رکوودی سیاسی لەخۆیدا مەترسی نییە، چوونکە هەر دیاردەیەکی کاتیی، تا ئەو کاتەی رێگای چارەسەریی بۆ هەبێ، شانسی دەربازبوونیشی هەیە. بەڵام یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر رکوودی سیاسی، بەهێزکردنی رەوتی ئاکسیۆماتیکە کە لەم وتارەدا هاتە بەر باس و هەروەها داننەنان بە رکوود و دابەزینی ئاستی تۆلێرانسی نیهادە سیاسییەکانە لەهەمبەر رەخنەگرتن دا. ئەم دۆخە نەک هەر یارمەتی بە دەربازبوون لە رکوود نادا بەڵکە زەمینەی قەیران و دواتر شکستی سیاسی بۆ نیهادە سیاسییەکان خۆش دەکا.
رکوودی سیاسی
پێشەکی
کارل مارکس دەڵێ هەر سەردەمێک کۆمەڵێ پرس لە گەڵ خۆیدا دێنێ کە توانای چارەسەرکردن یاخۆ وڵامدانەوەی بۆ هەبێ. هەڵبەت سەردەم یاخۆ دەوران لە روانگەی مارکسەوە دیاردەیەکی میکانیکییە کە لە کۆنتێکستی ماتریالیزمی دیالێکتیکی دا دەرک پێدەکرێ، بەڵام هاوتریبب بوونی “پرس” و “سەردەم” (مسئلە و زمان) جیاواز لە بۆچوونی ماتریالیزمیانەی مارکس، بابەتێکی ئیمپێریکە و ئێمە لە ژیانی رۆژانەدا بەردەوام تاقییان دەکەینەوە. بۆ نموونە کاتێ باس لە پرسی ژینگە دەکەین، لە راستیدا باس لە گرفتێک دەکەین کە پێوەندیی بە ئێستامانەوە هەیە و لە رێگای کولتوورسازی، دامەزراندنی دەزگا و رێکخراوەی ژینگەپارێز و هەروەها هوشیاریی مەدەنیەوە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەدەین. ئەگەر ژینگە گرفتی ئەمرۆ نەبێ، بە دڵنیاییەوە ئامێر و ئیرادەی جیددیش بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ژینگە لە ئارادا نابێ. ئەم نموونەیەی کە باسی لێکرا لە خۆیدا باس لە پێوەندییەکی دیالێکتیکیی دەکا لەمەڕ دیاردەی “پرس” و “سەردەم”، بەڵام لەم میانەیەدا “چارەسەریی” وەک پارامێترێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە پێویستە سەرنجی تایبەتی پێبدەین. ئەگەر دیاردەی پرس و سەردەم دوو دیاردەی عەینی بن، ئەوا چارەسەریی دیاردەیەکی زەینییە. بە واتایەکی دی پرس و سەردەم دوو دیاردەن کە ئێمە لەگەڵیان دەژین، دەیانبینین، دەرکیان دەکەین و تەنانەت تا رادەیەکیش ئاگاییمان لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانیان هەیە، بەڵام بۆ دیتنەوەی چارەسەریی ئێمە پەنا بۆ شێوازی جیاواز دەبەین و هەر کەس یاخۆ لایەنێک بە پێی روانگەی خۆی و بە پێی توانایی خۆی لەدوای چارەسەریی دەگەڕێ.
یەکێک لەو دیاردانەی کە سەردەم لە گەڵ خۆیدا دەیهێنێ، دیاردەی رکوودی سیاسییە [1]. هەڵبەت دیاردەی دیپراشێن هەمیشە لە دوای دەورانی گەشە و زیندووییدا دێت و لە زۆر بواری جیاوازدا دەکار هاتووە، بۆ نموونە لە سایکۆلۆژی، ئابووری، سیاسەت و هتد. لە سایکۆلۆژیدا پرسی دیپراشێن پێوەندی بە خەمۆکی یاخۆ دۆخێکی ئانۆرمالەوە هەیە کە رەنگە پێوەندیی بەم بابەتەوە نەبێ، بەڵام لە بواری ئابووری و سیاسیدا دیپراشین بە “رکوود” پێناسە دەکرێ و لە وشەی “راکد” وەرگیراوە کە بەمانای راوەستان یاخۆ چەقین هاتووە، هەڵبەت لە زمانی کوردیشدا زۆرجار سوود لە وشەی “نسکۆ” وەرگیراوە. کاتێ لە باری ئاماژەناسی و تێرمینۆلۆژییەوە سەیری چەمکی رکوودی سیاسی بکەین، دەبینین کە وێکچوونێکی زۆر هەیە لە ماناکردنی ئەم دوو دیاردەیە. بۆ زیاتر شیکردنەوەی چەمکی رکوود هەوڵ دەدەم سەرەتا درگای باسێکی تێرمێنۆلۆژیانە لەمەڕ رکوودی ئابووری بکەمەوە و دواتر لەباری چەمکناسییەوە پێناسەی رکوودی سیاسی بکەم. لە بەشی دووهەمی ئەم وتارەدا باس لە کۆنتێکستی هاتنەئارای رکوود و هەروەها هۆکارەکانی رکوودی سیاسی دەکەم، دواتر هەوڵی چارەسەریی رکوودی سیاسی دەخەینە بەرباس و لە کۆتاییدا زۆر بەکورتی دواوتەی ئەم وتارە پێشکەش دەکرێ.
تێرمینۆلۆژی رکوود
کاتێ لە زانستی ئابووریدا باس لە رکوود دەکرێ، مەبەست لە تەعاموولی نێوان بەرهەمی ئابووری و بازاڕی ئابوورییە. رکوودی ئابووری باس لە دۆخێکی ئابووری دەکا کە بەهۆی زێدەبەرهەمهێنانی کارخانەکان پێکدێ، واتە کارخانەکان کالایەکی زۆر بەرهەم دێنن لە کاتێکدا بازار لەگەڵ کەمبوونی مشتەریدا بەرەورووە. لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵێ دیاردەی وەک وەستانی بەرهەمهێنان، داخرانی کارگە و کارخانەکان و بێکاریی بەدوایدا دێ کە دواتر کاریگەریی لەسەر ئابووری وڵات دەبێ. ئەم قۆناغە بە پێی بەراوردی ئابووریناسان، قۆناغێکی کاتییە کە لە چەند مانگ تێناپەڕێ و دواتر لە رێگای سیاسەتی ئابوورییەوە رێکار بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە دیاریی دەکرێ کە یەک لەوانە زیادکردنی بودجە بۆ بووژاندنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی بێکارییە.
سەبارەت بە رکوودی سیاسی ئێمە پێناسەیەکی تۆکمە یاخۆ چەمکێکی مێتۆدۆلۆژیک شک نابەین، هەر بۆیە کاتێ باس لە رکوودی سیاسی دەکرێ، ئاماژە بە دوو دیاردە دەکرێ؛ یەکەمیان باس لە بێجووڵەیی سیستەمی سیاسی دەکا و ئەوەی دیکە باس لە خەمساردی شارومندان دەکا لەهەمبەر ژینگەی سیاسی و چارەنووسی وڵاتەکەی دا. هەڵبەت کاری لێکۆڵەرێکی سیاسی گەڕان بەدوای ئەو هۆکارانەیە کە دەبێتە هۆی پاسیڤبوون و خەمساردیی ئەندامانی کۆمەڵگا و هەروەها لەدوای وڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەرێ کە بۆچی خەڵک لە حاند گۆڕانکاریە سیاسییەکان و سیستەمی دەسەڵاتدا چاو دەنووقێنن. ئەمەی کە ئاماژەی پێکرا روانگەی “کۆمەڵگا- تەوەر” بوو، بەڵام روانگەیەکی دیکە لەمەر رکودی سیاسی لە ئارادایە کە پێوەندیی بە “نیهادی سیاسییەوە” هەیە، واتە ئەو بەستێنەی کە تەعاموولی نێوان تیۆر و کردەوەی سیاسی تێدا دیاریی دەکرێ و بەشێوەیەکی کلاسیک حکومەت، بزووتنەوە، حیزب یاخۆ کلۆبە رۆشنبیرییەکان لەخۆی دەگرێ. کاتێ باس لە تیۆر دەکەین مەبەستمان لە ئەندێشەی سیاسییە کە لەو نیهادانەدا بە شێوەیەکی ئازاد، لەسەر بنەمای رەخنە و نرخاندن پەسەند دەکرێ و وەک بەرنامەی سیاسی پێشکەس دەکرێ. مەبەست لە کردەوەی سیاسیش تێگەیاندن و پەروەردەکردنی کادر و ئەندامی حیزبییە کە لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی حیزبەکەیدا چالاکیی سالم و شەفاف دەکا بۆ بردنەپێشی سیاسەتەکانی حیزبەکەی. یەکێ لە مەرجەکانی کردەوەی سیاسی ئەوەیە کە ئەندام و کادێرانی ئەو حیزبە لەسەر بەرنامە سیاسییە پەسەندکراوەکانی حیزبەکەی ساغ بووبێتنەوە و لەنێوان ئەندێشە و کردەوەی سیاسییاندا هەست بە ناکۆکی نەکرێ.
بەگشتی رکوودی سیاسی لەباری فێمێنۆلۆژییەوە وێکچوونی لەگەڵ رکوودی ئابووریدا هەیە، بەڵام لەباری کارتێکەرییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ رکوودی ئابووری. کاردانەوەکانی رکوودی سیاسی وەک رکوودی ئابووری دیار و خێرا نین، واتە ئەگەر حیزبێکی سیاسی لە وڵاتێکدا تووشی رکوود بێ، سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو وڵاتە زۆر درەنگتر و هێمنانەتر هەست بە کاردانەوەکانی رکوودی سیاسی دەکەن و لە زۆر حاڵەتدا رەنگە بەیسێکی سیاسی یاخۆ حیزبێکی دی بە ئەجندای نوێ و دروشمی تازەوە شانسی هێژمۆنی خۆی لە کۆمەڵگادا تاقی بکاتەوە.
ئاماژەناسیی رکوودی سیاسی
زۆر سرووشتییە کاتێ پێناسەی دیاردەیەک دەکەین، بە شێوەیەکی وێرایی باس لە نیشانەکانی ئەو دیاردەیەش بێتە ئاراوە. لەم وتارە و لە کاتی پێناسەکردنی رکوودی سیاسیدا ئاماژەمان بە هێندێ لە نیشانەکانی رکوودیش کرد، بەڵام لەم بەشەدا هەوڵدەدەم زۆر بە کورتی باس لەو نیشانانە بکەم کە رکوودی سیاسیی بەدوای خۆیدا دەهێنێ. پێشتر باس لە دوو زەمینەی جیاواز کرا کە رکوودی سیاسی تێدا پێکدێ. یەکەم؛ چۆنایەتی ماملەکردنی کۆمەڵگا لەگەڵ نیهادە سیاسییەکان بوو، واتە خەمساردی کۆمەڵ لەهەمبەر بڕیار و پەسەندنامە سیاسییەکان. دووهەم؛ رکوودی سیاسی لە نێو نیهادی سیاسیدا بوو، واتە ئەو شوێنەی کە تەعامول لەنێوان تیۆر و کردەوەی سیاسیدا رێکدەخرێ. سەرەتا باسێکی کورت لەمەڕ ئاماژەناسییەکانی زەمینەی کۆمەڵایەتی دەکەم و دواتر دەچمە سەر پرسی رکوود لە نیهادە سیاسییەکان دا.
١- زەمینەی کۆمەڵایەتی رکوود
لە پێوەندیی بە کاردانەوەی رکوود و چۆنایەتی رکوودی سیاسی لە ئاستی کۆمەڵگادا تیۆر و بابەتی زۆر هەیە کە لەم وتارە کورتەدا ناپرژێینە سەر گشتیان. بۆ ئەوەی خۆ لە ئاڵۆزیی بەحسێکی ئینتەزاعی رزگار بکەین هەوڵدەدەم ئەم وتارە بە ئاراستەی سیمپلیتیک یاخۆ سادەکردنەوەدا ببەم. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵدەدەم باس لە مەجالەکانی دەرکەوتنی رکوودی سیاسی لە دوو کۆنتێکستی جیاواز و دوو مۆدێلی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا بخەمە بەر باس کە لەم وتارەدا من بە “کۆمەڵگای ئەوتۆریتی” و “کۆمەڵگەی رێفلێکسیڤیتی” پێناسەیان دەکەم. کۆمەڵگەی ئەوتۆریتی کۆمەڵگایەکی میکانیکییە کە رەوتی پەروەردە چ لە ئاستی میکرۆ (واتە نیهادی بنەماڵە کە تایبەتمەندیی باوکسالارانەی هەیە) و چ لە ئاستی ماکرۆدا (واتە پەروەردەی نیشتمانیی کە تایبەتمەندی دیسپۆتیزمی هەیە) لەسەر بنەمای ئەوتۆریتی یاخۆ ئیقتەدارگەرایی بنیاد نراوە. کۆمەڵگای رێفلێکسیڤ کۆمەڵگایەکی ئۆرگانیکییە کە ئازادی تاک و مافی هەڵبژاردنی تاک دەستەبەر دەکا. بەراوردکردنی ئەم دوو کۆمەڵگایە لە راستیدا بە مانای هەڵسەنگاندنی کەیفییەتی ئەم کۆمەڵگایانە نییە، بەڵکە مەبەستمان ئەوەیە کە ئەگەری رکوودی سیاسی بە شێوەیەکی رێژەیی لە هەردوو کۆمەڵگادا هەیە و هەوڵدەدەین لە میکانیزمەکانی رکوود لەم دوو کۆنتێکستە جیاوازەوە تێبگەین.
١-١ کۆمەڵگای ئەوتۆریتی
ئەدۆرنۆ و دورکهایمێر (١٩٤٧) لە روانگەی سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتییەوە خوێندنەوەیەکی سیستەماتیکیان بۆ کۆمەڵگای ئەوتۆریتی و سیستەمی هیژمۆنیکی بنەمالە کردووە و هەروەها کارتێکەریی ئەو سیستەمە لەسەر ماملەکردنی تاک و دەسەڵاتیان خستۆتە بەر باس. هەڵبەت لەم میانەیەدا ساختاری سیستەمی پەروەردە و فێرکردن وەک میکانیزمێک رۆڵی تایبەتی هەیە لە راڤەکردنی پێوەندیی نێوان تاک و دەسەڵاتی سیاسیدا. بە پێی بۆچوونی تایپۆلۆژیانەی ئەدۆرنۆ و دورکهایمێر، کاراکتێری تاکی ئیقتەدارگەرا (واتە ئەو کەسەی لە کۆمەڵگایەکی ئەوتۆریتیدا پەروەردە دەبێ) کاراکتێرێکی هاوشێوە و یەکسانیان هەیە کە هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و بەشێوەیەکی رەمەکی لەگەڵ رەوتەکاندا دەرۆن. یەکێکی دیکە لە کاراکتێرەکانیان ئەوەیە کە زۆر سازشکار و خۆپارێزن و لەژێر سێبەری دەسەڵاتدا هەوڵ بۆ پاراستنی نۆرم و رێسا هەنووکەییەکانی کۆمەڵ دەدەن. ئەم کاراکتێرانە لە خۆیدا باس لە ترس و نیگەرانییەک دەکەن کە لە کەسایەتی ئەواندا نیهادینە دەبێت و ئێمە لە کاتی هەڵوێستەکردنی تاکی ئیقتەدارگەرادا بەروونی دەیانبینین. کاتێ لەم وتارەدا باس لە “ترسی نیهادینەکراو” دەکرێ لە راستیدا مەبەست لە ساختارێکی زەینییە بۆ کۆنترۆڵ کردن. لێرەوە هەوڵدەدەم دیاردەی ترسی نیهادینەکراو و دەرکەوتەکانی بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا پۆلین بکەم:
- ترسی نەهادینەکراو و پاساوی عەقڵانی: لەوەها دۆخێکدا تاکی ئیقتەدارگەرا ناکارامەیی خۆی لە ژێر سێبەری هێزی دەسەڵاتدا دەشارێتەوە. بە واتایەکی دی هەوڵدەدا دەسەڵات بەرادەیەک گەورە و بەهێز پێشان بدا کە پاساو بۆ بێهەڵوێستی خۆی بێنێتەوە و لە ئەنجامدا خۆی لە لە ژێر قورسایی ویژدانی کۆمەڵایەتیدا رزگار بکا. بۆ نموونە یەکێک لەو پاساوانە کە بەردەوام لە زاری تاکی ئیقتەدارگەراوە دەبیسترێ ئەمانەن: “ئەو هەمووە هەوڵە درا چی بە چی کرا؟ لەم دەسەڵاتەدا هیچ ناگۆڕدرێ! کێ گوێ بە داوای خەڵک دەدا؟ و …”
- ترسی نەهادینەکراو و خۆرێخەری: ترسی نیهادینەکراو لەم قۆناغەدا زۆر خۆپارێزانەیە و خۆی لە کەیفییەتی هەڵوێستەکردنی تاکی ئیقتەدارگەرادا دەردەخا. واتە کاتێ تاکی ئیقتەدارگەرا بەتەمایە نارازیبوونی خۆی دەرببڕێ یاخۆ داواکارییەکی هەبێ، لەدوای خاڵی هاوبەش یاخۆ ناسنامەی هاوبەش لەنێوان خۆی و دەسەڵاتدا دەگەڕێ تاکوو بەم چەشنە شرعییەت بە نارازییبوون یاخۆ داواکەی خۆی بدا. تاکی ئیقتەدارگەڕا تەنانەت توانای خۆ سەپاندن یاخۆ سەلماندنی خۆی وەک ناسنامەیەکی جیاواز نییە، بەڵکە هەوڵدەدا خۆی وەک پاژێکی لاواز لەنێو چارەنووسێکی گشتیدا پێناسە بکا. بۆ نموونە کاتێ منداڵ داواکارییەکی هەیە لە باوکی، هەوڵدەدا خێر و شەڕی داواکەی خۆی و توڕەبوونی باوکی هەڵسەنگێنێ. لەوەها دۆخێکدا دەبێ یا چاوپۆشی لە داواکارییەکەی بکا یاخۆ بە چەشنێک هەڵسوکەوت بکا کە نەبێتە هۆی توڕەبوونی باوکی.
- ترسی نیهادینەکراو و قارەمانپەروەری: لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتیدا، تاکی ئیقتەدارگەرا، تەناهی و ئاسایشی خۆی لە پشت کەسایەتییەکی بەهێز یاخۆ قارەمانێکدا دەبینێتەوە. کاتێ کەسایەتییەکی بەهێز هەڵوێستە دەکا، بە سەدان هەزار تاکی ئیقتەدارگەرا لە پشت سەریەوە دێنە مەیدان. بەڵام کاتێ قارەمان یاخۆ کەسایەتی بەهێز لە مەیداندا نەما، مەیدانەکەش لەگەڵ نەمانی ئەودا چۆڵ دەبێ. هەڵبەت ئەگەر لە هێندێ هەلومەرجدا قارەمان لە ئارادا نەبوو، هەوڵدەدەن بوونی خۆیان بە کۆمەڵێ رووداوە بەرجەستە بکەنەوە کە لای دەسەڵاتی سیاسیی بڤە نەبێ. بۆ نموونە پشتیوانیکردن یاخۆ خۆخەریککردن بە هێندێ رووداوی لاوەکی و ئازایانە کە لە وڵاتانی دەوروبەریان روودەدا و من وەک “فانتازیای بەتالیی” ناوی دەبەم.
باسکردن لە رکوودی سیاسی یاخۆ چالاکیی سیاسی لە کۆمەڵگای ئەتۆریتیدا لەراستیدا وەهمییە، چوونکە هیچ شەفافیەتێک یاخۆ کاری مەیدانیی لە ئارادا نییە تاکوو ئامارێکی باوەرپێکراو لەمەڕ بەشداری سیاسی خەڵک بەدەستەوە بدا و لە ئەنجامدا حوکم لەسەر چالاک بوون یاخۆ رکوود بدەین. چوونکە بەپێی ئەو پێناسە تایپۆلۆژییەی کە پێشتر ئاماژەی پێدرا ئێمە نازانین خەت یاخۆ بەرنامەی سیاسی چلۆن لە وەها کۆمەڵگایەکدا پراکتیزە دەکرێ، چوونکە بە هۆی دۆخی سایکۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایانە، تەما و ئارەزووە سیاسییەکانی خەڵک هەمیشە بە نەهێنی دەمێنێتەوە و تەنیا لە دۆخی گونجاودا خۆیان دەردەخەن. یەکێک لە هۆکارەکان رەنگە مودیریەتی ناکارامەی سیاسی بێ کە هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێژمۆنی دەسەڵات دەدا، واتە سیستەماتیک کردنی بڕیاری سیاسی لە پلەی سەرەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوە. ئەم چەشنە مودیریەتە نە خاوەن ئیرادەی سیاسییە و نە گوێ بە ئیرادە و دەنگی گەل دەدا. بەڵام ئەگەر ئێمە خەمساردی وەک نیشانەی رکوودی سیاسی لەبەرچاو بگرێن ئەوا ناچارین پشت بەو تیۆرانە ببەستین کە لە سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتیدا رەهەندەکانی کۆمەڵگای ئەوتۆریتی پێ شرۆڤە دەکا. هەڵبەت لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت نیهادە سیاسییەکان رۆڵی بەرچاویان هەیە لە دیسان بەرهەمهێنانەوەی ئەم دۆخە. چوونکە دروشم و بەرنامەی سیاسی بەشێک لە نیهادە سیاسییەکان لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتیدا بەپێی سایکۆلۆژی ئەو کۆمەڵگایە دادەرێژرێ و کاری پێدەکرێ. لە وەها کۆمەڵگایەکدا چەمکی قارەمان هەمیشە بەرجەستە دەکرێتەوە، چاوپۆشی لە پۆلۆرالیزمی کولتوری و فرەناسنامەیی دەکرێ و هەروەها هەوڵدەدەن کۆدەنگییەکی پاسیڤ بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن کە تاک ناچاربێ بەردەوام لەدوای خاڵی هاوبەش لە نێوان خۆی و دەسەڵاتدا بگەڕێ بۆ دیسان نیهادینەکردنەوەی ترس.
١-٢ کۆمەڵگای رێفلێکسیڤیتی

ئانتۆنی گیدێنز (١٩٩٧) بۆ پێناسەکردنی “سێنمۆدێڕنیزم” (واتە؛ دواقۆناغی مۆدێرنیزم. گیدێنز باوەڕی بە پۆستمۆدێرنیزم نەبوو) باس لە سێ ئیندێکس دەکا کە بریتین لە: ١- کەلێنی زەمان- مەکانی، واتە مرۆڤ وەک سەردەمی پێشمۆدێرن دەروەستی کات و شوێن نەماوە. ٢- دابڕان لە ئاخێزگە؛ واتە دابڕانی تاکی سێنمۆدێرن لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و هەروەها دەرباز بوون لە قۆرغ و چوارچێوە لۆکالییەکان کە لە ئەنجامدا خۆی لە خانەی جیهانیبووندا دەبینێتەوە و ٣- رێفلێکسیڤیتی. من لەم وتارەدا هەوڵمداوە کۆمەڵگای سێنمۆدێڕن لە چەمکی رێفلێکسیڤیتیدا کورت بکەمەوە چوونکە خاڵی یەکەم و دووهەم بە شێوەیەکی رێژەیی لە کۆمەڵگای پێشمۆدێڕندا هەن و بە بۆچوونی بەشێک لە رەخنەگەرانی گیدێنز ئەو دوو دیاردەیە دەرەنجامی گولوبالیزمی ئابوورین و سروشتییە کە ناتوانن ئیندێکسێکی پایەدار بن بۆ پێناسەکردنی سێنمۆدێڕنیزم. بەگشتی ئەم سێ چەمکە کە گیدێنز وەک سێ فاکتۆری گرنگ بۆ شرۆڤەی هۆکاری خێرایی سێنمۆدێڕنیزم ناوزەدیان دەکا، لە هەناوی خۆیدا باس لە ترسێکی نیهادینەکراویش دەکەن کە لەباری ئانتۆلۆژییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ ترسی نیهادینەکراو لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتی دا.
رێفلێکسیڤیتی (باز اندیشی) یەکێکە لەو چەمکانەی کە گیدێنز لە تیۆرەکانی خۆی لەمەڕ مۆدێرنیزم دەکاری هێناوە. لە راستیدا مەبەست لە رێفلێکسیڤیتی پێداچوونەوە و دیسانخوێندنەوەیە، واتە تاکی سەردەمی سێنمۆدێڕن بەهۆی خێرایی زانیاری، ئازادی رادەربڕین، مافی هەڵبژاردن و فرەئەلتەرناتیڤی، بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی نوێیە بۆ گشت کردەوە کۆمەڵایەتییەکان و هزر و تێگێشتنەکانی سەردەمی خۆی. ئەم پێداچوونەوەیە ئاستی تاک، ئاستی نیهادەکان و هەروەها ئاستی تەعامولی نێوانی تاک و نیهادەکانیش دەگرێتەوە (هەڵبەت مەبەست لە نیهاد بنەماڵەیە، خوێندنگەیە، رێکخراوە و حکوومەتە). لە وەها دۆخێکدا پرسی مەتمانە، ترس، ئاسایش و تەناهیی خۆی لە فۆرمێکی دیکەدا پێناسە دەکاتەوە و چیدی ئەم پرسانە بە نەریت، ئایین یاخۆ ئایدیالۆژییەوە پێناسە ناکرێن. بۆ نموونە پرسی “مەتمانە” بە پێی بەڵێندانی (تعهد) تاک لەهەمبەر بەرپرسایەتی مەدەنیدا یاخۆ ئیلتیزامی نیهادەکان بە کەرامەتی تاکەوە مەزندە دەکرێ و، لەبری ترس باس لە “ریسک” دەکرێ. لە وەها کۆمەڵگایەکدا پرسی ریسک و مەتمانە بەردەوام لە حاڵی پێداچوونەوەدایە، ئەوەی ئەمرۆ مەتمانەی پێدەکەی دەشێ سبەی بەلای تۆوە جێی مەتمانە نەبێ بەڵکە ریسک بێ، چوونکە بنەماکای پێناسەکردنی مەتمانە لای تۆیە و تۆش مافی ئەوەت هەیە پێداچوونەوە بۆ بنەماکانی مەتمانە بکەی. ئەوەی لەم میانەیەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە ترسی نیهادینەکراو لەم قۆناغەدا خۆی لە چەمکی “کلتووری ریسک” دا پێناسە دەکاتەوە. تاکی مۆدێڕن بەردەوام لە رووبەرووبوونەوەیەکی چالاکدایە لەگەڵ دیاردەی ریسک کردن، چوونکە خێرایی گۆڕانکارییەکان وا لە تاکی سێنمۆدێرن دەکا کە ژیانی خۆی لەسەر بنەمای ریسک کردن دارێژێ.

رکوودی سیاسی لە وەها کۆمەڵگایەکدا دیاردەیەکی وەهمیی نییە بەڵکە ئاماریی و عەینییە. کاتێ باس لە رکوود دەکرێ لە راستیدا باس لە رادەی بەشداربوونی شارومەندان لە پرۆسەی سیاسیدا دەکرێ و دەنگدان یەکێکە لە موتەغەییەرەکانی [2]. هەڵبەت پرسی خەمساردیی یاخۆ بەشداریکردنی شارومەندان لە پرۆسەی سیاسیدا پیوەندییەکەی راستەوخۆی هەیە بە “مەتمانە” و “ریسک”. کاتێ باس لە خەمساردیی دەکەین مەبەستامان “خەمساردی مەدەنییە” کە گۆفمەن (١٩٧٤) لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا باسی لێکردووە. خەمساردی مەدەنی بە پێی بۆچوونی گۆفمەن پێوەندییەکی چروپڕی بە مەتمانەسازییەوە هەیە، بۆ نموونە شاروومەندی کۆمەڵگای مەدەنی خۆی بەرپرسیار نازانێ لەهەمبەر گشت رووداوەکانی دەورووبەریی چوونکە مەتمانەی بە سیستەم هەیە و دڵنیایە سیستەم – ئەگەر کەموکوڕیشی هەبێ – کاری خۆی دەکا. سەبارەت بە کەمبوون یاخۆ زۆربوونی بەشداریکردنی سیاسی، پارامێتری ریسک لە کۆمەڵگای رێفلێکسیڤیتیدا رۆڵی بەرچاوی هەیە. کاتێ تاک هەست دەکا بەشداری نەکردن ریسکێکی گەورەیە و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دەکا ئەوا بە شێوەیەکی جیدیی سیستەم دەباتە ژێر پرسیارەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا دەوری خۆی باشتر پیشان دەدا. هەڵبەت پرسی بەرژەوەندیی وەک هەڵبژاردنی سیاسی بابەتێکە کە تاکی مۆدێرن خۆی سەرپشکە لە دیاریی کردنیدا، بۆ نموونە سەقامگرتوویی سیستەمی دێمۆکراتیک و دەوڵەوتی خۆشبژێوی مەجالێکی گرنگە تاکوو بەرژەوەندییەکانی تاک دەستەبەر بکا و، سرووشتییە کە تاک بەرژەوەندیی خۆی بە سەقامگرتوویی ئەو سیستەمانەوە گرێ بداتەوە. ئەگەر هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فەرانسە لە ساڵی ٢٠١٥ دا وەک نموونە بێنینەوە دەبینین کە ترس لە بەهێزبوونی باڵی دەستەراست، شارومەندانی فەرانسەیی هاندا کە بۆ رێگرتن لە دەسەڵاتی باڵی کۆنسێرڤاتیڤ بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرانسەریدا بکەن.
٢- زەمینەی رکوود لە نیهادی سیاسی دا
دەسەڵات لە هەر کۆمەڵگایەکدا کۆمەڵێ بەرژەوەندی هاودژ بەرهەم دەهێنێ کە لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی سازبوونی مەودای کۆمەڵایەتی. ئەگەر بەرژەوەندیی ئەم کەلێنە کۆمەڵایەتییانە بە شێوەیەکی چالاک و شەفاف دەرکەون، ئەوا زەروورەتی دامەزرانی نیهادی سیاسی یاخۆ بزاڤی کۆمەڵایەتیش دێتە ئاراوە. مەبەست لە کەلێنی کۆمەڵایەتی ئەو هاودژانە دەگرێتەوە کە بەهۆی بەرژەوەندیی چینایەتی؛ بۆ نموونە بەرژەوەندیی خاوەن کار و خاوەن سەرمایە، بەرژەوەندیی دەسەڵات؛ بۆنموونە شەڕی دین و نیهادە سێکۆلارەکان، بەرژەوەندیی کولتوریی؛ بۆ نموونە ناکۆکیی نێوان نەریت و مۆدێرنیتە و هەروەها بەرژەوەندیی هێژمۆنیک؛ بۆ نموونە مافی نەتەوایەتی، دێنە ئاراوە. لە وەها دۆخێکدا زەروورەتی نیهادی سیاسی یاخۆ بزاڤی کۆمەلایەتی، رێکخستن و بەمانیفێست کردنی ئەو کەلێنە کۆمەڵایەتییانەیە. ئەم رەوتە لە ئەنجامدا نیهادە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەی دژبەیەک دابەش دەکا و لە وەها دۆخێکدایە کە ئێمە باس لە چالاکیی سیاسی یاخۆ رکوودی سیاسی دەکەین. ئەم پێناسەیە لەراستیدا شرۆڤەیەکی کۆمەڵناسیانە لەمەر چۆنایەتی دامەزرانی نیهادی سیاسی و هۆکاری سەرهەڵدانی بزاڤی کۆمەڵایەتی بوو کە من زۆر بە کورتکراوەیی ئاماژەم پێدا. بە پێی ئەم بۆچوونە، نیهادی سیاسی لەراستیدا بەرهەمی هاودژیی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە و هەروەها بەرهەمی ئیستەعدادی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە نیهادە سیاسییەکانی تێدا دادەمەزرێن. کەواتە کاتێ باس لە رکوود لە نیهادی سیاسیدا دەکەین پێویستە ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو نیهادانەش لەبەرچاو بگرین و بزانین کە داخوا ئەو نیهادە سیاسییەی ئێمە باسی دەکەین لە کۆمەڵگای ئەوتۆریتی دامەزراوە یاخۆ رێفلێکسیڤیتی.

هومایون کاتووزیان لە کتێبی “ایران، جامعە کوتاه مدت” (١٣٩٠) شرۆڤەیەکی بەراوردکارانە لەمەڕ جیاوازییەکانی کۆمەڵگای ئێران و ئۆرووپا کردووە. ئەم کتێبە ئێمە لەگەڵ تیۆرییەکی نوێدا ئاشنا دەکا بە ناوی “کۆمەڵگای درێژخایەن و کۆمەڵگای کورتخایەن”. کاتووزیان باس لە سێ فاکتۆری گرنگ بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگای کورتخایەن دەکا کە من بەشێوەیەکی شرۆڤەیی و زۆر بە کورتی لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەم.
- گرفتی مەشرووعیەت و جێگرەوە: لە مێژووی سیاسی ئێراندا کاتێ کەسێک بە رێگای تووندوتیژیی یاخۆ بە هۆی هێزی سەرمایە بە دەسەڵات گێشتووە، پێگەی سیاسی و مەعنەوی ئەو کەسە بەرادەیەک بەرز نرخاوە کە هێندێجار وەک خەلیفەی خوا و تەنانەت وەک سێبەری خوا ناوزەدیان کردووە. تەقدیس کردنی کەسایەتی لە پرۆژەی حکوومیدا هەمیشە گرفتی بۆ دیاریکردنی جێگری ئەو کەسە و هەروەها بەردەوام بوونی پرۆژەی سیاسی یاخۆ درێژماوەبوونی سیستەمی بەرێوەبەریی ئەو حکوومەتەش ناوەتەوە. بۆ نموونە کاتێ پاشا یاخۆ رێبەری نیزام لە ژیاندا نامێنێ، کێشەی جێگرەوە بەرادەیەک گەورە بۆتەوە کە بووەتە هۆی رەشەکووژی لەنێوان وەزیر و گوزیر و ئیلیتی حکوومیدا و لە ئەنجامدا حکوومەت بەرەو لاوازی دەبا تاکوو کەسێکی دی پەیدا دەبێ و لە رێگای توندوتیژییەوە کۆتایی بەو دەسەڵاتە دێنێ و سەرلەنوێ سیستەمێکی نوێ لەسەر وێرانەی دەسەڵاتی پێشوو دادەمەزرێنێتەوە.
- نەبوونی بایەخی ماڵی و گیانی: نرخ و بایەخی سەرمایەی خسووسی و هەروەها ئێلیتی سیاسی و کولتوریی لە کۆمەڵگای درێژخایەندا زۆر بەرز دەنرخێ، چوونکە کەڵەکەبوون و ئەمنییەتی سەرمایە نەک هەر ژێرخانی ئابووری وڵات بەهێزدەکا بەڵکە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەسەندوویی لە بواری کولتووری و سیاسیشدا. هەڵبەت ئیلیتی سیاسی و کولتوریش سەرمایەیەکی مەعنەوی گرنگە کە لە پرۆسەی گەشەسەندن و دامەزراوەبوونی سیستەمدا دەوری کاریگەری هەیە. لە کۆمەڵگای کورتخایەندا ئەم نرخاندنە نەک لە ئارادا نییە بەڵکە بەشێوەیەکی سەرسوورهێنەر وەبەر غەزەبی دەسەڵاتداران دەکەوێ. بۆ نموونە لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتدا یاخۆ لە ماوەی دەسەڵاتی پاشا یا رێبەری نیزامدا زۆر کەس لە خاوەن سەرمایەکان بەر غەزەبی دەسەڵات کەوتوون و دەستیان بەسەر مال و سامانیاندا گیراوە و دواتر ئەو سەرمایەیە بەسەر خاوەن دەسەڵات و بازنەی نزیک لە دەسەڵاتدا دابەشکراوە. هەروەها ئیلیتی سیاسی و کولتووریی بە حوکمی نارەوا و بە شێوەی سەلیقەیی رەشەکووژی کراون، بۆ نموونە قەتڵە زەنجیرەییەکان لە ئێران، تیرۆری کەسایەتییە سیاسییەکان، حوکمی ئیعدام یاخۆ زیندانی درێژماوە بۆ رەخنەگران و هتد.
- گرفتی کەڵەکەیی[3] و گەشەسەندوویی: چەمکی کەڵەکەیی یاخۆ ئاکومولاسیۆن بە پێچەوانەی روانگەی کلاسیکیی مارکسیسزم ئەمرۆ لە زانستی ئابووریدا گرنگیی تایبەتی پێدەدرێ. مەبەست لە کەڵەکەیی لە راستیدا هەموارکردن و دەستەبەرکردنی مافی سەرمایەگوزارییە لە وڵاتدا. هەڵبەت خاڵی سێهەم واتە کەڵەکەیی و گەشەسەندووی پێوەندیی بە خاڵی دووهەمەوە هەیە کە باسمان کرد. بە هۆی نەبوونی تەناهیی ماڵی و گیانی لەو وڵاتانەی کە بە کۆمەلگای کورتخایەن پێناسە دەکرێن، خاوەن سەرمایەکان ئەنگیزەی سەرمایەگوزاریان لە نێوخۆی وڵات نامێنێ و لە ئەنجامدا سیاسەتی گەشەسەندوویش شکست دەهێنێ.
بە پێی ئەو فاکتۆرانەی کاتووزیان ئاماژەیان پێدەدا ئێمە لینکێک لە نێوان کۆمەڵگای ئەوتۆریتی و کۆمەڵگای کورتخایەن و هەروەها کۆمەڵگای رێفلێکسیڤیتی و کومەڵگای درێژخایەندا دەبینیینەوە. هەڵبەت کاتووزیان لە نێوەرۆکی باسەکەیدا کۆمەڵگای کورتخایەن وەک “خانە کلنگی” پێناسە دەکا و مەبەست لەم وتەزایە لە راستیدا نەریت و وەسواسی ئێرانییەکان دەگەیەنێ لە ماملەکردن لەگەڵ دیاردەی کۆن دا. بۆ نموونە لە کاتی کرین و فرۆشتنی خانووبەرەدا کاتێ کڕیار باس لە “کلنگی” بوونی بینایەک دەکا، مەبەستی ئەوەیە کە خانووەکە بە مەبەستی رووخاندن و سەرلەنوێ بینا کردنەوە دەکڕێ، لە حاڵێکا رەنگە ماوەی بیست یاخۆ سی ساڵ بەسەر سازکردنی ئەو بنیایەدا تێنەپەریبێ. لە ئۆرووپا تەمەنی خانووەکان نزیک بە سەد ساڵە و خانوو رووخاندن و بیناکردنەوە زۆر بەدەگمەن لە پرۆژەی مێعماریی شارسازیدا لەبەرچاو دەگیرێ، چوونکە سیاسەتی نۆژەن کردنەوە هەمیشە لە ئەولەویەتدایە. ئەگەر بمانەوێ تیۆری کۆمەڵگای کورتخایەن لە چەند وشەدا فۆرموولە بکەین بەم ئاکامە دەگەین: “سیکلی ئانۆمی – دیسپۆتیزم” واتە:
“ئیستبداد > شێواویی > ئیستبداد > شێواویی > ئیستبداد > شێواویی > ئیستبداد “
نیهادی سیاسی لە کۆمەڵگای کورتخایەندا بەرهەمی بازنەیەکە کە لە شێواوییەوە بەرەو ئیستبداد و لە ئیستبدادەوە بەرەو شێواوی دەچێ. لە کاتی شێواوی یاخۆ پاشاگەردانیدا جموجۆڵی سیاسی و دامەزرانی تاقم و گروپ و حیزبی سیاسی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگای کورتخایەندا دەردەکەون و پەرەدەستێنن. کاتێ باڵ یاخۆ حیزبێکی سیاسی لە ململانێی دەسەڵاتدا سەرکەوتن بەدەست دێنێ، بە شێوەی توندووتیژانە سەرکوتی لایەنەکانی دیکە دەکا و لە مەیدان بەدەریان دەکا. یەكێک لە بەرچاوترین نمادەکانی چالاکیی سیاسی و رکودی سیاسی لە کۆمەڵگای کورتخایەندا رەنگە لە خانەی سیکلی “ئانۆمی/ دیسپۆتیزمدا” دەرکەوێ کە باسمان لێکرد. حیزب یاخۆ نیهادی سیاسی پرۆژەیەکی درێژخایەنە و کاراییەکەی لە بەردوامبوون و تەمەندرێژیی ئەو نیهادەدا دەردەکەوێ. لە کۆمەلگایەکدا کە دیاردەکانی کورتخایەن بن سروشتییە کە مەجالی بەردەوامبوونی کاری سیاسیش کەمخایەن دەبێ.
رکوود، داننان و چارەسەری
تا ئێرە باسمان لە زەمینە و بەستێنەکانی رکوودی سیاسی کرد، واتە باسمان لەو دۆخانە کرد کە ئیحتیمالی رکوودی سیاسی تێدا بەهێز دەکا. بەڵام هۆکاری رکوودی سیاسی بابەتێکی دیکەیە کە ئێمە پێویستمان بە مێتۆدی لێکۆڵینەوە هەیە بۆ باسکردن و دەستنیشانکردنی هۆکار یاخۆ هۆکارەکانی. رەنگە لە قسە و باسی رۆژانە یاخۆ لە هێندێ لێدوانی ژووڕنالیدا باس لە رکوودی سیاسی حیزب یاخۆ جووڵانەوەیەک بێتە ئاراوە و کۆمەڵی نیشانە و تێرم بۆ سەلماندنی رکوود ریز بکرێن، بۆ نموونە: کەمپنشینی، لە رۆژەڤدا نەمان، کلاسیک بوون، بێجووڵەیی، لاوازی گوتار، شکستی تاکتیکی، کلوبی رۆشنبیری، حیزبی لۆکس و زۆر شتی دیکە کە ئێمە دەتوانین بەم زەنجیرە هۆکارانەوە زیادیان بکەین. بەڵام هیچکام لەم خاڵانە لە باری زانستییەوە ناتوانن ڤاریابلێکی (متغییر) گۆنجاو و باوەڕپێکراو بن. بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئێمە هەم پێویستامان بە دیزاینێک هەیە کە هۆکاری راستەوخۆ و هۆکارە ناراستەوخۆکانی دیاردە یاخۆ رووداوەکان فورموولە بکا، هەم پێویستمان بە تیۆر و سیگنیفیکانت بوون هەیە، واتە سەلماندنی رەوایی بوونی تیۆر و دیزاینی لێکۆڵینەوەکە.
لە زانستی پزیشکیدا باوە کە یەکێک لە مەرجەکانی چارەسەریی نەخۆشی ئەوەیە نەخۆشەکە باوەر بکا کە نەخۆشە، ئەوجار هەوڵ بۆ کاری پشکنین و لێکدانەوەی (تشخیص) نەخۆشییەکە دەدرێ و دواجار پرۆسەی دەرمانکردنی نەخۆشییەکە دەست پێدەکا. ئەم مۆدێلە باس لە سێ قۆناغ دەکا: یەکەم داننان بە نەخۆشییە، دووهەم پشکنین و لێکۆڵینەوەیە و سێهەم چارەسەرییە. کاتێ بمانەوەێ باس لە هۆکاری رکوودی سیاسی بکەین لە راستیدا پێویستیمان بەم مودێلەیە، واتە داننان بە رکوودی سیاسی کە پێویستی بە واقعگەرایی سیاسی هەیە، دواتر لێکۆڵینەوە بۆ هۆکارەکانی رکوود کە پیویستی بە تیۆر و مێتۆد هەیە و دواجار پرۆسەی چارەسەرییە کە حەتمەن بە پرۆژەی “تاقیکاری- هەڵە” دا تێدەپەڕێ تاکوو دەگاتە چارەسەریی.
١- داننان: لەم وتارەدا باسێکی چەمکناسیمان لە بەشی تێرمینۆلۆژیدا کرد و چەند خاڵمان وەک پێناسە بۆ رکوودی سیاسی باس کرد. لێرەوە ئێمە ڤاریابڵێکی دی بە چەمکناسیی رکوودی سیاسییەوە زیاد دەکەین بە ناوی “وڵامنەدانەوە”. مەبەست لە “وڵامنەدانەوە” ئەوەیە کە بۆ نموونە رێکخراوێکی بازرگانی یاخۆ حیزبێکی سیاسی مێتۆدێک پەسەند دەکا بۆ بردنەپێشی ئامانجی رێکخراوەکەی و، ئەم مێتۆدە لە پرۆسەی تاقیکاریدا چەندجار وڵام ناداتەوە. ئێستا ئەگەر بۆ سەرخستنی هەمان مێتۆد سوود لە باشترین تیۆر و پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژی وەربگرێ لە راستیدا مێتۆدێک دەباتە پێشەوە کە هەڵەیە. لە وەها دۆخێکدا ئەم پرۆسەیە دوو خاڵ دەپێکێ: یا پرۆژەکە دیسان وڵام ناداتەوە کە لە کۆمەڵناسیدا بەم رەوتە دەڵێن هەڵەی سیستەماتیک، یاخۆ گرفتاری ئاکسیۆماتیزە بوون دەبێ (واتە پێمان وابێ کە درگا تاقە رێگای چوونەژوورەوەیە، لە کاتێکا دەشێ زۆر ریگای دیکە لە ئارادا بێ بۆ چوونەژوور). یەکێک لە تراژیدییەکانی هەڵەی سیستەماتیک ئەوەیە کە لەرێگای رێکلام کردن و بانگەشەی عاتیفییەوە مێتۆدە هەڵەکە بەسەر عەرزی واقعدا بسەپێنێ کە لە ئەنجامدا دوو هۆی لێدەبێتەوە: لە یەکەم حاڵەتدا ناچار دەبێ بکەویتە حاڵەتی بەرگریکردن لە مێتۆدە هەڵەکە و درگا لەسەر بەحسی “دەروون پارادایمی” دابخا و، دووهەم حاڵەت ئەوەیە کە لەهەمبەر رەخنەگرتندا حەساس بێ و ناچار خۆڕاگریی بکا. ئەم دۆخە نەک هەر زۆرترین تێچووی بۆ نیهادە بازرگانی و سیاسییەکان هەبووە بەڵکە سیستەم لە رکوودەوە بەرو قەیران دەبا. کەواتە کاتێ سیستەم وڵام ناداتەوە عەقڵانی ترین کار داننان بە هەڵەبوون و ناکارایی مێتۆدەکەیە.
٢- لێکدانەوە و پشکنین: مرۆڤی سەدەی بیستویەکەم لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا دەژیت. ئاڵۆزیی (پیچیدگی) هۆکارێکی دیاریکەرە بۆ گشت دیاردە سرووشتییەکان و هەروەها ئەو دیاردانەی کە بەدەستی مرۆڤ بەرهەم دێن. کەواتە چەمک و ئاماژەکانی ئالۆزیی دەشێ هەم لەنێو رێکخراوەدا هەست پێبکرێ و هەم لەو ژینگەیەدا کە رێکخراوەکەی تێدا دامەزراوە. پێشتر و لە سەدەی رابردوودا “یاسای نیوتۆن” بەسەر گشت بوارەکانی زانست و تەنانەت سیاسەتیشدا زاڵ بوو. نیوتۆنیستەکان پێیان وابوو جیهان لە کۆمەڵێ سیستەمی مونەزەم پێکهاتووە کە بە پێی یاسا جەبرییەکانی سروشت لە جوولەدایە و ئێمە دەتوانین پێشبینیان بکەین. ئەم مۆدێلە وا دەردەخا کە مەعلوولەکان بەشێوەیەکی هێڵ- ئاسایی دەرەنجامی هۆکارێکی تایبەتن. بەڵام زانستی ئەمرۆ باس لەوە دەکا کە جیهان لە کۆمەڵێ سیستەم پێکهاتووە کە لە “هیچەوە” دروست دەبێ، بەشێوەیەکی داهێنەرانە کار دەکا و هەروەها دەرکەوتەکانی ئەم دۆخە مەجالی پێشبینی کردن بە کەس نادەن چونکە بە هەڵکەوت (تصادفی) سەرهەڵدێنن. هەڵبەت لەم پارادایمە نوێیەشدا یاسایەکی دێتەرمینیستی (جبری) لە ئارادیە، واتە پێمان دەڵێ کە سیستەمەکان لەم پارادایمەدا پێرەوی لە سیکلێکی بەردەوام دەکەن کە لە بێنەزمییەوە بەرەو نەزم و لە نەزمەوە بەرەو بێنەزمی دەچن، ئەم بۆچوونە بە تیۆری ئاڵۆزیی[4] ناوزەد کراوە. هەر لەم پێوەندییەدا تیۆرییەکی دیکە بە ناوی تیۆری بێنەزمی[5] هاتۆتە نێو دونیای زانستەوە کە ئێمە بەرەو پارادایمێکی نوێ پاڵ پێوەدەنێ، هەڵبەت ئەم تیۆرە زۆر خاڵی هاوبەشی لەگەڵ تیۆری ئالۆزیدا هەیە.

پرۆفسۆر کاترین هێلز (١٩٩٠) لە شرۆڤەکردنی تیۆری بێنەزمیدا دەڵێ: بێنەزمی و ئاڵۆزیی شێوازێکە لە بێنەزمییەکی بەنەزم[6] یاخۆ نەزم لە بێ نەزمیدا. بۆیە بێنەزمن؛ چوونکە توانای پێشبینی کردنمان نییە و، بۆیە بەنەزمن؛ چوونکە بڕشت (قطعیت) و زەبروزەنگی تێدا بەدی دەکرێ. هەڵبەت کاتێ باس لە بڕشت دەکرێ مەبەست لەوەیە کە لە هەناوی بێنەزمیدا شیوازێک لە نەزم بەدی دەکرێ کە هۆکاری دەرەکیی نییە بەڵکە بێنەزمی لە هەناوی خۆیدا هەڵگری یاسایەکە کە ناچارە بەرەو نەزم بڕوا. بۆ زیاتر دەرک پێکردنی جیاوازییەکانی پارادایمی نیۆتۆنی و پارادایمی بێنەزمی لەمەر پرسی بەرێوەبەریی و رێکخستندا هەوڵدەدەم لێرەدا بەراوردێکی کورت بکەم.
پارادایمی نیوتۆنی: ژینگەی کۆمەڵایەتی لە پارادایمی نیوتۆنیدا سادە و ئیستاتیکە و وا مەزندە دەکرا کە توانای پێشبینی کردنی گشت رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە. دیدێکی میکانیکیمان بۆ سیستەم و رێکخراوەکان هەبوو و پێمان وابوو کە یاسای “علەت- مەعلوولی” بە سەر گشت دیاردەکاندا زاڵە. لە پارادایمی نیوتۆنیدا پرسی کارایی بە پێی بارستایی زانیاری و ئایدیالۆژی پێناسە دەکرا و رێکخراوە وەک نیهادی بەرهەمێنانی ئیدە دەناسرا، بۆیە ناوەندی بڕیاردان هەمیشە لە بازنەیەکی چەند کەسیدا چر دەبووەوە (سێکتاریزم) و لە ئەنجامدا ئەرکی سەرەکیی بەرێوەبەران پاراستنی دۆخی ئارایی بوو.
پارادایمی بێنەزمی: ژینگەی کۆمەڵایەتی لە پارادایمی بێنەزمیدا ئاڵۆز و دینامیکییە و بەمچەشنە زۆر زەحمەتە رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان پێشبینی بکرێ. لەم پارادایمەدا چیدی رێکخراوە وەک ماشین چاو لێ ناکرێ بەڵکە وەک ئورگانێکی زیندوو سەیری دەکرێ. دیاردەکان نەک بە پێی یاسای علەت- مەعلوولی بەڵکە وەک پێوەندییەکی “تەعامولی” دەرک پێدەکرێ. لە پارادایمی بێنەزمیدا چیدی رێکخراوە ئاخێزگەی بەرهەمهێنانی ئیدە نەماوە بەڵکە پەنا بۆ هەر ئیدەیەک دەبا کە هۆکاری گەشەسەنوویی رێکخراوەکە و چالاک کردنەوەی ئۆرگانیزمە جیاوازەکانی سیستەم بێ. لێرەدا ناوەندی بڕیاردان لە چەند کەسدا چر نابێتەوە بەڵکە بە پێی “وشیاری بەکۆمەڵ” لەسەر بڕیارەکان ساغ دەبنەوە و ئەرکی بەرێوەبەرایەتی نەک پاراستنی دۆخی ئارایی بەڵکە داهێنان و نەوگەراییە.
بەم چەشنە سەردەمەی ئێمە، پارادایمی نیوتۆنی تێپەراندووە و بەرەو پارادایمی بێنەزمی هەنگاوی ناوە، کەواتە زۆر سروشتییە کە گۆڕانێکی بنچینەیی لە هەلومەرجی سیاسی و ژینگەی کۆمەڵایەتیدا پێکهاتبێ کە حەتمەن مەجالی کارکردن بۆ حیزب یاخۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی ئاڵۆزتر دەکا و لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی رکوود.
٣- چارەسەریی: لە سەرەتای ئەم وتارەدا باسمان لەوە کرد کە پارامێتری”چارەسەریی” لە پەنای پارامێتری “پرس” و “سەردەم” دا زۆر گرنگە و پێویستە سەرنجی تایبەتی پێبدرێ. چارەسەریی لە کولتوری ئێمەدا هەمیشە رەهەندێکی نەسیحەتاوی هەبووە، واتە هەرکەسێ لە جێی خۆیەوە هەڵدەستێ و وەک ریشسپییەکی ماقوڵ دڵسۆزیی دەکا و رێکار و چارەسەریی پێشکەش لایەنەکان دەکا. لە ئەنجامدا کەس یاخۆ ئەو لایەنە سیاسییەی کە لە دۆخێکی قەیراناویدا دەژی هەمیشە لەهەمبەر ئەو چارەسەرییە حەکیمانەدا حەساستر و ئاڵۆزتر دەبن. ئەم وتارە هەوڵدەدا خۆی لەو دۆخە کلتوورییە دوور راگرێ و سروشتییە کە باس کردن لە چارەسەریی- لەم وتارەدا – پێرەویی لەو رەوتە رۆتینییە ناکا کە وەک ریشسپی رێکار و رێگا حەل ئاراستەی دۆخە قەیراناوییەکان بکا. هەڵبەت چارەسەریی بە زمانی زانستیانە، پێرەوی لە مۆدێلێک دەکا کە لە زانستدا کاری پێدەکرێ. کەواتە ئێمە پێویستیمان بە پێناسەیەکی زانستی هەیە بۆ هەر سێ پارامێترەکان. لێرەدا هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی فورموولەکراو چەمکی سەردەم، پرس و چارەسەریی بخەمەوە بەرباس.
پارامێتری سەردەم یاخۆ زەمان، بە زمانێکی زۆر سادە، پێوەندیی بە جووڵە و گۆڕان هەیە. کاتێ باس لە جووڵە دەکەین مەبەستمان یەک شتە: واتە دیاردەکان بە گووزەرێکی زەمانیدا تێدەپەڕن (دەسپێک، هەنووکە، داهاتوو) و کاتێ باس لە گۆڕان دەکەین مەبەستمان گۆڕانکاری لە چەندایەتی و چۆنایەتی دیاردەکانە کە بەپێی زەمان دەردەکەون. مانای پارامێتری پرس بریتییە لە مەودای نێوان دۆخی ئارایی (موجود) و دۆخی ئیدەئال (مطلوب) کە ئەم مەودایە پڕە لە دیاردەی نەناسراو و هۆکاری نادیار (مجهولات و معلولات). وەک لەم پێناسەیەدا دەردەکەوێ چەمکی پرس جیاوازی هەیە لەگەڵ گرفت دا چوونکە گرفت باس لە کۆمەڵێ دۆخی نائیدەئال دەکا کە بەهۆی یەک یاخۆ چەندانە پرس دێتە ئارا. مەبەست لە چەمکی چارەسەریی ئەوەیە کە بە پێی ئەو زانیارییانەی لەبەر دەستدا هەن، لایەنە نەناسراوەکانی پرس بدۆزینەوە و رێگایەکی مسۆگەر بۆ دەرچوون لە دۆخی ئاراییەوە بۆ دۆخی ئیدەئال ببینینەوە.

جێنریچ ئاڵتشوولێر (١٩٤٦) لە سەردەمی سۆڤیەتی پێشوودا، بنەمایەکی زانستیانەی بۆ “داهێنان و چارەسەریی” هێنایە نێو جیهانی زانستەوە کە بە داهێنانناسیی تریز[7] ناوی دەرکرد. تریز (TRIZ) کورتکراوەی دەستەواژەیەکی روسییە و لە ئینگلیسیدا بە (Theory of Inventive Problem Solving) ناوەزەد کراوە و ئەمرۆ لە لقە جیاوازەکانی زانستدا سوودی لێوەردەگیرێ. ئەگەر بمانەوەێ بە کورتی و بە زمانێکی زۆر سادە تیۆری تریز پێناسە بکەین دەبێ بڵێین کە تریز شێواز یاخۆ ئالگوریتمێکە بۆ چارەسەریی گرفتی داهێنان کە بە مێتۆدێکی سیستەماتیک هەوڵ بۆ دۆزینەوەی هۆکارە نائیستانداردەکان دەدا و لە ئەنجامدا بە شێوەیەکی مێتۆدۆلۆژیانە چارەسەریی پێشکەش دەکا. وەک باس کرا تریز لە زۆربەی بوارەکانی زانستدا دەکار دێ و من هەوڵدەدەم مۆدێلی تریز لە پێوەندیی بە نێوەرۆکی سەرەکی ئەم وتارە دەکار بێنم، چوونکە رێکارەکانی تریز خۆی لە چل دانە بنەمادا دەبینێتەوە کە لەم وتارەدا ناپرژێینە سەر گشتیان. کەواتە سوود وەرگرتن لە مۆدێلی تریز لە پێوەندیی بە رکوود و چارەسەریی رکوود بە مانای ئەوەیە کە سیستەمێکی باوەڕپێکراو و زانستیمان لەبەردەستدا بێ تاکوو بە شێوەیەکی رێژەیی مۆدێلێکی مێتۆدۆلۆژیانە بۆ پرسی چارەسەریی ببینینەوە.
چوار بنەمای سەرەکی بۆ تریز کە پێویستە بۆ پرسی داهێنان و چارەسەریی رەچاو بکرێن بریتین لە: ١- رەچاوکردنی رەوەندی قۆناغ بە قۆناغ، واتە بۆ دیتنەوەی چارەسەریی پیویستە هەنگاو لە دوای هەنگاو هەڵێنینەوە و بە شیوەیەکی سیستەماتیک گرفتەکان یاخۆ ئەو هۆکارانەی کە – بۆ نموونە دیاردەی رکوودی لەگەڵ خۆیدا هێناوە- یەک بە یەک چارەسەریی بۆ ببیندرێتەوە. ٢- ریزکردنی رێگاچارەکان لەلای یەک بۆ ئەوەی چارەسەرییەکی ئیدەئال تر هەڵبژێرین. ٣- چارەسەرییەکان توانای تاقیکارییان هەبێ واتە مۆدێلێکی ئیستاندارد بن. ٤- دەرەنجامی ئەو چارەسەریانە وەک بنەمایەک بۆ داهێنان بەهێز بن. بەڵام لەم نێوەدا چوار سیستەمی گرینگ هەن کە راستەوخۆ پێوەندی بە بنەماکانی چارەسەرییەوە هەیە، واتە: ١- ناسینی پرس، بۆنموونە کاتێ پرسی رکوود دێتە ئاراوە، سەرەتا دەبێ بنەماکانی پێناسەی رکوود بناسین. ٢- فورمولبەندیی کردنی گرفتەکان، ٣- گەڕان لەدوای ئەو رێکارانەی کە پێشتر بۆ چارەسەریی پرسێکی هاوشێوە تاقی کراوەتەوە، ٤- هەڵبژاردنی ئالگوریتـمێکی گوونجاو.
ئەوەی تا ئێستا باسمان کرد لە راستیدا ئاڵۆزیی پرسی چارەسەریی دەردەخا و لە هەمان کاتدا پێمان دەڵێ کە ئەگەر چارەسەریی بە پێێ مۆدێلێکی ئیستاندارد دیاری نەکرێ، نەک هەر گرفت و کێشەکان چارەسەر ناکا بەڵکە ئالۆزتریشیان دەکا. لە راستیدا یەکێک لە هۆکارە بەهێزەکانی رکوودی سیاسی- چە لە ناو حیزب یاخۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی – پێشکەشکردنی رێکاری ئاماتۆڕانە و چارەسەریی ناسیستەماتیکە، کە هەم دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی پرسی رکوود و هەم رێکخراوەکان بە رادەیەک حەساس دەکەن کە چاوپۆشی لە پرسە سەرەکییەکە بکەن، واتە رکوود.
دواووتە و کۆتایی
ئەم وتارە تایبەت بوو بە دیاردەیەکی هەنووکەیی بەناوی رکوودی سیاسی. وەک لە بەشی چەمکناسیدا ئاماژەمان پێدا، هەتا ئێستاش پێناسەیەکی تۆکمە بۆ ئەم چەمکە لە ئارادا نییە. بەڵام ئێمە باش دەزانین کە رکوودی سیاسی هەیە، هەست پێدەکرێ، باس دەکرێ و تەنانەت یەکتریشی پێ تۆمەتبار دەکەین. هەڵبەت ئەوەش دەزانین کە چەمکی رکوودی سیاسی جیاوازیی هەیە لەگەڵ قەیرانی سیاسی و شکستی سیاسی و هەروەها ئاشبەتاڵ دا. لە میانەی ئەم وتارەدا باسمان لە سێ فاکتۆری سەرەکی کرد بۆ بەستێن سازیی رکوودی سیاسی؛ یەکەم زەمینەی کۆمەڵایەتی بوو، دووهەم ساختاری کۆمەڵایەتی و سێهەم نیهادی سیاسی بوو. رکوودی سیاسی دۆخێکی کاتییە کە هەم لە کۆمەڵگا و هەم لەنێو نیهادی سیاسیدا سەرهەڵدەدا. کاتێ باس لە دۆخی کاتیی دەکەین مەبەستەکەمان روونە، واتە رکوودی سیاسی بەرهەمی قۆناغێکی مێژووییە کە گشت بنەماکانی نەزمی ئارایی و سەقامگرتوویی سیستەمەکان تووشی چالنج کردووە. کەواتە رکوودی سیاسی لەخۆیدا مەترسی نییە، چوونکە هەر دیاردەیەکی کاتیی، تا ئەو کاتەی رێگای چارەسەریی بۆ هەبێ، شانسی دەربازبوونیشی هەیە. بەڵام یەکێک لە مەترسییەکان بۆ سەر رکوودی سیاسی، بەهێزکردنی رەوتی ئاکسیۆماتیکە کە لەم وتارەدا هاتە بەر باس و هەروەها داننەنان بە رکوود و دابەزینی ئاستی تۆلێرانسی نیهادە سیاسییەکانە لەهەمبەر رەخنەگرتن دا. ئەم دۆخە نەک هەر یارمەتی بە دەربازبوون لە رکوود نادا بەڵکە زەمینەی قەیران و دواتر شکستی سیاسی بۆ نیهادە سیاسییەکان خۆش دەکا.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لە کاری نیهادە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە کاتێ رێبەریی ئەو نیهادانە هەوڵ بۆ گٶران و چالاک کردنی رێکخراوەکانیان دەدەن، بێ ئەوەی خۆیان هەست پێبکەن لەبەرامبەر ئەو رەوتانەدا دەوەستنەوە کە دەبنە هۆی هاوسەنگی (تعادل) دروستکردن لە رێکخراوەکەی دا. واتە رێبەرایەتی لە کاتی بردنەپێشی بەرنامەکەیدا هەست دەکا لە شوێنێکدا گرفتێک هەیە و خێرایی کار و پلانەکانی کەم دەکاتەوە، بەڵام سەرچاوەکەی نابیننەوە. لە کاری رێکخراوەییدا زۆر گرنگە سەرنج بەو دیاردە و رەوتانە بدەین کە لەبەرامبەر پرۆژەکاندا خۆراگریی دەکەن. ئەو خۆراگرییە پێویستە وەک هاوسەنگ ڕەچاو بکرێن نەک رەقیب. ئەگەر ئەو هاوسەنگییە خۆراگرە، بەشێوەی نەهێنی چالاک بێ و رێبەرایەتی حیزب یاخۆ سیستەمی سیاسی وڵات بایەخی پێنەدا، لە راستیدا زەمینە بۆ ترسی نیهادینەکراو و لە ئەنجامدا کورتخایەن بوونی پرۆژەکان خۆش دەکا کە پێشتر لەم وتارەدا هاتە بەرباس. رێبەرایەتییەکی وشیار و زانا پیویستە رێگا بۆ خۆنواندن و چالاک کردنی ئەو هاوسەنگییە نەهێنیانە بکاتەوە کە لە ترسانا و بەشێوەیەکی نەهێنی خەریکە خۆراگری دەکا. درووستکردنی هاوسەنگیی لەنێوان هاودژەکاندا بابەتێکی گرنگە لە پرۆژەی چالاکیی سیاسیدا. لەم پێناوەدا بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر پرسی هاوسەنگیی بە پێویستی دەزانم ئاماژەیەکی کورت بە ئەسڵی لوشاتیلیە لە کیمیادا بدەم کە دەشێ وەک بنەمایەک بۆ پرسی کۆمەڵایەتیش رەچاو بکرێ.

هێنری لوئی لوشاتیلیە (١٨٥٠-١٩٣٦) ساینتیستێکی بواری کیمیا بوو لە فەرانسە. لوشاتیلیە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە بواری کیمیادا بەم ئەنجامە گێشت کە سیستەمێکی تەعادوولی، هەمیشە لە بەرامبەر گۆڕانکاریی و پارامێترەکانی دەوروبەریدا کاردانەوە لە خۆی پیشان دەدا و تووشی ناهاوسەنگی دەبێ. بۆ ئەوەی ئەم ناهاوسەنگییە قەرەبوو بکاتەوە ناچارە خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا سازگار بکا و لە ئەنجامدا بەرەو تەعادولێکی نوێ دەچێ. کەواتە رەخنە، خوێندنەوەی جیاواز و تەنانەت قەوارەی نوێی سیاسی، لە خۆیدا باس لە بوونی هاوسەنگییەکی جیاواز و سەربەخۆ دەکەن کە ئەگەر لە تەعاموولێکی رەخنەگرانە و دێمۆکراتیکدا بن لەگەڵ نیهادە سیاسییەکان، ئەوا نیهادەکان وێران ناکەن بەڵکە بەرەو تەعادولێکی نۆێیان دەبەن. بەم چەشنە لە کۆتایی ئەم وتارەدا بەم ئاکامە دەگەین کە: “باشترین پێشمەرج بۆ بەرگرتن لە رکوودی سیاسی، کۆتایی هێنان بە دیدی کۆنترۆڵ و بێمەتمانەییە و هەروەها گرتنەپێشی رەوتی تەعاموول کردنە لەگەڵ دیاردەی فرەهاوسەنگیی کە پارادایمی بێنەزمی وەک زەروورەتێکی سەردەمیانە لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی”.
٢٨/٧/٢٠١٦
رزگار ئەمین نژاد
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارەی ١ی گۆڤاری تیشکی نوێدا بڵاو کراوەتەوە.
ئەو سەرچاوانەی کە بۆ ئەم وتارە سوودیان لێ وەرگێراوە:
1- Adorno W. Theodor & Horkheimer Max (1947). ”Opplysningens Dialektikk”. Oversatt av Lars Petter Storm Torjussen (2011). Spartacus.
2- Giddens, Anthony. (1997). ”Modernitetens konsekvenser”. Oslo. Pax forlag
3- Goffman, Erving (1974). ”Vårt rollespill til daglig”: en studie i hverdagslivets dramatikk, Dreyer.
4- Hayles N. Katherine (1990). “Chaos Bound: Orderly Disorder in Contemporary Literature and Science”. Ithaca: Cornell University Press, 1990.
سەرچاوە فارسییەکان:
١- کاتوزیان، محمد علی همایون. “ایران، جامعە کوتاه مدت (١٣٩٠). ترجمە عبداللە کوثری. نشر نی.
٢- گلستان هاشمی، سید مهدی (١٣٨١). سیستم حل مسئلە ابداعی و خلاقیت و نوآوری نظام یافتە. TRIZ مجلە مدیریت (انجمن مدیریت ایران)، شمارە ٥٩-٦٠ فروردین- اەدیبهشت ١٣٨١.
[1] Political Depression (Political Stagnation)
[2] variable
[3] Accumulation
[4] Complexity Theory
[5] Chaos Theory
[6] Olderly Disorder
[7] TRIZical Creanovatology
وەڵامێک بنووسە