کچە چاوهەنگوینییەکە


کە گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکی، بۆکڕووز و بۆنی سووتانێکی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە تا ئەم ساڵانەش هەرکەسێک بەم گەڕەکەدا تێدەپەڕی دەیگووت؛ “ماڵی کێ بوو سووتا؟” دوارۆژەکانی کۆتایی خۆێندنی ساڵ، مامۆستاکان خۆمانەتر و کراوەتر دەبوون و، نێوانیان لەگەڵ ئێمەشدا گەرمتر. مامۆستاکەمان کوتی: “ژیان وەک کۆچ وایە و، مرۆڤەکان وچانی سەر رێگان. هەرکام لەم مرۆڤانە بیرەوەرییەک دەکەن بە دیاری بۆ ناو جانتای کۆچەکەمان. هێندێ لەم بیرەوەریانە لە یەکەم وچانی سەر رێ دادەنێن و لەبیریان دەکەین، هندێکیش هەتا چەند وچان لەگەڵمان دێن، بەڵام هێندێ بیرەوەری هەن کە تا دوا پشووی ئەم کۆچە بەکۆڵمانەوەن.”

کچە چاوهەنگوینییەکە

کە گەڕایەوە بۆ ماڵی باوکی، بۆکڕووز و بۆنی سووتانێکی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە تا ئەم ساڵانەش هەرکەسێک بەم گەڕەکەدا تێدەپەڕی دەیگووت؛ “ماڵی کێ بوو سووتا؟” دوارۆژەکانی کۆتایی خۆێندنی ساڵ، مامۆستاکان خۆمانەتر و کراوەتر دەبوون و، نێوانیان لەگەڵ ئێمەشدا گەرمتر. مامۆستاکەمان کوتی: “ژیان وەک کۆچ وایە و، مرۆڤەکان وچانی سەر رێگان. هەرکام لەم مرۆڤانە بیرەوەرییەک دەکەن بە دیاری بۆ ناو جانتای کۆچەکەمان. هێندێ لەم بیرەوەریانە لە یەکەم وچانی سەر رێ دادەنێن و لەبیریان دەکەین، هندێکیش هەتا چەند وچان لەگەڵمان دێن، بەڵام هێندێ بیرەوەری هەن کە تا دوا پشووی ئەم کۆچە بەکۆڵمانەوەن.”

کاتێ لە نەکاو زەنگی کۆتایی خوێندن هەموومانی داچڵەکاند، جانتاکەم دا بە کۆڵمەوە و بەرەو کۆڵانی سینەماکە کەوتمە رێ. ئەو ساڵانە، سینەماکە لە گشت خانووەکانی شار بەرزتر بوو و سێبەرەکەشی درێژتر. ئێمە بۆ کایەکردن لە کۆڵانی پشت سینەماکە کۆ دەبووینەوە و مەندیی کۆڵانەکەمان بە هەراهەرا و قیژەقیژ دەشڵەقاند. جار ناجاڕێ، لە پەنجەرەکانەوە مۆڕەیەک یاخۆ دەنگیکی بەرزتر بەسەر کۆڵانەکەدا زاڵ دەبوو و بێدەنگی دەکردین. کاتێ سێبەری سینەماکە هێدی هێدی کورت دەبووەوە، سیبەری ماڵەکانی ئەو بەر کۆڵانەکە درێژتر دەبوون. ئێمەش لەگەڵ پیاسەی سێبەرەکاندا جێگامان دەگۆڕی. ئەو ساڵە هاوین زووتر لە جاران جیگای بەهاری گرتەوە. گەرمای دوارۆژەکانی بەهار وەها بێ هێزی کردبووم کە وازی کایەکردنم نەما. لە بن سێبەری سینەماکە چاوەرێی هەناسەیەکی فێنکم دەکرد و بە دەفتەرەکەم خۆم باوەشێن دەکرد. کچەکانی گەڕەکیش لەولاترەوە و لەبن سێبەری ماڵی (کابرای لێفەدروو) بازەڵێنیان دەکرد. منیش لە تەنیشتیانەوە سەیری کایەکەم دەکرد. یەکیان بانگی کردم و کوتی: “وەرە تۆش کایە بکە!” حەزم لێبوو، بەڵام لەترسی قەڵسەگێرانی کوڕانی گەڕەک نەموێرا. یەکی دی سەری هەڵێنا و کوتی: “وەرە…” ئەمجارە خۆم پێرانەگیرا و چوومە پێش، نەک بۆ کایە کردن، بەڵکە بۆ دۆڕاندن، بۆ سەیر کردنی ئەو چاوانەی کە وەک هەنگوین دەچوون. ئەمە کچی (کابرای لێفەدروو) بوو. کاتێ کایەکەی دەبردەوە، لە خۆشیانا چاوەکانی بزەیان دەهات و دوو گنجی ناسکیش لە گۆشەی برۆکانی دەنیشتن کە تامی چاوە هەنگوینییەکانی شیرینتر دەکرد. (کابرای لێفەدروو) لە حەوشەی ماڵەکەیان خەریکی لێفە دوورین بوو. کچە چاوهەنگوینییەکە کوتی؛ “باوکم وەستای لێفەیە! لێفەی ئەمشارە بەدەستی باوکم دوورواوە”. منیش پێم سەیربوو کە بۆچی خەڵکی شار هەموو شەوێ خەون بە هەنگوینەوە نابینن. ئەو رۆژە و رۆژانی دواتریش هەموو ئێوارەیەک لەبەر درگای ماڵی (کابرای لێفەدروو) کایەکەم دەدۆڕاند، تاکوو بزەی چاوە هەنگوینییەکانی بۆ جارێکی دی لە شیرینیدا بمخنکێنێ.

چاوەرێی زستانێکی ساردی دەکرد تاکوو خەڵکی شار لەجیاتی لێفەیەک، دوو لێفە بە خۆیاندا بدەن. ئەوجار بازاڕی باوکی گەرم دەبوو، لێفەی زیاتری دەدووری، بە پارەکەشی ماڵەکەیان دەکرد بە دووقات، ئەوجار سێبەری ماڵەکەیان هێندەی سینەماکە درێژ دەبوو و ئێمەش لە ژێر سیبەرەکەیدا زیاتر کایەمان دەکرد. هەورەکان گەواڵ گەواڵ دەهاتن، لەسەر شار مۆڵیان دەخوارەوە، بەڵام هیچیان بەشی بەفرێکی قورسیان پێ نەبوو کە بەسەر ئەم شارەدا ببارێنن. نە ئەو ساڵە و نە ساڵەکانی دی هێندە سارد نەبوون کە خەڵکی شار ناچار بکا دوو لێفە بەسەر خۆیاندا بکێشن. سێبەری ماڵەکەشیان هەر کوورت دەبووەوە و هێدی هێدی لەژێر سێبەری ماڵی دراوسێکاندا بزر دەبوو.

نازانم چی روویدا کەوا هێندە زوو باڵای کرد و گەورە بوو. وەک دایکم جلوبەرگی دەپۆشی و ئیتر نەهاتەوە بۆ کۆڵان. درگای حەوشەکەیان هەمیشە لەسەر پشت بوو و لە کاتی کرانەوەدا جێڕەجیڕێکی ئازەردەری لێدەبووەوە کە هەموومانی رادەچڵەکان. تاسەی کرانەوەی درگای ماڵی (کابرای لێفەدروو) بەسەر چۆڵایی کۆڵانی منداڵیماندا، گوزەری زەمانی تەنگتر دەکردەوە. خێرایی تێپەڕینی ئێوارەکانی گەڕەک سێبەری ماڵەکەیانی نزمتر دەکردەوە و کەچی من هەر گەورە نەدەبووم.  زۆر بێتاقەت بووم، حەزم دەکرد ئەگەر جارێکی دی ئەو درگایە کرایەوە ئەو بێتەدەرێ و منیش کایەیەکی پێ بدۆڕێنم. ئیتر تاسەکانم بە نیگاگۆڕینەوەی پشت پەنجەرەکە دەشکاند. لەنێوان چەند سەرەتاتکێدا سەیرێکی دەکردم و بزەیەکی شەرماوی لە رووخساریدا شیلەی دەگرت، بەڵام گنجەکانی گۆشەی برۆ و خەستایی چاوە هەنگوینییەکانی قەت لە پەنجەرەکە تێنەپەڕین. سیبەری سینەماکەش تام و فێنکایی ساڵانی نەدەدا و منیش هەروا مەراقی دۆڕاندنێکی دیکەم لە دڵدا بوو. نازانم بۆ گەورە نەدەبووم.

هێشتا بۆکوڕووز و بۆنی سووتان بە گەڕەکەکەمان ئاشنا نەببوو، کە (کابرای لێفەدروو) درگای ماڵەکەی بەسەر پیاوێکی سمێڵ قیتدا کردەوە. (کابرای سمێڵ قیت) دەسماڵێکی گۆلگوڵی لەبن پشتوێنەکەی خستبوو، بۆنی عەترەکەشی لەپێش خۆیەوە دەگێشتە حەوشەی (کابرای لێفەدروو). ئەم هاتن و چوونە مەودای پەنجەرە و کۆڵانەکەی درێژتر کردەوە و سەرەتاتکێی پەنجەرەکەش وەک سێبەری ماڵەکەیان کورت و کورت تر دەبووەوە. ئەم بۆعەترە هێندە هاتووچۆی ماڵی (کابرای لێفەدرووی) کرد، تاکوو لە ئێوارەیەکی درەنگاندا، بەدەنگی دەهۆڵ و زۆڕنا و قڕیوە قڕیوی هەڵپەڕکێ، کچە چاوهەنگوینییەکەی لەگەڵ خۆیدا برد. ئیتر من مامەوە و کۆڵانێکی چۆڵ و سێبەری نزمی ماڵی (کابرای لێفەدروو).

سێبەری ئەم ماڵە هەر درێژ نەبووەوە. ساڵەکان وەک بۆعەتری کابرای (سمێل قیت) بە خێرایی تێپەڕین و من هەروا چاوێکم لە پەنجەرەی ماڵی (کابرای لێفەدروو) بوو. شتێک لەودیوی پەنجەرەکەوە بەجێ مابوو کە سیبەری سینەماکە و خەونە هەنگوینییەکانی من هاواری دەکرد. کچەکانی دی دەیانگووت؛ “تۆ بە ئانقەست پێی دەدۆڕینی!” دەمگووت؛ نا! کوتیان؛ “با، چوونکە حەزی لێدەکەی”. ئەوجار قەڵسەیان لێدەگەرام و پێم پێدەکەنین. نەمدەزانی حەزلێکردن چییە، بەڵام بینینی ئەو چاوانە و گنجەکانی گۆشەی برۆی، کارێکیان پێدەکردم کە هەموو شەوێ خەو بە هەنگوینەوە ببینم. مامۆستاکەمان دەیگووت؛ “کوڕ بە (چاو) عاشق دەبێت، کچ بە (گوێ) و (زمان) مەرجی بەیەکگێشتنە!” من لەمێژ بوو چاوەکانم لەو دووی پەنجەرەکەوە حاسیە ببوون و گوێیەکانی ئەویش هەمیشە بە درگای ماڵەکەیانەوە هەڵواسرابوو، بەڵام بۆنی عەتر بیری دەخستمەوە کە هەموو درگایەک بە زمان ناکرێتەوە.

ژیان وەک چیرۆکێک خەریکی دارشتن بوو و مرۆڤەکان وچانی سەر رێگا بوون. جانتای سەفەرەکەم هێشتا سووک بوو هەتا ئەو رۆژەی نۆرەی خوێندنەوەی ئینشاکەی من هات. هەستام و لەکن تەختەرەشەکە راوەستام. بیرم نایە چیم بۆ مامۆستا و قوتابییەکان دەخوێندەوە، بەڵام لەبیرمە هێشتا خوێندنەوەی ئێنشاکەم تەواو نەکردبوو کە منداڵەکان و مامۆستاکەشمان لە ژوورەکە دەرپەرین و بە دوای دووکەڵێکدا هەڵدەهاتن کە لە گەڕەکی ئەوبەر چۆمی هەڵدەستا و، کەچی کەس نەیدەزانی بۆکوڕووزی ئەم دووکەڵە هەتاهەتایە لە کۆڵانی سینەماکە و لە ماڵی (کابرای لێفەدروو) جێ خۆش دەکا و نابڕێتەوە. ئێستاش هەرکەسێک بەم گەڕەکەدا تێدەپەڕێ دەڵێ؛ “ئەوە ماڵی کێ سووتاوە؟”

٣٠/٨/٢٠١٤

رزگار ئەمین نژاد

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

w

Connecting to %s

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: