دیپلۆماسیەتی ئاژاوە ئەگەر توانیویەتی کۆسپ بخاتە سەر رێگای گەشەسەندوویی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران، ئەوا توانیویەتی دەستێکی باڵای هەبێ لە شێواندنی سەقامگرتوویی و ئیفلیج کردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە دەرەوەی سنوورەکانیشی. ئەم ئەجیندایە پێمان دەڵێ کە رێژیم ئامادە نابێ بچێتە نێو پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆنی دیپلۆماسی کە ئاکامی “دەوڵەتی خۆشبژێوی” و پابلیک دیپلۆماسی لێدەکەوێتەوە، بەڵکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ بەهێزکردنی مۆدێلی “دەوڵەتی زێرەڤان” دەدا و لەم میانەیەدا هێژمۆنیای جەنگسالاران تاکە میکانیزمێکە کە رێژیم بە هێندی دەگرێ.
دیپلۆماسیی ئاژاوە و هێژمۆنیای جەنگسالاران
ئەگەر دیپلۆماسی وەک ئەو جۆرەی لە تیۆرەکانی زانستی سیاسیدا هاتووە، کارکردێکی ماملەگەرا و هاوپێوەندیسازکەر بێ لە نێوان دەوڵەتاندا، ئەوا ناچارین مێژووی داهێنانی دیپلۆماسی بگەرێنینەوە بۆ یەکەم نیشانەکانی چێبوونی ناکۆکی لە نێوان گرووپە مرۆییەکان. رەنگە بەدواداچوونێکی وەها و پێناسەیەکی دیاردەناسیانە لەمەڕ دیپلۆماسی مەبەستی ئەم وتارە نەبێ، بەڵام بۆ تێگێشتن لە دیپلۆماسی پێویستمان بە کۆنتێکستێکی تیۆریکە. زەروورەتی وەها کۆنتێکستێک لەوەدایە؛ کاتێ باس لە دیپلۆماسی دەکەین دەبێ روونی بکەینەوە مەبەستمان لە چ جۆرە کارکردێکی دیپلۆماتیکە. چەمکی دیپلۆماسی وەک زۆربەی دیاردەکانی دیکە تووشی رەوەندێکی دایکۆتۆمیک بووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەکرێ باس لە دوو رای جیاوز لەمەڕ کارکردی دیپلۆماسی بکەین. یەکەم بۆچوون؛ دیپلۆماسی وەک پرۆسەیەکی هاوپێوەندیسازکەر پێناسە دەکا و بۆچوونی دووهەم؛ دیپلۆماسی وەک ئامێر دەناسێنێ. هەر لەم سۆنگەوە بڕایان وایت (٢٠٠١) دیاردەی دیپلۆماسی بەسەر دوو روانگەی “مایکرۆ” و “میکرۆ” دا دابەش دەکا. پێناسەی مایکرۆ؛ هەمان بەرچاوگەی سیاسەتی جیهانییە کە لە رێگای مێکانیزمەکانی پێوەندیی سازکردن هەول بۆ چارەسەریی کێشە و ناکۆکییەکان دەدا. ئامانجی وەها دیپلۆماسییەک سازدانی تەعاموولێکی دیمۆکراتیک و مەدەنییە لەنێوان دەوڵەتاندا، بەچەشنێ کە خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دەوڵەتانە نەگاتە ئەنجامی شەر و، دواجار نەبێتە هۆی هەرەشە بۆ سەر “ئاشتی” کە ئەجندای سەرەکی سیاسەتی جیهانییە. بەڵام پێناسەی میکرۆ؛ پێوەندیی هەیە بەو دەوڵەتانەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان لەدوای بەرژەوەندییەکانیان دەگەڕێن. دیپلۆماسی لەم گۆشەنیگایەوە وەک ئامێر یاخۆ دەرفەتێک پێناسە دەکرێ کە لە پەنای هەرەشەی چەکداریدا هەوڵ بۆ وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی دەدا.
دوابەداوای کۆتایی هاتنی شەری سارد، دیاردەی دیپلۆماسی دەچێتە نێو قۆناغێکی دیکەوە. ئەگەر کارکردی کلاسیکی دیپلۆماسی سازدانی پێوەندییەکی رەمزاوی و ماملەی نەهێنی لە نێوان دیاردەی {دەوڵەت ـ دەوڵەت} بوو، ئەوا ئێستا دیپلۆماسی لە پارادایمێکی دیکەدا شرۆڤە دەکرێ. یەکێک لە نیشانەکانی وەها پارادایمێک دامەزرانی کۆمەڵگای مەدەنی و دێمۆکراتیزەبوونی دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەوڵەتانەیە کە ناچارن رەوایی خۆیان لە شەفایەت و بەرسەڤایەتی[1] لە حاند رای گشتیدا بسەلمێنن. ئەم پارادایمە بە پێی بۆچوونی بڕایان وایت، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ گۆڕانێکی بنەرەتی لە ستروکتووری دیپلۆماسی و نەخشەرێگای کاری دیپلۆماتیک دا. لە باری ستروکتورییەوە ئێستا ئیتر مەبەست لە دیپلۆماسی لەم سەردەمەدا ماملەیەکی شەفاف و وڵامدەرانەیە لەنێوان دیاردەی {دەوڵەت ـ کۆمەڵگای مەدەنی ـ دەولەت}. بێگوومان نەخشەرێگای وەها دیپلۆماسییەک پرسی خۆشبژێوی هاوڵاتیان دەخاتە کانوونی خۆیەوە و ئیتر لەمە بەدوا دیپلۆماسی دەچێتە خزمەت گەشەسەندوویی “ئابووری، کولتوری و سیاسی” هاوڵاتیان. ئەرکی دیپلۆماسی مۆدێرن بە بۆچوونی بڕایان وایت، ئیتر بەهێزکردنی “دەوڵەتی زێرەڤان” نەماوە کە بە هێزی ژاندارم و بە دیدێکی پۆلیسییەوە ئاگای لە ئەمنیەتی سنوورەکانی و گیانی هاوڵاتیان بێ، بەڵکە نەخشەرێگای دیپلۆماسی مۆدێرن لەخزمەت تەعاموولێکی مەدەنییە لەنێوان دەوڵەتان و هەروەها هەوڵ بۆ بە دیاردەکردنی “دەوڵەتی خۆشبژێوی” دەدا کە بەرپرسیاریەتییەکی زیاتری لە ئەستۆیە بۆ ژیان و کەرامەتی هاوڵاتیانی. ئەم پارادایمە ئێمە لەگەڵ دیاردەیەکی دیکەدا ئاشنا دەکا بە ناوی پابلیک دیپلۆماسی یاخۆ دیپلۆماسی گشتی.

هانس تاچ (١٩٩٠) کاتێ باس لە پابلیک دیپلۆماسی دەکا، پێناسەیەکی تەعاموولگەرا دەدا بە دەستەوە. واتە سازدانی دیالۆگ بۆ تێگێشتن لە ئیدەئالەکان، ئامانجەکان، کولتوور و هەروەها سیاسەت. کاری دەوڵەت لەم زەمینەیەدا بە بۆچوونی هانس تاچ، سەرەتا گرنگیدان بە شەفافیەت و بەرسەڤایەتییە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆی و، دواتر چێکردنی تەعاموولێکی دیپلۆماتیکە لەنێوان نیهادە مەدەنییەکانی نێوخۆ و نیهادە مەدەنییەکانی هەندەران. ئەم رەوەندە لە خۆیدا دەوڵەتەکان بەرەو شێوازێک لە سیاسەتکردن پاڵ پێوەدەنێ کە بە نووپۆلیتیک[2] بە ناوبانگە، واتە دەوڵەتەکان لە سیاسەتی دەرەوەدا رەچاوی هەمان یاسا ئەخلاقی و نۆرمە کولتوورییەکان دەکەن کە لە وڵاتی خۆیان نیهادینە کراوە. لە وەها دۆخێکدا سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بە پێی کاراکتێر یاخۆ تایبەتمەندیی “کولتوری / سیاسی” وڵاتەکەیان پێناسە دەکرێن و دەبن بە خاوەنی مێتافور یاخۆ وێنەیەکی رەفتاریی لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا. بۆ نموونە سیمبول و نەخشەرێگای سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژ لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دیاریکراوە: ١/ ئاشتی ٢/ مافی مرۆڤ و ٣/ ژینگەپارێزی. ئەم سێ خاڵە پێناسەی سیما و بەرچاوگەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی نوروێژ دەردەخا. کاتێ رای گشتی بزانن دەوڵەت لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لەم پرەنسیبانە لایداوە، ئەوا دەوڵەت ناچارە وڵامدەر بێ.
دیپلۆماسی مودێڕن دیاردەیەکە لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی جیهانییەوە سەری هەڵداوە و لەرێگای تەکنۆلۆژیای مودێڕنەوە مەیدانێک بۆ گۆڕینەوەی زانیاریی و سازدانی هاوپێوەندی فەراهەم دەکا. لەم میانەیەدا دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان، ئینجیۆ، هێزە پاڵنەرەکان، ئەنجوومەن و دەزگا تەخەسووسییەکان باشترین رۆڵیان هەیە لە هاوپێوەندیسازکردن لەگەڵ نیهادە هاوشێوەکانی هەندەران و، هەروەها وەک بەشێک لە پرۆژەی سیاسەتی دەرەوەی وڵات هەوڵ بۆ دەسەبەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و کولتوورییەکان دەدەن.
پێناسەکردنی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، کارێکی سادە نییە. هەڵبەت دوو خوێندنەوەی جیاواز هەیە بۆ تێگێشتن لە سیاسەتەکانی دەرەوەی رێژیم: یەکەم؛ خوێندنەوەیەکی تایپۆلۆژیکە و بەشێک لە توێژەران کاریان لەسەر کردووە کە لە کتێبخانەکان و بە تایبەت لە سایتەکانی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمدا دەست دەکەون و زۆر فۆرمالیتەن. کاتێ کاری ئەم توێژەرانە لە پەنای کردەوە سیاسییەکانی رێژیم دابنێین ئەوا هەست بە پارادۆکسێکی زۆر جیددی دەکەین. خوێندنەوەی دووهەم؛ رەوەندێکی شرۆڤەکارانەیە کە چاودێرانی سیاسی لەرێگای شکاندنی رەمزە رەفتارییەکانەوە پەردە لەسەر ئامانجە شاراوەکانی سیاسەتی دەرەوەی رێژیم هەڵدەدەنەوە. خوێندنەوەی دووهەم ئەگەرچی خوێندنەوەیەکی ئۆبژەکتیڤ نییە، بەڵام کاتێ لەگەڵ کردەوە سیاسییەکانی رێژیمدا بەراوەرد بکرێن، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کارکردی دووهەمی دیپلۆماسی کە پێشتر باسمان کرد لە سیاسەتەکانی دەرەوەی رێژیمدا بەرچاو دەکەوێ؛ واتە رێژیم دیپلۆماسی وەک ئامێر سەیر دەکا کە شان بە شانی باڵی نیزامی کار بۆ ئامانجە سیاسەییەکانی دەکا. هەڵبەت ئەم میکانیزمە تەلفیقییە؛ واتە دیپلۆماسی و شەر، لە هەموو حاڵەتێکدا کار ناکا گەر سەرنج بە قسەکانی ئایەتوڵا خامەنیی بدەین کاتێ باس لە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی نیزام دەکا. ئێمە لەگەڵ دوو وتەزای ناکۆکی خامەنەیی واتە: “دیپلۆماسی هێرشبەرانە” و “نەرمی نواندنی قارەمانانە” بە باشی ئاشناین و دەزانین سیاسەتی دەرەوەی رێژیم تا ئەو جێگایەی کە بۆشایی هێز و سیاسەتی زلهێزەکان لە ناوچەدا مەیدانی پێدەدا، لەسەر بنەمای دیپلۆماسی هێرشبەرانە دەچێتە پێش و دیپلۆماتەکانیش لە راستیدا فەرمەندەرانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامین. هەروەها دەزانین کە لە سیاسەتی دەرەوەی رێژیمدا شتێک بەناوی ململانەی راستەوخۆ لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی ئۆروپایدا بەدی ناکرێ و، کاتێ رێژیم دەگاتە ئەو حاڵەتە بە شێوەیەکی قارەمانانە نەرمی دەنوێنێ!
لێرەدا ئەم پرسیارە بەرز دەبێتەوە کە لەم دیسکۆرسە ناکۆکەدا رێژیم لەدوای چی دەگەڕێ؟ بێگوومان ریژیمە دیکتاتۆرەکانیش ناچارن تا رادەیەک ششەفافیەت لە سیاسەتەکانیاندا بنووێنن و لە هێندێ حاڵەتیشدا بەرامبەر بە رای گشتی وڵامدەر بن. ئەو شتەی تا ئێستا رێژیم بە بەردەوامی پێداگری لێکردووە و وەک ستراتیژی کاری لەسەر دەکا؛ پرسی “پاراستنی نیزام” و “هەناردەکردنی ئینقلابی ئیسلامییە”. کەوایە کاتێ ئێمە بمانەوێ نیشانەشناسییەکانی دیپلۆماسی رێژیم دەرک پێبکەین، پێویستە شیکاریی ئەم ستراتیژییە بکەین و ئیمکانەکانی سەرخستنی وەها ستراتیژییەک بناسین. سەبارەت بە “پاراستنی نیزام” رای جیاواز لەنێو باڵەکانی رێژیمدا هەیە، بەڵام ئەو شتەی تا ئێستا خامەنەیی مکووڕی لێکردووە راگرتنی “دۆخی ئینقلابییە”. هەڵبەت وتەزای “دۆخی ئینقلابی” قۆناغێکی کاتیی پێش بنیاتنانی “دۆخی مەدەنییە”. پێداگریی خامەنەیی لەسەر پاراستنی دۆخی ئینقلابی لە راستیدا نکۆڵی کردنە لە دامەزرانی کۆمەلگای مەدەنی. سەرکوت کردنی چالاکانی مەدەنی لەلایەن سپا و ناوەندە ئەمنیەتییەکان نموونەیەکی زیندوون بۆ رەواندنەوەی ترسی رێژیم لە دامەزرانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران. سەبارەت بە پرۆژەی “هەناردەکردنی ئینقلاب”، ئەمرۆ ئیتر کەم کەس هەیە بەچاوی گوومانەوە سەیری وەها پرۆژەیەک نەکا. ئەو شتەی لە سیاسەتەکانی دەرەوەی رێژیمدا بەرچاو دەکەوێ، نەک پرۆژەی هەناردەکردنی ئینقلاب بەڵکە راگرتنی باڵانسی هێزە بە دژی سەقامگرتوویی و دامەزرانی سیستەمێکی مەدەنییە لە ناوچەکەدا. لەکاتی راپەرینە مەدەنییەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و بەهاری عەرەبی، مانۆری دیپلۆماتە جەنگسالارەکانی رێژیم بۆ راگرتنی پارسەنگی هێز لە دژی بزاڤە مەدەنییەکان لەچاوی کەس بزر نەبوو. دەستێوەردانەکانی رێژیم لە سوریە، ئەفغانستان، لوبنان، یەمەن، عێراق و هەرێمی کوردستان، پڕدیارترین نموونەی دیپلۆماسیەتێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە نرخێکی گرانی بۆ بدا.
رەنگە وڵامی پرسیارەکەمان لە گرەوی شکاندنی رەمزی رەفتارشناسیانەی سیستەمێکی سیاسی بێ کە ئەمرۆ وەک مێتافور و سیمبولی ئاژاوەگێڕیی لە رۆژهەلاتی ناڤین ناسراوە و کەرامەتی تاکی ئێرانی بریندار کردووە. دیپلۆماسیەتی ئاژاوە ئەگەر توانیویەتی کۆسپ بخاتە سەر رێگای گەشەسەندوویی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران، ئەوا توانیویەتی دەستێکی باڵای هەبێ لە شێواندنی سەقامگرتوویی و ئیفلیج کردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە دەرەوەی سنوورەکانیشی. ئەم ئەجیندایە پێمان دەڵێ کە رێژیم ئامادە نابێ بچێتە نێو پرۆژەی مۆدێرنیزاسیۆنی دیپلۆماسی کە ئاکامی “دەوڵەتی خۆشبژێوی” و پابلیک دیپلۆماسی لێدەکەوێتەوە، بەڵکە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ بەهێزکردنی مۆدێلی “دەوڵەتی زێرەڤان” دەدا و لەم میانەیەدا هێژمۆنیای جەنگسالاران تاکە میکانیزمێکە کە رێژیم بە هێندی دەگرێ.
رزگار ئەمین نژاد
١٥/ ١١ / ٢٠١٧
سهرچاوهكان:
Hans N Tuch ; Marvin Kalb ( Author ) [ Communicating with the World: U.S. Public Diplomacy Overseas Institute for the Study of Diplomacy By Aug-1990 Paperback
White, Brian. (2001). “Diplomacy”, in John Baylis and Steve Smith (Eds.), The Globalization of World Politics: An Introduction to International Relations. Oxford: Oxford University Press
[1] Responsibility
[2] Noopolitik
وەڵامێک بنووسە