یادی یەڵدا و کڵاشێکی خوێناوی


کڵاشە خوێناوییەکی شەوی یەڵدا و دووکەڵ و بۆکرۆز و وێرانییەکانی بەردرگای قەڵای دێمۆکرات، تەعبیر لە قوڵاییەکی سادە دەکەن کە زۆر جار بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕ دەبین و هەستێکی کاتی بەلامانەوە جێ دەهێڵن و، روانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمرەنگی لێ هەڵدەگرێتەوە. بەڵام نوسخەی ئورجیناڵی ئەم وێنەیە لە ویژادانی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کەسێتی ئێمەدا دەمێنێتەوە و لەم نیهانخانەیەدا دەبێت بە چرۆی سەرهەڵدانی هاوارێکی نوێ بۆ ئازادی و دادپەروەری.

یادی یەڵدا و کڵاشێکی خوێناوی

ساڵەکان دێن و دەچن و ئەمساڵانەش وەک گشت دیاردە زەمانییەکان، لە دووردەستی بیرەوەریماندا وێنای هەورێکی دوور لە چاوماندا دەنەخشێنن کە دەمێ رەش و گاه سوورن، دەمێ گەش و جاری واشە لێڵن. بەڵام ئەو شتەی کە لەو ساڵانە بەجێ دەمێنن، بیرەوەری و یادەکانن. بیرەوەرییەکان بە تاڵی و شیرینیانەوە، بیرەوەری خۆش بن یاخۆ ناخۆش، بیرەوەری لێڵ بن یاخۆ گەش، وێکڕا دەبن بە  بەشێک لە ناسنامەی ئێمە. دەیڤید هیوم (١٧١١-١٧٧٦) فیلسوفی سکاتلاندی ئاخێزگەی ناسنامەی کەسێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆبەندی بیرەوەرییەکانی تاک و دەڵێت: ئەگەر بیرەورییەکمان نەبوایە قەت نەماندەتوانی وێنای عیلییەت لەلامان چێببێت و لە ئەنجامدا قەت نەمان دەتوانی زەنجیرەی “عیلەت/ مەعلوولیی” روداوەکان و شتەکانی دەوروبەری خۆمان دەرک پێبکەین کە نەفس یاخۆ زاتی بوونی ئێمە پێک دێنن.

بەڵام یەکێک لە کارکردەکانی بیرەوەری ئەوەیە کە لە هەناوی تێتزاوی ئێمەدا دەبن بە چێرۆک. وەک گشت چیرۆکەکانی دیکە لە شەوانی بەر ئاگردان یاخۆ لە ئەنگوستەچاوی سەختەرێگای ژیانماندا دەیانڵێنەوە. دووپاتەکردنەوەی ئەم چێرۆکانە لە راستیدا زیندووکردنەوەی ئەو ناسنامەیە کە هیومی فیلسوف ئاماژەی پێداوە، واتە ناسنامەیەکی بەردەوام کە بەناو ژیانی رۆتینی و ویژدانی کۆمەڵایەتیماندا رۆدچن و لەو نیهانخانەیەدا دەبن بە توخمێکی ئەبەدی بۆ بەرهەمهێنانەوە و شین بوونی ناسنامەی نەوەکانی دوای خۆمان.

فەزای چیرۆک، ئەگەر قارەمانی تێدا نەبوو، لە راستیدا لە چێژی گێرانەوە بەتاڵ دەبێ. قارەمان و چیرۆک هەمیشە تەواوکەری یەکترن. ئەگەر چیرۆک نەبوایە کێ دەیزانی قارەمانەکان چ رەنگ و بۆنێکیان هەیە و، ئەگەر قارەمان لە ئارادا نەبوایە تۆ بڵێی چیرۆک بیانوویەکی دەبوو بۆ گێڕانەوە؟ دیاریکردنی قارەمان لە چیرۆکی رێئالیستیدا کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی، یاخۆ سەیروسەمەرە نییە کە جیاوازییەکی فانتازیکی لەگەڵ کەسانی ئاسایدا هەبێت. چیرۆکی رێئالیستی قارەمانەکانی خۆی لە نێوان خەڵک، لە هەر فەزایەکدا کە قابلی دەرک بێت، هەڵدەبژێرێت و ئەم کەسە لەراستیدا نموونەی گشت هاوچەشنەکانی خۆیەتی و وابەستە بە کۆمەڵگایەکە کە لەودا دەژیت. ئەم کەسە رەنگە نموونەیەکی بەرجەستە و کارامە بێت لە نێو هاوچەشنەکانی خۆیدا، بەڵام کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی نییە. چوونکە ناسنامەی کەسێتی لەم گۆشەنیگایەوە، بریتییە لە ناسنامەی زەمیری وشیاریی کە بە پێی زەمان لە وجودی تاکدا نیهادینە دەبێت و شکل دەگرێت. بە واتایەکی دیکە تاک لەرێگای ئەو بیرەوەریانەی کە لە هزر و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیدا رەگی داکوتاوە، پێوەندیی لەگەڵ ناسنامەی بەردەوامی خۆیدا دروست دەکات.

ئێستا ساڵێک بەسەررووداوەکەی شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٩٥دا تێدەپەڕێ و، منیش بەدیار چیرۆکێکەوە دانیشتووم. چیرۆکێک کە لە بیرەوەری مندا قوڵاییەکی سادەی جێ هێشتووە. قوڵایی سادەی زەمەنە تیژتێپەڕەکانی ژیان کە لەچەند چرکەدا مەعنا پەیدا دەکەن و بە خێراییش لەبیر دەچنەوە. وەک گشت ئەو وێنانەی کە بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕدەبین و هەستێکی کاتی لەلامان چێدەکەن. ئەو زەمەنانەی کە روانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمرەنگیان لێهەڵدەگرنەوە و زۆرجار بەبێ ئەوەی هەستێکمان تێدا چێبکەن، بەپەنایاندا تێدەپەڕین. بەڵام ئەم بیرەوەرییە کاتییە ئێستا لە هەناوی مندا بووە بە ناسنامە و رەنگە بۆ وێناکردنی ئەو قوڵاییە سادەیە هەر هوونەر و بەرهەمێکی ئەدەبی بتوانێ باشاری بکا.

گرینگی بەرهەمی ئەدەبی و هوونەری لێرەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە مانا بەم قووڵاییە سادەیە دەبەخشێت. ئەم ساتە تیژتێپەر و لە هەمان حاڵدا پڕ لە مانایانە، بە پێی زەمەن لە نیهادی ناوشیاری هوونەرمەند و نووسەردا دەبن بە زەمینەسازکەری بەرهەمێکی هوونەری و، لەوەها دۆخێکدایە کە خوێنەر پێوەندیان لەگەڵدا دروستدەکات و بە سووڕمانەوە لەم ساتە تیژ تێپەڕیوانە رادەمێنێت کە رەنگە بە دەیانجار بە پەنایاندا تێپەڕ بووبێت، بەڵام دەرکی پێنەکردبێت.

زۆرجار وێنەیەک، وێنەیەکی سادە کە هیچ مەبەستێکی هوونەری تیدا نەبووبێ، وێنەیەک کە رەنگە ویستبێتی تەعبیر لە رێپۆرتاژێک بکا، لە چاوی کامێرایەکەوە دەردەپەرێ کە دواجار دەبێ بە میتافۆری هاوارێکی خنکاو. کڵاشە خوێناوییەکی شەوی یەڵدا و دووکەڵ و بۆکرۆز و وێرانییەکانی بەردرگای قەڵای دێمۆکرات، تەعبیر لە قوڵاییەکی سادە دەکەن کە زۆر جار بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕ دەبین و هەستێکی کاتی بەلامانەوە جێ دەهێڵن و، روانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمرەنگی لێ هەڵدەگرێتەوە. بەڵام نوسخەی ئورجیناڵی ئەم وێنەیە لە ویژادانی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کەسێتی ئێمەدا دەمێنێتەوە و لەم نیهانخانەیەدا دەبێت بە چرۆی سەرهەڵدانی هاوارێکی نوێ بۆ ئازادی و دادپەروەری.

ئێستە بە دیار ئەم وێنەیە و لە قوژبنێکی ئەم جیهانە سڕ و بێدەنگ و بێ بەزەییەوە، بیر لەم قوڵاییە سادەیە دەکەمەوە. ئەم قوڵاییە سادەیە دەبێت بە بیرەوەری و لە چیرۆکێکی دیکەدا ئەژیتەوە و قارەمانەکانیشی وێنا و تەوسیفێکی رێئالیستن لە هاواری کورد. نازانم بۆ چی لەم ساتە وەختەدا پڕ بە دڵ حەز دەکەم عەلی قۆیتاسی لەلام بوایە بڵێ: رزگار! فەندەکت پێییە سیگارێکیشم پێ بدەی؟ بە دڵنیاییەوە هیچیانم پێ نەدەدا بۆ ئەوەی بەهانەیەک بێ تاکوو عەلی هەموو رۆژێ ئەم پرسیارەم لێ بکا و منیش قەت نەیدەمێ.

رزگار ئەمین نژاد

٢١/١٢/٢٠١٧

 

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: