خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (بەشی کۆتایی)


بۆردیۆ لەگەڵ ئەوەی کە سەرنجێکی شایان بە تیۆری شانسی ژیان دەدات، بەڵام لەهەمان کاتدا ئاماژە بە کارکردی هێندێ لە فۆنکشیۆنەکان دەکات کە شانسی جێگۆڕکێی تاکەکان دەباتە سەر. بۆ نموونە پرسی خوێندن وەک یەکێک لە فۆنکشیۆنە گرینگەکان ناو دەبات کە وەک مێدیۆمێک دەرفەتی خۆهەڵکشانی تاک لە چینی خوارەوە بۆ چینی مامناوەندی دەرەخسێنێت. بەڵام ئەم دەرفەتە فۆنکشیۆنالیستییە  لەهەمان حاڵ دا قاعیدەیەکی سەرەکییە بۆ پرسی ستروکتوورالیستی.

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (بەشی کۆتایی)

رزگار ئه‌مین نژاد

1.3) روانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی ره‌خنه‌گه‌را

وەک لە بەشەکانی دیکەی ئەم وتارەدا ئاماژەی پێدرا، دابه‌شکردنی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چینی جیاواز (له‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌رمایه‌ی ئابووری) رەگی لە ترادیشۆنی ماتریالیزمی مێژوویی دایە‌ کە پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا بە شێوەیەکی ئەستوونی به‌سه‌ر چینی باڵاده‌ست، چینی مامناوه‌ندی و چینی ژێرده‌ست دا دابەش دەکرد. ‌ئەگەرچی ماتریالیزمی مێژوویی و بەتایبەت تیۆرەکانی مارکس لە خانەی ستروکتوورالیستی دا پێناسە ناکرێت، بەڵام ئەم روانگه‌یە – بەپێی بنەماکانی کارکردی هێزە بانتاکەکەسییەکان لەسەر رەفتاری تاک – بەشێوەیەک لە خانەی نەریتی روانگەی ستروکتوورالیستی‌ دا راڤە دەکرێت. لەم بەستێنە تیۆریکەشەوە، دەبینین کە رەفتار و مالەکانی ئەکتەر لە گرەوی زەمینەیەکی ئابووری/ کۆمەڵایەتی دا پێناسە دەکریت کە چوارچێوە ئایدیالۆژییەکان و هەروەها پرسی بەرژەوەندی چین، شێوازی مامڵەکانی تاک دیاری دەکەن. بەم واتایە گشت ماملە کۆمەڵایەتییەکانی تاک لە چوارچێوەی ستروکتوورێکی رەفتاری دا دەچێتە قۆناغی پراکتیکەوە.

pierre-bourdieu
پییەر بۆردیۆ (١٩٣٠-٢٠٠٢)

پییه‌ر بوردیۆ (Pierre Bourdieus 1930) لە پێوەندی بە باسێکی تیۆریک لەمەڕ “جیاوازی” (La distinction) لە  ساڵی١٩٧٠ ی زاینیی دا، وەک کۆمەڵناسێکی رەخنەگر، لە بواری تیۆری زانستی کۆمەڵایەتی دا ناوبانگی دەرکرد. جیاوازی لە “ستیالی ژیان”، سیمبولەکانی “دەسەڵات” و هەروەها شرۆڤەی “هاودژەکانی نێو ژیانی کولتوری”، بەشێکی بەرچاون لە کارە تیۆریکەکانی بوردیۆ. بە گشتی کارەکانی بوردیۆ پێوەندی بە خوێندنەوەی پرسی جیاوازی لە نێوان ستایلی ژیانی خەڵک دا هەیە. هەروەها خوێندنەوەیەکی مەیدانیشە لەمەڕ بەرهەمهێنانەوەی کولتور. تیۆرەکانی بوردیۆ خۆی بە پرۆژەیەکی مەیدانییەوە خەریک کردووە لەمەڕ شرۆڤەکردنی چوار فاکتی پێوەندیدار؛ ١/ دەسەڵات، ٢/ نوخبە (ئێلیت)، ٣/ هێژمۆنیا (سلطە) و ٤/ نایەکسانی کۆمەڵایەتی. ئەم پرۆژەیە لە خزمەت ئاشکرا کردنی رەهەندە شاراوەکانی دەسەڵات و شرۆڤەکردنی میکانیزمەکانی پرۆژەی دەسەڵاتە، کە لە ئەنجامدا دەرفەتی دروست بوونی نایەکسانی لە شانسەکانی ژیانی خەڵک دا بەرهەم دەهێنیتەوە.

ستروکتوور و مامڵە

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بوردیۆ داهینانی تیۆرێکی هەمەگیر بوو لەمەڕ هەڵاواردنێکی بابەتیانە لە نێوان بۆچوونی ستروکتوورالیستی و بۆچوونی ماملەگەرایی کە بە شێوەیەکی رێژەیی پانتایەکی فراوانی لە زانستی کۆمەڵایەتیدا داگیر کردووە. بەتایبەت کاتێ باس لە دیاردەی “دەسەڵات” دێتە ئاراوە، ئەم بابەتە زیاتر تایبەتمەندییەکی دووالیزمانە بە خۆیەوە دەگرێت. چوونکە روانگەی ستروکتوورالیستییەکان لەمەڕ دەسەڵات خۆی لە پێناو بەراورد کردنی دوو دیاردەی وەک “دەسەڵات” و “نایەکسانی” لە سەرچاوە ئابوورییەکاندا دادەنێت (بۆ نموونە؛ مارکسیستەکان و تیۆری نیۆکلاسیکەکانی ئابووری کە باس لە تیۆری “دەسەڵاتی بازار” دەکەن. ئەم تیۆرە باس لە دۆخی کارتێکەری رۆڵی ئەکتەر دەکات کاتێ لە بازاردا دەبێتە خاوەن پۆسیشۆنێک). لە سۆنگەی ئەم بۆچوونەوە رەفتاری حسابگەرانەی ئەکتەر لە بازار دا دەبێتە هۆی دیاریکردنی چوارچێوەیەکی رەفتاری لەمەڕ مامڵەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا دا. لەم پێوەندییەدا مەنتیقی بازار دەورێکی کاریگەر دەبینێت لە چۆنیەتی ستایلی ژیان و کولتوری رەفتاری تاکەکان دا. ئەوەی لەم میانیەدا دەکەوێتە بەر رەخنە، چۆنیەتی راڤەکردنی سامانە ئابوورییەکانن؛ واتە تا چ رادەیەک سامانی ئابوری لە ماملەکانی ئەکتەر دا دەوریان دەبێت و، هەروەها لە چ ئاستێک دا سامانی ئابووری لەم پێناوەدا دەکار دەکرێت. بوردیۆ لەم ئاستەدا گرینگی بە دیاردەی “ئینتیمای دەسەڵات” دەدات، کە بەشێکە لە تایبەتمەندی سایکۆلۆژیانە و هەروەها دینامیزمێکی بەهێز بۆ ماملە کۆمەڵایەتییەکانی تاک. لێرەوە خاڵی بەرچاوی رەخنەی بوردیۆ لە پێوەندی بە “ئاراستە”ی دەسەڵات دایە نەک “را”ی ئەکتەر لەمەڕ دیاردەی دەسەڵات. بەواتایەکی دیکە چۆنیەتی رای ئەکتەر لەمەڕ دەسەڵات پێوەندی هەیە بە ئاستی کۆگنیتیڤی (شناختی) تاک لە کۆمەڵگا دا، بەڵام ئاراستەی دەسەڵات لە بەستێنێکی پراکتیکیدا شرۆڤە دەکرێت کە راستەوخۆ پێوەندی هەیە بە ماملەکردن. هەر لەم سۆنگەیەوە بوردیۆ باس لە توخمی “ئامانج” لە دیاردەی دەسەڵات دا دەکات کە راستەوخۆ پێوەندی بە نییەتی سەرەکی لە چۆنیەتی دەسەڵات کردن دا هەیە، کە لە ئاستی کاردانەوەی هەڤبەردا بەرجەستە دەکرێتەوە. بە واتایەکی سادە تر “دەسەڵات” دینامیزمێکی رەفتارییە کە پێوەندی بە ئامانج و مەبەستی بکەری دەسەڵاتەوە هەیە. لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە ئاراستەی دەسەڵات رووی لە تاکی مەفعولی دەسەڵاتیشە، واتە ئەو کەسەی کە دەسەڵاتی لەسەر بەرێوە دەچێت. لێرەشدا پرسی “دەسەڵات” پێوەندی بە ئامانج و ویستی ئەو کەسانەوە هەیە کە پێملی دەسەڵات دەبن. لەم میانەیەدا دەبینین کە دەسەڵات لە چەمکی جەببری بوون دەردەچێت و بە ئاراستەیەکی شەرعی دا بەرجەستە دەکرێتەوە کە پێوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بە رەوشی کۆمۆنیکاتیڤی کە دواتر هابرماس ئاماژەی پێداوە. میشل فۆکۆ (١٩٧٦) لەمەڕ دەسەڵات ئاماژە بەوە دەدات کە؛ “دەسەڵات دیاردەیەکی لوکاڵییە”، واتە دەسەڵات هەر بە تەنیا دیاردەیەکی داپڵۆسێنەرانە نییە کە بە شێوەیەکی دەرەکی کار لەسەر تاک بکات، بەڵکە دەسەڵات دیاردەیەکی گوتارییە کە شێوازی بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ دیاری دەکات. بوردیۆ بەهەمان ئاراستەی فۆکۆیی هەوڵی داوە کە دەسەڵات لە زەمینەی لوکاڵی دا شرۆڤە بکات، بەتایبەت کە لێکۆڵینەوەکانی خۆی زیاتر لەسەر میکانیزمەکانی دەسەڵات چڕ کردۆتەوە. لەم سۆنگەیەوە بوردیۆ پێی وایە کە دەسەڵات لە رێگەی پراکتیزە کردنی رەفتارەکان و سیمبولە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆی دەردەخات. نموونەیەکی سادە لەمەڕ دەسەڵاتی کولتوری لە کۆمەڵگایەکی پۆلۆرالیستی دا ئەوەیە کە بەشێک لە کولتوری ئەم کۆمەڵگایە لە رێگەی سیمبولە کولتورییەکانەوە – کە یەک لەوان زمان و هونەرە – دەبێتە کولتوری بان دەست و کولتورەکانی دیکە دەچنە ژێر سریمەی کولتوری باندەست. کۆمەڵگا لەم سۆنگەیەوە پێک هاتوە لە کۆمەڵێ مەیدانی جیاوازی رەفتاریی کە دواتر لەم وتارەدا ئاماژەیان پێدەکرێت.

بۆردیۆ له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ تیۆرییه‌کانی خۆیدا دیاردەی کۆمەڵگای مۆدێڕن لە هێژمۆنیای سیستەمە هیراریشییەکانی کۆمەڵگادا دەبینێت، ئەمە به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ روانگه‌ی ترادیشۆنی لەمەڕ کۆمەڵگای چینایەتییە که‌ بنه‌مای هاودژی ئەم چینانە به‌ فاکتۆری ئابووری پیناسه‌ ده‌کات. جیاوازی چینایه‌تی به‌لای بوردیۆ به‌سه‌ر سێ فاکتی؛ سه‌رمایه‌ی ئابوری، سه‌رمایه‌ی کولتووری و سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دابه‌ش ده‌کرێت. ئه‌م سێ فاکتانه‌ وه‌ک بنه‌مایه‌کی گرینگ بۆ خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا و چۆنیه‌تی دارشتنی ستروکتوری کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌م پێناسە دەکات. کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می نوێ هه‌ڵگری شووناسێکی فره‌ کولتورییه‌ و له‌خۆیدا کۆمه‌ڵێ چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز به‌رهه‌م ده‌هێنێتەوە کە لەئەنجامدا دەورێکی گرینگی لە پێناسی پۆلۆرالیستی کۆمەڵگا دا دەبێت. ئاستی چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی گرووپەکانی کۆمەڵ وه‌ک به‌شێکی گرینگ له‌ ستاتووس و ئاستی ئه‌م گرووپانه‌ له‌ نێو کۆمه‌لدا دێته‌ ئه‌ژمار که‌ بوردیۆ له‌ خانه‌ی “مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی” دا پێناسه‌یان ده‌کات. ئه‌وه‌ی که‌ جێی سه‌رنجه‌، فاکتی هاودژی چینایه‌تی له‌ “مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی” یە کە تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌ ده‌ست نادا، بەڵکە له‌ چه‌مک و گووزاره‌کانیدا ته‌عمیم ده‌درێته‌وه‌. ئه‌م هاودژییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌ ترادیشۆنییه‌که‌ی ماتریالیزمی مێژووییه‌ (واته‌ دابه‌ش کردنی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چینی باڵاده‌ست، مامناوه‌ندی و ژێرده‌ست)، چوونکە مه‌یدانی ئه‌م هاودژیانه‌ بە شێوەیەکی ئاسۆیی خۆی له‌ تیۆری “سه‌رمایه‌” (وەک سامانێکی کولتوری، ئابووری و کۆمەڵایەتی) دا ده‌بینێته‌وه‌.

9780710211071-us-300سه‌رمایه‌ی به‌لای بۆردیۆ- یه‌وه‌ تایبەتمەندییەکی ستروکتورالیستی هەیە، کە وەک دیاردەی دەسەڵات پێوەندی بە چۆنیەتی دابەشبوونی لە کۆمەڵگا د هەیە. چەمکی سەرمایە لە روانگەی بۆردیۆیەوە بەتەنیا یەک شت نییە، بەڵکە سەرمایە کۆمەڵێک دۆخی پێوەندیدارە. بە واتایەکی دیکە ئەم پێناسەیە لە سەرمایە گشت ئەو دەرفەتە کۆمەڵایەتیانە لەخۆ دەگرێت کە لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دا گرینگییان پێ دەرێت و، شێوەی دەست پێراگەیشتن بەم سەرمایانەش لە ژێر سریمەی دۆخی نایەکسانی، ئینتیمای قازانجخوازانە و هێژمۆنیادان. کەواتە فۆرمی سەرمایە و چەمکی سەرمایە هەر پێوەندی بە فۆرمی ماتریالەوە نییە، بەڵکە پێوەندی بە سیمبۆلە کۆگنێتیڤییەکان و دۆخی کۆمەڵایەتیشەوە هەیە. بەلای بوردیۆیەوە که‌له‌که‌ بوونی گشت سه‌رچاوه‌ کاپیتاڵییه‌کانی مرۆڤ له‌ پیوه‌ندییه‌‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دا پێناسەیەکی گشتییە لەمەڕ دەسەڵات. بۆ نموونه‌ سه‌رمایه‌ی کولتوری که‌ به‌شیکی گرینگه‌ له‌ نێو تیۆری بۆردیۆ دا، یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ گرینگه‌کانی سه‌رمایه‌ی تاک که‌ له‌خۆیدا شوێن و ئاستی تاک له‌ خانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییدا دیاری ده‌کات. سه‌رمایه‌ لەم سۆنگەیەوە چه‌مکێکی تایپۆلۆژیکه‌ که‌ ئاماژه‌ به‌ گشت ئه‌و چالاکییانه‌ ده‌دات که‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا ره‌چاو ده‌کرێن و به‌شێکن له‌ به‌رهه‌مه‌ نۆرماتیڤه‌کانی تاک. بۆردیۆ سه‌رمایه‌ به‌م چه‌شنه‌ پۆلین ده‌کات: ١/ قەبارەی سەرمایە، ٢/ فۆرموڵە کردنی سەرمایە و ٣/ گۆڕان لە سەرمایە و فۆرماتەکردنەوەی فۆرمی سەرمایە. بە پشت بەستن بەم پۆلین کردنە، بۆردیۆ چەمکی سەرمایە بەسەر سێ شێوە دا دابەش دەکات:

  1. سه‌رمایه‌ی ئابووری؛ سامانە ماتریاڵییەکان
  2. سەرمایەی کۆمەڵایەتی؛ پێوەندی هەیە بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و هەروەها پێوەندییە جەغزئاساکانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ کە راستەو خۆ ئاستی تاک لە کۆمەڵگا دا دیاری دەکات.
  3. سه‌رمایه‌ی کولتوری؛ سامانە شەرعییەکانی کولتور کە کاراکتیری هێژمۆنیکیان هەیە و بەسەر سێ فۆرم دا دابەش دەکرێن:
  • فۆرمی بابەتی کراو (عینی شدە)
  • فۆرمی دیاری کراو (مجسم شدە)
  • فۆرمی نیهادینه‌ کراو ()

بۆردیۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ گرووپه‌ جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، هه‌رکام خاوه‌نی قه‌باره‌یه‌کی جیاوازی ئابوری و کولتورین. سه‌رمایه‌ی ئابوری وه‌ک له‌ ناوه‌که‌ی ڕا دیاره‌، پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ماتریال، واته‌ سامان و مڵکداری و تواناییه‌ بوسنیزییه‌کانی به‌شێکی نێو کۆمه‌ڵگا که‌ له‌ نیوان گروپێکی تایبه‌ت دا له‌ گه‌ڕاندایه‌.

سه‌رمایه‌ی کولتوری به‌رهه‌می میراتێکی ره‌فتارییه‌ که‌ تاک له‌ ماوه‌ی باڵغ بوونی و له‌ مه‌جالی په‌روه‌رده‌یی (خوێندکاری) دا به‌ده‌ستی دێنێت. به‌واتایه‌کی دی که‌ڵه‌که‌ بوونی سه‌رچاوه‌ مه‌عریفه‌ییه‌کانی تاک که‌ له‌ کۆمه‌ڵ دا جێگا و شوێنێکی تایبه‌تی پێ ده‌به‌خشی، بۆ نموونه؛ زانست، زمان، نۆرم، که‌سایه‌تی به‌رز و کرداری باش.

سه‌رمایه‌ی کولتوری، وه‌ک له‌ سه‌رێدا ئاماژه‌ی پێکرا، له‌ سێ فۆرمی جیاواز دا خۆی ده‌رده‌خات‌: کاتێ باس له‌ فۆرمی بابەتی کراو ده‌که‌ین مه‌به‌ست له‌ ئاستی رۆشنبیری توێژێکی تایبه‌ت له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ که‌ له‌ رێگه‌ی به‌رهه‌م و ره‌فتاری رۆشنبیرییەوە، که‌سایه‌تییان له‌ کۆمه‌ڵگادا جێ ده‌که‌وێت و جێگا و ئاستێکی شیاویان پی ده‌درێت. فۆرمی دیاری کراو پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ تیۆری “هابیتووس” و ستایلی ژیان، که‌ دواتر هه‌ر له‌م وتاره‌دا دێته‌ به‌رباس. فۆرمی نیهادینه‌ کراو له‌ پێوه‌ندی به‌ کۆمپێتانس دا راڤه‌ ده‌کات که‌ پیوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ قۆناغه‌کانی چالاکی تاک له‌ مه‌جالی پسپۆری دا (پزیشک، ئه‌ندازیار، کارمه‌ند و…).

خانەی کۆمەڵایەتی

گشت ئه‌م سه‌رمایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ له‌ مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی دا مه‌جالی مانۆردانی خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ که‌ هه‌رکامیان به‌ راده‌ی قورسایی و ئاستی خۆیان به‌شێک له‌ که‌شی خانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پڕ ده‌که‌نه‌وه‌. ستروکتوری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ فۆرمی مۆدێرن دا دارشتنێکی ئه‌ستوونی نییه‌ وه‌ک نموونه‌ی دترادیشۆنی، به‌ڵکه‌ له‌ خانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ شیوه‌یه‌کی ئاسۆیی بڵاو ده‌بێته‌وه‌. پرسی هیرارشی (سلسله‌ مراطب) له‌ مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش دا به‌دی ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ چینبه‌ندییه‌کی تایبه‌ت ره‌چاو ناکات، وه‌ک نموونه‌ی روانگه‌ی ترادیشۆنی که‌ به‌ پێی بنه‌مای سه‌رمایه‌ی ئابووری و به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌ستوونی نه‌خشه‌ی کۆمه‌ڵگایان دیاری ده‌کرد.

بۆردیۆ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه‌ که‌ به‌ پێی سروشتی کولتوری هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک مه‌جالی هیرارشی ئه‌م مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ دیاری ده‌کرێن. بۆ نموونه‌ ره‌نگه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک پرسی سه‌رمایه‌ی ئابووری له‌سه‌رووی گشت به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ره‌چاو بکرێت، به‌لام له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی دی پرسی سه‌رمایه‌ی کولتوری (هوونه‌ر یان خوێندنی باڵا یاخود سیاسه‌ت) به‌های تایبه‌تی خۆی پێ بدرێت. هه‌ر تاکێکی نێو کۆمه‌ڵ به‌ نۆره‌ی خۆی یه‌کێک له‌م مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ هەڵدەبژێریت بۆ دیاری کردنی شووناسی تاکێتی خۆی و چالاکی کۆمەڵایەتی خۆی. هه‌ر مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ خۆێدا خاوه‌ن پراکتیکێکی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی که‌ له‌ مامڵه‌ی رۆژانه‌ی تاکەکاندا ره‌چاو ده‌کرێن. به‌ واتایه‌کی دی چالاکییه‌کانی تاک و مامله‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له‌سه‌ر پره‌نسیبێکی تیپیسک به‌ناوی “هابیتووس” دارێژراون کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک ئاراستەی رەفتارەکانی مرۆڤ دیاری دەکەن. بۆ نموونه‌ له‌ ره‌وشی مامڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاردانه‌وه‌کانی له‌ نێو مه‌یدانی بازرگانی دا، په‌یره‌وی له‌ کۆمه‌ڵێ رێسای داندراو ده‌که‌ن که‌ له‌ زۆر حاڵه‌تدا جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ گه‌ل بنه‌ما ره‌فتارییه‌کانی نێو توێژی خوێندکار، به‌هه‌مان شیوه‌ ئه‌م پره‌نسیبه‌ له‌ مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه‌یشدا به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ وه‌ک په‌یماننامه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی جێگیر ده‌کرێت.

مەیدانی کۆمەڵایەتی

کاتێ خانەی کۆمەڵگا وەک ماکرۆ ستروکتوور رەچاو بکەین، ئەوا مەیدانی کۆمەڵایەتی لە تیۆرەکانی بوردیۆ دا وەک کۆمەڵێ بنستروکتوور رەچاو دەکرێت کە تایبەتمەندی مێدۆمیان هەیە. ستروکتووری کۆمەڵگا لە روانگەی بوردیۆیەوە، پێکهاتووە لە کۆمەڵێ مەیدانی کۆمەڵایەتی کە پێکهاتەیەکی گشتیتر لەمەڕ خانەی کۆمەڵایەتی پێک دێنن. ئەم مەیدانە کۆمەڵایەتیانە هەڵگری شووناس و پراکتیکی خۆیانن بەڵام دیاردەیەکی سەربەخۆ نین بەڵکە لە پێوەندی بە مەیدانەکانی دیکە دا پێگەی خۆیان دیاری دەکەن و کاردانەوەی خۆیان دەبێت. کاردانەوەی نێوان ئەم مەیدانە کۆمەڵایەتییانە لە چۆنیەتی جیاوازی ئەم مەیدانە کۆمەڵایەتییانەدا بەرجەستە دەبێتەوە. بێگومان لە هەر کۆمەڵگایەکدا تاکی جیاواز و ئەکتەری جیاواز بەدی دەکرێت کە خاوەنی مشوور و ئامانجی جیاوازن، هەر بۆیە ئەم تایبەتمەندییە جیاوازانە دەبنە هۆی ئەوەی کە تاکە کان خۆیان لە گروپ و تاقمی جیاواز دا پێناسە بکەن. مەیدانی کۆمەڵایەتی لەم بەستێنەوە پێوەندی هەیە بە پێگەیەک بۆ لێک نێزیک کردنەوە و هەروەها کۆکردنەوەی ئەم چەشنە جیاوازیانە کە دواتر دەبنە بنەمایەک بۆ پێناسەی شووناسی رەفتاری و هەروەها رۆڵی ئەم ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانە لەو مەیدانەیدا کە خۆی تێدا دەبینێتەوە. بەواتایەکی دیکە تاکی کۆمەڵایەتی خۆی بەو مەیدانەوە پێناسە دەکات کە هەڵگری شووناسی رەفتاری، ستاتوس، کار و سەلیقەی ئەوە. مەیدانە کۆمەڵایەتییەکان لەو شوێنە دا خۆیان لە یەک جیا دەکەنەوە کە پێوەندی بە پرسی ئەوتۆنۆمی ئەم مەیدانانەوە هەیە، دەنا بە شێوەیەکی گشتی لە کاردانەوەی هەڤبەردان. بۆ نموونە مەیدانە چالاکی و شووناسییەکانی وەک: وەرزش، سیاسەت، ئابووری، هونەری و هتد.

تایبەتمەندی هەر کام لەم مەیدانانە پێوەندی بەوسەرمایەوە هەیە کە وەک نۆرم و بەها لەم مەیدانانە دا رەچاو دەکرێن. ئەوەی تا ئێرە ئاماژەی پێدرا کاردانەوەی هەڤبەری نێوان مەیدانە کۆمەڵایەتییەکان بوو، بەڵام لێرە بەدواوە ئەم وتارە هەوڵ دەدات کاردانەوەی دەروونی ئەم مەیدانانە شرۆڤە بکات کە پێوەندی هەیە بە چۆنایەتی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە و پاراستنی شووناسی ئەم سەرمایانە. وەک ئاماژەی پێدرا هەرکام لەم مەیدانانە خاوەن مانیفێست و شووناسی خۆیانن، بەڵام ئەوەی لەم میانەیەدا جێگای سەرنجی ئەم وتارەیە ئەوەیە کە پێکهاتەی دیاری کردنی ئەم شووناسە لە خۆیدا خۆی لە دوو قۆناغ دا دەبینێتەوە. قۆناغی یەکەم فۆرمی ئاراستەکراوی ئەم شووناسەیە و، قۆناغی دووهەم چۆنیەتی رای ئەم شووناسەیە. کاتێ باس لە فۆرمی ئاراستەکراوی شووناس لە مەیداەکان دا دەکەین، بێگومان ئاماژە بە پرسی پراکتیکی ئەم بابەتە دەکەین کە حاڵەتێکی دینامیکیان هەیە. بەڵام پرسی “را” لە شووناس دا پەیرەوی لە پرۆسەیەکی مەعریفی دەکات کە لە رێگای پەروەردەوە بەرهەم دێتەوە. ئەم بابەتە لە یەکێک لە تیۆرەکانی بوردیۆ دا بە جوانی ئاماژەی پێدراوە بە ناوی “هابیتووس”.

هابیتووس، چه‌مکێک بۆ هه‌سته‌ زه‌ینییه‌کانمان

ره‌نگه‌ شیکردنه‌وه‌ی وته‌زای هابیتووس کارێکی ئاسان نه‌بێت، چونکه‌ ئه‌م وته‌زایه‌ هه‌ڵگری شرۆڤه‌یه‌که‌ که‌ به‌ته‌نیا ده‌کرێ له‌ کۆنتێکستێکی تیۆریکه‌وه‌ پێناسه‌ بکرێت. به‌ڵام به‌گشتی هابیتووس پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ کۆمه‌ڵێ کاراکتێری زه‌ینی که‌ له‌ مرۆڤدا ره‌گ داده‌کوتێ. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که‌ ده‌کرێ له‌م پیوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌ی پێ بدرێت بریتین له‌؛ کۆمه‌ڵێ حاڵه‌تی جه‌سته‌یی و هه‌ستیاری که‌ له‌ مه‌زاج ، خووخده‌، بیرکردنه‌وه‌، نه‌ریت و به‌گشتی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که‌ تاک له‌گه‌ڵیان گه‌وره‌ ده‌بێت و له‌ نیهادی ناوشیاری دا ده‌بن به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ بۆ مامڵه ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان، داوه‌ری کردنه‌کانیان، پراکتیک و خۆگونجاندنیان له‌ خانه‌ییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دا. بۆردیۆ ئه‌م دۆخه‌ به‌ دیسپۆسیشۆن (رئوس مطالب) ناوزه‌د ده‌کات که‌ ره‌گی له‌ رابردووی دروست بوونی تاک دایه‌، واته‌ له‌ باکگراوندی تاک دا هه‌یه‌ بۆ دارشتنه‌وه‌ی ئایه‌نده‌ی ره‌فتاره‌کانی (Bourdieu, 1997: 57). یه‌کێک له‌ خاڵه‌ جیاوازه‌کانی هابیتووس له‌گه‌ل پرۆسه‌ی “به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون” (که‌ له‌ شوێن و زه‌مەنێکی دیاری کراودا پراکتیزه‌ ده‌کرێت) ئه‌وه‌یه‌ که‌ لایه‌نێکی سیسته‌ماتیکی نییه‌ که‌ له‌ رێگای په‌روه‌رده‌وه‌ بۆ نموونه‌ له‌ قوتابخانه‌ دا فێریان بێت، به‌ڵکه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ ستروکتوری بینای که‌سایه‌تی تاک نیهادینه‌ ده‌بێت و له‌ ئه‌نجامدا له‌ مامڵه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا خۆ ده‌رده‌خه‌ن.

تاکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رده‌وام له‌ پێناو گه‌شه‌دانی ئه‌و ستراتیژیانه‌دایه‌ که‌ به‌چه‌شنێک به‌شێکی گرینگن له‌ رێسا سه‌لمێندراوه‌کانی ئه‌و مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که‌ تێیدا ده‌ژیت. سروشتی ئه‌م ستراتیژیانه‌ له‌ سریمه‌ی نیهاده‌ ناوشیارییه‌کانی مرۆڤدایه‌، که‌ وه‌ک لۆژیکێکی مه‌زاجی گرینگی خۆی وه‌رده‌گرێت. هه‌ر مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌نی پراکتیکێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ تاکه‌کان وه‌ک پیوه‌رێکی ره‌فتاری ره‌چاوی ده‌که‌ن. هه‌ر ئه‌م پراکتیانه‌ن که‌ له‌خۆیدا هۆکاری پیچیده‌بوونی پیوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانن. دیسپۆسیشۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له‌ رێگای پراکتیکه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کانیه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌کات که‌ چۆن مامله‌ له‌گه‌ڵ تاکه‌کانی دی بکات و ئه‌مه‌ له‌خۆیدا به‌سراوه‌ته‌وه‌ به‌ پێگە و شوێنی تاک له‌ مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.

دینامیزمی مەیدانی کۆمەڵایەتی

وه‌ک باس کرا خوێندنه‌وه‌ی ترادیشۆنی له‌مه‌ڕ ستروکتوری کۆمه‌ڵگا، له‌ روانگه‌ی تیۆری مارکسیستییه‌وه‌، ده‌لاله‌ت ده‌کات له‌ فۆرمێکی ئابستراک که‌ مه‌جالی جێگۆرکێ (مۆبیلیتی) له‌ نێوان ئه‌م چینانه‌ دا له‌ ئارادا نییه‌. له‌ ئه‌نجام دا پرۆسه‌ی دیاله‌کتیکی هاودژه‌کان له‌ رێگای زه‌روره‌تێکی مێژووییه‌وه‌ و ته‌نیا له‌ بزاڤێکی چینایه‌تیدا و به‌ نرخی فه‌وتانی چینی باڵاده‌ست، کۆتایی به‌ نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌هێنێت. که‌واته‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌بینین که‌ هه‌رچه‌شنه‌ جێگۆڕکێیه‌ک پێشبینی بۆ نه‌کراوه‌ و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای دیاله‌کتیکی (تێز، ئانتی تێز، سێنتێز) به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌. تیۆری دیاله‌کتیکی، له‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆردیۆ بۆ گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا پارادایمێکی به‌رچاو نییه‌. دیاره‌ نابێ له‌ بیری بکه‌ین که‌ بۆردیۆ به‌شێکه‌ له‌م ترادیشۆنه‌ (ترادیشیۆنی مارکسیستی)، به‌ڵام به‌ پێی کاراکتێره‌ نوێیه‌کانی کۆمه‌ڵگای مودێڕن ئه‌و له‌ گۆشه‌نیگایه‌کی نیۆمارکسیستییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پرسی نایه‌کسانی له‌ گۆمه‌ڵگادا له‌ پیوه‌ندیدایه‌. بۆردیۆ به‌ پێچه‌وانه‌ی روانگه‌ی ترادیشۆنی تیۆری مارکسیستی که‌ فاکته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی نایه‌کسانی له‌ فۆرمی مایکرۆ دا به‌رجه‌سته‌ ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و ئه‌م فاکتانه‌ له‌ فۆرمی میکرۆ دا ووردتر ده‌کاته‌وه‌ و له‌ پێوه‌ندییه‌کی سۆسیۆ/سایکۆلۆژی دا پیناسه‌یان ده‌کات که‌ له‌ ژێر سریمه‌ی تیۆره‌ مۆدێڕنه‌کانی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌. واته‌ شوێن و جێگای تاک نه‌ک له‌ خانه‌ی چینایه‌تی وه‌ک ئۆبژه‌، به‌ڵکه‌ دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ که‌ له‌ ژێر سریمه‌ی دوو جه‌مسه‌ری ئۆبژه‌کتیڤیسم و سه‌بژه‌کتیڤیسم دا به‌رهه‌م دێتەوە. ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ له‌ سه‌ر روانگه‌یه‌کی مێکانیستیی دارێژراوه‌ که‌ گشت دیارده‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌خاته‌ خانه‌ی یاسایه‌کی گشتی که‌ کارتێکه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر مامڵه‌ی تاک له‌ کۆمه‌ڵگا دا. ئه‌گه‌ر به‌ کورتی باس له‌سه‌ر دوو روانگه‌ی سه‌بژێکتیزم و ئۆبژێکتیڤیزم بکه‌ین لەمەڕ میکانیزمه‌کانی به‌رهه‌م هێنه‌ری مامڵه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیەکانی تاک کە له‌ پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بووندا کاریگه‌ریان هه‌یه‌، ده‌شی بڵێین که‌ روانگه‌ی ئۆبژێکتیڤیزم هۆکاره‌ کاریگه‌ره‌کان له‌سه‌ر ره‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له‌ ده‌ره‌وه‌ی تاک دا پێناسه‌ ده‌کات – واته‌ پاڵنه‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کان، به‌ڵام روانگه‌ی سه‌بژێکتیڤیزم پاڵنه‌ره‌ هه‌ناوییه‌کان وه‌ک فاکته‌ری سه‌ره‌کی ده‌بینێت له‌ مامله‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک له‌ کۆمه‌ڵگا دا. لێره‌دا بۆردیۆ هه‌ردوو فاکته‌ره‌کان له‌ گه‌شه‌کردنی هابیتووس به‌لای تاکه‌وه‌ گاریگه‌ر ده‌بینێت، به‌ڵام له‌ چین به‌ند کردنی تاک دا گوومانی هه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی له‌م فیگۆره‌دا ده‌رده‌که‌وێت؛ پرسی چێ بوونی هابیتووسه‌ به‌لای بۆردیۆ. هابیتووس یان به‌واتایه‌کی دیکه‌ حاڵه‌ت و خووخده‌ نیهادینه‌کراوه‌کانی ئێمه‌ له‌ژێر کاریگه‌ری دوو جه‌مسه‌ری سه‌بژه‌ (پاڵنه‌ری ده‌روونی) و ئۆبژه‌ دایه‌ (پاڵنه‌ری ده‌ره‌کی). پاڵنه‌ری ده‌روونی گشت ئه‌و حاڵه‌ته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا خۆ پیشان ده‌ده‌ن و، پاڵنه‌ری ده‌ره‌کی حاڵه‌تی عه‌ینی کراوی ئاستی به‌رهه‌مهێنان و که‌ره‌سه‌ بان تاکەکەسییەکان (ئه‌و مه‌جالانه‌ی که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی تاکگه‌رایی ئێمه‌دان و له‌ رێگای کۆمه‌ڵگاوه‌ دیارکراون) ده‌گریته‌وه‌ که‌ له‌ رێگای ستروکتووره‌وه‌ کاریگه‌ری جه‌ببریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جووڵه‌ی ئێمه‌ له‌ نێو گۆڕه‌پانی چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان دا.

له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک دا که‌ سه‌رمایه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان به‌ شیوه‌یه‌کی ره‌ها له‌ گه‌ڕان دا بێت، کۆنترۆل یاخود ده‌سه‌ڵات ناتوانێ راسته‌وخۆ ده‌ست تێوه‌ردان له‌ کاروباری پێوه‌ندی نێوان مه‌یدانه‌ کۆه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بکات. له‌م چه‌شنه‌ کۆمه‌ڵگایانه‌دا پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات سیمبۆلیکه‌ و پیوه‌ندییه‌ ئاساییه‌کانی نێوان ئه‌م مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ په‌سه‌ند ده‌کات و شه‌رعییه‌تیان پێ ده‌دات. که‌واته‌ ده‌سه‌ڵات یاخود پاڵنه‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کان ناتوانن له‌ جێگۆرکێ کردنی تاک دا ده‌وریان هه‌بێت، به‌ڵکه‌ ئه‌مه‌ هابیتووسه‌ که‌ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی زه‌ینی عه‌رزی واقعی تاک له‌ مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا دیاری ده‌کات. واته‌ تاک ده‌توانێ به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆبژه‌کتیڤی له‌ توێژێکی دیاری کراودا جێگای خۆی بکاته‌وه‌، به‌ڵام له‌باری سه‌بژه‌کتیڤییه‌وه‌ ئه‌م مه‌جاله‌ زۆر لاوازه‌. باری سه‌بژه‌کتیڤی پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ته‌عه‌لوقی تاک به‌و پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ خۆی تێدا رێکده‌خات. سه‌بژه‌کتیڤ پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ راهات (گرایش)، ئامانج و کولتور. تاک ده‌بێ له‌ هه‌مان حاڵدا که‌ وه‌ک ئۆبژه‌ خۆی له‌ مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا جێ ده‌کاته‌وه‌، ده‌بێ له‌ هه‌مان حاڵدا له‌ باری کولتوری و راهات و ئامانجه‌وە زەمینەکانی ئه‌م جێگۆرکێیه‌ فه‌راهه‌م کردبێت.

به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می پێش مۆدێرن، تاکی سه‌رده‌می مۆدێرنیزم به‌رده‌وام له‌ جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدایه‌. بێگومان کاتێ باس له‌ پرسی جێگۆڕکێ ده‌که‌ین، مه‌به‌ست له‌و چالاکییانه‌یه‌ که‌ واده‌کات گۆران له‌ فۆرمی چینایه‌تی تاک دا دروست بکات. پێگه‌ی تاک و به‌شێک له‌ مه‌یدانه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا، به‌پێی هێندێ هه‌ل و مه‌رجی تایبه‌ت گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت. ئاراسته‌ی ره‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م فاکتانه‌ به‌شێکی گرینگ پێک دێنن که‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ستروکتوری چینایه‌تی ئه‌مان دا ده‌رده‌که‌ون. جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له‌ ژێر سریمه‌ی قه‌باره‌ی سه‌رمایه‌ دایە (سه‌رمایه‌ی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوری). که‌واته‌ ئه‌گه‌ر ئاستی سه‌رمایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک له‌ هه‌ڵکشان و داکشاندا بێت، ئه‌وا جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مان به‌ شیوه‌یه‌کی ئه‌ستوونی واته‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ و له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌رێ ده‌بێت. کاردانه‌وه‌ی ئه‌م پارادایمه‌ ره‌نگه‌ له‌ یه‌که‌م قۆناغ دا به‌رجه‌سته‌ نه‌بێت، به‌ڵام له‌ نه‌وه‌کانی ئه‌واندا به‌ روونی ده‌رده‌که‌وێت. بۆ نموونه‌ کاتێ بازرگانێک له‌ پیوه‌ندییه‌کی بازرگانیدا مایه‌ به‌ پووج ده‌بێت، ره‌وتی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی داکشان به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. یان بۆ نموونه‌ کاتێ مامۆستایه‌کی قوتابخانه‌ له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌ ده‌گاته‌ پله‌ی مامۆستایه‌تی له‌ زانکۆدا، ده‌بینین که‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و هه‌ڵکشان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

ئه‌گه‌ر تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ سه‌رمایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان له‌ فۆرمێکه‌وه‌ به‌ره‌و فۆرمێکی دیکه‌ راگوێزن، ئه‌وا ئاقاری جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان به‌ ره‌وتێکی ئاسۆییدا ده‌چێته‌‌ پێش. بۆ نموونه‌ کاتێ مامۆستایه‌کی زانکۆ پیشه‌ی بازرگانی هه‌ڵده‌بژێرێت، یان دووکاندارێ له‌ پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیه‌وه‌ پیشه‌ی مامۆستای قوتابخانه‌ هه‌ڵبژێرێت. له‌ وه‌ها قۆناغیکدا به‌ پێی بۆچوونه‌کانی بۆردیۆ () جووله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نائاسایی خۆ ده‌نوێنێت و ده‌کرێ بڵێین که‌ فۆرمێکی رادیکاڵی هه‌یه‌.

به‌گشتی ئه‌م چه‌شنه‌ له‌ جووڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پیوه‌ندی به‌ ستروکتوری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یە. تاکه‌کانی نیو کۆمه‌ڵ له‌ رێگه‌ی که‌ڵه‌که‌ کردنی سه‌رمایه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیانه‌وه‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. بەڵام چێ بوونی ئەم سەرمایانە لە گرەوی شانسی ژیانی تاک دایە. ئەم روانگەیە لەژێر سریمەی روانگەی ماکس وێبەردایە کە پێناسەی چینایەتی مرۆڤ لە زەمینەی شانسێک دا پێناسە دەکات کە مرۆڤی تێدا لەدایک دەبێت. واتە شانس پێوەندی بەوە هەیە کە تاک لە چ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی یاخود چینێک دا لەدایک دەبێت.

بۆردیۆ لەگەڵ ئەوەی کە سەرنجێکی شایان بە تیۆری شانسی ژیان دەدات، بەڵام لەهەمان کاتدا ئاماژە بە کارکردی هێندێ لە فۆنکشیۆنەکان دەکات کە شانسی جێگۆڕکێی تاکەکان دەباتە سەر. بۆ نموونە پرسی خوێندن وەک یەکێک لە فۆنکشیۆنە گرینگەکان ناو دەبات کە وەک مێدیۆمێک دەرفەتی خۆهەڵکشانی تاک لە چینی خوارەوە بۆ چینی مامناوەندی دەرەخسێنێت. بەڵام ئەم دەرفەتە فۆنکشیۆنالیستییە  لەهەمان حاڵ دا قاعیدەیەکی سەرەکییە بۆ پرسی ستروکتوورالیستی. لەم زەمینە ستروکتوورالیستییەوەیە کە رێگای تێپەرینی تاک چ لاباری سەبژەکتیڤیزم (پاڵنەری دەرەکی) و چ لەباری ئۆبژەکتیڤیزمەوە (باڵنەری دەروونی) هەموار دەکات بۆ ئەم هەڵکشانە چێنایەتییەوە.

سەرچاوەکان:

1-      C. Aakvaag, Gunnar. Moderne sosiologisk teori. Abstrakt forlag AS. Oslo 2008

2-      Parsons, Tacott: The Sosial System. London 1951

3-      Bourdieu, Pierre: Distinction. A Social Critque of the Judgement of Taste. London 1984

4-      Mead, G. Herbert: Mind, Self, & Society. London 1934

5-      Birkeland, Åsmund: Karl Marx.  Falken forlag. 5. opplag, Oslo 2006

6-      Durkheim, Emile: Selvmordet. Oversatt av: Halvor Rool.  Gyldendals AS, Oslo. 4. opplag 2007

7-      Peter, L. Berger & Luckmann, Thomas: Den samfunnsskapte virkelighet. Oversatt av Frøydis, Wiik. Fagbokforlaget AS, Oslo 4. opplag 2006.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: