ئه‌و ساڵانه وێنه‌كان گشتیان ره‌ش و سپی بوون و دیوار و تاقی ماڵه‌كه‌مان پڕ بوون له‌و وێنانه. یه‌كێ له وێنه‌كان وێنه‌ی بابه‌حاجی بوو. له وێنه‌كه‌دا وه‌ك فۆته ئێحرامێكی سپی له خۆی هاڵاندبوو، وێنه‌ی كه‌عبه‌ش له پشت سه‌رییه‌وه بوو، ده‌سته‌كانی به‌شێوه‌ی دووعا كردن ههڵهێنابوونهوه و چاوه‌كانی له كامێراكه بڕی بوون. دهتكووت سه‌یری ئێمه ده‌كا، ئه‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری ژووره‌كه‌مان كردبا، چاوه‌كانی هه‌ر به دواماندا ده‌گه‌ڕان. كه‌عبه له وێنه‌كه‌دا ره‌ش و بابهحاجیش وه‌ك فریشته‌یه‌كی سهڵاخوێن سپی پۆشی بوو. له ته‌نیشت وێنه‌كه‌ی بابه‌حاجی وێنه‌ی نه‌نكم بوو، وێنه‌یه‌كی كۆن كه هه‌ر رووخساری سپیی بوو، زه‌مینه‌ی وێنه‌كه‌ی خۆڵه‌مێشی و باقییه‌كه‌ی ره‌ش بوو. ئه‌ویش چاوی لێمان هه‌ڵنه‌ده‌گرت و سه‌یری ده‌كردین. به وێنه‌كه‌ی نه‌نكمدا بیری رامانه ناخهكییهكهی و بزه نه‌رمه‌كه‌ی ده‌كه‌وته‌وه كه له سووچكی ژووره‌كه‌مان كز داده‌نیشت و تا ئه‌و كاته‌ی بابه‌حاجی بانگی ده‌كرد: «ئافره‌ت!» ده‌نگی لێوه نه‌ده‌هات. وێنه‌یه‌كی كه‌مێ گه‌ش تریش هه‌بوو كه له‌و لاتر و له تاقه‌كه‌ی ته‌نیشتییه‌وه به گوڵ رازابۆوه، ئه‌مه وێنه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌مان بوو. له وێنه‌كه‌دا باوكم مێزه‌رێكی قیتی به‌ستبوو، دایكیشم تاسكڵاوێكی له‌سه‌ر و له په‌نای باوكم راوه‌ستا بوو. من و خوشكه‌كانم له وێنه‌كه‌دا زۆر منداڵ تر بووین، من له پێش باوكمه‌وه راوه‌ستا بووم و باوكیشم هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر شانه‌كانم دانا بوون، خوشكه‌كانیشم وه‌ك جووجكه مریشك له ده‌وری دایكم هاڵابوون. ئه‌م وێنه‌یه له راستیدا هه‌ر وێنه نه‌بوو، رۆژمێری رووداوه‌كانی ژیانیشمان بوو، هه‌ر كات باوكم باسی رووداوێكی كردبا ده‌یگووت: «له‌و ساڵه‌یدا كه وێنه‌كه‌مان گرت!». له راستیدا له‌و ساڵه‌دا بوو كه ئێمه له گووندهوه بار‌مان كرد بۆ شار و ساڵێك دوای گرتنی ئه‌و وێنه‌یه‌ش بوو كه نه‌نكم بۆ نوێژی به‌یانی هه‌ڵنه‌ستایه‌وه. داماوه مردنه‌كه‌شی به بێده‌نگی بوو، كه‌س نه‌یزانی. كاتێ بابه‌حاجی خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه یه‌ك دوو گۆچانی تێدهكوتێ و بانگی ده‌كا: «ئافره‌ت نوێژه‌كه‌ت نه‌چێ!» به‌ڵام نهنكێ وورته‌ی لێ نه‌هات، دواتر به گابۆری گریانی باوكم خه‌به‌رمان بۆوه. بابه‌حاجی له ته‌نیشت ته‌رمه بێگیانهكهی نه‌نكم ههڵترووشكا بوو، گۆچانه‌كه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌له‌رزی و من له‌و كاته‌دا هه‌ستم ده‌كرد كه كۆمه‌ی گۆچانه‌كه‌ی بابه‌حاجی زیاتر له جاران چه‌ماوه‌ته‌وه. وه‌ك بڵێی گشت رووداوه خۆشه‌كانی ژیانمان له‌و ساڵه‌دا تۆمار كرابن كه وێنه‌كه‌مان گرت، ئیتر خێرمان نه‌بینی و ساڵه‌كانی دواتر هێنده به خێرایی تێده‌په‌رین كه له فریا نه‌ده‌كه‌وتین بیره‌وه‌رییه‌كان تۆمار بكه‌ین. دایكم هه‌موو جارێ ده‌یگووت: «هه‌وای شار زه‌ینی كوێر كردووین!» بابهحاجش به‌دوای قسه‌كه‌ی دایكمدا ده‌یگووت: «هه‌ی به قوڕێ گیرێ!».
له‌سه‌ر تاقی لای ژووروی دیوهكهمان په‌ڵه‌یه‌كی سپی دیار بوو. ئه‌مه جێگای وێنه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بوو كه له‌مێژساڵه نه‌ماوه. وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی، قابغهكهی ئاڵتوونی و له داری گوێز بوو، له گشت وێنه‌كانی دیكه گه‌وره تر بوو، رێزی هه‌بوو و وه‌ك وێنه‌ی شا و گزیران له تاقی سه‌رووی ژووره‌كه‌مان دانابوو. له‌م شاره‌دا كه‌ست پێ شك نه‌ده‌هات كه وێنه‌یه‌كی وای له ماڵێ‌دا نه‌بێ. له ده‌ره‌وه‌ش، له چاخانه‌كان، دووكانه‌كان، كۆڵان و ته‌نانه‌ت مزگه‌وته‌كانیش وێنه‌یه‌كی وایان هه‌ڵواسیبوو. رۆژێ نه‌بوو به‌رانبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه رانهوستم و له چاوه‌كانی «خه‌مانی پاڵه‌وان» رانهمێنم. چاوه‌كانی گه‌وره، بز و به سام بوون. سمێڵێكی بابڕی هه‌بوو كه وه‌ك شاخه گا قیت ببوونه‌وه و برۆ پانهكانیشی وه‌ك دوو خه‌نجه‌ری دهمزهرد سێبه‌ریان ده‌خسته سه‌ر چاوه‌كانی. تووكی سه‌ر سینگی وه‌ك لێڕهوارێكی یاغی لێك چڕژابوون، باسكهكانیشی وه‌ك دوو كۆڵه‌كه‌ی پته‌و ده‌چوون كه قورسایی و ناوبانگی ئه‌م كهڵهمێرهیان راگرتبوو و ئه‌م ناوبانگه‌ش ببوو به وێردی سه‌ر زمانی خه‌ڵكی شار. هه‌موو رۆژێ باسیان ده‌كرد، هه‌ڵیان ده‌كێشا و سوێندیان به‌سه‌ری ده‌خوارد. چیرۆكی ئازایه‌تی خه‌مانی پاڵه‌وان نه‌ده‌بڕایه‌وه، باوكم دیگووت: «رۆسته‌می زاڵ هه‌ر له شانامه‌دا هه‌یه، ده‌نا ئه‌گه‌ر مابا، خه‌مانی پاڵه‌وان لمبۆزی له خاك و خۆڵ ده‌ماڵی، پاڵه‌وانه پاڵه‌وان، ره‌بی خوا بیپارێزێ!». هه‌ر له‌و ساڵه‌یدا كه وێنه‌كه‌مان گرت له مه‌یدانی زۆرانبازی و له ئێواره‌یه‌كی هاویندا خه‌مانی پاڵه‌وان پشتی پاڵهوانكێی له عه‌رز دا كه له شارێكی دووره‌وه هاتبوو. مه‌یدانی زۆرانبازییه‌كه له به‌ر خه‌ڵك جمه‌ی ده‌هات. كاتێ خه‌مانی پاڵه‌وان پشتی پاڵه‌وانه‌كه‌ی له عه‌رز دا، ئه‌و مه‌یدانه وه‌ك مه‌نجه‌ڵی سه‌ر ئاگر هه‌ڵچوو، هه‌لهه‌له و فیكه فیكی خه‌ڵك ده‌گه‌یشته ته‌شقی ئاسمان و تهپووتۆزێك بوو كه چاو چاوی نه‌ده‌بینی. دواتر خه‌مانی پاڵه‌وانمان بینی كه كۆمه‌ڵێك ئاپۆره‌یان دابوو، شان و پیلیان تۆزته‌كێن ده‌كرد و دواجار به سه‌ر قه‌ڵاندۆشی پیاوه باڵابهرزهكانهوه به نێو شاره‌دا گهراندیان. ده‌نگی ده‌هۆڵ و زورنا له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاردا ده‌زرینگایه‌وه، خه‌ڵك له ده‌وری خه‌مانی پاڵه‌وان هه‌ڵده‌په‌رین و عه‌رز له بن پێی پیاوانی شار ده‌له‌رزی. باوكیشم وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه شاگه‌شكه ببوو، له پێشیانه‌وه سه‌مای ده‌كرد، جامانه‌كه‌ی له ده‌ستیدا هه‌ڵده‌سووراند و هێنده‌ی نه‌مابوو باڵ بگرێ. شه‌و كه هاته‌وه بۆ ماڵ چیرۆكی زۆرانبازییهكهی خه‌مانی پاڵه‌وانی یازده كه‌ره‌ت گێراییهوه و ئێمه‌ش هه‌ر تێر نه‌ده‌بووین. به‌ڵام خه‌مانی پاڵه‌وان هه‌ر پیاوێكی ئازا نه‌بوو، پیاوچاكیش بوو، ته‌نانه‌ت ده‌یانگووت مه‌لای مزگه‌وتی «به‌ر كانی» سوێندی خواردووه كه خه‌مانی پاڵه‌وانی له خه‌ونیدا بینیوه له‌به‌ر ده‌م ئیمامی عه‌لی چۆكی داداوه، ئیمامی عه‌لی ده‌ستی موباره‌كی له‌سه‌ر شانی داناوه و فه‌رموویه‌تی: «ئاگات له موردیدهكانم بێ!». چیرۆكی چاكه‌ی خه‌مانی پاڵه‌وان به شاردا ده‌گه‌ڕا، باس باسی خێرات و به‌زه‌یی ئه‌م پاڵه‌وانه بوو. ده‌یانگووت هه‌تا ئه‌و بمێنێ كه‌س له‌م شاره‌دا هه‌ست به ترس و نیگه‌رانی ناكا. سێبه‌ری خه‌مانی پاڵه‌وان وه‌ك هه‌وری ره‌حمه‌ت به سه‌ر شاردا كه‌وتبوو، هه‌ر كه‌سێ په‌نای بۆ بردبا، به دڵشكاوی نه‌ده‌گه‌رایه‌وه. باسی چاوپاكی و دهسپاكییهكهی وای له خه‌مانی پاڵه‌وان كردبوو كه خه‌ڵكی شار مال و نامووسیان پێ ده‌سپارد.
سێ ساڵ به‌سه‌ر گرتنی وێنهكهماندا تێپه‌ری بوو كه ده‌نگۆیه‌ك به‌ناو شاردا بڵاو بۆوه. باسی كابرایه‌كی غه‌واره‌یان ده‌كرد كه چه‌ند رۆژه به نێو شاردا ده‌گه‌ڕا. باوكم ده‌یگووت: «ده‌ڵێی دێوه!» كابرا به‌رواڵه‌ت وه‌ك پاڵه‌وان نه‌ده‌چوو، كه‌س ناوی نه‌ده‌زانی و كه‌سیش نه‌یده‌زانی له كوێوه هاتووه. به شاردا ده‌سوورایه‌وه، له‌گه‌ڵ كه‌س قسه‌ی نه‌ده‌كرد، وڵامی سڵاوی كه‌سیشی نه‌ده‌دایه‌وه و هه‌ر سه‌ری بۆ دهلهقاندن. بێده‌نگیی و نه‌ناسراوی كابرای غه‌واره خه‌ڵكی شاری هه‌راسان كردبوو. كه‌س نه‌یده‌زانی چی ده‌وێ و بۆچی رێی له‌م شاره كه‌وتووه. كه رۆژ ده‌بووه‌وه به ناو شاردا ده‌هات و ده‌چوو، وه‌ك زه‌لامێكی كوونپشكن سه‌ری به گشت قوژبنێكدا ده‌كرد، نێوچاوانی گرژ ده‌كرد، له بن لێوه‌وه بۆڵه‌بۆڵێكی ده‌كرد و له‌گه‌ڵ خۆرئاوابوون ده‌چوو بۆ مزگه‌وتی به‌ر كانی و له‌وێ ده‌خه‌وت. مجێوری مزگه‌وت له ترسان نه‌یده‌وێرا له ژووری مزگه‌وته‌كه بخه‌وێ، پێخه‌فی ده‌برده سه‌ر بانی و، وا بازنم هه‌ر له بن لێفه‌وه بانگی به‌یانیشی ده‌فه‌رموو. رۆژی سێهه‌م، كاتێ خه‌ڵك له نوێژی جه‌ماعه‌ت ده‌گه‌رانه‌وه، له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت راوه‌ستا و به ده‌نگی به‌رز نهرراندی: «ئه‌م شاره پیاوێكی تێدا نییه زۆرانبازیم له‌گه‌ڵ بكا؟» خه‌ڵكه‌كه كپ بوون، به سووڕمانه‌وه سه‌یری كاباری غه‌واره‌یان ده‌كرد و دواتر له یه‌كتر راده‌مان.
یه‌كێ له پیاوانی به‌ر ده‌می مزگه‌وت كوتی: «زۆرانبازی پیشه‌ی پاڵه‌وانانه!»
كابرای غه‌واره كوتی: «ده‌ی پاڵهوانهكهتانم بۆ بنێرن! بڵێن بۆ سبه‌ی ئێواره شوێنێك دیاریی بكا خۆم ده‌چم!»
مه‌لای مزگه‌وت كوتی: «فیتنه له‌م شاره‌دا جێی نییه و كه‌سیش حه‌زی له گێچه‌ڵ نییه. میوانی، قهدهمت لهسهرچاوان، به‌ڵام زۆرانبازی رێ و شوێنی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌ر حه‌زت له ئاژاوه و شه‌ره، برۆ له شوێنێكی دی سۆراغی بگره!»
كابرای غه‌واره رووی له مه‌لای مزگه‌وت كرد و كوتی: «هه‌ر ئێستا ده‌چی بۆ لای پاڵهوانهكهتان و پێی ده‌ڵێی «كۆڵه‌ی پاڵه‌وان» بانگت ده‌كا بۆ زۆرانبازی، تێگه‌یشتی؟ له بیرت نه‌چێ پێی ده‌ڵێی بۆ سبه‌ی ئێواره!»
كاتێ جه‌ماوه‌ره ناوی كۆڵه‌ی پاڵه‌وانیان بیست، حه‌په‌سان، چاویان زه‌ق بوو، زمانیان وشك و هه‌ناسه‌یان كپ بوو. كه‌س نه‌ی بینی بوو به‌ڵام ناوبانگیان بیستبوو، رووی له هه‌ر شوێنك كردبا هه‌را و ئاژاوه رووی تێده‌كرد، رێزی له كه‌س نه‌ده‌گرت، دڵ ره‌ق و بێ به‌زه‌یی بوو. كه‌س باسی چاكه‌ی ئه‌م پاڵه‌وانه‌ی نه‌بیستبوو، هه‌رچی بیستوبوویان خه‌راپه بوو. ناوبانگه‌كه‌ی و رواڵه‌تی لێك دهكاڵانهوه، ده‌تگووت بورجی ژههریماره، به به‌تاڵی به شار و دێیاندا ده‌گه‌ڕا و وه‌ك بابه‌حاجی گووته‌نی: «سه‌ری له هه‌را ده‌خورێ!»
له كاتی بانگی شێواندا، خه‌ڵك خه‌مانی پاڵه‌وانیان بینی كه به‌ره‌و مزگه‌وتی به‌ر كانی ده‌روا. سه‌ره‌تا ته‌نیا بوو، به‌ڵام به‌ده‌م رێگاوه هه‌ركه‌سێ چاوی به خه‌مانی پاڵه‌وان كه‌وتبا، ده‌گه‌ڵی ده‌كه‌وتن. كاتێ گه‌یشته به‌ر درگای مزگه‌وت، خه‌ڵكه‌كه هێنده زۆر ببوون كه له حه‌وشه‌ی مزگه‌وتدا جێیان نه‌ده‌بووه، به‌شێكی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وت و كۆمه‌ڵێك كوڕی لهشسووكیش له‌سه‌ر دیواری حه‌وشه‌ی مزگه‌وته‌وه گوێیان هه‌ڵخستبوو تاكوو بزانن چ ده‌قه‌ومێ. من له سه‌ر دیواری حه‌وشه‌كه‌وه سه‌یرم ده‌كرد. خه‌مانی پاڵه‌وان له په‌نجه‌ره‌ی مزگه‌وته‌كه‌وه دیار بوو كه له‌گه‌ڵ كۆڵه‌ی پاڵه‌وان قسه‌یان ده‌كرد. خه‌ڵكه‌كه هه‌ناسه‌یان راگرتبوو، چاوێكیان كردبووه چوار چاو و گوێیان هه‌زار. چاوم لێ بوو بابه‌حاجی له سووچێكی مزگه‌وت له په‌نای مجێوه‌ر دانیشتووه، دهسبێحاتی ده‌كرد و به هێمنی سه‌یری ده‌مه‌قاڵه‌ی ئه‌و دوو پاڵه‌وانه‌ی ده‌كرد. بابه‌حاجی گێرایه‌وه: «كۆڵه‌ی پاڵه‌وان ملی نه‌ده‌دا، قسه‌كانی خه‌مانی پاڵه‌وانی نه‌ده‌سه‌لماند و وه‌ك ره‌شمار پیشی ده‌خوارده‌وه». بڕیاری زۆرانبازی درا و خه‌مانی پاڵه‌وان هاته ده‌ر، خه‌ڵك به هه‌لهه‌له و چه‌پڵه‌رێزان خه‌مانی پاڵه‌وانیان به‌رێ كرده‌وه. شه‌و زرینگایه‌وه و ده‌نگ هه‌ر له ماڵی ئێمه ده‌هات، باوكم هه‌ڵده‌ستا و تاوێ داده‌نیشت، هه‌ڵده‌ستایه‌وه و به ژووره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕا، له په‌نجه‌ره‌وه سه‌ری به كۆڵانه‌كه‌دا ده‌كرد و ده‌هاته‌وه لای دایكم و له ته‌نیشتی داده‌نیشت. ده‌یگووت: «بێده‌نگه، دنیا بێده‌نگه! سه‌یر نییه ئافره‌ت؟» دایكم هیچی نهدهكوت و وابزانم بێده‌نگییه‌كه‌ی دایكم باوكمی زیاتر هه‌راسان كردبوو. حه‌زی ده‌كرد دایكم شتێ بڵێ، به چاك یان به خراپ قسه‌یه‌ك بكا و ئه‌وجار باوكم وه‌ك شه‌وانی دیكه به به‌ژن و باڵای خه‌مانی پاڵه‌واندا هه‌ڵبێ: «خۆ به زلیی نییه، باسكی خه‌مانی پاڵه‌وان پشتی ورچیش ده‌شكێنێ، پاڵه‌وان ده‌بێ جه‌رگی هه‌بێ، دڵ و ده‌ماخی شه‌ری هه‌بێ، چاوی پاك بێ، سه‌ر و سه‌ودای حه‌ق له ده‌روونی دا بێ و …» له كاتی خه‌وتنیشدا باوكم وازی نه‌ده‌هێنا و به ده‌م خه‌وه هه‌ر ده‌یبۆڵاند و جارجاره‌ش ده‌یگووڕاند.
به‌یانی كاتێ گزینگی خۆر به‌سه‌ر شاردا كه‌وت، ده‌نگه ده‌نگ و ژاوه‌ژاوی شاریش ده‌ستی پێكرده‌وه. هه‌موومان چاوه‌رێی هاتنی ئێواره و بینینی زۆرانبازی پاڵه‌وانه‌كانمان ده‌كرد. وێنه‌ی خه‌مانی پاڵه‌وان به هه‌موو شونێكهوه بوو. هه‌ر نه‌مزانی به‌و شه‌وه ئه‌و هه‌موو وێنه‌یه له كوێ چاپ كرا و بهكوێڕا بڵاو بۆوه. سه‌رت به هه‌ر لایه‌كدا كردبا وێنه‌ی خه‌مانی پاڵه‌وان بوو، وێنه‌یه‌كی ره‌ش و سپی، وێنه‌یه‌كی گه‌وره، دوو چاوی بز و سمێڵێكی قیت. به دوای بانگی ئێواره شار وه‌ك چۆمێكی به لرفه رژایه نێو مه‌یدانی زۆرانبازی. له هه‌موو لایه‌كه‌وه خه‌ڵك ده‌هاتن، ده‌نگی ده‌هۆڵ و زۆرنا سه‌ری كاس ده‌كردین و قریوه قریوی خه‌ڵكه‌كه‌ش وه‌ختابوو كه‌ڕی ده‌كردین. چاوم بۆ پاڵه‌وانه‌كان ده‌گێڕا و باوكم بینی كه له‌گه‌ڵ دهستهپیاوێكی له‌جۆش ده‌ستیان خستبووه سه‌ر شانی یه‌كتر و له جێ‌دا هه‌ڵده‌په‌رین. بابه‌حاجی قه‌ت نه‌ده‌هات بۆ به‌زمی زۆرانبازی، له سووچێكی مزگه‌وت داده‌نیشت و له‌گه‌ڵ مجێوری مزگه‌وت ده‌رده دڵی ده‌كرد. بابه‌حاجی حه‌زی له شار نه‌بوو، هه‌میشه له بیانوویه‌ك ده‌گه‌ڕا كه بڕواته‌وه بۆ دێ و باوكیشم قه‌ت بیانووی نه‌ده‌دایه ده‌ستی. كاتێ كۆڵه‌ی پاڵه‌وان هات، مه‌یدانه‌كه كپ بوو، وورته له كه‌س نه‌ده‌هات، خه‌ڵك به چاوی پڕ له خێسه به‌ره‌و مه‌یدان به‌رێیان كرد و دواتر چاویان لێ ده‌دزییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نهیبین. كۆڵه‌ی پاڵه‌وان ئاگای له بێزراوهیی خۆی بوو، به مه‌یدانه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕا و باسك و پیلی به چه‌پ و راستدا ده‌سووڕاند. وابزانم ده‌یزانی به چی رقی ئه‌و خه‌ڵكه زیاتر هه‌ڵده‌ستێ، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی حیزانه له‌سه‌ر رووخساره دزێوه‌كه‌ی نیشتبوو، سه‌یری چوار ده‌وری خۆی ده‌كرد و هیچی نه‌ده‌گووت. له نهكاو مه‌یدانه‌كه هاته‌وه جۆش، خه‌مانی پاڵه‌وان گه‌یشته نێو ئاپۆره‌ی خه‌ڵك، باوه‌شیان پێدا كرد، نه‌یانهێشت لاقی وه‌عه‌رزی بكه‌وێ و به قهڵاندۆشان بردیانه نێوه‌راستی مه‌یدان. هیچم نه‌ده‌بینی، له تاوانا به دارگوێزهكهی مه‌یداندا هه‌ڵگه‌رام، له‌سه‌ر لقێكی ئه‌ستوور دانیشتم و سه‌یری ئه‌و دوو پاڵه‌وانه‌م ده‌كرد كه له‌و ئێواره تهپوتۆزاوییهدا وه‌ك دوو شاخی به‌هه‌یبه‌ت به‌ره‌ورووی یه‌ك راوه‌ستابوون.
كاتێ پاڵه‌وانه‌كان له یه‌ك نزیك كه‌وتنه‌وه، پڕیان دایه پشتوێنی یه‌كتر و ململانێ ده‌ستی پێكرد. كۆڵه‌ی پاڵه‌وان كه‌ڵه‌گه‌ت، پان و زه‌به‌لاح بوو، به‌ڵام خه‌مانی پاڵه‌وان پته‌و و گورج و گۆڵ بوو. ده‌ستیان وه‌ك نووسه‌كه له پشتوێنی یه‌كتر گیر دابوو، یه‌كتریان راده‌كێشا و جارجاریش پاڵیان به یه‌كه‌وه ده‌نا. له نه‌خافڵ خه‌مانی پاڵه‌وان گووڕێكی دایه به‌ر خۆی و گوورج له پشته‌وه كۆڵه‌ی پاڵه‌وانی گرت. هێنای و بردی، ته‌كانی لێ ده‌دا و به‌هه‌موو هێزی لاقی كۆڵه‌ی پاڵه‌وانی له عه‌رز جیا كرده‌وه. هه‌لهه‌له و چه‌پڵه‌رێزانی خه‌ڵك به‌رز بۆوه، وێكرا هاواری حه‌زره‌تی غهوسیان كرد و كۆڵه‌ی پاڵه‌وان له‌به‌ر چاویاندا وه‌ك ده‌سته نوێن له‌سه‌ر ده‌ستانی خه‌مانی پاڵه‌وان بوو. كاتێ به عه‌رزدا كه‌وت، بوو به به‌زم، كه‌س كه‌سی نه‌ده‌بینی، خه‌ڵك شاگه‌شكه ببوون و هاواری بژی بژی ئاسمانی شاری قڵشاند. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند كه بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر مه‌یدانه‌كه‌دا گرت. كۆڵه‌ی پاڵه‌وان ئه‌مجاره خۆی گرته‌وه و خێرا هه‌ستایه‌وه سه‌ر پێ. ده‌ستیان له پشتوێنی یه‌كتر قاییم كرد و ملیان له‌به‌ر ملی یه‌ك نایه‌وه. خۆر به‌ره‌و ئاوابوون دادهكشا و پاڵه‌وانه‌كان هه‌ر به‌سه‌ر پێوه بوون. هیچ كامیان كۆڵیان نه‌ده‌دا. به‌زمی زۆرانبازی ئه‌مرۆ وه‌ك چیرۆكه‌كانی شانامه درێژ و درێژ تر ده‌بوو. شه‌كه‌تی ئه‌م پاڵه‌وانانه وه‌ك عاره‌قه‌ی نێوچاوانیان له له‌شیانه‌وه ههڵدهچۆڕا، له ته‌پوتۆزدا نغرۆ ببون و هه‌دادانیان نه‌بوو. یه‌كێ له‌م به‌ری مه‌یدانه‌وه خۆی هیلاك ده‌كرد كه سه‌ری خه‌ڵكی شار به‌رز رابگرێ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش له‌و به‌ری مه‌یدانه‌وه ده‌یویست خۆی بسه‌لمێنێ. یه‌كیان سپی و ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان ره‌ش بوو، وه‌ك وێنه ره‌ش و سپییه‌كانی سه‌ر تاقی ماڵه‌كانمان.
هه‌تا پاڵه‌وانه‌كان هیلاك تر ده‌بوون، خه‌ڵك تامه‌زرۆ تر ده‌بوون. ناوی خه‌مانی پاڵه‌وان له‌و مه‌یدانه‌دا ده‌نگی ده‌دایه‌وه و خه‌مانی پاڵه‌وانیش به گروتین تر له جاران هه‌ڵده‌سووڕا. له‌و ژاوه‌ژاو و هات و نه‌هاته‌دا، كۆڵه‌ی پاڵه‌وان پاشقولێكی لێ گرت و خه‌مانی پاڵه‌وان له‌سه‌ر چۆك به عه‌رزیدا كه‌وت. دنیا كپ بوو، ته‌نانه‌ت كه‌س هه‌ناسه‌شی ههڵنهدهكێشا. كۆڵه‌ی پاڵه‌وان مه‌ودای پێ نه‌دا و گورج پڕی دایه خه‌مانی پاڵه‌وان، وه‌ك مه‌قاش هه‌ر دوو ده‌ستی له كه‌مه‌ری قاییم كرد، گوڕمێكی به‌هێزی لێدا، به نه‌عره‌ته به‌رزی كرده‌وه و له‌سه‌ر سه‌ری رایگرت. خه‌مانی پاڵه‌وان وه‌ك مێزه‌ری باوكم به ئاسمانه‌وه ده‌سووڕایه‌وه و دوای چه‌ند چركه له‌سه‌ر ده‌ستانی كۆڵه‌ی پاڵه‌وان به‌ربۆوه و پشتی له عه‌رز درا. ناڵه‌ی پشتی خه‌مانی پاڵه‌وان وه‌ك هه‌ور گرماندی. له‌سه‌ر دارگوێزهكهوه چاوم لێ بوو كۆڵه‌ی پاڵه‌وان به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه راوه‌ستا بوو، زۆرانبازییهكهی بردبووه‌وه و خه‌ڵك واقیان وڕما بوو. كه‌س نه‌چوو خه‌مانی پاڵه‌وان هه‌ڵ بگرێته‌وه، كه‌سیش نه‌ویست تۆزی شان و پیلی بۆ بته‌كێنێ و هیچ كه‌س هاواری ناوی نه‌كرد، ته‌نانه‌ت باوكیشم. خه‌مانی پاڵه‌وان له‌سه‌ر پشت و بێ هه‌ست له‌و مه‌یدانه دا كه‌وتبوو، هێوڕ هێوڕ تۆزی مه‌یدانه‌كه له‌سه‌ر له‌شی ده‌نیشت و وام هه‌ست ده‌كرد كه ته‌مای هه‌ستانه‌وه‌ی نه‌ماوه، ره‌نگه ده‌یزانی ئه‌گه‌ر له‌بن ئه‌و تۆز و خۆڵه‌دا وون ببێ زۆر ناخهیهنێ كه وه‌ك پاڵه‌وانه‌كانی پێشوو له بیر خه‌ڵك بچێته‌وه.
جه‌ماوه‌ری ده‌وری مه‌یدانه‌كه وه‌ك خوێن دهڵهمهیان به‌ستبوو، كه‌س نه‌ده‌جووڵا و كه‌سیش ده‌نگی لێوه نه‌ده‌هات. له‌و ماتی وبدهنگییهدا له داره‌كه هاتمه خوار و په‌له‌قاژه‌م ده‌كرد كه خۆم بگه‌یه‌نمه مه‌یدانه‌كه، له نهكاو پۆلێ له پیاوانی شار خۆیان گه‌یانده كۆڵه‌ی پاڵه‌وان، تۆزی شان و پیلیان بۆ ته‌كاند، هه‌ڵیان گرت و به قهڵاندۆشان له مه‌یدانه‌كه بردیانه ده‌ر. جه‌ماوه‌ری مه‌ییوی ده‌وری مهیدانهكهش كاتێ كۆڵه‌ی پاڵه‌وانیان به سه‌ر شانانه‌وه ده‌بینی، جووڵه جووڵیان تێكه‌وت، ده‌هۆڵ و زوڕنا هاتنه ده‌نگ و به سه‌ما و هه‌ڵپه‌ركێ دوای كۆڵه‌ی پاڵه‌وان كه‌وتن. كه‌س له مه‌یدانه‌كه‌دا نه‌ما، هه‌ر خه‌مانی پاڵه‌وان بوو كه بێ هه‌ست له‌سه‌ر پشت راكشا بوو و منیش كه له قه‌راغ مه‌یدانه‌كه راوه‌ستا بووم و سه‌یرم ده‌كرد. نازانم بۆ له‌و كاته‌دا دڵم به‌رایی نه‌ده‌دا برۆم، دیمه‌نی كه‌وتنی خه‌مانی پاڵه‌وان و ناڵه‌ی پشتی بۆ ساتێكیش له‌به‌رچاوم بزر نه‌ده‌بوو. له‌و راماوییهمدا هه‌ستم كرد خه‌مانی پاڵه‌وان كه‌مێ جووڵا، دواتر به ئازاره‌وه پشتی راست كرده‌وه و ئه‌وجار له‌سه‌ر چۆكان دانیشت. مێزه‌ره‌كه‌ی له ته‌نیشتی كه‌وتبوو، ده‌ستی بۆ برد و له كاتێكا سه‌یری ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌كرد كه به هه‌لهه‌له و چه‌پڵه‌رێزان لێی دوور ده‌كه‌ونه‌وه، به ئارامی تۆزی سه‌ر شان و پیلی خۆی ته‌كاند. تاوێ له‌و شوێنه راوه‌ستا. وه‌ك داری چاكیی ده‌چوو كه به بێ ده‌نگی له زه‌ردایی رۆژئاوابووندا نوقم ده‌بێ. هه‌ستم ده‌كرد له دوای شتێك ده‌گه‌ڕا و كاتێ چاوم به مه‌یدانه‌كه‌دا گه‌راند، كلاوی مێزهرهكهییم بینی كه له خوار مه‌یدانه‌كه كه‌وتبوو، به هه‌ڵاتن هه‌ڵمگرته‌وه و دامه ده‌ستی.
ئه‌و شه‌وه تا دره‌نگانێ باوكم نه‌هاته‌وه بۆ ماڵ، ئێمه چاوه‌رێمان نه‌كرد و خه‌وتین. به‌یانی كه له خه‌و هه‌ستام وێنه‌كه‌ی خه‌مانی پاڵه‌وان به تاقهكهمانهوه نه‌مابوو. زریان هه‌ڵی كردبوو و جێگای بۆ پاییز خۆش ده‌كرد. كۆڵان و كه‌لاوه‌كانی شار پڕ ببوون له وێنه‌ی دڕاوی خه‌مانی پاڵه‌وان. وێنه دراوه‌كان به ده‌م بایه‌كی سارده‌وه له‌م لا و له‌و لا ده‌تلانه‌وه و چاوه‌رێی گێژهڵۆكهیهكیان ده‌كرد به‌ڵكوو هه‌ڵیان بگرێ و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی شار رایانماڵێ.
رزگار ئه‌مین نژاد
٣\٨\٢٠١٩
وەڵامێک بنووسە