لە ئاسمان نزمتر


585014-12-1313589452354 کوتی؛ “برۆ… مەیتەکەی بێنەوە. هەر لێرە، لە حەوشەکەی خۆمان دەیشارینەوە. کەس نازانێ” کوتم؛ “چۆن کەس نازانێ، دار و دیوار بووە بە چاو. لێیگەڕێ دایە، خۆ ئەو قەت نەیزانی حەسانەوە چییە! دەبا هەر لەو شوێنەی بەخاکیان سپاردووە، ئارام بگرێ.” دەستی گرتم و بەو چاوە کزانەی وەها لە چاوەکانم راما کە لە تاوی دڵم وەک گەڵای دارەکانی حەوشەکەمان هەڵوەری.

 

لە ئاسمان نزمتر

کوتم دایە واز بێنێ، بۆ وا لەخۆت دەکەی؟

کوتی؛ “برۆ… مەیتەکەی بێنەوە. هەر لێرە، لە حەوشەکەی خۆمان دەیشارینەوە. کەس نازانێ” کوتم؛ “چۆن کەس نازانێ، دار و دیوار بووە بە چاو. لێیگەڕێ دایە، خۆ ئەو قەت نەیزانی حەسانەوە چییە! دەبا هەر لەو شوێنەی بەخاکیان سپاردووە، ئارام بگرێ.” دەستی گرتم و بەو چاوە کزانەی وەها لە چاوەکانم راما کە لە تاوی دڵم وەک گەڵای دارەکانی حەوشەکەمان هەڵوەری. لەو رووخسارە تەماوییەدا هەر ئەو دوو چاوانە بریسکەیان دەهات. دوو چاوی چاوەرێ، کە گشت داماوییەکانی ژیانی تێدا دەبیندرا. کوتی؛ “برۆ کوڕم… مەیتەکەم بۆ بێنەوە.” هەستم دەکرد، بێجگە لە رۆشتن هیچ چارەیەکی دیکەم نییە.

کەس نازانێ ئەو کابرایە لە کوێوە پەیدا بوو، بەو بانگی نیوەرۆیە خۆی بە ماڵماندا کرد و ئەم شکرەی شکاند. وەک باوێلکەیەک بەدوری خۆمدا دەخولامەوە. بیرم لە منداڵەکانم دەکردەوە چوونکە ئەم کارە بە مانای سەروماڵ تێداچوون بوو. نەم دەزانی بەو ئێوارەیە روو لە کوێ بکەم؟ کێ دەڵی راستە؟

کاتێ لە شار دەرکەوتم، هەورێکی رەش گرماندی، باڵدار بە ئاسمانەوە نەما و باران بەلێزمە دایکرد. لە ترسا هێواش لێم دەخوری. پێش چاوی خۆم نەدەبینی چوونکە تەم پەنجەرە و شوشەی ماشینکەمی گرتبوو. ویستم راوەستم و بگەڕێمەوە بۆ شار، بەڵام کە بیرم لە دایکم دەکردەوە دڵم نەهات. کوتی؛ “کە دوو جار بەفری لەسەر نیشت، شوێنگۆڕەکەی کوێر دەبێتەوە.”

کوتم دەرۆم، بەشکەم لانیکەم تەرمەکەی ببینمەوە و کاتێ وڵات تاریک بوو، بە بێدەنگی لە تابووتێکی دەخەم و دەیهێنمەوە بۆی. کابرا دەیگووت؛ چوار کەس بوون، لە شاخەکە داگەڕاون و لە تەنیشت مووچەکەی لایاندوە. چوار کەس بوون، تەپوتۆزاوی، هیلاک و برسی. کوتی؛ “یەکیان زۆر منداڵتر بوو، کوڕێکی قژ لوول، شەرمن و بێدەنگ. لەسەر بەردێک دانیشتن و چاوەرێی ئاوابوونی خۆریان دەکرد. کە وڵات تاریک بوو بەرەو ئاوایی داگەڕان و لەمن نەدیو بوون. هێندەی پێنەچوو برۆسکەیەک ئەو دوڵەی رووناک کرد، بەدوایدا زرمەیەکی گەورە هات و ئەوجار وەک رەهێڵەی باران گوڵە بەسەر دارو بەردا باری. کاتێ تەقە وەستا، بە سێ کەس ئەوەی دیکەیان بە راکێش راکیش گەیاندە مووچەکەی من. نەما بوو. لەسەر پشتی وڵاغەکەی من قاییمیان کرد. دوو دەست و دوو لاقی بەملاولای وڵاغەکەدا شۆر ببوونەوە و خوێنەکەی هەر بەند نەدەبوو. بردمان و لە دۆڵی پشت مووچەکەی خۆمان، لە نێوان دوو شاخدا بەخاکمان سپارد. کفنمان پێ نەبوو، پشتوێنەکەی خۆیمان تێهاڵاند…”

دایکم دەیگووت؛ “مەمکەکانم هەڵمسابوون و ژانیان تێدا دەگەڕا! دەمزانی برسییەتی! نەدەچوومە دەر، بۆ ئەوەی منداڵە چاو برسییەکانی گەڕەک لێم نەفڕینن. دەمزانی لەهەر کوێ بێ، بە برسێتی سەر دەنێتەوە. مەمەکانم لەسەر هەر دوو دەستم دادەنا تاکوو بێتەوە و هەروەکوو جاران بۆنیان پێوەبکا، ماچیان بکا، کایەیان پێ بکا و دواجار، تێر تێر بیانمژێ.”

دەلێی چارەنووسم وا بووە کە هەمیشە ئەم برایە بە کۆڵمەوە بێ. ئەم هەموو شاخ و دۆڵانەی لەدوا گەڕابووم. ئەو شاخ و کێوانەی کە سێبەریان وەک مەمەکانی دایکم بەسەر شانی چاوەروانیی بناردا شۆڕ دەبوونەوە. دەمزانی هەر کات برسیی دەبێ، وەک سەردەمی ساوایییەکەی، دایکم هەست بە ژانێک دەکا کە لەسەر شانەکانیەوە دەست پێدەکا و مەمکەکانی دادەگرێت. کە ساوا بوو بە فڕکەفڕک چوارپەلی رادەتڵەکاند، دمی دەگێرا و هانکەهانکی دەهات. لە برسانا قەت نەدەگریا، بەڵام حەجمینیشی نەبوو. وەک باڵندەیەک پەلەقاژەی دەکرد و کەچی باڵیشی دەر نەدەکرد. دەمگووت؛ “دایە برسییەتی!” باوەشی پێدا دەکرد، هەستم دەکرد هەموو گیانی دەیناڵاند و کاتێ زاری بۆ گۆی مەمەکانی دەبرد، سووکنایی دەهات. قەت تێر نەدەبوو. سەرم سووڕمابوو لەو هەمووە تەمایە. هەر دەیمژی و هەر دەیمژی، تاکوو دایکمی بێزار دەکرد. لە مەمکی دەگرتەوە، بەڵام وەک ئەوەی بە شاخێکدا هەڵگەرێ، چنگی لە هەموو گیانی دایکم دادەگرت. بە سینگیدا هەڵدەگەڕا و بۆنی بە بەرۆکیەوە دەکرد. دەمزانی برسی بوو، بەڵام مەمکەکانی دایکم تێری نەدەکرد. سەرم سووڕ دەما. هەستم دەکرد بۆ شتێکی دیکە دەگەڕێ. شتێک کە لێی شاردرابووەوە. شتێک کە بۆنی پێوە بکا، ماچی بکا، کایەی پێ بکا و دواجار دمی بۆ ببا و بەدەم مژینەوە خەو ببباتەوە.

رێگا لە پێشمەوە هەر درێژ دەبووەوە و ئاواییم هەر لێدەرنەدەکەوت. بارانیش خۆشی نەدەکردەوە و بەسەر بێکەسیی خاکدا بەخوڕ دەباری. ئاوی باران گڵەسووری لاپاڵەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو و جادەکەی داپۆشیبوو. ماشینەکەم لە قووڕدا چەقی و هەرچم کرد نەمتوانی بێمەدەر. ترس و تووڕەیی بەسەرمدا زاڵ ببوو. دەمگووڕاند و کفرم دەکرد. نازانم ئەو کابرایە بۆچی خۆی لەگەڵم نەهات و منی تووشی ئەم بەڵایە کرد. دایکم دەیگووت؛ “برۆ بیهێنەوە. کوا من دەتوانم بەم  ئەژنۆ زەلیلانمەوە بەو شاخ و کێوانەدا هەڵگەڕێم؟” بەراستی نەیدەتوانی. نیگەران بوو کە نەکا بە مردووییش تاسەی بۆنی مەمەکانی بکا. دەیگووت مەمەکانی ژانیان تێدا دەگەڕێ، بەخوا برسییەتی.

ماشێنەکەم بەجێ هێشت و بەو تەم و بارانە کەوتمە سەر رێ. هەتا لە ماشینەکە دوورتر دەکەوتمە، زیاتر لە تەمومژدا وون دەبووم. بەسەر چەوی قەراغ جادەکەدا دەرۆشتم تاکوو پێڵاوەکانیشم لە قوڕ نەچەقێن و ناچار نەبم بە پێپەتی درێژە بەم رێگا نەگبەتە بدەم. سەگمەرگی بوو. هەتا زیاتر دەرۆشتم ناهومێدتر دەبووم. ئەم برایە هەمیشە ناهومێدی دەکردم، قەت نەبوو وەک منداڵی خەڵکی هەڵسووکەوت بکا. باوکم لە ژیاندا نەمابوو کە ببینێ چ جسنێکی خستە کۆشی ئەم خێزانەوە، بەڵام خۆشم دەویست، بۆنی باوکمی لێدەهات. بە هاتنی، قەرەبووی نەمانی باوکمی کردبووەوە. دایکم مەمکی لە زاری نەدەکردوە. کوتم؛ “دایە خەوتووە!” کوتی؛ “لێی گەڕێ…” داڵغەی لێدابوو، سۆزێک لە هەناویدا لوولی دەخوارەوە و، هەر فڕچکە جارناجارەکانی ئەم منداڵە تاسەی باوکمانی پێدەشکاند.

ئێستا ئیتر مزگەوتی ئاواییم لێ دیار بوو. دڵم کرایەوە و هەنگاوەکانم تووندتر کرد. مجێورەکە لە پەنجەرەی مزگەوتەوە رێگای مووچەی کابرای پیشاندام. نەوەستام، رێگای مووچەکەم گرتەبەر و بەرەو هەوراز کەوتمە رێ. هەناسەم سوار ببوو. لە دوورەوە بەردەکەم بینی، ئەو بەردەی کە چوار پیاوە برسی و تەپووتۆزاوییەکان لەسەری دانیشتبوون و چاوەرێی تاریکییان دەکرد. نزیک بوومەوە تاکوو بۆنێک، سێبەرێک، هەناسەیەکی بەجێماویان بدۆزمەوە، بەڵام بارانەکە هەمووی شۆردبوونەوە. چوومە ژوور خانووەکە و بۆ پێمەڕەیەک گەڕام. کوتم دەچم گۆڕەکەی هەڵدەدەمەوە، لە کۆڵی دەکەم و لەم ژوورەدا دەیشارمەوە. بەیانی کە باران لێی کردەوە، ماشینەکە دەهێنم، بە بێدەنگی هەڵی دەگرم و دەیبەمەوە. لە پشت خانووەکە لە قوڕاو کەوتم و پێڵاوەکانم لە قوڕ چەقین، داهاتمەوە، پێڵاوەکانم هەڵگرتەوە و لەبن هەنگەڵم خست. باران لافاوێکی هەستاندبوو کە بە دۆڵەکەدا لرفەلرفی دەهات. ترسام، نەموێرا درێژە بە رێ بدەم. سەرم هەڵبڕی و چاوم لە کێوەکە کرد، زۆر بەرزتر دیار بوو، کەمێ لە ئاسمان نزمتر. لەبن گوێنییەکدا دانیشتم، هەموو گیانم ئاوی لێدەچۆڕا. کوتم دەرۆم، ناچارم دەبێ برۆم. هەستامە سەر پێ، لاقەکانم تووند کرد، پێمەرەکەم لەسەر شان دانا و بە هەورازەکەدا هەڵگەڕام.

چاوی بەستم و کوتی؛ “روو لە دیوارەکە بکە!” زلـلەیەکی لە بناگوێم سرەواند و کوتی؛ “سەر نەسووڕێنی”. لەبەر ئەو سوورەتاوەدا رایانگرتم. هەستم دەکرد دووکەڵم لێ هەڵدەستێ و بۆکرووزەکەم دونیا دادەگرێ. کوتی؛ ” بڕۆ بیهێنەوە!” کوتم نازانم لە کوێیە! کوتی؛ “ئێمە پێت دەڵێین لە کوێیە، دەچی بۆ لای، پێی دەڵێی بێتەوە و ئیشمان پێی نییە”. کوتم بەقسەم ناکا. زلـلەیەکی لێدام و کوتی؛ “دەچی!” کوتم بە چاوان! کوتی؛ “ئاوا! تۆش زلـلەیەکی لێدە، بەقسەت دەکا. بیهێنەوە، دەنا چاوتان بە تەرمەکەشی ناکەوێتەوە.” بەڵام هەر نەهاتەوە.

لافاوەکە ئامانی نەدەدام، ترسام لاقم هەڵخلیسکێ و تێکەوم و ئاو بمبات. هەدام نەدا و هەڵکشام، هەستم دەکرد کێوەکە دەست بە سینگمەوە دەنێ، بەڵام من لەو لاسارتر بووم و هەر هەڵگەڕام. بەدەم رێگاوە پێمەرەکەم لە دەست بەر بووەوە و لافاوەکە بردی. ئەژنۆم شل بوون، نا هومێد بووم. کوتم هەر دەچم، ئەگەر بە چنگانیش بێ، گۆڕەکەی هەڵدەدەمەوە، کۆڵی دەکەم و دەیبەمەوە.

باران بەخوڕ دەباری، هەور دەیگرماند و دونیا تاریکتر دەبوو. ئازاری تەزینی پەنجەکانم بە جەرگم دەگێشت. نازانم چی روویدا، بەرچاوم رەش بوو، تلاوتل بەربوومەوە و کەوتمە دەم لافاوەکە. ئاو هەڵیگرتم، یەک بە یەکی منداڵەکەنم هاتنە بەرچاوم. کوتم دایە منیش فەوتام، جا وەرە بۆ دوو مەیت بگەڕێ. دەستم لە چڵی گوێنییەک گیر کرد و خۆم گرتەوە. باران هەر دەباری و لافاوەکە زیاتر هەڵدەستا و، تەکانی ئاوەکەش تووند تر. هەموو کەس دەزانێ لافاو چۆن هەڵدەستێ، بەڵام کەس نازانێ کەی دەنیشێتەوە و چی لە دوای خۆی بەجێدێڵێ. خەڵک لە پەنایەکەوە سەیری دەکەن و دڵخۆشن بەوەی کە ئاو نەگێشتووەتە ئەوان. ئێستا ئیتر ئاوەکە لەسەر من تێپەڕیبوو، تەکانەکانی بەهێزتر و تاقەتی منیش لاوازتر دەبوو. لەسەرمان هەڵدەلەرزیم.  پەنجەکانم گۆیان نەمابوو، هەربینا دەستم لە گوێنییەکە بێتەوە، یاخۆ گوێنییەکە دەستی لە خاک بێتەوە. هەموو گیانم مردبوو، چاوەکانم نەبێ. چاوم لە دۆلەکە و ئەو دوو شاخە بوو. قەت بە بیرمدا نەدەهات ئەم کێوە دوایین دیمەنێک بێ کە لەگەڵ خۆمدا بەرەو سەفەری مەرگ دەیبەم. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لافاوەکە وەک کۆڵکەدارێک هەڵم بگرێ و لەگەڵ خۆیدا بمبا. کوتم؛ دایە بەخوا ئەم کێوە نامانداتەوە!

بۆ بەیانی کە بەئاگا بوومەوە، باران لێی کردبووەوە و خۆر لە کێوەکەی ئەو بەری ئاوایی دابوو. مجێوری مزگەوت و چەند پیاوی ئاوایی منیان بە بێهۆشی لە لافاوەکە گرتبووەوە و هەتا ئێستا هەر خەوتبووم. کابرای خاوەن مووچەکەش هاتبووەوە.  دەستی راداشت و، کوتی؛ “ئەو دۆڵە دەبینی؟ ها لە نێوان ئەو دوو شاخەیە، لەوێ بە خاکمان سپارد.” لەسەر سینەی ئەو کێوە، دوو شاخ دیار بوون کە وەک مەمکەکانی دایکم  بەملاولای دۆڵەکەدا شۆڕ ببوونەوە. لە نێوان شاخەکان و لە دۆڵەکەدا، شتێکم دەبینی کە وەک منداڵێکی مەلۆتکەکراو سەری بە سینگی ئەو شاخەوە نابوو و بە بێدەنگی خەوی لێکەوتبوو. پەڵەیەکی سوور بوو کە سێڵاوەکە شۆردبوویەوە و وردەوردە بزر دەبوو. دایکم دەیگووت؛ “بیهێنەوە… هەر لێرە، لە حەوشەکەی خۆمان دەیشارینەوە. هەموو بەیانییەک هەڵدەستم و لە تەنیشتی رادەکشێم، با تێر تێر بۆن بە مەمەکانمەوە بکا.”

٩/٩/٢٠١٤

رزگار ئەمین نژاد

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

Blog at WordPress.com.

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: