واژۆیەکی نائاشنا


١٠ی مانگی رەشەمەی ١٣٦٨ ی هەتاوی، بەرپرسی زیندان لەبەر درگای بەندی سێی زیندانی ئیتلاعاتی مەهاباد بانگی کردم و کووتی: «شتەکانت کۆ بکەوە، چاوبەندەکەت لێ بدە و وەرە بەدوام دا». بە دوایدا و بە پەلکوتان لە بەندی سێ وەدەر کەوتم، پاش ماوەیەک رۆشتن، فێنکایی هەوایەکی ئازاد دەروونی ختیلکە دام. بەرپرسی زیندان کوتی: «چاوت بکەوە!»، چاووم بەر شەوارە کەوت، بە جووتێ دەمپاییەوە (نەعلە) لە بەر درگای زیندان راوەستا بووم. بەرپرسی زیندان لە پەنای تۆیۆتایەکی «سێ ئێف» راوەستا بوو، قسەی بۆ سێ پاسداری چلکن دەکرد. پاسدارەکان لە من رامابوون، بەڵام گوێیان بۆ قسەکانی بەرپرسی زیندان راگرتبوو. دواتر یەکێ لە زیندانبانەکان هاتە دەر، لاپەرەیەک و دەسبەندێکی پێ بوو، دەسبەندەکەی لە دەستی من کرد و لاپەرەکەشی دا بە یەکێ لە پاسدارەکان.

قەرار بوو من رادەستی زیندانی ناوەندیی «ورمێ» بکەن. پاسدارەکان لە پێشەوەی تۆیۆتاکە سوار بوون و منیشیان لە دواوە سوار کرد، هەڵبەت دەستێکی منیان بە نەردەی تۆیۆتاکەوە بەستبوو. مەهاباد، مەهاباد ئای مەهاباد. شار منی لە بیر نەمابوو بەڵام من هەموو رۆژێ لە ژووری زینداندا بیرم دەکرد. تۆیۆتا بە نێو شاردا تێدەپەری و منیش تەمەننام دەکرد زەمان هێندە خاو بێتەوە کە چاوەکانم بە دیمەنی «شاری شێعر و ئازادی» تێر ببێ. چاوکانم تێر نەبوون و تۆیۆتا لە «مەحموودکان» و دواتر لە «خەزایی» تێپەری و بەخێرایی بەرەو جادەی سەرەکی ورمێ، دەئاژوا. هەتا شار دوورتر دەکەوتەوە، تاسەی خزم و یار و رەفیقان و بیرەوەرییەکانی شار زیندووتر دەبوونەوە. جێگاکەم سارد بوو، کاتێ تۆیۆتاکە بە خێرایی لێیدەخوری، سەرماکە بێ رەزا تر دەبوو. وەک چۆلەکە خۆم گرمۆڵە کردبوو و لەسەرمانا دەلەرزیم. لە بەنداوی «ووسووکەند»نزیک ببووینەوە، پاسدارەکان جار جار ئاوڕیان لە من دەدایەوە و دیار بوو باسی منیان دەکرد. خێرایی ماشینەکە هێواش بۆوە و لە قەراغ جادە رایانگرت. یەکیان دابەزی و کوتی: «سارد نییە؟» سەرم بۆ لەقاند و پەتوویەکی دەرهێنا و کوتی: «زۆر خاوێن نییە، بەڵام گەرمت دەکاتەوە!» کاتێ پەتووەکەم لە خۆم ئاڵاند، گەرمایەکی خۆش کەم کەم لەشی سڕی داگرتم، ماشینەکە بە خێرای دەرۆشت و من هەر شاخی «قوڵقوڵاغ»م لێ دیار ما. شار بزر ببوو و قوڵقوڵاغیش دەهات بزر ببێ، دڵم تەنگ و سەرم سەودای ئازادی دەکرد.

کاتێ رادەستی زیندانی ورمێ کرام، دوای پشکنین و پەنجەمۆر ناردیانم بۆ بەندی ١٥، واتە بەندی زیندانییە سیاسییەکان. لەوێ لە کووپەی ١٧ قەرەوێڵەیەکیان پیشان دام و کوتیان ئەوە جێگای تۆیە. هەر کووپەیەک بو سێ قەرەوێڵەی سێ قات (جێگا بۆ نۆ کەس) لە یەک جیا کرابوونەوە و وەک شەمەندەفەر، کووپەکان بە دوای یەکدا و بەو ساڵۆنە درێژەدا ریز ببوون. یەکەم شت کە ئازاری دەدام، نیگای قورسی زیندانییەکان بوو، دواتر یەک و دوو دەهاتن و بەسەر پێوە بەخێرهاتنیان کردم. کەشی ئەم زیندانە لەچاو زیندانی مەهاباد جیاواز تر بوو و سروشتییە تا پیاو چاوی دەکرێتەوە و چاک خراپ دەناسێ، دەبێ خۆپارێز بێ. وەک کاک «تەیفوور بودحایی» کە لە کتێبی «از کورسان تا کوردستان» دا دەڵێ لە وەها دۆخێکدا پێویستە پیاو پەنا بۆ رۆمانسییەتی هەناوی خۆی ببات. رۆژێک چاوم بە گۆڤارێکی «سروە» کەوت. گۆڤارەکە کۆن بوو، وابزانم ژمارە ٣ بوو. پرسیارم کرد ئەو گۆڤارە چۆنە لێرەیە؟ یەک وڵامی دامەوە کە پێشتر کەسێک لێرە چەند ژمارەی بە پۆست دا بۆ دەهات و دوای ئازاد بوون ئەو گۆڤارانەی لێرە بەجێ هێشتتوە و تەنیا ئەم یەکدانە سەری تێدا نەچووە.

لە لاپەرەی کۆتایی گۆڤارەکە فۆرمی «ئیشتراک» و ئادرەسی وەشانخانەی «سەلاح الدین ئەیوبی» هەبوو. شتێک لە دڵمدا قتیلکەی دەدام، وەسوەسە بووم و فۆرمەکەم پڕ کردەوە، نامەیەکی کورتم نووسی و لە نامەکدا باسم کرد کە زیندانیم و لە بەندی ١٥ م و داوام کرد کارئاسانیم بۆ بکرێ کە بە شێوەیەکی گونجاو حەقی ئیشتراکەکەم بنێرم. ئادرەسەکەم لەسەر پاکەتی نامەکە نووسی و لە سندووقی پۆستم هاویشت. بۆ هەر بەندێکی زیندان، سندووقێکی پۆست هەبوو کە زیندانییەکان نامەیان پێدادەنارد، بەڵام دەبوایە نامەکە کراوە بێ. کاتێ زیندانبان دەیخوێندەوە و دڵنیا دەبوو کە زەرەدی بۆ پەز نییە، رادەستی ئیدارەی پۆستی دەکرد. کوتم پلارە و دەیهاوێم، گرتی باشە، نەیگرت بە جەحەندەم.

ماوەیەکی زۆر تێپەری، وابزانم مانگ و نیوێک بوو، رۆژێ بڵندگۆی زیندان بانگی کردم بۆ «اتاق فرمان» لەوێ پاکەتێکیان دامێ و کاتێ کردمەوە سێ ژمارەی سروە بوو، ژمارەی ۱۹، ۲٠ و ۲۱. ژمارەی بیست و یەک ژمارەی نوێ بوو و ئەو دوو ژمارەی دیکە کۆن بوون. لە پاکەتەکەدا هیچ نامە یا پسوولەیەک نەبوو. مانگی دواتر ژمارەی ۲۲ هات و ئەمجارەش نە نامەی تێدا بوو نە پسوولە. چەند جاری دیکە سروە دەهات و پسوولە بۆ پارەدان نەدەهات. رۆژێک نامەیەکم نووسی و لە نامەکەدا باسم کرد کە وا چەند ژمارەیە قەرزدارتانم و ئێوەش رێنماییم ناکەن کە چۆن پارەکەتان بۆ بنێرم، تکایە رێگایەکم بۆ ببیننەوە و با چیدی قەرزدار و شەرمەزارتان نەبم. ژمارەی داهاتوو هات و پسوولە بۆحەواڵەکردنی قەرزەکان هەر نەهات. ئەم رەوەندە هەروا درێژەی هەبوو، نەورۆزی ساڵی ١٣٦٩ ژمارەی نوێ هات بەڵام لەبری پسوولە کارت پۆستاڵێکی تێدا بوو. وێنەی سەر کارت پۆستاڵەکە کۆترێکی سپی بوو لە ئاسمانێکی گەش و لە پشت کارت پۆستاڵەکە بە زمانی فارسی نووسی بووی «مشترک گرامی شاد باش نوروزی ما را پذیرا باشید و امیدواریم سال خوبی داشتە باشید. بە امید آزادی». لەبن نووسراوەکە واژۆیەک بوو، «مارف». بەو کارتپۆستاڵە هێندە گەشامەوە کە وابزانم بە خەبەری ئازادییەکەش هەر ئەوەندە شاد ببووم. کەسێک لە شوێنێکی ئەم نیشتمانەوە بیر لە من دەکاتەوە، هەموو مانگێک گۆڤارێکی خۆراییم بۆ دەنێرێ و لە کارتپۆستاڵیکدا هیوای ئازادیم بۆ دەخوازێ.

ئەوەی راستی بێ نامەی دیکەم نەنووسیوە، نیگەران بووم کە نەکا بەشی پاراستنی (حراست) زیندان مەشکووک بێ و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکا. ژمارەکانی سروە بە بەردەوامی دەهاتن و هاوینی ساڵی ١٣٧٠ ئەو دەراوەشیان لێ گرتم. دواتر زانیم بە بڕیاری بەرپرسی زیندان هاتنی گۆڤارەکان راگیرا. ساڵی ١٣٧١ لە زیندان رزگاریم هات و ساڵی ١٣٧٣ هەڵاتمەوە و بوومەوە بە پێشمەرگە. ئەوی راستی بێ دەرفەتێکم بۆ نەرەخسا سەردانی وەشانخانەی سەلاحەدین ئەیوبی بکەم و هەر نەمزانی ئەو واژۆیە هی کێ بوو. وابزانم ساڵی ١٩٩٧ (١٣٧٦) بوو لە شاری هەولێر کار بۆ کۆنگرەیەکی ئەدەبی دەکرا و روونابیر و نووسەرانی کوردستانی ئێرانیش بانگهێشت کرا بوون. لە هۆتێل «شیرین پەڵاس» چاوم بۆ چەند کەس لە کۆنە دۆستان دەگێرا، کاک حەمەی حەمە باقی لەگەڵ پیاوێکی باریکە و رووخۆش بۆلام هاتن. لەگەڵ کاک حەمە باوەشمان بە یەکدا کرد و کاک حەمە کوتی: «ئەم برادەرە ناناسی؟» نەمدەناسی! کوتی: «کاک مارف ئاغاییە لە سروە کاری دەکرد؟» کوتم شێعرە جوانەکانی و ناوە شیرینەکەی دەناسم، بەڵام لە نزیکەوە بە خزمەتی نەگێشتبووم. لەپڕ بیری گۆڤارە خۆراییەکانی سروە کەوتمەوە و واژۆی «مارف». پرسیارم لێ کرد و باوەشی پێدا کردم و کوتی: «دیارە لە نزیک ترەوە، زۆر نزیکتر بە خزمەت یەک گەیشتووین!» کوتم ئەو کارپۆستاڵەم قەت لە بیر ناچێ. کوتی: «هەر ئەوەندەم لە دەست دەهات». بە راستی زۆر بوو، ئەو کارە زۆر گەورە بوو. لەو رۆژانەدا کە زیندانبانەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا سووکمان کەن و ئێمە لە گشت بایەخە مرۆییەکان بەتاڵ بکەن، هاتنی سروە و ئەو کارپۆستاڵە بیری دەهێنامەوە کە ئەو شتەی من خەباتی بۆ دەکەم زۆر رەوایە و زۆر پڕ بایەخە.

یادی شیرینی کاک مارف ئاغایی زیندوو بێ و رەوانی شاد.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: