وەك ئاشكرایە ژانری چیرۆك چونكە پەیوەندییەكی بنەڕەتی بە هونەری گێڕانەوەوە هەیە، بۆیە ژانری چیرۆك لە زۆربەی ژانرەكانی دیكەی نووسیندا بوونی هەیە. ئاخر لە ژیان خۆی چیرۆكێكی درێژە، یان ئەگەر بەڕوانگە ئایینیەكانەوە لە ژانری چیرۆك بڕوانین، ئەوە ژیان بە سەفەرێكی كورت دەچوێنن. دیارە ژیانی هەر یەكێكیشمان بۆ خۆی چیرۆكە، بۆیە لە چیرۆك لە زۆربەی ژانرەكانی دیكەی ئەدەبیاتدا هەیە و هەندێك ژانر تەنانەت بەبێ ڕەگەزی چیرۆك ناتوانێت بژیت. بۆ نموونە: كام شانۆنامە هەیە ڕەگەزی چیرۆكی تێدا نەبێت؟ ئایا دەچێت بیرەوەریی بنووسینەوە و ڕەگەزی چیرۆك بوونی نەبێت؟ ئایا كام ڕۆمان هەیە خوێنەر بەر چیرۆك نەكەوێت؟ ئاخر زۆرجاران شیعرێكی كورتیش چیرۆكێكی درێژی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. كەواتە دەپرسین: چیرۆك چییە؟
تەوەری چیرۆک
دیمانەی هەفتەنامەی رووداو؛ پاشکۆی ئەدەب و كولتوور، لەگەڵ رزگار ئەمین نژاد.
سازدانی غەمگین بۆڵی
غەمگین بۆڵی: چی یارمەتی چیرۆكنووس دەكات، تاوەكو بتوانێت چیرۆكێكی باش بنووسێت؟ مەرجی چیرۆكێكی باش بەلای تۆوە چییە؟
رزگار ئەمین نژاد: پەیامی هەمیشەیی چیرۆک لە راستیدا ئەوەیە کە پێمان بڵێ ئێمە لە جێگای خۆمان نین، واتە ئەو شوێنە ئەخلاقییەی کە شیاوی مرۆڤە. کەوایە یەکێ لە مەرجەکانی چیرۆکنووسین ماملەکردنە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی. کاری چیرۆکنووس لەراستیدا دۆزینەوەی لابڕ یاخۆ رێچکەیەکی گوونجاوە بۆ تەبایی نانەوە لە نێوان ئەم بوون و نەبوونە. مەرجی چیرۆکێکی باش بەلای منەوە دۆزینەوەی وەها سێنتێزێکە کە بێگوومان بە زمانی هوونەری خۆی دەردەخات.
غەمگین بۆڵی: ئەوە زمانە یان تەكنیكە كە شێوازی چیرۆك دیاری دەكات؟ ئایا لە رێگەی زمانەوە بەر ئەزموونێكی نوێی تەكنیك دەكەوین؟
رزگار ئەمین نژاد: هەڵبەت زمان لە چیرۆکدا شتکی سەربەخۆ نییە بەڵکە بەشێکە لە تەکنیک. لە سۆنگەی شێوازی چیرۆکەوە وا باشە باس لە ستروکتوور بکەین چوونکە ستروکتوور چوارچێوەیەکی بەرفراوانترە کە زمان، تەکنیک، شێوازی چیرۆک و تەنانەت چیرۆکنووسیش لە خۆی دەگرێ و هەروەها دوورنمای بەرهەمی هوونەریش دیاریدەکا. کەوایە کاتێ باس لە شێواز دەکەین پێویستە رەچاوی دیالێکتیکی “کولتوور/ سترووکتوور” بکەین.
چیرۆکیش وەک گشت دیاردە مرۆییەکان بەرهەمی مامڵەی کۆمەڵایەتییە و زۆر سرووشتییە ئەویش گرفتاری چوارچێوە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بێ و چیرۆکنووس تووشی قەیرانی نیگای هوونەریی بکا. زۆرجار هەستدەکەین شێوازی چیرۆک تووشی نسکۆ یاخۆ دابڕانێکی هوونەریی بووە و لە خۆمان دەپرسین: گرفتەکە چییە؟ لە راستیدا گرفتی ستروکتوورە. ستروکتوور یەکێکە لەو پرسیارە کۆنانە کە لە سەرەتای هاتنە ئارای زانستی کۆمەڵایەتییەوە گرنگی پێدراوە و تەنانەت لە دونیای هوونەریشدا قورسایی خۆی هەیە. کۆمەڵناسەکان لە روانگەی جیاوازەوە مامڵەیان لەگەڵ ستروکتوور کردووە، بۆ نموونە مارکس بڕوای بە شکاندنی ستروکتوور و داهێنانی سترووکتوورێکی مۆدێڕن بوو، بەڵام کۆمەڵناسەکانی دوای مارکس پێیان وابوو ئەمە خوولانەوەیە بە دەوری بازنەدا چوونکە بەم چەشنە ناگەینە کۆتایی ستروکتوور. ئانتۆنی گیدێنز (١٩٨٦) پێی وایە ستروکتوور شتێکە کە مانا بە ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە دەدا وەک زمان کە لە کاتی نووسین و دەربڕیندا بە شێوەیەکی سینتاگماتیک دەردەکەوێ و ئەکتەرەکان لەو چاورچێوەیەدا گمەی کۆمەڵایەتی دەکەن، لەوەها دۆخێکدا مرۆڤ لە رێگای کولتوورەوە چاکسازی لە ستروکتووردا دەکا. لەروانگەی “دەسەڵات ـ تەوەری” مارکس و نیگای “کولتوورـ تەوەری” گیدێنز دا هۆکارێکی سەرەکی لەبەرچاو نەگیراوە کە دواتر مارگارێت ئارچێر (١٩٩٥) ئاماژەی پێدەدا، واتە هۆکاری مرۆیی. تاکەکان لەرێگای “پێوەندیی بەهەڵکەوت [1] ” رۆڵێکی چاکسازیانەیان لە ستروکتووردا بۆ دەرەخسێ. ئارچێر لەم پێوەندییەدا باس لە کاریگەریی “گفتوگۆی دەروونی [2] ” دەکا، هەڵبەت گفتوگۆی دەروونی جیاوازی هەیە لەگەڵ مۆنۆلۆگدا چوونکە گفتوکۆی دەروونی لەسەر بنەمای کۆگنێتیڤ دامەزراوە و مرۆڤ دەتوانێ لەم رێگایەوە زەمینەی کۆمەڵایەتی و بنەمای کولتووری خۆی بەباشی بناسێ و دواجار بڕیار لەسەر مانەوە یاخۆ چاکسازی لە ستروکتور بدا.
زمان و تەکنیک لە چیرۆکدا وەک دیالێکتیکی ستروکتوور/کولتوور وایە، ئەو شتەی کە دەبێ شێوازێکی نوێ دیاری بکا لە راستیدا گفتوگۆی دەروونیی چیرۆکنووسە. چیرۆکنووس پێویستە چاوێکی وردبین و گوێیەکی هەستیاری هەبێ تاکوو دیاردەکان و وردەکارییەکانی جیهانی دەروە ببینێ و ببیسێ، دواتر لە هەناوی خۆیدا گفتوگۆیان لەسەر بکا و دواجار ئەم تەعاموولە کۆگنێتیڤییە، خۆی لە خۆیدا شێوازی چیرۆکیش دیاری دەکا.
غەمگین بۆڵی: ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی چیرۆكی كوردی بدەینەوە، دەبینین هەندێك لە چیرۆكنووسان گوتە و ڕستەی تەمومژاوییان خستۆتە ناو چیرۆكەكانیانەوە كە زۆرجار هونەری گێڕانەوەی چیرۆكەكانی ئاڵۆز كردووە. ئایا تۆ ئەمە بۆچی دەگەڕێنییەوە؟
رزگار ئەمین نژاد: ئاڵۆزی لە زماندا پێوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بە ئاڵۆزی هزر و دەروونی نووسەر. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم ئاڵۆزییە لە وڵامی پرسیاری پێشوودا باسی لێکرا، واتە نەبوونی گفتوگۆی دەروونی. بەڵام میکانیزمی شەرم و وەهمی مێتافیزیک دەتوانن دوو هۆکاری دیکە بن کە من هەوڵدەدەم بە کورتی ئاماژەیان پێبدەم.
کاتێ باس لە شەرم دەکەین بێگوومان باس لە رەوەندێکی سایکۆلۆژیانە دەکەین کە فرۆید لە تیۆری” ئێگۆ” و “سوپێر ئێگۆ”دا باسی لێکردووە. شەرم لە روانگەی فرۆیدەوە ئەو قۆناغەیە کە تاک لە نێوان “من” (ئیگۆ) و “بان من” (سوپێر ئێگۆ) دا رادەوەستێ. مەبست لە “بان من” ئیلتیزامە کۆمەڵایەتییەکانە کە لەسەرەتای منداڵییەوە لە هەناوی ئێمەدا رەگ دادەکوتێ، کاتێ لێکچوونەکان بە پێچەوانەی پێوەرەکانی “بان من” بن، ئەوا دیاردەی شەرم سەرهەڵدەدا. نۆربێرت ئێلیاس، کۆمەڵناسی ئاڵمانی کاتێ باس لە رەوەندی چێبوونی کەسایەتی لە کۆمەڵگای نەریتی دەکا، ئاماژە بە میکانیزمی شەرم دەدا و دەڵێ؛ کۆنترۆلی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەهێزکردنی شەرم لەراستیدا سوپێر ئێگۆی کۆمەڵگای نەریتییە. مەبەست لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان؛ بنەماڵە، گەرەک، شار، مزگەوت، قوتابخانە و تەنانەت دەسەڵاتی سیاسیشە. “من” لە کۆمەڵگای نەریتیدا دەبێ هەمیشە ئاگاداری ئەوە بێ کە لە سنووری ئەو شەرمانە لانەدا کە “بان من” بۆی دیاریی کردووە چوونکە دەرکەوتنی رەهەندە ناشرین و دژەباوەکان، “من” وێران دەکا و لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی هەرەشە بۆ سەر شەرافەتی خەلکانی دیکەش. بەم چەشنە یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزی زمان لە چیرۆکدا رەنگە لە میکانیزمی شەرمدا خۆی ببینێتەوە، واتە نووسەر لەترسی شکاندنی شەرم پەنا بۆ شکاندنی چەمک دەبا.
دونیای مودێڕن توانیویەتی تا رادەیەکی زۆر دوالیزمی ریئالیتی و فانتازی پێکەوە ئاشت بکاتەوە و لە ئەنجامدا ریئالیزمی ئەدەبی تێکەڵ بە تێگێشتنێکی ئیگزیستانسیالیستی بکا. لای ئێمە هێشتا چیرۆکنووسمان هەیە کە چاو و گوێی بەسەر جیهانی دەوروبەریدا داخستووە و چاوی لە تاریکستانەکانی ئاسمان بڕیوە و بە تێروانینێکی مێتافیزیکییەوە لەو بۆشستانەدا، لە دوای خۆی دەگەرێ. لە وەها دۆخێکدا زۆر سرووشتییە کە رستە و گوتەی چیرۆکەکانیان تەمومژاوی بن.
غەمگین بۆڵی: ئایا ئەدەبی پۆستمۆدێرن كاریگەریی بەسەر چیرۆكی كوردی دروستكردووە، یان چیرۆكی كوردی چۆن خۆی ئاوێتەی ئەدەبی پۆستمۆدێرن كردووە؟
رزگار ئەمین نژاد: با سەرەتا پرسیار لە خۆمان بکەین کە هوونەری پۆستمۆدێڕن بۆچی سەریهەلدا؟ هومێد پەیامێکی گرنگی مۆدێرنیزم بوو، بەڵام ئەم هومێدە جەهەندەمێکی ترسناکی بۆ مرۆڤ دروستکرد. زیگمۆند باومان (٢٠٠٥) دەڵێ: پەیامی مۆدێرنیتە ئەوە بوو کە جیهان لەو شتە ناپاکانە خاوێن بکاتەوە کە گرێ دەخەنە بەردەم “شارەستانیەت” و “پێشکەوتن”. هەڵبەت شارستانیەت و پێشکەوتن وەها تیۆریزە کرابوو کە وەک ئایدۆلۆژیای سەدەی بیستەم پێناسە دەکرا. پرسی سڕێنەوە ئامانجی نوخبەکانی سەدەی بیستەم بوو بۆ کۆتایی هێنان بە دژەکولتوور. ئەم رەوتە خزمەتێکی گەورەی بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی [3] ئەوتۆریتەی نوخبە کرد. پۆستمۆدێڕنیزم بۆیە سەریهەڵدا تاکوو کۆتایی بە کولتووری ئەوتۆریتاری نوخبە بێنێ و هوونەر دێمۆکراتیزە بکا، واتە کۆتایی بە ئایدیای دژەکولتوور هێنا و پارسەنگی نێوان کولتوری نوخبە و کولتوری گەلی [4] پاراست. ئەمە وایکرد کە ئەدەب چیدی لە دیوەخانی نوخبە و کولتوری باندەستدا نەژی، بەڵکە بەرەو شەقام و کۆڵانەکان داگەرێ و لەخزمەتی ئەو هاودژییەدا بێ کە چینی باندەست خەریکبوو دەیسڕییەوە. یەکەم شت کە هوونەری پۆستمۆدێڕن کردی ئەوە بوو کە لە جەغزی میکانیزمی شەرمدا نەما. دووهەم شت ئەوە بوو کە دیاردەگەلی نێو شەقامی گشتی کرد بە سووژە، واتە ئەو واقعە سادانە کە نوخبەکان وەک دیاردەی دژەکولتوور سەیریان دەکرد. سێهەم شت ئەوە بوو کە لە رێگای سادەکردنەوەی زمانەوە پاوانی زمانی نوخبەیان شکاند.
لەباری فێمۆنۆلۆژییەوە چیرۆکی کوردی مەودایەکی زۆری هەیە لەگەڵ پۆستمۆدێرندا، چوونکە کۆمەڵگای ئەدەبی کوردی زەمینەی وەها هاودژییەکی کولتووری بۆ فەراهەم نەبووە کە لە وڵاتانی مۆدێرندا روویدا. بۆ نموونە چیرۆکی کوردی زۆر بە کەمی هەوڵیداوە خۆی لە میکانیزمی شەرم لادا و موعاناتێکی ئێگزیستانسیالیستی بۆ شەرم بەرهەم بێنێ. چیرۆکنووسی کورد هێشتا هەر گرفتاری کۆنترۆڵی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانە و هەوڵی نەداوە کە بەستێنێک بۆ هاودژی کولتووری فەراهەم بکا. بەڵام لەباری فۆرمەوە ئێمە نیشانەکانی پۆستمۆدێڕن لە بەشێک لە چیرۆکەکاندا دەبین و ئەمەش زۆر ئاساییە، چوونکە فۆرمی چیرۆک وەک تێکنۆلۆژیا وایە و سەردەم بەسەرماندا دادەسەپێنێ.
غەمگین بۆڵی: ئایا ڕەخنەی كوردی توانیویەتی لەگەڵ هەڵزنانی چیرۆك بە باڵای گێڕانەوەوە، هەنگاو بنێت؟
رزگار ئەمین نژاد: جێگای بەتاڵی ناوەندێکی ئاکادێمی بۆ رەخنە و نرخاندن لای ئێمە زۆر دیارە. ئەمە قسەی من نییە، بەڵکە بۆچوونی زۆربەی هوونەرمەندان و ئەدیبانی کوردە. ئێمە وەک دیاردەیەکی کەسی ماملە لەگەڵ رەخنەدا دەکەین. یەکێ لە تەنزە سەیروسەمەرەکانی رەخنەی ئەدەبی ئەوەیە؛ کاتێ رەخنەگر چیرۆک یاخۆ رۆمانێک دەنرخێنێ، چیرۆکنووس ولامی دەداتەوە و تەنانەت لە هێندێ حاڵەتدا هەڵوێستی گرژی لێدەکەوێتەوە. نووسەری کورد فیرنەبووە کە کاتێ چیرۆک کەوتە دەست خوێنەر، ئیدی ئەو چیرۆکە هی چیرۆکنووس نەماوە بەڵکە هی خوێنەرە و، خوێنەریش مافی خۆیەتی چۆن ئەو چیرۆکە هەڵسەنگێنێ. ئەم چەشنە ماملەکردنە لەگەڵ رەخنەگردا پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بە روانگەی ئێلیاس لەمەڕ میکانیزمی شەرم. نووسەری چیرۆک وەک بەشێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵدەدا هۆکارێک بێ لە میکانیزمی شەرمدا و، لە رێگای کۆنترۆڵی شەرمەوە دۆخەکە بەرەو ئەو ئاقارەدا ببا کە بەلای شەرافەتی ئەودا نەشکێتەوە.
تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ژمارە ٣٧ی پاشکۆی کولتوور و ئەدەب لە هەفتەنامەی رووداو دا بڵاو کراوەتەوە.
[1] Causal relation
[2] Internal conversation
[3] Re Production
[4] Popularcoltor
وەڵامێک بنووسە