خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی حیجاب و دۆخی ئابجەکتیڤانەی ژن لە ئێران 


 خوێندنەوەیەک بۆ کاردکردی حیجاب لە بردنەپێشی پرۆسەی توتالیتاریانیزم لە سەردەمی پۆست خومەینیزمدا دەکات و دواجار بە خوێندەوەیەکی رەخنەگرانە ئاوڕ لە هێڕمینۆتیکی فێمێنیزمی ئێرانی دەدرێتەوە و شیکارییەکی کورت لەمەڕ گرفتی پۆلبەندیکردن و ئەولەویەتسازییەکانیان لە نێوان هاودژی سەرەکی (اصلی) و هاودژی زەبەند (عمومی) دێتە بەر باس. هەڵبەت شرۆڤەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بەستێنی کۆمەڵگای ئێران و دەرفەت و مەترسییەکانی ئابستراکسیۆنی ئەم دروشمە لە گمەی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، دوا وتەی ئەم وتارە دەبێت.

بەرایی

رۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، تەرمی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە گۆرستانی ئایچی شاری سەقز، لە ئاپۆرەی جەماوەرێکی تاسەبار و لەهەمان کاتدا توڕەدا، ئەسپردەی خاکی نیشتمان کرا. لەسەر کێلی ژینای جوانەمەرگ نووسیان: «تۆ نامری، ناوت ئەبێتە رەمز»، دوای خوێندنەوەی پەیامی یەک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی ژنان، دروشمێکی ئاشنا، شەپۆلێک لە جەماوەری ماتەمباردا رێدەخات: «ژن، ژیان، ئازادی». ئەو دروشمە بە ریتمێکی سەرکەشانەوە، بەشداربووانی ئەو بۆنەیەی هەژاند. ئەو رۆژە و هەر لەو شوێنەدا کە شەهیدی دەستی زۆرداریان ئەسپردەی خاک دەکرد، ژنان سەرپۆشەکانیان لەسەر لادا و بە سەمای لەچکەکانیان پەیامی سەرهەڵدانی بزاڤێکی مۆدێڕنیان گەیاندە بەر گوێی خەڵکی کوردستان و ئێران. ٢٦ی خەرمانان، شارەکانی کوردستان بەدەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەسایەتییە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە دێن و، بۆ جارێکی دی مانگرتنی گشتی کوردستان دەگرێتەوە. هەر لەو رۆژەدا و لە شاری بانە، لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی ژن «ئاگر لە سەرپۆشەکانیان» بەر دەدەن.

ئەم سێ فریمە، واتە رەمز، دروشم و ئەکت، دەکرێ لە کادری وێنەیەکی گەورەتردا جێی بکەینەوە کە تا دێ بەرچاوگەی ئەم سەرهەڵدانە گەشتر و مەیدانی هاوبەشکردنەکەی بەربڵاوتر دەکاتەوە. وێنەکان بە بۆچوونی سووزان سانتەگ، شێوازێکە لە گراماتیکی زمان کە پێمان دەڵێت دیاردەکان چۆن ببینین و لەوە گرنگتر؛ وێنەکان ئەخلاقی روانینینیشمان بۆ دیاری دەکەن (سانتەگ، ١٣٨٩). وێنەکەی ٢٥ و ٢٦ی خەرمانان، پشتگرییەکی کەموێنەی بەخۆیەوە بینی و دەنگی پشتیوانیی لە شارەکانی ئێرانەوە بەرز بووەوە. لەوە گرنگتر رەهەندی ئەخلاقیی وێنەکە بوو کە نەک ئاراستەی راپەرینەکەی دیاریی کرد، بەڵکە ویژدانی جیهانیشی هەژاند.

ئەم وتارە هەوڵدەدات پێناسەیەک بۆ ئەو وێنەیە بکات، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی داهێنانی وەها وێنەیەک، ناچارین خوێندەوەیەک بۆ پرسی حیجاب لە بەستێنێکی مێژوویەوە بکەین. دواتر ئەم وتارە هەوڵدەدات بە پشت بەستەن بە تیۆری گەشەسەندوویی هاوسەنگ، خوێندنەوەیەک بۆ پرسی حیجاب وەک دەرکەوتەیەکی سیاسی لە مێژووی ئێرانی مۆدێرنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی بکات کە لە هاوکێشەی نێوان ئێلیتی سیاسی و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا گمەی پێ کراوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم وتارەدا خوێندنەوەیەک بۆ کاردکردی حیجاب لە بردنەپێشی پرۆسەی توتالیتاریانیزم لە سەردەمی پۆست خومەینیزمدا دەکات و دواجار بە خوێندەوەیەکی رەخنەگرانە ئاوڕ لە هێڕمینۆتیکی فێمێنیزمی ئێرانی دەدرێتەوە و شیکارییەکی کورت لەمەڕ گرفتی پۆلبەندیکردن و ئەولەویەتسازییەکانیان لە نێوان هاودژی سەرەکی (اصلی) و هاودژی زەبەند (عمومی) دێتە بەر باس. هەڵبەت شرۆڤەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بەستێنی کۆمەڵگای ئێران و دەرفەت و مەترسییەکانی ئابستراکسیۆنی ئەم دروشمە لە گمەی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، دوا وتەی ئەم وتارە دەبێت.

حیجاب لە دەقەوە بۆ پراکتیک

پرسی حیجاب یەکێکە لەو پرسیارە ئالۆزانەی دین کە هەنووکەش زانایانی ئیسلامی و راڤەکارانی قۆرعان لەسەری هاوڕا نین. هەر ئەم ئاڵۆزییە وای کردووە کە پرسی حیجاب ببێت بە دیاردەیەکی نێوان دینی. مەبست لە نێوان دینی بوونی حیجاب ئەوەیە کە ئەم دیاردەیە – بێجگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هیچکام لە وڵاتانی ئیسلامی نەبووەتە یاسا و بنەما و رادەی حیجاب بە پێی شەرع و لە رێگای راڤەی مەرجەعەکانی دین دیاریی دەکرێن و لە ئەنجامدا بڕیاری حیجاب لە هێندێ وڵاتی ئیسلامی شل و لە هێندێ وڵاتدا توندە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە بڕیارەکانی (ئەحکام) دینی لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا نابێت بە بڕیار و لە یاسادا ناچەسپێت، چۆنایەتی راڤەکردنی ئەو بڕیارانەیە و هەروەها تیۆریزەکردنی بنەما و کانسێپتە ئەخلاقییەکانی پشت وەها بڕیارێکە. بۆ نموونە پرسی حەرام کردنی کوشتن، دزی، تاڵان، دەستدرێژی و هتد سەرچاوەکانیان دەگەرێتەوە بۆ دینە ئاسمانییەکان، بەڵام راڤە ئەخلاقییەکانی ئەو تاوانە، پێوەندی بە تەناهی تاک و کۆمەڵگاشەوە هەیە و تەنانەت لە یاسا سێکۆلارەکانیشدا دەیگونجێنن.

حیجاب بە پێچەوانەی بڕیارەکانی دیکەی دین لە قورعاندا، نەک هیچ کانسێپتێکی ئەخلاقی لە پشت نییە، بەڵکە هیچ توێژینەوەیەکی مەیدانی نەیتوانیوە بیسەلمێنێت کە رەچاونەکردنی حیجاب چ کاریگەرییەکی لەسەر تەناهی کۆمەڵایەتی و پێوەندییە مرۆییەکان دەبێت، تەنانەت لە قورعاندا وەک چەمکێکی ئابستراکیش نەهاتووە. زۆربەی زانایانی ئیسلامی لە کاتی بەرەورووبوونەوە لەگەڵ پرسیاری حیجاب، ئاماژە بە ٣٢ ئایەی قورعان دەکەن کە بە بۆچوونی ئەوان ئاماژەیان بە پۆشین کردووە. لەو ٣٢ ئایەیەی قورعاندا تەنیا ٧ ئایە بە شێوەیەکی ئاماژەیی باس لە پۆشین دەکات و لەو ٧ ئایەشدا هەر ٢ ئایە بە روونی باس لە «واجب»بوونی داپۆشینی بەشێک لەجەستە کراوە و لە هیچ کام لەو ئایانەدا ئاماژە بە «حوکم» نەکراوە (بڕوانن بۆ ئایەی ٣٠ لە سووڕەی نوور و هەروەها ئایەی ٥٩ لە سوورەی ئەحزاب). هەڵبەت ئەم راڤەیە لەمەڕ ئایەکانی قورعان، دیاردەیەکی «قەدیم» نییە بەڵکە بە بۆچوونی «امیر حسین ترکاشوند» (١٣٨٩) و «احمد قابل» (١٣٩٢)، دوو لە توێژەرانی قورعان، لەم سەت ساڵەی دواییدا هاتووەتە رۆژەڤەوە و پێشتر هیچکام لە زانایان و راڤەکارانی ئیسلامی باسیان لە حیجاب، بەو شێوازەی ئەمرۆ دەکاردەکرێت، نەکردووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە لە بەرامبەر چەمکە ناروون و ئاماژە ناراستەوخۆکانی تێکستی دینی و هەروەها دیاردە پارادۆکساڵییەکانی عەقڵی دینیدا، زانایانی ئیسلامی هەمیشە پشت بە مەنتقێکی هێرمێنۆتیک دەبەستن کە رەگی لە مەنتقی ئەفلاتونیدا هەیە و بەم کارە هەوڵ بۆ پاساوهێنانەوە و، لە هێندێ دۆخیشدا بەراوردکردنی دین لەگەڵ زانست و مەعریفەی مۆدێڕن دەکەن. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە پاساوە هێڕمێنۆتیکەکانی زانایانی دین تاچەند لەگەڵ مەنتق و پرەنسیبەکانی «تێگەیشتن»دا کۆکە کە فیلسوفەکانی زانستی هێرمێنۆتیک کاریان لەسەر کردووە. بۆ ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە ناچارین بە شێوەیەکی هێرمێنۆتیک ئاوڕ لە دیاردەی “تێگەیشتن” بدەینەوە. هەڵبەت هەوڵ دەدرێت ئەم بابەتە بە زمانێکی سادە بدوێت، چوونکە سروشتی “تێگەیشتن” لە خۆیدا سادە کردنەوەیە.

گادامێر (1960) “تێگەیشتن” وەک بنەمایی ترین کردەوەی مرۆڤ سەیر دەکات، واتە “تێگەیشتن” ئێلێمانێکی زاتییە کە لە سەرووی ویست و ئیرادەی ئێمەوەیە. کەواتە “تێگەیشتن” لەم سۆنگەوە دەبێ وەک ماف ڕەچاو بکرێت، چوونکە ئێلێمانێکی زاتییە و لە ئەنجامدا پێوەندی بە کەسایەتی و ناسێنەی (هویت) مرۆڤەوە هەیە. ئەمە رەهەندی جەوهەریی تێگەیشتن بوو کە دەشێ لە خانەی مافی تاکەکەسیدا پێناسەی بکەین، بەڵام تێگەیشتن رەهەندێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە کە دەبێ لە خانەی مافی کۆمەڵایەتیدا سەرنجی پێبدرێت. بە بۆچوونی گادامێر “تێگەیشتن” کردەوەیەکی دیالێکتیکی، مێژوویی و زمانییە و، لە رێگای تەعامول و دیالۆگەوە دەچیتە پێش و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی گرێدانەوەی رابردوو بە ئێستاوە. رابردوو، هەنووکە و داهاتوو، سێ قۆناغی کاتن کە “تێگەیشتن” بە نێویاندا تێدەپەڕێت بەڵکوو رەوایی وەربگرێت. ئەم قۆناغانە بێگومان کاردانەوەیان لەسەر ئێمە و ئاراستەی کەسایەتی و ناسێنەی ئێمە – چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ – هەیە. ئێمە کاتێ دەگەینە “تێگەیشتن” کە ئەو فاکتۆڕانەی ئاماژەیان پێکرا لە ئارادا بن. ئێمە کاتێ دەتوانین بڵێین لە شتێک یاخۆ بابەتێک تێگەیشتووین کە ئەو شتە پێوەندیی بە کۆمەڵێ بابەتی دیکەوە بێت کە پێشتر لێیان ئاگادار بووین و زانیاریمان لەسەریان هەیە (Grondin, 2002).

ئەمە پێناسەیەکی سادە بوو لەمەڕ چەمکی “تێگەیشتن”، بەڵام ئەم بابەتە یارمەتی بە ئێمە ناگەێنێت ئەگەر کارکردی “تێگەیشتن” نەزانین. کەوایە ناچارین هێندێ زیاتر لە تێگەیشتنی ئانتۆلۆژیانەی (هستی شناسی) گادامێر نزیک بینەوە. ئامانجی سەرەکی گادامێر بۆ “تێگەیشتن”؛ رەچاوکردنی مەرجەکانی “تێگەیشتن” و هەروەها چۆنایەتی گەیشتن بە رێکارەکانی “تێگەیشتنە”. فیلسوفەکانی پێش گادامێر روانینێکی ئێپیسمۆلۆژیانەیان (معرفە شناسی) لەمەڕ “تێگەیشتن” هەبوو، واتە تێگەیشتنیان وەک سووژە رەچاو دەکرد (Grondin, 1990). لەم روانگەیەوە پیوەندی نێوان ئەوکەسەی کە تێدەگەیەنێت و ئەو کەسەی کە دەیهەوێت تێبگات، وەک پێوەندییەکی سوبژە – ئۆبژەیە. ئەم پێوەندییە خۆی لە دوو چەشندا دەبینێتەوە:

 ١) تێگەیشتنی تیۆریک: مرۆڤ بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژیک هەوڵدەدا لە دیاردەکان تێبگات. واتە بۆ ئەوەی بزانین دیاردەکان “چین”، هەوڵدەدەین لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیریان بکەین و زەمینەکانی سەرهەڵدانی ئەو دیاردانە لەبەرچاو بگرین. لە وەها دۆخێکدا “مەبەست” بزرە و بۆئەوەی لە مەبەستی سەرەکی دەق یاخۆ رووداوێک تێبگەین، دەبێ بە شێوەیەکی مێتۆدیک، بە داڕشتنی پرسیار و دۆزینەوەی نیشانەکان، لەو مەبەستە نزیک ببینەوە و لێی تێبگەین (Gadamer, 1960).

٢) تێگەیشتنی تاکتیکی: باس لە توانایی و ئیمکانە ئاراییەکان (موجود) دەکات. واتە بۆئەوەی لە شتێک تێبگەین دەبێ بزانین “چۆن” ئەم شتە روویداوە، هۆکارەکان چین و لە ئەنجامدا ئێمە چۆن راڤەیان دەکەین (ibid). لە وەها دۆخێکدا هەمیشە “پێشفەرزێک” یاخۆ زەمینەیەکی ئاگایی لە ئارادایە کە هایدیگێر بە “تەعبیر” ناوزەدی دەکات. بۆ ئەوەی لەم شتانە تێبگەین ناچارین بەشێوەیەکی هاوتریب پرۆسەی تێگەیشتن ببەینە پێش، واتە تێگەیشتن لەو شتانەی کە دێنە نێو دنیای ئێمە و هەروەها تێگەیشتن لە خۆمان کە هەوڵدەدەین لەو شتانە تێبگەین. کەواتە راڤەکانی ئێمە وابەستە بە پێشفەرزییەکانی ئێمەن (Grondin, 2002).

هایدگێر و گادامێر لەگەڵ ئەو دوو چەمکە لە “تێگەیشتن” دا هاوران – کە لە خانەی ئێپیسمەلۆژیدا باسی لێکرا و، بەرهەمی هێرمۆنۆتیکی سەدەی نۆزدەهەم بوو. بەڵام گادامێر بەم دوو چەمکە راناوەستێ چوونکە ئەم شێوازە ئاوڕدانەوەیەکی مێژووییە لەمەڕ “تێگەیشتن”. ئەو زیاتر سەرنجی خۆی لەسەر “پرستەوەر”بوونی (مسئلە محور) “تێگەیشتن” چڕ دەکاتەوە  (ibid). هەربۆیە دوو چەمکی دیکە بۆ “تێگەیشتن” دیاریی دەکات کە بریتین لە:

٣) تێگەیشتن بە شیوەی پێکهاتن (یا دیالۆگ تەوەر)، “تێگەیشتن” لە پێوەندیی نێوان سوژە – سوژەدا دەردەکەوێت (Gadamer, 1960). لێرەوە تێگەیشتن بەرهەمی دیالۆگە و لە نێوان سوژەکان و لەسەر پرسێکی هاوبەشدا خۆ دەنوێنێت کە بەرهەمی ئەم سێکۆچکەیە:

Skjermbilde 2022-10-04 kl. 02.10.38

تێگەیشتن لە هەموو دۆخێکدا پێوەندیی هەیە بە ستاتوسی هێرمنۆتیکی “من”، واتە دۆخی هەنووکەیی “من” و ئەو شوێنەی کە “من” لێی راوەستاوم. خۆ ناکرێت لە دۆخێکی بانمێژووییەوە (فرا تاریخی) سەیری ئێستای خۆمان بکەین. کاتێ دەڵێین تێگەیشتن هەم دیالۆگەتەوەرە و هەم پرستەوەرە، یانی دیالۆگ لە چوارچێوەی پرسیار و وڵامدا، لە بەستێنی سوژە- سوژەدا و لەنێوان من و تۆ دا. کەوایە تێگەیشتن لەم بەستێنەوە بەمانای رێکەوتن و تەبایی لەگەل “ئەوەی دیکە”دا دروست دەبێت کە هەمیشە لەسەر پرسێکی هاوبەش دێتە ئاراوە و دیالۆگ دەیباتە پێش. هەڵبەت چۆنێتی دەکارکردنی زمان لێرەدا زۆر گرنگە، دیالۆگێکی بەسوود لەسەر بنەمای ئەم عەقڵییەتە دەچێتە پێش کە باوەڕی بەوە هەبێت ئێمە بوونەوەرێکی مێژووین، ناتوانین خاوەنی مەعریفەیەکی رەها بین، بەڵکە لە هەموو دۆخێکدا دەتوانین هەڵە بکەین و هەڵەکانن کە رەوتی نزیک بوونەوەی ئێمە بەرەو “تێگەیشتن” و سنووری حەقیقەت دیاری دەکا. بە واتایەکی دی دیالۆگ پردی نێوان من و حەقیقەتە (ibid).

٤) تێگەیشتنی دەکاربەری (کاربردی): دەبێ بۆ تێگەیشتن لەدوای پرسێک بگەڕێن  کە زادەی زەین و ستاتوسی ئەوانی دیکەیە (واتە بڕیار نییە کە تێگەیشتن بە تەنیا لە نێوان “من-تۆ” دا دەستبدا بەڵکە توانای تێگەین بۆ ئەو کەسانەش دەستبدا کە لە دەرەوەی دیالۆگی “من/ تۆ”دان). لێرەدا دەکارکردنی تێگەیشتن بۆ ئەوە نییە کە لە باری مێژوییەوە لێی تێبگەین، بەڵکە ئامانجەکەی ئەوەیە  کە پرسی “تێگەیشتن” لەرێگای شرۆڤە و بەڵگەمەندییەوە، رەوایی مێژوویی وەربگرێ. بەم چەشنە “تێگەیشتن” بەتەنیا لە خزمەتی رەوایی “تۆ” دا نییە (واتە خۆگێڕانەوە) بەڵکە ئامانجەکەی بەرهەمهێنانی حەقیقەتی “من-تۆ”یە (واتە پرستەوەری) (ibid).

پرسی تێگەیشتن لە مێتۆدۆلۆژی راڤەکارانی دینیدا، نە لە روانگەی ئانتۆلۆژیانە و نە لە ئاستی ئێپسمەتۆلۆژییەوە نەیتوانیوە یا نایهەوێت پێوەندییەکی سوژە – سوژە لە نێوان دەق و تێگەیشتندا چێ بکا. ستاتوسی هێرمێنۆتیکی «من» و هەروەها پرستەوەریی کە لە بەستێنێکی دیالۆگییەوە تاوتوێ بکرێت و هەروەها پێشمەرجەکانی «سەردەم» لە هێرمێنۆتیکی راڤەکارانی ئیسلامیدا بزرە. ئەو رەوەندەی کە لە کۆنەوە و لە قوتابخانەی راڤەکارانی دینییدا باو بووە، هەنووکەش لە دوالیزمێکی بێنێوەرۆکدا چەقی بەستووە کە هەم هەوڵ بۆ پاراستنی دەقە پیرۆزەکان لە کۆنتێکستی مێژوویییدا دەدات و هەم پێداگری لەسەر پرسی «باوەڕ» دەکات، واتە مرۆڤ ئازادە باوەڕی بەو دەقە پیرۆزانەوە هەبێ تا نەبێت، بەڵام لەسەر پرسی حەقیقی بوونی تێکستە دینییەکان رانامێنێت. راڤەکارانی دینی لە رێگای وەها مێتۆدۆلۆژییەکەوە دەیانهەوێت هەم تێگەیشتنی ئیستەعاری لە دەقە پیرۆزەکان بپارێزن و لەهەمان کاتیشدا تەمای ئەوەیان هەیە کە خەڵک باوەڕ بە واقعی بوونی دەقەکان بکەن. وەها خوێندنەوەیەک بۆ تێگەیشتن، نەک رێگا بۆ خوێندنەوەی سەلیقەیی خۆش دەکات، بەڵکە مەجال بە پێکهاتە سیاسییەکانیش دەدات کە بە پێی دۆخی سیاسی، بەرژەوەندی گروپی و هەروەها نێوەرۆکی ئایدیالۆژیکی خۆیان، سنووری نێوان ئیختیار و ئیلزامی هاوڵاتیان دیاری بکەن.

حیجاب لە کێشەی نیوان نەریت مۆدێرنیتەدا

بە پێی بۆچوونی ترکاشوند (١٣٨٩) دەکارکردنی حیجاب بەو شێوازەی ئەمرۆ باوە و لە بڕیارە دینییەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، لەم سەت ساڵەی دواییدا هاتۆتە ئارا. مطهری لە کتێبی «مسئلە حجاب» کە کۆکراوەی وتەکانیەتی لەمەڕ حیجاب، باس لەوە دەکات کە پێشتر و لە کتێب و ریساڵە دینییەکانی زانایانی ئیسلامیدا تەنیا ئاماژە بە «ستر صلاتی» واتە خۆداپۆشین لە کاتی نوێژدا و هەروەها «غیر صلاتی» واتە لە بۆنەکانی خوازبێنی کردن و مارەکردندا باو بووە (مطهری. لا ٤٣٠). پرسیارەکە ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو سەت ساڵەدا چی روویداوە کە زانایانی ئیسلامی و راڤەکارانی قورعان بیری حیجاب دەکەونەوە و لەوەش گرنگتر پرسی حیجاب تا رادەی ئایددیالۆژی بەرز دەبێتەوە؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە چاوپۆشی لە زۆر یەک لە پرسە «واجبەکان»ی قورعان کراوە.

بۆ تێگەیشتن و وڵامدانەوە بەم پرسیارە، ناچارین لە بەستێنی تیۆری گەشەسەندووییەوە ئاوڕێک لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانە لە جیهان و هەروەها تەعامولی نێونەتەوەیی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بدەینەوە. بۆ ئەوەی بابەتەکە ئاڵۆز و لە هەمانکاتدا درێژ نەبێتەوە، هەوڵدەدەم ئەو گۆڕانکاریانە و کارتێکەرییەکانی، لە سەر کەیسێکی تایبەتدا تاووتوێ بکەم کە پێوەندی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە. هەژماری توێژینەوە و کاری مەیدانی لەم بوارەدا گەلێ زۆرن و هەڵبەت روانگەکانیش فرەچەشنن. کەوایە ئاماژەدان بە گشت گۆشەنیگاکان لە وتارێکی وەها کورتدا ئاسان نییە، بەڵام سەردێر و نێوەرۆکی ئەم بابەتە یارمەتیمان دەدات کە لە دوای تیۆرێک بگەڕێین کە لەگەڵ تێمی بابەتەکە و هەروەها ئەو قۆناغە مێژووییەدا تەبا بێت و لە ئەنجامدا بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی روون. بۆ ئەم مەبەستە لە روانگەی تیۆری گەشەسەندووییەوە هەوڵ دەدەم رەگەکان و پاڵنەرەکانی هاتنەئارای پرسی حیجاب شرۆڤە بکەم. بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەیەکی کامران مەتین کە لە زانکۆی ساکسێکسی بریتانیا و لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو بووەتەوە، وەک بنەما بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیانەدا لەبەرچاو دەگرم. بە بۆچوونی مەتین (٢٠١٣) ستروکتور و دینامیزمەکانی گۆڕان لە کۆمەڵگای ئێران وەهایە کە هەمیشە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاقارێکدا دەبات کە بەردەوام گەشەسەندووییەکی لاسەنگی لێ دەکەوێتەوە.

 هەڵبەت گۆڕانە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا هەر لە پێوەندی بە یەک دینامیزمی تایبەت نایەتە دی، چوونکە کۆمەڵگاکان فرەچەشنن. لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا ئێمە لەگەڵ چەند کۆمەڵگەی مرۆیی بەرەوروو دەبینەوە کە مۆرک و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە ئەنجامدا بە ئاراستەیەکدا گەشە دەکەن کە ئامێر و بەستێنە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆی دیاری دەکەن. هەڵبەت ئێمە دەزانین کە تەعامولی نێونەتەوەیی کاریگەریی لەسەر دینامیزمە دەروونییەکانی کۆمەڵگاکانی دیکەش هەیە. کەوایە پرسی گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ژێر سریمەی دوو پاڵنەری سەرەکییە، واتە: دینامیزمە نێوخۆییەکان و هەروەها تەعامولە نێونەتەوەییەکان.

وڵاتی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیستەم، لە کاتێکدا بەرەو مۆدێڕنیتە هەنگاو دەنێت کە بە بۆچوونی کامران مەتین دوو رووداوی گرنگی مێژووی باڵی بەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان لە جیهاندا کێشاوە. لە لایەکەوە بزاڤێکی لیبەرالیستی هەیە کە مێژووکەی دەگەرێتەوە بۆ ٢٠٠ ساڵ و بریتانیا لە چەقی ئەو گۆڕانکارییەدایە و لە لاکەی دیکە روسیە هەیە کە بە شۆرشێکی پیشەسازی و بە خێراییەکی سەرسامهێنەر مۆدێڕن دەبێتەوە و هەروەها بە دامەزراندنی سپایەکی تۆکمە و مۆدێڕن، زەمینەکانی جیهانی دوو جەمسەریی فەراهەم دەکات. یەک لەو رووداوە گرنگانە کە بە بۆچوونی مەتین لەنێو وەها تەعامولێکی نێونەتەوەییدا هاتووەتە ئاراوە، دیاردەیەکە بەناوی «مەشروتە» لە ئێران دا. ئینقلابی مەشروتە لە راستیدا کاردانەوەیەک بوو بۆ ئەو تەعامولە نێونەتەوەییە، بەڵام نابێ چاوپۆشی لە دینامیزمە دەروونییەکانی وەها گۆڕانێکیش بکەین. لە ئاکامی وەها تەعامولێکی نێونەتەوەییدایە کە حکومەت لە ئێران – بە بۆچوونی مەتین، ناچار دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە لەنێوان دوو بەرداشی سەردەمدا چۆن ئێلیتی سیاسی و ستروکتوری دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێ گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبەریدا دەکەن، بۆ نموونە دامەزراندنی پارلمان و هەروەها سیستەمێکی مۆدێڕن کە «عباس میرزا» پێشینیاری کرد. بەڵام ئەم گۆڕانکاریانە چوونکە زەمینە کۆمەڵایەتییەکەی ئامادە نەبوو، نەیدەتوانی دەسەڵات لەبەرامبەر کارتێکەرییەکانی ئەو دوو بەرداشەی سەردەمدا بپارێزێت.کەوایە بیریان لە دامەزراندنی سوپایەکی بەهێز کردەوە و ئێمە دەزانین کە بۆ ئەم مەبەستە دەبێ دەسەڵات پارەی هەبێت. کاتێ ئاوڕ لە دۆخی ئابووری ئێران لە سەردەمی قاجارەکاندا دەدەینەوە، دەبینین کە دامەزراندنی وەها سپایەک خەیاڵی بوو. لەو کاتەوە کە رێگای دەریاکان، پێوەندیی بارزگانی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی پێکەوە بەستەوە و، جادەی ئاوریشم برەوی نەما و لە ئەنجامدا حکوومەتی سەفەوییەکان تووشی نسکۆ هات، ئێران قەت نەیتوانی لە باری ئابوورییەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخێکی جێگیر. کەوایە حکوومەتی قاجارەکان دوو رێگایان لەبەر بوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی لەو دۆخە نێونەتەوەییەدا بپارێزێت، یا لە رێگای وەرگرتنی ماڵیاتەوە کار بۆ دامەزراندنی سپایەکی بەهێز و مۆدێڕن بکات یا پەنا بۆ هاوسەنگییەکی دیپلۆماتیک ببات (Matin 2013). حکوومەتی قاجارەکان رێکاری دووهەم هەڵدەبژێرن و لە ماوەی دەسەڵاتەکەیاندا هێندێ جار سەروەری سیاسی خۆیان بە روسەکان دەبەستنەوە و هێندێ جاریش پەنا بۆ بریتانیاییەکان دەبەن.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی حکومەتی قاجارەکان رێکاری یەکەم واتە وەرگرتنی ماڵیاتیان هەڵنەبژارد؟ هۆکارەکە بە بۆچوونی مەتین چینە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت مەرجەعیەتی شیعە بوو کە لەو سەردەمەدا نزیک بە ٢٠%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران لە تاپۆیاندا بوو. لەو سەردەمەدا ئیئتلافی نێوان فیۆداڵ و مەرجەعیەتی شیعە کارێکی کرد کە پرۆژەی چاکسازی حکوومەتی قاجار فەشەل بێنێت و لە ئەنجامدا حکوومەت پەنای بۆ هاوسەنگییەکی دیپلۆماتیک برد. بەڵام ئەم دۆخە گرفتێکی گەورەی لێکەوتەوە کە پێوەندی بە سەروەری سیاسییەوە هەبوو. لەوەش گرنگتر ئیئتلافی مەرجەعییەتی شیعە لەگەڵ چینە کۆمەڵایەتییەکان بوو کە لەو سەردەمەدا نەچوونە پشت پرۆتۆکۆڵە سیاسی و گرێبەستە نێونەتەوەییەکانی حکوومەتی قاجار و لە ئەنجامدا هێژمۆنی ئەم پێکهاتانە باشتر دەرکەوت. لە زۆربەی توێژینەوەکان کە ئاماژە بەم سەردەمە دەدەن، باس لە پاشاگەردانی و ئاڵۆزییەک دەکەن کە بە کردەوە دەسەڵاتی بەسەر دوو پێکهاتەی مەرجەعیەتی شیعە و ئێلیتی سیاسیدا دابەش کردبوو.

باسمان لە فاکتۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارتێکەرییان لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کرد لە ئێراندا، بەڵام ئاماژەدان بە ستروکتوری نێوخۆی ئێرانیش، کە وەک گشت نموونەکانی دیکەی جیهان هەمیشە فۆرمێکی پێکهاتەیی یا هایبریتی هەیە، پێویستە. ئەگەر قایل بەم فاکتۆرە بین ئەوا دەبێ سەرنج بەم خاڵەش بدەین کە ئەو پێکهاتانە تاچەند توانیویانە بە شێوەیەکی ئۆرگانیک و لە بەستێنی کۆمەڵگای خۆیانەوە ئەو هاودژانە بەرهەم بێنێتەوە و چۆنیان چارەسەر بکات. ئەگەر بۆ نموونە روانگەی مارکس بکەین بە بنەما، ئەوا ئینقلاب سەنتێزێک بۆ ئەو هاودژانە دەبینێتەوە. کەوایە ئەو دیاردەیەی کە وەک ئینقلابی مەشروتە ناوزەد کرا، کاردانەوەیەک بوو لەهەمبەر وەها هاودژییەک کە لەو سەردەمەدا و لە بەستێنی کۆمەڵگای ئێران بەدی دەکرا. هێژمۆنی شەرع و هەروەها دەسەڵاتی ئابوریی مەرجەعیەتی شیعە لەو سەردەمەدا رێگای لەوە دەگرت کە ئێرانیش وەک تورکیە بەرەو سێکۆلاریزم هەنگاو بنێت (Matin 2013). لە ئەنجامی ئەو هاوسەنگییە لە هێزدا، مەرجەعیەتی شیعە توانی لە سەردەمی مەشروتەدا ئانتی تێزێک بەناوی «مەشروعە» بەرهەم بێنێت. مەشروعە لە راستیدا کاردانەوەیەک بوو لەبەرامبەر سێکۆلاریزەکردنی دەسەڵات و هەروەها سڕینەوەی مەرجەعیەتی شیعە لە دەسەڵاتی سیاسی دا.

کودیتاکەی ٣ی رەشەمەی ١٢٩٩ هەتاوی کە لەودا «رضا خان میرپنج» (رەزا شا) و «سید زیالدین طباطبایی» کۆتاییان بە دەسەڵاتی قاجارەکان هێنا، ئەگەر چی توانی مەرجەعیەتی شیعە لەباری سیاسییەوە بخاتە پەراوێزەوە بەلام نەیتوانی پێگەی ئابوورییان لاواز بکات. سەرەڕای کورت کردنەوەی دەستی مەرجەعیەتی شیعە لە سیاسەتدا، کەچی مەرجەعیەتی شیعە و فیۆدالەکان، بە بۆچوونی مەتین، پشتی رەزا خانیان گرت و هۆکارەکەش هەم پاشاگەردانی بوو کە ئەوکات ئێرانی شێواندبوو، هەم فۆبیای بولشویکیزم بوو. بەم چەشنە چینی ئێلیتی سیاسی و مەرجەعیەتی شیعە و هەروەها فیۆدالەکان، پەرەسەندنی کۆمۆنیزم کە ئەو کات پێیان دەگووت «ئیشتراکی»، وەک هەرەشەیەکی جیددی بۆ نەهێشتنی خاوەندارێتی تایبەت دەزانی و ناچار بوون مل بە دەسەڵاتخوازی رەزاخان بدەن، واتە ئەو دیاردەیەی کە کامرانی مەتین وەک بوناپارتیزمی رەزاخانی ناوەزەدی دەکات (Matin 2013). بەڵام بوناپارتیزمی رەزاخانی بە پێچەوانەی ئەو بوناپارتزیمە کلاسیکییەی کە مارکس لە پێوەندی بە ئاڵمان و ژاپۆن باسی لێ کردووە، هیچ پێوەندییەکی بە هاوسەنگی هێز لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگاوە نەبوو، بەڵکە لە راستیدا ئەوە پرسی ژیۆپۆلیتیک، واتە تەعامولی نێودەوڵەتی بوو کە دیاریی دەکرد قەوارەی سیاسی حکوومەتی رەزا خان چۆن دابمەرزێت. بەم چەشنە فۆبیای کۆمۆنیزم دەستی رەزا شای ئاواڵە کرد کە بە تۆبزیی و لە رێگای زەبروزەنگەوە پرۆژەی تیپیکاڵی مۆدێرنیتە بباتە پێش و چاوپۆشی لە بەستێنی گەشەی کولتوری و سیاسی کۆمەڵگا بکات. واتە مۆدێڕنیتەیەکیان لەسەر کۆمەڵگای ئێران دەچەسپاند کە نەک زەمینەکانی گەشەی بەر-سەرمایەداریی تێدا بەدی نەدەکرا بەڵکە لەباری کولتوریشەوە گەلێک نامۆبوو بە دیاردە و هزرە مۆدێڕنەکان. یەک لە دەرەنجامەکانی وەها مۆدێڕنیزاسیۆنێک دیاردەیەک بوو بەناوی «کەشفی حیجاب»، واتە یاسای لادانی چارشێو و رووبەند لەسەر ژنان. رەزا شا ویستی بە یەک شەو و لە رێگای زەبروزەنگەوە، نەریتێکی پۆشین لە کۆمەڵگادا بگۆڕێت کە رێگایەکی هەزار ساڵەی پێوا بوو. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکدا دەست پێدەکات کە ئێلیتی سیاسی ئەوکات هیچ کارێکی بۆ هاوبەشکردنی ژنان لە گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابووریشدا نەکردبوو. کامران مەتین لە کتێبەکەیدا ئاماژە بە قسەیەکی دویچێر (١٩٦٧) دەکات کە وابزانم وەک مێتافوورێک بۆ ئێرانی ئەوکات دەگونجێت. دویچێر دەڵێ بەرلەوەی خەڵک لە نێوەرۆکی دەوڵەتی مۆدێڕن تێبگات، قەوارەکەیان دامەزراند (ibid). لێرەوە نەک جەستەی ژن، بەڵکە ئۆبژایەتی ژن دەبێت بە سەنگەری مۆدێڕنیزمە بۆناپارتییەکەی رەزا شا و چیرۆکی حیجابیش دەچێتە فازێکی دیکەوە کە لەبەشەکانی دیکەی ئەم وتارەدا زیاتر لەسەری چڕ دەبینەوە.

یەک لە دەسکەوتەکانی رەزا شا، لەچاو حکومەتی قاجارەکان،  ئەوە بوو کە لەگەڵ فیۆدالەکان و مەرجەعیەتی شیعە گەیشتنە رێککەوتنێک کە لەودا بەڕێوەبەردنی گوندەکان، کە ئەو کات لە سەتا هەشتاو پێنجی حەشیمەتی ئێرانی پێک دەهێنا، لە رێگای کوێخاکانەوە کە فیۆدالەکان دیارییان دەکرد، کۆنترۆڵ بکات و چوونکە مەرجەعیەتی شیعەش لە سەتا بیستی مڵکەکانی لە دەستدا بوو، شموولی وەها رێککەوتنێک دەبوون. بە واتایەکی دی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی رەزا شادا بوو بەڵام بەرێوەبەردنی ٨٥% وڵات لەدەستی فیۆدالەکاندا و لەژێر ئامۆژگاری مەرجەعیەتی شیعەدا بوو. کەوایە ٨٥%ی کۆمەڵگای ئێران لە دۆخی فیۆدالیدا چەقیون و لە کاروانی دۆخی مۆدڕنیتەی رەزاخان بەجێ دەمێنن. ئەمە لە خۆیدا دەکرێ وەک دابەشکردنی کار – لە روانگەی دورکهایمییەوە- پێناسە بکەین لە نێوان رەزا شا و فیۆدالەکان و مەرجەعیەتی شیعەدا. لێرەوە ئێمە لەگەڵ ئێئتیلافێکی سێکۆچکەیی لە نێوان ئێلیتی سیاسی، فیۆدالەکان و مەرجەعیەتی شیعە بەرەوروو دەبینەوە کە لە لایەکەوە مەشروعیەتی بە دەسەڵاتی سیاسی رەزاشا دەدا و لە لاکەی دیکەش دەسمایەی فیۆدال و مەرجەعیەتی شیعە بەرز دەبووەوە (ibid). دەرکەوتەی وەها ئیئتلافێک، بە بۆچوونی من، لەوەدا بوو کە نەک فۆبیای کۆمۆنیزم رەوییەوە بەڵکە لەسەر یاسای کەشفی حیجابیش رێککەون. بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە لەوکاتەوە مەشروعیەتی سیاسی رەزاشا لە لایەن مەرجەعیەتی شیعەوە پەسند کرا، پرسی یاسای کەشفی حیجاب بەو تەوژمەی جاران نەما و کەم کەم لە رێگای رێککەوتنێکی نەنووسراو لە نێوان ئێلیتی سیاسی و مەرجەعیەتی شیعەدا، پرسی حجاب لۆکالیزە دەکرێت. واتە نەبوونی حەساسیەتی مەرجەعی شیعە بە نۆرمالیزەکردنی بێ حجابی لە ناوەندە ئیدارییەکان کە سیمبولی مۆدێڕنیتە بوون و لەهەمان کاتدا نەمانی حەساسیەتی ئێلیتی سیاسی بە حجاب لە ناوچە پەراوێزەکانی دەسەڵات کە دواجار بوو بە گەورەترین پێگەی سیاسی بۆ مەرجەعیەتی شیعە.

لە کۆتایی سییەکاندا و بەتایبەت دوای میللی کردنی نەوت لە دەوڵەتی موسەدیق دا کە بەشەداهاتی نەوتی ئێران رووی لە هەڵکشان کرد، پەهلەوەی دووهەم ئیتر بەو قەناعەتە گەیشت کە پێویستی بە ئیئتلافە سێکۆچکەکەی سەردەمی رەزا شا نەماوە. مەحەمەد رەزا پەهلەوی بە رادەی پێویست دەسەڵات و هەروەها لەباری ئابوورییەوە دەوڵەمەند بوو کە بە تەنیایی دەسەڵات بەرێوە ببات و چاوپۆشی لەو چینە کۆمەڵایەتیانە بکات کە رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران دا. پرۆژەی پیشەسازی لە ئێران و بەدوایدا ئینقلابی سپی کە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیۆدالیزم، دەرەنجامی وەها گەشەیەکی ئابووری بوو. شای ئێران لەم قۆناغەوە هەوڵ بۆ سڕینەوە رۆڵی بازاڕ و هەروەها مەرجەعیەتی شیعەش دەدات و لە ئاکامدا کار بۆ پەرەدان بە ناوەندە پیشەییەکان دەدات کە دەکرێ وەک سەرهەڵدانی کاپیتالیزم لە قەوارەیەکی بچووکدا سەیر بکرێت (ibid). لەگەڵ گەشەکردنی کاپیتالیزم، فۆرمی چینایەتی کۆمەڵگاش گۆڕانی بەسەردا دێت و لە ئەنجامدا ناوەند و دامەزراوە نەریتییەکان کە مێژوویەکی ٢٠٠ ساڵەیان هەبوو، تووشی گرفت دەبوون. ئەم رەوەندە بە ئاقارێکدا تێدەپەڕی کە بە بۆچوونی کامران مەتین، بەرژەوەندییەکانی بازاڕ لە پێناو چینێکی سەرمایەداردا تووشی زەرەد دەبوو کە بەو قەوارە بچووکەیەوە بەتەمابوو هێدی هێدی ئاوێتەی سەرمایەداری جیهانیش ببێتەوە. سروشتییە کە وەها پرۆژەیەک هەڕەشە بێت بۆ بازار چوونکە نەک بازرگانیی کلاسیکی ئێرانی دەگۆڕاند بەڵکە سیستەمی بازاڕیش تووشی گۆڕان دەبوو (ibid). هەڵبەت رەوتی گەشەی سەرمایەداری لەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی گەشەدا بوون، وێنەیەکی سێکۆلار و لەهەمانکاتدا گۆڕانێکی بنچینەیی لە کولتورریشی لێ دەکەوێتەوە کە وەک پێشمەرجی گەشەسەندووی پێناسە دەکرا. یەک لەو دیاردانە پۆشینی ژنان، مافی دەنگدانی ژنان و هەروەها هاوبەشکردنی ژنان لە دامەزراوە مەدەنی و ئابوورییەکاندا بوو. یەک لەو دیاردانەی کە بە بۆچوونی من جێگای پرسیارە، مافی دەنگدان و هاوبەشکردنی ژنان بوو لە سیستەمی بەڕێوەبەریدا. لە هیچ کام لە توێژینەوەکان لەسەر کۆمەڵگا و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، تا ئەو سەردەمە، باس لە بزاڤێکی فێمێنیزمی نەکراوە کە لە بنتکی کۆمەڵگاوە سەری هەڵدابێت و خەبات بۆ وەگرتنی مافی دەنگدان، هەڵبژاردنی پۆشین و هەروەها هاوبەشکردنی ژنان لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و بەرهەمهێناندا بکات. رەنگە ئەم داوایانە لە چوارچێوەی نوخبە و لە ئاستی تیۆریکدا هەبووبێت، بەڵام لە پراکتیکدا بزاڤێکی ئەوتۆ دیار نییە. کەوایە پەهلەوی دووهەم وەک نەریتی بوناپارتیزمەکەی باوکی ویستی، بە بڕیارێک و بە یەکشەو، بەرگێکی مۆدێڕن بە باڵای کۆمەڵگای ئێراندا بکات. لەم قۆناغەدا بوو کە مەرجەعیەتی شیعە بە رێبەرایەتی خومەینی و هەروەها بازارییەکانی ئێران وەک پێکهاتەیەکی نەریتی، بە دژی ئینقلابی سپی راپەرین و هەراکەی جۆزەردانی ١٣٤٢ی هەتاوی لێکەوتەوە. لەم قۆناغەشدا دیسان ژن دەبێتە ئۆبژە بۆ ململانەی نێوان مۆدێڕنیزم و نەریتخوازەکان. خومەینی لە راگەیاندنەکەیدا بە راشکاوییەوە گلەیی لە مافی دەنگدان بۆ ژنان دەکات و ئەم یاسایە وەک هەرەشە بۆسەر دینی ئیسلام پێناسە دەکات. ئەگەرچی بە هۆی دوورخستنەوەی خومەینی لە ئێران هەراکەی جۆزەردانی ١٣٤٢ نیشتەوە، بەڵام لە بنتکی کۆمەڵگادا هەست بە جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی دەکرا کە تا ئینقلابی ١٣٥٧ی هەتاوی، دوو باڵی چەپ و راستی ئیسلامی لە کۆنتێکستێکی عیرفانی و دژ بە نمادەکانی مۆدێڕنیزمدا ئاوێتەی یەک کرد. خاڵێکی گرنگی دیکە بۆ وەها ئاوێتەبوونێک دیسکۆرسێک بوو بە ناوی «غرب زدگی». بەرهەمی ئەم گوتارە، دژایەتی کردنی گشت سیمبول و ئەو وێنانە بوو کە وەک هێمای رۆژئاوایی و کاپیتالیزم پێناسە دەکران. لەم سۆنگەشەوە ئۆبژەبوونی ژن تۆختر دەردەکەوێت و لە راستیدا هیچ شتێک بە رادەی جەستەی ژنان نەیدەتوانی لە وێناکردنی ئەم کۆنتراستەدا کاریگەر بێت. واتە کۆنتراستی نێوان ژنانی سەر و باسک رووتی مۆدێرن لەهەمبەر ژنانی لەچکە بەسەر و چارشێو پۆش کە ئامادە نەدەبوون هێماکانی کاپیتالیزم و مۆدێڕنیزمی نامۆ بە کولتور و نەریتی ئێرانی بسەلمێنێت. ئەم رەوەندە یارمەتی بە پۆلاریزەکردنی کۆمەڵگای ژنانی ئێرانی دەدات کە بەسەر دوو باڵی ناتەبا بەیەک دابەش بن: باڵێکی کەمینە کە سیمبولەکانی رۆژئاوا وەک کولتور پەسند دەکات و لە رۆژنامە، گۆڤار، شاشەکانی تی ڤی و فیلمە گیشەییەکانی سینەمادا فۆکووسیان لەسەر دەکرا و، باڵێکی زۆرینەش کە لە پەراوێزی شار و گوندوکان فەرامۆش کرابوون و پشتیان لە بەها و نۆرمە نەریتییەکان نەدەکرد. لە ئاکامی ئەم کۆنتراستەدا، ئێئتلافێک لە نێوان بازاڕییەکان و مەرجەعیەتی شیعەدا پێکهات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاپیتالیزمە کۆمپرادۆرەکەی شای ئێران. خومەینی لەم ئیئتلافەدا وەک ئیدۆلۆگی ئینقلاب پەرەی بە تێزی حکومەتی ئیسلامی دەدا و بازاڕییەکانیش لە رێگای پشتگریی داراییەوە زەمینەیان بۆ پراکتیزەکردنی وەها تیۆرییەک خۆش دەکرد (ibid). هەڵبەت پرۆسەی کاپیتالیزمی تازەدامەزراوی ئێران و رەوەندی ئاوێتەبوونەکەی لەگەڵ کاپیتالیزمی جیهانی، گشت رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشی بەو ئاقارەدا دەبرد کە پێداچوونەوەیەک لە گوتار و ئایدیالۆژی و سیاسەتەکانیاندا بکەنەوە، لەهەمبەر وەها گەشەسەندووییەکی لاسەنگدا هەڵوێستە بکەن و بە ناچاری رەگەڵ رەوتێکی نەریتخواز بکەون کە لەباری ئادیالۆژی و دۆخی چینایەتییدا نامۆبوون بە یەک.

وەک لەم بەشەی وتارەکەدا دەردەکەوێت، پرۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران نەک بەرهەمی هاودژییەکەی دیالیکتیک نەبوو کە لە رێگای ئینقالابەوە بگاتە سەنتێز و زەمینەکانی تێپەڕین لە نەریتخوازی فەراهەم بکات، بەڵکە پرۆژەیەک بوو بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندخواز کە گرفتی مەشروعیەتی سیاسی هەبوو. چ لە سەردەمی رەزا شا و چ لە سەردەمی پەهلەوەی دووهەمدا مۆدێڕنیزم وەک ستراتژی لە خزمەتی سڕینەوەی رکەبەرە سیاسی و چینە کۆمەڵایەتییەکان دەکار کراوە و مەجالی بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە رەوەندێکی ترانسێنداڵیدا تێپەڕ بن و لە دۆخی بەر-سەرمایەداریدا قاڵ ببنەوە. لە وەها دۆخێکدا سروشتییە کە پرسی گەشەسەندوویی بە شێوەیەکی لاسەنگ بچێتە پێش و بەرچاوترین قوربانییەکانی ئەم سیاسەتەش ژنان بوون.

حیجاب وەک سیاسەت

راپەرینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٦دا، بە بۆچوونی زۆر یەک لە کارناسان، کاردانەوەیەک بوو لەهەمبەر گەشەسەندوویی لاسەنگ. لەگەڵ ئەوەیدا کە کۆمەڵگای ئێران لە پەنجاکاندا، لەباری خۆشبژێوی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ هیچ کام لە قۆناغە مێژووییەکانی ئێران بەراورد نەدەکرا، بەڵام ئەم گەشەسەندووییە چاوپۆشی لە ئێلێمانێکی گرینگ کردبوو بە ناوی ئازادییە سیاسییەکان کە ئەو کات سیاسەتی سانسۆر و سەرکوتی حوکومەت رێگریی دەکرد لە دامەزراوەخوازی سیاسی. حکومەت کاتێ ملی دا بە ویستی ئێلیتی سیاسی، کە راپەڕینەکان چووبووە نێو قۆناغی ئینقلابییەوە و بۆ هەموومان روونە کە لە وەها دۆخێکدا مەجال بۆ پرسی چاکسازی و گەشەسەندوویی هاوسەنگ نامێنێت. ئینقلابی ١٣٥٧ جیهانی سەرسام کرد، بەتایبەت پرۆژەی دژە مۆدێڕنیتەی ئەم ئینقلابە کە رۆژ لە دوای رۆژ نێوەرۆکەکەی روونتر دەبووەوە.

لە شازدەی رەشەمەی ١٣٥٧، واتە بیست و شەش رۆژ بە دوای سەرکەوتنی ئینقلابی ئێران، «خومەینی» لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەقێکانی شاری قوم باسی لەوە کرد کە «پێویستە ژنان بە حیجابی ئیسلامییەوە دەرکەون… دەبێ ژنان هەڵسوکەوتیان بگۆڕن… هێندێ زانیاریم دەگاتە دەست کە کارمەندە ژنەکان لە وەزارەتی دەرەوە بە ڕووتی دەچنە سەر کار… ژنان بۆیان هەیە لە کارەکۆمەڵایەتییەکاندا بەشدار بن، بەڵام بە حجابی ئیسلامییەوە.» (رۆژنامەی کیهان، ١٧ی رەشەمەی ١٣٥٧). لەم لێدوانەدا بوو کە بۆ یەکەم جار تێرمێک بەناوی حیجاب دێێتە رۆژەڤەوە و خومەینی وەک ئۆلتیماتیۆم ئاراستەی کۆمەڵگای دەکات. ئەو قسانەی خومەینی لە کاتێکدایە کە زانایانی ئیسلامی لەسەر حیجاب و سنوور و رادەی حیجاب کۆک نەبوون. دوابەدوای ئەو قسانە هەرایەک لەنێو کەشی سیاسی ئێراندا سەر هەڵدەدات و بەشێک لە ژنان کە زۆربەیان کارمەندی دەوڵەتی بوون (بە پێی رێپۆرتاژی رۆژنامەکانی ئەوکاتی ئێران) لە شارەکانی تاران، سنە، کرمانشان، ورمێ، ئیسفەهان و بەندەر عەبباس دژکردەوەیان پیشان دا و رژانە سەر شەقام. وتووێژەکەی «محمود طالقانی» لەگەڵ رۆژنامەی کەیهان دۆخەکەی هێوڕ کردەوە و ناوبراو باسی لەوە کرد: «… لە ئیسلامدا حیجابی زۆرەملی نییە و هەتا ئێستاش زانایانی ئیسلامی لەسەر وەها بڕیارێک کۆک نین… ئیمام نەسحەتێکی باوکانەی کردووین و هیچ گرفت نییە کە خانمەکان لەبەر رێزی قسەکانی ئیمام و خۆشیان لەچکەیەکی تەنک لەسەر بکەن… بەم کارە رێز لە کەرامەت و کەسایەتی خۆیان دەگرن…» (کیهان، ژمارە ١٠٦٥٨، لا ٣، ٣٠ رەشەمەی ١٣٥٧). لەوە سەرنجراکێشتر هەڵوێستی بەشێک لە ژنانی مۆدێڕن و کەسایەتییە چەپ و دژە ئیمپرالیستییەکان بوو. بۆ نموونە «اسلام کاظمیە» (١٣٠٩- ١٣٧٦) یەک لە کەسایەتییە چەپەکان و چالاک لە کانونی نوسەرانی ئێران، لە وتارێکی لە رۆژنامەی کەیهاندا پرسی هێنانە ئارای پۆشینی ژنانی وەک شتێکی لاوەکی و  خۆڕانانی رۆشنبیرانە پێناسە کرد کە نامۆیە لەگەڵ واقعەکانی کۆمەڵگا (کیهان، ٣١ اسفند ١٣٥٧). هەروەها زۆر یەک لە رووناکبیرانی چەپ و راست مافی بڕیاردان و ئازادی ژنان لەمەڕ پۆشینیان لە گۆشەنیگای تیۆری «غرب زدگی»یەوە شروڤە دەکرد و دواجار بەو ئاکامە گەیشتن کە هەرای حیجاب لەمپەرە بۆ خەباتی دژە ئیپریالیستی ئینقلاب.

 شەڕی سێ مانگەی کوردستان و شەڕی تورکمەن سەحرا، کێشەی حیجابی دێزەبەدەرخۆنە کرد، بەڵام مەرجەعیەتی شیعە لە پرۆژەکەی خۆیان بۆ داسەپاندنی حیجاب نەوەستان و دواجار لە ساڵی ١٣٦٢ یاسایەکیان بۆ حیجاب پەسند کرد. یەکەم یاسایەک کە لە پێوەندی بە حیجابدا پەسند کرا، لە مادەی ١٠٢ی یاسای تەعزیرات دیاری کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥دا وەک تەبسەرەیەک بە مادەی ١٤١ی یاسای مجازاتی ئیسلامییەوە زیا کرا و سزای رەچاونەکردنی حیجابیش ٧٤ زەربە شەلاق بوو.  بەم کارە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەدوای عەرەبستانی سەعوودیدا دووهەم وڵاتی ئیسلامی بوو کە یاسای بۆ حیجابی زۆرەملی دادەنا. عەرەبستانی سەعوودی لە ساڵی ١٣٩٨ یاسای حیجابی زۆرەملی هەڵوەشاندەوە و ئێستا کۆماری ئەسلامی یەکەم حکومەتە لە دنیادا کە بە زمان و میکانیزمی یاسا، ژنان ناچار دەکات چی لەبەر کەن و چۆن دەربکەون.

وەک پێشتر باس لە کێشەی راڤەکردنی حیجاب لە قورعان کرا و هەروەها بە پێی ئەو کورتە باسەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا لەمەر رۆژمێری چەسپاندنی حیجابی زۆرەملی، دەبینین کە سیاسەتی حیجاب بە رەوەندێکی سینووسیدا چووەتە پێش. واتە بە پێی دەرفەت و بە پێی دۆخە سیاسییەکان پرسی حیجاب هێندێ جار شل و جاری واشە توند بووە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیجاب یەکێکە لەو بابەتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نییە چاوپۆشی لێ بکات. پرسیارەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت خومەینی چی لە حیجابدا بەدی دەکرد کە وەها بە پێداگرییەوە کاریان بۆ چەسپاندنی دەکرد؟ لێرەوە هەوڵ دەدەم باسێکی فۆکشیۆنالیستیانە ڵەمەڕ کارکردی حیجاب لە ئایدیالۆژی کۆماری ئیسلامیدا بکەم. ئەوەی تا ئێستا هەست پێکراوە، پرسی حیجاب بۆ کۆماری ئیسلامی لە سێ دانە ئاستدا کارایی هەیە کە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم:

١- ئاستی ناسێنەیی: کۆماری ئیسلامی خۆی بەم سیمبولەوە پێناسە دەکات و هەروەها حیجاب کارایی مۆبیلیتایزی هەیە بۆ لایەنگرەکانی ولایەتی فەقیە و لەوەش گرنگتر بەربڵاوی جوگرافیای دەکارکردنی حجاب، سنوورەکانی ئۆمەتی ئیسلامیش دیاریی دەکات.

٢- ئاستی ستراتژیک: پرسی حجاب لەم ئاستەدا دەبێت بە بەشێکی گرینگ لە ئایدیالۆژی و ئامانجی بەرزی سیستەم لەمەڕ دامەزراندنی ئۆمەتی ئیسلامی-شیعەدا، حیجاب توانای ئەوتۆریتەی ئایدیالۆژی کۆماری ئیسلامیش دیاریی دەکات.

٣- ئاستی تاکتیکی: هەر ئەو قۆناغەیە کە لە ژیانی رۆتینیدا هەستی پێدەکەین و لەگەڵیدا دەژین. واتە ئامێرێک بۆ تۆقاندن و ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگا. رێژیم لە هێندێ دەرفەتدا، بە شێوەی سیستەماتیک و لە رێگای توندوتیژی کردن و تۆقاندنی کۆمەڵگاوە، ئەوتۆریتی خۆی بە چاوی کۆمەڵگادا دەداتەوە. بەم کارە بیری بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەهێنێتەوە کە لە سەرکوتکردندا دەست راناگرێت. بەڵام هێندێ جار تەوژمی حیجابی زۆرەملی هاوکاتە لەگەڵ قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان بەڵکوو سەرنجی خەڵک و چالاکە سیاسی و مەدەنییەکان لەمەڕ دۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری، بشێوێنێت.

کارایی حیجاب لە پتەوکردنی توتالیتاریانیزمی ئیسلامی

ئامار و رەوتی رووداوەکانی ئێران پێمان دەڵێت کە ترانسفۆرماسیۆنی حجاب لە یاسای پۆشینەوە بەرەو ئەو دۆخەی کە دواجار حیجاب دەکات بە ئاڵای کۆمەڵگای ئیسلامی، لە سەردەمی پۆست خۆمەینیزمدا گرنگی زیاتری پێدراوە. یەک لەو پرسیارانەی کە بەلای زۆربەی توێژەرانی پرسی فێمینیزم لە ئێران دروست دەبێت ئەوەیە کە بۆچی پرسی حیجاب هەر بەو چەند ماددە یاساییانەوە قایل نەبوو و هەنووکە چووەتە نێو فازێکی دیکەوە کە نەک هەر دامەزراوەسازی بۆ حیجاب دەکرێت، بەڵکە حیجاب بووە بە بەشێک لە ستراتژی حکوومەت و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە؟ لێرەوە پێویست دەکات لە روانگەی تیۆری توتالیتاریانیزمەوە لە دوای وڵامی وەها پرسیارێک بگەڕێین.

هەڵبەت زۆر یەک لە کارناسانی سیاسی گرفتیان هەیە لەگەڵ جێکردنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی تیۆری توتالیتاریانیزم. هۆکارەکەش ئەویە کە خوێندنەوەکان بۆ توتالیتاریانیزم بە پێی ئەو مۆدێلانەن کە لە سەدەی بیستەمدا سەریان هەڵدا و دواجار لە کۆتاییەکانی ئەو سەدەیەدا هەڵوەشانەوە. بۆ نموونە ناسیۆنال-سوسیالیزم لە ئاڵمان، فاشیزم لە ئیتالیا، کۆمۆنیزم لە یەکیەتی سۆڤیەت و… بە پێی خوێنەنەوە ستروکتورالیستییەکەی فرێدریش و بێرژینسکی (1965) توتالیتاریانیزم لە ئەنجامی خۆگونجاندنی حکوومەتە خۆسەرەکان لەگەڵ پرۆسەی گەشەی کۆمەڵگا پیشەییەکانی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵداوە. ئەم بۆچوونە لەباری نێوەرۆکییەوە تەبایی نییە لەگەڵ دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چوونکە وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، ئینقلابی ١٣٥٧ پرۆژەیەک بوو دژ بە مۆدێڕنیزم و ئامانجەکەی ژیانەوەی نۆرمە نەریتییەکان و هەروەها لەباری رووکردی ئابووریشەوە بەتەما بوو پشت بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی ببەستێت (واتە سیاسەتی خودکفایی). بەڵام لە سەردەمی پۆست خومەینیزمدا، کەم کەم نیشانەکانی توتالیتاریانیزم لە کردەوە و گوتاری رێژیمدا بەدی دەکەین. دەرکەوتە و پرۆژەکانی پۆست خۆمەینیزم زۆر لەگەڵ پۆلبەندییە شەش خاڵییەکەی «فرێدریش» و «بێرژینسکی» لەمەڕ ستروکتوری توتالیتاریانیزمدا نامۆ نین، واتە: ئافراندنی «مرۆڤی نوێ» (لە ئێراندا ئۆمەتی ئیسلامی) لە چوارچێوەی ئایدیالۆژییەکی گشتگیردا (ئیسلامی-شیعی) و هەروەها بۆ وەدیهێنانی وەها ئامانجێک: کار لەسەر هرووژانی هەزارەگەرایی و یۆتۆپیایەکی بەهێز دەکات (آخر الزمانی) کە میکانیزمەکەشی تۆقاندن و پروپاگاندایە. لەوەش گرنگتر بەتەمایە لەسەر دەستی حیزبێکی بەهێز (حزب اللە) ئەم ئامانجە بێنێتە دی.

خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە لەمەڕ توتالیتاریانیزم کە ئەم وتارە هەوڵدەدا لە چوارچێوەی ئەو تیۆرییەدا پێوەندی نێوان حیجابی ئیسلامی و تەمای توتالیتاریانیستی رێژیم شرۆڤە بکات. لەم بابەتەدا ئاماژە بە بۆچوونە فەلسەفی – کۆمەڵایەتییەکەی «هانا ئارێنت» دەکەم لەمەڕ هەوڵی ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگا وەک دوائامانجی توتالیتاریانیزم. بە بۆچوونی ئارێنت: رێژیمی توتالیتێر هەوڵ بۆ ئایدیالۆژیزەکردن و دەمارگرژکردنی هاوڵاتیان نادات بەڵکە ئامانجی کۆتایی توتالیتاریانیزم شێواندنی عەقڵییەتی هاوڵاتیانە بەڵکوو هەست بە مەودای نێوان راستی و درۆ نەکەن و لە لێکدانەوەی خراپەدا ناکارامە بن. ژیان لە ژێر دەسەڵاتی رێژیمێکی توتالیتێردا، وا لە هاوڵاتیان دەکات کە بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکەن کە درۆکانی سیستەم وەک حەقیقەتێکی رەها بچەسپێت. لەم سیستەمانەدا ئیتر پرسی درۆ و راست بوون، پرسی سەرەکی نییە، چوونکە حەقیقەت و رەوایی حەقیقەت، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بزرە و ترس و تۆقاندن جێگای پڕ دەکاتەوە (Arendt, 2004). «کارل یەسپێرس»یش باس لە ترس و تۆقاندن دەکات بەڵام ئەو پێیوایە ترس لە حکوومەتی توتالیتێردا دەوولایەنەیە. واتە ترس لە رێگای رەشبینی و دوودڵییەوە بە ناخی کۆمەڵگادا رۆدەچێت بەڵام ئەم ترسە هەر هاوڵاتیان ناگرێتەوە بەڵکە دەسەڵاتیش دەگرێتەوە، چوونکە دەسەڵات هەمیشە لە کۆمەڵگا تۆقیوە. کەوایە رێژیمە توتالیتێرەکان بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانەوەی دۆخێکی ژیانن بەڵکوو هاوڵاتیان بە دەمامکێکەوە دەرکەون کە رێژیمی توتالیتێر لێی نەتۆقێت، واتە میکانیزمی جووت موراڵی و دوو روویی. هۆکاری مانەوەی رێژیمە توتالیتێرەکان بە بۆچوونی یەسپێرسیش هیچ پێوەندییەکی بە ئیمان و بڕوای هاوڵاتیانەوە نییە، بەڵکە ئەو ترسەیە کە لە کۆمەڵگادا رەگی داکوتاوە (Jaspers,1963).

هەستیاربوونی دەسەڵات بە پرسی حیجاب، وەک لە ئاستی تاکتیکیدا باسی لێ کرا، کاراییەکی گرنگی هەیە بۆ ئۆتۆمیزەکردنی دەسەڵات و هەروەها لە کاتی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانیشدا ، بیانووی شل بوونی حیجاب یارمەتی داوە بە ئەمنیەتیکردنی کۆمەڵگا بەڵکوو لە وەها دۆخێکدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی فۆکووس لەسەر سیاسەتە لاوازەکانی رێژیم بۆ چارەسەرکردنی قەیران نەکەن. بەڵام خاڵێکی گرینگی دیکە هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت. رێژیم لە رێگای سیاسەتی حیجابەوە هەوڵ بۆ ئۆتۆماتیزە کردنی کۆمەڵگاش دەکات. بە پێی بۆچوونی ڤاستاڤ هاڤێڵ لە کۆمەڵگایەکی ئۆتۆماتیزەدا خەڵک پێویستی بەوە نییە کە باوەڕی بە یاسا و بەرنامە و ئایدیالۆژییەکانی رێژیمی توتالیتێر هەبێت، گرنگ ئەوەیە خەڵک وەها خۆبنوێنن کە باوەڕیان پێیەتی، بێدەنگی راگڕن یا بێ لایەن بن، چوونکە وەها کردەوەیەک بەمانای داننان بە دەسەڵاتەکەیەتی. کردەوەی پاسیڤی هاوڵاتیان لەمەڕ ئۆتۆماتیزەکردنی سیستەم ئەو راستییە تاڵە دەسەلمێنێت کە سیستەمێک هەیە، خەڵکیش ملکەچی وەها سیستەمێکن و لە راستیدا ئەو خەڵکە بۆ خۆیان سیستەمەکەن (واستاو، ١٣٩٨). کانت سەبارەت بە کارکردی رەفتار لە نواندنی ژینگەی جیهانی مرۆڤدا قسەیەکی جوانی هەیە کە لەوانەیە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی ڤاستاڤ هاڤێل پێویست بێت: کردەوەی ئێمە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانەوەی جیهان (Karl Jaspers, Kant, p. 66). بەوجۆرەی من لە بۆچوونەکەی کانت تێدەگەم، مەعریفە پێوەندی بە نزیک بوونەوە لە حەقیقەتە و یارمەتیمان نادات لە واقع بوونی دیاردەکان تێبگەین. واقەعیەتی ژینگە ئەو شتانەن کە بەرچاو دێن. کەوایە حیجاب کاتێ دەبێت بە بەشێک لە رۆتینایزی ژیان (واتە نۆرمالیزەکردن)، کاتێ وەک دەرکەوتەیەکی کردەیی لە کۆمەڵگادا خۆدەنوێنێت، لە راستیدا واقعی بوونی ئەو ئۆمەتە ئیسلامییەش دەسەلمێنێت کە کۆماری ئیسلامی بە هەرزان ئاراستەی جیهانی دەکات و کۆنتراستی سنوورەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی پێ دیاریی دەکات.

لە هێرمێنۆتیکی فێمێنیزمییەوە بەرەو پراکتیکی «ژن، ژیان، ئازادی»

 بزاڤی فێمینیستی لە کۆمەڵگای ئێران و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنیش، زۆرجار باسیان لەوە کردووە کە روانگەی ئاپارتایدی رەگەزی لەمپەرێکی کارایە لەهەمبەر گەشەسەندوویی هاوسەنگ دا. کەوایە دامەزراوەیی و گەشەی هاوسەنگ لە ئێراندا نایەتەدی هەتا پرسی ئۆبژەبوونی ژنان بەرەو ئۆبژە-سووبژە نەگۆڕن. بەڵام فێمێنیزمە ئێرانییەکان کەمتر فۆکووسیان لەسەر پرسی حیجاب کردووە و هێندێ جار وا هەست پێکراوە کە لە روانگەیەکی عەقڵانییەوە و بە خشکە بە پەنای حیجابدا تێ دەپەڕن بەڵکوو ئەم دیاردە زەبەندە نەبێت بە لەمپەر بۆ ئامانجە سەرەکییەکە. یەکسانیخوازیی، نەک پرسێکی واقعییە بەڵکە لە پێگەیەکی عەقڵانیشەوە دێت و بە دڵنیاییەوە فێمێنیزمە ئێرانییکان کار بۆ داوایەکی رەوا و گرنگ دەکەن. ئێمە ناتوانین باس لە نەبوونی هەڵاواردن بکەین، ئەگەر ژنان لە ئاستی بەرێوەبەریدا وەک پیاوان پشکی خۆیان پێ نەبڕێت. کەوایە کاتێ باس لە یەکسانی دەکەین دەبێ ئەو چوار ئێلێمانانەی ماکس وێبەر (2006) باسی دەکات و هەمیشە دەبێتە هۆی هەڵاواردن لە کۆمەڵگادا، لەبەرچاو بگرین. واتە: «سەرمایە، پێگەی کۆمەڵایەتی، زانیاری و دەسەڵات.» ئێمە کاتێک دەتوانین باس لە مافی یەکسانیی رەگەزیی بکەین کە ژنان لەو ئێلێمانانەدا هاوبەش بن. هاوبەشنەکردنی ژنان لەم ئاستانەدا هۆکارێکی سەرەکییە کە ئەمرۆ رۆڵ و پێگەی ژنان لە بەرێوەبردن و ناوەندی بڕیاردانی سیاسیدا – چ لەناو حکوومەت و چ لە ناو حیزبە سیاسییەکان- لاوازە. هەڵاواردنی پۆزیتیڤ کە لە زۆر یەک لە پێکهاتە مەدەنی و سیاسییەکاندا لەبەرچاوگیراوە بۆ بردنەسەری رێژەی پەیوەستبوونی ژنان بە بزاڤە سیاسییەکان، دیاردەیەکی فۆرمالیتییە و کەم کەس رۆڵی ئەو ژنانە بە جیددی دەگرێت. چوونکە هەڵاواردنی پۆزیتیڤ بە مانای بەرپرسایەتی نییە لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا. بەرپرسایەتی یانی زەمینە خۆش کردن بۆ بەرێوەبەرایەتی و نوێنەرایەتی کردن.

وەک ئاماژەم پێدا، ئەم بۆچوونە روانگەیەکی عەقڵانییە، بەڵام گرفتی ئەم تیۆرە لەوەدایە کە لە دۆخی هێڕمێنۆتیکیدا پنگی خواردووەتەوە، واتە لە روانگەیەی دەروونییەوە سەیری پرسی هەڵاواردن دەکات و لە دیاریکردن و کانالیزەکردنی هاودژە «سەرەکی» و هاودژە «زەبەند»ەکاندا سەرکەوتوو نەبووە. رەنگە یەک لەو هۆکارانەی کە لەم سالانەدا بزاڤی فێمێنیستی نەیتوانیوە ببێت بە بزاڤێکی گشتگیر و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیدا هەماهەنگ بکات، هەر لەم کەمایەسییەوە سەرچاوەی گرتبێت. مائۆ تێسە دون لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «دربارە تضاد» (١٩٧١) هەڵاواردنێک لە نێوان هاودژی سەرەکی و هاودژی زەبەند دا لەبەرچاو دەگرێت کە وابزانم پێوەندی هەبێت بەم باسەوە. مائۆ پێی وابوو لە رەوتی پەرەسەندنی پرۆسەکاندا هەمیشە هاودژێکی سەرەکی هەیە کە بنەمای کێشەکانی سەردەمی خۆی دیاری دەکات، بۆ نموونە هاودژیی کار و سەرمایە لە کاپیتالیزمدا. بەڵام هاودژیی زەبەند بە بۆچوونی مائۆ یەک لەو هاودژانەیە کە لە قۆناغێکدا بەرچاوترە و هەر جووڵەیەک لە پێناو چارەسەرکردنی هاودژی سەرەکی، پاشکۆی (تابع) چارەسەرکردنی ئەو هاودژە زەبەندانەیە. کەوایە زۆر گرنگە لە کاتی خوێندنەوەی پرۆسە فرەهاودژەکاندا، هەوڵ بدرێت هاودژە  زەبەندەکان بدۆزینەوە و کاتێ هاودژە زەبەندەکە چارەسەر کرا، بەدوای خۆیدا هاودژە سەرەکییەکەش چارەسەر دەبێت (مائۆ، ١٩٧١). کاتێ پرسی حیجابی زۆرەملی (واتە هاودژی زەبەند) لە پۆلبەندی کردنی هاودژەکاندا دەبێت بە پاشگری پرسی یەکسانیخوازی (واتە هاودژی سەرەکی) سروشتییە کە ئەم بزاڤە ناگاتە ئەنجام.

رەنگە خوێنەری ئەم بابەتە پرسیاری لا دروست ببێت کە بۆچی سیاسەتی حیجاب لەم وتارەدا وەک هاودژی زەبەند دیاری کراوە. وڵامەکە روونە، یەکەم جەستەی ژن وەک ئۆبژە رۆڵێکی کاتالیستیانەی هەبووە لە قۆناغەکانی گۆڕاندا و دووهەم، وەک لەم وتارەدا باسی لێ کرا؛ کێشەی حیجاب بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران مەرجی سەرەکی بووە بەڵکوو ژنان لە هێندێ ئاستی بەرێوەبەریدا هاوبەش بکەن. ئەو پاڵنەرانەی حیجاب دەخاتە نێو چەقی کێشەکانەوە، هەرپێوەندی بە باوەڕێکی کولتوری یاخۆ باوەڕێکی دینییەوە نییە کە رێگا بو سەرکوت و داپڵۆسینی ژنان خۆش دەکات، بەڵکە شتێکی بنەمایی ترە کە پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بە بەراوردکردنی جیاوازیی کولتووریی لەگەڵ شانسی هاوبەشبوون لە دەرفەتە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. بۆ نموونە ئەو ژنانەی کە نوێنەری مەجلیسی ئیسلامین، وەزیرن لە کابینەی دەوڵەتەکاندا و هەروەها ئەو ژانەی کە لە ئاستی بەرزی بەرێوەبەریدا دادەمەزرێن، بە چارشێوەوە – وەک مۆدێلێکی ئوڵتراحیجاب – دەردەکەون (واتە نموونەی کولتووری رەسەنی ئیسلامی). کەوایە شایەستەسالاری و یەکسانیی لە ئاستی بەرێوەبەریدا نایەتە دی تا ژنان نەبن بە سیمبولی ئولتراحیجاب. لە دوای خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠، کاتێ بڕیاری کەشفی حیجاب لاچوو، ئیتر دەرکەوتنی ژنان بە حیجابەوە لە پەنای ژنانی  بێحیجاب لە شەقامەکاندا بڤە نەبوو و پرسی حیجاب وەها دێمۆکراتیزەکرا کە ژنان خۆیان سەرپشک بوون لە پۆشیندا، بەڵام هەر لەو سەردەمەدا و لە سۆنگەی هاوبەشکردنی دەسەڵات، سەرمایە، زانیاری و پێگەی کۆمەڵایەتیدا، پرسی هەڵاواردنی رەگەزیی نەک بنبڕ نەکرا بەڵکە بەرچاوتریش بوو. هەمیشە دوخی ژنانی بێحیجاب جیاوازیی هەبوو لەگەڵ ئەو ژنانەی رەچاوی حیجابیان دەکرد. گۆڤار و دۆکیومێنتە ڤیدیۆییەکانی پێش ئینقلابی ١٣٥٧ دەیسەلمێنن کە ئەو ژنانەی وەزیر بوون لە کابینەی دەوڵەتەکانی شاهەنشاهیدا، نوێنەر بوون لە مەجلیسەکانی سینا و میللیدا، ئەو ژنانەی کە قازی بوون لە وەزارەتی داد و هەروەها هاوژینی ئێلیتە سیاسییەکان، ئوڵترا بێحیجاب بوون.

وێنە گەوەرەکەی ٢٥ی خەرمانان لە سەر گۆڕی ژینا و پێرفۆرمانسی ئاگردانی لەچکە لە ٢٦ی خەرمان، هەر ئەو هاودژە زەبەندە بوو (واتە حیجاب) کە لەمێژبوو فێمێنیزمی نوخبەگەرا بە خشکە بە پەنایدا تێدەپەرین. دوزینەوەی حیجاب وەک هاودژی زەبەند، ئەکت و دروشمەکەی خۆشی بەرهەم هێنا و ئاراستەی گشت بزاڤە فێمێنییستی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران کرا. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بانگەوازێک بوو بۆ چارەسەرکردنی وەها هاودژێکی زەبەند کە بەدوایدا هاودژە سەرەکییەکەش (واتە دیکتاتۆر) چارەسەر بکات. مائۆ راست دەکات کە دەڵێت: دروشم نیوەی ستراتێژییە. وادیارە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی نیوەی رێگای رووخاندنی دیکتاتۆری هەموار کردبێت. ئێمە لە زمانناسە مۆدێڕنەکانی سەردەم وەک سوسور و ستراوس فێربووین کە وشەکان مانایەکی زاتی و سەربەخۆیان نییە بەڵکە کاتێ لە مانای وشەکان تێدەگەین کە لەهەمبەر سیستەمێکیی گوتاریدا هەڵوێستە بکات. ئەمرۆ لە کوردستان و ئێران دروشمی: «ژن» لەهەمبەر هەڵاواردن، «ژیان» لەهەمبەر بێدادی و نەبوونی شانسی کسان و «ئازادی» لەهەمبەر دیکتاتۆریدا، تەنێ چەمکێکی مەعریفی نییە بەڵکە دەراوێکی روونیشی بەسەر گشت بزاڤە کۆمەڵایەتییەکاندا کردەوە کە وێکڕا بە گوزەری ئینقلابێکی دێمۆکراتیک و ژنانەدا تێدەپەڕن. ئەم دروشمە کاتێ لە ١٩٨٧ی  زاینی بوو بە دروشمی بزووتنەوەی رەزگاریخوازی ژنانی کورد لە تورکیە، نەیتوانی لەهەمبەر سیستەمی گوتاری حکومەتی تورکدا مانای خۆی وەربگرێت چوونکە یاساکانی تورکیە سێکولار بوون، شانسی ژیان و هەروەها ئازدی لە تورکیەدا لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی بەراورد نەدەکرا (هەڵبەت خەباتی نەتەوەیی و زمانی کوردی هەمیشە بڤە بووە، لەم وتارەدا مەبەست لە ئازادی سیاسییە). لەوەها دۆخێکدا ئەم دروشمە نەیتوانی رۆڵی هاودژییەکی زەبەند ببینێت و لە ئەنجامدا نەبوو بە ستراتێژییەکی هاوبەش لە نێوان ژنانی چالاکی کورد و تورک دا (هەڵبەت بەشێک لە ژنانی چەپی تورک پشتگرییان کرد). زایەڵەی ئەم دروشمە لە بەرگرییە ئازایانەکەی کوڕان و کچانی کوبانیشدا توانی سەرنجی جیهان بۆ شەڕی دژەتیرۆری کوردان رابکێشێت، بەڵام چوونکە ئامانجەکە تاکتیکی بوو، نەیتوانی ببێت بە پاڵنەری سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە سوریە. کورتکردنەوەی ئەجندا و بەرچاوەگەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە شەڕێکی دژە تیرۆر و بۆ وەرگرتنی پشتگریی لۆجیستیکی، بەداخەوە بوو بە هۆی ئیزۆلاسیۆنی جێندەری و پرسی ژنانی کرد بە پرسێکی دووڕگەیی (واتە جیاکردنەوەی ژن لە پیاو).

ئەمرۆ دروشمی ژن، ژیان، ئازدی، لە کوردستانەوە گشت ئێرانی گرتووەتەوە، تەنانەت لە دنیاشدا دەنگی داوەتەوە و هاوپشتیوانەکانی ئەم دروشمە لە نەیارەکانی زۆر زۆرترە. هەڵبەت روون نییە داخوا ژنان لە کوردستان و ئێران تاچەند ئەجندا و پەیامەکانی ئەم دروشمە دەپارێزن کە بووتە دینامیزمێکی بەهێز بۆ گۆڕان و تا کوێ هەوڵ دەدەن ئەم دروشمەش وەک هیواکانی پێشوو نەچێتە ژێر سریمەی تەعامولی نێونەتەوەیی و دینامیزمە دەروونییەکانی کۆمەڵگای ئێران کە هەنووکەش رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە لە دەرکەوتەی سیاسی و کولتوری ئێران. ئەگەر ئاکامی ئەم دروشمە و ئەو کۆدەنگییەی لە شەقامەکانی ئێران دەبیندرێن، گۆڕانی رێژیمی لێبکەوێتەوە، پێویست دەکا ئەو پرسیارە بکەین کە ژنان و کۆمەڵگای سیاسی بەدوای رووخانی رێژیم چۆن ماملە لەگەڵ ئەو دێمۆکراسییە عورفییە دەکەن کە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندخواز و ئێتنۆسەنتێریک باوەری پێیەتی؟ داخوا ئەم رەوتە هیوابەخشە لەپێناو ئازادییە کۆمەڵایەتیەکاندا واز لە رادیکایزەکردنی ئەجندای ئەو دروشمە ناهێنێت؟ هەڵبەت رادیکالیزەکردنی ئەو دروشمە و بووژاندنەوەی ئەم دینامیزمە لە گرەوی رامانی بزووتنەوەکەدایە لەمەڕ چارەسەر کردنی کەلێنە جیددییەکانی وەک نەتەوەیی، چینایەتی و رەگەزیی. ڕەچاونەکردنی هەرکام لەو کەلێنانە مەجال بە نەریتی ناوەندخوازی دەداتەوە کە لە پێناو وەرگرتنی مەشرووعییەتی سیاسی خۆیان، یا پشت بە تەعامولە نێونەتەوەییەکان ببەستێتەوە یا بیر لە سازان لەگەڵ ئەو هاودژە چینایەتی و کۆمەڵایەتیانە بکاتەوە کە هەمیشە پاڵپشتی ئیستبدادی «سەغیر» و «کەبیر» بوون لە مێژووی ئێران دا. ئەمانە و گەلێ پرسیاری دیکە لە ئارادا هەن کە هانمان دەدات دروشمی ژن، ژیان، ئازدی وەها رادیکالیزە بکەین کە ببێت بە سەنتێزێکی وەڵامدەر لەهەمبەر هاودژە چینایەتی و سیاسییەکان و هەروەها لە رێگای ئەم پوتانسێلە کارایەوە کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی ناوەندخوازی بکەین کە لێکەوتەکەی هەمیشە دیکتاتۆرییە.

تێبینی:

ئەم وتارە بۆ ژمارەی ٦٤ی گۆڤاری تیشک ئامادە کراوە و بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوەکانی فارسی:

ترکاشوند، امیر حسین. “حجاب شرعی در عصر پیامبر”، ١٣٨٩. تهران، انتشارات آنلاین شابک، ((ISBN: 978‐964‐04‐6665‐0

قابل، احمد. “احکام جزائی در شریعت محمدی”، ۱۳۹۲. مجموعه آثار، جلد ۱۰. ناشر: شریعت عقلانی، آنلاین.

مطهری، مرتضی. مسئلە حجاب (مجموعە آثار، جلد ١٩)

قانون مجازات اسلامی، مصوب ٨ مرداد ١٣٧٠.

سانتاگ، سوزان،(١٣٨٩). دربارۀ عکاسی. ترجمۀ نگین شیدوش. چاپ دوم. تهران: حرفه نویسنده.

مائو تسه دون، درباره تضاد، در: چهار رساله فلسفی، پکن ۱۹۷۱، صص ۵۱-۵۴.

واتسلاف هاول، قدرت بی‌قدرتان، مترجم احسان کیانی‌خواه، فرهنگ نشر نو، ١٣٩٨.

سەرچاوەکان بە نۆروێژی و ئینگلیسی:

Gadamer, Hans George (1960) :”Sannhet og metode”: grunntrekk i en filosofisk hermeneutikk”, 2. utgave, Pax, Oversetter Holm-Hansen, Lars (2012).

Weber Max: “Makt og byråkrati”. Oversatt av Dag Østerberg. Gyldendal Norsk Forlag AS 2000. 3. utgave, 4. opplag 2006.

Grondin, jean: “Hermeneutics and Relativism”, published in Festivals of interpretation (1990), edited by Kathleen Wright, state university of New York, Albany press.

Grondin, Jean: “Gadamer’s Basic Understanding of Understanding” in The Cambridge Companion to Gadamer, Cambridge University Press (2002),  (PP: 36-51)

Matin  Kamran: “Recasting Iranian Modernity”, International relations and social change. London, Routledge (2013).

Carl J. Friedrich and Zbigniew K. Brzezinski: “Totalitarian Dictatorship and Autocracy”, Second Edition.  Harvard University Press (1965).

Hannah Arendt, The Origins of Totalitarianism, New York, Schocken Books, 2004.

Karl Jaspers: “The Fight Against Totalitarianism” in The Philosophy and the World (1963), p. 80.

One thought on “خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی حیجاب و دۆخی ئابجەکتیڤانەی ژن لە ئێران 

Add yours

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: