethnic Politics”.
[61] ئەلەکساندێر شموتێس لە پێوەندی بە هەڵسەنگاندنی هاوبژاردندا کاری زیاتر و ووردتری کردووە. بروانن بۆ:
Schmotz, “Co-optation”.
[62] هەر ئێستا پێداچوونەوەیەکی باش لەمەڕ سێ فۆرمی دامەزراوەیی لە لایەن هاڵ و تایلۆر کراوە بە ناوی:
“Three New Institutionalism”
بۆ خوێندنەوەی زیاتر:
Thelen, “Historical Institutionalism”.
[63] Huntington, Political Order, 12.
[64] Hall, Governing the Economy, 19. See, for a similar definition, North, Institutions, 3.
[65] پڕ بەدڵ سپاسی کاتالین تالێن دەکەم کە ئەم تێرمەی پێ بەخشیم
[66] Mahoney, “Path Dependence”, 517.
[67] ماهوونی باس لە میکانیزمی چوارەم لە سەر بنەمای فۆنکسیۆنالیستی و تیۆری سیستەمەکان دەکا. ئەم میکانیزمە زۆرتر وەک میکانیزمێکی گشتی بۆ سەقامگرتنی سیستەمە خۆسەرەکان لەبەر چاوگیراوە و لەگەڵ رەوتی دامەزراوەیی لە هەناوی کۆڵەکەکاندا بەراورد ناکرێت. سەرەڕای ئەمەش، ماهوونی پێی وایە « زەنجیرەی کاردانەوە» بە رەوتەوە بەسراوەتەوە، کە لەودا دەکرێ چاودێری زەنجیرەی رووداوەکان بکەین. ئەم زەنجیرەیانە تا چەند دەسکەوتیان دەبێت، روون نییە. بەم حاڵەش، دەسکەوتی زێدەکردن وەک هەوڵێکی پێویست لە پێناو رەوتەکەدا لەبەر چاو گیراوە، کەوایە زەنجیرەی کاردانەوەییەکان لێرەدا لا دەدەن، چوونکە لەوانەیە دەسکەوتی زیاتری لێ بکەوێتەوە.
[68] David, “Economics of QWERTY”; Arthur, Increasing Returns; North, Institutions.
پاوڵ پیرسۆن زیاتر ئەم مشتومرەی بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێناوە. سەیری بەرهەمەکەی پیرسۆن بکە:
»Increasing Returns«
بۆ مشتومڕی زیاتر لەسەر رەوت-بەستراوەیی، تکایە ئامەژە بە بیەر بکە:
Beyer, “Mechanisms of Path Dependence”; Rixen and Viola, “Taxonomy of Institutional Change”.
[69] بروانن بۆ:
Park, “Nature and Evolution of Juche Ideology”; Suh, Leadership and Political Culture in North Korea, 31–53.
[70] Gentile, “Party in Italian Fascism”, 263.
[71] بروانن بۆ:
Szalontai, Kim Il Sung in the Khrushchev Era. For today’s repression apparatus,
please refer to Haggard and Noland, Witness to Transformation, 81–100.
[72] Hlaing, “Rules for Survival”.
[73]هال و سوسکچییە باشتر پرژاونەتە سەر ئەم بابەتە:
Hall and Soskice, Varieties of Capitalism.
[74] Ho ̈ pner, “Complementarity”, 383 – 384.
[75] کراوچ ئاماژەی بە وەها پێوەندییەک کردووە، بروانن بۆ:
Crouch, “Three Meanings”, 362.
[76] Davenport, “State Repression”, 8.
[77] Deeg, “Complementarity and Institutional Change”, 612.
[78] بروانن بۆ:
Linz, “Authoritarian Regime”, 304.
دواتر لینز باسی لەوە کرد کە بژاردەکانی رێژیمی ئیسپانیا هەوڵیان دا سیاسەت لە ژیانی گشتی بسڕنەوە بۆ پاراستنی سەقامگرتوویی.
[79] O’Donnell, Bureaucratic Authoritarianism, 143.
[80] Deeg, “Complementarity”, 614.
[81] Linz, “Further Reflections”.
وەڵامێک بنووسە