ئەم وتارە هەوڵدەدا بە شرۆڤەیەکی کۆگنێتیڤانە ئاوڕ لە دیاردەی رەخنەی “دەروون پارادایمی” بداتەوە کە دوو جار رۆڵی چارەنووسسازی لە مێژووی حدک دا هەبووە. بۆ ئەوەی زەمینەی مژارەکە هەموارتر بێ، سەرەتا هەوڵدەدەم باسێکی کورت لەمەڕ “ماهیەت” و زەروورەتی حیزب بەگشتی بکەم. دواتر “کارکرد” یاخۆ فۆنکسیۆنەکانی حیزبی سیاسی بخەمە بەرباس و، دواجار باس لە کارایی رەخنەی “دەروون پارادایمی” وەک پێشمەرجێکی گرنگ بۆ چالاک کردنی نیهادە سیاسییەکان بکەم.
دیاردەی رەخنەی دەروون پارادایمی
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ٧١ ساڵ بەسەر تەمەنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێ. ٧١ ساڵەی تەمەنی حیزبێکی سیاسی دەبێ ئەو دەرفەتەمان بۆ برەخسێنێ کە لە کاتی نرخاندی مێژووی ئەو حیزبەدا، رۆڵی کەمتر بە هۆکارە عاتیفیەکان بدەین. کەواتە کاتێ ئاوڕ لە مێژووی ٧١ ساڵەی حیزبێکی سیاسی دەدەینەوە، پێویستە لەسەر دوو شت ساغ بینەوە: تێروانینی رۆمانتیکانە و لێکۆڵینەوەی مێتۆدۆلۆژیانە. کاتێ باس لە تێروانینی رۆمانتیکانە دەکرێ سروشتییە کە لە بەرامبەریشیدا تێروانینی رەخنەگراەش هەبێ. ئەگەر روانگەی عاتیفی و رەخنەگەرانە وەک ماف رەچاو بکەین، ئەوا زۆر سروشتییە کە ئەو مافە بە هەردوو لا بدەین کە چۆن دەرواننە دیاردەکان، بەڵام کاتێ باس لە لێکۆڵینەوە دەکەین ئیدی لەگەڵ کانسێبتێکی دیکەدا بەرەوروو دەبینەوە. لێکۆڵینەوە مێتۆدە، پرۆژەیەکی سیستەماتیک و پلاندارێژراوە، پشت بە فاکت و داتا دەبەستێ، سوود لە دیزاین و تیۆر وەردەگرێ و هتد. ئەم فاکتۆڕانە پێمان دەڵێن کە کاری لێکۆڵینەوە پرۆسەیەکی قورس و درێژخایەنە، لەهەمان حاڵدا مەجاڵی ئەوەش هەیە کە بە پێی زانیاریی نوێ یاخۆ میتۆدی نوێ رەت بکرێتەوە. هەڵبەت ئەم وتارە لێکۆڵینەوە نییە، بەڵکە بابەتێکی شرۆڤەکارانەیە و، کاتێ باس لە شرۆڤە دەکەین پێویستە روونی بکەینەوە کە لە چ گۆشەنیگایەکەوە ئاوڕ لە مێژوو یاخۆ دیاردەکان دەدەینەوە. لە کاری شرۆڤەکاریدا ئێمە لەگەڵ دوو گۆشەنیگادا ئاشنا دەبین؛ یەکەم شرۆڤەیەکی کۆگنێتیڤانەیە؛ واتە دیاردەکان وەک ئەو جۆرەی کە هەن شرۆڤە بکرێن، دووهەم شرۆڤەیەکی نۆرماتیڤانەیە؛ واتە دیاردەکان وەک ئەو جۆرەی کە دەبوایە ببێ شرۆڤە بکەین. یەکێک لە مەترسییەکانی خۆخەریک کردن بە شرۆڤەی نۆرماتیڤ لەوەدایە کە کۆنتێکستی رووداوەکان لەبەرچاو ناگرێ و هەروەها لە پێشەوەی سەردەمی دیاردەکاندا دەڕوا. ئەم وتارە هەوڵدەدا بە شرۆڤەیەکی کۆگنێتیڤانە ئاوڕ لە دیاردەی رەخنەی “دەروون پارادایمی” بداتەوە کە دوو جار رۆڵی چارەنووسسازی لە مێژووی حدک دا هەبووە. بۆ ئەوەی زەمینەی مژارەکە هەموارتر بێ، سەرەتا هەوڵدەدەم باسێکی کورت لەمەڕ “ماهیەت” و زەروورەتی حیزب بەگشتی بکەم. دواتر “کارکرد” یاخۆ فۆنکسیۆنەکانی حیزبی سیاسی بخەمە بەرباس و، دواجار باس لە کارایی رەخنەی “دەروون پارادایمی” وەک پێشمەرجێکی گرنگ بۆ چالاک کردنی نیهادە سیاسییەکان بکەم.

ستاین روکان (١٩٨٧) کۆمەڵناس و سیاسەتناسی نۆروێژیی، زەروورەتی دامەزرانی حیزب وەک دەرەنجامی دەرکەوتنی کەلێنی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکا. کەواتە کاتێ بمانەوێ لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەی حیزب یاخۆ کارکردەکەی بکەین، پێویستە سەرەتا لێکۆڵینەوە لەسەر کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و هاودژەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایە بکەین، چوونکە حیزب لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە بەرگریی لە ماف و بەرژەوەندییەکانی چین یاخۆ لایەنێکی نێو کۆمەڵگا دەکا کە دەسەڵاتی سیاسی پێشێلی کردووە یاخۆ ڕەچاوی ناکا. ئەمەی باس کرا باسێکی “ماهیەتی” بوو، بەڵام کاتێ باس لە “کارکردی” حیزب دەکرێ- بە پێی بۆچوونی روکان، ئێمە لەگەل دوو دیاردەدا بەرەوروو دەبینیەوە واتە؛ پارتی- سیستەم و پارتی- کولتور. مەبەست لە پارتی- سیستەم؛ تەعاموولی دەرەکی حیزبە، واتە چۆنایەتی ماملەکردنی حیزب لەگەڵ دەسەڵات یاخۆ ململانەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. لە وەها دۆخێکدا حیزب وەک میدیۆمێک لە نیوان دەسەڵات و ئەو چین و توێژەی کە حیزبەکە نوێنەرایەتی دەکا، کارکردی هەیە. مەبەست لە پارتی- کولتور؛ تەعامولی دەروونیی نێو حیزب و کۆمەڵگایە کە بە پێی دێمۆکراسی نێو حیزب و ئاستی پەروەردەی ئەندامەکانی مەزندە دەکرێ.
سیاسەتی دەوڵەت- نەتەوە لە سەردەمی رەزا خانی میرپەنجدا نەک هەر زەمینەخۆشکەری کەلینی کۆمەڵایەتی بوو لە ئێران، بەڵکە زەمینەخۆشکەری هەڵاواردنی نەتەوەییش بوو. ئەگەر مانای کەلێنی کۆمەڵایەتی هاودژی و شەڕی بەرژەوەندییەکان بێ، ئەوا سیاسەتی هەڵاواردن پێوەندیی بە شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە. هەڵبەت ئێمە دەزانین کە ئازادی، دادپەروەری، ناسنامە و کولتور چوار عونسووری گرنگن کە کەرامەتی مرۆڤایەتی پێ پێناسە دەکرێن. لە سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەییدا ئێمە لە گەڵ دوو مەترسیدا بەرەوروو دەبینەوە: یەکەم مەترسی؛ دەست بردن بۆ کردەوەی توندوتیژییانەیە بە مەبەستی “سەپاندنی” یەک زمان، یەک کولتوور و یەک ناسنامە بەسەر گشت پێکهاتە کولتوریی و زمانییەکانی دیکەدا و، دووهەم مەترسی؛ حاشاکردن و واقعپێندارییە کە خۆی لە پرۆژەی “سەلماندنی” رەوەندی تەک کولتووری، تەک زمانی و تەک ناسنامەییدا دەردەخا و، ئەم پرۆژەیە بە شێوەی سیستەماتیک و لە رێگەی مێژووسازی و سیاسەتی پەروەردەوە هەوڵ بۆ سڕینەوەی زاکیرەی نەتەوەیی دەدا.
لە یەکەم بەیاننامەی حدک دا (١٣٢٤)، باس لە زەروورەتی دامەزرانی حیزب وەک دەرەنجامی هەڵاواردنی نەتەوەیی کراوە و، لە هەمان کاتدا رێکارێکی دێمۆکراتییانە لە توێی ٨ ماددەدا بۆ چارەسەریی پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێشکەش کراوە. کەواتە ئەم بەیاننامەیە لە دوو بەش پێکهاتووە؛ یەکەم باس لە ماهیەتی دامەزرانی حیزب دەکا و، دواتر کارکردی حیزب (واتە پارتی-سیستەم و پارتی-کولتور) لە ٨ ماددەدا دیاری دەکا. پێشتر باسمان لە دیاردەی پارتی-کولتور کرد و ئەم دیاردەیەمان لە سۆنگەی تەعاموولی دەروونی نێو حیزب هێنایە بەر باس. لێرەدا بە پیویستی دەزانم ئاماژە بە رەهەندی کۆمەڵایەتی پارتی- کولتوریش بدەم کە پێوەندیی بە ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵ و رەوەندی گەشەکردنی ساختاری کۆمەڵایەتی هەیە کە لەو ساختارەدا، پێکهاتە و چین و توێژەکان لە رێگای رێکخستن و بەمانیفێست کردنی داواکانیان هەول بۆ وەدیهێنانی ئامانج و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن. لە دەیەی ٢٠ لە ئێراندا ئێمە نیشانەکان و زەمینەکانی سەرهەڵدانی نیهادی سیاسی دەبینین و هەر لەم پێناوەدا دامەزرانی حدک، وەک وەڵامدانەوەیەکی پۆزیتیڤ بەم رەوەندە دێمۆکراتیکە جێگای تێڕامانە. کە دێینە سەر باسی پارتی-سیستەم، وەک ئەو جۆرەی لەم بەیاننامەیەدا دەردەکەوێ، دامەزرانی حدک لە راستیدا هەنگاوێکە بۆ تەعاموول کردن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی بە مەبەستی چارەسەرییەکی دێمۆکراتیانە بۆ پرسی دەسەڵات لە ئێران دا. دۆخی سیاسی و دەسەڵات لەو سەردەمەدا کە حدک دامەزرانی خۆی رادەگەیەنێ، زۆر شێواو و ناموتەمەرکیز بووە و، نەخشەرێگای حدک لەراستیدا هەوڵدانێک بوو بۆ چێ کردنی هاوسەنگییەکەی نوێ و دێمۆکراتیک.
تا ئێرە باسمان لە زەمینە و زەروورەتی دامەزرانی حیزبی سیاسی بە گشتی و حدک بەتایبەتی کرد. لەم میانەیەدا بابەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە پێوەندی بە چالاکیی و بردنەپێشی سیاسەتەکانی حیزبەوە هەیە. ئێمە دەزانین کە سەردەمی دامەزرانی حیزب سەردەمی هیوا و گەشبینییە، بۆیە ئەم دەورانە بە دەورانی رۆمانتیکی حیزب ناوزەد دەکرێ. سروشتیییە کە لەم قۆناغەدا ئامانج و دروشمەکانی حیزبیش لەژێر سڕیمەی وەها دۆخێکدا بن. بەڵام کاتێ حیزبی سیاسی قۆناغی رۆمانتیزم تێدەپەرێنێ و بەرەو دەورانی رێئالیزم دەچێ، لە وەها دۆخێکدایە کە زەمینەکانی خوێندنەوەی نوێ بۆ ماهیەتی حیزب دەست پێدەکا. لەم قۆناغەدایە کە ناکۆکی لەنێوان روانگەی ترادیشۆنی و روانگەی مۆدێرندا سەرهەڵدەدا. مەبەست لە روانگەی ترادیشۆنی؛ پاراستنی ئەو بنەما نەگۆڕانەن کە لە ماهیەتی حیزبدا رەنگی داوەتەوە و لە ئاکامدا ئەم لایەنە وەک باڵی کۆنسەرڤاتیڤی حیزب پێناسە دەکرێن، مەبەست لە روانگەی مۆدێرن؛ تێگێشتنێکی پراگماتیستیانەیە بۆ سیاسەت. ئێمە دەزانین کە سیستەم و کاردکردی حیزب لە روانگەی پراگماتیستیدا بە پێی ئاکام هەڵدەسەنگێندرێ، واتە کاتێ دەڵێین سیستەمێک کارایە کە ئاکامی لێدەستکەوێ. ئەمەی کە باس کرا زەمینەیەک بوو بۆ تێگێشتن لە رەخنەی دەروون پارادایمی کە زۆرجار لە سیاسەت دا باسی لێکراوە. مەبەست لە پارادایم؛ ئۆلگوو یاخۆ مۆدێلێکی بیرکردنەوەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەسەر فەزای حیزبێکی سیاسیدا زاڵ دەبێ و ئەندامانی حیزب عادەتی پێدەگرن. تا ئەو کاتەی ئەم پارادایمە توانای وڵامدانەوەی هەبێ کاری خۆی دەکا، بەڵام کاتێ ئەم پارادایمە نەتوانێ ولامدەری بۆچوونی نوێ و پرسیارەکانی سەردەم بێ، ئەوا زەمینە بۆ سەرهەڵدانی پارادایمێکی دی هەموار دەبێ.
لە مەودای نێوان رووخانی کۆماری کوردستان (١٣٢٥) و بەستنی گۆنگرەی دووهەمی حدک (١٣٤٣)، نزیک بە ٢٠ ساڵ تێدەپەڕێ. لەم ماوەیەدا بەشێک لە رێبەرانی حدک لە سێدارە دراون، بەشێکی بەرچاویش حوکمی زیندانیان بەسەردا بڕاوەتەوە و، کادێرانی حیزبیش لەم ماوەیەدا یا لە زیندان، یا ئاوارەی شار و گوندەکانی ئێران و یا پەرتەوازەی عێراق بوون. لە وەها دۆخێکدا زۆر سروشتییە کە حیزبیکی سیاسی تووشی گرفتی سیاسی و رێکخستن بێ. لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا کۆمەلگای کوردستانیش چ لەباری کەیفیەتی و چ لەباری کەمیەتییەوە گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، کەلێنە کۆمەلایەتییەکانیش زیاتر دەرکەوتوون و لە ئەنجامدا فەزای سیاسی کوردستان لەگەڵ مەفاهیمی نوێدا ئاشنا دەبن. لەم قۆناغەی مێژووی حدک دا ئێمە لەگەڵ ناکۆکییەکی “ماهیەتی”دا ئاشنا دەبین کە ئەم حیزبەی بەسەر دوو باڵی چەپ و ناسیۆنالیستدا دابەش کردبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە مەجالی نەدا ئەم ناکۆکییە ببێت بە بەستێنێک بۆ بەحسی دەروون پارادایمی لە کۆنگرەی دووهەمدا، لەراستیدا چۆنایەتی ماملەکردنی رێبەرایەتی ئەوکاتی حدک بوو. بەم چەشنە فەزای قورسی ناسیۆنالیزم و بەتایبەت هێژمۆنی پارتیزم (پ د ک) دۆخەکەی بە قازانجی ریبەرایەتی ئەوکاتی حدک هەموار کرد و بوو بەهۆی لە مەیدان دەرکردنی ئەو کادێرانەی کە دەیانتوانی بەشێکی کارا بن لە رەخنەی دەروون پارادایمی دا (بۆ زانیاریی زیاتر برواننە: نیوسەدە تێکۆشان، حەسەنزادە؛ ١٣٧٤).

نیشانەکانی یەکەمین رەخنەی دەروون پارادایمی لە کۆنفرانسی سێهەمی (١٣٥١) حدک دا دەردەکەون کە زەمینەی گۆڕانکارییەکی بنەرەتی بۆ کۆنگرەی سێهەم (١٣٥٢) هەموار دەکا. لەم کۆنفرانسەدا زەمینەسازیی بۆ دیالۆگێکی دێمۆکراتیک لەنێوان روانگەی چەپ و روانگەی ناسیۆنالیزم دەکرێ و لە ئەنجامدا حدک (ئێران) هیچ کامیان فیدای ئەوەی دیکە ناکا، بەلکە ئەم دوو روانگەیە وەک دوو پتەنسیەڵی گرنگ لەبەرچاو دەگرێ و، بەمچەشنە لەدوای سێنتێزێک دەگەڕی بۆ چارەسەریی ئەم ناکۆکییە کە من لەم وتارەدا ئەم سێنتێزە بەناوی “سێکۆچکەی دێمۆکرات” ناوزەد دەکەم. مەبەست لە سێکۆچکەی دێمۆکرات؛ فۆرموولە کردنی روانگەی دەروون حیزبی و تەتبیق کردنیان لەگەڵ واقعە کۆمەڵایەتی و جیهانییەکانە کە لە سێکۆچکەی مافی نەتەوەیی، دێمۆکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا تیۆریزە کراوە. مافی نەتەوەیی لە فۆرمی خودموختاری بۆ کوردستان پێناسە کراوە و، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش باس لە سوسیالیزمێک دەکرێ کە لەگەڵ دۆخی کوردستاندا بێتەوە. ئەم سێنتێزە بە رواڵەت حدک (ئێران) بەرەو پارادایمێکی نوێ دەبا، بەڵام کاتێ پاشگری “تطبیقی” بە سوسیالیزمەوە زیاد دەکرێ نیشانەی ئەوەیە کە ئیبهام یاخۆ تێگێشتنی جیاواز لەو ئیدەیەدا هەیە. ئەم بابەتە لە خۆیدا زەمینە بۆ رەخنەیەکی دیکەی دەروون پارادایمی خۆش دەکا و، دواجار کۆنگرەی شەشەمی (١٣٦٢) حدکا کۆتایی بەم ئیبهامە هێنا. “کورتە باسێک لەسەر سوسیالیزم” سەردێڕی نامیلکەیەک بوو کە زەمینەی پارادایم شیفتی بۆ حدکا هەموار کرد و بەم چەشنە حیزب بەرەو درەکێکی دێمۆکراتیک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەنگاوی نا.
هەلبەت رەخنەی دەروون پارادایمی بێ زەرەریش نییە بەتایبەت لەباری کەمیەتەوە، بەڵام کاتێ چاو لە چوونەسەری کەیفییەتی سیاسی حیزب دەکەین، گرنگیی ئەم چەشنە رەخنەیە زیاتر دەردەکەوێ. هۆکارەکانیش سێ شتن: سەرەتا دیاریکردنی ستراتیژییەکی نوێیە، دواتر راکێشانی پێرسۆنێلی چالاکە و، دواجار قۆناغی عەمەلیاتی کردنی پارادایمی نوێیە. بۆ نموونە لە کۆنفرانسی سێهەمدا (١٣٥١) ڕیبەرایەتی حیزب لە ئەنجامی رەخنەی دەروون پارادایمیدا هەوڵ بۆ دارشتنی بەرنامە و ئەساسنامەیەکی نوێ دەدا، دواتر پێداگری لەسەر بەشدارکردنی کۆمەڵێ نوخبەی چالاک دەکا و دواجار حیزب بەرنامەکانی قۆناغی نوێی خەبات دیاری دەکا. دەرەنجامی ئەم پارادایم شیفتە چ لە کتێبی نیوسەدە تێکۆشان (ن. حەسەنزادە) و چ لە کتێبی پەنجا ساڵ خەبات دا (ن. گادانی) وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی حدک دا باسی لێ کراوە.
وەک ئاماژەی پێدرا، لە مێژووی ٧١ ساڵەی حدکدا دوو جار رەخنەی دەروون پارادایمی هاتۆتە ئارا، هەردوو جاریش رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بردنەسەری کەیفیەتی سیاسی و هەروەها چالاک کردنەوەی رێکخراوەکانی ئەو حیزبە. وەک لەم وتارەدا ئاماژەی پێدرا، رەخنەی دەروون پارادایمی لە پێوەندی بە ماهیەتی حیزبدا سەرهەڵدەدا و سروشتییە کە دەست بردن بۆ بەحسی ماهیەتیی چەمکی نوێ و روانگەی مۆدێرن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ. دوا بە دوای کۆنگرەی شەشەم ئێمە لە حدکا و دواتر لە حدکیشدا، رەوتێک بەناوی رەخنەی دەروون پارادایمی نابینینەوە، بەڵکە لەگەڵ دیاردەیەکی دیکەدا ئاشنا دەبین بە ناوی کێشەی دەروون پارادایمی کە بەداخەوە زەرەر و زیانی بۆ حیزب زۆر بووە. ئەگەر رووی رەخنەی دەروون پارادایمی لە ماهیەتی حیزب بێ، ئەوا کێشەی دەروون پارادایمی رووی لە کارکردی حیزبە. ئەگەر ماهیەتی حیزب وەک نەرمئامێر پێناسە بکەین، ئەوا کارکردی حیزب بابەتێکی سەختئامێرییە و لە پلەی دووهەمدایە. لە ٧١ ساڵەی دامەزرانی حدکدا جێی خۆیەتی ئەم پرسیارە بێتە ئاراوە کە داخوا کاتی ئەوە نەهاتووە حیزب زەمینە بۆ رەخنەیەکی دیکەی دەروون پارادایمی خۆش بکاتەوە؟
٧/٨/٢٠١٦
رزگار ئەمین نژاد
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ٦٨٦ی رۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.
وەڵامێک بنووسە