گەل لە کۆنتێکستی دێمۆکراسی دا


 

لەم سەردەمەدا قسەکردن لە دێمۆکراسی بە واتای مانا تەرکیبییەکەی “دێموس – کراسیا” باوی نەماوە چوونکە خوێندنەوەی هاوچەرخ لەمەڕ دوو چەمکی “دەسەڵات” و “گەل” زۆر ئینتەزاعی تر بۆتەوە. تێگێشتنی ئێمە لە چەمکی ئاڵۆزی دەسەڵات و هەروەها مانای سەبجەکتیڤی گەل، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ تێگێشتنی خەڵکی یۆنانی کۆن.

 گەل لە کۆنتێکستی دێمۆکراسی دا

رەنگە خۆخەریک کردن بە مانای ئیپیدیمیکی دێمۆکراسی واتە؛ “دەسەڵاتی گەل” لەم سەردەمەدا کارێکی ژیرانە نەبێ، چوونکە ئەم وتەزایەش وەک زۆربەی چەمک و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کارتێکەریی “سەردەم”ی پێوە دیارە و بە شێوەیەکی رێژەیی گۆڕان بەسەر مانا و نێوەرۆکیدا هاتووە. لەم سەردەمەدا قسەکردن لە دێمۆکراسی بە واتای مانا تەرکیبییەکەی “دێموس – کراسیا” باوی نەماوە چوونکە خوێندنەوەی هاوچەرخ لەمەڕ دوو چەمکی “دەسەڵات” و “گەل” زۆر ئینتەزاعی تر بۆتەوە. تێگێشتنی ئێمە لە چەمکی ئاڵۆزی دەسەڵات و هەروەها مانای سەبجەکتیڤی گەل، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ تێگێشتنی خەڵکی یۆنانی کۆن. کارل پۆپێر لە کتێبی وانەکانی ئەم سەدەییە دا دەڵێ: ” دێمۆکراسی قەت دەسەڵاتی گەل نەبووە، ناتوانێ ببێ و تەنانەت نابێ واش بێ. ئەمە بۆچوونێکی ترسناکە کە خەڵک و بەتایبەت منداڵەکانمان فێری ئەوە بکەین کە دێمۆکراسی بە مانای دەسەڵاتی گەلە. چوونکە دەسەڵاتی گەل یانی هەموو کەس دەسەڵاتی هەبێ و ئەم شتەش راست نییە و قەت ناگونجێ. کاتێ خەڵک بزانن کە دێمۆکراسی لە کردەوەدا وەها ئاکامێکی لێ ناکەوێتەوە، مەترسییەکی گەورە سەرهەڵدەدا. لە وەها دۆخێکدا خەڵک هەستدەکەن تەفرەدراون و لە هەناوی ئەم هەستە شوومەشدا مەجالی ئەوە هەیە تێرۆریزم لەدایک بێ” (١٩٧٧).

جۆزێف شۆمپیتێر (١٨٨٣-١٩٥٠)

جۆزێف شۆمپیتێر (١٨٨٣-١٩٥٠) ئابووریزان و کۆمەڵناسی خەڵکی ئۆتریش پێیوابوو کە دەرکی کلاسیکی ئێمە لەمەڕ دێمۆکراسی زادەی وەهێمکی مۆرفۆلۆژیانەیە و بۆ ئەوەی لە زیندانی مانادا گیر نەکەین، پێویست دەکا رەچاوی جیاوازی نێوان دونیای تیۆر و واقعی کۆمەڵایەتی بکەین. تێۆرە کلاسیکەکانی دێمۆکراسی هەمیشە ئیرادەی گەل دەکەن بە بنەمای دێمۆکراسی و چاوپۆشی لە واقعی رەفتارگەرایانەی گەڵ دەکەن. مەبەست لە واقعی رەفتارگەرایانەی گەل ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ئاراستەی بزاڤە سیاسییەکان دیاری دەکەن و هاوڵاتی لەم میانەیدا کەمترین ئەرکی دەبێ، کەوایە زۆر سرووشتییە کەمترین بەرپرسیارەتیشی هەبێ. بە پێی بۆچوونی شۆمپیتێر نوخبە و سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەکان لە رێگای نفوزی سیاسی و دەسەڵاتی ئابوورییەوە دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا دەگرن. کەوایە ئیرادەی گەل لە راستیدا بەرهەمی رەوەندێکی کۆمەڵایەتییە کە نوخبەکان زۆرترین رۆڵی تێدا دەببینن. هاوڵاتیان لەکاتی دەنگدان بە پێی ئیرادەی خۆیان سیستەمی سیاسی دیاری ناکەن بەڵکە ئەوە نوخبە سیاسییەکانن کە چوارچێوەی رەفتاری سیاسی و ئیرادەی گەل بۆ دەنگدان دیاری دەکەن. بابەتێکی گرنگ کە لە بۆچوونەکانی شۆمپیتێردا بەرجەستە بۆتەوە رۆڵی پاسیڤی گەڵ لە رەوەندی گەشەی سیاسی وڵاتدایە. ئەو باس لەوە دەکا کە دەرکەوتەی تیۆری کلاسیکی دێمۆکراسی، لە راستیدا رەخساندنی دەرفەتێکی کاتییە بۆ هاوڵاتیان تاکوو لە رێگای دەنگدانەوە نوخبەیەکی سیاسی بە دەسەڵات بگەیەنین. لەم سیستەمانەدا هیچ میکانیزمێک لە ئارادا نییە تاکوو رێگە بە هاوڵاتیان بدا کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئەو کەسانە بکەن کە لە رێگای دەنگی ئەوانەوە بە دەسەڵات گەیشتوون.

جیڤانی سارتۆری (١٩٢٤-٢٠١٧)

جیڤانی سارتۆری (١٩٢٤-٢٠١٧) مامۆستای زانستی سیاسی و خەڵکی ئیتالیا، پێی وایە کە ناوبردن لە دێمۆکراسی لە سەردەمی ئێمەدا بە رادەیەک ئیپیدێمیک کراوەتەوە کە تەنانەت رێژیمە فاشیستی و توتالیتارییەکانیش خۆیان وەک سیستەمێکی دێمۆکرات پێناسە دەکەن. یەکێک لە رەهەندە خەسارناسییەکانی ئەم دیاردەیە بە بۆچوونی سارتۆری، پێناسەکردنی چەمکی “گەل” و نۆرمالیزەکردنی دەنگدانە. هەڵبەت سارتۆری چاوپۆشی لە رۆڵی نوخبە لە دێمۆکراسیدا ناکا، بەڵام باس لە زەروورەتی پۆلیئارشی وەک سیستەمێکی گرنگ بۆ چەسپاندنی دێمۆکراسیش دەکا. رابێرت داڵ (١٩١٥-٢٠١٤) داهێنەری تیۆری پۆلیئارشی پێی وابوو کۆمەڵگای مۆدێرن بەرادەیەک پۆلاریزە کراوە کە ناتوانین چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە هاوتریبەکان بکەین، کەوایە سیستەمێکی چەندجەمسەری بۆ دێمۆکراسی پێویستە و، مەبەستی ئەو لە پۆلیئارشی بەشدارکردنی حیزبە سیاسی و گروپە فرەچەشنەکانە لە دەسەڵاتی سیاسی دا. سارتۆری پێی وایە دێمۆکراسی لەم سەردەمەدا چیدی بە مانای حکومەتی زۆرینە نەماوە، چوونکە زۆرینەبوون ناتوانێ رەوابوونی حوکمی دەسەڵات بسەلمێنێ، بە واتایەکی دیکە میزانی دەنگ ناتوانێ ئاستی ئاگایی و بەرپرسیارەتی زۆرینە دەربخات. کەوایە دەسەڵاتی سیاسی پێویستی بە پێشمەرجێکی نۆرماتیڤ هەیە و ئەو، “ئازادی” و “مافی مرۆڤ” وەک گرنگترین نۆرمی ئەم پێشمەرجە پێناسە دەکا. سارتۆری دەڵێ؛ دەسەڵاتی سیاسی نەک هەر دەبێ رەچاوی ئەم نۆرمانە بکا بەڵکە نابێ ئازادی و مافی مرۆڤ لە پێناو بەرژەوەندییە گروپی و سیاسییەکاندا قوربانی بکا. کەوایە پێویستە ئەم نۆرمانە وەک کاراکتێرێکی ئەخلاقی لە کارنامەی سیاسی نوخبەکاندا دەرکەوێ و، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی دەبێ زەمینەی گەشەسەندوویی ئەم نۆرمانە وەها فەراهەم بکا کە ماشینی دێمۆکراسی لەدوای دەنگداندا رانەوەستێ، بەڵکە وەک بزاڤێکی زیندوو لە هەناوی کۆمەڵگادا شەپۆلان بداتەوە.

فرانسیس فۆکۆیاما

فۆکۆیاما (٢٠١٤) لە کتێبی “نەزمی سیاسی و دارمانی سیاسی” دا کاتێ باس لە دێمۆکراسی دەکا، مەودایەکی زۆری لەگەڵ چەمکی کلاسیکی دێمۆکراسیدا هەیە. ئەگەرچی فۆکۆیاما وەک شۆمپیتێر باس لە تیۆری نوخبە ناکا و وەک سارتۆری باس لە زەروورەتی پۆلیئارشییەکی ئەخلاقگەرا ناکا، بەڵام ئاماژە دەدا بە رۆڵی ئەنیستیتۆ یاخۆ دامەزراوەکان لە دێمۆکراسیدا (واتە دامەزراوەگەلی؛ ئابووری، سیاسی و کولتورییەکان). چەمکی ئیرادەی گەل لەم کتێبەدا جێگای خۆی داوە بە دامەزراوەکانی نێو کۆمەڵگا. دامەزراوەکان دەورێکی گرنگ دەبینن لە رێکخستنی گرووپە سیاسی و کولتوورییەکان و ئەم گرووپانە لە هاودژییەکی دیالیکتیکی دان بۆ چەسپاندنی ناسنامە و دەسەبەرکردنی بەرژەوەندییە گرووپییەکانیان. چەمکی دێمۆکراسی لێرەدا چۆنایەتی تەعامولی سیاسی/کۆمەڵایەتی ئەم دامەزراوانە دەردەخات. دامەزراوەکان بە بۆچوونی فۆکۆیاما سیستەمێکی سەقامگرتوو نین بەڵکە دینامیزمێکن بۆ بەرهەمهێنانی فرەچەشنی و جیاوازیی لە کۆمەڵگا دا. کەوایە ئەگەر دامەزراوەکان نەتوانن پاڵنەری فرەچەشنی و هۆکاری فرەرەهەندی بن، ئەوا سیستەمی سیاسی تووشی دارمانی سیاسی دەبێ. فۆکۆیاما نەزمی سیاسی وەک دیاردەیەکی بایۆلۆژیک پێناسە دەکا کە ناچارە پێرەوی لە یاسای تەکامول بکا، واتە ئەسڵی “فرەچەشنی” و “هەڵبژاردنی سروشتی” وەک بنەمایەک بۆ مانەوە رەچاو دەکەن و، دێمۆکراسیش لە راستیدا ژینگە و بەستێنێکی دیاریکەرە بۆ تەکامولی نەزمی سیاسی.

بە سەرنجدان بەو روانگانەی کە لەسەرێدا ئاماژەیان پێدرا دەبینین کە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی شۆمپیتێر، سارتۆری و فۆکۆیاما، کاڵبوونەوەی چەمکی گەڵ لە تیۆری دێمۆکراسییە. سڕینەوەی چەمکی گەل لە بۆچوونەکانی ئەم بیرمەندانە لە راستیدا پێوەندی هەیە بە خەسارناسی دیاردەی پۆپۆلیزم لە کۆمەڵگای مۆدێرن دا. ئێمە دەزانین مەبەست لە دێمۆکراسی لە سەردەمی مۆدێڕندا سیستەمێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی یاسا دامەزرابێ. کاتێ هاوڵاتیان دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن لە راستیدا چاوەروانیی ئەوە دەکەن کە کاندیداکان هەول بۆ چەسپاندنی یاساسەروەریی بدەن، چوونکە هاوڵاتیان تەنیا لە رێگەی یاساوە دەتوانن چاودێریی دەسەڵات بکەن و دەوڵەتەکان بگۆڕن. بەڵام بە پێچەوانەوە روانگەی پۆپۆلیستی دێمۆکراسی، “گەل” لە بان “یاسا” دادەنێ و هەر ئەم روانگەیە وای کرد کە لە سەدەی بیستەم و لە هێندێ وڵاتانی ئۆروپایی حکومەتی فاشیستی و دیکتاوۆڕی بە دەسەڵات بگەن. ئەم نەریتە، واتە دیاریکردنی حکوومەت لە رێگای دەنگی گەلەوە، وەک ئیرادەی گەڵ پێناسە کرا و لە ئاکامدا یاسا لەو سیستەمانەدا هەڵپەساردرا و لە رێگای ماشینی ترۆر و تۆقاندنەوە هەوڵ بۆ جێگیرکردنی نیزامی سیاسی درا. ئێمە دەزانین مانای گەل لە وەها سیستەمێکدا دیاردەیەکی سەبجەکتیڤ و بەرهەڵستکارانەیە، واتە دەسەڵاتی سیاسی دیاریی دەکا کێ گەل و کێ دژی گەلە. لەم سیستەمانەدا ئێمە لەگەڵ پێناسەیەکی ئابستراک سەبارەت بە چەمکی گەل بەرەوروو نابین بەڵکە مێژوو پێمان دەڵێ کە چەمکی گەل هەمیشە وەک ئۆبژەیەک دەکار هاتووە بۆ رەواییدان بە سەرکوتی دژبەرانی سیاسی.

ئەمرۆ لە ئێراندا بە شێوەیەکی گشتی، لەبری دێمۆکراسی باس لە گەلسالاری (مردم سالاری) دەکرێ. ئەم دیاردەیە لە رێگای رۆشنبیران و چالاکانی سیاسییەوە هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی ئێران و تەنانەت رێژیمیش بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لەم وەرچەرخانە سێمانتیکسییەی دێمۆکراسی کردووە. ئەم دیاردەیە لەباری خەسارناسییەوە دوو ئاکامی ترسناکی لێ کەوتۆتەوە: یەکەم پەرەسەندنی مانای ئیپیدیمیکی دێمۆکراسی لە کۆمەڵگادا کە دواجار گەل لە سەرووی یاسا دادەنێ و، دووهەم: رێژیم چەمکی گەلسالاری وەک کاتالیزۆرێک بۆ لەباربردنی بزاڤی دێمۆکراسیخوازی دەکار دەکا. هەڵبژاردنەکانی ئەم دوایانە پیشانمان دەدەن کە چۆن رێژیم لە رێگای میکانیزمی هەڵبژاردنەوە هەوڵ بۆ نۆرمالیزەکردنی ناتەباییەکانی نێو سیستەمی سیاسی خۆی دەدا و لە ئاکامدا بێ باکانە پرۆژەی لاواز کردنی دەوڵەت (جمهوریەت) لە بەرامبەر حکومەتدا (راڤەیەکی فێقهی لە ئیسلامیەت) دەباتە پێش. ئەزموونەکان پێمان دەڵێن هەتا رێژەی بەشداربووان زۆرتر دەبن، باڵی حکوومەت بازنەی دەسەڵاتی دەوڵت تەنگتر دەکاتەوە. ئەم رەوەندە بە رادەیەک ئاسایی بۆتەوە کە تەنانەت لیستەی کابینەی وەزیرانی دەوڵەت سەرەتا لە بەیتی رێبەری نیزام سەردەردێنێ و دواتر لە داڵانە تەنگەبەرەکانی مەجلیس پەسەند دەکرێ (پێشێلکردنی قانوونی ئەساسی). لەوەش گرنگتر، ئیرادەی گەلسالاری، حکوومەتی وەها جەسوور کردووە کە ژنان لە کابینەی وەزیرانی دەوڵەتێک بێبەریی بکا کە گۆیا بە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و پۆزیسۆن هەڵبژێردراوە.

٢٢/٨/٢٠١٧

رزگار ئەمین نژاد.

تێبینی:

ئەم بابەتە لە ژمارە ٧١٠ی رۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: