باسی وتووێژ له نێوان چوار حیزبی كوردستانی و رێژیمی ئێران – له كاتێكا به‌شێك له‌م حیزبانه به بۆنه‌ی سی ساڵه‌ی تیرۆری دوكتوور قاسمووی شه‌هید، خۆیان بۆ چالاكیی سیاسی به مه‌به‌ستی مه‌حكوم كردنی رێژیمی ئێران ئاماده ده‌كرد – بۆ جارێكی دی هاته رۆژه‌ڤه‌وه. گرنگیی ئه‌م بابه‌ته به راده‌یه‌ك بوو كه هه‌م چالاكانی سیاسی له نێوخۆی وڵات و هه‌م چالاكانی سیاسی له تاراوگه هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر ده‌نگۆی «وتووێژ» كرد. ئه‌گه‌ر له‌باری چه‌مكناسییه‌وه چاوێك به وتار و په‌یامه‌كانیان دا بخوشێنین، ئه‌وا ده‌بینین كه لانیكه‌م سه‌باره‌ت به دیارده‌ی وتووێژ تا راده‌یه‌كی به‌رچاو چالاكانی سیاسی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات نزیك بوون له یه‌كتر. به گشتی ده‌كرێ ده‌ركه‌وته‌ی شرۆڤه و ره‌خنه‌كان له‌م خاڵانه دا دیاری بكه‌ین:
١- روانگه‌ی گوماناوی
٢- روانگه‌ی ئایدیالۆژیك و نێوه‌رۆكی (ماهیتی)
٣- روانگه‌ی ئه‌منیه‌تی
٤- روانگه‌ی هاوسه‌نگی (له‌باری كه‌مایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه)
٥- روانگه‌ی تیۆری پیلان (تئوری توطئه)
ئه‌م پێنج خاڵه، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین له گشت وتار و په‌یامه‌كان دا راسته‌وخۆ باسیان لێ كرابێ، لانیكه‌م به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی ئاماژه‌یان پێ دراوه. ئه‌و شته‌ی كه جێگای سه‌رنجی ئه‌م بابه‌ته و هه‌روه‌ها پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌م وتاره‌شه، هاوئاراسته بوونی ره‌هه‌ندێكی نۆرماتیڤانه‌یه كه باڵی به‌سه‌ر روانگه و شرۆڤه‌ی نووسه‌ران و چالاكانی سیاسی دا كێشاوه. هه‌ڵبه‌ت به پێی ستاندارده ناسراوه‌كانی سیاسه‌ت له‌م سه‌رده‌مه دا و به مه‌به‌ستی وتووێژ كردن، زۆر زه‌حمه‌ته ره‌چاوی ئه‌و خاڵانه بكرێن كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد. نۆرمی سیاسه‌ت له سه‌رده‌می دوای شه‌ری سارد و هه‌روه‌ها ئامانجی رێكخراوه مه‌ده‌نییه جیهانییه‌كان بۆ نێوبژیوانی كردن له نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كان دا، ره‌خساندنی ده‌رفه‌تێكه بۆ وتووێژ كردن. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه له پرۆسه‌ی دیالۆگ دا شانسی به رووتینه كردنی (routinize) هاودژه‌كان زۆرتر ده‌بێ و به هه‌مان راده‌ش مه‌یدان به‌و لایه‌نانه ته‌نگ تر ده‌كرێ كه هه‌وڵ بۆ بارگرژی ده‌ده‌ن. بۆ نموونه به رووتینه كردنی دیالۆگ له نێوان گروپی تالیبان و ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان كه قۆناغی كۆتاییه‌كه‌ی سازانه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش، یه‌كێكه له‌و دیاردانه‌ی كه له لایه‌ن چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی ئه‌فغانستانه‌وه كاری بۆ ده‌كرێ و ره‌نگه له كورتخایه‌نیش دا ئاكامێكی دڵخۆشكه‌رانه‌ی لێ نه‌كه‌وێته‌وه. له‌م پرۆسه‌یه‌دا چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی ئه‌فغانستان ره‌چاوی هیچ كام له‌و خاڵانه‌یان نه‌كردووه كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی نوخبه‌ی كورد دا پێداگریی له‌سه‌ر ده‌كرێ. ئه‌وان «ئیمكانی» وتووێژ وه‌ك ده‌رفه‌تێكی گوونجاو ده‌بینن بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خشه‌رێگایه‌كی عه‌قڵانی بۆ ئاشتی.
چرچیل به دوای كۆتایی هاتنی شه‌ری دووهه‌می جیهانی، له یه‌كه‌م لێدوانی دا باسی له شتێكی گرنگ كرد كه دواتر له زمانی زۆر یه‌ك له سیاسه‌تمه‌داره‌كانه‌وه ده‌مانبیست، واته «سیاسه‌ت هوونه‌ری موومكینه». مه‌به‌ستی ئه‌و له موومكین، ئاشتی بوو كه به‌دوای كۆتایی هاتنی نازیسم و فاشیزم دا ژیان و ئارامیی ده‌گه‌رانده‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ماشینی شه‌ر خاپووری كردبوون. سیاسه‌ت له‌م روانگه‌یه دا به‌ستێنێكی مه‌عریفییه بۆ به‌رهه‌م هێنانی موومكینه‌كان، به‌ڵێ ده‌كرێ مرۆڤ بگاته ئاشتی، ده‌كرێ عه‌داڵه‌ت هه‌بێ، ده‌كرێ توندوتیژی نه‌مێنێ و ... ئه‌مانه موومكینن و ته‌نیا مه‌عریفه‌ی سیاسه‌ت له توانایدایه كانسێپتی ئیده‌ی وه‌ها نۆرمێكی مرۆییانه بۆ ئێمه به‌رهه‌م بێنێ. به‌ڵام له سه‌رده‌می دوای چرچیل، موومكین (Possibility) له هه‌وێڵی هوونه‌رمه‌ندانه‌ی سیاسه‌ت دا نه‌ما و ئه‌مرۆكه ئێمه زیاتر له‌گه‌ڵ موحته‌میل (Contingency) دا ده‌ژین، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه مه‌عریفه‌ی سیاسی له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌ره‌و بزر بوون ده‌چێ و هێژمۆنیای سیاسه‌تی نمایشی روو له هه‌ڵكشانه كه ئێمه به هه‌ڵه پێی ده‌ڵێین كرده‌وه‌ی سیاسی. ئه‌گه‌ر ئاشتی به پێی مه‌عریفه‌ی سیاسی موومكین بێ، له كرده‌وه‌ی سیاسی دا ده‌بێ موحته‌مل بێ. به پێی ئه‌م گوزاره‌یه هوونه‌ری سیاسه‌ت ئه‌مرۆ ده‌بێ له خزمه‌ت چێكردنی هاوسه‌نگییه‌ك بێ له نێوان موومكین و موحته‌میل دا. هابرماس كاتی خۆی پێی وابوو كه دیالۆگ كردن له‌گه‌ڵ بناژۆخوازه‌كان وه‌ك ئه‌وه وایه له‌گه‌ڵ گوریل دا شه‌تره‌نج بكه‌ی، چونكه مرۆڤ رێسا و رێكاری گمه‌كه‌ی داهێناوه و سروشتییه كه گوریل لێی تێنه‌گا، تووره ده‌بێت و دواجار شه‌پێكی لێ ده‌دا و گمه‌كه ده‌یشێوێنێ. به‌ڵام به‌دوای هێرشه‌كه‌ی ١١ی سێپته‌مبه‌ر له ئه‌مریكا، هابرماس هه‌ستی كرد كه ئه‌م روانگه‌یه جۆكێكی سوواوه و دواتر له یه‌كێ له وتاره به‌ناوبانگه‌كانی دا ئیتر باسی له مه‌رج و چوارچێوه‌ی نۆرماتیڤی نه‌كرده‌وه بۆ دیالۆگ و لێك تێگه‌یشتن. دیالۆگ لای ئه‌ویش وه‌ك كارێكی موومكین به‌هه‌ند وه‌رگیرا، چوونكه ئه‌گه‌ر دیالۆگ نه‌كه‌ی ناچاری شه‌ر بكه‌ی و ئێستاشی له‌گه‌ڵ دا بێ، شه‌ر نه‌یتوانیوه كۆتایی به بناژۆخوازی بێنێ. به سه‌رنجدان به‌و پێنج خاڵه‌ی كه له شرۆڤه و ره‌خنه‌كانی چالاكانی سیاسی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا هاتوون، دیارده‌ی «وتووێژ» وه‌ك دیارده‌یه‌كی موومكین چاوی لێ نه‌كراوه، به‌ڵكه «وتووێژ» له نێو جه‌غزی شرۆڤه‌كاریانه‌ی ئیحته‌مال دا بزر بووه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵوێسته‌ی چالاكانی سیاسی له‌مه‌ڕ ده‌نگۆی وتووێژ كارێكی نائاسایی نییه، به‌ڵام كاتێ هه‌ست ده‌كه‌ین كه ئه‌م ره‌وه‌نده به ئاقارێكی نائاساییدا ده‌روا كه له‌ژێر هه‌جمه و سریمه‌ی ئه‌و دۆخه ره‌وانییه دا بێ كه له سایكۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تیدا پێی ده‌ڵێن: «heuristicAvailability»، واته په‌نابردن بۆ چه‌ند گوزاره‌ی ساده و سواو كه هه‌میشه له‌به‌ر ده‌ستدان و هه‌موومان ده‌یانزانین. چاوپۆشی كردن له «ئیمكانی وتووێژ» و خۆخه‌ریك كردن به «ئیحته‌مالی وتووێژ» له راستیدا به‌رهه‌می نه‌ریتێكی كۆنسێرڤاتیڤانه‌یه كه هه‌وڵ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و په‌ره‌دانی سامانی سیاسی كۆمه‌ڵگاكه‌ی نادا.
بۆچی ره‌هه‌ندی «موومكین»ی وتووێژ گرنگه؟ ئه‌مه پرسیارێكه كه ره‌نگه لای خوێنه‌رانی ئه‌م ده‌قه بێته ئاراوه. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی وڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه به پێویستی ده‌زانم باسێك له ره‌هه‌ندی «موحته‌میل»ی وتووێژ بكه‌م. به پێی لێكدانه‌وه و ره‌خنه‌ی به‌شێك له چالاكانی سیاسی كه له‌م رۆژانه دا بینیمان، وتووێژ به‌گشتی و ئامانجی رازیكه‌رانه‌ی وتووێژ به تایبه‌تی، له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی ئێستای ئێران دا موحته‌میل نییه. به‌ڵگه‌كانیش بۆ سه‌لماندنی قسه‌كانیان دوو شتی زۆر گرنگ و له‌هه‌مان كاتیش دا راستن، واته: یه‌كه‌م؛ نه‌بوونی پرستیژی دیالۆگ لای رێژیم (گوریله‌كه‌ی هابرماس) و هه‌روه‌ها سیسته‌می سیاسی ئێران كه كاریگه‌ری ئایدیالۆژیكی له‌سه‌ره و له ئه‌نجام دا ئاكامێكی دڵخۆشكه‌رانه‌ی لێ ناكه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش دۆخی لۆجیستیكی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێرانه و ره‌خنه‌گران به گوومانن له‌وه‌ی كه حیزبه‌كان له‌م هه‌لومه‌رجه دا له توانایاندا بێ باڵانسی هێز به قازانجی گه‌لی كورد بگۆڕن. روانگه‌ی ئیحتمالگه‌رایانه‌ی ره‌خنه‌گران له دوو ره‌هه‌نده‌وه جێگای ره‌خنه‌یه: یه‌كه‌م، زۆر رێئالیستیانه‌یه و كه‌متر سه‌رنج به پاڵنه‌ره ده‌روونییه‌كان ده‌دا كه ره‌گی له كۆمه‌ڵگای كوردی دا هه‌یه، واته نه‌بینینی به‌ستێنێكی به‌رفراوانتر له حیزبایه‌تی كه رێژیم زۆر له مێژه ده‌یبینێ و ئاگاداریه‌تی، ئه‌م به‌ستێنه بزووتنه‌وه‌ی ناسنامه‌خوازانه‌ی كورده له ئێران كه به ده‌یان جار خۆی له سولیدارێتی نیشتمانی دا پیشان داوه. ره‌خنه‌ی دووهه‌م ئه‌وه‌یه كه زۆر ئانتاگۆنیتیكه و سروشتی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌به‌رچاو ناگرێ. داوای كورد له ئێران خسڵه‌تێكی مافخوازانه‌ی هه‌یه كه له هه‌ر چه‌شنه سیسته‌مێكی سیاسی دا ئیمكانی دابین ده‌كردنی هه‌یه و ئیتر پێویست ناكا شه‌ری ئایدیالۆژی بكا . كه‌وایه ره‌هه‌ندی موحته‌ملی وتووێژ كردن ده‌بێ و پێویستیشه كه هه‌ماهه‌نگ بێ له‌گه‌ڵ ره‌هه‌ندی موومكینی وتووێژ. ئه‌گه‌ر چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی، به تایبه‌ت له نێوخۆی وڵات، پرسی وتووێژ وه‌ك هوونه‌ری سیاسه‌ت سه‌یر نه‌كه‌ن سروشتییه كه وتووێژ موومكین نابێ. ره‌نگه عه‌قڵانیترین هه‌ڵوێستی سیاسی له نێوخۆی كوردستان، له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌وه بێ كه به پیل پرسی وتووێژی نێوان حیزبه‌كانی كوردستان و رێژیمی ئێران برۆن و كار بۆ چه‌سپاندنی ئیراده‌ی ئیمكانی «وتووێژ» بكه‌ن. گرنگیی ره‌هه‌ندی موومكینی وتووێژ كردن لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه شه‌قامی كورده‌واری، بژاری وتووێژ وه‌ك واقعێكی سیاسی وه‌ها نه‌هادینه بكا و بیسه‌لمێنێ كه خۆ دزینه‌وه له وتووێژ ناموومكین بكا. ئه‌گه‌ر له‌م هه‌ل و مه‌رجه دا و به پاڵپشتی خه‌ڵك و چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێران ناچار به وتووێژ بكرێت، شانسی سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی «موومكینی وتووێژ» زۆرتر ده‌بێ و به دڵنیاییه‌وه له ئه‌گه‌ری نه‌مانی رژیمیش وتووێژ كردن بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه‌ی پرسی كورد، موومكین تر ده‌بێ. كه‌س له پرۆسه‌ی دیالۆگ دا زه‌مانه‌تی مان و مه‌وجودییه‌تی لایه‌نه‌كانی وتووێژ ناكا، چوونكه مانه‌وه یاخۆ رووخانی سیسته‌مه سیاسییه‌كان به‌سراوه‌ته‌وه به ره‌چاو كردنی عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌یفیه‌تی دێمۆكراتیكی ئه‌و سیسته‌مانه. هه‌روه‌ها پێویسته ئاماژه به‌م خاڵه گرنگه‌ش بده‌م كه ئه‌گه‌ر بڕیار بێ رژیم هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پرسی كورد هه‌ڵێنێته‌وه (فه‌رزی مه‌حاڵ) هیچ سیاسه‌تمه‌دارێكی ژیری كورد پشت له وتووێژ ناكا و چاره‌سه‌ریی پرسی كورد هه‌ڵناپه‌سێرێ بۆ دوای رووخانی رێژیم، چوونكه له سبه‌ینێی دوای رووخانی رێژیمی ئیسلامی ئێران، پرسی هه‌ڵپه‌سێردراوی كورد ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ده‌سپێك، ئه‌گه‌ر سه‌رنج به ئه‌جندا و رێتۆریكی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بده‌ین.
تێبینی:
له‌م وتاره‌دا دوو وشه‌ی «موومكین» و «موحته‌میل» نه‌كراوه به كوردی و هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دوو وشه‌یه دوو تێرمی فكرین. پێم وایه به كوردی كردنی ئه‌م تێرمانه له وتارێكی وه‌ها كورت دا كه به‌ستێنێكی شیكاری بۆ ئاماده نه‌كراوه، مه‌به‌ستی نووسه‌ر به باشی ناگه‌یه‌نێ.
وەڵامێک بنووسە