خەونەکانی بەر باران


نازانم بەدەنگی باران بوو لە خەو هەستام یا بەدەنگی شۆڕە شۆڕی شێرەی ئاوەکە، رەنگە ئەو خەونە شوومە دایچڵەکاندووم. نازانم، بەڵام لە بیرمە خەونم دەبینی، خەونێکی یەکجار سەیر. لە خەونەکەما باران دەباری و کەچی هەور بە ئاسمانەوە نەبوو. خۆر بە تاقی ئاسمانەوە وەک تۆپێکی کریستاڵی دەبریسکایەوە و باران تەڕی دەکرد. لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵ هەڵدەهاتم، باران بەخووڕ دەباری، بەدەم رێگاوە گۆرانیم دەچراند، لە خۆشیانا لەبەر ئەو بارانەدا هەڵدەبەزیمەوە و کەچی تەڕ نەدەبووم. زۆر کەیفخۆش بووم، وابزانم لەبەر ئەوە بوو کە بەیانی رۆژی پشوودان بوو. ئێوارانی پێش رۆژی پشوودان هەمیشە دڵخۆشم دەکا. لە خەونەکەمدا شتی دیکەشم بینی، بەڵام ناوێرم باسی بکەم. دایکم دەڵێ: “ئەگەر خەونی ناخۆشتان بینی، بۆ کەسی مەگێڕنەوە. قامکتان بخەنە بەر شێرەی ئاوەکە و بەدەنگێکی نزم خەونەکەتان بگێڕنەوە با ئاو بیبا”. وەها نزم کە تەنانەت بۆخۆشم گوێم لێ نەبێ.

دایکم ئێستا بەسەر شێرەی ئاوەکەدا کۆم بۆتەوە و قامکی گرتۆتە بەر ئاوەکە. ئاوی شێرەکە وەک سەهۆڵ ساردی ساردە. رەنگە قامکی هێندە سڕ بووبێ کە لەبیری چووبێتەوە شیرەی ئاوەکە بگرێتەوە. لەبن خۆیەوە ورتەورتیەتی و وەک سێبەرێکی هەراسان بە ژوورەکەدا دەگەرێ. گوێم لە هیچ نابێ، وابزانم بۆخۆشی دەنگی خۆی نابیستێ. ئەم ماوەیە هەموومان خەونی ناخۆش دەبینین و نیوەشەوان چەندجار رادەچڵەکەین، بەڵام لە ترسی دایکم کەس ناوێرێ خەونەکەی بگێرێتەوە. جاران خەونەکانمان چیرۆکێکی خۆش بوون، نۆرە بەنۆرە بۆ یەکترمان دەگێرایەوە. هێندێجار چیرۆکی خەونەکانمان درێژتر و بەتامتریش دەکرد. خەونگێرانەوەکانی ئەو ساڵانە وەها درێژ دەبوونەوە کە زۆر جار گومانمان دەکرد کە داخوا خەون بوو بینیمان یاخۆ خەونمان دادەهێنا. ئێستا ئیتر ئەگەر بوێرین خەونەکانیشمان بگێرینەوە، لە ترسانا وەهای کورت دەکەینەوە کە خورپە نەچێتە دڵی دایکمان.

شەوان کە لێفەکەم بەسەر خۆمدا دەدا، تەمەننای خەونێکی خۆشم دەکرد کە لە خەونی خوشک و براکانم خۆشتر بێ. تەمای خەونبینین وای لێدەکردین کە زووتر بچینە نێو جێگا، چاوەکانیشمان وەها دەقونجاند کە لەبیرمان دەکرد گڵۆپی ژوورەکە بکووژێنینەوە و دواجار بەو ئاواتەوە خەومان لێدەکەوت. دایکم دەیکوت: “خەو وەک مردن وایە، کاتێ تێدەگەی خەوتووی کە بەئاگا دێیتەوە. دەنا هەر وەک مەرگ وایە، مەرگێکی کاتی”. بەڵام هەموو خۆشییەکانی ئەو مەرگە کاتییە لە خەون بینینەکەیدا بوو. من ئەو کات بڕوام هەبوو خەویش مردنە و دڵنیاش بووم مرۆڤ لەکاتی مەرگدا خەون دەبینێ. خەونی مەرگەسات وەها خۆشە کە مرۆڤ دەسبەرداری نابێ و نایهەوێ بەئاگا بێتەوە. ئێمە بۆیە بەئاگا دێینەوە چوونکە خەونەکانمان بە نیوەچڵی دەبینین، رازی نابین، هەڵدەستینەوە تاکوو شەوێکی دی خەونێکی زۆر زۆر خۆشتر ببینینەوە، لەو خەونانەی تەزووی بەتام ئەدا بە رۆح و وای لێدەکا جەستە جێبێڵێ. دڵنیام ئەگەر رۆژێ خەونێکی وەها خۆش ببینم، قەت ئارەزووی هەستان نەکەم، وەک داپیرە کە لەکاتی گیانەڵادا چاوی لە درگاکە بڕی و کوتی: “رۆڵە حەیا بتانگرێ، ئەوە حاجییە لەبەر درگا وەستاوە، بۆ لەبەری هەڵناستن؟” دواتر چاوەکانی لەسەر یەک دانا و زۆری نەخایاند خەوی لێکەوت، خەوێکی ئەبەدی. ئەو هەموو شین و شەپۆڕ و خۆکوتانەش نەیتوانی لە خەوی هەستێنێ. فێنکایی خەونە خۆشەکەی باپیرم وای لە داپیرەی داماو کرد کە ئیتر ئارەزووی هەستان نەکاتەوە.

ئێستا ئیتر هەر من و دایکم بە ئاگا نین، هەموومان بە دەنگی لێدانی درگاکە داچلەکیوین. خەو لە چاومان پەڕی و دایکم وەک شۆرەبییەکی کز لە نێوەراستی ژوورەکەماندا دەلەرزی و هێزی ئەژنووی نەبوو بچێ درگاکە بکاتەوە. ناڵەی درگا و گرمەی هەورەتریشقە لەو حەوشە تاریکەدا دەنگی دەدایەوە، ترسابووین، زراومان چووبوو. دایکم کوتی: “ئەرێ ئەمشەو کەی رۆژ دەبێتەوە، خوایە گیان؟” منیش لە بن لێفەکە بیرم لەوە کردبۆوە کە بۆچی ئەمشەو هێندە درێژە و بنی نایە؟ زۆر دەترسام خۆر جارێکی دی هەڵنەیەتەوە و خەونێکی زۆر زۆر خۆشی بە شەوەوە بینی بێ کە تەمای هەستانەوەی لەبیر چوبێتەوە. کە درگا کرایەوە، حەوشەکەمان پڕ بوو لە پیاو، پیاوی باڵا بەرز، پیاوی قەڵەو، پیاوی کز، پیاوی سمێڵ زل، پیاوی پیر، پیاوی کورتەباڵا، پیاوی خوساو و پیاوی قوڕاوی. پیاوانی ئاوایی بە پانەوە خۆیان بە حەوشەکەماندا کرد و لەبن ئەو بارانەدا دایکمیان گەمارۆ دا. ئەو هەموو چاوە لە تاریکایی حەوشەکەدا بز بز وەک چاوی گورگ دەبریسکانەوە.

باران دەباری، بەخوڕ دەباری. رەنگە بارانیش خەونێکی خۆشی بە عەرزەوە بینیبێ کە تەمەننای بڕانەوەی نەدەکرد. بە گۆزە دەهاتە خوار و هەورەکان تادەهات چڕتر دەبوون. کە دایکم خۆی بەژوورەکەدا کرد بە خوشکە گەورەکەمی کوت: “ئاگات لەو چەتیوانە بێ، درگا لەکەس نەکەیتەوە!”. ئەوجار دەستی من و براکەمی گرت و بەدوای خۆیدا پەلکێشی کردین. کاتێ لە حەوشە دەرکەوتین هەر شەو بوو، ئەنگووستەچاوێک بوو کە لە تاریکیش تاریکتر بوو و بارانیش تا دەهات تووندتر دەبوو. لەگەڵ ئەو پۆلە پیاوەدا بەرەو جادەکە هەڵگەڕاین و لەوێ سوار دوو دانە “سێ ئێف” بووین. دایکم نەدەگریا و منیش پێم سەیر بوو. تەنانەت ترسەکەشی نەما. وەک کۆخێکی چۆڵ دەچوو دوور لە ئاوایی، کۆخێکی تاریک، کۆخێك پڕ لە سۆزی تەنیایی. لەبەر خۆیەوە دەیکوت: “ئەوە چ خەونێک بوو بینیم خوایە گیان!”

ساڵان چیرۆکەکانیشمان بە خەونەوە دەستی پێدەکرد. کاکە مەم لە خەوندا عاشقی زین بوو، بەڵام خەونەکەی زین بە نیوەچڵی کۆتایی هات بۆیە مەم لە خەو هەستا. خواش زۆرجار دەچووە خەونی پێغەمبەرەکان و قسەکانی خوا بە زمانی خەون دەگێشتە ئیماندارەکان. جارجار خواش دێتە خەونی ئێمە. خەونە خێرەکان خەونی خوایین، بەڵام خۆی پیشانمان نادا، قسەش ناکا، لە شوێنێکی خەونەکانمان هەیە و نییە. سەرم دەرنەدەکرد، گێژ ببووم و نەمدەزانی بۆچی مەرگ و خەو، خەون و خوا، وەها لە یەک نزیکن. حەزم دەکرد لەم کاتەدا خەوم لێ بکەوێتەوە و دونیا لە خەونێکی زۆر زۆر خۆشدا ببینم. خەون بە هەتاوێکەوە ببینمەوە کە وەک تۆپێکی کریستاڵی لەبن باراندا تەڕ دەبێ، من گۆرانی بڵێم، سبەینێش قوتابخانە داخرابێ و ئاسمان هەوری پێوە نەبێ. حەزم دەکرد خەونەکەی ئەمشەو لەسەرڕا ببینمەوە، بەڵام نەگەمە کۆتایی خەونەکە  و بەئاگا بێمەوە.

لە نزیک سنوور ماشینەکان رایانگرت. ئێمەش لەگەڵ ئەو هەموو پیاوە دابەزین و بە کێوێکدا هەڵگەڕاین، رێگایەکی سەخت و هەڵدێرێکی ترسناک بوو و منیش چەند دەترسام. کات بە لارەلار بەرەو رووناکی هەڵدەکشا، بەڵام هەورەکان تا دەهاتن چڕتر دەبوونەوە و بارانیش هەدادانی نەبوو. هەستم کرد وەک خەونەکەم لە بن ئەو بارانەدا تەڕ نابم. چاوم بە ئاسماندا دەگێڕا بەشکەم خۆر وەک تۆپێکی کریستاڵی ببینم کە باران تەڕی دەکا. لە کێوەکە ئاودیو بووین و سەربەرەو خوار داگەراین تا گێیشتینە شیوێکی پڕ لە ئاو. لەودیو شیوەکە کۆڵێک کەوتبوو و لەو تاریکوروونەدا وەک وێرانەی قەڵایەکی چۆڵ دەچوو. شتەکانی بەملاولای کۆڵەکەدا بڵاو ببوونەوە و قوڕاوی بوون. کە نزیکتر بووینەوە چاومان بە پیاوێک کەوت، پیاوێکی هیلاک کە لەتاو ماندوێتی خەوی لێکەوتووە و بەسەر شیوی ئاوەکەدا کەوتبوو. وابازنم خەونی دەبینێ، لەو خەونانەی کە زۆر زۆر خۆشن، تەزووی بەتام ئەدەن بە رۆح، وەک هەڵم سووکمان دەکا و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێین، لەو خەونانەی نیوەچڵ نین و تەمای هەستانەوەمان لێدەبڕێ. بە ئارامی لەسەر دەم راکشا بوو. باسکی وەها درێژ کربۆوە کە دەتکوت قامک بۆ ئاوی شیوەکە دەبا. خاڵیکی تۆخ لەسەر تەختی پشتی دیار بوو و چوار دەوریشی سووری سوور هەڵگەڕابوو، وەک بەشی کۆتایی خەونەکەی دوێشەو؛ لە خەونمدا باوکم لە گۆمێکی خوێناویدا مەلەی دەکرد، بانگی دەکردم، پێدەکەنی و دەیکوت: “وەرە کوڕم، مەترسە. وەرە بۆلای باوکی خۆت با فێری مەلەت بکەم!”

دایکم بە بازێک لە شیوەکە پەرییەوە، چووە سەر کۆڵەکەی باوکم و شتە قوڕاوییەکانی دەوروبەری کۆ کردەوە. کۆڵەکەی دا بە پشتیدا و بە پیاوەکانی کوت: “هەڵیگرن، پەلە بکەن دەی … تا یەکدوویەکی تریان لێ نەکوشتووین”. دایکم نەدەگریا و منیش زۆرم پێ سەیر بوو، نازانم چۆن دەیتوانی ئەو کۆڵە قورسە هەڵگرێ و بەم شاخە سەختەدا هەڵگەڕێ. دایکم ئیتر ئەو شۆڕەبییە کزە نەمابوو کە دوێشەو لە چەقی ژوورەکەماندا هەڵدەلەرزی، ئێستا ئیتر وەک ئەو کاریتەیە دەچێ کە بانی ماڵەکەمانی راگیر کردووە. کاریتەیەکی وشک، رەق، کۆم، بێورتە و تادێ  پیرتر. پیاوەکانیش بە پەلە و بە چوار دەستان باوکمیان هەڵگرت و لێنەگەڕان قامکی بگاتە ئاوی شیوەکە. باران بە لێزمە دەباری، ئێستا ئیتر هەوریش دەباری و ئاوا بڕوا رەنگە ئاسمانیش درزی تێکەوێ و وەک شوشەی شکاو بەسەرماندا هەڵوەرێ. سەرم دانەدەگرت و بەدەم رێگاوە هەر چاوم بۆ تۆپێکی کریستاڵی دەگێڕا لە ئاسماندا کە باران تەڕی بکا، بەڵام هیچ دیار نەبوو.

رزگار ئەمین نژاد

٢٥/١٢/٢٠١٧

 

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

w

Connecting to %s

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: