چیرۆکێکی بێدەنگی تر


فرشتە قازی لە سایتی «رادیو فردا»[1]، رێپۆرتاژێکی ئامادە کردووە لەسەر یەکێک لە کەیسە ئەمنیەتییەکانی رژیم کە بە کەیسی «قەتڵە زەنجیرەییەکان» ناوبانگی دەرکرد. قەتڵە زەنجیرەییەکان لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتای هەتاویدا دەستی پێکرد و یەکێک بوو لە جەنایەتە سامناکەکانی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران بۆ قڕکردنی نوخبەکانی ئێرانی. ئەم جەنایەتانە دوابەدوای کۆشتاری هەزاران زندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ دا و یەکەم قوربانییەکانی «داریوش فروهەر» و «پەروانە ئەسکەندەری» بوون کە لە ماڵەکەی خۆیاندا بە چەقۆ تێداچوون. بڕیاری ئەو کوشتارانە لە ژێر چاوەدێریی وەزیری ئیتلاعاتی رژیم و ئامانجکەشی لەباربردنی رەوتی رۆشنگەری لە ئێران بوو کە قوربانییەکانی ئەو نووسەر و نوخبە ئێرانییانە بوون کە مەودایان لەگەڵ ئایدیالۆژی رێژیم هەبوو.

لەم رێپۆرتاژەدا، دوو کوڕی «حەمید حاجی زادە» شاعیر و نووسەر، کە لە ساڵی ١٣٧٧ و لە ماڵەکەی خۆی لە شاری کرمان و وێرای کوڕە ٩ ساڵانەکەی بە چەقۆ کووژرابوون، دوای ٢٢ ساڵ هاتنە دەنگ و باسی ئەو جەنایەتە ترسناکەیان بۆ رادیۆ فەردا کرد. بکووژەکانی حەمید حاجی زادەش لەم کەیسەدا وەک بکووژەکانی داریوش فرووهەر، میوانی قوربانییەکانیان بوون. لە پەنای جەستەی خوێناوی حەمید و کاروونی کوڕی کە ٩ ساڵی تەمەن بوو، وەک جەستەی خوێناوی داریوشی فرووهەر و پەروانەی هاوژینی، کەشەفەیەک و چەند پیاڵەی چاخواردنەوە بەجێ ماون. دیارە بکووژەکان وەک میوان سەردانی قوربانییەکانیان کردووە، لە ماڵی قوربانییەکانیان خزمەتیان کراوە، قسەیان کردووە و رەنگە قوربانییەکان بەو پەری رێزیشەوە میواندارییان کردبن. بکووژەکان کاتێکی باشیان هەبووە و لەسەرەخۆ و بە پێی پلان، هەڵدەکوتنە سەر نێچیرەکانیان و بە چەقۆ بەردەبنە جەستەیان. لەسەر جەستەی داریوش فرووهەر، بە پێی راپۆرتی پزیشک قانوونی، جێگای ٢٧ دانە دەمەچەقۆ دیارە و لەسەر جەستەی حەمید حاجی زادەش کە ساڵێک دواتر کووژرا، جێگای ٢٧ دەمەچەقۆ دیارە.

یەکێک لەو دیمەنانەی کە بەراستی منی هەژاند، باس کردن لە دیمەنی کووژرانی «کاروون»، کوڕە نۆساڵانەکەی حەمید حاجی زادەیە. دیار نییە بۆچی کاروون لە کاتی کارەساتەکەدا لەوێ بووە. چوونکە یەکێک لە بکووژەکان پێشتر خۆی گەیاندووەتە ژووری نووستنی منداڵەکان و هاوژینی حەمید حاجی زادەی بە دەرمان بێهۆش کردووە. رەنگە ئەو منداڵە بە دەنگی ناڵە و هاواری باوکی بەخەبەر هاتبێ- دیار نییە، بەڵام ئەوەی کە روونە، بکووژەکان رووحم بەو منداڵەش ناکەن و بە چەقۆ بەردەبنە گیانی ئەویش. «ئاراس» کوڕی نێونجی حەمید حاجی زادە کە ئەو کات ١٤ ساڵ تەمەنی بووە، لە کاتی کۆشتارەکەدا و لەگەڵ براگەورەکەی لە ماڵ نابن و کاتێ لە زەماوەند دەگەرێنەوە بەسەر کارەساتەکەدا دەکەون. لە گێڕانەوەکانیدا ئاراس ئاوا باسی رووداوەکە دەکا:

«چیزی که مشخص بود، بابا بر اثر خون‌ریزی مرده بود و کارون قشنگ داشت بابا را نگاه می‌کرد. همیشه برای ما سؤال بود که اول بابا مرده یا کارون. مشخص بود کارون توی اتاق دست و پا می‌زده. هر جای اتاق را نگاه می‌کردید، جای دست کارون بود. انگار که فرار کرده بود و خیلی ترسیده بود. چشم‌های کارون از حدقه زده بود بیرون و می‌شد ترس را در صورتش دید. دهانش پر از خون بود. لباس‌هایش خونی. یک صحنه خیلی خیلی بد بود که داشت بابام رو نگاه می‌کرد. کاملاً شوکه بودم و حتی تا چند سال می‌ترسیدم توی آینه توی چشم‌های خودم نگاه کنم؛ این‌قدر ترس داشتم. بابا قاعدتاً خیلی راحت بود. احساس می‌کنم دیگر پذیرفته بود که دارد می‌میرد. چشم‌ها را بسته بود. با انگشت خونی داشته یک چیزی می‌نوشته که مشخص نیست. آخر هم مشخص نشد.»

ئاراس دەڵێ: شوێن پەنجە خوێناوییەکانی کاروون بەسەر دیوارەکانی ژوورەکەدا دیار بوون. وا دیارە بکووژەکان ئەو منداڵە ٩ ساڵانەیان پێنەگیراوە و دوای کەوتوون، چەقۆیەکیان لێداوە و منداڵەکە کەوتووە و دیسان هەستاوەتەوە. سەرلەنوێ دوای منداڵەکە کەوتوونەتەوە و دیسان چەقۆیەکی دیکەیان لێداوەتەوە و کاروونی منداڵ لە ترسان هەدای نەداوە و لەبەریان هەڵدێ. بکووژەکان دیسان بە چەقۆ دوای کەوتوونەتەوە و ئەم رووداوە دووپات دەبێتەوە تا دواجار جەستەی بێ هێز و بێ گیانی ئەو منداڵە داماوە بەرامبەر جەستەی باوکی دەکەوێ و چاووە زەقەکانی لە تەرمی بێ گیانی باوکی رادەمێنێ. لەسەر جەستەی کاروونی ٩ ساڵان، بە پێی راپۆرتی پزیشک قانوونی، جێگای ١٠ دانە دەمەچەقۆ دیار بوو.

ئەم جەنایەتە لە سەردەمێکدا رووی داوە کە کۆمەڵگای مەدەنی ئێران، چەند ساڵێک بوو لە هەوڵی دارشتنی دیسکۆرسێکی سیاسی بوون کە دواتر بە دیسکۆرسی رێفۆرم و مافی مەدەنی ناوی دەرکرد. ئەوان دڵگەرم بوون بەوەی کە رەفتاری رێژیم بەم قسانە دەگۆڕن و خامەنەیی و ستراتیژیستەکانیشی ماقوڵانە دەڵێن: فەرموون درگای تێپەربوون بەرەو دێمۆکراسی کراوەیە بۆتان. ئەو شتەی کە کۆمەڵگای مەدەنی ئێران قەت هەوڵی بۆ نەدا و ئێستاش ئامادە نییە هەوڵی بۆ بدا، داوەری کردن بوو. بە پێی بۆچوونی «هانا ئارنێت» قەیرانی هاوڵاتیبوون پێوەندی بە قەیرانی بیرکردنەوەوە هەیە، چوونکە لە وەها دۆخێکدا جێگایەک بۆ دیالۆگ نامێنێ. دیالۆگ لە خۆیدا کردەوەیەکی هزرییە و کاتێ مەیدان بە دیالۆگ نەدرا لە راستیدا درگا لەسەر هزریش دادەخرێ. فاشیزم، تووتالیتاریزم و حکوومەتە دیکتاتۆرییەکان بۆیە رێگا لە دیالۆگ دەگرن چوونکە دیالۆگ پەرە بە بیرکردنەوە دەدا و بیرکردنەوەش بە پێی بۆچوونی هانا ئارنێت هانمان دەدا داوەریی لەسەر رووداوەکان بکەین.

وەک هانا ئارنێت دەڵێ: داوەری کردن نەک هەر بۆ نووخبە و رۆشنبیر، بەڵکە بۆ هەموو کەسێک گرنگە. چوونکە فێرمان دەکا جیاوازی نێوان حەق و ناحەق ببینین و جیاوازی نێوان جەنایەت و کردەوەی سیاسی ببینین و هەر ئەم شتەش زەمینەی پەروەردەکردنی یەک بە یەکی ئێمە فەراهەم دەکا بۆ ئەوەی راهێنانی بوون بە هاوڵاتییەکی باش بکەین. کەوایە داوەری کردن گرنگە چوونکە یارمەتیمان دەدا دیالۆگ بکەین، دیالۆگیش یارمەتیمان دەدا بیر لە رەوەندە هەنووکەیی  و رووداوە مێژوویەکان بکەینەوە. بەسەرنجدان بەم تیۆرییە بوو کە هانا ئارنێت لە کتێبی «ئایشمەن لە ئوورشەلیم»دا (١٩٦٣) کووتی: گەرفتی «ئادۆڵف ئایشمەن» لە قڕ کردنی ٦ ملیۆن یەهوودیی لە کەمپی «ئاشویتش» دا هەر رۆڵگێرانێکی جەنایەتکارانە نەبوو بەڵکە گرفتی ئایشمەن ئەوە بوو کە توانای بیرکردنەوەی نەبوو. داوەری کردن بەشێکە لە بەرپرسایەتی تاکەکەسیمان و بەداخەوە کۆمەڵگای مەدەنی ئێران لە سەردەمی ئیسڵاحاتدا چاوپۆشی لەو بەرپرسیارەتییە کرد.

چیرۆکی حەمید حاجی زادە و کاروونی کوڕی، وەک چیرۆکی کۆشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧و فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨، لە پێناو ئەولەویەت دان بە دامەزراندنی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران کپ کرا. بێگوومان گرفتێکی مێتۆدۆلۆژیک لە ئەولەوییەتبەندی رووناکبیرانی رێفۆرمیست و چینی مامناوەندی کۆمەڵگای ئێراندا هەیە کە تیۆر و ئاراستەی چالاکییەکانیان نەک زەمینەی بۆ دێمۆکراتیزاسیۆنی ئێران خۆش نەکرد بەڵکە مەجالی بە رێژیم دا لە بن سێبەری دیسکۆرسی مافی مەدەنی درێژە بە خنکاندنی دیالۆگ و لەباربردنی پۆلۆرالیزمی سیاسی و کولتووری بدا. چەند ساڵ بەدوای قەتڵە زەنجیرەییەکان، رێژیم بزووتنەوەی خوێندکارانیشی سەرکوت کرد. ساڵی ١٣٨٨ دەنگی خەڵکی نەخوێندەوە. ساڵی ١٣٩٦ سەرکوتی خەڵکی نارازی کرد و دواجار لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ کۆماری ئیسلامی گۆڕانی لە چەمکی «موستەزعەفین»یشدا پێکهێنا و بە تەکتیر قەنناسە تەقەی لەسەری منداڵانی سەر شەقام  کرد. بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە قەیراناوییە ناچارم پەنا بۆ تیۆرییەکەی هانا ئارنێت ببەمەوە و لێرەوە هەوڵ بدەم لە دوای وڵامێک بگەرێم بۆ پاسیتڤیتیزمی مەنتقی سیاسی ئێرانییەکان بۆ دێمۆکراسی: بەڵێ، دەکرێ گشت ئەو جەنایەتانە بەرهەمی دوو پارامێتر بن کە بەشێک لە چالاکانی سیاسی و رۆناکبیرانی ئێرانی قەت نەیانویست سەرنجی پێبدەن: «یەکەم؛ جەنایەتکانی رێژیم بەرهەمی قەیرانی بیرکردنەوەیە و، دووهەم نەبوونی هێزی داوەری کردن و لاوزا بوونی بەرپرسایەتی یەک بە یەکی خەڵکی ئێران وای لە رێژیم کرد کە بیر لە ئەنجامەکانی دوای جەنایەتەکانی نەکاتەوە».

[1] https://www.radiofarda.com/a/30968233.html

تێبینی:

وێنەکە لە سایتی رادیۆ فەردا وەرگیراوە. وێنەی لای چەپ حەمید حاجی زادەیە و وێنەی لای راست منداڵەکانیەتی. کاروونی کوڕی لە نێوەراستی براکانی راوەستاوە.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: