گیومە


١

رەنگە بەلاتانەوە سەیر بێ گیومەیەکی (guillemet) سادە، وەک ئەو هێمایەی کە لە کەوانەکەدا هاتووە («»)، بۆ ماوەی نزیک بە ساڵێک پرۆژەیەکی سیاسی سڕ کردبێ. هەڵبەت جیهانی سیاسەت لە خۆیدا بابەتێکی سەیر و سەمەرەیە، ئەو کەسانەی لە رێگای کتێب یاخۆ سۆزی شۆرشگێڕیی و پرۆپاگاندای حیزبییەوە بە سیاسەت ئاشنا دەبن دوای ماوەیەک لە هەموو کەسێ زیاتر تووشی سەرسووڕمان هاتوون. هۆکارەکەش ئەوەیە باوەریان بە دوو تیۆری بێبنەما کردووە: یەکەم؛ باوەریان وایە سیاسەت کردەوەیەکی «ئەخلاقی» یە و دووهەم؛ باوەریان وایە سیاسەت کار بۆ «رزگاری» دەکا. لە راستی دا ئەم دوو تیۆرە لەگەڵ سیاسەتدا ناتەبایە و تەنیا ئیدۆلۆژی دەتوانێ وەها ئیدەعایەک بکا. ئێستاشی لەگەڵدا بێ هیچ ئاکادمیسێنێک، هیچ رووناکبیرێک، هیچ تیۆرسێن و هیچ رێبەرێکی سیاسی نەیانتوانیوە ئەو دوو تیۆرییانە بسەلمێنن. مەبەست ئەویە کە هیچ سیاسەتێک نەبۆتە هۆی رزگاری و قەتیش سیاسەت ئەخلاقی نەبووە. سیاسەت، ئەگەر زۆر سەرکەوتووش بووبێ، تەنیا توانیویەتی کار بۆ پاراستنی ئازادی و ئەخلاقێک بکا کە کۆمەڵگا لە سەری رێککەوتووە. رزگاری و ئەخلاقی بوون، بەرهەمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانن و، سیاسەتیش، کە خۆی لە مەرامنامەی حیزبی دا پێناسە دەکا، هەوڵ دەدا بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی ( واتە بەرژەوەندی گرووپی وحیزبی) لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی (واتە بەرژەوەندی کۆمەڵگا) دا هاوسەنگ و هاوئاراستە بکا. بە کورتی و بە کوردی عەرزتان بکەم: هیچ حیزبێک بەرژەوەندی خۆی فیدای بەرژەوەندیی گشتی ناکا، بەڵکە کاری سیاسەت دارشتنی پرۆژەیەکی گوونجاوە بۆ هاوئاراستەیی بەرژەوەندییەکان، بە چەشنێک کە هەردوو لا خێری لێ ببینن.

یەکێک لە بریارەکانی کۆنگرەی دەیەمی حدکا (١٣٧٤)، ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوان «حدکا» و «حدکاـ رێبەرایەتی شۆرشگێر» بوو کە لە کۆنگرەی هەشتەمی ئەو حیزبە دا ئینشعابیان کرد. هەڵبەت کۆنگرەی دەیەم مەئمووریەتی بە رێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەش دابوو کە زەمینەکانی تێکەڵبوونەوەی هەردولا خۆش بکا. ئەم پرۆژەیە پێش بەستنی کۆنگرەی دەیەم دەستی پێ کردبوو، سەرەتا بە نامە گۆرینەوە دەستی پێکرد و دواتر بەشێک لە کادرەکانی هەردوو لا تابۆی هاتووچۆ کردنیشیان شکاندبوو. بەهەر حاڵ پرۆژەی لێکنزیک بوونەوە زۆر بە باشی دەچووە پێش، تروسکەی هیوا لە دڵی ئەوکەسانەی بەم پرۆژەیە دڵخۆش بوون زیاتر دەگەشایەوە و ئەوانەش کە بەم پرۆژەیە توورە بوون، کەم کەم حەساسییەتەکانیان کاڵ دەبۆوە. بەڵام ئەم پرۆژەیە لە پڕ دا خاو بۆوە، هۆکارەش گیومەیەک بوو کە «رێبەرایەتی شۆرشگێڕی» لە خۆی دا کەپس کردبوو. لە رەشنووسی بەیاننامەی تێکەڵبوونەوەدا لەبری ئەوەی بنووسن: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ رێبەرایەتی شۆرشگێر، نووسرا بوو: حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ «رێبەرایەتی شۆرشگێر». کێشەی سەرەکی لە راستی دا شرۆڤە کردن و پێناسە کردنی هێمای گیومە بوو کە شانی چەپ و راستی رێبەرایەتی شۆرشگێری وێکڕادەگووشی. گۆیا مانای گیومە لێرەدا ئەوەیە کە حدکا دەیهەوێ بڵێ: «بە ئیستەڵاح رێبەرایەتی شۆرشگێر » و بەم کارە چاوپۆشی لە هەشت ساڵ رابردووی ئەو لایەنە دەکا!

گیومە بوو بە باسێکی گشتی لە هەردوولای حیزبی دێمۆکرات. بەیانی کە لە خەو هەڵدەستام گوێم لە گیومە دەبوو، شەویش گیومە لەگەڵم دەهاتە بن لێفەی خەو. بەڵام شتێکم زۆر بەلاوە سەیر بوو؛ لەو ماوەیەدا کەسم نەبینی پێناسەیەکی دروست بۆ گیومە بکا. نایشارمەوە، هێندە ئەو بەحسانە جیددی بوون کە من گومانم لە زانیارییەکانی خۆم کرد، رۆژێک چووم بۆ کتێبخانەی قەڵای دێمۆکرات، بە فەرهەنگی «موعین» و فەرهەنگی «دهخدا» دا گەرام و دڵنیا بوومەوە کە من هەڵە نیم.

گیومە چییە؟

گیومە یەکێکە لە هێماکانی دەق. سەرچاوەکەی بۆ زمانی فەرانسە دەگەرێتەوە و پێشتر لە هیچکام لە رێنووسەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئاسیا دا نەبووە. ئەم هێمایە لە زمانی کوردی دا زۆر نوێیە و تەنانەت ئێستاش لە زۆر دەق و نووسراوەدا بە باشی رەچاو ناکرێ. گیومە بۆ دوو مەبەست دەکار دەکرێ:

  1. هێنانی دەق یاخۆ قسەی کەسێکی دیکە لە نووسیندا، هەڵبەت کاتێ ئەو قسەیە یا دەقەکە لە گیومەدا دادەندرێ، پێویست دەکا کتومت وەک خۆی بینووسیتەوە. بۆ نموونە قسەیەکی ئاگاتا کریستی لێرەدا دەهێنمەوە: «هیچ کارێک ناگاتە ئەنجام، ئەگەر بە باشی کۆتایی پێ نەهاتبێ».
  2. کاتێ لە نووسینێک دا دەمانهەوێ باس لە شتێکی تایبەت بکەین، ناوی کەسێک لە دەق دا بنووسین و باس لە چەمکێکی نوێ بکەین ئەو شتانە لە گیومەدا دەنووسین. بەگشتی هەر شتێک لە گیومە دا دێت بە مانای شتێکی تایبەتە کە کار لە مانای گشت دەقەکە دەکا. بۆ نموونە: «ئاگاتا کریستی»، خوێنەر تێدەگا کە ئەمە ناوە و لەم دەقەشدا گرنگە، یا «خۆـدراماتیزە کردن»، خوێنەر دەزانێ کە ئەم وشەیە چەمکێکی نوێیە و هەوڵ دەدا لە درێژەی خوێندنەوە دا لە ماناکەی و گرنگی ئەو چەمکە تێبگا.

وا دیارە مانای گیومە هیچ پێوەندییەکی بەو باسانەوە نەبوو کە لەو رۆژانەدا ئەندامانی هەردوو لای بەسەر چاک و خراپ دا دابەش دەکرد. بەڵام گیومە دوو کارکردی هەبوو کە بە بۆچوونی من مەبەستی سەرەکی ئۆرگانە رەسمییەکانی حیزب بوو: گیومە توانی جەوێکی وا بخوڵقێنێ کە هەیئەتی کۆبوونەوەکان سوار ئەو شەپۆلە بن و لە کاتی دانیشتنەکان دا داوای ئیمتیازی زیاتر لە لایەنی بەرامبەر بکەن. جەوسازی باشترین دیلەمۆیە بۆ کەسانی سیاسی ئەگەر بیانهەوێ پرۆژەیەک بچەسپێنن. هەروەها کارکردێکی دیکەی گیومە کە بە بۆچوونی من ئەمەیان مەنتقی تر بوو، ئەوە بوو کە زەمان بکرنەوە. خاوکردنەوەی زەمان لە وەها دۆخێکدا وای کرد کە زانیاری زیاتر لەسەر لایەنی بەرامبەر کۆبکەنەوە و هەروەها پەرە بە ناکۆکییە دەروونیەکانی لایەنی بەرامبەر بدەن. لەو پرۆژەیەدا من فێری بابەتێکی زۆر مەنتقی بووم: قەت دوو لایەنی بەهێز ناتوانن یەکبگرنەوە، یەگرتنەوە بە داشکاندن مسۆگەر دەبێ. هەڵبەت لەم سەردەمەدا بەشی ئەوەندە فێر بووین کە سیاسەتیش وەک بازار بە دانوستان و داشکاندن دەچێتە پێش، «قیمت ثابت» نایخوا.

گیومە نەما و ئەو دوو لانە یەکیان گرتەوە. بڕیاری یەکگرتنەوە یەکێک بوو لە باشترین بڕیارەکانی حیزبی دێمۆکرات. مێژوو سەبارەت بەم بریارە قەت باس لەوە ناکا کام لایەن زەرەری کرد و کام لایەن قازانجی کرد، بەڵکە دەڵێ ئەو دوو لایەنەی دێمۆکرات بە بریارێکی ئازایانە و بەرپرسانە لە ساڵی ۱۳۷٥ دا تێکەڵ بوونەوە. بەڵام ئەو راستییەش ناشاردرێتەوە کە ئەگەر ئەو ناکۆکییە دەروون حیزبیانە نەبوایە، کەس بیری لە یەکگرتنەوە نەدەکردەوە. ئێمە بە پێوەری عەشیرەیی سەیری ناکۆکی دەکەین، بەڵام بۆ حیزبی سیاسی ناکۆکی میکانیزمی بەرۆژ بوونەوە و مۆدێڕن بوونە. هیچ حیزبێک بە هۆی ناکۆکی تێدا نەچووە، بەڵکە ئەو حیزبانە لاواز بوون و لە مەیداندا نەماون کە بە شێوەیەکی گونجاو و دێمۆکراتیک تەعامولیان لەگەڵ هۆکارەکانی ناکۆکی نەکردووە.

٢

لەم یەک دوو مانگەدا باسی ناکۆکی لە نێو ریزەکانی حدکا دا سەری لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەرهێنا و هەموومان کەم و زۆر ئاگادار بووین کە گرفتێک لە کاری بەرێوەبەری ئەو حیزبەدا هەیە. ئەگەرچی هەوڵێکی زۆر درا بۆ سرینەوەی «سوورەتی مەسەلەکە»، بەڵام سێ خاڵی گرنگ لە هەڵوێستی نارازیانی نێو ریزەکانی حدکا دا بەرچاو دەکەوت کە بە بۆچوونی من جێی تێرامانە:

  • کێشەی ساختاری
  • کێشەی رووکردی
  • لە ناشەفاف بوون

کێشەی ساختاری و کێشەی شەفافیەت لە راستیدا پێوەندی بە حدکاوە هەیە و ئەندامانی ئەو حیزبە لێی بەرپرسن و لە هەموو کەس زیاتر سەڵاحیەتیان هەیە بۆ چوونە ناو ئەو باسە، بەڵام کێشەی رووکردی حدکا پێوەندی بە تەعاموولی حدکا لەگەڵ پێکهاتە سیاسییەکانی دەرەوەی حیزب هەیە و ئێمە لە راستیدا ئەم گرفتە وەک بابەتێکی گشتی دەبینین و سروشتییە کە هەڵوێستەی لەسەر بکەین. باڵی نارازی نێو حدکا داوای خێراتر کردنی پرۆژەی یەکگرتنەوەی «حدک» و «حدکا»یان کردووە. وادیارە گرفتی ساختاری (واتە ساختاری تەشکیلاتی) و گرفتی نەبوونی شەفافیەت پێوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بە دەرکەوتنی گرفتی رووکردی لە حدکا دا. ئەم ناکۆکییە ئەگەرچی باس لە گرفتێکی دەروون حیزبی دەکا، بەڵام ئەو راستییەش ناشارێتەوە کە حدکا پێویستی بە «پارادایم شیف» هەیە و، لێپرسراوی گشتی ئەو حیزبە چیدی ناتوانێ پێداگری لەسەر دیسیپلینێک بکا کە هۆکاری ئەو ناکۆکیانەیە. زۆر کەس بە هومێدەوە چاوەرێی ئەوەیان دەکرد باڵی ئۆپۆزیسیۆنی نێو حدکا بەم هەڵوێستەیان و بەم خوێندنەوەیان لە سەر ئەمری واقعی سیاسی کوردستان، زەمینە بۆ پارادایمێکی نوێ لەو حیزبەدا خۆش بکەن کە یارمەتی بدا بە فەزایەکی نەرمتر و دێمۆکراتیک تر بۆ پرسی تەعاموولی سیاسی ئەو حیزبە بەگشتی و پرسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێمۆکرات بە تایبەتی. لێپرسراوی گشتی حدکا لە نامەیەکی سەرئاوەڵا دا دانی بەو ناکۆکیانەدا هێناوە و داوای لە باڵی نارازی کرد کە رەچاوی ئوسوولی تەشکیلاتی بکەن و داواکانیان بۆ کۆنگرەی داهاتوو هەڵپەسێرن و، بەڵام لە هەمان کاتدا پێداگری لەسەر یەکێک لە خاڵەکانی ناکۆکییەکە کرد و بەڵێنی داوە کاری بۆ بکا، واتە دەسپێکردنەوەی دانیشتنەکان بۆ پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێمۆکرات. هەڵبەت لە نامەیەکی وا کورت و بەو هەڵوێستە خێرایە، زەحمەتە نییەت و ئیرادەی چاکسازی تێدا بەدی بکەین، چوونکە ئەو نامە کورتە زۆر ئامرانەیە. لایەنی ئۆپۆزیسیۆن بە باشی گرفتەکانی حدکایان پرۆبلێماتیزە کردووە و بێگوومان بە بێ چاکسازی کردن لە گرفتی ساختاری و گرفتی ناشەفافی، ئیمکانی نییە گرفتی رووکردی حدکا چارەسەر بکرێ. ئەم گرفتانە پێوەندییەکی عیلەت مەعلوولیان پێکەوە هەیە و ناکرێ باز بەسەر هیچکام لەو خاڵانە بدرێ.

٣

لە ١٧ی مانگی مای ٢٠٢٠ دا نامەیەکی سەر ئاوەڵای «عەبدوڵا حەسەن زادە» سکرتێری پێشووی حدکا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و لە سایتی فەرمی حدک دا رۆماڵ کرا و، دەکرێ بڵێین پێوەندی بە گرفتی رووکردی حدکاوە هەیە. لەو نامەیەدا مامۆستا باس لە دیاردەی «پێکەوە نەحاوانەوە»ی کردووە و پێی وایە زەمینە رەوانناسییەکانی کاری هاوبەشی سیاسی هۆکاری سەرەکی لێکدابڕانی دوای کۆنگرەی سێزدەهەمی حدکا بووە و هەر لەم روانگەیەشەوە چارەسەریی ئەو گرفتە لە تۆلێرانس و لێبووردەیی دا دەبینێتەوە. روونکردنەوەکانی مامۆستا تا چەند دەتوانێ هەردوو لا بە قەناعەت بگەیەنێ، جێی گوومانە. ئەگەرچی نکۆڵی لە فاکتۆری رەوانناسی ناکرێ، بەڵام لە پرۆژەیەکی وەها حەساس و لەو دۆخەدا کە لەنێو باڵە ناکۆکەکانی حدکا دا خوێندنەوەیەکی واقعگەرایانە لەمەڕ کێشە بنەماییەکان هەیە، نامەیەکی سۆزاوی و تێگەیشتنێکی رۆمانتیک بۆ کێشە بنەماییەکان، نەک قازانج بە کێشەکان ناگەیێنێت بەڵکە سوودی ئەبزاریشی دەبێ. بەهەر حاڵ ئەوەی دیارە، ئەو نامەیە بۆ باڵی پێداگری حدکا وەک «مەسیحا نەفەسێک» وا بوو کە بە خێرایی دەنگی ناکۆکی پێ کپ بکا و بەتایبەت سەردانە سیمبۆلیکەکەی مامۆستا بۆ لای کاک «مستەفا هیجری» و هەروەها سەردانی جێژنانەی کاک مستەفا بۆ ماڵی مامۆستا، پرۆژەی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتی هێندەی دیکە خەیاڵی کرد. لەم میانەیەدا ئۆپۆزیسیۆنی نێو حدکا، کە شێلگیر تر و سیستماتیک تر هەنگاوی بۆ یەکگرتنەوە هەڵدێنا، بەم کردەوەیە چووە نێو گیومە و روون نییە لە داهاتوودا چۆن کێشە پرۆبلێماتیزە کراوەکانیان دەهێننەوە بۆ مەیدانەکە. بەڵام شتێک کە بە روونی دیارە، ئەوەیە کە پرسی یەکگرتنەوە بە «سوڵحی عەشایەری» ناکرێ و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی واقعی هەیە. ناکۆکی دەروون حیزبی لەو ماوەیەدا ئەم واقەعییەتەی سەلماند کە لە نێو ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا ئیرادەیەک هەیە بۆ زیندوو راگرتنی فەزایەکی نەرم و دێمۆکراتیک، تەنیا لە وەها فەزایەکدا و بە رەچاوکردنی یاسای داشکاندن ئەو گرفتە چارەسەر دەکرێ. هەرکام لەو سێ گرفتەی کە باڵی نارازی لە نێو حدکادا بەرزیان کردۆتەوە، وێکرا دیاردەیەک پێناسە دەکەن بە ناوی «گرفتی پارادایمی». چارەسەر کردنی گرفتی رووکردی بە تەنیا و بەبێ چارەسەر کردنی گرفتی ساختاری و گرفتی ناشەفافی، ناگاتە ئەنجام ئەگەر هەزار شێعر و شوعاریشی بۆ دارێژرێ. وەک کۆتایی دیسان قسەکەی ئاگاتا کریستی لە گیومەیەکدا دەهێنمەوە: «هیچ کارێک ناگاتە ئەنجام، ئەگەر بە باشی کۆتایی پێ نەهاتبێ».

رزگار ئەمین نژاد

٣٠ مانگی مای ٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: