له‌سه‌ر دیارده‌ی شۆرش و ده‌ركه‌وته‌كانی شۆرش زۆر كوتراوه و ته‌نانه‌ت كاری مه‌یدانیی زۆریشی بۆ كراوه. له‌گشت توێژینه‌وه‌كاندا پێوه‌ندییه‌كی ماندار له نێوان دیارده‌ی شۆرش و دیارده‌ی گرژیدا ده‌بیندرێ و له ئاكامدا خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ كراوه. ئه‌گه‌ر دیارده‌ی گرژی له به‌ستێنی عه‌ینی و واقعی خۆێیدا تاوتوێ نه‌كرێ، بێگوومان غه‌درێكی گه‌وره له ماهیه‌تی شۆرش ده‌كرێ. كه‌وایه كاتێ ده‌ڵێین پێوه‌ندییه‌كی ماندار له نێوان شۆرش و گرژیدا هه‌یه، پێویست ده‌كا له‌دوای تێگه‌یشتن له‌و فاكتۆرانه بگه‌رێین كه ئه‌م پێوه‌ندییه ساز ده‌كه‌ن. له زۆر یه‌ك له توێژینه‌وه‌كاندا فاكتۆری «ناكامی» وه‌ك هۆكاری جۆشدانی دیارده‌ی «شۆرش» و «گرژی» پێناسه كراوه كه ده‌توانێ وڵام یاخۆ پاساوێكی مه‌نتیقی بدا به ده‌سته‌وه بۆ هۆكاری گرژینواندن له كۆمه‌ڵگادا. به‌پێی ئه‌م بۆچوونه راده‌ی ناكامی داواكانی شۆرش، چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی گرژیی سیاسیش دیاری ده‌كا. هه‌ڵبه‌ت لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا خەڵک رەفتاری نامەدەنیانە ناکەن و تەنیا لەو وڵاتانەدا خەڵک نامەدەنیانە هەڵسوکەوت دەکەن کە دەسەڵات وڵامدەر نابێ. جیاكردنه‌وه‌ی گرژی له شۆرش یاخۆ جیاكرنده‌وه شۆرش له گرژی نه موومكینه و نه ره‌وایه، چوونكه شۆرش له‌راستیدا بریتییه له گرژی سیاسی. بۆ نموونه راپه‌رین، مانگرتن، رێپێوانی هێمنانه و هتد، مه‌دلوولی شۆرشن و گرژی لێره‌دا دالی شۆرشه، هه‌ڵبه‌ت خه‌باتی چه‌كداریش دیارده‌یه‌كی دیكه‌یه كه دواتر له‌م وتاره‌دا تیشكی ده‌خرێته سه‌ر. به‌گشتی ئه‌و نموونانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدرا، هه‌ركامه‌یان ئیمكانێكی شۆرشن كه له شه‌قامی گشتیدا كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسی پڕ ره‌نگتر ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م ئاكسیۆنانه كاتێ ده‌چنه فازی پێكدادان كه حكوومه‌ت زه‌رفیه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێ گرژییه‌كان به‌ره‌و ئاقارێكی مه‌ده‌نی ببا و رێ له هه‌رچه‌شنه ته‌عامولێكی دێمۆكراتیك ده‌گرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه ئالۆزاوه‌كان.
كاتێ باس له گرژی سیاسی ده‌كرێ، بێگوومان سه‌رنجێكی زیاتر به به‌ستێن و ده‌رفه‌ته‌كانی گرژی ده‌درێ. واته چ هۆكارێك زه‌مینه بۆ گرژی خۆش ده‌كا و ئه‌و ده‌رفه‌تانه چین كه ره‌چاو نه‌كراون بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی شه‌قام به‌ره‌و پێكدادان نه‌چێ. له وه‌ها دۆخێك‌دا زۆرترین به‌رپرسایه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. هه‌ڵبه‌ت بۆ تێگه‌یشتن له‌م بۆچوونه پێویست ده‌كا سه‌رنج به ماهیه‌تی تیۆریكی «ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه» بده‌ین. ماكس وێبه‌ر گرژی وه‌ك یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه پێناسه ده‌كا. واته كاركردی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه وه‌هایه كه گشت ئامێره‌كانی گرژینواندن بكه‌وێته پاوانییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی و ته‌ناهی له كۆمه‌ڵگادا مسۆگه‌ر بكا. له فازی یه‌كه‌مدا ده‌وڵه‌ت گشت ئامێره‌كانی گرژی ده‌خاته پاوانی خۆی و بۆ ئه‌وه‌ی ئامێره‌كانی گرژی له خزمه‌تی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی چینی باڵاده‌ست یاخۆ هه‌ڵاواردنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بێ، پێویسته به‌ره‌و فازی دووهه‌می ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه بچێ، واته؛ نه‌هێشتنی زه‌مینه‌كانی گرژی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌وڵه‌ت ده‌بێ سه‌ره‌تا له خۆییه‌وه ده‌ست پێ بكا، یاسامه‌ند بێ، وڵامده‌ر بێ، ره‌وایی دێمۆكراتیكی خۆی بسه‌لمێنێ و ره‌فتارێكی مه‌ده‌نیانه له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان بكا. بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له ئێران ئیسته‌عدادی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه به‌ره‌و فازی دووهه‌م واته دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی دێمۆكراتیك بچێ و هه‌ر له فازی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه، واته پاوان كردنی ئامێری گرژیدا چه‌قی و له راستیدا بۆخۆی بوو به «عیلله‌تی» گرژینواندن له ئێران دا. رێژیمی دوای ئینقلابیش، هه‌نگاوێك زیاتر له فازی یه‌كه‌می ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه كشایه‌وه، ئامێره‌كانی گرژی له پاوانی ده‌وڵه‌ت ده‌رهێنا، كردی به فه‌زیله‌تێكی شه‌رعی و خستییه پاوانی ئومه‌تی ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی پلۆرالیزمی سیاسی و كولتووری ئێران له‌بار ببا و بزووتنه‌وه‌ی ملی دێمۆكراتیكی كوردستان سه‌ركوت بكا. فتوای جیهادی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨ بۆ سه‌ر كوردستان، یه‌كێكه له نموونه‌كانی گرژینواندنی شه‌رعی.
هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌م تیۆرییه‌دا ئاشناین كه؛ ده‌وڵه‌ت رێسای گه‌مه‌ی سیاسی دیاری ده‌كا، چوونكه ده‌وڵه‌ت هه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و هه‌م كۆنترۆڵی ده‌رفه‌ته‌كانی له ده‌ست دایه. به پێی ئه‌م تیۆرییه ده‌وڵه‌ته‌كان مه‌یدان و مێتۆدی خه‌بات بۆ ئۆپۆزیسیۆن دیاری ده‌كه‌ن. له وڵاته دێمۆكراتیكه‌كان، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وه‌ك مۆدێمێكی نێوانگر هه‌وڵده‌دا كێشه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئۆپۆزیسیۆن بخاته فازی ره‌فتاری كۆمۆنیكاتیڤه‌وه[1] و «حه‌وزه‌ی عموومی[2]»ش ده‌كا به به‌ستێنی داوه‌ری كردن، به‌ڵام ئه‌و رێژیمانه‌ی كه ره‌چاوی ستاندارده‌كانی دێمۆكراسی ناكه‌ن، نه مه‌جال به كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن و نه ته‌مای ره‌فتاری كۆمۆنیكاتیڤیشیان هه‌یه، كه‌وایه هه‌وڵده‌ده‌ن ئۆپۆزیسۆن به‌ره‌و كرده‌وه‌ی گرژینواندن پاڵ پێوه‌نێن چوونكه له وه‌ها دۆخێك‌دا زۆر به ئاسانی ده‌ست بۆ ئامێری گرژی (كه له پاوانیدایه) ده‌با بۆ سه‌ركوت كردنی ئۆپۆزیسیۆن.
پرسی كورد له ئێران یه‌كێكه له‌و نموونانه كه كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ره‌تاوه هه‌وڵیدا مێتۆدی خه‌باتی چه‌كداری به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ و له رێگای سیناریۆسازییه‌وه پلانه شوومه‌كانی خۆی یه‌ك به یه‌ك بباته‌پێش. سه‌ره‌تا فتوای جیهادی ده‌ركرد، دواتر هێرشی كرده سه‌ر كوردستان و دواجار هه‌وڵی به‌رده‌وامی داوه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عه سیاسییه‌كان له كۆمه‌ڵگا جیا بكاته‌وه و به‌م چه‌شنه مه‌جالێكی باشتری هه‌بێ بۆ كۆنترۆڵ كردنی كوردستان. یه‌كێك له خه‌سارناسییه‌كانی شۆرشی كورد به‌داخه‌وه، له‌م حه‌قیقه‌ته تاڵه‌دا ده‌ركه‌وتووه كه ڕێژیمه‌كان مێتۆد و رێسای گه‌مه‌ی خه‌باتیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن. ئێمه ناچارین ئه‌م ره‌خنه‌یه قبووڵ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رێگایه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ ده‌ربازبوون له‌م گرفته رووكردییه.
حیزبه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه كۆكن كه خه‌باتی چه‌كداری ئامانجی حیزبه‌كان نه‌بووه و رێژیم ئه‌م مێتۆده‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون (رێسای گمه‌ی دوژمن). ئه‌م بۆچوونه هه‌م له‌باری تیۆریكه‌وه راسته و هه‌م له‌باری مێتۆدیكه‌وه سه‌لمێنراوه. له‌باری تیۆریكه‌وه هیچ كام له حیزبه‌كانی كوردستان خه‌باتی چه‌كدارییان وه‌ك زه‌رووره‌تێكی دیالیكتیك بۆ ده‌سپێكی خه‌بات له‌به‌رچاو نه‌گرتبوو چوونكه ئه‌م حیزبانه به‌رهه‌می داوایه‌كی ره‌وا و جه‌ماوه‌ریی بوون، له كه‌شێكی مه‌ده‌نیانه‌دا دامه‌زراون و دواتر بۆ به‌رگریكردن ده‌ستیان بۆ چه‌ك بردووه. ئه‌م ره‌وه‌نده له‌گه‌ڵ تیۆرییه مائۆئیستییه‌كان ناته‌بایه كه خه‌باتی چه‌كداری وه‌ك دیالیكتیكی ئینقلابی پناسه ده‌كا. له‌م تیۆرییه‌دا شاخ یاخۆ گوونده‌كان وه‌ك چه‌خماخه‌ی خه‌بات دیاری كراون كه ئاراسته‌كه‌ی شاره و به هیوان بزووتنه‌وه‌كه له‌وێ په‌ره بستێنێ. بۆ نموونه شه‌ری سیاهكه‌ل له ١٩ی رێبه‌ندانی ١٣٤٩ وه‌ك ده‌سپێكی خه‌باتی چریكه فیداییه‌كان، به پێی ئه‌م روانگه رۆمانتیكه ده‌ستی پێكرد و ئامانجه‌كه‌یان راپه‌رینی شار بوو، به‌ڵام قه‌ت ئه‌م ئامانجه نه‌هاته‌دی چوونكه دۆخی ئێران جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ چین و كوبا و وڵاتانی دیكه هه‌بوو. حیزبه كوردستانییه‌كان له‌باری مێتۆدیكیشه‌وه به دوو هۆكار جیاوازییه‌كی بنه‌ره‌تیان هه‌بوو: یه‌كه‌م ئاقاری خه‌بات بوو؛ ئه‌وان له شاردا په‌ره‌یان سه‌ند و له شاخدا به‌رگرییان كرد. دووهه‌م ماهیه‌تی خه‌بات بوو؛ خسڵه‌تی خه‌باتی چه‌كداری حیزبه كوردستانییه‌كان به‌رگریكردن و پاراستنی ئازادی و ده‌سكه‌وته مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانی كورد بوو. لێره‌دا پرسیارێكی مه‌نتقی دێته ئاراوه كه ئه‌گه‌ر دوژمن له دیاریكردنی مێتۆدی خه‌باتدا رۆڵی هه‌بووه، چۆنه حیزبه كوردستانییه‌كان وه‌ها مكووڕن له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوون له گه‌مه‌یه‌كدا كه دوژمن رێساكه‌ی بۆ داناوه؟
له كه‌س شاراوه نییه كه حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، لانیكه‌م به‌دوای كۆنگره‌ی ١٤ی ئه‌و حیزبه‌دا، گۆرانێكی بنچینه‌یی له ته‌عامولی سیاسی خۆی له‌گه‌ڵ واقعه‌كانی ئه‌مرۆی ئێران و كوردستاندا كرد و هه‌روه‌ها به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی ره‌چاوی كۆمه‌ڵێ پره‌نسیبی بنه‌مایی ده‌كرد كه ئه‌و حیزبه‌ی زیاتر له دۆخی رۆمانتیكی خه‌بات دوور ده‌خسته‌وه و به‌هه‌مان راده‌ش له دۆخی رێئاڵیستیانه‌ی سیاسه‌ت نزیكتر ده‌بۆوه. ده‌ره‌نجامی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه ته‌عامولییه لانیكه‌م خۆی له سێ رووكردی كرده‌وه‌ییدا ده‌بینێته‌وه:
- رووكردی یه‌كه‌م؛ تۆختر كردنی كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسی له شه‌قامی گشتی كوردستانی ئێران بوو. ئاوڕدانه‌وه و به هه‌ندگرتنی چالاكییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كانی نێوخۆی كوردستان و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ئێكۆسیسته‌مه نیشتمانییه له راگه‌یاندنه‌كانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستاندا هۆكارێكی جیددی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆنتراسته حه‌قیقیه له كوردستانی ئێران‌دا پر ره‌نگتر و زیندووتر له‌جاران ده‌ركه‌وێ.
- رووكردی دووهه‌م كولتوورێكی سیاسی بوو كه ئه‌م حیزبه‌ی له پێكهاته‌یه‌كی دسیپلینییه‌وه بۆ حیزبێكی پراگماتیك گۆری. له راگه‌یاندنه‌كانی حدك-دا ره‌خنه‌ی ده‌روون پارادایمی ئاساییه و دسیپلینی حیزبی رێگری له ئازادی به‌یان ناكا. هه‌روه‌ها ئه‌م حیزبه پیشانی داوه كه تاچه‌ند ئیسته‌عدادی هه‌یه له‌گه‌ڵ ره‌قیبه سیاسییه‌كانی خۆی له ته‌عاموولدا بێ و له ئه‌نجامدا زه‌مینه‌ی كۆده‌نگی و پێكه‌وه كاركردن خۆش بكا. ره‌نگه به به‌راورد له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دێمۆكراسی ده‌روون-حیزبی هه‌ست به كه‌موكووڕی بكرێ به‌ڵام ئه‌م كرانه‌وه سیاسییه له خۆیدا به‌رچاوگه‌ی كولتووری سیاسی حدكی گه‌شتر كرد و له كۆمه‌ڵگاشدا به چاوی هومێده‌وه سه‌یری ده‌كرێ.
- رووكردی سێهه‌م گۆڕانێكی رێتۆریكه له‌و حیزبه‌دا كه ره‌هه‌ندی ئیسته‌دلالی و مه‌نتقی رێتۆریكی حیزبی به‌هێز كردووه. حیزبی دێمۆكراتی كوردستان تا دێ له زمانی پرۆپاگاندایی و رۆمانتیك، له زمانی ئه‌وتۆریتاری و ئینته‌زاعی دوورتر ده‌كه‌وێته‌وه و به‌و راده‌یه‌ش له نسبیه‌تی زمانی نزیكتر ده‌بێته‌وه. ئه‌م ره‌وه‌نده رێتۆریكه به پێی بۆچوونی توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی، كارتێكه‌ری حیزب له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا زۆرتر ده‌كا و مه‌یدانێكی زیاتر به مانۆری سیاسی حیزبه‌كان ده‌دا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م گۆرانكاریانه زۆر گران له‌سه‌ر حیزبی دێمۆكراتی كوردستان كه‌وتوون و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وتۆته به‌ر هه‌جمه‌ی هه‌یاران و نه‌یارانی، به‌ڵام له‌راستیدا به‌م هه‌ڵوێستانه‌وه خۆی له چاره‌نووسێكی شووم رزگار ده‌كرد كه چیدی مه‌جال به رژیم نه‌دا مێتۆدی خه‌باتی بۆ دیاری بكا و نه‌یویستووه به پێی رێساكانی گه‌مه‌ی دوژمن كایه بكا. هه‌ڵبه‌ت حه‌ساسییه‌ته‌كانی رێژیم له‌مه‌ڕ حیزبی دێمۆكراتی كوردستان له كه‌س شاراوه نییه و كۆمه‌ڵگای كوردستان ئاگادارن كه چۆن رێژیم په‌نا بۆ هه‌ر چه‌شنه كرده‌وه‌یه‌كی شووم ده‌با بۆ ئه‌وه‌ی حدك به‌ره‌و ئه‌و مه‌یدانه په‌ڵكێش بكاته‌وه كه به پشت به‌ستن به ته‌كنۆلۆژیای شه‌ر پێی ده‌وێرێ. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بۆمب ده‌با بۆ به‌رده‌م ده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و حیزبه، كادره‌كانی تیرۆر ده‌كا و دواجار ئه‌و مووشه‌كانه‌ی لێ تێده‌گرێ كه قه‌راربوو ئیسرائیلی پێ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان بسرێته‌وه. حه‌ساسیه‌تی هه‌یاران له‌مه‌ڕ گۆرانكارییه رووكردییه‌كانی حدك دیارده‌یه‌كی ئاساییه چوونكه هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی سیاسی كاتێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ دیارده‌كان ده‌كا و هه‌ڵوێسته‌كانی جیاواز ده‌بن تووشی وه‌ها هه‌جمه‌یه‌ك ده‌بێته‌وه، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه هه‌جمه‌كارانی ئه‌و پێكهاته‌یه نایانهه‌وێ له مه‌لۆتكه‌ی عاده‌ت بێنه ده‌ر و داره‌داری داهێنان تاقی بكه‌نه‌وه.
مانگرتنی گشتی له ٢١ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان بوو له مێژووی كورد، ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگایه‌كی كۆمه‌ڵناسیانه‌وه سه‌یری بكه‌ین. بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا ئێمه ئیراده‌یه‌كی ره‌ژد ده‌بینین كه پرسی كورد به‌ره‌و «حه‌وزه‌ی عموومی» بانگێشت ده‌كا و رێسای گه‌مه‌ی دوژمن ده‌شێوێنێ. داخستنی دوكان و بازار له شاره‌كان ره‌نگی كۆنتراستی حه‌قیقه‌تی سیاسی تۆختر كرد و به‌م هه‌ڵوێسته رێژیمیان ئاگادار كرده‌وه كه گشت پێكهاته سیاسی، مه‌ده‌نی، ره‌گه‌زی، ژینگه‌پارێز، سینفی، بازاری، كرێكاری، هوونه‌ری، ئه‌ده‌بی و ئائینییه‌كانی كوردستان، چ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان و چ له ژووره‌وه‌ی سنووره‌كان بن، به‌شێكی گرنگن له ئێكۆسیسته‌می نیشتمانی و خه‌ڵكی كوردستان له حاندیاندا خه‌مسارد نین، به هی خۆیان ده‌زانن و به‌رگرییان لێده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر گرنگترین په‌یامی مانگرتن، به بۆچوونی چاودێرانی سیاسی، پرسی یه‌كگرتن بوو، له راستیدا ئه‌م یه‌كگرتنه ده‌بێ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی نێوخۆی نیشتمانیش بێ. روانگه‌ی سه‌لیقه‌یی[3] سیاسه‌ت له حه‌وزه‌ی عموومی كوردستاندا جێی نییه و هیچ هێزێكی سیاسی بۆی نییه نیشتمان به‌سه‌ر چاك و نه‌چاكدا دابه‌ش بكا به‌ڵكه پرسی كورد هه‌رده‌بێ بگه‌رێته‌وه بۆ شه‌قامی گشتی و له‌وێدا ئامانج و ئه‌جندای لایه‌نه سیاسییه‌كان له مه‌حه‌ك ده‌درێن. هێرشه‌كانی رێژیم و مانگرتنی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵگری ئه‌م په‌یامه‌ش بوو بۆ حیزبی دێمۆكراتی كوردستان كه ستراتیژی حیزبه‌كه‌تان كار ده‌كا و زۆریش جیددییه.
ژێرنووسه‌كان:
[1]کنش ارتباطی
[2]Public sphere
[3]Selective
وەڵامێک بنووسە