هۆلوکاستی شەستەکان


 

کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا هەر جینایەت نەبوو، بەڵکە پرۆسەیەکی نۆرماڵ بوو کە دەبوایە سیستەم بەباشی تەواوی بکا. زیگمۆند باومان مافی خۆی بوو ئەگەر دەیگوت: کاتێ سەدام لەبەر چاوی جیهاندا بە هەزاران کوردی کیمیاباران دەکرد و، خەڵکی تامیر بە پانەوە ژینۆساید دەکران، دڵنیا بووم کە ئێمە لە رەهەندە کارەساتاوییەکانی هۆلوکاست تێنەگێشتوین و ئیدەی هۆلوکاست خاشەبڕ نەکراوە. بەراستی کەیسی هۆلوکاست چۆن دادەخرێ لە کاتێکدا دیالێکتیکی حەرام عەقڵی مودێڕن تووشی چالنج دەکا؟

هۆلوکاستی شەستەکان

هەموو ساڵێک و لە مانگی گەلاوێژدا، یادی قوربانیانی ساڵی ١٣٦٧ دەبێ بە دەلاقەیەکی تەنگ و بەرووی رابردوویەکی تەماویدا دەکرێتەوە. ئەمسالیش یادی کوشتاری زندانیانی سیاسی بە جیاوازییەکی رێژەیی و، بۆ جارێکی دی هاتە رۆژەڤەوە. ئەم جیاوازییە لە پێوەندیی بە بڵاوکردنەوەی کاسێتێکدا دەردەکەوێ کە دەفتەری ئایەتوڵا مونتەزەری بۆ یەکەمجار بڵاوی کردەوە و لە ئەنجامدا کاردانەوەی بەرپرسانی حکوومی لێکەوتەوە و، ناوی خومەینی بۆ جارێکی دی وەک فتوابێژی ئەم کوشتارە هاتە ئارا.

Montazeri
ئایەتوڵا موونتەزەری

کاسێتەکە لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٦٧ دا تۆمار کراوە و، گرنگیی ئەم بەڵگەیە لەوەدایە کە پەردە لەسەر دیالۆگێکی زیندوو لەنێوان مونتەزەری و موهەندیسانی ئەم جەنایەتە سامناکە لادەدا. نێوەرۆکی ئەم دیالۆگە بە رواڵەت باس لە نیگەران بوونی مونتەزەری دەکا لەمەڕ کارتێکەری ئەم “رەوەندە” لەسەر چارەنووسی ئینقلابی ئیسلامی و بەتایبەت خومەینی. ئەم وتارە هەوڵدەدا خوێندنەوەیەکی دیاردەشوناسانە بکا بۆ دوو خاڵی گرنگ کە لەو کاسێتەدا باسی لێکراوە: یەکەم خاڵ؛ داننانی ئایەتوڵا مونتەزەری بە ناشەرعی بوونی سزاکان و پرسی “بەرەوەند کردنی” کوشتاری جیابیرانە لە کۆماری ئیسلامی. خاڵی دووهەم؛ قسەی موهەندیسانی کۆشتارەکەیە کە پێوەندیی بە بەشی تیۆریکی ئەم وتارەشەوە هەیە. ئەگەرچی ئەوان دان بە نارەوابوونی ئەم بڕیارەدا دێنن، بەڵام پێداگری لەسەر بەجێگەیاندنی “تەکلیفی شەرعی” و جێبەجێ کردنی کارێکی ناتەواو دەکەن. بۆ نموونە مونتەزەری لە کتێبی بیرەوەرییەکانی و لە زمانی نەییەری حاکمی شەرعدا دەڵێ: “ما تا الان ۷۵۰ نفر را در تهران اعدام کرده‌ایم، ۲۰۰ نفر را هم به عنوان سرموضع از بقیه جدا کرده‌ایم کلک اینها را هم بکنیم بعد هرچه بفرمایید.”

بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان چەمکی هۆلوکاست و رووداوەکانی دەیەی شەستی ئێران روون بێتەوە، سەرەتا هەوڵدەدەم بە کورتی باسێکی تێرمینۆلۆژیک لەمەڕ چەمکی هۆلوکاست بکەم، دواتر رەخنە بنەماییەکانی کارەساتی هۆلوکاست لەم وتارەدا دێتە بەر باس و، دواجار بەراوردێکی کورت لەمەڕ دیاردەی “خومەینی-یزم” و هۆلوکاستی دەیەی شەست لە ئێران دەکەم.

Einsatzgruppen_Killing
رەشەکووژی یەهوودییەکان

هۆلوکاست لە “هیلۆکافستۆن” وەرگیراوە کە وتەزایەکی لاتینییە و لە دوو وشەی هێلۆس (بەتەواوی) و کافستۆس (سووتاندن) پێکهاتووە و ماناکەی دەبێتە؛ بەتەوای سوتاندن. سەرەتا ئەم وتەزایە لە پێوەندی بە سزای سووتاندنی ئەو کەسانە دەکار دەهات کە لە دین لایان دابوو. لە سەدەی نۆزدەهەمدا هۆلوکاست وەک یەکێک لە ماناکانی ژینۆساید هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و لە چەند بەڵگەی مێژووییدا و لە پێوەندی بە قڕکردنی ئەرمەنییەکانی تورکیا باسی لێکراوە. دوابەدوای شەرەی دووهەمی جیهانی، هۆلوکاست لە پێوەندیی بە کەیسی سووتاندن و قڕکردنی یەهودییەکان، ئۆتیست و کەم ئەندامان، قەرەج و هۆمۆسێکسوالیتەکان بەدەستی نازییەکانی ئاڵمان تۆمار کراوە کە هەژماری قوربانیانی ئەم کارەساتە دەگاتە شەش ملیۆن کەس.

زیگمۆند باومان (٢٠٠٥) کۆمەڵناسی پۆستمۆدێڕن، لە کتێبە بەناوبانگەکیدا “هۆلوکاست و مۆدێرنیتە” دەڵێ؛ تێگێشتن لە کارەساتی هۆلوکاست نایەتە دی ئەگەر لە بنەماکانی سەرهەڵدانی مۆدێڕنیتە تێنەگەین. پرۆژەی سڕینەوە لای فاشیزم، بە بۆچوونی باومان، بڕیاری پیاوێکی سەرشێت نەبوو بەڵکە چەمکی سڕینەوە بەشێک بوو لە ماهیەتی مودێڕنیتە. مۆدێرنیتە بۆیە سەریهەڵدا تاکوو جیهان لەو شتە ناپاکانە خاوێن بکاتەوە کە گرێ دەخەنە بەردەم “شارەستانیەت” و “پێشکەوتن”. ئەگەر مۆدێرنیتە شارستانیەت و پێشکەوتنی نەکردبایە بە ئایدۆلۆژی، بە دڵنیاییەوە پرسی سڕێنەوەش نەدەبوو بە ئامانجی فاشیزم و لە ئەنجامدا دەسکەنەی گیا هەرزەکانی بێستانی شارەستانیەتی نەدەکرد. بەم چەشنە زیگموند باومان پرسی هۆلوکاست نەک وەک رووداوێکی مێژوویی یاخۆ کارەساتێکی نامرۆڤانە، بەڵکە وەک دیاردەیەکی مەعریفی شرۆڤە دەکا. مەبەست لە مەعریفە ئەو چەمکە بنەماییانەن کە جیهانبینی مۆدێرنیتەیان لەسەر دامەزرا. باومان روانگەی رەخنەگەرانەی خۆی لەسەر ئەم چەمکانە چر دەکاتەوە: ١/ شارستانیەت، ٢/چەمکی “ئەوانی دی” و پرۆسەی سڕینەوە، ٣/ رێکاری عەقڵانی و بروکراسی، ٤/ سۆسیال دیستانس، ٥/ بەنۆرمال کردنی جینایەت و ٦/ ئەخلاقی گوێرایەڵانە.

مێتۆدۆلۆژیای رەخنەگەرانەی باومان، هانماندەدا کە ئێمەش بە روانینێکی رووکەشیانە سەیری رووداوەکانی ساڵی ٦٧ نەکەین، بەڵکە بۆ تێگێشتن لەم کارەساتە پێویست دەکا هەتا قووڵاییەکانی ژێرخانی خومەینیزم رەهەند لێ بدەین و لەوێوە بۆ رەگەکانی ئەم جینایەتە بگەڕێین. کەواتە پێویستە سەرەتا لەسەر ئەم خاڵە هاوڕا بین کە کوشتاری زیندانیانی ساڵی ١٣٦٧ رووداو نەبوو بەڵکە بەشێک بوو لە ماهیەتی “سڕینەوە” کە بنەمای خومەینیزمی لەسەر دارژاوە. بۆ تێگێشتن لەم کارەساتە ناچارین بگەرەینەوە بۆ دواوە و گەشتێک بەناو داڵانی خوێناوی دەیەی شەستدا بکەین، کەمێ دوورتر بچینەوە بۆ ئینقلابی ١٣٥٧ و هەروەها بەرەو جۆزەردانی ١٣٤٢یش داگەڕێین. هەڵبەت رێگای ئەم کاروانە زۆر درێژە، هێندە دوورە کە دەگاتەوە بۆ دەیەی سی هەتاوی و لەوەش دوورتر بۆ سەردەمی مەشرووتیەت. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەم زەنجیرە رووداوانە بە یەکەوە گرێ بدەینەوە، بە دڵنیاییەوە لە جینایەتی ساڵی ٦٧ یش تێناگەین. ئەگەر هێندە دوور نەکەوینەوە، چۆن دەتوانین لە کێشەی مودەرس، فیتنەی کاشانی و هەرای خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢ تێبگەین؟ زۆر سروشتییە کە لە وتارێکی وەها کورتدا مەجالی خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم دیاردەیە نەرەخسێ، هەر بۆیە هەوڵدەدەم بە پشت بەستن بە مۆدێلی رەخنەگەرانەی باومان، تیشک بخەمە سەر رەهەندە مەعریفییەکانی دیاردەی “سڕینەوە” کە لە مەکتەبی خومەینیزمدا نیهادینە کراوە.

53b132337fcbb_zygmunt_bauman
زیگمۆند باومان

بە پێی بۆچوونی باومان؛ چەمکی “ئەوانی دی” یەکێکە لە داهێنانەکانی مۆدێڕنیتە. “ئەوانی دی” لە سۆنگەی مۆدێڕنیتەدا بە مانای جیاوازییە و، هەڵبەت چەمکی جیاوازی لێرەدا بە پێوەری نۆرمەکانی شارستانیەت و بەربەریەت هەڵدەسەنگێردرێ. ئەو شتانەی کە بەلای مۆدێڕنیتەوە نۆرماڵ نەبێ ئەوا جیاوازە و بەمانای بەربەریەتە و، بۆ نەهێشتنی جیاوازیش پێویستە پرۆسەیەک دیاری بکرێ بۆ دەسکەنە کردن. بۆ جێبەجێ کردنی وەها پرۆسەیەک پێویست بە رێکاری عەقڵانی دەکا و، باومان پێی وایە کە بروکراسی عەقلانی ترین و گرنگترین میکانیزمی پرۆسەی سڕینەوە بوو کە نازییەکانی ئاڵمان رەچاویان کرد. بە تەنیا بروکراسی دەیتوانی پرۆژەی هۆلوکاست خێراتر، وردتر، بە دسیپلین تر و بە کاراترین شێوە ببا بەرێوە. یەکێک لە کاریگەرترین کارکردەکانی بروکراسی بە پێی بۆچوونی باومان، لە زەمینەی ئەخلاقدا خۆی دەردەخا. باومان دەڵێ: ئەو کەسانەی دەستیان لە هۆلوکاستدا هەبوو، بە دڵنیاییەوە مرۆڤ بوون، دایک و باوکیان هەبوو، بەشێکیان ژن و منداڵیشیان هەبوو، تامی خۆشەویستییان چێشتبوو، دەیانزانی بەزەیی و لێبوردن چییە و تەنانەت دەیانزانی ئازار چ مانایەک دەداتەوە، کەچی هەر ئەو کەسانە پۆل پۆل ژن و منداڵ و پیاوانی یەهودیان لە کورەی ئاگردا دەپەستاوت بۆ سووتاندن. بۆ تێگێشتن لەم پارادۆکسە ئەخلاقییە، باومان خوێندنەوەیەک بۆ کاردکردی بروکراسی وەک ئەڵتەرناتیڤی ئەخلاق دەکا. بەئەخلاقی کردنی بروکراسی نایەتە دی ئەگەر پرۆژەیەک بۆ سوسیال دیستانس لە ئارادا نەبێ و، مەبەست لە سوسیال دیستانس ئەو مەودایەیە کە لە نێوان بکووژ و قوربانیدا چێ دەبێ. هەتا ئەو مەودایە زیاتر دەبێ، بریاردان بۆ کوشتنیش ئاسان ترە. لە وەها دۆخێکدایە دیاردەیەک بە ناوی “سیستەم” دێتە ئاراوە و، سیستەم بڕیاری کوشتن بە شێوەی سیستەماتیک و لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش دەکا. لە بوونی سیستەمدا ئیدی کەس گرفتی ئەخلاقی نابێ، چوونکە پێیوایە خۆی بەشێکی بچوکە لە پرۆسەی قڕکردندا و راستەوخۆ بەرپرسیار نییە لە جەنایەتەکەدا. ئەم رەوەندە وەها نۆرماڵ دەبێتەوە کە هەموو لایەک خەم لە کارایی سیستەمەکە دەخۆن و تێدەکۆشن کارەکان بە رێکوپێکی تەواو بکەن. بەمچەشنە بنەمای ئەخلاقی لە کارەساتی هۆلوکاستدا باشتر جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و گوێرایەڵی بوو.

ئایدۆلۆژی خومەینیزم لەسەر بنەمای دیالێکتیکی “حەرام” دامەزراوە. کاتێ باس لە دیالێکتیک دەکەین مەبەستەکەمان روونە، واتە چارەسەرکردنی دوو بۆچوونی فەلسەفی دژ بەیەک لە نێو تیۆرێکی گونجاو دا (تێز و ئانتی تێز). دیالێکتیکی حەرام لە ئەنجامی هاودژیی شەڕ (تێز) و خێر (ئانتی تێز) پێکهاتووە کە یاسای شەرع چارەسەریی ئەو هاودژییە دەکا. دیالێکتیکی حەرام یەکێکە لەو دیاردانەی کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەیتوانیوە لەگەل سەردەمی مۆدێڕندا تەعاموول بکا. هەڵبەت کاتێ باس لە دیالێکتیکی حەرام دەکەین مەبەستمان لە ترادیشۆن یاخۆ رەوەندێکی نەریتی نییە، بەڵکە دیالێکتیکی حەرام شێوازێکە لە ماملەی کۆمەڵایەتی (سۆسیال ئینتەراکشۆن) کە وەک سیستەم کار دەکا. لێرە بەدواوە کاتێ باس لە “سیستەم” دەکەین مەبەستمان لە “تەکلیفی شەرعییە” کە رێکار بۆ چارەسەریی پرسی پارادۆکسی ئەخلاقی دیاری دەکا. هەرای خومەینی لە ١٤ جۆزەردانی ١٣٤٢، لە راستیدا زەمینەی پراکتیزەکردنی دیالێکتیکی حەرام بوو. ئێمە دەزانین کە فتوای خومەینی بە دژی بڕیاری یاسای کاپیتولاسیۆن و بەتایبەت مافی ژنان بۆ دەنگدان بوو کە وەک هەرەشەیەک بۆ سەر یاسای شەرع دەهاتە ئەژمار. کاتێ لە یەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی ئینقلابی ١٣٥٧ نزیک دەبینەوە، مەیدانی تەفسیری دیالێکتیکی حەرام هێندە بەرفراوان دەبێتەوە کە تەنانەت ئازادی، دیالۆگ، هونەر، شادی، ژن و دێمۆکراسیش دەخاتە خانەی “شەڕ”. بیری ئازادی لە ئینقلابی ١٣٥٧ دا وەها باڵی گرتبوو کە بە تەنیا لە بازنەی دیالێکتیکی حەرامدا دەستەمۆ دەکرا و، ئەگەر لە هێندێ دەرفەتدا زەروورەتی ئازادی دەهاتە ئارا، ئەوا سیستەم بە ماشینی سڕینەوە دەهاتە مەیدان و قڕی دەکرد. لە هێچ قۆناغیکی مێژووی ئەم ئایدۆلۆژییەدا شتێک بەناوی تەعاموولی سازندە بەدی ناکرێ، بەڵکە هەوڵی سڕینەوە و لەخشتە بردن وەها نیهادینە کراوە کە بۆتە بەشێک لە ماهیەتی خومەینیزم.

پێناسە کردنی چەمکی “ئەوانی دی” زۆر گرنگە بۆ بەستێن سازی سڕینەوە و، لە وەها دۆخێکدایە کە سیستەم ئامانجەکانی خۆی دەپێکێ. “ئەوانی دی” لە دیالێکتیکی حەرامدا خۆی لە “شەر” دا دەبینێتەوە و سروشتییە کە یاسای شەرع لە خزمەت نەهێشتنی شەردا چاک کار دەکا و حدوودی خێریش بەباشی دیاری دەکا. دامەزراندنی دادگای ئینقلاب و دیاری کردنی حاکمی شەرع، فازی یەکەمی پرکاتیزەکردنی دیالێکتیکی حەرام بوو کە بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر بوو بە ئەمری واقع. ئەگەر تیۆری “ئەوانی دی” و پرۆسەی سڕینەوە لای خەڵک وەها بەهێز نەبوایە، چۆن کۆمەڵگای ئێران کە لە ماوەی دەساڵی پێش ئینقلابدا خاوەنی باشترین سیستەمی دادگوستەری بوو لە رۆژهەڵاتی ناوین، دەیتوانی پێملی سیستەمی شەرع بێ؟ فازی دووهەمی دیالێکتیکی حەرام تاقیکاریی سیستەم بوو. لە وەها دۆخێکدا زۆر گرنگە کە ئایدۆلۆژی حەرام لە کارایی، خێرایی، وردبوونەوە و نەزمی سیستەم دڵنیا بێتەوە. یەکەم تاقیکارییەکانی سیستەم لەسەر کەیسی ئەفسەر و کارگێڕانی رێژیمی پاشایەتی تاقی کرایەوە کە بە پێی بڕیاری حاکمی شەرع سزای گولەبارانکردنیان بەسەردا سەپا و حوکمەکەش لەسەر بانی جەماران، واتە ئەو شوێنەی خومەینی لێ دەژیا، بەرێوە چوو. بە دڵنیاییەوە لەژێر چاوەدێریی خومەینیدا ئەم تاقیکارییە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، چوونکە لە قۆناغەکانی دیکەدا مەیدانی مەحاکمە و مەرگ بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە. تاقیکاریی سیستەم قۆناغێکی دیکەی لەبەر مابوو تاکوو بە تەواوی دڵنیا بکرێتەوە و، ئەم تاقیکارییە لەسەر یارانی نزیک لە ئینقلاب و خومەینی تاقی کرایەوە.

یەکێک لە گرفتەکانی سەر رێگای سیستەم پرسی مەشرووعیەتی کۆمەڵایەتییە کە لە رێگای سۆسیال دیستانسەوە زەمینەی شەرعی بوونی سیستەم خۆش کرا. چێکردنی مەودای کۆمەڵایەتی لە نێوان “ئێمە” و “ئەوانی دی” مسۆگەر نەدەکرا ئەگەر دینامیزمێک بە ناوی “فتوا” لە ئارادا نەبوایە. فتوای جیهاد بۆ سەر خەڵکی کوردستان و دیاری کردنی سنووری نێوان کوفر و ئیسلام، مەیدانی بە سیستەم دا کە لەبەر چاوی هەموو گەلانی ئێران، سەدان هەزار بۆمب و تۆپ و خومپارە بەسەر شار و گوندەکانی کوردستاندا ببارێنێ و دەنگی نارازی بوونیش لە کەس دەرنەیەت. بەدوای ئەم تاقیکارییەدا، سیستەم وەها دڵنیا کرایەوە کە ئەوجار دەگژ حیزبە هاوپەیمانەکاندا چووەوە کە لە جبهەی دژی ئیمپریالیزمەوە چەپڵەیان بۆ کارایی سیستەم لێدەدا. کاتێ کەس نەما ئەوجار چووە سەرەوەختی زیندانیانی بێ پەنا کە پێشتر حاکمانی شەرع سزای زیندانیان بەسەردا بڕاندبوونەوە و ئەوانیشان بێکەسکوژ کرد. ئەم سیستەمە قەرار نییە لە شوێنکدا راوەستێ، رۆژێک لە کەهریزەک چالاک دەبێتەوە، جاری وایە لە کۆنسێرتەکان دەردەکەوێ و هێندێجار بەر بە درگای باڵەکانی نێو رژیمیش دەگرێ. کارایی سیستەم بەرادەیەک سەرکەوتووە کە تەنانەت هەموو دەرکەوتەکان و جینایەتەکانی وەک رەوەندێکی نۆرماڵ و ئیلاهی دێتە بەرچاو و لە ئەنجامدا بووە بە بەشێک لە ئەخلاقی ئیسلامی. تەکلیفی شەرعی لە دیالێکتیکی حەرامدا بە مانای ئەخلاقی گوێرایەڵانەیە و، تاکی ئەخلاقی کەسێکە کە بە باشترین شیوە گوێڕایەڵ بوونی خۆی بسەلمێنێ و کارەکانی سیستەم تەواو بکا، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە بە هەزاران ملیارد تمەنیش ئیختەلاس بکا.

kavaran4
خاوەران، گۆڕی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی کە لە ساڵی ١٣٦٧ دا کۆمەڵکووژ کران

کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا هەر جینایەت نەبوو، بەڵکە پرۆسەیەکی نۆرماڵ بوو کە دەبوایە سیستەم بەباشی تەواوی بکا. زیگمۆند باومان مافی خۆی بوو ئەگەر دەیگوت: کاتێ سەدام لەبەر چاوی جیهاندا بە هەزاران کوردی کیمیاباران دەکرد و، خەڵکی تامیر بە پانەوە ژینۆساید دەکران، دڵنیا بووم کە ئێمە لە رەهەندە کارەساتاوییەکانی هۆلوکاست تێنەگێشتوین و ئیدەی هۆلوکاست خاشەبڕ نەکراوە. بەراستی کەیسی هۆلوکاست چۆن دادەخرێ لە کاتێکدا دیالێکتیکی حەرام عەقڵی مودێڕن تووشی چالنج دەکا؟

٢٩/٨/٢٠١٦

رزگار ئەمین نژاد

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٦٨٧ی رۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: