رەهەندەکانی هۆکاری خۆکوژیی فەریناز خوسرەوانی هەتا ئێستاش ناروونە، بەڵام ئەو بەڵگانە هەرچییەک بن و باس لە هەر هۆکارێک بکەن، دیسان نابێتە هۆی ئەوە کە چاوپۆشی لە رەهەندی کارەساتاوی ئەم رووداوە بکەین، واتە نەبوونی ئاسایشی کار و حوزووری ژن لە کۆمەڵگە دا. ئەوەی لەم میانەیەدا بەرچاو دەکەوێ، ژن لە کوردستانی ئێراندا ئەمنیەت و ئاسوودەیی خۆی لە چوارچێوەی بنەماڵە و هەروەها گوێرایەلی بۆ نۆرم و یاساکانی کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە.
ئەمجارەش پیاوەکان بوون!
(لە پەراوێزی مەرگی گووماناوی فەریناز خوسرەوانی دا)
رۆژی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٤ (٤ی مای ٢٠١٥)، هەواڵی رووداوی خۆکوژی فەریناز خوسرەوانی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا رووماڵ کرا. لە هەواڵەکاندا باس لە هەوڵی دەستدرێژی کردنی کارمەندێکی ئەمنیەتی رێژیم بۆسەر کەرامەتی ئەم کێژە لاوە کراوە و هەروەها باس لەوە کرا کە گۆیا خاوەنی هۆتێل تارا (شوێنی روودانی رووداوەکە) هەوڵی داوە بۆ چەواشەکردنی راستییەکان. بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کاردانەوەیەکی گەورەوەی لێکەوتەوە کە لە رۆژی پێنجشەمۆ، واتە ١٧ی مانگی بانەمەڕدا بە سەدان کەس لە پیاوانی شاری مەهاباد لەبەردەم هۆتێل تارا کۆبوونەوە و ئاگریان لە هوتێلەکە بەردا. لەم میانەیەدا ئامادەبوون و هەڵوێستی نامەسئوولانەی هێزە ئەمنییەکانی رێژیم و پەنابردن بۆ سەرکوت و زەبروزەنگ وەک هەمیشە جاماوەری نارازی زیاتر دەنەدا بۆ کردەوەی توندووتیژی نواندن. هەڵبەت پیویستە ئامەژە بەوەش بدرێ کە دواتر لە هەواڵەکاندا روون بۆوە کە ئەوکەسە مەئمووری ئەمنیەتی نەبووە، بەڵکە کارمەندی ئیدارەی گەشتیاریی پارێزگای ئازەربایجان بووە و بە شێوەیەکی کاتی لە لایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کراوە. هەتا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە شێوەیەکی بەڵگەمەند، راستیی هۆکاری کردەوە خۆکووژییەکەی فەریناز خوسرەوانی پشتراست نەکردۆتەوە و هەروا بە ناروونی ماوەتەوە. هەڵوێست و کاردانەوەکانی خەڵکیش لە راستیدا لەژێر سڕیمەی ئەو دەنگۆیانەدا بووە کە لە فەزای شاردا بڵاو بۆتەوە. لە پێوەندی بەم رووداوەدا بە پێویستم زانی ئاماژە بە چەند خاڵ بکەم کە بەلای منەوە جێگای تێڕامانن.
١
ئەم رووداوە ئەگەرچی زۆر گووماناوییە، بەڵام هەڵوێستی پیاوانی مەهابادی و کردەوەی ئاگردانی هوتێل تارا، لەخۆیدا ئاماژە بەم راستییە دەکا کە سیستەمی قەزایی لە ئێراندا سیستەمێکی باوەڕپێکراو نییە. لە ماوەی ٣٥ ساڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسڵامی، هەتا ئێستاش هیچ هەوڵێک بۆ دیاریکردنی بنەمایەکی مەدەنی بۆ نیهادە قەزاییەکان نەدراوە کە رەوایی بدا بە سیستەمی دادپەروەری وڵات و، دادوەرەکان بە پشتبەستن بەو بنەما مەدەنی و ئەخلاقیانە بتوانن سەربەخۆیانە حزوورێکی چالاکیان لە رەوەندی داوەریکردندا هەبێ. سیستەمی قەزایی وڵات لەژێر سێبەری پێناسەی ئایدیالۆژیکی دەسەڵاتدا کار دەکا. دەستێوەردانی نیهادە سیاسی و ئەمنییەکانی رێژیم لە رەوەندی کەیسە قەزاییەکاندا بۆتە هۆکاری نارەزایی بوونی خەڵک و، هەروەها هاوڵاتیان مەتمانە بە کارکرد و رەوەندی سیستەمی قەزایی وڵات ناکەن. پێویستە و دەبێ، کەڵکەڵەی سیستەمی داد و هەروەها داوەرەکانیش لە هەموو شوێنێکی جیهان، سیانەت کردن لە مافی تاکەکانی کۆمەڵگە بێ بە بێ جیاوازی رەگەزی، ئائینی، نەتەوەیی، چینایەتی و هتد. نەبوونی بنەمایەکی تێکنۆکراتی و هەروەها پێناسەیەکی مەدەنیانە بۆ رەوەندی دادپەروەری دەبێتە هۆی ئەوە کە سیستەمی قەزایی کارایی خۆی لەدەست بدا. لە وەها دۆخێکدا تاکەکانی کۆمەڵ ئەرکی داوەریکردن لەئەستۆ دەگرن و لەهێندێ حاڵەتدا تەنانەت ئەرکی جێبەجێکردنی قەزاوەتە فەردییەکانی خۆشیان بەجێدەگەیەنن کە ئاکامەکەی دەبێتە هۆی گرژی و سەرهەڵدانی ئاڵۆزی لە کۆمەڵگادا.
گرفتی سیستەمی قەزایی لە ئێراندا بەتەنیا هەر دەستێوەردانی سیاسی ناگرێتەوە، بەڵکە گەندەڵی ئابووریش بەشێوەیەکی بەرچاو لە زۆربەی حاڵەتە قەزاییەکاندا گرفتی بۆ رەوایی بوونی ئەم سیستەمانە ناوەتەوە. ناهاوسەنگی قەپانی قەزاوەت لە دۆخە قەزاییەکاندا بە پێی دەوڵەمەندی و هەژاربوونی لایەنی کێشەکان زۆرجار بەرز و نزمی بەخۆیەوە بینییەوە. هەڵکشان و داکشانی قەپانی قەزاوەت لە رەوتی دادوەریکردنەکاندا ئەگەر هۆکاری گەندەڵیش نەبن، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکاری چینایەتییان هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لایەنێکی کێشەکە لەباری ماڵییەوە دەستەرۆتر بێ و لایەنەکەی دیکە دەستکورت بێ، کاریگەری دەبێ لەمەڕ هەڵبژاردنی پارێزەرەکانیان. هەڵبەت لە رەوەندی دادپەروەریدا ئامادەبوونی پارێزەر زۆر گرنگە و باشتر دەتوانن کار لە رەوەندی داوەریکردن بکەن. سیستەمی سیاسی وەڵات تا ئێستا نەیتوانیوە دەستەبەری مافی یەکسان بۆ هەڵبژاردنی پارێزەر بکا تاکوو هاوڵاتیان بتوانن بە دەرفەتێکی یەکسانەوە لەبەردەم سیستەمی داد دا ئامادە بن.
بەسەرنجدان بەو کەموکوڕییە بنەمایانەی کە لە سیستەمی دادپەروەری ئێراندا هەیە و زۆر بە کورتی ئاماژەیان پێکرا، کولتوری دادپەروەیش وەک دینامیزمێکی گرنگ لە کۆمەڵگادا بەرەو لاوازی چووە. نەبوونی کولتوری دادپەروەری لە خۆیدا کاریگەری لەسەر هەڵویستی مەدەنیانەی ئەندامانی کۆمەڵگاش دەبێ. گرنگترین ئەرکی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی جێگیرکردنی سیستەمی یاسایی لە وەلات و کارکردن بۆ کولتوری دادپەروەریە. بەڵام لە زۆر حاڵەتدا ئیرادەی رەوشەنگەریانە و کولتوورسازیانەی دادپەروەری بەتەنیا هەر لە گرەوی هەڵویستی سیستەمی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکە لە زۆر وڵاتانی دنیادا ئاقاری کولتوورسازی لە خوارەوە بۆ سەرەوە بووە. واتە ویستی مەدەنی و ئاستی رۆشنبیری ئەندامانی کۆمەڵگا دەوری هەبووە لە جێگیرکردنی ئیرادەی یاسا و دادپەروەری لە وڵاتدا. یەکێک لە دینامیزمە گرنگەکانی سەروەری یاسا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە چالاکبوونی بزاڤە مەدەنییەکانەوە گرێدراوەتەوە کە بە شێوەی نارەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان زەخت دەخەنە سەر سیستەمی سیاسی وڵات و ناچاریان دەکەن کە سەرنجێکی زیاتر بە دۆخی ئاسایش و دادپەروەری هاوڵاتایان بدەن.
کۆبوونەوەی سەدان پیاوی بەغیرەتی مەهابادی لەبەردەم هوتێل تارا و ئاگردانی ئەو هوتێلە، بەداخەوە ئەم راستییەمان بۆ دەردەخا کە ئەگەرچی سیستەمی سیاسی و دادپەروەری لە ئێراندا نەیتوانییوە سەروەری یاسا لە وڵاتدا دەستەبەر بکا، هاوڵاتیانیش بەداخەوە مەودایەکی دوورو درێژیان لەگەڵ دەرکێکی مەدەنی بۆ نارەزایی دەربڕین هەیە. شێوازی هەڵویستی پیاوانی مەهابادی ئاماژە بە رەوەندێکی شڕەفپارێزیانە دەکا کە رەگی لە کولتووری کوردەواریدا هەیە و هەمیشە بەشێوەی هرووژانی کاتیی خۆی دەردەخا و زۆر زووش دەنیشێتەوە. بەداخەوە هەڵبژاردنی مەسیری نارەزایی دەربڕینەکە، کە لە گۆڕستانەوە بەرەو هوتێل تارا بوو، بە شێوەیەکی سیمبولیک رەنگدانەوەی دەرکی ئێمەیە لە هەمبەر قۆرغە کۆمەڵایەتییەکانمان. ئەوەی لەم میانەیەدا پێویست بوو بکرێ هەڵبژاردنی مەسیری نارەزاییدەربڕین و شێوەی بەشداری کردنی هاوڵاتیان (واتە ژن و پیاو) لەم هەڵوێستەدا بوو. لەباتی ئەوەی ئاقاری نارەزایی دەربڕینەکە لە گۆرستانەوە بۆ بەردەم هوتێل تارا بێ، دەبوو سەرەتا خەڵک لەبەردەم هوتێل تارا کۆببنەوە، ئەوجار بەرەو ئیدارەی دادگوستەری برۆن و دواتر لەبەر دەم فەرمانداری مەهاباد دا کۆببنەوە تاکوو کاربەدەستانی رێژیم ئاگادار بکەنەوە کە رەوەندی دادەپەروەریانە و شەفافسازی ئەم رووداوە تا چەند پێوەندی بە کەرامەت و ئاسایشی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگاوە هەیە. بزووتنەوەیەکی سیمبۆلیکی مەدەنی لە وەها دۆخێکدا دەیتوانی چەند پەیامی گرنگ رابگەیەنێ: یەکەم؛ دەبووە هۆی رەواندنەوەی نیگای ئەمنیەتی کاربەدەستانی قەزایی بۆ سەر کەیسی فەریناز خوسرەوانی، شەفافسازی رووداوەکە و بەرێوەچوونی حوکمێکی دادپەروەرانە. دووهەم؛ هەر چەشنە هەنگاوێکی وشیار و مەدەنیانە دەبووە هۆی بەهێزبوونی پوتانسێڵکی مەدەنی بەلای هاوڵاتیانەوە کە لە قۆناغەکانی دیکەی ویستی مەدەنیدا چالاکانە بێنە مەیدان. سێهەم؛ قورسایی مەعنەوی و پایەداری ئەم بزاڤە دەیتوانێ پەیامێکی گرنگ بێ بۆ کاربەدەستانی رێژیم کە تێبگا لەگەڵ کۆمەڵگایەکی زیندوودا بەرەرووە کە ئامادە نییە مساومە لەسەر ویست داوا مەدەنی و حقووقییەکانی بکا و هەروەها ئەم بزاڤە دەیتوانی زەمینەخۆشکەری داوا نەتەوەییەکانی خۆی بێ بۆ قۆناغەکانی دواتر.
ئەگەر خەباتی مەدەنیانەی هاوڵاتیان نەتوانێ کاریگەری لەسەر رەوەندی چاکسازی لە سیستەمی سیاسی ئەمرۆی ئێراندا بکا، لانیکەم دەتوانێ لە ئەگەری گۆڕانی سیستەمی سیاسیدا، دەسەڵاتی نۆێ تێبگەیەنێ کە قەرارە حوکمی دەسەڵات لەسەر چ خەڵکێک بچەسپێنێ. ئەوەی لەم میانەیەدا بەداخەوە بۆمان دەردەکەوێ ئەوەیە کە ئیدەعای بزاڤە مەدەنییەکانی نێوخۆ سەبارەت بە ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا تا چەند لە جێگای خۆیدایە. هەموو ئاماژەکان بەداخەوە ئەو راستییە دەردەخەن کە ئەم بزاڤانە تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەون و لە خزمەتی پەستاوتنی دەنگی هاولاتیانن بۆ نێو سەندووقەکانی دەنگدان، کە تەنانەت لە ئەنجامی بژاردنی دەنگەکانیشدا ناتوانن سیانەت لە دەنگی هاوڵاتیان بکەن.
٢
کاتێ لە ئەفغانستان، فەرخوندە بە تاوانی قورعان سووتاندن، لەژێر لێدانی پیاوانی ئەفغانیی کوژرا و دواتر ئاگریان لەجەستەی بەردا، ژنانی شاری کابول بە شێوەیەکی سیمبولیک بزووتنەوەیەکی ئیعتەرازیان رێکخست کە تەنانەت نورمە باوەکانی ئائینی ئیسلامیان شکاند (واتە هەڵگرتنی مەیتی مردوو لەسەرشانی ژنان). ژنانی کابول بۆخۆیان تەرمی سووتاوی فەرخوندەیان ئەسپێردەی خاک کرد و لە سەر گۆڕەکەی کۆبوونەوە و رایانگەیاند: “ئێتر لەمرۆوە هیچ ژنێک لە ئەفغانستاندا هەست بە ئاسایش ناکات!” ئەم بزاڤە دەستی هەڵنەگرت و بە رێکخستنی خۆپیشاندان و نواندنی شانۆی سیمبولیکی کارەساتەکە، میدیاکانیان ناچار کرد کە زیاتر زووم لەسەر ئەم رووداوە بکەن و دواتر دەسەڵاتی قەزایی ئەفغانستان ناچار بوو پەلە بکا لە بەرێوەبردنی دادپەروەری.
رەهەندەکانی هۆکاری خۆکوژیی فەریناز خوسرەوانی هەتا ئێستاش ناروونە، بەڵام ئەو بەڵگانە هەرچییەک بن و باس لە هەر هۆکارێک بکەن، دیسان نابێتە هۆی ئەوە کە چاوپۆشی لە رەهەندی کارەساتاوی ئەم رووداوە بکەین، واتە نەبوونی ئاسایشی کار و حوزووری ژن لە کۆمەڵگە دا. ئەوەی لەم میانەیەدا بەرچاو دەکەوێ، ژن لە کوردستانی ئێراندا ئەمنیەت و ئاسوودەیی خۆی لە چوارچێوەی بنەماڵە و هەروەها گوێرایەلی بۆ نۆرم و یاساکانی کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە. بەم چەشنە وا دەردەکەوێ کە دۆخی ژن لە کوردستاندا هەتا ئێستاش لەژێر سڕیمەی پارادۆکسێکدایە کە لە گوتارە رووکەشیانەکانی فێمێنیزمی کورددا هەست پێدەکرێ، واتە مافی ژن لە قۆرغی پیاوانە و دیسان پێاوەکانن کە دەبێ جێنتێرمەنانە لەسەریان وەجواب بێن و مافەکانیان بۆ بگێڕننەوە. هەتا ژن بنەماڵەیەکی بەهێزتر و بەدەسەڵاتی هەبێ، هەتا ژن باشتر ملکەچی بڕیار و چوارچێوە رەفتارییەکانی بنەماڵە، خزم، گەڕەک، شار و وڵاتەکەی بێ، زیاتر هەست بە ئاسوودەیی و ئەمنیەت دەکا. ئەگەر نموونەیەکی وەک رووداوەکەی فەریناز دێتەئاراوە، ئەوا لە چوارچێوەی یاسای بەقاومانەوەی سروشتدا پێناسە دەکرێ کە زەعیفەکان مەحکووم بە نەمانن و لە وەها دۆخێکدا کوڕانی بەشەرەف و پیاوانی بەغیرەتی تایفە، کوڕانی گەڕەک و پیاوانی شار لەسەری هەڵدەقڕێن. لە میانەی ئەو ئاڵۆزییەی شاری مەهاباد و لە پێوەندی بە هەڵوێستی پیاوانی مەهابادیدا جێگای ژن نەک بەتاڵ بوو تەنانەت دەنگیشیان لێ نەهات. وەک بڵەی نەخشەی دێمۆگرافی ئەم وڵاتە شتێکی تێدا نەبێ بە ناوی ژن. هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ کە چەند رێکخراوەی ژنان لە توێی بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە کە بە بۆچوونی من ئەم هەڵوێستانە وەک هەمیشە کڵیشەیین و دیسان لە ژێر کاریگەری رەهەندێکی رووکەشیانەی فێمینیستییە، واتە تیۆرییە پاسیڤ و دووپاتەکراوەکەی هەڵاواردنی رەگەزی.
٣
شێوەی رووماڵکردنی هەواڵی خۆکووژی فەریناز لە میدیاکان بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی باس لە کارەساتێکی دڵتەزێن دەکەن، واتە قۆستنەوەی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ مەبەستێکی سیاسی. وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا هەتا ئێستا هۆکار و چۆنیەتی رووداوی خۆکۆژی فەریناز روون نەبوەتەوە. ئەم شتە زۆر سروشتییە چوونکە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئاکامی لێکۆڵینەوەکان بەخێرایی دەست ناکەون و کاتێ روونکردنەوەکان رادەگەیەندرێن، بەشێوەیەک لە میدیاکاندا رووماڵ دەکرێ کە رەچاوی یاساکانی رۆژنامەوانی، ئاسایشی هاوڵاتیان و کەرامەتی قوربانییەکە بکەن.
ئەوەی لە میدیاکاندا لە پێوەندی بە ئەم رووداوەدا رووماڵکرا، دەکاردنی سێمێنتیکی زمان بوو. دەکارکردنی سێمێنتیکی زمان لە خۆیدا مەیدانی پراکتیزەکردنی زمان دیاری دەکا و وەک کاردانەوە (interaction) لە ماملە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی پیشان دەدا. ئەگەر سەرنج بە هەواڵەکان بدەین دەتوانین بەم شێوەیە کۆدەکانی ئەو پەیامە بشکێنین:
١/ هەوڵی دەستدرێژیکردن بۆ سەر کچێکی کورد
٢/ کارمەندێکی ئەمنیەتی رێژیم
٣/ خاوەنی میوانخانەکە وەک نمادێکی دەوڵەمەند و قازانجپەرست
ئەم رەوەندە گوزارەییەی زمان کە لە میدیا و تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا رەچاو کراوە، مەجالی داوەری کردن و تێفکرینی بۆ کەس نەهێشتەوە چوونکە ئەم سێ فاکتە باس لە رەوەندێکی سایکۆلۆژیانە دەکا کە بەسەر وڵاتەکەماندا حاکمە. ئەگەر هەوڵی دەستدرێژ کردن بۆ سەر کچێکی کورد لە ئارادا نەدەبوو (شەڕەفپارێزی)، ئەگەر کارمەندێکی ئەمنیەتی رێژیم تۆمەتبار نەدەبوو (حەساسیەتی سیاسی) و ئەگەر دەوڵەمەندێکی قازانجپەرست هەوڵی نەدابا بۆ چەواشەکردنی رووی راستی رووداوەکە (کێشەی چینایەتی)، تۆ بڵەی کەس مەتەقی لێوە دەهات؟ هەر رەوتی گوزارەیی ئەم پەیامە بوو کە هەموو فاکتەکانی لە فاکتی سێهەمدا (واتە دەوڵەمەندی قازانجپەرست) کورت کردەوە و خەڵک رژانە سەر هوتێلەکەی و ئاگریان تێبەردا و ئێوارەش گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. لە وەها دۆخێکدا ئەم نیگەرانییە خۆی دەردەخا کە ئەگەر ئەو فاکتانە بە پێچەوانەوە بوونایە تۆ بڵێی رووداوەکان بە چ عاقارێکدا رۆشتبان؟ ئەگەر ئەو کچە کورد نەبا و کارمەندێکی حکوومی با، ئەگەر ئەو مەئموورە ئەمنیەتی نەبا و کارمەندێکی هوتێلەکە بوایە، تۆ بڵێی چارەنووسی کابرای خاوەن هوتێل هەروا دەبوو؟ تۆ بڵەی هەر ئەو پیاوە بە غێرەتانە ئاگادار بن کە فەریناز باوکی نەماوە، دایکیشی بەدیار برا فەلەجەکەیەوە دانیشتووە و بێگوومان مەرگی فەریناز کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر دۆخی ئابووری ئەم بنەماڵەیە دەبێ. هیوادارم لە دوا رۆژدا ببیستمەوە کە لە نێو ریزی ئەو پیاوە بەغیرەتانە دا لانیکەم چەند کەسیان لێ هەڵدەکەوێ کە لەباری داراییەوە ئاوڕێک لە شێوەی گوزەرانی بنەماڵەی فەریناز بدەنەوە.
بە داخەوە شێوازی نارەزایی دەربڕینەکە ئەم راستییە دەسەلمێنێ کە هۆکاری ئەم ئاڵۆزییە کاریگەری رەوتی گووزارەیی زمان بووە و هیچی دیکە. گرتە ڤیدۆییەکان کە بە دەنگ لە سایتی (من و تو) دا بڵاو کراونەتەوە، باس لە وەها نەفرەتێک دەکا کە بە جنێودان و شێوەی هەڵکوتانەسەر هوتێلەکەدا دەردەکەوێ. بەداخەوە هێندە کە خەڵک لە بیری تۆڵەکردنەوە لە کابرای قازانجپەرەست بوون، بەو رادەیە کەرامەتی ژن و ئاسایشی ژنیان بە هێند نەگرت. هێندە کە رق و کینەی خۆیان بەسەر کابرای قازانجپەرستدا رشت، بەداخەوە هێندە دەروەستی سیستەمێکی گەندەڵی قەزایی نەبوون کە هەموو رۆژێ مافی مەدەنی و کەرامەتی مرۆڤایەتییان پێشێل دەکا.
رزگار ئەمین نژاد
٠٨ / ٠٥ / ٢٠١٥
وەڵامێک بنووسە