پێشەکی
هاوپێوەندیی لە نێوان مێدیا، سیاسەت و گەل، یەکێکە لە بابەتە سەرنجراکێشەکان کە لە نێوەی سەدەی بیستەمەوە گرنگی پێدراوە. ئەگەرچی ئەم هاوپێوەندییە سیمبولیکە بەڵام بێ کێشەش نییە. هێندێ جار هاوئاراستەن و هێندێ جاریش دژبەیەک دیارن و جاری واشە هاوئاراستەیی و هاوپەیمانی مێدیا و سیاسەت عەینی تر دەردەکەوێت، چوونکە ئامانجی هەردووکیان پێوەندیسازکردن لەگەڵ هاوڵاتیانە. بەڵام ئامانج و ئامێری سازدانی هاوپەیوەندیی بەلای ئەم دوو ئەکتەرەوە جیاوازن و ئەم جیاوازییەش وا دەکات کە زۆرجار میدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان رەگژ یەکتر راچن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە هەردوو لا مەنتق و ئەجندای جیاوازیان هەیە. ستروکتوری پرسیارەکە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانە دەخوازێت و بۆیە ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیشک بخاتە سەر ئەو هاوپێوەندییە بەرگژاوییە[1] و لە دەلاقەی چەند تیۆریی پێوەندیدار بەم مژارەوە خوێندنەوەیەک بۆ بەستێن و هۆکارەکانی بکات. دیاریکردنی پرۆبلێمتایز بۆ وەها پرسیارێک کارێکی ئاسان نییە ئەگەر لە گۆشەنیگای تیۆری “مێدیاتایزاسیۆن[2]” و هەروەها زەروورەت و بەربەستەکانی ئەم مێتاپرۆسێسەوە ئاوڕی لێنەدرێتەوە. کەوایە ئەم وتارە لەدوای تێگەیشتن بۆ ئەم پرسیارە دەگەڕێ:
“تاچەند تیۆریی “مێدیاتایزینگ[3]” و تیۆری “جەغزی داخراو[4]” دەتوانن شرۆڤەی بەرگژەکانی بەردەم پێوەندیسازکردن لە نێوان مێدیا، ئەکتەرە ساسییەکان و گەل بکات؟ و پرۆسەی مێدیاتایزاسیۆن تاچەند توانیویەتی مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم بسەلمێنێت؟”
بێگومان تێگەیشتن لەم هاوپێوەندییە ئاسان نابێ ئەگەر لە کۆنتێکستی میدیای کوردی و ئەکتەرە سیاسییەکانی کوردەوە چاو لێبکرێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەزموونی کاری مێدیایی کورد کەمە و رۆژنامەوانەکانیش کەمتر پرۆفێشیۆنالن. بە هۆی بارودۆخی سیاسی و بە تایبەت روانینی ئەمنیەتی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، ئێمە لەگەڵ دوو مۆدێلی مێدیایی بەرەورووین: «مێدیای دەسەڵات و مێدیای بەرگریی». ئەم دۆخە وای کردووە کە مێدیای بەرگری یەکێک بێ لە ئۆرگانەکانی حیزبی. مێدیا بەناوبانگەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەیانتوانیوە نەبەستراوەیی سیاسی خۆیان بسەلمێنن. هەر بەم هۆکارانە، ئەم وتارە هەوڵ دەدات تیۆریی و روانگە جیازەکان بە شێوەیەکی گشتی و وەک دیاردە شرۆڤە بکات و داوەریکردن لەسەر دۆخی سیاسی و مێدیایی کورد بە خوێنەرانی ئەم بابەتە دەسپێرم.
لەم وتارەدا بەشێک لە تێرمەکان بە زمانی زانستی دەکار کراون، هۆکارەکەش ئەوەیە کە وا هەست دەکەم وشە کوردییەکان کە پێشتر بۆ ئەم تێرمانە دەکار کراون، لە دەرخستنی نێوەرۆک و مانای تێرمە زانستییەکانی ئەم وتارەدا لاواز بن. کەوایە تێرمەکان وەک خۆیان دادەنێم و هیوادارم خوێنەرانم بە شرۆڤەکردنی مانای تێرمەکان رازی کردبێ. دواجار سپاسی تایبەت بۆ پرۆفسۆر «هاراڵد یارنینگ[5]» لە زانکۆی ئۆسلۆ، کە لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بەسوود بۆ نووسینی ئەم وتارە یارمەتی دام و هەروەها بۆ باشتر تێگەیشتن لە دەقی سەرچاوە ئاڵمانییەکانی ئەم وتارە، بە پشوودرێژییەوە کاری لەگەڵ کردم.
١- مێدیاتایزیشێن
کاتێ شارڵ مۆنتیسکیۆ (١٦٨٩- ١٧٥٥) لە کتێبی “روح القوانین[6]” و لە سەردەمی رۆشنگەریدا، ئاماژە بە یاسا وەک بنەمایی ترین هۆکار بۆ سەقامگرتوویی و ئاشتی لە سیستەمێکی سیاسی دەکات، لە راستیدا بەم تێزە رەهەندێک بەنێو چەمکێکی بنەماییتردا لێ دەدات بە ناوی دێمۆکراسی. گەڕانەوە بۆ نەریتی دێمۆکراسی ئاتێن، لە سەردەمێکدا کە بەشێک لە وڵاتانی ئۆرووپا و تەنانەت ئەمریکاش بەهۆی تەوژمی شۆرش و ئیدەی ئینقلاب تووشی ئاڵۆزی و ناسەقامگرتوویی بوون، کارێکی سادە نەبوو. ئێمە باس لە سەردەمێک دەکەین کە بەشێکی جیهان لەژێر سریمەی دوو نەریتی جیاوازی بیرکردنەوە لەمەڕ دەسەڵات بوو، واتە: نەریتی “هابزی[7]” و نەریتی “لاکی[8]“. ئێمە دەزانین کە لە نەریتی هابزدا، تەنیا “ئەوتۆریتی” دەیتوانی دەستەبەری سەقامگرتوویی و تەناهی لە کۆمەڵگادا بکا، واتە دەسەڵاتی زۆرتر بۆ حکوومەت و تەناهیش بۆ گەل. بەڵام لە نەتریتی لاکدا “تەعاموول” وەک هۆکاری تەناهی و سەقامگرتوویی دیاری کراوە، واتە حکوومەت و گەل لە رێگای دەنگدانەوە تەعامول لەگەڵ یەکتر بکەن. مۆنتیسکیۆ کاتێ لە کتێبی روح القوانیندا دەڵێ: دەسەڵاتی حکوومەت دەبێ وەها دارێژرێ کە خەڵک نیازیان بە هەرەشە و تۆقاندن نەبێ، لە راستیدا بەم بۆچوونە لە نێو نەریتی لاکی، واتە تەعامولگەراییدا بیر دەکاتەوە. بەڵام تەعامولکردن پێویستی بە میکانیزم هەیە و هەر بەم هۆیە تێزی دابەشکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت[9]بەسەر سێ سیستەمی سەربەخۆ هاتە ئاراوە، واتە: «حکوومەت[10]، پارلمان و سیستەمی داد». ئەمرۆ زۆربەی دەوڵەتانی جیهان ئەم دابەشکارییەی دەسەڵات وەک نۆرمێکی سیاسی لە یاسای بنچینەیی خۆیاندا دیاری کردووە. بەڵام لە سیستەمە دێمۆکراتیکەکاندا زیاتر رەچاوی ئەم یاسایە دەکرێ چوونکە ئەم تێزە هەر نۆرم نییە بەڵکە میکانیزمێکیشە بۆ مەوداگرتن لە ئەوتۆریتی و دێمۆکراتیزەکردنی دێمۆکراسی. بۆ سازکردنی هەماهەنگی و هاوسەنگی لە نێوان ئەو دەسەڵاتانە، پێویست دەکات یاسایەک هەبێ کە چوارچێوەیەک بۆ تەعامول و هەروەها باڵانسی دەسەڵاتی هەر کامیان دیاری بکات، واتە سنووری ئیختیارات و ئیجرایاتی ئەو دەسەڵاتانە لە یاسادا روون کرابێتەوە.
نەریتی تەعاموولگەرایی کەم کەم جێگای بە نەریتی ئەوتۆریتی لێژ کرد، وەها کە رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی ئەو وڵاتانەی کە بە پێی تەعامولی دێمۆکراتیک دەسەڵات بەرێوە دەبەن زیاتر دەبێ، بەڵام ئاراستەی ئەم پێشوەچوونە هێندەش خێرا نەبوو. جوگرافیا لەو سەردەمەدا یەکێک بوو لە گرفتەکانی پەرەسەندنی نەریتی تەعاموولگەرایی. مەودای جوگرافی لە سەدەی هەژدەهەم و سەدەی نۆزدەهەمدا یەکێک بوو لە کێشە بنەماییەکان بۆ راگواستنی زانیاری و هزری مۆدێڕن. لێرەدا زەروورەتی پێوەندیسازکردن[11] و خیرایی لە کاری راگەیاندندا، وای کرد کە مێدیا وەک مێدیۆمێکی گرنگ لە خزمەت سیاسەت و پرۆپاگاندای سیاسی و ئایدۆلۆژیک چاو لێبکرێت. مێژووی رۆژنامەگەری باس لە هەجمەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان دەکا بۆ داگیرکردن و کۆنترۆڵی مێدیا و نێوەرۆکی مێدیایی و هەروەها پێمان دەڵێ کە سیاسەت تاچەند گرنگیی بە مێدیا داوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات. بەڵام مێدیا هەمیشە پاسیڤ نەبووە و لە ململانەیەکی ئازایانەدا بووە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی خۆی. تەمای سەربەخۆیخوازی مێدیا بە بێ دارشتنی مەنتق و ئەجندای مێدیایی مسۆگەر نەدەبوو و لەوەش گرنگتر؛ بەبێ دێمۆکراسیش ئەم سەربەخۆییە تاقی نەدەکرایەوە و گرنگبوون و کارایی مێدیای سەربەخۆ لە کۆمەڵگاشدا نەدەسەلمێندرا. ئیدەی سەربەخۆیی مێدیا وەک زەروورەتێک لە پێناو پەرەدان بە نەریتی جۆن لاک (نەریتی تەعامولگەرا) و هەروەها بۆ دێمۆکراتیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسی، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەهاتە ئاراوە. کاتێ مێدیا وەک بنەمایەکی گرنگ بۆ دێمۆکراسی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستەمدا دەرکەوت، لە راستیدا قەرزداری وەها گۆشەنیگایەکی مەعریفیی بوو کە وای کرد مێدیا لەم سەردەمە و لە زۆر یەک لە وڵاتانی جیهاندا، وەک “دەسەڵاتی چوارەم” دەرکەوێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەبێ مێدیا ئاستەمە نیهادەکانی سیاسەت کاراییان هەبێت. مێدیا چاوەدێری هەڵبژاردنەکان دەکات و زووم لەسەر رەفتارە سیاسییەکان دەکات. کۆمەڵگای مەدەنی لە چاوی میدیاوە ئاگاداری هەڵسووکەوتی ئەکتەرە سیاسییەکان دەبن و لە رێگای میدیاوە چاوەدێری گوتار و ئینتمای حیزبیان دەکەن. ئەکتەرە سیاسییەکانیش بە هەمان شێوە لە رێگای مێدیاوە ئاگاداری کاردانەوەی شەقام و کارتێکەری گوتار و پلالتفۆرمە سیاسییەکانیان لەسەر ریزبەندییەکانی هەڵبژاردن دەکەن. بەڵام یەکێک لە کەمایەسییەکانی مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم لەوەدایە کە وەک سێ دەسەڵاتەکەی دیکە هیچ یاسا یاخۆ میکانیزمێکی دیاریکراوی نییە کە مێدیا لە چوارچێوەی باڵانسی دەسەڵاتدا رابگرێت. یاسای رۆژنامەگەری لە زۆربەی وڵاتان هەیە و سروشتییە کە مێدیاش وەک نیهادە سیاسی و مەدەنیییەکان، پێناسە و سنووری بۆ دیاری کراوە. بەڵام وەک دەسەڵاتی چوارەم نەسەلمێندراوە و هەر ئەم دۆخەش وای لە مێدیا کردووە کە لەو باڵانسەدا نەگوونجێت. رەنگە ئەم دۆخە پێوەندی بە ئەجندا و مەنتقی میدیاییەوە هەبێت کە جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لەگەڵ ئەجێندا و مەنتقی سێکتۆرەکانی وەک حکوومەت، پارلەمان و سیستەمی داد. بەڵام ئەو شتەی کە بەروونی دیارە: دەسەڵاتی مێدیا و مەیدانی کارلێکردنی مێدیا وەها بەربڵاو بووەتەوە کە تەنانەت سێ دەسەڵاتەکەی دیکەشی خستۆتە ژێر سەیتەرەی خۆیەوە. ئۆستەروود، پرۆفسۆری بەشی زانستی سیاسی لە زانکۆی ئۆسڵۆ دەڵێ: “مێدیا لەم سەردەمەدا نەک هەر کاریگەری لەسەر رای گشتی هەیە بەڵکە دیارکەری ئاراستەی رۆژ، گەمەی سیاسی، رەفتاری کۆمەڵایەتی، کولتوور و تەنانەت نرخی دراویشە” (Østerud 2003: 127). ئەوەی لەم بۆچوونەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە ئەجندا و مەنتقی مێدیایی لە چوارچێوەی نیهادێکدا ناگوونجێت و بۆ ئەوەی لە مێدیا تێبگەین دەبێت وەک دیاردەیەکی مێتاپرۆسێس ببینین و خوێندنەوەی بۆ بکەین.
هەتا سەردەمی کۆتایی شەری سارد، جیهان لەژێر سریمەی سێ مێتاپرۆسێسدا بوو کە بریتی بوون لە: ئەخلاق، دین و ئایدیالۆژی. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە بەهۆی ئینقلابی زانیاریی، یاخۆ ئینقلابی دیجیتاڵییەوە جیهان بەرەو پارادایمێکی نوێ دەچێت کە پێشمەرج و زەمینەکانی، جیاوازییەکی بنچینەیی لەگەڵ پارادایمەکانی پێش کۆتایی سەردەمی شەری سارد هەبوو. لەم قۆناغەەوە ئێمە لەگەڵ چوار مێتاپرۆسێسدا نەک ئاشنا دەبین بەڵکە کاریگەریشیان لەسەر ژیانمان دەبێت، واتە: “گلوبالیزاسیۆن”، “ئیندیڤیدوالیزاسیۆن”، “کۆمێرسیالیزاسیۆن[12]” و “مێدیاتایزاسیۆن”. هەڵبەت ئەم دیاردانە لە پێوەندییەکی چروپڕدان و دەکرێ بێڵێین کە هەرچواریان تەواوکەری دۆخی ئارایی جیهانن. جیهانیکردن، تاکگەراییکردن، بەبازرگانیکردن و بەمیدیاییکردن لەم سەردەمەدا باڵی بەسەر ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، پەروەردە، لەشساخی و هتدا گرتووە. ئەم دۆخە بە پێی بۆچوونی زۆر یەک لە توێژەران، وەک هۆکار بۆ لەکزیدانی ئایدیالۆژی، کەمرەنگبوونەوەی رۆڵی دین، رکوودی سیاسەت و هەروەها غیابی ئەخلاق لە جیهاندا دێتە هەژمار. بۆ نموونە: کارکردی سیاسەت لەم سەردەمەدا چییە؟ یا شەر دەکا یا نێوبژیوانی دەکا. ئەکتەرە سیاسییەکان لەمێژە دەستیان لە راڤەکردنی جیهان کورت کراوەتەوە و هۆکارەکەش ئەوەیە کە مێدیاتایزاسیۆن لەم سەردەمەدا «پێشمەرجەکان» دیاری دەکات.
بەڵام مێدیاتایزاسیۆن چییە؟ هەڵبەت کاتێ دەڵێین گلوبالیزاسیۆن، ئیندیڤیدوالیزاسیۆن، دێمۆکراتیزاسیۆن و گشت ئەو تێرمانەی بە “سیۆن” کۆتاییان پێدێت، مەبەست هەمەگیربوونی وەها دیاردەگەلێکن. هەمەگیربوون یانی خەڵک بە پانەوە دەستیان پێ رادەگا، کاریان لێدەکا، کاری لەسەر دەکەن و بەگشتی نەک هیچ کەس لە دەرەوەی ئەو پرۆسانە نین، بەڵکە خۆشیان بەشێکن لە پرۆسەکە. ئەم دۆخە وایکرد کە لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینەوە پرسی مێدیا و کارکردی مێدیا، ببێ بە پرس و مژاری بەشێکی زۆر لە زانستەکان. توێژەرانی زانستی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، مرۆڤناسی و هتد، لەم سەردەمەوە خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ پرسی مێدیا دەکەن و لەم پێوەندییەدا لەگەڵ زۆر تێرمی زانستی ئاشنا دەبین و بە گشتی، گرنگیدان بە مێدیا وەک بابەتێک بۆ توێژینەوە زانستییەکان دێتە رۆژەڤەوە. بە شیوەیەکی گشتی خوێندنەوەکانی لەمەڕ مێدیا، بەسەر سێ رووکردی توێژینەوە دابەش دەکرێت کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەم.
- رووکردی یەکەم: خوێندنەوەیەکی ئاکادێمیک بوو لەمەڕ کارتێکەری مێدیا لەسەر ژیانی مرۆڤ کە یەکێکە لە کۆنترین توێژینەوەکان. لەم توێژینەوانەدا مێدیا وەک تێکنۆلۆژی پێناسە کراوە کە لە پەنای داهێنانەکانی دیکە – کەم تا زۆر کاریگەریان لەسەر مرۆڤ هەبوو. کاتێ دەڵێن داهێنان، مەبەست ئەوەیە کە مرۆڤ سەربەست بووە و بەپێی دۆخی کۆمەڵایەتی خۆی سوودی لە ئامێرەکانی راگەیاندن وەرگرتووە. لەم توێژینەوەیەدا مێدیا بەشێک نییە لە ستروکتووری ژیانی مرۆڤ، بەڵکە ئۆبژەیە و ئێمەش سەربەستین لە هەڵبژاردنیدا. کەوایە کاریگەری مێدیا لەم قۆناغەدا هەر بە پێی زەروورەتی مێدیا نییە بەڵکە ئیرادەی مرۆڤیش (ئازادی هەڵبژاردن) رۆڵی هەیە.
- رووکردی دووهەم: توێژینەوەی لەسەر بەردەنگەکانی مێدیا کردووە. واتە بەردەنگەکان چۆن لە مێدیا تێدەگەن، چۆنی راڤە دەکەن، کارتێکەریی بەردەنگ لەسەر ئەجندای مێدیا چەندە و مێدیا تاچەند کاریگەری لەسەر روانگە و موعاناتی بەردەنگ هەیە. ئەم خوێندنەوەیە تاک رەهەندی نەبوو بەڵکە زوومی لەسەر کاریگەریی مێدیا وەک ئەکتەر و کاریگەریی بەردەنگەکانیش وەک ئەکتەر، کردووە.
- رووکردی سێهەم جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ دوانەکەی دیکە هەیە. لەم قۆناغەدا پرسی مێدیا لە فۆکووسدا نییە، بەڵکە تیۆریی مێدیاتایزاسیۆن دێتە رۆژەڤەوە. لەم توێژینەوەانەدا باس لەسەر کارتێکەری مێدیا لەسەر ئێمە یاخۆ کارتێکەری ئێمە لەسەر مێدیا نییە، بەڵکە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە مێدیا خەریکی «گۆرینی» مرۆڤە، داهێنەری زمانە، کولتوورسازە و بەگشتی مێدیا بووەتە جیهانێکی هاوتەریب لە پەنای جیهانەکانی دیکە و ئێمە بە تاک و بە کۆمەڵ تێیدا دەژین.
تایبەتمەندییەکانی مێدیاتایزەیشێن کە لە گەشت توێژینەوەکاندا ئاماژەیان پێدراوە شتێکی سەیر و سەمەرە نین، چوونکە ئێمە هەر ئێستاش خەریکین تاقیان دەکەینەوە. ئێستا ئیتر مێدیا بۆ هەموو کەسێ وەک هەوا گرنگە و ژیان بەبێ مێدیا زۆر ئەستەم بووەتەوە. مێدیا لەگەڵمان لە خەو هەڵدەستێت، لەگەڵمان دێت بۆ سەر کار، لەگەڵمان پشوو وەردەگرێت و تەنانەت لەگەڵمان دێتە بن لێفەوە. هەڵبەت مێدیا وەک ئامێر کارمان لێ ناکات، بەڵکە وەک نێوەرۆک و زانیاریی. نێوەرۆکی مێدیا گرنگن بۆ ژیان، بۆ سەرقاڵبوون، بۆ فێربوون، بۆ ئاگاداربوون و بۆ پێوەندیسازکردن. یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە گۆڕانی لە ماهیەت و کرداری ئێمەدا پێک هێناوە، پرسی خێرایی هاوپێوەندیسازی و تەعاموولی دێمۆکراتیکە لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی دەیاناسین و ئەو رووخسارانەی کە ئەگەر مێدیا نەبوایە قەت نەماندەبینین. پێوەندیسازکردن وەها لە ژیانی ئێمەدا ناخێنەکراوە کە ئەمرۆ بووەتە بەشێک لە رەفتاری کولتوری ئێمە و ناسنامەی هەر کامێکمان بەپێی ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیانە[13] پێناسە دەکرێت، کە تێیاندا چالاکین. قەت مرۆڤ بە رادەی ئەم سەردەمە نەبووە بە سوبژە و عاملیەتی[14] مرۆڤ قەت هێندە بەهێز نەبووە. بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر مۆبایل، ئینتەرنێت، تەلەڤیزیۆن و هتد کراون، یەک بە یەکی ئێمە جیهانێکین. ئەمرۆ هەر جووڵەیەکی ئێمە جیهانێک لە گەڵ خۆی دەجووڵێنێت چوونکە بیر و هەڵوێست و کردەوەکانمان، لە راستیدا بیر و هەڵوێست و کولتوری کۆمەڵێک مرۆڤی دیکەشە کە لەهەناوی هەمان تۆری کۆمەڵایەتیدا خۆیان پێناسە دەکەن کە ئێمە ئەندامین تێیدا. بە پێی بۆچوونی کارناسانی کۆمەڵایەتی، پێش ئەم سەردەمە مرۆڤ هەمیشە وەک ئوبژە لە بەرچاو گیراوە و لە سەردەمی میدیاتایزەیشندا عاملیەتی مرۆڤ لەدایک دەبێت. مەبەست لەعاملیەت چییە؟ یانی هەر کام لە ئێمە، لە قوژبنێکی ئەم جیهانەوە و لە رێگای تۆرەکۆمەڵایەتییەکانەوە؛ هۆکارێکین بۆ دەرکەوتە سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی، هزری و ئابوورییەکانی ژینگەی مرۆیی. یەکێک لە دەرکەوتەکانی مێدیاتایزاسیۆن، گەردەلوولی زانیارییە. هەموو رۆژێ لافاوی زانیاری بەسەرماندا دەرژێت و وای لێ کردووین کە مرۆڤی ئەم سەردەمە وەک مرۆڤی فرەزان ناوبانگ دەربکات. مێدیاتایزاسیۆن وەها پەرەی سەندووە کە تەنانەت باڵی بەسەر تێفکرینی ئاکادێمیکیشدا گرتووە. لەم سەردەمەدا ئاستی رۆشنبیری و بازنەی تێرم و زمانی زانستیی کەمخوێندەوارترن کاربەری ئینتەرنێت، تا ئاستی مامۆستایەکی زانکۆ بەربڵاو بووەتەوە و شرۆڤەکانیان چی وا لە کارناسانی بوارە جیاوازەکانی زانست کەمتر نین. مێدیاتایازاسیۆن ئەمرۆ کۆرسە زانستییەکانی لە ژوورە داخراوەکانی زانکۆ هێناوەتە دەر و لە یوتووب و لە رێگای پاکدەست، تێلەگرام و فەیسبووکەوە بڵاوی دەکاتەوە. زانستت گەرەکە؟ عەوداڵی مەدرەک و خۆرانان نیت؟ وەرە بۆ یوتووب کە دەریای زانست و مەعریفەیە و بە خۆرایی هەموو شتێ فێر دەبیت. فێربوون گرنگترین پاڵنەر و یەکێک لە غەریزەکانی مرۆڤە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن[15]، وەک دەبینین لەم سەردەمەدا مێدیاتایزاسیۆن کۆنترۆڵی ئەو غەریزەشی گرتووەتە دەست.
٢- دوو مەنتقی جیاواز
لە پێشەکی ئەم وتارەدا باسمان لە ئەجندای مێدیایی و ئەجندای سیاسی کرد. کاتێ دەڵێن ئەجندای میدیایی واتە ئەو بابەت و مژارانەی کە لە چوارچێوەی کار و بە پێی ئامانجی میدیا کلیشەبەندی دەکرێن. بە هەمان شێوە سیاسەتیش ئەجندای خۆی هەیە و فۆرم و ناوەرۆکی ئەجنداکەی جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەجندای میدیاییدا. کەوایە کاتێ باس لە ئەجندا دەکەین لە راستیدا باس لە دوو واقعی جیاواز دەکەین کە بەپێی دوو مەنتقی جیاواز کار دەکەن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ مەنتقی سیاسی و مەنتقی میدیایی بکەم، بەڵکوو رەهەندە جیاوازەکانی ئەو دوو منتقە روون بێتەوە.
١-٢ مەنتقی سیاسی
مەنتقی سیاسی[16] لە راستیدا دەبوایە لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسیدا پێناسە بکرێت. بەڵام لەم سەردەمەدا هزری سیاسی، مەنتقی سیاسیش دیاری دەکا و دواتر باسی جیاوازی نێوان فەلسەفە و هزری سیاسی دەکەم. مانای فەلسەفەی سیاسی و تایبەتمەندییە پڕنێوەرۆکەکانی بە پێی بۆچوونی لێو ستراوس (1988)، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەگەڵ سەردەمی «ئاتين»دا. واتە گشت کردەوە سیاسییەکان، یا لەپێناو گۆرانی دۆخی ئاراییدایە، یاخۆ بۆ پاراستنی دۆخی ئاراییە. ئامانجی هەوڵدان بۆ پاراستنی دۆخی ئارایی ئەوەیە کە نەهێڵێ دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی و تێکچوون بچێ. بەڵام ئامانجی گۆران، باشترکردنی دۆخی ئاراییە. کەوایە ئاراستەی گشت کردەوە سیاسییەکان بە پێی دوو چەمکی “باشتر بوون” و “خراپتر نەبوون” دەرواتە پێش. ئەگەر لە پێوەندی دال و مەدلوولدا پێناسەی باش یا خراپ بکەین، ئەوا “چاکە” وەک مەدلولێکی پڕواتای ئەو چەمکانە دێتە ئەژمار. کەوایە فەلسەفەی سیاسی گشت کردەوە سیاسییەکانی ئێمە بەرەو مەعریفەی “چاکە” رێنمایی دەکات. واتە ئاگا بوون لەمەر بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باش و بەم پێیە راهاتی فەلسەفەی سیاسی لە راستیدا دامەزراندنی ژینگەیەکە مرۆڤ تێیدا هەست بە «شادی» و بەختەوەری بکا. ئەگەر مەنتقی سیاسی لە چوارچێوەی وەها فەلسەفەیەکدا روون و شی کرابێتەوە، ئەجندا و رەفتاری سیاسییش بەرەو وەها مەعریفەیەک هەنگاو دەنێت کە مەیلی لە چاکە و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بەختیارە. کاتێ دەڵێین فەلسەفەی سیاسی، مەبەستەکەمان روونە، چوونکە ئەم لقە لە زانست بەشێکە لە تێگەیشتنی فەلسەفی. فەلسەفییە چوونکە مێتۆدی بەحس لەمەڕ سیاسەت بە پێی مەنتقی فەلسەفی دەچێتە پێش و سەرنج بە رەگی پرسە گشتییەکان دەدات. سیاسییە چوونکە ئەو مژارانەی کاری لەسەر دەکات پێوەندی بە تەعامولی رۆژانەوە هەیە کە ئاراستەکەی ژیانی سیاسییە (Strauss 1988). کەوایە پرسی فەلسەفەی سیاسی دەبێ جیاواز لە ئامانج و غایەتی سیاسەت نەبێت. خەونە بەرزەکانی مرۆڤ بۆ نموونە: ئازادی، عەداڵەت، ئاشتی، دەوڵەت، تەناهی و… لە راستیدا بەستێنی تێڕامانی فەلسەفەی سیاسییە.
بەڵام فەلسەفەی سیاسی بە بۆچوونی ستراوس دەبێ لە هزری سیاسی هەڵاوێردرێت. مەبستی ستراوس لە هزری سیاسی؛ تێڕامان لەمەڕ رای سیاسی و راڤە جیاوازەکانی سیاسەت و هەروەها ئوسوولە بنەماییەکانی رووکردی سیاسییە. کەوایە هزری سیاسی یانی، تێفکرین لەمەڕ هەلومەرجە سیاسییەکانی رۆژ کە دواجار هێڵ و بۆچوونی جیاوازی سیاسی لێدەکەوێتەوە، وەک ئەسوولی سیاسی هەڵوێستەیان لەسەر دەکرێت و، رای گشتی یاخۆ بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگا دەچنە پشت سەری وەها ئوسوولێکەوە (ibid). بەڵام دەرکەوتەی هزری سیاسی وایە کە هەمیشە تێکەڵاوێکە لە مەعریفەی سیاسی و گومانی سیاسی. ژینگەی سیاسەت لە هەوڵێکی بەردەوامدا بووە و هەشە؛ کە ئوسوول و هزری سیاسەت بەلای مەعریفەی سیاسەتدا پاڵ پێوەنێت، بەڵام تەنانەت لە دێمۆکراتیکترین ژینگەی سیاسیشدا جاری وایە لێکەوتەکانی سیاسەتکردن، ئەرێنی دەرناچن و کۆمەڵگای مەدەنی تووشی گومانی سیاسی دەکەن. ئەو شتەی کە ئەمرۆ وەک سیاسەت دەیناسین، فەلسەفەی سیاسی نییە، بەڵکە هزری سیاسییە کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، تادێ لق و پۆی لێدەبێتەوە و سرووشتییە کە مەنتقی سیاسیش بە پێی وەها رووکردێکی سیاسی دیاری بکرێت. کەوایە کاتێ باس لە مەنتقی سیاسی دەکەین لە راستیدا باس لە شێوازی بەحسی سیاسی دەکەین. مەنتقی سیاسی رووکردێکی کۆنکرێت نییە کە لە جێگای فەلسەفەی سیاسی دانیشێت، بەڵکە رووکردێکی پلاستیکییە و زۆرتر لە چوارچێوەی هزری سیاسیدا دەگونجێت. مەبەست لە رووکردی پلاستیکی ئەوەیە کە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ واقعەکان زیاتر نەرمی لە خۆی پیشان دەدات. پلاستیکی بوونی مەنتقی سیاسی بە مانای کشانەوە لەبەرامبەر دیاردە ئابستراکەکانیش نییە، بەڵکە یارمەتیمان دەدات کە لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دیاردە ئابستراکەکان، تووشی خەتای ئیستەدلالی نەبین و لە چوارچێوەی مەعریفەی سیاسیدا تێگەیشتنێکی ئوسوولی و رێسامەندمان بۆ وڵامدانەوە بە پرسەکانی رۆژ هەبێت.
٢-٢ مەنتقی مێدیایی
بۆ تێگەیشتن لە مەنتقی میدیایی، پێویست دەکات سەرنج بە کاردکری مێدیا و ئەو شرۆڤانە بدەین کە لەم پێناوەدا هاتوونە ئارا. هەڵبەت مەبەست لەوە نییە کە مێدیا فەلسەفەی نییە، بەڵکە لە ١٩٩٠ بەملاوە گرنگیدان بە مێدیا وەک لقێکی زانستی، زەروورەتی خوێندنەوەی فەلسەفیشی بۆ خۆش کردووە و کاری زۆر لەسەر کراوە. بەڵام خوێندنەوەی دیاردەناسی[17] لەمەڕ مێدیا، ئەگەرچی کورتیش بێ، ئێمە لە کۆمەڵێ تیۆری ئینتەزاعی و دژبەیەک دوور دەخاتەوە کە بەناوی فەلسەفەی مێدیا هاتۆتە ئاراوە.
مانای مێدیا لە وشەی “مێدیۆم” وەرگیراوە کە ماناکەی گەیاندن بە واسیتەیە. هەڵبەت کاتێ دەڵێین مێدیا لە راستیدا باس لە کۆی ئەو ئامێرانە دەکەین کە لە خزمەت گەیاندنی پەیام، زانیاری، ئاگاداری، کولتور، ناسنامە، بیر و باوەری کەس یاخۆ نیهادە کۆمەڵایەتییەکان دایە. کۆی ئەو نموونانە ئێمە لە تێرمێکی هەمەگیرتر نزیک دەکاتەوە بە ناوی رۆشنگەری. کەوایە یەکێک لە کارکردەکانی مێدیا رۆشنگەرییە. بەڵام لە سەدەی ١٩ و بەدوای داهێنانی کامێرای وێنەهەڵگرتن، کارکردێکی دیکە بۆ مێدیا زیاد دەبێت، واتە “تۆمار کردن” و پەرەدان بە «هێزی خەیاڵ». ئەم دیاردەیە بە پێی بۆچوونی والتێر بێنیامین: وەک ئینقلاب گۆڕانی لە تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ جیهان و راڤەی گۆرانکارییەکان پێک هێنا. ئەمە لەخۆیدا پێمان دەڵێت کە داهێنانی نوێ، یاخۆ تەکنیکی نوێ، واقعیەتی نوێش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. داهێنانەکانی سینەمایی لە نیوەی سەدەی بیستەمدا کارکردێکی نوێ بە مێدیا دەبەخشێ، واتە: داهێنانی “جیهانی ماتریس”. گۆنتێر آندێرس، یەکێک لە دیاردەناسەکانی ئاڵمان، کاتێ دەچێ بۆ ئامریکا لەگەڵ ئەزموونێکی نوێی راگەیاندن ئاشنا دەبێت. لەم سەفەرەدا و لە ریگای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکانی ئەمریکاوە لەگەڵ تەکنۆلۆژی مۆدێڕن لە کاری میدیادا و کارتێکەری مێدیا لەسەر جوانیناسی، ئاشنا دەبێت. یەکێک لەو شتانەی کە سەرنجی آندێرس بۆلای خۆی رادەکێشێت بەخشینی روخسارێکی حەقیقی بە نموودەکانی جوانیناسی بوو. گشت ئەو رووداوانەی لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانەوە بڵاو دەبوونەوە بە پێی وەهمێکی ئۆنتۆلۆژیک[18] دەردەکەوتن کە نە هەست بە بوونیان دەکەی و نە هەستیش بە نموودیان دەکەی. ئەم ماتریسە بەردەنگەکانی مێدیای تا ئاستی شیزۆفێرنییەکی دەسکرد پاڵ پێوە دەنا (Anders 1980). لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە ئیتر ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی نوێ ئاشنا دەبین کە مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەیە، واتە: مێدیاتایزینگ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە مرۆڤ چیدیکە ئازاد نییە لە هەڵبژاردندا. ئەگەر جاران ئێمە لە دەرەوەی میدیا بووین و مافی هەڵبژاردنمان هەبوو کە کەرەسەی مێدیامان هەبێت یا نا، ئەمرۆ مێدیا خزاوەتە نێو هەناوی ئێمە و بۆخۆشمان بەشێکین لە مێدیا. مێدیا لەم سەردەمەدا خەریکی گۆڕینی مرۆڤ بۆ سوژەیە. کەوایە ئەو کارکردانەی باسیان لێکرا لە راستیدا مەنتقی مێدیاش دیاری دەکەن.
٣-٢ مەنتقی مێدیایی لەهەمبەر مەنتقی سیاسیدا
بە پێویستی دەزانم لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی سترۆمباک، باسێکی کورت لەمەڕ هاودژیی نێوان مەنتقی مێدیایی و مەنتقی سیاسی بکەم. سەبارەت بە مەنتقی مێدیایی سترۆمباک دەڵێت: «مەنتقی مێدیایی، ئاماژەیەکە بۆ باندەستبوونی مێدیا لە ئامێر و تەکنیکەکانی راگەیاندندا و هەروەها چۆنایەتی خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ئەو رووداو و دیاردەنەی کە رۆڵیان لە مێژووسازیدا هەیە. شێواز، ئاراستەکردن و گێڕانەوەی مێژوو لە کاری مێدیاییدا بە پێی فۆرم، زمانی نۆیتراڵ و شرۆڤەی بێلایەنانە کار دەکات بەڵکوو لە ململانەی مەرجەعەکانی زانیاریدا باندەست بێ و خەڵک زیاتر متمانەیان پێبکەن» (Strömbäck 2008: 233). مەبەستی سترۆمباک لە گێرانەوەی مێژوویی لێرەدا؛ بەرپرس بوون لەمەڕ شێوازی گێڕانەوەی واقعە عەینییەکانی کۆمەڵگایە کە دواتر دەبن بە بەشێک لە کولتوور و مێژووی جیهان. مەنتقی مێدیایی بە پێی ئەجندای میدیایی کار دەکات کە سترۆمباک ئاماژە بە حەوت کارکردی مێدیایی بۆ وەها ئەجندایەک دەکات: پۆلاریزەکردن[19]، سادەسازی[20]، حەسیاسیەتسازی[21]، شەخسیکردنەوە[22]، بەرۆژەڤکردن[23]، کلیشەسازی[24] و هەروەها رۆماڵکردنی سیاسەت وەک گەمەیەکی ستراتیژیک کە سترۆمباک وەک «Horse race» پێناسەی دەکات، واتە پێشبڕکێی ئەسپەکان.
مەنتقی سیاسی بە پێی بۆچوونی سترۆمباک؛ لەدوای چارەسەری و زمانێکی سیاسی دەگەرێت بۆ ئەو کێشانەی کە لە چوارچێوەی ئەجندای سیاسیدا شرۆڤە و پێناسە دەکرێن. هەڵبەت نەخشەرێگای چارەسەریش بە پێی بەرنامە و رەفتاری سیاسی نیهادە سیاسییەکان دەچێتە پێشەوە. بێگوومان گرنگترین ئەکتەرەکانی چارەسەرکردن، حیزب و چالاکانی سیاسین و بەرنامەی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش بە پێی ئایدیالۆژی حیزبی ئەولەویەتبەندی دەکرێت. واتە دەبێ کام کێشەی سیاسی یا کۆمەڵایەتی پێش بخرێت و رێکارەکان بۆ چاکسازی چۆن دەبن (ibid).
وەک دەبینین مەودا و جیاوازی نێوان مەنتقی مێدیایی و مەنتقی سیاسی هەم لە باری ستروکتورییەوە و هەم لە باری نێوەرۆکەوە زۆر بەرچاوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە مەنتقی مێدیایی تێیدا باندەست بێت، مێدیا وەک ئەکتەری سەرەکی دەردەکەوێت بۆ کارتێکردن لەسەر پرسی دێمۆکراسی و هەروەها چەسپاندنی پێشمەرجەکانی لە ژینگەی سیاسیشدا. لەم سەردەمەدا رۆڵی مێدا چ راستەوخۆ چ ناراستەوخۆ و هەرواها چ ئەرێنی بێت یاخۆ نەرێنی، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەردەکەوێت؛ بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. لە زۆربەی وڵاتانی دێمۆکراتیک و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پرۆسەی مێدیاتایزینگ دەستی باڵای هەیە لە کاری راگەیاندندا، رادەی متمانەی خەڵک بە مێدیا روو لە هەڵکشانە. بەڵام یەکێک لە گرفتەکانی مێدیا لەو وڵاتانەی کە بە پرۆسەی مێدیاتایزینگدا تێدەپەرن، سەرچاوەکانی ماڵی مێدیاییە. هەتا مێدیا لە پرۆژە ئابوورییەکانی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەو رادەیە لە ماملەکانی لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکاندا دەستی باڵای دەبێت و لە مەرجەکانی گەمەی بازرگانیکردن بە زانیاری، رزگاری دەبێت و بەو رادەیە لە هێژمۆنی مەنتقی مێدیاییدا سەرکەوتوو دەبێت.
٤-٢- مۆدێلەکانی مێدیا
لەم بەشەی وتارەکەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە سێ مۆدێلی مێدیایی بکەم کە لەم سەردەمەدا وەک مۆدێل پێناسە کراون. هەڵبەت کاتێ دەڵێین مۆدێل لە راستیدا مەبەستمان لە سێ نەریتی میدیاییە و نموونەکانی دیکەی راگەیاندن لقێکن لەو سێ مۆدێلە. بۆ نموونە راگەیاندنی حیزبی، راگەیاندنی سێلیبریتی، راگەیاندنی بازار و هتد.
- مۆدێلی مێدیای پۆلاریزەکراو[25]
مێدیای پۆلاریزەکراو مۆدێلێکی میدیاییە کە بە زۆری لەو وڵاتانەدا کاری پێ دەکرێت کە سیستەمەکەی بە پێی «ئابووری دەوڵەتی» کار دەکات و حکوومەت دەستی ئاوەڵایە بۆ دەستێوەردان لە سیستەمی داد، ئابووری و تەنانەت نیهادە سیاسییەکانیش. ئەم چەشنە مێدیایە زۆرجار وەک مێدیای حکوومی باسیان لێ دەکەن، چوونکە راستەوخۆ سوبسید لە حکوومەت وەردەگرن. لە باری چۆنایەتیشەوە ئەم مۆدێلە لە مێدیا بەپێی رۆتین و هاوئاراستەیی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا پرۆگرامەکانی دادەرێژێت و مەودایەکی زۆری لەگەڵ رووکردی نوخبەگەرایانەدا هەیە. کادێری مێدیایی و بەتایبەت رۆژنامەوانەکان لەم مۆدێلەدا زۆر پرۆفێشیۆناڵ نین، هاودەنگی و هاوپەیمانی لە نێوان مێدیاکار و ئەکتەرە سیاسییەکاندا زۆر بە هێزە. مەنتقی مێدیایی لە وەها مێدیایەکدا زۆرتر بە پێی مەنتقی سیاسی کار دەکات و رۆتین و ئەجندای مێدیاش لەم مۆدێلەدا بە پێی گۆرانکاری لە ئاستی کارگێرانی باڵای مێدیا، دەگۆرێت. بۆ نموونە لە گەڵ گۆڕانی کابینەکانی حکوومی، گۆڕان لە بەرێوەبەرایەتی مێدیاکانیشدا دەکرێت و سرووشتییە کە ئەجندای مێدیایی بە پێەی سیاسەت و مشووری کابینەی نوێش دەستکاری دەکرێت.
- مۆدێلی مێدیای لیبەراڵ
لەو وڵاتانەیدا کە نەریتی دێمۆکراتیک زۆر بەهێزە و مێژوویەکی کۆنی لەگەڵ دێمۆکراسیدا هەیە، ئابووری ئازادە، پرۆسەی تاکگەرایی لە ئاستێکی بەرزدا گەشەی کردووە، ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری ناخێنەکراوە و هەوەها دەسەڵات بە پێی زۆرینەی دەنگوەرگرتن دەست بە دەست دەکرێ؛ مۆدێلی لیبەراڵ لە هەوێڵدایە. مێدیا نیهادێکی سەربەخۆیە کە لەژێر دەسەڵاتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵام مەنتقی بازرگانی لەم مۆدێلەدا زۆر بەهێزە. مێدیاکار لەم مۆدێلەدا زۆر پرۆفێشیۆناڵە، نێوەرۆکی رۆژنامە و راگەیاندنەکان بە بابەتی رۆژ، هەواڵی گشتپەسەند نێوئاخن کراون کە لەژێر سریمەی پلۆرالیزمی سیاسی و کولتورییە. مەنتقی مێدیایی لەم مۆدێلەدا نەک بەهێزە، تەنانەت باڵ بەسەر مەنتقی سیاسیشدا دەگرێت.
- مۆدێلی شەریکەیی باکووری[26] ئۆرووپا
ئەم مۆدێلەش وەک مۆدێلی لیبەراڵ لەو وڵاتانەدا گەشەی سەندووە کە رابردوویەکی دوور و درێژیان لەگەڵ نەریتی دێمۆکراتیک هەیە، سیستەمی داد لەو وڵاتانەدا نەک سەربەخۆیە بەڵکە زۆر بەهێزیشە و دواجار کۆدەنگی سیاسی[27] بە پێی ئوسوولی ئازادی رادەربرین و مافی بەشداری کردن لە سیاسەتدا دەچێتە پێش. کاراکتێرەکانی وەها مۆدێلێکی مێدیایی زۆر لە مۆدێلی مێدیای لیبەرال نزیکە، بەڵام ئەو شتەی کە لە مۆدێلی لیبەراڵیی جیای دەکاتەوە «سوبسید»ە کە حکوومەت چاوەدێری دەکات. هەڵبەت سوبسید لەم مۆدێلەدا بە پێچەوانەی مۆدێلی مێدیای پۆلاریزەکراو، لە بە بودجەی حکوومەتی دابین ناکرێت بەڵکە بە پێی کۆنتراکتێکی نیشتمانی لە خەڵک وەردەگیرێت بەڵکوو مێدیا و نێوەرۆکەکانی نێو راگەیاندنەکان نەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەت (هەر کەس دەزگای تەلەڤیزیۆن لەو وڵاتانە بکڕی، ساڵانە دەبێ ئابوونە بدا). سوبسیدی هاوڵاتیان وای کردووە کە ئەو مێدیایانە دەنگ خەڵک و پارێزەری هاوڵاتیان بن و لە نێوان ململانێی رەنگاڵە سیاسییەکاندا بێلایەن دەرکەون. لەم مۆدێلەدا مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی هاوتەریب و بە پێی ئێتیکی رۆژنامەگەری لە مێدیادا بەرچاو دەکەوێت. ئەم مۆدێلە لە وڵاتانی باکووری ئۆرووپا و بەتایبەت وڵاتانی سکاندیناڤیا کاری پێدەکرێ. هەڵبەت لێکۆڵینەوەکان دەری خستووە کە ئەم مۆدێلە تادێ لە مۆدێلی لیبەراڵی نزیکتر دەبێتەوە.
هەرکام لەو مۆدێلانەی کە بە کورتی پێناسەکران، نەک هەر ژێرمەجمووعەی خۆیان هەیە بەڵکە مەنتق و ئەجندای مۆدێلەکانی مێدیا بە پێی ئەو وڵاتانەی کە ئەو مۆدێلانەی تێدا پراکتیزە دەکرێت، باڵی بەسەر بەرچاوگە و ئاراستەی سۆسیال مێدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گرتووە. بەڵام بە پێی بۆچوونی توێژەرانی مێدیایی و کۆمەڵناسان کە لە بواری مێدیادا لێکۆڵینەوەیان کردووە، مەنتقی مێدیای لیبەرالیستی تادێ زیاتر پەرە دەستێنێت و کارتێکەریی لەسەر بەرچاوگەی مێدیایی مۆدێلەکانی دیکەش کردووە. ئەم پەرەسەندنە و پێشوەچوونی وەها مەنتقێکی مێدیایی، کە دواتر لە بەشی شرۆڤەکردنی مێدیاتایزینگدا ئاماژەی پێ دەدەم، پێوەندی بە بەربڵاوی پرۆسەی مێدیاتایزاسیۆنەوە هەیە. هەتا وڵاتان زیاتر دەکەونە ژێر سریمەی وەها مێتاپرۆسێسێک، مەنتق و ئەجندای مێدیاییش زیاتر مێدیاتایزە دەکرێت (Strömbäck 2008).
٣- دوو رووکردی مێدیای[28]
مێدیاتایزاسیۆن لەگەڵ خۆیدا دوو رووکردی مێدیایی بەرهەم هێناوە کە هەردووکیان بە پێی مەنتقێکی هاوباش و ئەجندایەکی هاوشێوە کار دەکەن. جیاوازییەکانی ئەو دوو رووکردە، پێوەندی بە بەستێنی سیاسی و کولتووری ئەو وڵاتانەوە هەیە کە مێدیا سەرپشک دەکا بۆ هەڵبژاردنی یەک لەو رووکردانە. ئەم جیاوازییە لە بەستێنی سیاسی و کولتوری، بە هۆی خێرایی و بەربەستەکانی سەر رێگای ئەو چوار مێتاپرۆسێسەی کە پێشتر ئاماژەم پێدا هەلدەسەنگێردرێت. تاچەند مێدیاتایزاسیۆن و مێتاپرۆسێسەکانی دیکە توانیویانە کار لە سیستەمی سیاسی و کولتووری ئەو وڵاتانە بەکەن، بەو رادەیە ئاراستە و رووکردی مێدیاییش گەشتر دەردەکەوێت. لێرەوە هەوڵدەدەم شرۆڤە بۆ تیۆری مێدیاتایزینگ و تیۆری جەغزی داخراو لە کاری مێدیاییدا بکەم.
١-٣- مێدیاتایزینگ
سەبارەت بە مێدیاتایزینگ لێکدانەوەی جیاواز هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش لە گشت شرۆڤەکان ئەوەیە کە لە حەوزەی گشتیدا کێ دەسەڵاتی زیاتر بێت ئەوا دەستی باڵای لە دیاری کردنی پێشمەرجەکانی[29] رۆژ دەبێت. بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دوو ئەکتەر لە ئارادایە: مێدیا و سیاسەتوان. لە بۆچوونی زۆربەی توێژەران و کارناساندا، ئاماژە بە مێدیا کراوە کە لەچاو سێکتۆرەکانی دیکە دەسەڵاتی زیاترە بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی بخاتە چەقی پرسی رۆژەوە. لەم بەشەدا تیشکێکی زیاتر دەخرێتە سەر ئەم بۆچوونە.
چەمکی مێدیاتایزینگ لەخۆیدا هۆکارێکە بۆ زۆر پرسی لێکاڵاو. هێندێک ئەم چەمکەیان لەگەڵ چەمکی «مێدیاییکردن[30]» لێ تێک دەچێت. مانای میدیاییکردن لە راستیدا پێوەندی بە کۆمۆنیکاسیۆنەوە هەیە، واتە لەبری ئەوەی خەڵک و نیهادە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەگەڵ یەک بەرەوروو ببنەوە، مێدیا لەنێوانیاندا و لە رێگای تەکنۆلۆژیای گەیاندنەوە ئەم بەرەورووبوونەوەیە ساز دەکات. بەڵام مێدیاتایزینگ دیاردەیەکی پرۆسەمەندە، واتە کاتێ دەڵێین کۆمەڵگا میدیاتایز کراوە، مەبەست ئەوەیە کە مەنتقی مێدیایی کاریگەری لەسەر گشت رەهەندەکانی کۆمەڵگا هەیە. کەوایە کاتێ باس لە مێدیاتایزینگ دەکەین لە راستیدا ئاماژە بە ململانەی نێوان دوو ئەکتەری سەرەکی دەکەین کە هەرکامیان هەوڵ دەدات دەسەڵات و قورسایی خۆی لەسەر کۆمەڵگا بچەسپێنێت. وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا؛ ئەم دوو ئەکتەرە مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانن. هەتا مەنتقی مێدیایی بەسەر رای گشتیدا زاڵ بێت، بەو رادەیە سەربەخۆیی مێدیا زیاتر دەسەلمێندرێت و ئەم دۆخە لە راستیدا ئاماژەیەکە بەوەی کە ئەو کۆمەڵگایە تاچەند مێدیاتایز کراوە. بەڵام مێدیا ناچارە لەگەڵ سێکتۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە پێوەندیدا بێت، بۆ نموونە ئەکتەرە سیاسییەکان. سازدانی هاوپەیوەندی لە نێوان مێدیا و سێکتورەکانی دیکە زۆرجار وا دەکات کە ئەو هاوپەیوەندییە تا ئاستی هاوئاراستەییش بچێتە پێش.
بە چاوخشاندنێک بەو پێوەندییانەی کە لە نێوان مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکاندا هەیە، بۆمان روون دەبێتەوە کە بە رواڵەت بەستراوەییەک لەنێوانیاندا هەست پێدەکرێت. هەڵبەت ئەم بەستراوەییە بە پێی مەنتقی «داواودان[31]» کار دەکات، واتە ئەکتەرە سیاسییەکان تاچەند کۆنترۆڵیان بەسەر ئەو زانیاریانەوە هەیە کە مێدیا بۆی گرنگە و بەدوایدا دەگەڕێت و هەروەها، ئەو مێدیایە تاچەند لە رۆژەڤدایە و رێژەی بینەر و بیسەرانی تاچەند بەرزبۆتەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان ناچار بن ماملە لەگەڵ ئەو ناوەندی مێدیاییە بکەن. بە پێی بۆچوونی توربیۆرنسروود، زانیاری کەم و شرۆڤەی لاوازی ئەکتەرە سیاسییەکان لە لایەک و، ناوبانگی کەم و کارایی نزمی مێدیا لە لاکەی دیکە، دەتوانن ئەو باڵانسە بە زەرەری ئەکتەرە سیاسییەکان تێک بدات چوونکە لە راگەیاندندا رۆڵی پاسیڤی دەبێت. یەکێک لە گرفتەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان ئەوەیە کە کۆمەڵگای مۆدێڕن تادێ روو لە ئێکسپێرتگەرایی دەکات و خوێندنەوە و شرۆڤەی کارناسیانە گرنگیی زیاتری پێدەدرێت. ئەم دۆخە وای کردووە کە کارناس و توێژەران لە رۆژەڤدا بن و وەک مەرجەع و رەقیبێکی جیددی لەهەمبەر ئەکتەرە سیاسییەکان دەرکەون. دەرکەوتنی وەها رەقیبێکی جیددی کە بە پێی مەنتقی مێدیایی خوێندنەوە بۆ دیاردە و رووداوەکان دەکات، بە پێی بۆچوونی توربیۆرنسروود، ئەکتەرە سیاسییەکان ناچار دەکات زیاتر بخزێتە ژێر باڵی رێسا و مەنتقی مدیاتایزینگ و سرووشتییە کە مێدیا دەستی ئاوەڵاتر دەبێت بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی بخاتە چەقی باسی رۆژەوە. ئەم رەوەندە هەمیشە لە هەڵکشاندایە و مێدیا زیاتر و خێراتر لە جاران لە هەجمەی سیاسی دوور دەکەوێتەوە (Thorbjørnsrud 2009). دەربازبوون لە کەشی سیاسی، بە پێی بۆچوونی سترۆمباک بە چوار فازی جیاوازدا تێدەپەرێ کە لەم بەشەدا ئاماژەیان پێ دەدەم. سەرەتا پێویست دەکا پێوەرەکانی مێدیاتایزینگ دیاری بکەین بەڵکوو کاراسانی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو چوار فازەمان بۆ بکات.
٢-١-٣- چوار پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی مێدیاتایزینگ
بەر لەوەی ئاماژە بەو چوار فازە بدەم بە پێویستی دەزانم لەژێر تیشکی بۆچوونەکانی سترۆمباک، باسێکی کورت لەمەڕ چوار پێوەر بکەم بۆ هەڵسەنگادنی رووکردی مێدیایی. ئەم چوار پێوەرە یارمەتیمان دەدا کە بزانین دەزگاکانی راگەیاندن لە کام فازی مێدیاتایزینگ نزیکترن. سترۆمباک چوار پێوەر دیاری دەکات کە لەو فیگوورەی خوارەوەدا پیشانی دەدەم.

سرووشتییە کە هەتا مێدیا زیاتر بەلای چەپدا بکەوێت، سیاسەت زۆرتر دەچێتە کانوونی راگەیاندن. ئەم فیگورە و بۆچوونەکانی سترۆمباک لەمبارەوە تا رادەیەک زۆر ئابستراکن، چوونکە لە زۆر قۆناغدا پاراسەنگەکان هێندەش فیکس نین و هێندێ پاڵنەری دیکە هەن کە لەم پێوەرانەدا پێشبینی نەکراون. پرسی ئایدیالۆژی و ئیرادەگەرایی، توانامەندییەکانی بەشداریکردن[32] و دیاردەی جووتستاندارد کە ئەکتەرەکان تا ئاستی جووتباوەری[33] دادەبەزێن، وەک نموونە لەم پێوەرانەدا جێگایان بەتاڵە. جووتباوەری یەکێکە لەو رەفتارانەی کە لەم سەردەمەدا بۆتە دیاردە، واتە ئەکتەرەکان سەرەرای ئەوە کە باوەریان بە مەرجەکانی مێدیاتایزینگ هەیە، لە هەمانحاڵدا و لە دۆخی تایبەتدا ئامادەگی ئەوەیان هەیە بە پێچەوانەی مەرجەکانی مێدیاتایزینگ بجووڵێنەوە. بەهەرحال ئەو شتانە بە بۆچوونی من جێگای لەو چوار پێوەرەدا بەتاڵە. ئەم فیگوورە سنوورەکانی ئەو چوار فازەی مێدیاتایزینگ دیاری دەکەن کە لە خوارەوە دێنە بەر باس.
٣-١-٣- فازەکانی مێدیاتایزینگ
- فازی یەکەم پێوەندی بە متمانەسازییەوە هەیە، واتە تاچەند مێدیا وەک سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو چاو لێدەکرێت. بێلایەنبوون و هاوئاراستە نەبوونی مێدیا لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکان مەرجێکی گرنگە بۆ متمانەسازی. لای خەڵک زۆر گرنگە ببینن کە مێدیا نەک مەودای لەگەڵ ئەکتەرە سیاسیەکان هەیە بەڵکە ئینتمای سیاسیشی نییە. بێلایەنی وا دەکات کە مێدیا بە وردی بەدواداچوون بۆ دەستە شاراوەکانی پشت سیاسەت بکەن. هەر ناوەندێکی مێدیایی، هەم لەباری ئایدیالۆژی و هەم لەباری رووکردییەوە مەودا لە لایەنە سیاسییەکان بگرێت، خەڵک زیاتر رووی تێ دەکەن و وەک سەرچاوەیەکی مەشرووع بۆ زانیاری متمانەیان پێ دەکەن. کەوایە هەتا مێدیا بەرەو فرەدەنگی بڕوات و ببێتە مەیدانی ململانێی بۆچوونی جیاواز، ئەوا ئەم فازە ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. لەم فازەدا مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی هاوسەنگن، بەڵام مێدیا هەوڵدەدا بێلایەن دەردەکەوێت.
- لە فازی دووهەمدا مێدیا هەروا یەکێکە لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکانی زانیاری، بەڵام هەنگاوێ زیاتر هەڵکشاوە، واتە کەمتر لەژێر کۆنترۆڵی مەنتقی سیاسیدایە. لەم فازەدا و لەچاو فازی یەکەم، مەنتقی مێدیایی تۆختر دەردەکەوێت. بۆ گەنگەشەکردنی بابەتی رۆژ و بازرگانیکردن بە زانیارییەکان، رێژەی بەشدارکردنی ئەکتەرە سیاسییەکان کەمتر نییە، بەڵام تەکنیکی رێپۆرتاژ و چوارچێوەی پرسیارەکان وەها دارێژراون کە بەردەنگەکانی مێدیا و تەنانەت ئەکتەرە سیاسییەکانیش (واتە شەقامی گشتی) خۆیانی تێدا دەبینەوە و وەک هاوڵاتییەکی ئازاد داوەری لەسەر پرۆگرامەکانی مێدیا دەکەن. ئەو شتەی لەم فازەدا بە روونی دەردەکەوێت ئەوەیە کە مێدیا هەوڵ دەدات مێدیۆم بێت و پێوەندی لە نێوان خەڵک و سیاسەتواندا چێ بکات.
- لە فازی سێهەمدا مێدیا وەک نیهادێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت. ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن بۆ گەیاندی پەیام و ئەجندای کاری سیاسی حیزب، خۆیان لەگەڵ چوارچێوەکانی مەنتقی مێدیایی بگوونجێنن. شەر بۆ هێژمۆنی و سەپاندنی مەنتقی سیاسی لەم فازەدا دەبێتە هۆی تەریکبوونی ئەکتەری سیاسی، بە چەشنێک کە بە تەوای لە رۆژەڤدا نامێنێت. بە کورتی و بە کوردی؛ ئەکتەری سیاسی لەم فازەدا چاولەبەری مێدیایە. سەربەخۆیی مێدیا لەم فازەدا مەجال بە مدیاکار دەدات کە لە کۆنتێکستدا دەرکەوێت. ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی کە لە پەراوێزی مێدیادان، دەبێ زۆر مایە دابنێن بۆ ئەوەی لە پەراوێزەوە بێنە نێو کۆنتێکستەکە. بۆ سەرکەوتن لەم دۆخەدا ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن رەچاوی مەنتق و ئەجندای مێدیایی بکەن. ئەگەر حیزب یا لایەنێکی سیاسی بەتەما بێت بانگەشە بۆ خۆی بکات، دەبێ ئەو ناوەندە مێدیاییانە فەرامۆش بکەن کە لە فازی سێهەمدان. ئیدەئالی مێدیا لەم فازەدا ئەوەیە کە وەک دەسەڵاتی چوارەم دەرکەوێت، بەتایبەت کە ئەجندای مێدیا لەم فازەدا وەها دارێژراوە کە وەک پارێزەری کۆمەڵگای مەدەنی دەرکەون و لە کاتی ململانێ سیاسییەکان و بەتایبەت هەڵبژاردندا کار بۆ شەفافسازی کۆمەڵگا دەکەن. مێدیای فازی سێهەم هەمیشە سەرئێشەیان بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان زیاترە.
- لە فازی چوارەمدا مێدیا بۆخی ئەکتەرێکی سەربەخۆیە لە راگەیاندن و چەمکسازییدا. بەردەنگەکان لە چاوی کانالەکانی مێدیاوە نەک هەر سەیری واقعەکانی جیهان دەکەن، بەڵکە بە پێی پرۆسەی ناسنامەسازیی مێدیا، بە جیهانبینی و وێنەی خۆشیاندا دەچنەوە. رۆڵی ئەکتەرە سیاسییەکان لە رێکخستنی خەڵک بە رادەیەک کەم دەبێتەوە کە تەنانەت ماهیەتی حیزبیش دەچێتە ژیر پرسیارەوە. ئەمرۆ مێدیا زۆرترین رۆڵی هەیە لە رایەڵکەبەندی و رێکخستنی جەماوەری و باشترین مەرجەعن بۆ زانیاری، هەواڵ، کولتور و ناساندنی ئیدەی نوێ. ئەکتەرە سیاسییەکان لەم فازەدا هەر بە پێی رەچاوکردنی مەنتقی مێدیایی دەرناکەون، بەڵکە بۆخۆشیان دەبن بە بەشێک لە مەنتقی مێدیایی. بەو جۆرەی من لە مەبەستەکەی سترۆمباک تێگەیشتووم، مێدیا وەک هێزێکی کۆلۆنالیست هەم مەیدانی کاری سیاسەت داگیر دەکات و هەم لە دارشتنی واقعی سیاسیشدا رۆڵ دەگێرێت.
٤-١-٣- مێدیای گشتپەسەند[34]
راگەیاندن بۆ ئەکتەرە سیاسییەکان وەک دەریا وایە بۆ ماسی. بە تایبەت لەم سەردەمەدا کە دەستراگەیشتن بە جەماوەر و سازدانی میتینگی سیاسی رۆژ لە دوای رۆژ دژوارتر دەبێت. کەوایە زەروورەتی دەرکەوتن لە مێدیاکاندا بۆ حیزب و ئەکتەرە سیاسییەکانیش تادێ گرنگتر دەبێت. ئەکتەرە سیاسییەکان لە رێگای مێدیاوە هەوڵ دەدەن پەیام و ئەجندا سیاسییەکانی خۆیان رابگەیەنن و بۆ ئەم مەبەستەش وەک پێشتر باسمان کرد، زۆر بۆیان گرنگە کە مەنتقی سیاسی بەسەر مەنتقی مێدیاییدا زاڵ بێت. بەو پێناسەی کە لە فازەکانی مێدیاتایزینگدا هاتە بەر باس، شانسی زاڵ بوونی مەنتقی سیاسی، بە تایبەت لە فازی سێهەم و چوارەمدا، زۆر کەمە. بەرواڵەت باشترین بەستێنی مێدیایی بۆ ململانەی مەنتقی سیاسی و مەنتقی مێدیایی، ئەو راگەیاندنانەن کە لە فازی دووهەم و بە تایبەت فازی یەکەمی مێدیاتایزینگدا پێناسە دەکرێن. بەڵام ئەو دوو فازەش گرفتی خۆی هەیە و یەکێک لە گرفتەکان پرەنسیبی بێلایەن بوون و زمانی نۆیتراڵی مێدیاییە. واتە ئەگەرچی هاوسەنگییەک هەیە لە نێوان مەنتقی سیاسی و مێدیایی، بەڵام مێدیا ناتوانێ ببێت بە تریبوونی ئەکتەرە سیاسییەکان.
لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە هەجمەی دامەزراندنی مێدیای گشتپەسەند دەستی پێ کرد و لە راستیدا لە ئاکامی دەرکەوتنی ئەو چوار مێتاپرۆسێسانە بوو کە پێشتر باسمان کرد. وەک پێشتر باسمان کرد پرۆسەی بەجیهانیکردن، تاکگەراییکردن، بازرگانیکردن و مێدیاتایزاسیۆن وەهایە کە مرۆڤی ئەم سەردەمە پتر لە جاران نێتوەرکیزە بکرێت و لە ئاکامدا سنوورە جوگرافیاییەکانی بەزاندووە. سرووشتییە کە مێدیاکانیش نێتوەرکیزە بکرێن و فرەمێدیایی لە خۆیدا دەرکەوتەی وەها پارادایمێکە. یەکێک لە دەرکەوتەکانی نێتوەرکیزبوون ئەوەیە کە مرۆڤ بەپێی مشوور و رووکردی کولتووری دابەش دەکا و بەم هۆیە کاریگەری کردووەتە لەسەر دێمۆکراتیزەکردنی کولتوور، وەها کە پرسی دایکۆتۆمی «گشتپەسەند» و «تایبەتپەسەند» نەک وەک دوو هاودژ بەڵکە وەک دوو رووکردی کولتووری دەردەکەون کە زۆرجار بە شێوەیەکی دێمۆکراتیک تەعاموولیشیان پێکەوە هەیە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مێدیای گشتپەسەند ئەوەیە کە رووکردی هەستیارانە و لە هەمان کاتدا کەسپەرەستی لە کار و پرۆگرامەکانیدا بەهێزە. بە پێی بۆچوونی توربیۆرنسروود ئەم مۆدێلە لە میدیا مەودایەکی زۆری لەگەڵ روانگە و خوێندنەوەی نوخبەگەرایانەدا هەیە و زیاتر خۆیان بە بابەتی مێلۆدراماتیکەوە سەرقاڵ دەکەن. کاتێ پرسی سیاسی لە وەها مێدیایەکدا دەبێت بە پرسی رۆژ، بە شێوەیەکی رووکەشیانە و بە تامی گشتپەسەندانە، ئاراستەی بەردەنگەکانی دەکرێت (Thorbjørnsrud 2009: 47). هەر بۆیە ناوەرۆکی هەواڵ و رووداوە گرنگەکان وەها دادەرێژرێت کە تێکەڵاوێک بێت لە رێپۆرتاژ، زانیاری سەرقاڵکەرانە[35] و ئەو شتەی کە توربیۆرنسروود وەک «Soft News» ناوی دەبات.
زۆر یەک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و مێدیایی پێیان وایە پرسی سیاسی لە مێدیای گشتپەسەندا لە رادەبەدەر شەخسی کراوەتەوە و زیاتر بەلای ئاژاوەنانەوەدا دەرۆن. واتە بە هێنانە ئارای ناکۆکی و ئاڵۆزی نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان، مەجالی سەرقاڵکردن بۆ بەردەنگەکانی دەرەخسێنێت. لیزبێت ڤان (2005) یەکێکە لەو توێژەرانەی کە پێی وایە مێدیای گشتپەسەند توانیویەتی مەودای نێوان ئەکتەرە سیاسیەکان و شەقام کەم بکاتەوە و هەروەها پاڵنەرێکی باشە بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریی خەڵک لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا. یەکێک لەو ڤاریابڵانە کە لە تێزەکەی لیزبێتدا زۆرتر پێداگریی لەسەر کراوە؛ کاریزمای ئەکتەرە سیاسییەکان و چۆنایەتی دەرکەوتنیان لە مێدیایە. بە پێی ئامارەکانی نێو توێژینەوەکەی لیزبێت سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئامریکا، پرسی متمانە خەڵک لەمەڕ ئەکەتەرە سیاسییەکان بە پێی پلاتفۆرم و هێڵی سیاسی ئەکتەرەکان بەرز و نزم نابێ، چوونکە بەردەنگەکانی مێدیای گشتپەسەند نە کاتی ئەوەیان هەیە بەرنامە سیاسییەکان بخوێننەوە و نە هێندە ئاگایی سیاسییان بەرزە کە بە چاوی رەخنەگرانە بەو پلاتفۆرمانەدا بچنەوە. کەوایە مێدیای گشتپەسەند لە رێگای شەخسیکردنی پرسەکانی رۆژ و هەستیارکردنی پرۆگرامەکانی، وێنەیەکی ئەرێنی لە ئەکتەرە سیاسیییەکان دەدات بە دەستەوە کە خەڵک خێراتر متمانەیان پبکەن. بەرنامەی سیاسی حیزب یاخۆ هێڵی سیاسی ئەکتەرەکان نە لە توانایدایە وەها وێنەیەک یاخۆ وەها رووکارێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان بدات بەدەستەوە و نە لە ئەجنداشیاندایە، کەوایە مێدیای گشتپەسەند باشترین بەستێنە بۆ سازکردنی وەها وێنەیەک (ibid).
ئەو شتەی کە بە بۆچوونی من لە توێژینەوەکەی لیزبێتدا بە روونی دەبیندرێت ئەوەیە کە ئەگەرچی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیای گشتپەسەندا شانسی خۆرانانیان زیاترە، بەڵام مەنتقی سیاسی دیسان لەژێر سێبەری مەنتقی مێدیاییدا بزر دەبێت. لە وەها دۆخێکدا هەم سیاسەت وەک دیاردەیەکی رووکەشیانە دەردەکەوێت و هەم تا ئاستی سەرقاڵیییەکانی کولتووری گشتپەسەند دادەبەزێت. ئەم دیاردەیە نەک بە پێچەوانەی پرستیژ و کاراکتێری سیاسی ئەکتەرەکانە و بەڵکە زۆر لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیش بێگانەیە.
٥-١-٣- گەردەنەی مێدیاتایزینگ
رۆڵی پاسیڤی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیای گشتپەسەندا، لەبەر چاوی واقعبینانەی ئەکتەرە سیاسییەکان شاراوە نییە. وەک لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسم کرد، پێوەندی نێوان مێدیا و سیاسەت وەک دوو ئەکتەری گرنگی کۆمەڵگا – ئەگەرچی زۆرجار وەک رەقیب دەردەکەون، بەڵام پێوەندییەکی دیالیکتیکییە. نە مێدیا دەتوانێ چاوپۆشی لە رۆڵی سیاسەت بکات و نە سیاسەت بە بێ مێدیا دەتوانێ رۆڵی لە کۆمەڵگادا هەبێت. کەوایە گرفتە سەرەکییەکە مەنتق و ئەجندای ئەو دوو ئەکتەرەیە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەریەککەوتن. بەڵام پێویستە ئەو واقەعیەتەش لەبەرچاو بگرین کە ململانەی نێوان ئەجندا و مەنتقی ئەو دوو ئەکتەرە، پێوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە و پێویست دەکات بە تیۆریی دەسەڵات شرۆڤە بکرێت. چوونکە ململانەکە لە پێناو ئەوەدایە کە کێ پێشمەرجەکانی رۆژ دەخاتە چەقی مەیدانەوە. پێشتر باسمان لە نەریتی هابزی و نەریتی لاکی بۆ رووکردی سیاسی و پرسی دەسەڵات کرد و باسمان لەوە کرد کە نەریتی تەعاموولگەرایی (نەریتی لاک) تادێ زۆرتر پەرە دەستێنێت و رۆڵی مێدیا لە پەرەدانی وەها رووکردێکی سیاسی و کولتووریدا زۆر گرنگ بوو. مێدیاتایزاسیۆن لە راستیدا نەک بەرهەمی وەها رووکردێکی کولتوورییە بەڵکە زەرووریەتیش بوو. لەگەڵ پەرەسەندنی مێدیاتایزینگ، ئەکتەرە سیاسییەکانیش وەک گشت رەهەندەکانی کۆمەڵگای جیهانی، بەشێکن لەو مێتاپرۆسێسە و سرووشتییە کە ناتوانن لە دەرەوەی وەها پرۆسەیەک بن. کەواتە سیاسەتیش رۆژ لە دوای رۆژ مدیاتایزەتر دەبێتەوە و ئەم رەوەندە کار لە مەنتقی سیاسیش دەکات. یەکێک لە کارتێکەرییەکانی مێدیاتایزینگ لەسەر ئەکتەرە سیاسییەکان، شێوازی تەعامولی ئەوان لەگەڵ مەنتقی مێدیاییە. مۆلدسکرێد لە توێژینەوەیەکدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی راوێژکارانی مێدیایی بۆ ئەکتەرە سیاسییەکانی وڵاتی نۆروێژ دەکات و دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٥ تا ساڵی ٢٠٠٨ رێژەی راوێژکارانی مێدیایی لە پارلمانی نۆروێژ، لە ٨٥ کەسەوە بۆ ١٩٢ کەس بەرز بووەتەوە (Moldskred 2010: 46). بەرزبوونەوەی هەژماری راوێژکارانی مێدیا لە راستیدا پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیریی، پسپۆربوون لە بەشداریکردنی دیبەیت و شرۆڤەکردنی بابەتەکانی رۆژ و هەروەها رۆڵگێرانی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیادا هەیە. بەرزبوونەوەی شارەزایی ئەکتەرە سیاسییەکان لەمەڕ مەنتقی مێدیایی هەر ئەدەبیاتی مێدیایی ناگرێتەوە، بەڵکە دیاردەی لەشزمانییش[36] دەگرێتەوە کە لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە بۆ دەرکەوتن لە مێدیادا. چوونکە مەنتقی مێدیایی، روانگەی سیاسی و هەروەها کولتووری تەعامولگەرایانەی مێدیا توانیویەتی کاریزمای ئەکتەرە سیاسییەکان بەرەو پێرفۆرمانسی ئەکتەرە سیاسییەکان بگۆرێ. ئەم پێشوەچوونە یانی گەمەکردن لە مەیدانی مەنتقی مێدیایی بە قازانجی مەنتقی سیاسی.
بەرزبوونەوەی رێژەی راوێژکارانی مێدیایی لە راستیدا یەکێکە لە تاکتیکەکانی ئەکتەرە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی مەنتقی مێدیاییدا رۆڵێکی باشتر بگێرن. یەکێک لەو شتانەی کە وەها تواناییەکی بە ئەکتەرە سیاسییەکان داوە، ئەوەیە کە حیزبی سیاسی زیاتر لە جاران بیر لە شایستەسالاری دەکاتەوە و هەوڵ دەدات قەوارەی رێبەرایەتی حیزب لە پاوانی کادێری سیاسی رزگار بکات و جێگا بۆ کەسانی پسپۆر و کارناس بکاتەوە لە ناوەندی بڕیاڕدانی حیزبدا. زۆر بوونی راوێژکارانی مێدیایی و زۆر بوونی کارناسانی بوارە جیاوازە زانستییەکان، دەستی ئەکتەرە سیاسییەکانی ئاوەڵاتر کردووە کە لە شرۆڤەکردنی پرسی رۆژ لە مێدیادا دەستی باڵایان هەبێ. ئەم پێشوەچوونە بە رادەیەکە کە زۆرجار زانیاری و بەڵگەی ئەکتەرە سیاسییەکان، مەیدان بە روانگەی رەخنەگەرانەی مێدیا تەنگ دەکات و کەمتر لە داوی پرسیارە ئالۆزاوەکانی مێدیاکار دەکەون (Thorbjørnsrud 2009: 51). کەوایە ئێکسپەرتگەرایی یاخۆ پسپۆربوون یەکێکە لە مەرجەکانی سەرکەوتن بە جادە پڕ لە پێچەکانی گەردەنەی میدیاتایزینگ.
بەشێک لە توێژەران باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی ئاستی پسپۆربوونی ئەکتەرە سیاسییەکان لەمر روانینی رۆژ و هەروەها سیاسەتی کۆنترۆڵی زانیاری، توانیوەیەتی لە زۆر قۆناغدا مەنتقی سیاسی بەسەر مەنتقی مێدیاییدا زاڵ بکات و بەم کارە ئەکتەرە سیاسییەکان پێش مێدیا دەکەونەوە بۆ لە رۆژەڤ خستنی پێشمەرجەکانی رۆژ (ibid). ئەو پێشبڕکێیە لە راستیدا پێوەندی بە روانگەی رێئالپۆلیتیکی ئەکتەرە سیاسییەکانەوە هەیە. تەنانەت لە زۆر یەک لە وڵاتانی دێمۆکراتیکیش وەها روانگەیەکی تەعامولگەرایانە لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان و مێدیا دانەمەزراوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ بەشێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان نایسەلمێنن کە مەنتقی سیاسی دەبێت لە تەعاموول لەگەڵ مەنتقی مێدیاییدا گەشە بکات و پەرە بستێنێت. کاتێ ئەکتەرە سیاسییەکان بەم ئاکامە ناگەن، سرووشتییە کە دەرکەوتنیان کەمرەنگتر و پەیامە سیاسییەکانیشیان لە رۆژەڤدا نامێنێت.
٤- تیۆری جەغزی داخراو
پێشتر لەگەڵ دوو مەنتقی جیاواز و دوو ئەجندای جیاوازدا ئاشنا بووین کە هۆکاری ململانەی نێوان ئەکتەری سیاسی و ئەکتەری مێدیای بوون. هەڵبەت ئەو جیاوازییە نەک هەر لە روانگەوە بۆ مێتۆد، بەڵکە لە نۆرمەوە بۆ کارکردیش دیار بوو. فرەدەنگی لە ئەجندای مێدیادایە و کۆدەنگی لە ئەجندای سیاسەتدا، مێدیا هەوڵ بۆ سادەسازی پرسی رۆژ دەدات و ئەکتەری سیاسی کار لەسەر پرۆژەی درێژخایەن و پرسە لێکاڵاوەکان دەکات. مێدیا کار بۆ بەکۆنکرێت کردنی دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکات و ئەکتەری سیاسی دیاردەکان بە روانینێکی ئابستراکەوە راڤە دەکات و دواجار مێدیا خەریکی شەخسیسازی سیاسەتە و ئەکتەری سیاسی کار بۆ پرۆگرامی حیزبی دەکات. لە راستیدا دایکۆتۆمی مێدیا – سیاسەت، بەرهەمی روانگەی تیۆریی مێدیاتایزینگە کە زۆرجار مێدیا و سیاسەت شاخ بە شاخ دەکات و خەڵکیش لە دەرەوەی وەها ململانەیەک چاوەدێریی دەکەن. لە تیۆری جەغزی داخراودا کۆنتراستی نێوان مێدیا و سیاسەت نەک کەمرەنگترە بەڵکە زۆرجار وەک هاوپەیمان و هاوئاراستە لە بەرانبەر خەڵکدا دەردەکەون. بۆ تیشک خستنەسەر ئەو تیۆرییە، خوێندنەوەیەک بۆ بۆچوونەکانی ئاندێرسن[37] دەکەم کە لە توژینەوەکانی داڵتۆن و وێتەنبەرگ دا (2000) بە ووردی شیکراوەتەوە.
ئاندێرسن ئاراستەی کۆنتراستی مێدیا – سیاسەتوان بەرەو کۆنتراستی جەماەر لە لایەک و دووانەی مێدیا \سیاسەت لەلایەکی دیکە دەگۆڕێت. ئەم بۆچوونە لە راستیدا پێوەندی بە پارادایم شیفتێک هەیە کە گۆڕانێکی بنچینەیی لە فۆرم و هەروەها نێوەرۆکی چەمکی حیزب وەک نیهادێکی سیاسی پێک هێناوە. دیاردەی «حیزبی جەماوەری[38]» لەم پارادایم شیفتەدا بەرەو دیاردەی «حیزبی مێدیایی[39]» دەگۆردرێت.
حیزبی جەماوەری لە راستیدا تێرمێکی ئاکادێمیکە و کاتی خۆی «مۆریس دۆریس[40]» لە ساڵی ١٩٦٣ و لە توێژینەوەکانی خۆیدا دەکاری دەکرد. بە پێی بۆچوونی مۆریس؛ حیزب نمادی بزووتنەوەیەکی سیاسی\کۆمەڵایەتییە، خەڵک یا جەماوەر بە پێی ئینتمای چینایەتی یا ئینتمای نەتەوەییەوە دەبن بە بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسی\کۆمەڵایاتییانە و سرووشتییە کە لەو حیزبانەدا دەبن بە ئەندام کە رۆڵیان لە رێبەرایەتی وەها بزووتنەوەیەکدا هەیە. هەژماری ئەندامانی حیزبی بۆ ئەو حیزبانە زۆر گرنگ بوو، چوونکە هەم لەباری ماڵییەوە و هەم لەباری رێکخستنەوە دەبوون بە پاڵپشت بۆ حیزبەکانیان. رێکخستن یەکێکە لە میکانیزمەکانی حیزبی جەماوەری بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات کە لە لایەن کادێرانی حیزبییەوە – کە پسپۆرن لەو بوارەدا- کۆنترۆڵ دەکرا. کارکردی حیزبە جەماوەرییەکان وەک مێدیۆم لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەسەڵاتی سیاسیدا پڕ رەنگتر دەبووەوە و ئەم کارکردە زۆرجار حیزبی جەماوەری دەگەیاندە دەسەڵات (Dalton & Wattenberg 2000). حیزبە جەماوەرییەکان بە پێی نەریتی مۆدێرنیزم بەسەر چەپ و راست، گەلی و برۆژوازی، سوسیالیست و لیبەرال، سوور و شین… دابەش دەبوون کە هەر کامیان هەڵگری ئینتمای ئایدیالۆژیک و پلاتفۆرمی سیاسی خۆیان بوو. کەوایە بە پێی بۆچوونی مۆریس، لەگەڵ ئەوەیدا کە ئایدیالۆژی حیزب رۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەوری حیزب، بەڵام رێکخستنەکانی حیزب میکانیزمێکی گرنگتر بوون بۆ گەیاندنی حیزب بە دەسەڵات. بەم چەشنە کۆبوونەوەی جەماوەر لە دەوری حیزب و زۆربوونی هەژماری ئەندامان هەمیشە لە ئەجندای حیزبی جەماوەریدا بوو. حیزبی جەماوەری، بە راست و چەپەوە، بە پێی بروکراسییەکی رێکخراوەییەوەیی رێبەری دەکرا کە زۆر لە نەریتی لنینیستی نزیکە، واتە سانتریالیزمی دێمۆکراتیک.
بەدوای کۆتایی هاتنی شەری سارد و رەنگهەڵبزڕکانی ئایدیالۆژییەکان، حیزب گرنگی خۆی لە ژینگەی سیاسەتدا لە دەست نەدا، بەڵام بە پێی سروشت و مەنتقی سەردەم، گۆرانی لە تەعامولی سیاسی، دێمۆکراسی دەروون حیزبی، رووکردی دیپلۆماتیک و بە گشتی نۆرمی سیاسەتدا پێک هێنا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پارادایم شیفت لەوەدایە کە نەک پرسیارەکان بەڵکە گۆشەنیگا و ئامێرەکانیش لەمەڕ جیهانبینی دەگۆڕێت. ئەم پارادایمە حیزبی جەماوەری بەرەو فۆرمێکی دیکە لە حیزبایەتی پاڵ پێوە دەنا کە کاتی خۆی ئۆتۆ کریشهایمەر[41] (1966) وەک «مەخزەنی گشت لایەنەکان[42]» ناوی دەبرد. واتە جیگای بۆ هەموو چینێکی کۆمەڵایەتی، بیرورا و رەنگی جیاوازی سیاسی و دینی هەبوو. لە سەردەمی کۆتایی شەری ساردەوە، شەری ئایدیالۆژی جێگای خۆی دەدا بە پێشبرکێی حیزبی لە هەڵبژاردنەکاندا. رەنگاڵەی حیزبەکان هێندە تۆخ نەبوون کە خەڵکی شەقام بتوانن جیاوازی رەنگی شین و سوور لێک بکەنەوە. لەوەها دۆخێکدا رای گشتی گەورەترین و بەهێزترین سەنگەرە کە سەرکەوتنی حیزب لە دەسەڵاتدا مسۆگەر دەکات، کەوایە کێ ئازایە با بێ داگیری بکات. بە پێی گشت توێژینەوەکان، رۆڵ و کارایی مێدیا بۆ دەنگهێنانەوەی بەربژێرە سیاسییەکان و لە رۆژەڤدابوونی حیزبەکان، زۆر لە رۆڵ و کارایی فرەئەندامی و فرەرێکخراوەیی حیزبەکان بەهێزترە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەردەنگی رێکخراوی حیزبی هەر ئەندامەکانیەتی، بەڵام بە بۆچوونی کارناسانی سیاسی، لە کۆمەڵگادا هەمیشە «ئامارێکی بێدەنگ» هەیە کە کەس نایبینێت و کەس دەنگی نابیستێت، بەڵام زۆر زیاتر لە نیوەی کۆمەڵن. کاتێ دەڵێین رای گشتی لە راستیدا باس لەو ئامارە بێدەنگەش دەکەین. کەوایە کاتێ حیزبێکی جەماوەری نەتوانێ کۆنترۆڵی رای گشتی بکات، سرووشتییە کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆرێنێت و تەنانەت رێژەی ئەندامەکانیشی لە فریای ناکەوێت.
دوورکەوتنەوە لە حیزبی جەماوەری و رووکردن لە حیزبی مێدیایی بە بۆچوونی مۆریس؛ پێوەندی بە رۆڵی ماسمێدیاوە هەیە کە لەم سەردەمەدا رۆڵیان لە ئۆرگانەکانی حیزبیش زیاترە. بەڵام حیزبی مێدیایی – وەک ئەو جۆرەی من لە بۆچوونەکانی مۆریس تێگەیشتووم – قەرار نییە واز لە گشت ئۆرگانەکانی بێنێت و روو لە دامەزراندنی کانالێکی راگەیاندن بکات. بە دڵنیاییەوە بڕیارێکی وا بۆ حیزب وەک خۆکووژی وایە. ئەوەی من لە بۆچوونەکەی تێگەیشتووم ئەوەیە کە مەیدانی ململانێی حیزبی لە شەقامەوە بۆ مێدیا رادەگوازرێت. پرستیژی حیزب و هەروەها دەستی باڵای ئەکتەرە سیاسییەکان لە شرۆڤە کردنی پرسی رۆژ، نەخشەرێگای حیزب بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، لەم سەردەمەدا کاریگەرترە و بە دڵنیاییەوە مێدیا زیاتر زوومیان لەسەر دەکات. هاتنە رۆژەڤی ئەکتەرە سیاسییەکان لە مێدیاکان، شانسی کۆنترۆڵکردنی رای گشتیش دەباتە سەرەوە و بێگوومان سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا مسۆگەر دەکات. لەگەڵ سەرهەڵدانی دیاردەی مێدیاتایزاسیۆن سرووشتییە کە نەک هەر مەنتقی سیاسی بەڵکە پێویست دەکات رەفتاری سیاسیش پێداچوونەوەی تێدا بکرێت و وەک ئۆستەروود دەڵێت: «ناچارن خۆیان لەگەڵ ئەولەویەت و زەروورەتاکانی سەردەم بگوونجێنن کە لەژێر کارتێکەری مێدیاکاندایە» (Østerud 2003: 29).
یەکێک لە گرفتەکانی حیزبی مێدیایی کە زۆر یەک لە توێژەران ئاماژەیان پێداوە، ئەوەیە کە هەتا حیزبی مێدیایی نووخبەگەراتر دەبێت، بەو رادەیەش لە جەماوەر دوورتر دەکەوێتەوە. تەنانەت هێندێ لە توێژەران هۆکاری مەوداگرتنی خەڵک لە سیاسەت بۆ ئاستی نوخبەگارایی حیزبەکان دەگێڕنەوە و دەڵێن نوخبەگەرایی، حیزب بەرەو داخرانی سیاسی پاڵ پێوە دەنێت. ئاندێرسن لە توێژینەوەکەی خۆیدا سەرنجی بەم کێشەیە داوە و ئەویش پێی وایە مەودای نێوان خەڵک و ئەکتەرە سیاسییەکان روو لە زیاد بوونە. بەڵام پێی وانییە ڤاریابلەکانی توێژەران بۆ شرۆڤەکردنی ئەم دۆخە بەهێز بێ. هەڵبەت بە بۆچوونی من زۆر زەحمەتە توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لەم سەردەمەدا باس لە جەماوەر بکات. لە سەدەی بیست و یەکدا مانای جەماوەر گۆراوە بۆ هاوڵاتی. ئەم گۆرانکارییە بە بۆچوونی من پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی ئاگایی هاوڵاتیان لەمەڕ ماف و پێگەی کۆمەڵایەتییان وهەروەها رۆڵی هاوڵاتیبوونیان لە گەشەی پایەدار هەیە. بە هەرحاڵ ئاندێرسن دوو ڤاریابڵ یاخۆ دوو هۆکار بۆ وڵامدانەوە بەم گرفتە سیاسییە دەدات بەدەستەوە:
- هۆکاری یەکەم، بنکەی کۆمەڵایەتی دەنگدەران و رێژەی هەستیاربوونی دەنگدەران لەهەمبەر پرسە سیاسییەکان وەک هۆکار دەسنیشان دەکات و پێی وایە کە دەنگدەران بەپێی ئینتمای کۆمەلایەتی خۆیان تەعاموول لەگەڵ رای ئەکتەرە سیاییەکان دەکەن. واتە ریزبەندییە سیاسییەکان بە پێی فۆکووسی ئەکتەرە سیاسییەکان سەر هەڵدەدات. فۆکووسی ئەکتەری سیاسی لەسەر چ مژارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت، ئەو قەوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییە دەچێتە پشت سەریەوە و بەم چەشنە هۆکاری بەشداربوونی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بە فۆکووسی ئەکتەرە سیاسییەکانەوە بەسراوەتەوە.
- هۆکاری دووهەم، پێوەندی بە سیستەمی نوێنەرایەتیەوە هەیە. لە سیستەمی پارلمانیدا بروکراسی دەستی باڵای هەیە و سرووشتییە کە نوێنەرانی خەڵک لە پارلەمان تەنیا خاوەن یەک دەنگن. ئەگەر سیاسەت تەکنیک بێت، سیاسەتوانیش پێویستە تەکنۆکرات بێت و سیستەمیش بە پێی ئوسوولی بروکراسی کار دەکات. خەڵک پێیان وایە کە نوێنەرانەکانیان بێجگە لە دەنگدان کاراییەکی وایان نییە لە دارشتنی بریارنامە و یاسا پێوەندیدارەکان. کەوایە ئەوە نوخبەکانی پارلمانن کە لەبری خەڵک بڕیار دەدەن و وەکالەتی خەڵک دەکەن نەک نوێنەرەکانیان.
هەڵبەت سیستەمی پارلەمانی بە گشت گرفتە بروکراتیکەکانییەوە، هێشتا یەکێکە لە باشترین سیستەمە سیاسییەکان و سرووشتییە کە ئاندێرسن نکۆڵی لە رۆڵی پارلەمان بۆ پراکتیزەکردنی دێمۆکراسی ناکات. بەڵام دەڵێت: سرووشتی کاری پەرلەمانتاریزم وایە کە خەڵک و تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی پارلەمانیش کەمتر لەو ئاستەدا بن کە لە رۆتینی کاری پارلەمانی تێبگەن. کەوایە بڕیارە چارەنووسسازەکان و دارشتنی میکانیزمی حقوقی بۆ چەسپاندنی بڕیارەکان، دەکەوێتە پاوانی ئەو تەکنۆکراتانەی کە لە رێگای دەنگدانی راستەوخۆی خەڵکەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵکە کادێری پارلەمانن. پرسە چارەنووسسازەکان لەچاو پرسەکانی دیکە زیاتر پێویستیان بە ئانالایز و تیۆرییەوە هەیە و سرووشتییە کە ئانالایز و تیۆرەکان لە پاوانی پسپۆر و نوخبەکاندایە و بەم چەشنە رۆڵێکی سەرەکیان لە دارشتنی بڕیارەکان هەیە، چوونکە پرسەکان دەبێ بە فیلتێری کارشناسیانەدا تێپەرن بەڵکوو لە هەڵەی سیستەماتیک بێبەری بن و ئیحتمالی خەسارەکانی کەمتر بکەنەوە. یەکێک لە گرفتەکانی دیکە، پێوەندی بە راگەیاندنەوە هەیە. ئاندێرسن دەڵێت کاتێ بریارەکان دەنگیان بۆ کۆ دەکرێتەوە و وەک یاسا دەچەسپێن، میدیاکان دەوریان لە راگەیاندنی ئەو بریارانەدا هەیە. سرووشتییە کە نوێنەرانی خەڵک کۆنترۆڵی مێدیایان لە دەستدا نییە و بەڵکە مێدیا لەکاتی رۆماڵ کردنی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پارلەمان، کۆنترۆڵی دۆخەکە دەگرن بەدەستەوە و لە رێگای کارزان و نوخبەکانی کۆمەڵگاوە لێکدانەوەی بۆ دەکەن. کەوایە زۆر ئاساییە کە خەڵک وا بیر بکەنەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان هیچ رۆڵێکیان نییە و لە راستیدا بڕیارە چارەنووسسازەکان لە پشت درگا داخراوەکانی پارلەمان و بە لێکدانەوەی نوخبەکان دادەرێژرێن و پاوانی رۆماڵکردنەکەشی لە دەستی مێدیاکانە. کەوایە ئەکتەری سیاسی و مێدیا وەک هاوپەیمانی سیاسی دێنە بەرچاو و خەڵکیش لەو بەینەدا وەک بەردەنگی ئەوان دەردەکەون.
ئەو شتەی کە لەم شرۆڤەکارییەدا دەردەکەوێت؛ هاوئاهەنگی و هاوئاراستیی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانە کاتێ خەڵک لە رێگای راگەیاندنەوە چاوەدێری رووداو و بڕیارە چارەنووسسازەکان دەکەن. هەڵبەت ئەم هاوئاهەنگییە لە پێوەندی بە پرسە چارەنووسسازەکاندا شتێکی ئاسایی و لە هەمان کاتیشدا مەنتقییە. بەڵام کاتێ پرسی «گەندەڵی» دەبێت بە مژاری مێدیاکان، ئەو هاوپەیمانییە زیاتر دەردەکەوێت. توێژینەوە کان لە وڵاتانی ئۆروپا و ئامریکا دەرخەری ئەو راستییەن کە پرسی گەندەڵی و شێوازی رۆماڵکردنی گەندەڵی، ئینتمای سیاسی مێدیاکانیش زیاتر روون دەکاتەوە. ئەکتەرە سیاسیەکان بەردەوام لە کەمینی یەکتردان بۆ ئەوی خاڵە لاوازەکانی یەکتر لەقاو بدەن، بەڵکوو لەم رێگایەوە دەرفەتی دەرکەوتنی زیاتریان لە مێدیادا بۆ برەخسێت. لە لایەکی دیکەشەوە، وەک پێشتر باسی لێکرا، یەکێک لە کارکردەکانی مێدیا شەڵەژاندنی رای گشتییە و بۆ ئەم مەبەستە بە ناوی ئازادی رادەربڕین و شەفافسازییەوە، بە بەردەوامی لە دوای نێچرەکانیان دەگەرێن. هەڵبەت پرسی گەندەڵی دیاردەیەکی باش نییە و هەرەشەیەکە بۆ سەر گەشەی پایەدار، بەڵام پرسی گەندەڵی و چۆنایەتی رۆماڵکردنی گەندەڵی لە مێدیادا زۆرجار یەکێک لە پرەنسیبە گرنگەکانی مێدیایی خستۆتە ژێر پرسیار، واتە بێلایەنبوونی مێدیا. بۆ نموونە لە ئامریکا ئەو راگەیاندنانەی لە دێمۆکراتەکان نزیکترین و ئەو راگەیاندنانەی لە کۆماریخوازەکان نزیکترن، لە بەرەورووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵیدا جیاواز دەردەکەون. ئەگەر گەندەڵی پێوەندی بە حیزبی کۆماریخوازەوە بێت، ئەوا ئەو راگەیاندنانەی ئینتمای سیاسیان بە دێمۆکراتەکان زیاترە، زۆرترین و هەستیارترین رێپۆرتاژ و دیبەیت لەمەڕ ئەو گەندەڵییە رۆماڵ دەکەن (Thorbjørnsrud 2009).
ئەەم هاوپەیمانییە لە نێوان مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان پێوەندییەکی تاکتیکییە. پێوەندی تاکتیکی لەکاتێکدا زیاتر دەردەکەوێت کە مێدیاکار لە دوای سەرچاوەیەک بۆ پشتراست کردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانیان، روو لە ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەن و، ئەکتەرە سیاسییەکانیش ئەو دۆخە وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ زیاتر دەرکەوتن لە مێدیا و گەیاندنی پەیام و رێکارە سیاسییەکانیان. بەڵام شێوازێکی دیکە لە هاوپەیمانی هەیە کە شیرازەی هاوپەیوەندیی مێدیا و ئەکتەری سیاسی لە تیۆری جەغزی داخراودا زیاتر دەردەخات. بۆ نموونە ئەگەر سیاسەتی مێدیایی کار بۆ زۆرترکردنی رێژەی بەردەنگەکانی دەکات، بە هەمان شێوەش سیاسەتی ئەکتەرە سیاسییەکان کۆکردنەوەی دەنگی زیاترە. ئەم رووکردە سیاسییە وا دەکات کە مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان پێوەندییەکی ستراتژیکیشیان پێکەوە هەبێت. بە کورتی؛ دەرکەوتەی پێوەندییە ستراتژیک و تاکتیکیەکانی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان، هاوپەیمانی و هاوئاراستەیی ئەو دوو ئەکتەرە لەهەمبەر جەماوەردا باشتر دەردەخەن و ئەم رووکردە بنەمای پێناسەی تیۆری جەغزی داخراوە.
٥- وێکچوون و جیاوازییەکان
وەک لەم وتارەدا ئاماژەم پێدا، ئەجندای مێدیایی: سادەسازی، شەخسیسازی، زوومکردن لەسەر رووداوی تایبەت و هەروەها مینیاتۆرسازییە، واتە چکۆلەکردنەوەی وێنە گەورەکان لە قاڵبی چکۆلەدا. ئەو ئەجندایە نەک بە پێچەوانەی مەیلی ئەکتەرە سیاسییەکانە، بەڵکە لەدژی چاوەروانییەکانی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شەقامن کە بە پێی روانگەی ئایدیالۆژیک و رووکردی ئەخلاقییەوە روو لە سەندووقەکانی دەنگدان دەکەن. هەم لە تیۆری مێدیاتایزینگ و هەم لە تیۆری جەغزی داخراودا ئەو شێوازە لە کادربەندی[43] و کلیشەسازییە هەن و بە پێی مەنتقی مێدیایی کار دەکات. یەکێیک لە گرفتەکانی ئەو ئەجندایە لەوەدایە کە پرسە سیاسییەکان تا ئاستی تێگەیشتنێکی رووکەشیانە دادەبەزێنێت و هەروەها دەبێتە هۆی شێواندنی بەرچاوگەی ئەکتەرە سیاسییەکانیش. واتە ئەکتەرە سیاسییەکان زیاتر لە جاران لە چاوی مێدیاوە سەیری شەقام دەکەن. بە هەمان رادە خەڵکیش پرسە سیاسییەکان وەک ململانێی نێوان حیزبەکان و شەڕی زێرنگەری دەبینین بۆ راکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان. ئەندێرسن لە توێژینەوەکانی خۆێیدا ئاماژە بە بێ متمانەیی خەڵک لەهەمبەر مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان دەکات. لە هەردوو تیۆرەکاندا ئێمە هەست بەو مەودایە دەکەین کە لەنێوان خەڵک لە لایەک و دووانەی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە. دیاردەی بێمتمانەیی تەنانەت تا ئاستی بێرێزیکردن و رووشاندنی پرەنسیبە ئەخلاقییەکانیش دابەزێت (Goul Andersen 1999: 67).
تیۆری مێدیاتایزینگ زۆرتر پێداگریی لەسەر مەنتقی مێدیایی دەکات و کاتێ سەرنج بە ئەجندا و رووکردە مێدیاییەکانی دەدەین، هەست دەکەین جێگایەکی وای بۆ مەنتقی سیاسی نەهێشتۆتەوە و هەر ئەم پێداگرییە وای لە ئەکتەرە سیاسییەکان کردووە کە نەک هەر رەچاوی مەنتقی مێدیایی بکەن، بەڵکە چاکسازی لە مەنتقی سیاسیشدا بکەن. ئەم پێشوەچوونە بە رادەیەک بەرچاوە کە کاتێ ئەکتەری سیاسی لە مێدیای مێدیاتایزەکراودا دەردەکەوێت، زۆر بۆ خەڵک زەحمەتە کە ئەکتەری سیاسی لە کارناسی سیاسی جیا بکاتەوە. لەم مۆدێلە مێدیاییەدا خەڵک زۆر بە روونی هەست بە مەودای نێوان ئەکتەری سیاسی و مێدیا دەکەن، بەڵام وەک پێشتر باسمان لێ کرد، مانای وەها مەوداگرتنێک ئەوە نییە کە مێدیا لە خەڵک نزیک دەبێتەوە. بەڵکە مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم، سەربەخۆیی خۆی دەپارێزێ و بە پێی مەنتق و ئەجندای خۆی کار دەکات.
لە تیۆری جەغزی داخراودا مەودای نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان و مێدیا کەمترە لە مەودای نێوان خەڵک و ئەکتەرە سیاسییەکان. لەم تۆرییەدا هەر تیشک نەخراوەتە سەر کەمبوونەوەی مەوداکان بەڵکە باس لە هاوپەیمانی و هاوواراستەیی مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکانیش دەکات. وەک پێشتر باس کرا، شیفت لێدان لە حیزبی جەماوەرییەوە بۆ حیزبی مێدیایی وای کردووە کە ئەکتەرە سیاسییەکان هەم لە رێگای میدیاوە لەگەڵ بەردەنگەکانیان بەرەوروو ببنەوە و هەم لە چاویلکەی مێدیاوە سەیری شەقام بکەن. کاتێ ئەکتەرە سیاسییەکان لە چاویلکەی مەجازیی مێدیاوە سەیری شەقام بکەن، سرووشتیییە بەو رادەیە لە وێنەی واقعی شەقام دوور دەکەونەوە و خەڵکیش بە هەمان شێوە لە چاویلکەی مێدیاوە سەیری وێنەی مەجازی ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەن.
لە گشت توێژینەوەکان کە وەک رێفرێنس بۆ نووسینی ئەم بابەتە هەڵبژێردراون، باس لە پێوەندییەکی کاوزاڵی[44] لەمەر متمانە و ئاراستەی ئەکتەرەکان و شەقام کراوە. هەتا مێدیا و ئەکتەرە سیاسییەکان زیاتر هاوئاراستە دێنە بەرچاو، بەو رادەیە خەڵک کەمتر متمانە بە مێدیا دەکەن (جەغزی داخراو). ئەگەر مەودای بۆچوون و تێروانینی نێوان ئەکتەری سیاسی و مێدیا زۆرتر دەرکەوێت و مێدیا پرەنسیبەکانی بێلایەنبوونی خۆی و رووکردی رەخنەگرانە بپارێزێت، ئاستی متمانەکردنی خەڵک بە مێدیا بەرز دەبێتەوە (مێدیاتایزینگ، فازی ١و٢). بەڵام کاتێ مێدیا لە بردنە پێشی رێفۆرمی سیاسی و بە گشتی وەک ناوەندێک بۆ بەهێزکردنی گەشەی پایەدار دەر دەکەوێت، ئەوا مێدیا وەک مەرجەعێکی گرنگ لە خزمەت مێتاپرۆسێسەکان چاو لێدەکرێت و لە راستیدا وەک دەسەڵاتی چوارەم سەلمێندراوە و جێگیر بووە (مێدیاتایزینگ، فازی ٣و٤). لەم فیگورەی خوارەوە هەوڵمداوە پێوەندییەکی کاوزاڵیانە لەنێوان متمانە و مەنتقی مێدیایی و سیاسی وەک دەرەنجامی گشت ئەو توێژینەوانە پێشان بدەم کە وەک سەرچاوە بۆ ئەم وتارە دەکار کراون.
وەک لە فیگوورەکەدا دیارە، هەتا ئاراستەی مێدیا روو لە مەنتقی مێدیایی دەکات، بەو رادەیە متمانەی بەردەنگەکان بەو میدیایانە روو لە هەڵکشانە (هێڵە شینەکە)، بەڵام کاتێ ئاراستەی مێدیا دەکەوێتە بن باڵی مەنتقی سیاسی، ئەوا رێژەی متمانەی بەردەنگەکان رووی لە دادەبەزینە (هێڵە سوورەکە). هەڵبەت دەبێ ئەم فاکتۆرەش لەبەرچاو بگرین کە مەبەست لە بەردەنگ لێرەدا رای گشتی و ئەو ئامارە بێدەنگانەشن کە پێشتر باسی لەسەر کرا، دەنا ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە ئینتمای حیزبیان هەیە و لەژێر سریمەی ئوسوولە بنەماییەکانی سیاسەتدا بەدواداچوون بۆ پرسی رۆژ دەکەن، بێگوومان لەنێوان بەرزی و نزمبوونی ئاراستەکانی فیگوورەکەدا لە هاتووچۆدا دەبن.
دواسەرنج
ئەوەی لەم وتارەدا هاتە بەرباس، خوێندنەوەیەک بوو بۆ کۆمەڵێ توژینەوە لەمەڕ هاوپێوەندی لە نێوان مێدیا، ئەکتەرە سیاسییەکان و گەل. ئەم هاوپێوەندییە بە پێی سەردەم و بەهۆی گۆرانکارییە سیاسی و جووڵە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. یەکێ لەو پاڵنەرانەی کە مێدیای تا ئاستی دەسەڵاتی چوارەم گەیاندووە؛ دێمۆکراسی و رووکردی تەعاموولگەراییە لە سیاسەت و کولتووردا. لەم قۆناغەدا مەنتق و ئەجندای مێدیا، مەودایەکی پڕمانای لەگەڵ مەنتق و ئەجندای سیاسی هەیە و لە ئاکامدا کۆنتراستی ئەو دوو ئەکتەرە تۆختر دەردەکەوێت. ئەجندای مێدیا وەها دادەرێژراوە کە نێوەرۆکی پرۆگرامەکانی و رۆماڵکردنی هەواڵەکان زۆرترین کاردانەوەی لە لایەن هاوڵاتیانەوە لێبکەوێتەوە و لە ئاکامدا رێژەی بەردەنگەکانی مێدیا زۆرتر بکات. بەڵام کاتێ لە ئینقلابی دیجیتاڵی نزیک دەبینەوە، مەنتق و ئەجندای مێدیا بەرەو ئاراستەیەک دەروات کە ئەمرۆکە بە ناوی مێدیاتایزاسیۆن ناوی دەرکردووە. لەم قۆناغەوە ئەجندای مێدیا لە رێگای کادربەندی پرۆگرامەکانیەوە؛ لە «کاردانەوە» بەرەو کار کردن لەسەر «بیرکردنەوە»ی خەڵک دەگۆڕێت.
لەکزیدانی رووکردی «جەغزی داخراو» لە کاری مێدیاییدا، پێوەندی بە نزمبوونەوەی رێژەی متمانەی بەردەنگەکانییەوە هەیە. مەنتقی مێدیا لەم بەستێنەدا وەک هاوپەیمان و هاوئاراستەی مەنتقی سیاسی دەردەکەوت و بەردەنگانی مێدیاش وەک ئۆبژە. لە رووکردی «مێدیاتایزینگ»دا ئەکتەرە سیاسییەکان لە کۆنتێکستەوە بەرەو پەراوێز پاڵ دەنێرێن و ئەوانیش وەک خەلکی شەقام دەبن بە بەشێک لە بەردەنگەکانی مێدیا. لەم قۆناغەدا وێنای مێدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم زیاتر لە جاران دەردەکەوێت. لەم رووکردەدا مەنتقی سیاسی دەچێتە ژێر سێبەری مەنتقی مێدیاییەوە و بەرواڵەت مێدیا دەستی باڵای هەیە بۆ ئەوەی پێشمەرجەکانی خۆی لە چەقی پرسی رۆژ دانێت. دەرەنجامەکانی مێدیاتایزاسیۆن وەها هەمەگیر بووەتەوە کە ئەکتەرە سیاسییەکان ناچارن پێداچوونەوە بە مەنتقی سیاسی خۆیاندا بکەنەوە و زیاتر لەجاران خۆیان لەگەڵ مەنتقی مێدیایی بگوونجێنن.
یەکێک لە گرفتەکانی مەنتقی سیاسی کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێدرا ئەوەیە کە؛ خۆگوونجاندنی مەنتقی سیاسی، کاریشی لە ئەجندا و هزری سیاسەتیش کردووە. داشکاندنی مەنتقی سیاسی لەهەمبەر مەنتقی مێدیایی، دیاردەی سیاسەتکردنی تا ئاستی سڕبوون بردووەتە پێشەوە و تادێ مەودا لەگەڵ فەلسەفەی سیاسەت دەگرێت. وەها کە بەراستی کەس نازانێت لە هەمبەر پرسیاری کارکردی سیاسەت و ئەکتەرە سیاسییەکان لەم سەردەمەدا چ وڵامێک بدۆزێتەوە. ئەوەی تا ئێستا دەبیندرێت؛ سیاسەت لە دەرەوەی مێتاپرۆسێسەکاندا خەریکی پەلەقاژەیە. رەنگە هۆکارەکەش ئەوە بێت کە لە سەدەی نۆزدەهەم بەملاوە کارکردی هزری سیاسی هەر مشتوماڵکردنی ئاوێنەی ژەنگاوی خۆی بووە و تادێ لە ئامانج و غایەتی سیاسەت دوور دەکەوێتەوە. لەگەڵ مەوداگرتنی هزری سیاسی لە فەلسەفەی سیاسەت، دەستی سیاسەت لە پرۆسەی داهێنان کورت کراوەتەوە و بەکردەوە لە بازنەی بەرتەسکی رێئاڵپۆلیتیکدا لەسەر سەر دەخولێتەوە. بەرچاوگەی «چاکە» و گەراندنەوەی «عاملیەت» و «سوبژەبوون» بۆ مرۆڤ – کە دەبوایە لە ئەجندای سیاسەتدا بوایە، ئەمرۆ کەوتۆتە ئەجندای مێدیایی و دەبێ چاوەروان بین و بزانین کە عاملیەتی تاکەکان تاکوێ لەگەڵ داهاتووی سیاسەت هەڵدەکات.
٧ی مارسی ٢٠٢١
رزگار ئەمین نژاد
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٥٨ی گۆڤاری تیشک بڵاو کراوەتەوە
سەرچاوەکان:
Anders, Günther 1980: Die Antiquiertheit des Menschen. Über die Seele im Zeitalter der zweiten industriellen Revolution. Band 1. München: Beck. [Zuerst 1956]
Benjamin, Walter 1977: Das Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit [Zuerst 1936]; Kleine Geschichte der Photographie [Zuerst 1931]. Frankfurt am Main: Suhrkamp
Dalton, Russell J. & Martin P. Wattenberg 2002: Parties without partisans: Political change in advanced industrial democracies. Oxford University Press.
Goul Andersen, Jørgen 1999: Folket og eliterne. Om meningsdannelse på masse- og eliteniveau, i Jørgen Goul Andersen, Peter Munk Christiansen, Torben Beck Jørgensen, Lise Togeby og Signild Vallgårda 1999, Den Demokratiske Udfordring . Hans Reitzels Forlag, København.
Moldskred, Anine Dedekam 2010: Rådgivere i Norge – Politiske aktører? Masteroppgave ved Institutt for sammenliknende politikk, Universitetet i Bergen.Tilgjengelig 30.05.2011 på: https://bora.uib.no/bitstream/1956/4162/1/70297385.pdf
Thorbjørnsrud, Kjersti 2009: Journalistenes valg. Produksjon – interaksjon – iscenesettelse. Doktorgradoppgave ved Universitetet i Oslo.
Strauss, Leo 1988: What is Political Philosophy. Chicago: The university Press (, pp. 9-55).
Strömbäck, Jesper (2008): Four Phases of Mediatization: An Analysis of the Mediatization of Politics. The International Journal of Press/Politics, vol. 13(3), 228-246. Tilgjengelig 30.05.2011 på http://hij.sagepub.com/content/13/3/228.abstract
Van Zoonen, Liestbet 2005: Entertaining the citizen: When politics and popular culture converge. Lanhem: Ronham & Littlefield.
Østerud, Øyvind; Fredrik Engelstad og Per Selle 2003. Makten og demokratiet: en sluttbok fra makt og demokratiutredningen. Gyldendal Akademisk.
[1] Challengeable چالشی
[2] Mediatization
[3] Mediatizing
[4] The Closed-circuit
[5] Harald Jarning
[6] L’Esprit des Lois, (1748)
[7] Thomas Hobbes; (1588 –1679)
[8] John Locke; (1632 –1704)
[9] State
[10] Government
[11] Communications
[12] Commercialization
[13] social Network
[14] Agency
[15] Evolution
[16] Political logic
[17] Phenomenology
[18] Ontology هستی شناسی
[19] Polarization
[20] Simplification
[21] Intensification
[22] Personalization
[23] Visualization
[24] Stereotyping
[25] Polarized Media
[26] Nordic Corporatist model
[27] Policy Consensus
[28] Mediations approach
[29] Premises
[30] Mediation
[31] عرضە و تقاضا
[32] Participatory skills
[33] Doublethink
[34] Popular Media
[35] Infotainment
[36] Body language
[37] Anderson
[38] Massparti
[39] Mediabassed parti
[40] Maurice Daurice
[41] Otto Krichheimer
[42] Catch-all partis
[43] Framing
[44] Causal علیت
وەڵامێک بنووسە