لە پێوەندی لەگەڵ ئینقلابی ١٣٥٧ی ئێران دا
ئەمساڵ ٣٩ ساڵ بەسەر ئینقلابێکدا تێدەپەرێ کە لە گۆشەنیگای جیاوەزە خوێندنەوەی بۆ کراوە و باس لە زەمینەکانی سەرهەڵدانی کراوە. رەنگە هیچکام لەم خوێندنەوانە دەرەنجامێکی رازیکەرانە نەدەن بە دەستەوە،

بەڵام باشترین پێناسەیەک بۆ ئەم ئینقلابە شۆرشی “نەویستن” بوو کە زۆربەی توێژەرانی مێژوویی لەسەری کۆکن. شۆرشی “نەویستن” لە راستیدا شێوازێکە بۆ شرۆڤەکردنی “مەرگی سیستەم”. بۆچی مەرگی سیستەم؟ چوونکە گەلانی ئێران بەدژی سیستەمێک راپەرین کە لە پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێراندا تووشی شکست هات. بۆ تێگێشتن لە چەمکی “مەرگی سیستەم” ناچارین خوێندنەوەیەکی کورت بۆ “سیستەم” بکەین.
چەمکی سیستهم له رۆانگهی تاڵکۆت پارسۆنس (١٩٥٠) بریتییه له بهسراوهییهکی ئۆرگانیکی له نێوان چەند بنسیستهمدا که پێکەوە پێناسهیەکی تۆکمه به کۆمهڵگایەکی سەقامگرتوو دەبەخشن. هاوئاراستەیی لەنێوان بنسیستهمەکاندا “نهزمی کۆمەڵایەتی” لێدەکەوێتەوە و، بۆ ئەوەی ئەم نەزمە بەردەوام و کارا بێ پێویستە هاوتریب، به ئارستهیهکی دیاریکراو و بە شێوەیەکی هەڵسەنگێرانە له جووڵهدا بن. ئەو بنسیستەمانەی کە پارسۆن ئاماژەیان پێدەکا بریتین لە:
١- کولتور[1] کە جیهانبینی مرۆڤە
٢- دامەزراوەکان[2] کە مەیدانی پراکتیکن
٣- کەسێتی[3] کە ئەکتەرانی کۆمەڵایەتین
٤- ئۆرگانیزمی رەفتاری[4] واتە ئەو نیهادانە کە هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی رۆڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری پەروەردە دەکەن (ئەمین نژاد، ٢٠١٠).
پارسۆنس کولتور وەک دینامیزمێکی گرنگ یاخۆ “سیستەمی بروایی” کۆمەڵگا پێناسە دەکا. راستە بنسیستەمی دامەزراوەکان و بەتایبەت ئابووری هۆکارێکی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی پرۆژەکانی مرۆڤ، بەڵام بە بۆچوونی پارسۆنس کەمترین رۆڵی هەیە لە دیاریکردنی ماملە کۆمەڵایەتییەکان. بنسیستەمەکانی دامەزراوە، کەسێتی و ئۆرگانیزمی رەفتاری، لە هەناوی کولتوردا گەشە دەکەن و کارکردی کولتور لە راستیدا مەعریفییە. کەوایە سیستەمێکی زیندوو وابەستە بە تێگێشتنێکی کولتورییە؛ ئەوە کولتورە کە مێتۆدی پەروەردە دیاریدەکا، زەروورەتی نیهاد و دامەزراوەکان بۆ کۆمەڵگا دەرک پێدەکا و مرۆڤی مۆدێڕن پەروەردە دەکا. گەشەی کولتوریی کاریگەریی لەسەر جووڵە و گەشەی بنسیستەمەکانی دیکەش هەیە، بەڵام کاتێ بنسیستەمی کولتور ناچالاک بێ، ئەوا سیستەم بەگشتی دەگاتە هاوسەنگییەکی میکانیکی و لەو حاڵەتەدایە کە بە پێی یاسای دووهەمی تێرمۆدینامیک، مەرگی سیستەم دەردەکەوێ.

محمەد رەزا پەهلەوی لە کتێبی “پاسخ بە تاریخ” (١٣٦٤) باس لە پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران دەکا کە بە “ئینقلابی سپی” ناوەزەد کرا. خەڵکی ئێران لە رێفراندۆمی ٦ی رێبەندانی ١٣٤١، دەنگیان بە پرۆژەیەکی چاکسازی دا کە پێشتر مەجلیسی سێنا و مەجلیسی میللی ئێران دەنگی یەکلاکەرەوەیان پێنەدابوو. ئینقلابی سپی لە راستیدا پرۆژەیەکی ئابووری/ کۆمەڵایەتی بوو و ئامانجەکەی چاکسازی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئێران بوو کە ئەوکات وەک سیستەمێکی فیۆداڵی پێناسە دەکرا. یەکێ لە خاڵەکانی ئەم پرۆژەیە دابەشکردنی زەوی فیۆدالەکان بەسەر رەعیەت بوو کە هەرایەکی گەورەی لێ ساز بوو. دواتر ئایەتوڵا خومەینی کە ئەوکات مودەرسی حەوزەی عیلمیەی قوم بوو، بە دژی دوو خاڵی دیکەی ئەم پرۆژەیە واتە؛ مافی دەنگدانی ژنان و سیستەمی پەروەردە، هەڵوێستی گرت. خومەینی لە نامەیەکدا هۆشداری بە شای ئێران دا کە پرۆژەی چاکسازی لە سیستەمی پەروەردەدا، منداڵی کافر بۆ کۆمەڵگا بەرهەم دێنێ. بەگشتی ئینقلابی سپی لە دوو روانگەی جیاوازەوە کەوتە بەر رەخنە؛ روانگەی یەکەم چەپەکانی ئێران بوون کە پێیان وابوو ئەم پرۆژەیە ئێران بەرەو باوەشی کاپیتالیزم دەبا و، روانگەی دووهەم مەلاکان بوون کە ئەم پرۆژەیان وەک دیاردەیەکی دژەباو پێناسە دەکرد کە هەرەشە لە باوەڕ و نەریتەکانی کۆمەڵگا دەکا.
بەشیک لە توێژەرانی مێژووی ئێران، زەمینەی هاتنەئارای ئینقلابی سپی دەگەرێننەوە بۆ گەڵاڵەی “یەکێتی لە پێناو پێشکەوتندا[5]” کە جان ئێف کێنێدی سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا دارێژەری بوو. تیمی کێنێدی بڕی ٢ ملیارد دۆلاریان بۆ رێگرتن لە شۆرشی جووتیارانی ئامریکای لاتین تەرخان کرد کە ساڵی ١٩٦٠ سەریهەڵدابوو، نیگەرانییەکەیان بۆ ئەوە بوو کە نەکا ئەزموونێکی دیکەی وەک کوبا دووپات بێتەوە. ئەم بودجەیە بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابەش دەکرا کە کاری چاکسازیان لە سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەکرد بە مەبستی لەباربردنی زەمینەی شۆرشی جووتیاری کە هێزە چەپەکان رێبەرایەتیان دەکرد. ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە بۆچوونی کارناسانی ئەوکاتی ئەمریکا زەمینەی وەها راپەرینێکی تێدابوو. کاتێ شای ئێران لە ساڵی ١٣٤٠ سەردانی ئامریکای کرد، پرۆژەی کێنێدی بەهەند وەرگرت و بۆ ئەم مەبەستەش داوای قەرزێکی ٣٥ ملیۆن دۆلاری لە ئامریکا کرد (Ashraf, 1995). ئەمەی باس کرا هۆکاری سیاسی بوو، بەڵام هۆکاری ئابووریش پاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ بنیاتنانی برۆکراسییەکی مۆدێڕن لە ئێراندا، چوونکە وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ سەرمایەگوزاریی لە ئێراندا پێویستیان بەم چاکسازییە هەبوو.
پرۆژەی ئیقلابی سپی ١٩ خاڵی بنەمایی لەخۆ گرتبوو کە وەک “اصول نوزدەگانە” ناوی دەرکرد. بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ ئەم ١٩ خاڵە بەسەر چەند کاتاگۆریدا دابەش بکەین: ١/ نەهێشتنی سیستەمی فیۆدالی، ٢/ پەرەپێدانی خسووسی سازی، ٣/ پرۆژەی عیمارانی و شارنشینی، ٤/ نۆژەنکردنەوەی پەروەردە و ٥/ ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو شتەی کە لەم پلانەدا بە روونی دەردەکەوێ؛ جێگای بەتاڵی پرۆژەی چاکسازیی سیاسییە. رۆڵی گەشەی ئابووری لە بردنەپێشی پلانی گەشە و ئاوەدانیدا نکۆڵی لێناکرێ، بەلام بە پێی بۆچوونی هانتینگتۆن؛ بۆ گەیشتن بە گەشەیەکی پایەدار پیویستە زەمینەی گەشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوریش فەراهەم کرابێ. سیاسەت لە راستیدا ماهیەتێکی کولتوریی هەیە و نەبوونی پلان بۆ چاکسازیی سیاسی بەرچاوگەی گەشەی کولتوریش لێڵ دەکا. گرنگیی سامانی کولتوریی لەوەدایە کە ئینتیما و جیهانبینی کۆمەڵگا دیاریدەکا و ئێمە رەفتارەکانمان، ئایدۆلۆژیەکانمان، رێکاری گەشە، ماف، تەندروستی، عەداڵەت و گشت پرۆژە چاکسازییەکانمان بە پێی ئەو بەها و نۆرمانە دیاریدەکەین و هەڵدەبژێرین کە کولتور پێمان دەناسێنێ. سیاسەت، ئێستاشی لەگەڵدا بێ، لە کولتوری ئێرانیدا هەمیشە بابەتێکی بڤە بووە و هاومانای تیۆری پیلانە[6]. پرۆژەی ئینقلابی سپی بۆ گەشەی کولتور لە راستیدا پەرەپێدانی ستایلێکی مۆدگەرایانە بوو کە رەچاوی بنەما و زەرفیەتە کولتورییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی نەدەکرد. دەوڵەت پەکەیژێکی وەهمیی بە ناوی شارستانیەت ئامادە کردبوو کە لە تەلەفیزۆن، رادیۆ، گۆڤارە رەنگییەکان و کتێبەکانی قوتابخانەدا رووماڵ دەکران و ئامانجەکەشی لە راستیدا پاستۆریزەکردنی ئێران بوو لە سیاسەت و رێالیزمێکی رەخنەگرانە. لەم پەکەیژە کولتورییەشدا هەڵبەت مالیخولیاییەکی رەگەزپەرستانەشی تێدا بوو کە خەونی باڵادەستبوونی مێژوو و نژادی ئێرانی لەهەناوی نەوەی نوێدا نیهادینە بکا و رێگا بۆ هاتنی شۆڤێنیزمی کولتووری خۆش بکا. کاتێ کولتور بەرەو شۆڤێنیزم داکشا، لە نێو رابردووە مالیخولیاییەکانی خۆیدا دەچەقێ، ئەمنیەتی دەکرێ، لە قالبی سانسۆر دەدرێ، لەگەڵ موعاناتی مودێڕندا نامۆ دەبێ و لە ئاکامدا کارکردە دینامیزمییەکەی ناچالاک دەبێ. ئەم پەکەیژە پرسی کولتوری وەها کریستالیزە کردبوو کە خەڵک لە داهێنان دەترسان و بۆ ئەوەی هەست بە دابڕاویی و تەنیایی نەکەن، بەناچاری بوونی خۆیان بەو نۆرمانەوە پێناسە دەکرد کە کۆمەڵگایەکی وەهمی دەیخستە بەردەستیان. مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران لەم بەستێنە کولتورییەوە سەریهەڵدا و زۆر ستروشتییە کە وەها کولتورێک سیستەم بەرەو مەرگ ببا. دەرکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای ئینقلابی ١٣٥٧، زۆر لایەن و بەتایبەت میشێل فۆکۆی پۆستمۆدێڕنیشی رازی کرد کە ئەم ئینقلابە ئینقلابێکی کۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵکە مەرگی سیستەم بوو.

بە پێی بۆچوونی کارل مارکس؛ کاتێ سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەڵایەتی نەتوانن بە شێوەیەکی هاوتریب لەگەڵ هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگا گەشە بکەن یاخۆ رێگر بن، ئەوا ئینقلاب وەک ئەمرێکی زەرووریی دەردەکەوێ. نەبوونی باڵانسی گەشە لە نێوان سیستەمی ئابووری، کولتوریی و کۆمەڵایەتیدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هاوکێشە و ئەگەر بەستێنێکی دێمۆکراتیک لە ئارادا نەبێ بۆ کاردانەوەی هاوکێشەکان، ئەوا نەزمی کۆمەڵایەتی دەشێوێ. ئینقلابی سپی نەک هەر بەستێنێکی دێمۆکراتیکی هەموار نەکرد، بەڵکە ماشینی برۆکراتیکی سەرکوت (ساواک) ئەو هاوکێشانەی لە نوتفەدا خنکاند و مەجالی نەدا کارکردی خۆیان لە کۆمەڵگادا دەربخەن. لە دۆخێکی وەها داخراودا ئیتر ئینقلاب ئەمرێکی ئینتخابی نامێنێ، بەڵکە دەبێتە ئەمرێکی زەرووری و سیستەمێکی مردووش سەرکەوتنەکەی مسۆگەری دەکا.
تیۆریسێنەکانی ئینقلاب، بە مۆدێڕن و کلاسیکیشەوە، باس لە زۆر فاکتۆر دەکەن کە کاریگەرییان هەیە لە سەرهەڵدانی ئینقلابدا، بۆ نموونە: نارازیبوون، ئایدۆلۆژی نوێ، ئانارشیزم، بێنەزمی، گەندەڵی، رۆڵی رێبەر، ئازادی، دادپەروەری و… ئەگەرچی “دەنگۆ” و “درۆ” دوو فاکتۆری دیارن لە گشت ئینقلابەکاندا و زۆر یەک لە توێژەرانی ئینقلاب ئاماژەیان پێداوە، بەڵام وەک هۆکار باسیان لێ نەکراوە. بۆچی هۆکار نین؟ چوونکە درۆ و دەنگۆ دیاردەی نوێ نین، بەڵکە بەشێکن لە نەریتی کۆمەڵایەتی و، سیستەم لەرێگای رەفتارە نادێمۆکراتیکەکانی خۆیەوە زەمینەی دەرکەوتنیان دەرەخسێنێ. ژودیت لازار (١٣٨٣) لەم سۆنگەوە دەڵێ؛ کاتێ خەڵک مەتمانە بە ئامار و دەزگای راگەیاندنی حکوومی نەکەن، دەنگۆ وەک گرنگترین و پڕمەتمانەترین مێدیا دەوری دەبێ. لە رۆژەکانی سەرهەڵدانی شۆرش، کۆمەڵگای ئێران وەها کەوتبووە ژێر سریمەی درۆ و دەنگۆ کە کەس مەجالی هەڵسەنگاندن و نەقدی پێ نەما. هیچ ئیرادەیەک لە نێو رێکخەرانی ئینقلابدا نەبوو بۆ حەرامکردنی درۆ و دەنگۆ، چوونکە گرنگی درۆ و دەنگۆ لە ئینقلابدا ئەوەیە کە بەشێوەیەکی سەرسامهێنەر دەتەقێتەوە. خێرایی ئەم تەقینەوەیە بەرادەیەکە کە مەودای نێوان راستی و درۆ دەشێوێنێ و کەس نازانێ چی راستە و چی ناراستە. یەکەم درۆ لە زاری نۆخبەکانەوە دەردەپەڕێ و کاتێ ئەم درۆیە لە کۆمەڵگادا تەقییەوە و هەمەگیر بوو، سەرەتا خودی نوخبەکان لێیان وەراست دەگەڕێ و دواتر خەڵکی ئاسایی ئیمانی پێدێنن. لە وەها دۆخێکدا درۆ دەبێ بە نۆرم، دەبێ بە ستایلی نوێ، بیری نوێ، کولتوری نوێ و دواجار نەوەی نوێ لە نوتفەی درۆ و دەنگۆدا لەدایک دەبێ. ئەو شتەی کە باس کرا سوونامی ئینقلاب بوو، بەڵام تراژیدیای ئیقلاب لەو رۆژەوە سەرهەڵدەدا کە ئۆپۆزیسیۆن و هێزی گۆڕان، بە هەمان مێتۆد و بە چەکی درۆ و دەنگۆوە هەوڵ بۆ رووخاندن و ریسواکردنی ئینقلاب بدەن. لێرەدایە کە فورموولی {- × – = +} واتە {درۆ × درۆ = ئاسایی بوونی درۆ} کاری خۆی دەکا و کەس دروشم و بەرنامەکانیان بە هەند ناگرن. کەوایە ئینقلابی ١٣٥٧ و نەریتە شوومەکەی کۆتایی نایە ئەگەر “راستی” جێ بە “درۆ” و “دەنگۆ” لێژ نەکا.
رزگار ئەمین نژاد
١١/٢/٢٠١٨
سەرچاوەکان:
١. ئەمین نژاد، رزگار، “خوێندنەوەیەک بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی تاک” (بەشی چوارەم)، ٢٠١٠. بۆخوێندنەوە سەردانی ئەم لینکە بکە: https://roonahy.com/2010/07/27/359/
٢. پهلوی، محمد رضا، “پاسخ به تاریخ”، انتشارات مرد امروز، امرداد ۱۳۶۴.
٣. لازار، ژویدیت، “افکار عمومی”، ترجمە مرتضی کتبی، نشر نی. ١٣٨٣.
- Ahmad, Ashraf, “From the White Revolution to the Islamic Revolution” in Iran after the Revolution: Crisis of Islamic state, (eds) Saeed Rahnama and Sohrab Behdad, London and New york: I.B. Tauris & Co Ltd, 1995, pp. 21-44.
[1] Culture
[2] Institution
[3] person
[4] behavioral organism
[5] Alliance For Progress
[6] Conspiracy theory
وەڵامێک بنووسە