ئه‌م بابه‌ته ره‌نگه له یه‌که‌م سه‌رنجدا له خانه‌ی نموونه‌یه‌کی خۆپه‌رستییانه‌دا (egoistic) ببیندرێته‌وه، به‌ڵام کاتێک له گۆشه‌نیگایه‌کی ستروکتورالیزمانه‌وه سه‌رنج بده‌ینه لایه‌نه به‌هێزه‌کانی مێنتاڵیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک، ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێک که پێوه‌ندی هه‌یه به دینامیزمێکی شاراوه که به شێوه‌یه‌کی لاوه‌کی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر هۆکاری دیارده‌ی خۆکووژی به‌لای تاکه‌وه.
خۆکوژی، تابڵۆیه‌ک بۆ وێنا کردنی ئازار
رزگار ئه‌مین نژاد
به‌رایی
کاتێ به بیستنی هه‌واڵیکی خۆکوژی له ناکاو دڵمان راده‌چڵه‌کێ، تۆ بڵه‌ی له‌و ده‌مه‌و ده‌سته‌دا بیر له چی بکه‌ینه‌وه؟ ره‌نگه به‌لای زۆربه‌مانه‌وه دیارده‌ی خۆکوژی له پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆدا له‌مه‌ڕ بریارێکی تاکه‌که‌سی راڤه بکرێ، واته که‌س یان که‌سانێک هه‌ڵده‌ستن به بڕیاری کۆتایی هێنان به ژیانی خۆیان. ئه‌م بابه‌ته ره‌نگه له یه‌که‌م سه‌رنجدا له خانه‌ی نموونه‌یه‌کی خۆپه‌رستییانه‌دا (egoistic) ببیندرێته‌وه، به‌ڵام کاتێک له گۆشه‌نیگایه‌کی ستروکتورالیزمانه‌وه سه‌رنج بده‌ینه لایه‌نه به‌هێزه‌کانی مێنتاڵیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک، ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێک که پێوه‌ندی هه‌یه به دینامیزمێکی شاراوه که به شێوه‌یه‌کی لاوه‌کی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر هۆکاری دیارده‌ی خۆکووژی به‌لای تاکه‌وه. ئه‌م روانگه‌یه پێمان ده‌ڵێت که هێندێک پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ن که به‌رواڵه‌ت نادیارن به‌ڵام کۆمه‌ڵێک دیارده و نیشانی کۆمه‌ڵایه‌تی له خۆیان جێ ده‌هێڵن که وه‌ک حاڵه‌ته رۆتینییه‌کان له مه‌جالی ژیانی رۆژانه‌دا هه‌ستیان پێده‌که‌ین. کارتێکه‌ری ئه‌م فاکته نادیارانه له‌خۆیدا بیانویه‌کن بۆ به‌دواداچوون له‌هه‌مبه‌ر شرۆڤه‌یه‌کی بابه‌تیانه بۆ زیاتر هاتنه رۆژه‌ڤی ئه‌و هێزه شاراوانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگا.
رۆژانه له رێگای راگه‌یاندنه گشتییه‌کانه‌وه، له‌مه‌ڕ یه‌ک یان چه‌ندین حاڵه‌تی خۆکوژی ئاگادار ده‌کرێینه‌وه، ئه‌م حاڵه‌تانه‌یش له سۆنگه‌ی کۆمه‌ڵێ هۆکاردا راپۆرته ده‌کرێن که پێوه‌ندی ده‌درێنه‌وه به هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان، بۆ نموونه له زۆربه‌ی ئه‌م حاڵه‌تانه‌دا پرسی خۆکووژی لای ئافره‌تان به‌رزترین راژه‌ی خۆکوژییه که له هه‌واڵه‌کاندا دێنه به‌ر باس (به پێی لێکۆڵینه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانێکی بی‌بی‌سی به لانی که‌مه‌وه له رۆژدا یه‌ک ئافره‌ت ده‌ست ده‌داته کرده‌وه‌ی خۆلوژی)*، له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه ده‌درێت به هۆکاره‌گه‌لی وه‌ک شکستهێنان له پرسی خۆشه‌ویستی، له پیوه‌ندی خێزانی، نامووس و هاوسه‌رگیری و هتد. یه‌کێک له نموونه‌کانی دیکه‌ی خۆکووژی که له‌سه‌ر پیاوانی گه‌نچ تۆمار ده‌کرێن و له هه‌واڵه‌کاندا ئاماژه‌یان پێده‌کرێت، پێوه‌ندی ده‌درێته‌وه به هۆکاره‌گه‌لی وه‌ک سه‌رنه‌که‌وتن له خۆێندندا، شکست له ئه‌زموونی خۆشه‌ویستیدا، زه‌برو زه‌نگی بنه‌ماڵه و پرسی بێ‌کاری و نه‌بوونی مه‌جالی خۆ گونجاندن له کۆمه‌ڵگاکه‌یاندا. ئه‌مانه و کۆمه‌ڵیک هۆکاری دیکه له پیوه‌ندی به کرده‌وه‌ی خۆکوژی‌دا دێنه به‌ر باس، به‌ڵام داخوا ئه‌م هۆکارانه ره‌هه‌ندی سه‌ره‌کی خۆکوژین له کۆمه‌ڵگادا؟ ئه‌و شته‌ی که له هه‌واڵه‌کاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه به‌شێکی راستیی و دروستی دیارده‌ی خۆکوژین که له پێوه‌ندییه‌کی هۆکاریدا (causal) یاخود بنه‌ماییدا (intentional) تیشکی نه‌خراوه‌ته سه‌ر. هه‌واڵه‌کان به ته‌نیا لایه‌نی رووه‌کی روداوه‌کان ده‌خه‌نه به‌ر باس و، لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی روداوه‌کان له گره‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مێتۆدیک دا شرۆڤه ده‌کرێن که له خۆیدا پێویستی هه‌یه به ره‌هه‌ند لێدان به نێو کۆنتێکسته سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه که له خۆیدا پاڵنه‌رێکی ده‌ره‌کی و له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌ره‌کی روودانی کرده‌وه‌ی خۆکوژین. سه‌رنجدان به‌و تراژدییه‌ی که کیژۆڵه‌یه‌ک له شوێنێکدا ده‌رگا له‌سه‌ر خۆی داده‌خات که که‌س ده‌ستی پێڕاناگات و، له نه‌کاو گاڵۆنێک نه‌وت به‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیدا ده‌رێژێت و، به چه‌خماخێک ئاگر له جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات، له خۆیدا پرسیارێکه که به بێ وه‌ڵام دانه‌وه له قوژبنه ته‌نگ و تاریکه‌کانی ئه‌رشیڤی راگه‌یاندن دا بزر ده‌بن. تۆ بڵه‌ی چ په‌یامێک له‌م دراما دڵته‌زێنانه‌دا هه‌بێت که به‌م چه‌شنه خۆی به ئێمه پیشان ده‌دات؟ به واتایه‌کی دیکه، تۆ بڵه‌ی ئه‌م کرده‌وه‌یه به چه‌شنێک شیوازێ له پرۆتێستۆ کردن بێت له‌مه‌ڕ دۆخی ئارایی ژیان که به‌م چه‌شنه کاره‌ساتاوییه به‌رز ده‌کرێته‌وه؟ بێ گومان ئه‌م هاواره خنکاوانه هه‌ر به ته‌نیا له پێوه‌ندییه‌کی خۆپه‌رستانه‌دا نین، ئه‌م ئازاره ره‌نگدانه‌وه‌ی تاوانێکه که گه‌لێ لایه‌ن ته‌واوکه‌ری ئه‌م سیناریۆیه‌ن و له‌هه‌مبه‌ریدا به‌رپرسیارن.
مه‌به‌ست له‌م وتاره گه‌ران به‌دوای چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی ئه‌م هه‌واڵانه‌وه نییه، به‌ڵکوو سه‌رنجی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره زیاتر له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی تیۆریک چڕ ده‌کرێته‌وه به‌ناوی خۆکوژی. تیۆری خۆکوژی ئافراندنێکی مێتۆدیک بوو که ئیمائیل دورکهه‌یم کۆمه‌ڵناسی فه‌رانسی، به پشت به‌ستن به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی رێژه‌یی تیشکی خسته سه‌ر کۆمه‌ڵێک لایه‌نی شاراوه‌ی دیارده‌ی خۆکوژی که ناراسته‌وخۆ ده‌لاله‌ت ده‌کا له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره. سه‌رنجدان به تیۆری خۆکوژی دورکهه‌یم له مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌که‌یدا گرینگی خۆی وه‌رده‌گرێت که به فۆرمێکی شیکارانه (Descriptive) حه‌ول ده‌دات شرۆڤه‌ی هۆکاره‌کانی ئه‌م دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه بکات. ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی که راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ کاردانه‌وه‌یان هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر هه‌ڵویستی خۆکوژی، به قه‌ناعه‌تی دورکهه‌یم له کۆنتێکستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. دوورکهه‌یم وه‌ک فۆنکشیۆنالیست سه‌رنجی خۆی زیاتر ئاراسته‌ی هۆکاره کۆمه‌لایه‌تییه‌کان ده‌کاته‌وه، چوونکه تاک وه‌ک به‌شێک له گشتییه‌تی کۆمه‌ڵگا ده‌بینێت. دورکهایم له‌م تیۆره‌دا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا نییه که شرۆڤه‌ی ئه‌وه بکات که له‌به‌رچی مرۆڤ به‌ده‌ستی خۆی کۆتایی به ژیانی خۆی دێنێ، به‌ڵکوو سه‌رنجی سه‌ره‌کی ئه‌و له به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌دا وورد ده‌بێته‌وه که بۆچی راژه‌ی خۆکوژی به پێی زه‌مان و له کۆمه‌ڵگاکاندا هاوسه‌نگییه‌کی پاوه‌جێ و نه‌گۆڕیان هه‌یه. له پرۆژه‌ی لێکۆڵین و پشکنینێکی مه‌یدانی که له وڵاتانی بریتانیا، فه‌رانسه، دانمارک، ئیسپانیا، پروس وهتد… به ئه‌نجامی گه‌یاند، به‌م ئه‌نجامه ده‌گات که فره‌چه‌شنی بوونی شێوازی خۆکوژی ده‌لاله‌ت ده‌کات له هۆکاره‌گه‌لی فره‌ره‌هه‌ند و پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆشیان هه‌یه به دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ی ئایینی له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌ڵده‌ستن به بڕیاری خۆکوشتن. ئه‌و فاکتانه‌ی که دورکهه‌یم له پێوه‌ندی به‌م دیاره‌یه‌دا زوومیان ده‌کاته سه‌ر، بریتن له دین، ئابووری، خوێندن، پێوه‌ندی خێزانی، ئانۆمی (پاشاگه‌ردانی) وبه گشتی دوو پرسی جێی سه‌رنج که به‌لای دورکهه‌یمه‌وه گرینگییه‌کی تایبه‌تیان پێدراوه، بریتین له راده‌ی “گونجاندنی تاک له نێو کۆمه‌ڵدا” و ” کارتێکه‌ری نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان”.

به‌گشتی روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی دورکهه‌یم خۆی له پێوه‌ندی به کۆمه‌ڵگا و کولتوردا ده‌بینێته‌وه و، که‌متر خۆی به مۆتیڤه تاکه‌که‌سییه‌کانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کا. دورکهه‌یم کۆمه‌ڵگا وه‌ک فاکتێکی بان ئورگانیکی و، ستروکتوره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌ک رۆحێکی نادیار له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاکدا ده‌بینێ و، له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته راوه‌ستاوه که کۆمه‌ڵگا سیسته‌مێکه که به پێوانه‌ی فۆنکشیۆن و پرۆسه‌ی گه‌شه‌کردن (تکاملی) و مه‌رجه سه‌لمێندراوه‌کان دا ده‌شێ ئاوڕی لێ بدرێته‌وه. بێ گومان کۆمه‌ڵگا سیسته‌مێکه که پیکهاتووه له نیهاده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئه‌م نیهادانه‌یش به‌شێکن له گشتێتی کۆمه‌ڵگا که کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزیان هه‌یه له‌مه‌ڕ ته‌ناهی و سه‌قامگیر بوون. دورکهه‌یم له گشت توێژینه‌وه‌کانیدا خۆی دوور ده‌گرێت له به‌ها دان یاخود به‌رزه‌بایی کردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌چاو کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه، چوونکه هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت به خۆی ده‌رده‌خات له‌مه‌ڕ روودانی دیارده‌ی خۆکوژی. هه‌ر به‌پێی ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌یه که ئه‌و کۆمه‌ڵگاکان به یه‌که‌وه به‌راورد ناکات و پێی وایه که کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌رکه‌وتوو به نیهاد، سیسته‌م و، فۆنکشیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌وه مه‌زنده ده‌کرێت که له پیوه‌ندییه‌کی سیسته‌ماتیک و پراکتیکی دا، له حه‌ولی وه‌دی هێنانی نیازه‌کانی تاک و پرکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌یانن. ئه‌م فاکتانه له خۆیدا پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆیان هه‌یه به پرسی سه‌قامگیر بوونی کۆمه‌ڵگا. له‌م پیوه‌ندییه‌دایه که ده‌توانین بڵیین سیسته‌م، وڵامده‌رێکی ئه‌رێنی و به‌رزه‌باییه. ئه‌وه‌ی که به‌لای دورکهه‌یمه‌وه جێی سه‌رنجه و له هه‌مان کاتیش‌دا له لێکۆلینه‌وه مه‌یدانییه‌کانیدا ماتێریاڵی شرۆڤه‌کانی ئه‌و پێک دێنن، پێوه‌ندی و کارلێکی دوو وته‌زای هه‌مه‌کی (کل) و پاژە (جزء به‌سه‌ر یه‌که‌وه. دورکهه‌یم سه‌رنجی خۆی ئاوا ده‌رده‌بڕێت که: “زۆربه‌ی دۆخه سه‌بژه‌کتیڤه‌کانی ئێمه، به‌تایبه‌ت گرینگترینه‌کانیان، ره‌گێکی کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه. هه‌ر بۆیه سه‌باره‌ت به‌م راستییه ده‌بێ رابگه‌یه‌نین که، هه‌مه‌کییه‌کان له پێوانه‌یه‌کی به‌ریندا پاساوده‌ری به‌شه‌کین و، ئه‌م بابه‌ته‌یش واته هه‌مه‌کی، به‌بێ شرۆڤه کردنی به‌شه‌کی، دوور له گونجانه – لانیکه‌م شرۆڤه‌ی ئه‌م خاڵه که هه‌مه‌کی دره‌نجامی به‌شه‌کییه‌کانه (Durkheim, 1973)”.
هه‌وڵی دورکهه‌یم بۆ شرۆڤه کردنی هۆکاری دیارده‌ی خۆکوژی و پاڵنه‌ره شاراوه‌کانیان له کتێبی “خۆکوژی”دا، یه‌کێکه له لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌م دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه. دورکهه‌یم له‌سه‌ر ئه‌م قه‌ناعته راوه‌ستاوه که راده‌ی مه‌جالی حاوانه‌وه یاخود گونجاندن (integration) له کۆمه‌ڵگادا، ئاماژه‌یه‌که بۆ راده‌ی هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری کردنی تاک. به‌م پێوه‌ره راده‌ی ته‌نیای و له په‌راوێز که‌وتنی تاکیش له‌خۆیدا پێوه‌رێکه بۆ پیشاندانی نابه‌خته‌وه‌ری ئه‌و. له‌م سۆنگه‌یه‌وه نایه‌کسانییه‌کی به‌رچاو له دیارده‌ی خۆکوژی‌دا ده‌ر ده‌که‌وێ، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یه که پێویسته ئاوڕ له خۆکوژی بدرێته‌وه وه‌ک پێودانگێک بۆ دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که پیشانی ده‌دات ئه‌و کۆمه‌ڵگایه تا چه‌نده تۆکمه و بێ گرفته. هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه دورکهایم سه‌رنجێکی تایبه‌تیی داوه به‌م پرسیاره که چ فاکتۆرگه‌لێکی دیکه گاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر دیارده‌ی خۆکوژی، بۆ نموونه ئه‌و سه‌رنج ده‌دات به هۆکارگه‌لی وه‌ک ئاڵۆزی ده‌روونی، دێمۆگرافی، ره‌گه‌ز و هتد، به‌م چه‌شنه ئه‌و به‌م ئه‌نجامه ده‌گات که ئه‌گه‌رچی هیچکام له‌م فاکتانه هۆکارێکی سه‌ره‌کی نین بۆ به‌رز و نزمی رێژه‌ی خۆکۆژی، به‌ڵام کازاوڵێکن بۆ نێزیک بوونه‌وه له سه‌ره‌گرێی ئه‌م بگۆڕانه (variable) که له واقعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌دی ده‌کرێن. ئه‌م بگۆڕانه به گوێره‌ی کۆمه‌ڵگاکان جیاوازیان هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندی خۆی وه‌رده‌گرێت. دورکهه‌یم پرسی کۆمه‌ڵگا به سه‌ر دوو چه‌شنه سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی دا پۆلین ده‌کا که پێوه‌ندی هه‌یه به راده‌ی پابه‌ندبوونی تاک به کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌وه و، له روانگه‌وه‌ی دورکهه‌یمه‌وه پرسی پابه‌ندبوونی (solidarity) کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگاکاندا، دینامیزمێکی به‌هێزه بۆ پرسی کۆگه‌رایی (collective). ئه‌م دوو فۆرمه جیاوازه له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی که دورکهه‌یم فۆرموڵه‌یان ده‌کات، بریتین له کۆمه‌ڵگای مێکانیکی و کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی.
پابه‌ندبوونی مێکانیکی و پابه‌ندبوونی ئۆرگانیکی
له پێوه‌ندی به فۆرمووڵه کردنی دوو کۆمه‌ڵگای مێکانیکی و ئۆرگانیکی دا – که له سه‌رێدا هاتنه به‌ر باس، گرینگی حاوانه‌وه‌ی تاک له هه‌رکام له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به ئه‌و فۆنکشیۆنانه‌ی که تاک هه‌یه‌تی له‌هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌یدا و ئه‌و مه‌رجانه‌ی کۆمه‌ڵگایش له‌به‌ر ده‌م پراکتیزه کردنی تاک دا دایده‌نێت. کۆمه‌ڵگایه‌کی مێکانیکی و پرسی پابه‌ندبوونی تاک له‌هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵدا گوزارشت ده‌کات له سیسته‌مێکی نه‌ریتی، یان به واتایه‌کی دیکه پێش مۆدێڕن و، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی تاک‌لایه‌نی (واته به بێ پاداش، به پێی ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی) و هاوسۆزییه‌ک دامه‌زراوه که توخمێکی سه‌ره‌کییه بۆ گرێدانی تاک به قه‌واره‌ی کۆمه‌ڵه‌وه. له وه‌ها دۆخێک‌دا بایه‌خی تاک له پێناو هه‌ڵوێسته خۆبه‌خشه‌کانی دا مه‌زنده ده‌کرێت و گرینگی تاک له پێناو پاراستنی لایه‌نه پیرۆزه‌کانی وشیاری کۆگه‌رایی دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. پرسی خۆ ناساندنی تاک وابه‌سته‌یه به شووناسێکی بانتر له خۆی و، ده‌ربازبوون له ته‌وه‌ره‌ی کۆگه‌رای‌یش تابۆیه‌کی سامناکه که رێگره له به‌رده‌م ده‌رباز بوون له چاره‌نووسی کاراکتێره کۆگه‌راییه‌کانی. له‌م چه‌شنه فاکتۆره‌دا کۆمه‌ڵگا وێنایه‌کی بابه‌تییه (عه‌ینی) که پێک هاتووه له کۆمه‌ڵێک یه‌که‌ی نه‌گۆر به چه‌شنێک که کۆمه‌ڵێ سیمبولی بان تاکه که‌سی تاکه‌کانی نیو کۆمه‌ڵ له ده‌وری یه‌کتر کۆ ده‌کاته‌وه. ئه‌م سیمبولانه بریتین له نۆرمه پاوه‌جێیه‌کان (ثابت) و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگای مێکانیکی له سه‌ر بنه‌مایه‌کی هاوچه‌شن (homogeneity) له نێو گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دامه‌زراوه، واته زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م یه‌که کۆمه‌ڵایه‌تییانه له‌باری پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه خاڵی هاوبه‌شیان زۆره و ئه‌م هاوچه‌شنییه توخمی سه‌ره‌کیی فاکتی “هه‌ڤبوون” ی ئه‌وان پێک دێنێت. له‌م دۆخه‌دا نۆرم و ره‌فتاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک سه‌رچاوه ده‌گرێت له سروشتی ئاژه‌ڵ ئاسای (حه‌یوانی) تاک و ئه‌و قانونمه‌ندیانه‌ی که له گه‌ڵ ئه‌زموونی رۆژانه‌یانه‌یاندا به‌رهه‌م دێنه‌وه به‌شێکه له سروشتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان. کۆگه‌رایی له‌م سیسته‌مه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه به هه‌ستی هاوچه‌شنی له نێوان ئه‌ندامانی یه‌که‌کان و، هه‌رچه‌شنه لادان یاخود کرده‌ی دژه‌باو له‌هه‌مبه‌ر یاسامه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگا، له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه به‌ره‌ورووی سه‌رکۆنه (Sanction) ده‌بێته‌وه و، سه‌رکۆنه‌یش سزایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه که سه‌رچاوه‌ی مافناسانه‌ی نییه و شه‌رعییه‌تی خۆی له نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان وه‌رده‌گرێت. پابه‌ندبوونی مێکانیکی له کۆمه‌ڵگا پێش مۆدێڕنه‌کان دا له‌سه‌ر بنه‌مای رێکه‌وتن و سازان دامه‌زراوه و، دورکهه‌یم ئه‌م حاڵه‌ته به “وشیاری کۆگه‌رایی” پێناسه ده‌کات. واته رۆحێکی جه‌ماوه‌ری له رێگای رێسا و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه و له پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا، تاک راده‌هێنن بۆ ملکه‌چ بوون و پابه‌ندبوون به‌م ره‌هه‌نده ئه‌به‌دییانه‌وه.
کۆمه‌ڵگای ئورگانیکی به پێجه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای مێکانیکی فۆرمێکی مۆدێرنه له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی که له سه‌ر بنه‌مایه‌ک دامه‌زراوه بۆ پێوه‌ندییه‌کی فره‌لایه‌نی له نێوان تاکه‌کانی نیو کۆمه‌ڵ (واته له پێوه‌ندییه‌کی سات و سه‌ودایی دا). له وه‌ها دۆخێک‌دا پرسی تاک له پێوه‌ندییه‌کی مامه‌له‌ئاسایی و فره‌چه‌شنی دا به‌رز ده‌کرێته‌وه و، خۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی تاک مۆتیڤی سه‌ره‌کی پابه‌ندبوونی تاکه له حاند کۆمه‌ڵه‌که‌ی. ئه‌م حاڵه‌ته به پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای مێکانیکی که بایه‌خی تاک له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی کۆ دا داده‌به‌زێنێ، ئێستا ئیدی گرینگی تاک له کۆنتێکستێکی “بێنه- بده” دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که به قه‌ناعه‌تێکی مامه‌له‌گه‌رانه له‌گه‌ڵ کۆ هه‌ڵس و که‌وت ده‌کات. دورکهه‌یم بۆ ده‌ست نیشان کردنی نیشانه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئۆرگانیکی ئاماژه ده‌دات به فۆرمی پسپۆری و تایبه‌ت بوون (specialization) له خانه‌ی وه‌به‌رهێناندا، له‌و شوێنه‌ی که گشت ئه‌ندامان به کارکرده تایبه‌ته‌کانی خۆیانه‌وه له کۆمه‌ڵگادا پێگه و شوێنیان بۆ دیاری ده‌کرێت. به مۆدێڕن بوونی کۆمه‌ڵگا ستایلی ژیانی تاک له کۆمه‌ڵه بچووکه‌کانه‌وه به‌ره‌و فۆرمی شارستانی ده‌گۆرێت و، پابه‌ند بوونی مێکانیکی و مۆتیڤه ئه‌خلاقییه‌کانیان که به‌شێکن له به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌ناعه‌ته گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و رووی نوشست ده‌بێته‌وه و، له ئاکامدا “نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی” (Social Order) ده‌بێت به ئه‌لته‌رناتیڤی “وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی”.
تیۆری خۆکوژی
“خۆکوژی دیارده‌یه‌کی (phenomenon) کۆمه‌ڵایه‌تییه” (Durkheim, 1973). ئه‌م ره‌سته‌یه‌ی دورکهه‌یم دێسکۆرسی دیارده‌یه‌که به ناوی خۆکوژی، که له کتێبی “خۆکوژی”دا هاتوه‌ته به‌رباس. وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا دورکهه‌یم هه‌ستا به لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی له‌مه‌ڕ پرسی خۆکوژی و، ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه به شێوازێکی مێتۆدیک پشکنینی بۆ کرا له نێوان ئائینه جیاوازه‌کان، کولتوره جیاوازه‌کان، جوگرافیا جیاواه‌کان و ره‌گه‌زه جیاوازه‌کان و هتد. سێ فاکتۆری سه‌ره‌کی له پێوه‌ندی به دیارده‌ی خۆکوژی له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا تیشکی خراوه‌ته سه‌ر که بریتین له: ئایین، ره‌گه‌ز، کولتور و، ئه‌م بابه‌ته‌یش له پیوه‌ندیدایه به پرسی گونجاندن (integration) واته نه‌گونجاندنی تاک له کۆمه‌ڵدا.
دورکهه‌یم له گشت شرۆڤه کۆمه‌ڵناسییه‌کانیدا سه‌رنجێکی تایبه‌ت ده‌دات به پرسی “هه‌ڤبوون”. ئه‌و پێی وایه تاکگه‌رایی له توانایدا نییه بنه‌مایه‌کی گونجاو بره‌خسێنێ بۆ بنیاتنانی پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی هه‌یه به گۆڕان و گه‌شه سه‌ندن له سیسته‌مه بنیاتییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا که به‌رهه‌می شۆرشی پیشه‌سازی بوو و له خوێدا دیارده‌یه‌کی ئافراند که به تاکگه‌رایی ناوزه‌د کرا. ئه‌م دۆخه نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌ره‌و ئاقارێک راماڵی که وێنا کردنی ئایه‌ندی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی شێواند و گومان و نیگه‌رانی له نێو نوخبه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا دروست کردبوو. گۆڕانکاری له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و قه‌ناعه‌ته گشتییه‌کاندا به راده‌یه‌ک خێرا ببوه‌وه که بنه‌ما مه‌عریفییه‌کانی ئایینیشی له به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌ته‌کاند، ئه‌م دۆخه ته‌نانه‌ت له په‌یامی نیچه‌دا به ئاشکرا به‌رجه‌سته کراوه‌ته‌وه که ده‌ڵێ: “خوا مرد!”. ئه‌گه‌ر پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگای مێکانیکیدا له ژێر کاریگه‌ری ئامۆژگارییه دینییه‌کاندا فۆنکشیۆنێک بوو بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی
وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ڵوێستی تاک‌لایه‌نانه‌ی پێوه‌ندی تاک به کۆمه‌ڵگاوه، ئه‌وه‌تا ئێستا له فۆرمی پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکیدا ئه‌م فاکتانه هه‌ره‌س دێنێ و، فۆنکشیۆنی فره‌لایه‌نی و پیوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵ و تاک له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی به‌رژه‌وه‌ندی خوازیدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که دیارده‌ی تاکگه‌رایی وه‌ک ستایلێکی نوێ ده‌خاته رۆژه‌ڤه‌وه بۆ به‌رده‌وام بوون له کۆمه‌ڵگادا. بێگومان دورکهه‌یم قه‌ناعه‌تێکی ئایینی نه‌بووه که داکۆکی بکات له تایبه‌تمه‌ندییه مۆجیزه‌ئاساکانی ئایین، به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یه که کارکردی ئایین له‌هه‌مبه‌ر تووش نه‌بوونی ئیراده‌ی خۆکوژی له نێو کۆمه‌ڵدا، له پرسی کۆگه‌رایی دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که جێی گرینگیدانه. کۆمه‌ڵگای مۆدێرن به ستایلێکی تاکگه‌رایانه‌وه به‌ره‌و رووی واقعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بێته‌وه که گشت مۆتیڤه‌کانی پرسی کۆگه‌رایی ده‌خاته به‌ر ته‌وژمی فه‌وتان. به‌ڵام داخوا کۆمه‌ڵگا به بێ تایبه‌تمه‌ندی ئایینی ده‌توانێت له‌هه‌مبه‌ر دیارده‌کانی وه‌ک خۆکوژی چ رێکارێک بۆ چاره‌سه‌ری ببینێته‌وه؟ بێ گومان وته‌زای ئایین وه‌ک هه‌موو دیارده‌کانی دیکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌ستوونی و ئاسۆییدا شرۆڤه ده‌کرێت. ئه‌و به‌به‌تانه‌ی که پێوه‌ندیان هه‌یه به فه‌رزییه‌تی ئایین (وه‌ک نوێژ کردن، قوربانی کردن، حه‌ج، رۆژوو …) دووره دیمه‌نێکن له پرسی ئایین و، بێ گومان حزووری سه‌ره‌کی ئایین بۆ نه‌زم و سه‌قامگرتوویی له کۆمه‌ڵگادایه که دورکهه‌یم وه‌ک کارکردێکی گرینگ سه‌رنجی پێده‌دات. له فه‌وتانی ئه‌م کارکرده گرینگه‌دا پێویسته کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی له بیری ئافراندنی سیسته‌مێک بێت که بۆشایی ئه‌م پێداویستییه پڕ بکاته‌وه. دورکهه‌یم له گوتاره سیاسییه‌کانی سه‌رده‌می خۆیدا جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که پرسی “هه‌ڤبوون” پێداویستییه‌کی گرینگه بۆ سه‌قامگیر بوونی کۆمه‌ڵگا. دورکهه‌یم پێی وایه که وێنا کردنی کۆمه‌ڵگا به‌بێ پرسی کۆگه‌رایی دوور له گونجانه و، به هه‌ند نه‌گرتنی گرینگی نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هۆکارێکی سه‌ره‌کییه بۆ ئاڵۆزی (پاشاگه‌ردانی). ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته بوو که راده‌ی هۆگری به سوسیالیزم بۆ چینی کرێکار له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم‌دا، به چه‌شنێک وینا کردنی ئه‌و نیگه‌رانیه‌یه بوو له‌مه‌ڕ هه‌ره‌س هێنانی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاش به‌تاڵی پرسی کۆگه‌رایی. به بۆچوونی دورکهه‌یم ئه‌م سۆنگه‌یه له سوسیالیزم دێته خانه‌ی هۆگری چینی کرێکار نه‌ک تێدا چوونی سیسته‌می خاوه‌ندارێتی. دورکهه‌یم پرسی سه‌ندیکا و یه‌کێتییه کرێکارییه‌کان به ئامێرێک وه‌سف ده‌کات بۆ پر کردنه‌وه‌ی بۆشایی هه‌ستی پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تیی.
به پیی ئه‌م تیۆره که دورکهه‌یم له شرۆڤه‌ی کۆمه‌ڵگای مێکانیکی و ئۆرگانیدا ده‌یخاته رۆژه‌ڤی خوێندنه‌وه‌یه‌کی میتۆدیک، پرسی پاڵنه‌رانه‌ی کولتور و تاک له‌هه‌مبه‌ر گۆڕان له کۆمه‌ڵگادا بابه‌تێکی رووه‌کی و دوور له واقع ده‌بینێت. بێگومان سه‌رنجی دورکهه‌یم ئاراسته‌ی تیۆری ماتێریالیزمی مێژووی مارکسه که کارکردی مه‌ته‌ریاڵ وه‌ک ئامێرێکی بنچینه‌یه‌ی بۆ گۆڕان له‌به‌رچاو ده‌گرێت و ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕێ له‌مه‌ر گۆڕان له مرۆڤ و سروشت و پیوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. روانگه‌ی مارکس له‌هه‌مبه‌ر مرۆڤ، له پێوه‌ندی فۆنکشیۆنه‌کانی مرۆڤ و به‌رهه‌م هێناندا دیاری ده‌کرێت و، مارکس پێی وابوو که وه‌به‌رهێنان پێوه‌رێکی لۆژیکییه بۆ ئافراندنی شووناسی مرۆڤ. بێ گومان کولتور و تاک له ژێر کارتێکه‌ری پرسی به‌رهه‌م هێناندایه و گرینگی مه‌تریاڵ و ئه‌و شتانه‌ی که مرۆڤ به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کات، له به‌ستێنی وه‌به‌رهێنان و پرسی که‌ره‌سه‌ی وه‌به‌رهێناندا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه.
له‌مه‌ڕ پرسی ئایین و پێوه‌ندی ئه‌و به خۆکوژییه‌وه، دورکهه‌یم له پشکنینه‌کانیدا هاوسه‌نگییه‌کی نه‌گۆر ده‌بینێته‌وه له نێوان ئایینه جیاوازه‌کان و قه‌ناعه‌تی خۆکوژی و، له ئاکامدا ده‌بینێ که رێژه‌ی خۆکوژی به‌لای پرۆتێستانته‌کانه‌وه زۆرتره له کاتۆلیکه‌کان و، ئه‌م رێژه‌یه به نیسبه‌ت، به‌لای جووه‌کانه‌وه (یه‌هودییه‌کان) زۆر که‌متریشه. دورکهه‌یم هۆکاری سه‌ره‌که‌ی ئه‌م پرسه له ستروکتوری کاتۆلیزم وپرۆتێستانتیزمدا شرۆڤه ده‌کا و، له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه پرسی تاکگه‌رایی و مه‌جالی ئه‌ندێشه‌ی ئازاد که به‌شیکن له پێکهاته‌ی ئایینی پرۆتێستانتیزم، ده‌خاته رۆژه‌ڤی پشکنینه‌که‌ی. کاتۆلیکتیزم له روانگه‌ی دورکهه‌یمه‌وه پتر دوگماتیکه و داخراوه‌تره که مه‌جالی ئه‌ندێشه‌ی ئازاد و تاکگه‌رایی تێیدا به‌رته‌نگتر کراوه‌ته‌وه. ئه‌م ده‌ره‌نجامه ئاماژه‌یه‌که به سیسته‌می خۆجه‌یی ده‌سه‌ڵاتی کلیسا به‌لای کاتۆلیکه‌کانه‌وه. دورکهه‌یم له سه‌رنجه‌کانیدا ئه‌م ئاکامه وه‌رده‌گرێت که سیسته‌می خۆجه‌یی کلیسای کاتۆلیکه‌کان بنه‌مایه‌کی ریتواڵی (مشاعیر)هه‌یه و ئه‌م بابه‌ته هێز ده‌به‌خشێ به پرسی گونجاندن و له ئه‌مجام دا ئه‌م فۆنکشیۆنه تواناییه‌کی به‌هێزتان پێده‌به‌خشی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی تاکه‌کان له ده‌وری سیمبوله کۆگه‌راییه‌کاندا، به‌م چه‌شنه پرسی گونجاندن له نێوان کاتۆلیکه‌کاندا به‌هێزتره. پرسی تاکگه‌رایی له نێو کۆمه‌ڵگاکاندا لایه‌نی کۆگه‌رایی که‌م باییه‌خ ده‌کاته‌وه و، تاک خۆی له ده‌ره‌وه‌ی نۆرم و خانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا پراکتیزه ده‌کاته‌وه. له پیوه‌ندی به خوێندنی باڵا، دورکهه‌یم هاوسه‌نگییه‌ک ده‌بینێته‌وه له‌مه‌ر راده‌ی خوێندنی باڵا به‌لای پرۆتێستانته‌کانه‌وه و کرده‌وه‌ی خۆکوژی و، ئه‌م ده‌ره‌نجامه وه‌رده‌گرێت که خۆێندنی باڵا له گه‌شه‌دانی تاکگه‌رایی و په‌ره‌سه‌ندی ئه‌ندێشه‌ی ره‌ها دا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه و هه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته هۆی زیاتر له په‌راوێز که‌وتنی تاک له کۆمه‌ڵگادا وده‌رک پێکردنی هه‌ستی نامۆ بوون له نێو جه‌غزی کۆدا.
سه‌باره‌ت به پرسی ره‌گه‌ز له پشکنینه‌کانی دورکهه‌یمدا نا هاوسه‌نگییه‌ک به‌دی ده‌کرێ له نێوان هه‌وڵی خۆکوژی به‌لای ره‌گه‌زی مێ وره‌گه‌زی نێر. له‌و وڵاتانه‌ی که دورکهه‌یم لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌کانی تێدا به ئه‌نجام گه‌یاندوه، ده‌بینێ که رێژه‌ی خۆکوژی پیاوان له رێژه‌ی خۆکوژی ژنان زیاتر تۆمار کراوه. هۆکاری ئه‌م پارادایمه به قه‌ناعه‌تی دورکهه‌یم ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئامۆژگارییه ئایینییه‌کان و پرسی پابه‌ند بوونی ژنان به ئایینه‌وه. ئه‌و پێی وایه که ژنان زیاتر له پیاوان له ژێر کاریگه‌ری ئایین و قه‌ناعه‌ته ئایینییه‌کاندان و، هه‌ر ئه‌م دۆخه واده‌کات که ژنان که‌متر بیر له کرده‌وه‌ی خۆکوژی بکه‌نه‌وه و زیاتر له پیاوان مل که‌چی ئیراده‌ی کۆگه‌رایی بن.
له سۆنگه‌ی کولتوردا ئه‌م بابه‌ته، واته پرسی خۆکوژی پیوه‌ند ده‌داته‌وه به ستروکتوری کۆمه‌ڵگا و پێوه‌ندییه چینایه‌تییه‌کان. له پشکنینه‌کانی دورکهه‌یمدا رێژه‌ی خۆکوژی به‌لای چینی خوار کۆمه‌ڵگا که‌متره له توێژی مامناوه‌ندی و، هه‌روه‌ها دیارده‌ی خۆکوژی لای چینی مامناوه‌ندی که‌متره له چینی باڵاده‌ست. هۆکاری ئه‌م بابه‌ته ده‌گه‌رێته‌وه بۆ پرسی ئاوتۆریته له نێو چینی باڵا ده‌ست و تاراده‌یه‌ک لای چینی مام ناوه‌ندیش.
به‌گشتی دیاردی خۆکوژی فره‌چه‌شنییه و هه‌ر کام له نموونه‌کانی خۆکوژی پێوه‌ندی هه‌یه به دۆخی تایبه‌ت به ئه‌و حاڵه‌ته‌ی که تاک دنه ده‌دات به کرده‌وه‌ی خۆکوژی. له پۆلین کردنی شێوازه‌کانی خۆکوژی، دورکهایم ئاماژه ده‌دا به چوار نموونه‌ی بنه‌ره‌تی له خۆکوژی که بریتین له:
- خۆپه‌رستانە (egoistic)
- خۆبه‌خشانه (altruistic)
- زه‌بروزه‌نگ (fatalistic)
- ئاڵۆزی (anomic)
دورکهه‌یم ئه‌م چوار نموونه سه‌ره‌کییه له‌مه‌ڕ پرسی خۆکوژی دابه‌ش ده‌کا به‌سه‌ر دوو قۆناغدا. قۆناغی یه‌که‌م بریتییه له “گونجاندن له کۆمه‌ڵ”دا که نموونه‌کانی “خۆپه‌رستانه” و “خۆبه‌خشانه” ده‌گرێته خۆی، ئه‌م قۆناغه له پێوه‌ندیدایه به راده‌ی گونجاندن و تێکه‌ڵاوی تاک له کۆمه‌ڵگادا. نموونه‌کانی “زه‌بروزه‌نگ” و “ئاڵۆزی” له خانه‌ی “هه‌ره‌سی کۆمه‌ڵایه‌تی” دا جێ ده‌کاته‌وه که ئاماژه ده‌دات به هه‌ره‌س هێنانی نۆرمه‌کان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
فیگۆڕی ژماره یه‌ک
خۆکوژیی خۆبه‌رستانه
ئه‌م فۆرمه له خۆکوژی ئاماژه‌یه‌که بۆ شوێنی تاک له کۆمه‌ڵدا. واته له ئه‌نجامی له په‌راوێز خستنی تاکدا هه‌ستی هاوبه‌شی و پێوه‌ندی ئه‌و به کۆمه‌ڵگاوه له‌بار ده‌چێت و له ئه‌نجامدا تاک ته‌ریک ده‌مێنێته‌وه. له‌م پێوه‌ندییه‌دا تاک مه‌جالی خۆ گونجاندن له نێو خانه‌ی کۆمه‌ڵگادا نییه و هه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته هۆی لاواز بوونی به‌های ژیان به‌لای مرۆڤه‌وه (Durkheim, 1991; 9). به بۆچوونی دورکهه‌یم ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی خۆکوژی له فۆرمی خۆپه‌رستانه‌دا به‌لای پرۆتێستانه‌کانه‌وه زیاتره له چاو کاتۆلیکه‌کان، چونکه ره‌گی پرسی تاکگه‌رایی له ستروکتوری پرۆتێستانتیزمدا به‌هێزتره. له راستیدا دیارده‌ی تاکگه‌رایی به‌رهه‌می په‌ره‌سه‌ندنی ئازادی ئه‌ندێشه‌یه و، تاکگه‌رایی هۆکارێکه بۆ لاواز بوونی بنه‌ماکانی هه‌ستی پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگای مێکانیکیدا و، سه‌رنجی تاکگه‌رایی ئاراسته‌ی مه‌به‌سته تاکه‌که‌سییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه تاکگه‌راییه‌کانی خۆیدا ده‌بێته‌وه. دورکهه‌یم له لێکۆڵینه‌وه‌کانی خۆیدا و له نموونه‌ی جوگرافیایی دا ئه‌م ئه‌نجامه وه‌رده‌گرێ که له بریتانیا مه‌جالی خۆکوژی له فۆرمی خۆپه‌رستانه‌دا نزمترین رێژه‌ی هه‌یه. هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێنێته‌وه که ترادیشۆنێکی به‌هێز له ستروکتوری سیسته‌می چینایه‌تی بریتانیاییه‌کاندا به‌دی ده‌کرێت که رێگره له به‌ر ده‌م ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکووژی. ئه‌و سیسته‌می مۆناریشی و به‌هێزبوونی ئاوتۆریته وبروکراسی ده‌زگا حکومی و سیسته‌مه خۆجه‌ییه‌کانی کلیسای بریتانیا به هۆکارێکی دیکه ده‌زانێت که مه‌جالی حاڵه‌تی خۆکوژی خۆپه‌رستانه که‌م ده‌کاته‌وه. له‌مه‌ڕ پرسی ئاوتۆریته ئه‌و پێی وایه که ئه‌م فاکته به‌ربه‌ستێکی پته‌و ده‌خاته به‌رده‌م هزری تاکگه‌رایی و ئازادییه ره‌فتارییه‌کان. هه‌ر سه‌باره‌ت به حاڵه‌تی خۆپه‌رستانه‌ی خۆکوژی‌دا، هاوسه‌نگییه‌کی تایبه‌ت ده‌بینێته‌وه له نێوان راده‌ی خوێندنی به‌لای توێژی باڵاده‌ست و رێژه‌ی خۆکوژی، که بێگوومان هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که خوێندن پاڵنه‌رێکی به‌هێزه بۆ ئازادی و خۆ ده‌رهاویشتن له ته‌وه‌ره‌ی ئاوتۆریته‌ی سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. له حاڵه‌تی خۆپه‌رستانه‌ی خۆکوژی‌دا نموونه‌ی پێوه‌ندییه خێزانییه‌کان دێته خانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته به‌تایبه‌ت ئه لاوانه‌ی که مه‌جالی پێکهێنانی ژیانی هاوبه‌شیان که‌مه زیاتر ده‌که‌ونه ژێر هه‌ره‌شه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی. له لێکۆڵینه‌وه‌کانی دورکهه‌یمدا رێژه‌ی خۆ کوژی منداڵان و مێرمنداڵان به‌دی ناکرێت که به قه‌ناعه‌تی دورکهه‌یم بنه‌ماڵه کۆنتێکستێکی گونجاو دابین ده‌کات بۆ پرسی گونجاندن و هه‌ڤبوون و به‌رز کرنه‌وه‌ی هه‌ستی کۆگه‌رایی.
خۆکوژی خۆبه‌خشانه
ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی ئاماژه‌یه‌که بۆ پاڵنه‌رێکی ده‌ره‌کی که تاک دنه ده‌دات به مه‌به‌ستی گیان به‌خت کردن له پێناو ئه‌وانی تر (Durkheim, 1991; 9). به بۆچوونی دورکهه‌یم ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی به‌پێچه‌وانه‌ی حاڵه‌تی خۆپه‌رستانه که له سه‌رێدا ئاماژه‌ی پێدرا، زێده‌رۆیی ده‌کرێت له گونجاندنی تاک له کۆمه‌ڵدا. واته له رێگای هه‌ست و سۆزه کۆگه‌راییه‌کانه‌وه زیاتر له راده‌ی پێویست تاک به ناخی خۆشه‌ویستی و ئه‌وینی کۆمه‌ڵدا رۆ ده‌چێت که ئاماده ده‌بێت له پێناو ئه‌وانی تر دا هه‌ستێ به کرده‌وه‌ی خۆکوژی. وه‌ک نموونه دورکهه‌یم ئاماژه ده‌دات به دۆخی سه‌ربازێک که له به‌ره‌ی شه‌ڕدا و له پێناو له مه‌ترسی نه‌که‌وتنی ئه‌وانی دی گیانی خۆی به‌خت ده‌کات، دورکهه‌یم ئه‌م حاڵه‌ته له خانه‌ی خۆکوژی‌دا پێناسه ده‌کات. هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م نموونه‌یه ده‌کرێ کرده‌وه‌ی خۆکوژی له پێناو ئامانج یان ئایدۆلۆژی و دین ونه‌ته‌وه‌په‌رستیدا بێته خانه‌ی ئه‌م چه‌شنه له خۆکوژی. دین یاخود ئایدۆلۆژی که پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه بۆ دنه دانی تاک بۆ کرده‌وه‌ی خۆکوژی، پارادایمێکی جێی سه‌رنجه که له روانگه‌کانی دورکهه‌یمدا ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه. ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یه که ئه‌م فاکتۆرانه (دین، ئایدیالۆژی) بریتین له چه‌مکێکی گشتی له واتای کۆمه‌ڵگا و، هه‌روه‌ها شته پیرۆزه‌کان له‌و روه‌وه خاوه‌ن په‌رستنن که ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕن له وێنا سه‌بژه‌کتیڤه‌کانی کۆمه‌ڵگا. له وه‌ها دۆخێکدایه که دین و ئایدیالۆژی له‌بری سیسته‌م چاوه‌دێری ده‌که‌ن به‌سه‌ر دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و، زۆر ئاساییه که له‌م دۆخه‌دا واتا دنیاییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندییه تاکه‌که‌سییه‌کان له پێناو وشیارییه‌کی کۆگه‌رایانه‌دا که‌م بایه‌خ بکرێنه‌وه و هه‌ستی پاراستنی دۆخی ئارایی و شته پیرۆزه‌کان دێنه خانه‌ی ئه‌رکێکی پیرۆز. یه‌کێک له فۆنکشیۆنه گرینگه‌کانی پرسی دین و ئایدۆلۆژی و نه‌ته‌وه‌گه‌ری له‌و دۆخه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که چه‌مکی ژیان له لای تاک ئالۆز ده‌کات و مه‌رگ له پێناو واتا پیرۆزه‌کاندا خۆشه‌ویست ده‌کا. کولتوری دینی یاخود ئایدیالۆژی له‌سه‌ر بنه‌مای کۆمه‌ڵێ به‌های کۆگه‌رایی دامه‌زراوه که هۆکارێکی گرینگن بۆ یه‌کگرتویی و به‌خشینی که‌سایه‌تی به کۆمه‌ڵگا و، هه‌ر له‌م پێناوه‌دا سێرمۆنییه ئائینی و روانگه ئایدیالۆژیکییه‌کان خاوه‌ن فۆنکشیۆنێکی به‌هێزن بۆ به‌ها کۆگه‌راییه‌کان و سه‌قامگرتویی کۆمه‌ڵگا. ئاشکرایه که پیرۆز راگرتنی کولتوره دینییه‌کان و مه‌به‌سته ئایدۆلۆژیکه‌کان، له‌م دۆخه‌دا پاساوده‌رێکی سه‌ره‌کییه بۆ ساده کردنه‌وه‌ی بڕیاری خۆکوژی. ئه‌م دۆخه له خانه‌ی کۆمه‌ڵگای مێکانیکیدا پتر ده‌گونجێ.
خۆکوژی زه‌بروزه‌نگ
ئه‌م حاڵه‌ته ئاماژه ده‌دا به دۆخێک که له‌ودا سه‌رکوت و سه‌ختگیری یاساکانی سیسته‌م و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌لاله‌ت ده‌که‌ن له بڕیاری خۆکوژی له لای تاک. ئه‌م حاڵه‌ته گوزارشت ده‌کا له دۆخێکی پر له زه‌بروزه‌نگ که ئه‌نجامه‌که‌ی فه‌وتانی هه‌ست و سۆزه ئینسانییه‌کان و، که‌م مه‌یلی تاک له‌هه‌مبه‌ر درێژه‌دان به ژیانه، له‌م دۆخه‌دا دیسیپلینی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێرێت (Durkheim, 1991; 162). وه‌ک نموونه دورکهه‌یم ئاماژه ده‌دات به بار‌و دۆخی کۆیله و زیندانییه‌کان که له ژێر قورسایی دیسیپلین و سزا سه‌خته‌کاندا جه‌زره‌به ده‌درێن که چه‌مکی ژیان بایه‌خی خۆی له ده‌ست ده‌دات و ناچار ده‌بن کۆتایی به ژیانی خۆیان بێنن و، ئه‌م کرده‌وه‌یه به چه‌شنێک کۆتایی هێنانه به ئازار و مه‌ینه‌ته‌کانیان. ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی به بۆچوونی دورکهه‌یم کۆمه‌ڵێ نمونه‌ی دیکه ده‌گرێته خۆی که سه‌ره‌کی ترینیان دۆخی نا ته‌بایی تاک له نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوه‌دایه که نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌گۆڕه‌کان رۆشنایی گه‌شه سه‌ندن و هیوایان لێڵ ده‌کات و، له دۆخێکی ره‌شبینانه دا به ناچار کۆتایی به ژیانی خۆیان دێنن. ئه‌م حاڵه‌ته له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کاندا نموونه‌یان زۆره، چونکه پابه‌ندبوونی مه‌کانیکی رێگره له‌به‌ر ده‌م هه‌رچه‌شنه کردارێک که له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی کۆگه‌راییدا بێت.
خۆکوژی ئاڵۆزی
ئه‌م حاڵه‌ته ئاماژه‌یه‌که بۆ دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌و جێگایه‌ی که تاک له رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگادا هه‌ست ده‌کات که ستروکتور و خانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان تووشی هه‌ره‌س هاتوون. له راستیدا ئانۆمی دیارده‌یه‌کی مۆدێڕنه که تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بگۆڕی کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کانه. ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی هه‌یه به پرسی گۆڕانکاری له ستروکتوری کۆمه‌ڵگا دا. ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی له دۆخێک‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که تاک هه‌ست ده‌کا ئه‌و نۆرم و رێسا کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که له‌گه‌ڵیان گۆش کراوه، تووشی هه‌ره‌س هێنان هاتوون. ئانۆمی سه‌رچاوه‌ی گرتووه له وشه‌ی یۆنانی “ئانۆمیا” که به مانای بێ یاسایی یان پاشاگه‌ردانییه. دۆخێکی ئانومی له حاڵه‌تێدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات که پنتکه سروشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا که بریتین له نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، گۆرانیان به‌سه‌ردا دێت و ده‌که‌ونه ژیر کاریگه‌ری مۆدێلی نوێ. به قه‌ناعه‌تی دورکهه‌یم ئانۆمی له حاڵه‌تێکی ئه‌وتۆدا سه‌رهه‌ڵده‌دات که گۆڕانکارییه‌کی خێرا له ستروکتوری کۆمه‌ڵ دا پێک دێت، بۆ نموونه ئه‌و ئاماژه ده‌دات به گه‌شه یاخود نوشستی ئابوری. به بۆچوونی دورکهه‌یم گه‌شه‌ی ئابوری ده‌بێته هۆکارێک بۆ سه‌رله‌نوێ ئورگانیزه کردنه‌وه‌ی سیسته‌می کار و، هه‌روه‌ها چوونه سه‌ره‌وه‌ی راده‌ی کارامه‌یی و سودمه‌ندی. ئه‌م دۆخه ده‌بێته هۆی ئه‌وه که فۆرمی خێزانییه ترادیشۆنه‌کان و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گۆرانیان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌مه له خۆیدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی کار و فۆنکشیۆنه‌کان به‌شی جۆراوجۆری لێ ببێته‌وه و، له هه‌مان حاڵیش‌دا پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له نێوان مرۆڤه‌کاندا که‌متر ده‌بنه‌وه و مرۆڤ پتر له خه‌می پاراستنی کار و برژه‌وه‌ندییه‌کانیدا ده‌بێت. له حاڵه‌تێکدا کۆمه‌ڵگا به‌ره‌ورووی ئانۆمی ده‌بێته‌وه، که یاسا و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هه‌ره‌س ده‌هێنن و ئه‌م دۆخه به چه‌شنێک هه‌ره‌شه‌یه‌که بۆ شووناسی تاک، که مۆتیڤێکی سه‌ره‌کییه له‌مه‌ڕ مانه‌وه‌ی تاک له کۆمه‌ڵگادا. مه‌جالی به‌ره‌نگار بوونه‌وه له حاست ئانۆمی دا، پێویستی به پته‌و کردنی هه‌ستی هه‌ڤبوون هه‌یه بۆ نه‌هێشتنی ئانۆمی (Durkheim, 1991;10).
دوا سه‌رنج
ئه‌وه‌ی له سه‌رێدا هاته به‌ر دیدی خوێنه‌رانی ئه‌م بابه‌ته پۆخته‌یه‌ک بوو له تیۆری خۆکوژی دورکهه‌یم، ئه‌م بابه‌ته له باری مێتۆدیکه‌وه ده‌چیته خانه‌ی کاوزال، واته له پێوه‌ندییه‌کی هۆکارانه‌دا به‌رجه‌سته کراوه‌ته‌وه و تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی که ده‌بنه پاڵنه‌ر بۆ ئه‌م دیارده‌یه. له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کاوزالی دا سه‌رنجی لێکۆڵه‌ر به‌دوای وڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره دا ده‌گه‌رێت: له‌به‌رچی کۆمه‌ڵێک دیارده یاخود رووداو روو ده‌دات، که ئه‌م دۆخه‌یش به‌نده به ئه‌و هۆکارانه‌ی که له رابردوو دا کارتێکه‌ری خۆیان به سه‌ر دیارده‌کانی هه‌نووکه‌دا به‌جێ هێشتووه. هه‌ر ئه‌م دۆخه توێژه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م پێداویستییه‌کی گرینگ بۆ به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه به پێی بنه‌ما ئیمپیری و تیۆریکییه‌کان که پێوه‌ندییان هه‌یه به‌م پرسیاره‌ی که هۆکاری کارتێکه‌ری رووداوه‌کانی رابردوو چییه به‌سه‌ر ره‌فتاره‌کانی تاک له ئێستادا. بۆ زیاتر شی کردنه‌وه‌ی ئه‌م مێتۆده پێویسته سه‌رنجێکی تیژتێپه‌ر بدرێت له بنه‌مای فۆرمووله کردنی مێتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ی کاوزاڵی (Carl G. Hempel 1942). له داهێنانی فۆرمالیزاشینێک بۆ فورمووله کردنی خوێندنه‌وه‌ی کاوزاڵی دا ئاماژه ده‌دات به سێ توخمی سه‌ره‌که‌ی که ته‌واوکه‌ری مێتۆدی خوێندنه‌وه‌یه‌کی کازاوڵییه: یه‌که‌م- خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی که بڕیاره بخرێته به‌ر باس، دووهه‌م- یاسایه‌ک یاخود چه‌ند یاسای گشتی و سێهه‌م، مه‌رجه سنوورداره‌کان. ئه‌م سێ توخمه دابه‌ش ده‌کرێت به‌سه‌ر دوو حاڵه‌تی گشتی له فۆرمی خوێندنه‌وه‌دا و ئه‌م دوانه بریتین له ئیکسپلاناندێم (explanandum) که توخمی یه‌که‌می تێدا جێگیر ده‌بێت، واته خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ی که بڕیاره بخرێته به‌ر باس، ئیکسپلانانس (explanans) که توخمی دووهه‌م و سێهه‌می لێ جێگیر ده‌بێت، واته یاسا گشتییه‌کان و مه‌رجه سنوورداره‌کان.
فیگۆڕی ژماره دوو (1)
به سه‌رنجدان به‌م فۆرمووله بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی کاوزاڵی له‌مه‌ڕ ده‌ستنیشان کردنی هۆکاره‌کانی دیارده‌ی خۆکوژی به لای دورکهه‌یمه‌وه، به‌م چه‌شنه ده‌ره‌نجامی لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌که‌ی دورکهه‌یم فۆرموله ده‌که‌ین:
فیگۆری ژماره سێ (2)
دورکهه‌یم له سه‌ر ئه‌وه مکوڕه که هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن که قه‌ناعه‌تی خۆ کوشتن به‌لای تاکه‌وه به هێز ده‌که‌ن و، له ده‌ره‌نجامی لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌کانیدا ده‌گاته پرسی گونجاندن له کۆمه‌ڵگادا. دورکهه‌یم پرسی گونجاندن به ئاگر ده‌شووبهێنێ له وه‌رزێکی به‌سته‌ڵه‌کدا و، راده‌گه‌یه‌نێ که نزیک بوون یاخۆد دوور که‌وتنه‌وه له تینی ئاگر دوو ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێ لێده‌که‌وێته‌وه. کاتێ که‌سێک له ئاگر زۆر نێزیک ده‌بێته‌وه ئه‌گه‌ری سووتانی پتره و، له هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌گه‌ر مه‌ودایه‌کی دووری هه‌بێت له تینی ئاگره‌که تووشی سه‌رما بردوویی ده‌بێت. ئه‌و پیی وایه که پێویسته هاوسه‌نگییه‌ک له‌مه‌ڕ مه‌وداو شوێنی تاک له کۆمه‌ڵگادا ره‌پێش جا‌و بگیردرێ.
له پێوه‌ندی به دیارده‌ی خۆکوژی گریمانه‌ی جیاواز له ئارادا هه‌ن که بێ گومان دورکهه‌یم سه‌رنجی تایبه‌تی به‌م گریمانانه‌یش داوه وه‌ک پرسی بیۆلۆژی که ده‌شێ دیارده‌ی خۆکوژی ببه‌ستێته‌وه به هۆکاره هۆرمۆنییه‌کان یاخود ژێنه‌کان، هه‌روه‌ها پرسی سایکۆلۆژی که ئاماژه ده‌دات به فاکته ده‌روونییه‌کانی تاک وه‌ک خه‌مۆکی و ئاڵۆزییه ده‌روونییه‌کانی تاک. ئه‌م سێ فاکتۆره له خۆکوژی، واته فاکتۆری بیۆلۆژی، فاکتۆری سایکۆلۆژی و فاکتۆری سۆسیۆلۆژی، هه‌ر کامیان هاوتریب له گه‌ڵ پێوه‌ندییه‌کی هۆکارانه‌دا (kausal) شرۆڤه کراون و، ئه‌م راستییه ده‌رده‌خه‌ن که دیارده‌ی خۆکوژی له پیوه‌ندییه‌کی بنه‌ماییدا (intentional) نییه. مه‌به‌ست له پیوه‌ندی بنه‌مایی له‌م بابه‌ته دا ئاماژه‌یه به ئه‌و بنه‌ما یاخود یاسایانه‌ی که خۆکوژی وه‌ک ئه‌نجام له به‌ر چاو ده‌گرێت. به واتایه‌کی دیکه خۆکوژی هیچ پێوه‌ندییه‌کی به بریاری تاکه‌که‌سه‌وه نییه.
به‌سه‌رنجدان به تیۆر و نموونه‌کانی حاڵه‌تی تووشبوون به دیارده‌ی خۆکوژی که له سه‌رێدا هاتنه به‌رباس، ئه‌م دیارده‌یه له پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و له دۆ کۆنتێکستی جیاوازدا روو ده‌دات. یه‌که‌میان له خانه‌ی کۆگه‌رایی و له پیوه‌ندی به “وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تیدا” راڤه ده‌کرێت و، وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تیش له فاکتۆری پابه‌ندبوونی مێکانیکی دا تتیۆریزه کراوه (تایبه‌ته به کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی). دووهه‌میان له پێوه‌ندی دایه به پرسی تاکگه‌رایی و له فاکتۆری “نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی” و له فۆرمی پابه‌ندبوونی ئۆرگانیکی دا تیۆریزه ده‌کرێت (تایبه‌ته به کۆمه‌ڵگای مۆدێڕن).
لێره‌وه خشته‌یه‌کی دی له تیۆری خۆکوژی وێنا ده‌که‌ین که پێوه‌ندی هه‌یه به ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئه‌م حاڵه‌تانه به پێی کاراکتێری کۆمه‌ڵایه‌تیان، له دوو ته‌وه‌ر دا پۆلین ده‌که‌ین و ده‌یخه‌ینه رۆژه‌ڤێکی مێتۆدیک بۆ پێوه‌ندی دانه‌وه به کۆمه‌ڵگای ئێمه. ئه‌و نموونانه‌ی که پتر له خانه‌ی کۆمه‌ڵگا پێش مۆدێرنه‌کاندا ئه‌گه‌ری روودانیان پتره بریتین له خۆکوژی زه‌بروزه‌نگ و خۆکوژی خۆبه‌خشانه. ئه‌و نمونانه‌یش که له کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کاندا ئه‌گه‌ری روودانیان هه‌یه بریتین له خۆکوژی ئالۆزی و خۆکوژی خۆپه‌رستانه.
فیگۆڕی ژماره چوار
بینیمان که له خۆکوژی خۆپه‌رستانه‌دا تاک له کۆمه‌ڵدا به راده‌یه‌کی که‌م مه‌جالی خۆ گونجاندنی بۆ ده‌ره‌خسێ و له په‌راوێزی کۆگه‌رایی دا ته‌نیا و ته‌ریک ده‌مێنێته‌وه. له نمونه‌ی خۆکوژی ئاڵۆزی، تاک خۆی له دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌بینێته‌وه که پێوه‌ندی هه‌یه به گۆڕانکاری له نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، له‌م دۆخه‌دایه که نۆرم و به‌ها گشتییه‌کان به‌ره‌ورووی هه‌رس هێنان ده‌بنه‌وه و تاک خۆی له ئازاوڵه‌ییدا ده‌بینێته‌وه. له نموونه‌ی زه‌بروزه‌نگدا که پێچه‌وانه‌ی حاڵه‌تی ئاڵۆزییه، پێوه‌ندی هه‌یه به کۆمه‌ڵگایه‌ک که زه‌بروزه‌نگ ده‌نوێنێ له‌مه‌ڕ هێشتنه‌وه‌ی نۆرم و به‌ها گشتییه‌کان و، له ئه‌نجامدا تاک به‌ره‌ورووی سیسته‌مێکی داخراوه ده‌کاته‌وه که به‌ربه‌ست ده‌خاته سه‌ر رێی گه‌شه کردن و به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی تاکێتی خۆی. له نمونه‌ی خۆبه‌خشانه‌دا تاک به مه‌به‌ستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له پێناو کۆمه‌ڵدا گیانی خۆی به‌خت ده‌کا. له هه‌ر کام له‌م قۆناغانه‌دا هه‌ست به نه‌بوونی هاوسه‌نگییه‌ک ده‌کرێت له نێوان پرسی حاوانه‌وه یاخود گونجاندنی تاک له کۆمه‌ڵ دا.
نموونه‌کانی خۆ کوژی که پتر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌گونجێن
وه‌ک له سه‌ره‌تای ئه‌م باسه‌دا ئاماژه درا به رێژه‌ی خۆکوژی و هۆکاره‌کانیان که له راگه‌یاندنه‌کاندا دێنه به‌ر باس، هه‌رکام له نموونه‌کانی خۆکوژی چ له فۆرمی خۆکوژی زه‌بروزه‌نگ و چ خۆکوژی خۆبه‌خشانه له راپۆرته‌کاندا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه. ئه‌و هۆکارانه‌ی که که‌سی خۆکوژ هانده‌دات به کرده‌وه‌ی خۆکوژی به لایه‌نی زۆره‌وه له پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ده‌بیندرێنه‌وه که بریتین له پێوه‌ندی خێزانی ( زه‌بر و زه‌نگی بنه‌ماڵه)، شکست هێنان له ئه‌زمونی خۆشه‌ویستی (که ده‌شێ پێوه‌ندی هه‌بێت به به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌م خۆشه‌ویستی لاوان و ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی که رێگرن له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تی هاوسه‌رگیری)، له پێوه‌ندی خوێندن دا (که پێوه‌ندی هه‌یه به فاکتی جه‌ببرگه‌رایانه له سیسته‌می په‌روه‌رده)، دۆخی ناله‌باری زیندانییه‌کان، گرفتی ئابووری و پرسی بێ‌کاری، نه‌بوونی مه‌جالی گه‌شه‌ی تاک و داخراوه بوونی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر گه‌نجان و…
وه‌ک پێشتر له شرۆڤه کردنی نموونه‌ی خۆکوژی زه‌بروزه‌نگدا ئاماژه‌مان پیدا، بینیمان که ستروکتوری کۆمه‌ڵگا پێک هاتووه له فۆرمێکی مێکانیکی که تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ به‌ره‌و “وشیاری” یه‌ک پاڵ پێوه‌ده‌نێت که مۆتیڤی سه‌ره‌کییه‌که‌ی پرسی کۆگه‌راییه. پرسی کۆگه‌رایی له‌م دۆخه‌دا گاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر چێ بوونی پرسی “وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی” و ئه‌م فاکته له سۆنگه‌ی ئه‌و ئیراده‌یه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که تاک له حاند نۆرم و یاسا ئابستراکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی دا ملکه‌چ ده‌کات و ده‌یخاته دۆخێکه‌وه که ده‌رچوون له ته‌وه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆ به سنووری فه‌وتانی خۆی ده‌زانێت. بۆ نیهادینه کردن و پیرۆز بوونی ئه‌م وابه‌سته بوونه، نیهاده‌کانی کۆمه‌ڵگای مێکانیکی ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕن و گشت ته‌قه‌لاکانیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ به مه‌به‌ستی به‌هێز بوونی هۆگری تاک له‌مه‌ڕ پرسی مانه‌وه له چاره‌نووسی کۆگه‌راییدا. گرینگ نییه ئه‌م نیهادانه به شێوازێکی رێکخراوه‌یی یان به فۆرمێکی سیسته‌ماتیک کارتێکه‌رییه‌کانی خۆیان پیشان بده‌ن، چوونکه ئه‌م نیهادانه به‌شێکی گرینگن له ستروکتوری کۆمه‌ڵگا و تایبه‌تمه‌ندییه‌کی سایکۆلۆژیانه و سه‌بژه‌کتیڤیان هه‌یه که تاک تا تاریکترین قووژبنه‌کانی قه‌ناعه‌ت هێنان پاڵ پێوه ده‌نێت. ئه‌م نیهادانه وه‌ک پێشتر له تیۆری خۆکوژی دورکهه‌یمدا ئاماژه‌یان پێدرا نیهاده‌گه‌لی ئایینی (له‌لای ئێمه وه‌ک: مزگه‌وت، نیهاده په‌روه‌رده‌ییه‌کان، خانه‌قا، مه‌کته‌به‌ی قورعان و…) کولتورین وه‌ک قه‌ناعه‌تی خێڵه‌کی، بنه‌ماڵه‌یی، ناوچه‌گه‌رایی و، خووخده، سیرمۆنییه‌کان، ریتواڵه‌کان.
فیگۆڕی ژماره پێنج
له پێوه‌ندی به خۆکوژی خۆبه‌خشانه‌دا ئه‌م بابه‌ته زیاتر دراماتیک ده‌بێته‌وه کاتێ سه‌رنج ده‌ده‌ین به رێژه‌ی کرده‌وه‌ی خۆکوژی یاخود خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی که‌س یان که‌سانێک که به مه‌به‌ستێکی ئایدۆلۆژیک هه‌ڵده‌ستن به‌م کاره. ئه‌و که‌سانه‌ی که به په‌نا بردنه به‌ر رێکاره تاک‌ره‌هه‌ندییه‌کان هه‌ڵده‌ستن به کرده‌وه‌ی خۆبه‌خشانه له پێناو چاره‌سه‌ری یاخود وه‌دی‌هێنانی ئامانجه سیاسی، دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان، له راستیدا نمونه‌کانی پرسی خۆکوژی خۆبه‌خشانه‌ن که دورکهه‌یم له تیۆری خۆکوژی‌دا ئاماژه‌ی پێداوه. بۆ هه‌رکام له ئێمه کاتێ به‌ره‌و رووی حاڵه‌تێکی خۆبه‌خشانه ده‌بینه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی به نیگایه‌کی ئۆبژه‌کتیڤه‌وه ئاوڕ له‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی بده‌ینه‌وه، به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی سه‌بژه‌کتیڤه‌وه هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرین. زۆر سروشتییه که ئه‌م بابه‌ته به دوو ئاقاری جیاواز و له دوو پێودانگی به ته‌واوی لێک جیا، به‌راوه‌رد بکرێن. کاتێ که‌سێکی خۆکوژ به مه‌به‌ستی نێزیک بوونه‌وه له ئامانجه ئایدیالۆژییه‌کانی ده‌ست ده‌داته کرده‌وه‌ی خۆ ته‌قاندنه‌وه، هه‌ر ئه‌م که‌سه به‌ره‌و رووی دوو هه‌ڵوێستی نه‌رێنی و له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌رێنی ده‌بێته‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ی که له پشته‌وه‌ی ئه‌م چه‌شنه قه‌ناعه‌ته راده‌وه‌ستن به شه‌هید ناوزه‌دیان ده‌که‌ن و به چاوێکی ئافه‌رینییه‌وه ده‌رواننه کرده‌وه‌کانیان، به‌ڵام بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م کرده‌وه‌یه هیچ هۆگرییه‌کیان نییه و له ده‌ره‌وه‌ی قه‌ناعه‌ته‌کانی که‌سی خۆکوژ راوه‌ستاون، به چاوێکی قێزه‌وون و ترسه‌نۆکانه ده‌روانێته کرده‌وه‌ی خۆکوژی ئه‌م تاقمه. ئه‌وه‌ی که له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رنجی پێویستی پێ نادرێت بینینێکی ئۆبژه‌کتیڤانه و، تێدا چوونی ژیانی که‌س یان که‌سانی خۆکوژه. هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته پێوه‌ندی هه‌یه به فاکتی سیاسی/ئایدۆلۆژی که پێویسته خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت له فۆرمێکی مایکرۆدا. تۆ بڵه‌ی قه‌ناعه‌تی خۆبه‌خشانه نیسبه‌تێکی هێنده قه‌تعی هه‌بێت که حه‌تمه‌ن ئه‌نجامی خۆکوژی لێ بکه‌وێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر که‌سی خۆکوژ له مه‌جالێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی بۆ بره‌خسێت، تۆ بڵه‌ی به هه‌مان کرده‌وه هه‌ڵده‌ستێ؟ سرووشتیییه که ئه‌م ئه‌نجامه له پێوه‌ندییه‌کی راشیۆناڵی دا روو نادات و زیاتر له ژێر کاریگه‌ری لایه‌نه هه‌سته‌کییه‌کان دا ئه‌م چه‌شنه هه‌ڵوێستانه ده‌بن به بڕیار.
فیگۆڕی ژماره شه‌ش
ده‌ره‌نجام
بۆ به‌ره‌وروو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی خۆکوژی که له‌م بابه‌ته‌دا تیشکیان خرایه سه‌ر، ره‌نگه رێکار یان مێکانیزمێک به ته‌نیا نه‌توانێت کاریگه‌ری ئه‌وتۆی هه‌بێت له‌مه‌ڕ نه‌هێشتنی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی که مه‌یلی خۆکوژی لای تاک به‌هێز ده‌کات. ئه‌م بابه‌ته پێویستی هه‌یه به خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌ڵگه‌مه‌ندانه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی و درێژ خایه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گشت ره‌هه‌نده‌کانی پێوه‌ندیدار به‌م دیارده‌یه بناسێت و پێش مه‌رج و رێکاری گونجاوی بۆ به‌رز بکرێته‌وه. له هه‌مان کاتدا ئه‌مه له خۆیدا گرینگه که دیارده‌ی خۆکوژی له کۆمه‌ڵگادا وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ره‌پێش چاو بگیردرێ، تاکوو به ئاستێکی به‌رپرسانه و به ده‌رکێکی لۆژیکییه‌وه به‌ره‌و رووی ئه‌م حاڵه‌تانه بینه‌وه.
په‌ره‌سه‌ندنی رێژه‌ی خۆکوژی و راده‌ی پاوه‌جێ بوونی نموونه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا پێویستی هه‌یه به تێرامانێکی جیددی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م کاره‌ساته کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌وه‌ی که له هه‌واڵه‌کاندا ئاماژه‌ی پێده‌درێت راسته‌وخۆ پێوه‌ندی هه‌یه به فاکته مایکرۆکان وه‌ک سیسته‌می پلان دانان و به‌رێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگا. رێژه‌کانی دیارده‌ی خۆکوژی وێنایه‌کی شه‌فاف و له هه‌مان حاڵیش‌دا رووی راستی لاواز بوون و که‌م‌وکووڕی ئه‌م سیسته‌مانه ده‌خه‌نه روو که هۆکاری سه‌ره‌کین له‌هه‌مبه‌ر پرسی نایه‌کسانی و نا دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا. دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێکی ناهارمۆنیک یاخود تراژێدیک دا خۆ ده‌نوێنن، له هه‌مان حاڵ‌دا به‌یانگه‌ری ئه‌م واقعه‌ن که پێداویستی گۆڕان له سیسته‌مدا ده‌خه‌نه رۆژه‌ڤه‌وه. پێشتر ئاماژه‌مان پێدا که ئه‌گه‌ری روودانی دوو نموونه‌ی حاڵه‌تی خۆکوژی (زه‌بروزرنگ و خۆبه‌خشانه) له‌گه‌ڵ دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئێمه‌دا دێنه‌وه و، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویست ده‌کات سه‌رنجێکی ووردتر بدرێته‌وه له‌و فاکتانه‌ی که کارتێکه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م دیارده‌یه. سه‌باره‌ت به حاڵه‌تی خۆکوژی له فۆرمی زه‌بروزه‌نگدا، ئاماژه‌کان به‌ره‌ورووی دۆخه ئابستراکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌بنه‌وه. له وه‌ها دۆخێک‌دا یاسا و رێساکانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک زه‌مینه‌یه‌ک بۆ روودانی ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی پتر له هه‌ر فاکتێکی لاوه‌کی ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، تۆ بڵه‌ی بۆ به‌ر گرتن به‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی که له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆر باوه چ رێکارێک گرینگی خۆی وه‌ر بگرێت؟ ئایا گۆرانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک پێشمه‌رجێکی واقعی ده‌توانێ نموونه‌یه‌کی ئه‌ڵته‌رناتیڤی بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؟ وڵام دانه‌وه به‌م پرسیاره کارێکی ئاسان نییه، چوونکه ئێمه نازانین که له دۆخێک‌دا که کۆمه‌ڵگا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت – گریمان ئێمه ئه‌و تواناییه‌مان هه‌بێ- ده‌رنجامه‌کانی ئه‌م گۆرانکارییه چی لێ ساغ ده‌بێته‌وه. به واتایه‌کی دیکه کێ ده‌توانێ پێشبینی ئه‌نجامه‌کانی گۆران بکات، یاخود بواره‌کانی گۆران به چ ئاقارێکدا تێده‌په‌رێت.
ره‌نگه پێشبینی کردنی گۆرانکارییه‌کی خێرا له ستروکتوری کۆمه‌ڵایه‌تی، به تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، کارێکی گه‌لێ ئه‌سته‌م بێت و دوور له گونجان خۆی بنوێنێت، چوونکه زه‌مینه‌ی گۆرانکاری له کۆمه‌ڵگا دا پێویستی هه‌یه به که‌ره‌سه و ماتریاڵی خۆی و، ئه‌وه‌ی که تا ئێستا دیاره، کارێکی ئه‌وتۆ بۆ زه‌مینه خوڵقاندنی چێ بوونی ئه‌م فاکته له کۆمه‌ڵگای ئێمه نه‌کراوه که پێوه‌ندی هه‌یه به گه‌شه‌دانی سه‌رمایه‌ی کولتوری. ئگه‌ر ئه‌م به‌شه واته گه‌شه سه‌ندنی سه‌رمایه‌ی کولتوری به‌هۆی قور‌س بوونی پرۆژه‌که پێویستی هه‌یه به پشوویه‌کی درێژتر، به‌ڵام خۆ دێمۆکراتیزه کردنی سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ری و ناوه‌نده بڕیارده‌ره‌کان و کردنه‌وه‌ی مه‌جالی به‌شدار بوونی تاک له بڕیاره‌کانی پیوه‌ندی دار به کۆمه‌ڵگا، کارێکی هێنده ئه‌سته‌م نییه و ته‌نانه‌ت له درێژخایه‌ندا ئه‌م دۆخه قازانجی خودی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی گۆمه‌ڵگه‌شی لێ ده‌که‌وێته‌وه. مه‌رجی دێمۆکراتیزه کردن گرینگییه‌کی حه‌تمییه بۆ هه‌ر چه‌شنه گۆرانێک له ستروکتوری کۆمه‌ڵگادا و، ئه‌م بابه‌ته له‌و سۆنگه‌وه گرینگی خۆی وه‌رده‌گرێت که به‌ر له هه‌ر نیهادێک نیهاده په‌روه‌رده‌ییه‌کان به‌ره‌ورووی گۆڕان بێته‌وه به مه‌به‌ستی زیاتر ریفلێکتیڤ کردن و دێمۆکراتیزه کردنی سیسته‌می په‌روه‌رده. گۆڕانکاری له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا گرینگییه‌کی ئه‌وتۆی هه‌یه، به‌تایبه‌ت که ستروکتوری په‌روه‌رده له سیسته‌می راهێنانی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا په‌یره‌وی ده‌کات له شێوازێکی ئاوتۆریته‌یی و ئه‌م دۆخه له خۆیدا مه‌جالی دیسپۆتیزمی ئیداری به‌هێز کردووه. به‌راستی په‌روه‌رده و سیسته‌می خوێندن بۆ هه‌ر کام له ئێمه بیره‌وه‌ری چ دۆخێکی ناله‌باری رۆحییه؟ به لانی که‌مه‌وه وچه‌ی ئێمه باش ده‌رک به حاڵه‌ته ترساوییه‌کانی سه‌رده‌می خوێندن ده‌کا و، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت وه‌ک سامێکی ئه‌به‌دی له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیت و ته‌نانه‌ت ئه‌م حاڵه‌ته دیسپۆتیزمییه دزه‌ی کردۆته نێو نیهاده‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگاش. وه‌ک له کۆمه‌ڵێک له راپۆرته‌کاندا ئاماژه کراوه به خوێندن، وه‌ک هۆکارێک بۆ کرده‌وه‌ی خۆکوژی خوێندکاران، ئه‌م حاڵه‌ته له خۆیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی کاریگه‌ری زه‌بروزه‌نگ نواندن و ئاوتۆریته‌یه له سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا.
ده‌سه‌ڵاتی نیهاده ترادیشۆنییه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک نیهاده ئایینی و نیهاده کولتورییه‌کان له بری نیهادی مه‌ده‌نی ومۆدێرنه‌کان، هه‌تا ئێستاش چاوه‌دێری ده‌که‌ن به‌سه‌ر رێکخستنی کۆمه‌ڵگادا و ئه‌مه‌یش له خۆیدا تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵگای مێکانیکییه و نکۆڵی لێ ناکرێت. ئێمه به گشتی ده‌رک به‌وه ده‌که‌ین که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه له چ کۆنتێکستێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه خۆی ده‌ر ده‌خات، ئه‌م کۆنتێکسته مێکانیکییه وه‌ک مۆتۆری (مه‌کینه‌ی) ماشینێک، هێزی جووڵه‌ی خۆی له‌و دینامیزمه وه‌رده‌گرێ که به به‌راوردێک ده‌شێ به “رۆحی کۆمه‌ڵگا” ناوزه‌دی بکه‌ین. واته کۆمه‌ڵگا هێزی جووڵه‌ی خۆی له دینامیزمێک وه‌رده‌گرێت که ره‌گێکی قووڵی له وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌یه. که‌واته گرینگ ترین ئه‌کسیۆنێک که ده‌توانێ کاریگه‌ری هه‌بێت له گۆڕانی ستروکتوره‌کانی کۆمه‌ڵگا، ده‌ست بردن بۆ دێفاکته‌کانی “وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تییه”. گرینگ ترین پرۆژه‌یه‌ک که له‌م میانه‌یه‌دا ده‌توانێ ببێت به ده‌سپێکێک بۆ رێگا خۆش کردن له‌به‌رده‌م گۆڕان له دێفاکته‌کانی وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی دا، له گره‌وی هه‌موار کردنی بنه‌ماکانی ژێرخانی کۆمه‌ڵگایه که پێویستی به دابین کردنی سه‌رمایه‌ی ئابوری و کولتورییه‌کانه. هه‌ر چه‌شنه گۆڕانێک له سیسته‌می به‌رهه‌م‌هێنانی کۆمه‌ڵگا، له درێژخایه‌ندا ده‌بێته هۆی گۆڕانکاری له ستروکتوری کۆمه‌ڵگا. به‌م پێیه هه‌تا کۆمه‌ڵگا ریفلێکتیڤ تر (منعطف) بکرێته‌وه گۆڕان له شووناسی وشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی دا به عاقاری ئاسایی خۆیدا تێده‌په‌رێت و، نیشانه‌کانی تاکگه‌رایی و “نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی” پتر خۆی ده‌رده‌خات. هاتنه دی ئه‌م ئه‌نجامه له گره‌وی گۆڕانکاری له سیسته‌می کار و به‌رهه‌م هێنان دا مسۆگه‌ر ده‌بێت و، هه‌تا کار، فۆنکشیۆنه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، نیهاده‌کان و بنیاته کولتورییه‌کان نه‌چنه پرۆژه‌ی مۆدێر بوون، هه‌ر چه‌شنه گۆرانێک له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگادا روو نادات. پێوه‌ندی کار و فۆنکشیۆنه‌کانی نێۆ کۆمه‌ڵ، وه‌ک دامه‌زراوه و دایره و کۆمپانییه‌کان و… ئه‌گه‌ر پتر له ژێر کارتێکه‌رییه‌کی تێکنۆلۆژیانه‌دا بن راده‌ی نیازی تاک به خۆ ته‌یار کردن به خوێندن و خۆ پێگه‌یاندن له ئاستی باڵا دا (جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی) پتر ده‌کا. گۆڕان له سیسته‌می به‌رهه‌م هێنان و کار دا به پێی ئه‌زموونه‌کانی وڵاتانی مۆدێرن، نمای کۆمه‌ڵگای له هاوچه‌شن بوونه‌وه به‌ره‌و فره‌چه‌شن بوون گۆری و ئه‌م ئه‌نجامه‌ی لێ که‌وته‌وه که یه‌که‌م: پرسی ژن له چوارچیوه پریڤاتییه‌کانی بنه‌ماڵه هاته ده‌ر و بوو به پرسی ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه، دووهه‌م: ئه‌م دۆخه، واته نیازی کۆمه‌ڵگا به کاری ئافره‌ت، زه‌مینه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی ترادیشیۆنی تووشی هه‌ره‌س کرد و وێنایه‌کی نوی و ریفلێکتیڤ تر له فاکتی بنه‌ماڵه هاته چێ کردن و پرسی پریڤات (خصوصی) بوونی ژن و منداڵ له پاوانی مافی مێرد هاته ده‌ر و له باری مافناسییه‌وه کۆمه‌ڵی چه‌مکی نوێ له پرسی خاوه‌ندارێتی دا هاته ئاراوه، سێهه‌م: له ئاکامی ئه‌م گۆرانکارییانه له ستروکتوری کۆمه‌ڵ دا، گۆڕان به‌سه‌ر یاسا گشتییه‌کانیشدا هات. ره‌نگه له میانه‌ی ئه‌م باسه‌دا جێی خۆی بێت که ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کمان هه‌بێت له سیسته‌مه به‌رێوه‌به‌رییه‌کانی لای خۆمان که به پێچه‌وانه‌ی پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی سیسته‌مه مۆدێڕنه‌کان، پرسی یاسادانان له پێشه‌وه‌ی فاکتۆره‌کانی دیکه دا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. یاسا بنچینه‌ییه‌کان له‌م سیسته‌مانه‌دا له‌باری چۆنایه‌تییه‌وه ره‌نگه چی وا که‌متر نه‌بێ له یاسا بنچینه‌ییه‌کانی وڵاتانی مۆدێرن، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی که پراکتیزه کردنی ئه‌م یاسایانه پێویستی به که‌ره‌سه و مێکانیزمی شیاوی خۆی هه‌یه، هه‌نووکه‌یش به ده‌ست لێ نه‌دراوی له ئه‌رشیڤی به‌ڵگه‌نامه‌کانی په‌رله‌مان و له‌سه‌ر مێزی یاسادانان واوه‌تر نه‌رۆشتووه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له به‌شێکی زۆری وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و به تایبه‌ت کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا پرسی جێبه‌جێ نه‌کردنی یاسا بنچینه‌ییه‌کانی وڵات گه‌وره‌ترین گرفته و بگره گه‌لێ قوربانیشی بۆ دراوه. هه‌ر به‌م هۆیه‌یه که سه‌روه‌ری یاسا له‌م چه‌شنه کۆمه‌ڵگایانه‌دا گومانێکی وه‌هم ئاسایه و وێنا کردنی سه‌قامگیری کارێکی دوور له واقع ده‌نوێنێ.
ره‌نگه هیچ مه‌ڵبه‌ند و هیچ هه‌رێمێک به قه‌رای رۆژهه‌ڵاتی ناڤین – به‌سه‌رنجدان به ستروکتوری فره ئایینی بوون و نه‌قشه‌ی فره ئه‌تنیکی بوون و ئه‌کسیۆنه سیاسییه‌کانیه‌وه- گیرۆده‌ی دیارده‌ی خۆکوژی له حاڵه‌تی خۆبه‌شانه‌دا نه‌بووبێته‌وه. بابه‌تێکی جێی سه‌ر سوڕمان له‌م پێوه‌ندییه‌دا پیرۆز کردنی کرده‌وه‌ی خۆکوژییه که به سیفه‌تی شه‌هید و قاره‌مان و ئازایه‌تی و له‌م چه‌شنه سیافاتانه‌وه رازاوه ده‌کرێن و، له پرۆپاگه‌نده و ئامۆژگارییه خۆجه‌ییه‌کان دا به پێش چاوی جیهانه‌وه و له رێگای که‌ره‌سه‌کانی میدیا و راگه‌یاندنه‌وه به مه‌به‌ستی دنه‌دانی تاک بۆ خۆکوژی خۆبه‌خشانه رێکلام بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م دیارده‌یه له دوو حاڵه‌تی خۆ کوژیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه که یه‌که‌میان بریتییه له خۆکوژی مه‌بده‌ئی و کرده‌وه‌ی تێرۆریستی. خۆکوژی خۆبه‌شانه له پێناو ئامانج یاخود قه‌ناعه‌تی ئایدۆلۆژیک ئاماژه‌یه‌که بۆ دۆخی شه‌ڕ، له حاڵێکا که نیشتمان، ده‌سه‌ڵات، ئایین، حیزب، یه‌که‌ی سه‌ربازی و به‌گشتی گشت ره‌مزه‌کانی کۆگه‌رایی ده‌که‌وێته به‌ر هه‌ره‌شه‌ی ده‌ستدرێژی یاخود کرده‌وه‌ی توندوتیژی. له وه‌ها دۆخێک‌دا بایه‌خدان به پرسی خۆ فیدا کردن له پێناو ره‌مزه‌کانی کۆگه‌رایی، له سنووری ئه‌خلاقی تێده‌په‌رێن و ته‌نانه‌ت په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ترسناکترین نموونه‌کانی خورافی و، به ته‌حریف کردنی بناما ئه‌خلاقییه‌کانی ئایین و ئایدۆلۆژیا به قازانجی ئامانجه تاکتیکییه‌کان، پاداشتی شه‌هید بوون (کرده‌وه‌ی خۆکوژی) له‌م دنیایه‌دا و له دونیای پاش مه‌رگیش دا دیاری ده‌که‌ن. ره‌نگه به‌لای خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌وه ئه‌م پرسیاره به‌رجه‌سته بکرێته‌وه که له وه‌ها دۆخێک‌دا که وڵات یان لایه‌نێک به مه‌به‌ستی دوژمنکاری هێرش ده‌کاته سه‌ر لایه‌ن یاخود وڵاتێکی دیکه، جگه له حاڵه‌تی به‌ره‌و روو بوونه‌وه ده‌شێ چ برایارێکی دیکه بدرێت؟ بێگومان وه‌ک هه‌ر چه‌شنه حاڵه‌تێکی غه‌ریزه‌یی، پرسی به‌رگری کردن کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆر سروشتی بنوێنێت، به‌ڵام له گشت حاڵه‌ته‌کاندا مۆتیڤی شه‌ڕ پێوه‌ندی هه‌یه به هه‌ردوو لایه‌نی ناکۆک. به واتایه‌کی دیکه هه‌ردوو لایه‌ن چ هه‌ڵمه‌تبه‌ر و چ به‌رگریکه‌ر له زه‌مینه‌یه‌کی ناعه‌قڵانییه‌وه رێ خۆشکه‌ر ده‌بن بو مه‌جالی به‌رپا بوونی شه‌ر. واته مه‌رج نییه شه‌ڕ تاکه رێکار بێت له به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ی ناککۆکییه‌کاندا.
خۆ کوژی خۆبه‌خشانه به په‌نا بردنه به‌ر کرده‌وه‌ی تێرۆریستی یه‌کێکه له ئه‌کسیۆنه شوومه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه. ئه‌گه‌رچی گروپی مافیا ئاسایی به شێوه‌یه‌کی گشتی له پشته‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌تانه له خۆکوژی راوه‌ستاون، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له بیر بکه‌ین که پاڵنه‌ره سه‌رکییه‌کانی هاندان و دنه‌ده‌ری ئه‌م حاڵه‌ته له خۆکوژی له ره‌مزه پیرۆزه‌کانه‌وه، وه‌ک قه‌ناعه‌تی ئایین و کولتوری جیهاد و شه‌هاده‌ت سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له‌م دۆخه‌دایه که به نیازی شوومه‌وه که‌ڵک له نیهاده ترادیشۆنییه‌کان وه‌رده‌گرن و، وه‌ک له تیۆری خۆکوژی دورکهه‌یمدا ئاماژه‌ی پێدراوه، تاک له راده‌ی پێویست زیاتر له کۆمه‌ڵ دا ده‌گونجێنن که له رێگای دۆخه هه‌سته‌کییه‌کانیه‌وه و نیازپاکییه سروشتی و ساکاره‌کانیاوه قه‌ناعه‌تی خۆ به‌خشین له پێناو کۆمه‌ڵی پێ ته‌ڵقین ده‌کرێت.
له پێوه‌ندی به حه‌ولدان بۆ نه‌هێشتنی حاڵه‌تی خۆکوژی له فۆرمی خۆبه‌خشانه‌دا، ئه‌م بابه‌ته پێویستی هه‌یه به هه‌ڵوێسته کردنێکی مێتا ئه‌خلاقییه‌وه. مه‌به‌ست له هه‌لوێسته‌ی مێتا ئه‌خلاقی گه‌رانه‌وه‌یه بۆ پرینسیبه گشتییه‌کانی رێز گرتن له مافی ژیانی تاک. مافی ژیان بۆ مرۆڤ، مافێکی پارێزراوه و که‌س، ته‌نانه‌ت خۆیشی بۆی نییه سه‌رپشک بێت بۆ ستاندنه‌وه‌ی ئه‌م مافه. هه‌ر به‌م پێودانگه هه‌ر چه‌شنه هاندانێک، چ له سۆنگه‌ی پیرۆز بوون، یاخود پابه‌ند بوونی نیشتمانی، یاخود ئامانجی سیاسی یان هه‌وڵی رزگاری‌خوازانه، که تاک دنه بدات به ئاکسیۆنی توندوتیژی و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامی کوژرانی تێدا بێت، له خانه‌ی خۆکوژی‌دا پێناسه ده‌کرێت و له باری ئه‌خلاقییه‌وه دێته خانه‌ی حه‌رام بوون. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه که‌س یان گروپ، ده‌وڵه‌ت یان حزبی سیاسی، سیسته‌م یان سه‌رچاوه‌ی بڕیارده‌ر، به‌رپرسی سه‌ره‌کین له کرده‌وه خۆکوژییه‌کان.
په‌راوێزه‌کان
- (1) فیگۆڕی ژماره یه‌ک له‌م کتێبه کۆپی کراوه:
Samfunnsvitenskapelige tankemåter. Et hjelpehefte.Lise Granlund og Glise Andersen. 2.opplag 2008
- (2) هه‌مان سه‌رچاوه
- بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به خۆکوژی ئافره‌تان له کوردستانی عێراق سه‌ردانی ئه‌م ئادره‌سه بکه له سایتی بی‌بی‌سی دا: http://www.bbc.co.uk/persian/worldnews/story/2008/02/080210_shr-kurdish-women.shtml
سه‌رچاوه‌کان:
- Grimen Harald. (2007). Samfunnsvitenskapelige tankemåter, 3. Opplag
- Emile Durkheim. (2007). Selvmordet, Oversatt av: Halvor Roll 4. Opplag
وەڵامێک بنووسە