بەرگژەکانی بەردەم بەستنی کۆنگرە


ئەگەر ئەمرۆ و لە داهاتووشدا توێژەرانی سیاسی و مێژوو، بیانهەوێ خوێندنەوەیەکی ئۆبژەکتیڤ و بەڵگەمەند بۆ دۆخی کورد لە ئێران بکەن، ناتوانن چاوپۆشی لە کارکرد و مێژووی خەباتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بکەن. ئەم حیزبە چ لە قۆناغی چالاکیدا و چ لە کاتی لاوازیدا، بە کارە چاکەکانییەوە و بە هەڵە تێبینیدارەکانیەوە، بە زۆر بوون و کەم بوونی هەژماری ئەندامە چالاکەکانیشیەوە بەردەوام بەشێکی گرنگ بووە لە سامانی سیاسی کورد لە ئێران دا. بێگوومان هیچ حیزبێکی سیاسی لە کۆمەڵگای خۆیدا و لە وێژدانی نەتەوەییدا بەردەوام و کارتێکەر نابێ ئەگەر کۆمەڵگا وەک زەروورەتێکی مێژوویی قبووڵی نەکا و وەک حەقیقەتێکی سیاسی سەیری نەکا. ئەو فاکتانەی کە حیزبێکی سیاسی وەک زەروورەتی مێژووی دەسەلمێنن، بەشێکن لەو داوا و پۆتەنسێڵە کۆمەڵایەتیانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە سەرکوت کراون و حیزب و نوخبەی سیاسی لە قۆناغێکی هەستیار و لە هەمان کاتدا لە بەستێنێکی عەینیدا بەرجەستەیان دەکاتەوە و رێکخستنیان بۆ دەکا، بەڵام کاتێ باس لە حەقیقەتی سیاسی دەکەین، لە راستیدا باس لە کۆمەڵێ نۆرم و بەهای سیاسی دەکەین کە لە ئەجندای حیزبێکی سیاسیدا هاتووە و حیزب هەوڵ بۆ رێکخستن و وەدیهێنان دەدا.

کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان رۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ دەستی پێکرد و بە پێی بەرنامەی کۆنگرە، ئەرکەکانی خۆی لە ماوەی دوو رۆژ و لە دۆخێکی هەستیاردا جێبەجێ کرد و، شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی خەەڵوەر، سەرکەوتوانە کۆتایی پێهات. هەڵبەت ئەو کەسانەی ئاشنا بە مێژووی حیزبی دێمۆکراتن، ئاگادارن کە کۆنگرە بەرزترین ئۆرگانی ئەو حیزبەیە و سروشتییە کە بەستنی کۆنگرە لە بەرنامە و کاری ئەو حیزبەدا گرنگیی تایبەتی هەیە، چوونکە کۆنگرە نمادی دێمۆکراسی دەروون حیزبی و هەروەها دەرفەتی دارشتنەوەی سیاسەتی حیزبە و هەر ئەمەش وا دەکا کە ئەندامانی حیزب بە تایبەتی و چاودێرانی سیاسی بە گشتی، بە حەساسییەتەوە بەدواداچوون بۆ پرسی بەستنی کۆنگرەکانی حیزبی دێمۆکرات بکەن. بەڵام سەرەرای تایبەتمەندبوون و زەرووری بوونی کۆنگرە، کۆمەڵێ فاکتۆری دیکەش هەن کە زۆر جیددین و لە هێندێ قۆناغدا دەتوانن بەرگژێکی (چالش) رەژد بن لەبەردەم بەستنی کۆنگرەکانی حیزب دا. یەکێک لەو فاکتۆرە بەرگژاویانە دیاردەی «ئەمنییەتە» کە حیزبێکی سیاسی ناتوانێ چاوپۆشی لێ بکا. ئەگەر دێمۆکراسی پرەنسیبێکی سیاسی بێ، ئەوا پرسی ئەمنیەت فەزیلەتێکی ئەخلاقییە و بێگوومان بۆ حیزبێکی سیاسی هەڵبژاردن لە نێوان پرەنسیبی سیاسی و فەزیلەتی ئەخلاقی کارێکی هاسان نییە. کاتێ ئاوڕ لە مێژووی سەد ساڵەی ئێران، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها بەشێکی زۆر لە مێژووی جیهان بدەینەوە، دەبینین کە حکوومەت و رێکخراوە سیاسییەکان بە بەردەوامی لەبەردەم وەها بژارێکی بەرگژاویدا (چالشی) راوەستاون و لە ئەنجامدا زۆر جار دێمۆکراسیان فیدای ئەمنییەت کردووە. رەنگە ئەم کارە پاساوێکی ئەخلاقی هەبێ، چوونکە نرخی گیان و کەرامەتی مرۆڤ لە گشت نۆرم و بەهاکانی دیکە بەرزترە. بەڵام هەڵبژاردن لە نێوان پرەنسیبی سیاسی و فەزیلەتی ئەخلاقیدا هەمیشە بە ئاقارێکی مەشرووعدا تێنەپەریوە و بەڵکە زۆر جار پێداگری کردن لەسەر پرسی «ئەمنیەت» لە مێژووی سەد ساڵەی ئێران و ناوچەکەدا بۆتە هۆی پشتگوێ خستنی دێمۆکراسی. مەبەست لە رووکردی نامەشرووع لە راستیدا سازوکارێکی سیاسییە کە هەوڵ بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات یاخۆ فەلەج کردنی دێمۆکراسی دەدا و، لە وەها دۆخێکدا پرسی ئەمنییەت زێدەتر لە واقعی عەینی بەرجەستە دەکرێتەوە و لە ئەنجامدا پاراستنی ئەمنییەت دەکەن بە ئەولەویەتی سیاسی. نۆرمالیزە کردنی وەها هەڵوێستێکی سیاسی، واتە فەرزکردنی ئەمنییەت بەسەر دێمۆکراسیدا، لەم سەد ساڵەی رابوردوودا هەمیشە وەک شمشێری داموکلێس بەسەر دێمۆکراسییەوە بووە و لە زۆر شوێنی ئەم جیهانە و لە زۆر کاتدا دێمۆکراسی لە بەر پێی پاراستنی ئەمنییەتدا قوربانی کراوە. بە چاو خشاندنێک بەسەر مێژووی بەستنی گشت کۆنگرەکانی حیزبی دێمۆکرات، دەبینین کە ئەو حیزبە هەمیشە لەبەردەم وەها بژارێکی بەرگژاویدا راوەستاوە، بەڵام لە هیچ کام لەو قۆناغانەدا حیزبی دێمۆکرات ملکەچی ئەولەویەتسازییەکی پیلانگەرایانە (توتئەگەرا) و نامەشرووع نەبووە و لە ئەنجامدا دێمۆکراسی قەت فیدای ئەمنییەت نەکراوە، بەڵکە ئەمنییەت لە گشت قۆناغەکاندا لە خزمەتی پاراستنی دێمۆکراسیی دەروون حیزبیدا بووە.

بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی هەڤدەهەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، دوابەدوای رووداوی دڵهەژێنی ١٧ی خەرمانان و لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا کە ئەمرۆکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبینین و بە سەرنجدان بە مانۆری نیزامی و سیخوریی رێژیمی ئێران کە هۆکاری سەرەکی نائەمنی ناوچەکەیە، ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە نرخی پاراستنی دێمۆکراسیی دەروون حیزبی بەلای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە نە رێکلامی سیاسییە و نە پرۆپاگەندەیەکی وەهمییە، بەڵکە دێمۆکراسی لای ئەندامانی ئەو حیزبە قاعیدەی خەباتێکی شێلگیرە بۆ وەدیهێنانی داوای رەوای کورد لە ئێران و، هەروەها دێمۆکراسی سەرەکی ترین گەرەنتیشە بۆ پاراستنی کەرامەتی سیاسی ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان. بەرپرسیارەتی ئەخلاقی لە هەمبەر پاراستن و پەرەسەندنی دێمۆکراسی لە نێو حیزبێکی سیاسیدا ئەگەرچی پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ ناکۆکی و رووداوە نەخوازراوەکان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەستێنێکی کردەوەیی و کولتورییە بۆ تەعامول کردن لەگەڵ ئەو دەرەنجامانەی کە رەنگە بە دڵی زۆر یەک لە ئەندامانی حیزب نەبن. کەوایە یەکێک لە هێما بەرزەکانی سەرکەوتنی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێمۆکرات، سەرەرای هەرەشەکانی رێژیم و نا هاوسەنگیی هێز، ئەوەیە کە ئەم جارەش «دێمۆکراسی» فیدای «ئەمنییەت» نەکراو و ئەو حیزبە جارێکی دیکە کەرامەتی سیاسی بۆ ئەندامەکانی گەراندەوە.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: