دیالۆگێکی رەخنەگەرانە (نامەیەکی رزگار ئەمین نژاد)


 دوای بڵاوبونەوەی وتوێژێکم لەتەک هاورێی ئازیزم ئەفراسیاب گرامی کە درێژەی زنجیرە وتوێژەکانی” کوردستانی رۆژهەڵات لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا” بوو، کاک رزگار ئەمین نژاد لە نامەیەک دا و بە پشت بەستن بە هێنانەوەی کۆمەڵێک فاکتی مێژوویی و کۆمەڵناسانە، خوێندنەوەیەکی جدی بۆ ئەم وتوێژە کردووە و تێبینی و لێکدانەوەکانی خۆی لە سەر تەوەرە  سەرەکیەکانی ئەو وتوێژە نووسیوە، دیارە هەر تێروانینێکی جیاواز لەئاست ئەو باسەدا هەبێ لە رووی بابەتییەوە خزمەت بە دەوڵەمەند کردنی باسەکە دەکا.

دیالۆگێکی رەخنەگەرانە (نامەیەکی رزگار ئەمین نژاد)

زۆر کەم لە دنیای روناکبیری ئێمەدا هەڵدەکەوێ کە گوتارێک یا کۆنسێپتێک دیالۆگێکی جیدی لێبکەوێتەوە، لە بنەرەتدا بە هێندێک ئەنجامگیری سادە،  دەسخۆشیەک یان چەند تێبینی و رەخنەیەکی سەرپێی کۆتایی بە باسەکە دێنین، ئەو دۆخە ئاماژەیە بە پێگیر نەبوون و هەناسە کورتی ئێمە لە شرۆڤە و لێکدانەوەی رابردوو و ئەو رووداوانەی کە پەیوەندیەکی قوڵیان بە ئێستا و داهاتووی ئێمە و تەنانەت بە کەسایەتیی ئێمەشەوە هەیە.
دوای بڵاوبونەوەی وتوێژێکم لەتەک هاورێی ئازیزم ئەفراسیاب گرامی کە درێژەی زنجیرە وتوێژەکانی” کوردستانی رۆژهەڵات لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا” بوو، کاک رزگار ئەمین نژاد لە نامەیەک دا و بە پشت بەستن بە هێنانەوەی کۆمەڵێک فاکتی مێژوویی و کۆمەڵناسانە، خوێندنەوەیەکی جدی بۆ ئەم وتوێژە کردووە و تێبینی و لێکدانەوەکانی خۆی لە سەر تەوەرە  سەرەکیەکانی ئەو وتوێژە نووسیوە، دیارە هەر تێروانینێکی جیاواز لەئاست ئەو باسەدا هەبێ لە رووی بابەتییەوە خزمەت بە دەوڵەمەند کردنی باسەکە دەکا.  لەگەڵ ئەوە کە سپاس و دەستخۆشی بە کاک رزگاری ئازیز دەڵێم، پێم خۆش بوو  کە خوێنەر و هۆگرانی ئەو باسەش لە نێوەرۆکی نامەکە و سەرەتای ئەو دیالۆگە ئاگادار بن.
سۆران عەلیپوور

سڵاو سۆران!
وەک پێشتر ئاگادارم کردبوویتەوە، پاش خوێندنەوەی دیمانەکەت هێندێ تێبینی بەلای منەوە دروست بوون کە حەزم کرد لە نامەیەکدا ئاماژەیان پێبەکەم. دیارە گۆشەنیگای چاودێڕانی سیاسی و مێژوویی لەهەمبەر رووداوە مێژووەکاندا زۆر جیاوازیان بەیەکەوە هەیە و ئەمە لەخویدا  سروشتییە، بەڵام ئەوەی کە تێگەیشتنێکی عەینی بەم رووداوانە دەبەخشێ، رەخنە و دیسان خوێندنەوەی ئەم رووداوانەیە. بەهەر حاڵ من بەنۆرەی خۆم کردنەوەی هێندێ باس و تێبینی بە ئەمرێکی لۆژیکی دەزانم و هیوادارم ئەم هەنگاوە سەرەتای کارێکی جیددی تر بێت بۆ زیاتر ناسین و دەرککردنی فازە فرە رەهەندەکانی مێژووی خەباتی میللی دێمۆکراتیکی کورد. دیارە من تێبینییەکان لەم نامەیەدا خاڵبەندی ناکەم، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی ئاماژە بە زەمینەی ئەم بابەتە دەکەم.

١
وەک سەرەتایەک من پێناسەی “کۆمۆنیزم” بۆ بزووتنەوەی چەپ بەگشتی لە ئێراندا بە گونجاو نازانم. بەپێی رادەی ئەو زانیارییەی کە لەسەر بزووتنەوەی چەپ لە ئێران هەمە، بزووتنەوەی چەپ بەشێوەی گشتی پێناسەیەکی سوسیالیستی هەبووە (چەپی سوسیالیستی بە خەتی یەک، خەتی دوو و خەتی سێ پێناسە دەکران)، دیارە حیزب و رێکخراوی کۆمۆنیستی لە ئارادا بوون، بەڵام بەچاوخشاندنێک بەسەر بەستێنی چالاکییەکانیان، دەبینین کە ئەم رێکخراوانە زیاتر وەک کلوبێکی رۆشنبیری نموودیان پەیدا کردوە. بەواتایەکی دیکە توانای رێکخستنیان نەبووە و زیاتر لە چوارچێوەیەکی تیۆریکدا کاریان کردووە. خۆی فەلسەفەی پێداگرتن لەسەر چەمکی سوسیالیزم، دەگەڕێتەوە بۆ زەرفیەتی ئەم ئادیالۆژییە بۆ رێکخستنی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان. نابێ لەبیری بکەین کە سوسیالیزم لە رەهەندی خیاڵیدا بەر لە مارکس بوونی هەبووە و دواتر مارکس لەرێگەی ئانالێزی سیستەمی کار و بەهەرە توانی پرسی ناعەدالەتی بەشێوەیەکی تیۆریک و لە فۆرمێکی کۆنکرێت دا شرۆڤە بکاو دواتر لە رێگەی مانیفێستی کۆمۆنیزمەوە (کە پرۆژەی سیاسی مارکس بوو بۆ وەدیهێنانی سوسیالیزم) دەرفەتی کردەوەیی کردنی سوسالیزمی خەیاڵی هەموار بکا. کەواتە بزاڤی سوسیالیستی خەباتێک بوو لە پێناوی دادپەروەری لە کۆمەڵگادا – ئامێری خەبات و ستراتیژیی سیاسی بۆ وەدیهێنانی عەداڵەت باسێکی دیکەیە کە رەنگە لەم نامەیەدا مەجالی باس کردنی نەگونجێ). بەڵام کۆمۆنیزم بنەمایەکی مێژوویی هەیە کە بە بۆچوونی مارکس، سوسیالیزم زەمینەخۆشکەری ئەم قۆناغە مێژووییەیە. بە پێی تیۆرەکانی مارکس بەس بزاڤی سوسیالیستی خاوەنی ووزە و پتانسێڵێکی ئەوتۆیە بۆ ململانێ کردن دەگەڵ سیستەمی کاپیتالیستی دا و، لە ئەنجامدا هەر سوسیالیزمە کە دەتوانێ مرۆڤایەتی بەرەو قۆناغێکی نوێی مێژووی کە هەمان کۆمۆنیزمە راگوازێت. ئێمە لەم باسەدا دەتوانین پێوەندییەکی چڕوپڕ لە نێوان سوسیالیزم و کۆمۆنیزم دا دەرک بکەین، بەڵام بەگشتی کۆمۆنیزم قۆناغی دوای سوسیالیزمە، بە واتایەکی دی قۆناغی کۆمەڵگایەکی بێ تەبەقە. لە وەها دۆخێکدایە کە مرۆڤێکی نوێ (مۆدێڕن) لەدایک دەبێ کە بەکردەوە لەگەڵ زێهنیەتی زێدەبایی خوازیدا نامۆیە و ئامرازەکانی سەرمایە بەگشتی کاراییان نامێنێ، وەک چۆن کاپیتالیزم ئەم دەردەی بەسەر فیۆدالیزم دا هێنا. بەواتایەکی دی کاپیتالیزم لەرێگای تەکنۆلۆژی یان ماشینیزەکردنی کەرەسەی بەرهەمهێنانەوە کۆتایی بە عەقڵییەتی رۆمانتیکیی فیۆدالیزم هێنا. دیارە ئەم کاریگەرییە بەس لە چوارچێوەی سەرمایەدا خۆی پیشان نەداوە، بەڵکە لە ئاستی کولتوریش دا پارادایمێکی نوێ بەرهەم دێنێت و تەنانەت لەباری فەلسەفییەوە دەبینین عەقڵگەرایی بەشیوەیەی بەرچاو لەگەڵ ئەم تەوژمەدا دێ. پێم وایە ئەم شیکارییە سادەیە دەتوانێ جیاوازی چەمکی سوسیالیزم و بنەمای کۆمۆنیزم دەربخا. (بەڵام لەلایەکی دیکەوە و بە چاوپۆشیکردن لە پرۆژەی سیاسی ئەم بزاڤە، دەبینین کە ئەم بابەتە لەخۆیدا زۆر سەرنج راکێشە کە لەو حالەتەدایە پەیوەندی لەگەڵ مارکس دا پەیدا دەکەم. بە بۆچوونی زۆر کەس لە لێکۆڵەرانی بواری مارکسیزم، مارکس توانیویەتی بەشێوەکی مێتۆدیک لە دەستنیشان کردنی گۆڕانە مێژووییەکاندا دەستێکی باڵای هەبێ. ئا لێرەدایە کە گۆڕان و نوێ بوونەوە گرێ دراوی دوو رەگەزن  کە یەکەمیان کەرەسەی گۆڕانە و ئەوەی دیکەیان زەرفیەتی گۆڕانە).

کە دێینە سەر باسی پێوەندی بزووتنەوەی چەپ و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، من سەرەتای دەسپێکی وەها هاوپێوەندییەک لەساڵانی دوای دەیەی ٣٠ی هەتاویدا دەبینم کە نەک هەر کاریگەری حیزبی توودە بەڵکە جەوهەری بزاڤی سوسالیستی ئەم لۆژیکەی لای کادیرانی حیزبی دێمۆکرات دروست کرد. هۆکارەکەشی دوو دەلیلی زۆر سادەیە: یەکەم فەلسەفەی عەداڵەت تەڵەبی ئەم بزاڤە بووە و، دووهەم ئەم بزاڤە لە پڕاکتیکیشدا رێگاچارەی گونجاوی بۆ کێشەی نەتەوەیی هەبووە (دیارە بە پێوەڕی ئەو سەردەمە). لەوە گرنگتر پەیامی بزاڤی سوسیالیستی بۆ بنیادنانی جیهانێکی مۆدێڕن بوو کە بەکردەوە تا سەرەتای دەیەی ٧٠ی زاینیی یەکیەتی سۆڤیەت نموونەی ئەم پێشکەوتن خوازییە بوو، نابێ لە بیری بکەین کە شۆرشی سوسیالیستی بە خێراییەکی بەرچاو سیستەمی بەرهەمهێنانی روسیای لە سیستەمێکی کشتوکاڵیەوە بەرەو سیستەمێکی پێشەسازی مۆدێڕن راگواست کە لەماوەیەکی زۆر کورتدا بوو بە جەمسەری دووهەم لە جیهاندا. مێژووی سیاسی جیهان ئەم راستییەی سەلماندبوو کە مەرج نییە بزاڤی سوسیالیستی حەتمەن لە وڵاتانی پیشەیی دا خۆی دەربخا، بەڵکە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پیشەیی نەبوون و خاوەن سیستەمێکی کشتوکاڵی بوون، شۆڕشە سوسیالیستییەکان رۆژ بە رۆژ سەرکەوتنیان بەدەست دەهێنا. تەنانەت مارکس ئاماژە بە گوریزی مێژوویش دەدا. واتە لە بەشێکی زۆر لە جیهان دا بەبێ ئەوەی خاوەنی سیستەمی کۆیلەداری بن، بەرەو سیستەمی فیۆدالیزم قۆناغیان گواستۆتەوە و ئەم بابەتە دەکرێ  وەک گوزارەیەک بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە رەوتی سیستەمی کاپیتالیزمی وەدوا کەوتوون رەچاو بکرێ. کەواتە لێرەدایە کە دەبینین لەو وڵاتانەی کە خاوەنی سیستەمێکی پیشەسازی نەبوون، چینی کرێکار وەک تاکە حەربەی سووسیالیزم نایەتە ئاراوە، بەڵکە وتەزای زەحمەتکێشان و چەوساوان دەبێتە حەربەی بزاڤە سوسیالیستییەکان بۆ رێکخستنی خەباتی کۆمەڵایەتی.

بە بۆچوونی من بزاڤی میللی دێمۆکراتیکی کورد لەو سەردەمانەدا مۆدێڕنترین بزاڤی نەتەوەیی بووە کە تەنیا لە کوردستانی ئێراندا توانیویەتی شکڵ بگرێت. هۆکاری مۆدێڕن بوونی ئەم رەوتە لەوەدا دەبینم کە خاوەنی پلانی کەمخایەن و پلانی درێژخایەن بووە. پلانی یەکەم دابینکردنی ویست و داخوازییە نەتەوەییەکانی بووە و پلانی دووهەم دیاریکردنی ئاسۆیەکی گەش بۆ چۆنیەتی تەعاموولی کۆمەڵایەتی و ئابووری بووە. دوکتور قاسملۆ لە کتێبی چل ساڵ خەبات دا کاتێ دێتەسەر رەخنەگرتن لە شۆرشی بارزانی رێک ئاماژە بەم راستییە دەدات کە شۆرشی بارزانی نەیتوانی هەڵگری پەیامێکی روون بێ بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان وزیاتر داکۆکی لەسەر کێشە نەتەوەییەکان دەکرد و، لە لایەکی دیکەوە حیزبی شیوعییش بەهەمان شێوە کەمتر سەرنجی بە کێشەی نەتەوەیی دەدا و زیاتر داکۆکی لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی دەکرد. هەر لەم سۆنگەیەوە بوو کە حدکا لەدوای سەنتێزێک دەگەڕا بۆ بنیادنانی خەباتێکی نەتەوەیی لە کوردستان، کە هاوتەریب هەم بەرنامەی بۆ چارەسەریی کێشە کۆمەڵایەتی/ئابوورییەکانی کورد لە ئێراندا پێ بێ و هەم بەرنامەی بۆ چارەسەری کێشە نەتەوەییەکانی. یەکێک لەو هۆکارانەی کە هێزە چەپەکان (بەتایبەت کۆمەڵە) نەیانتوانی لە نێو جەماوەردا ببن بە دەنگێکی جەماوەری، هەبوونی وەها باکگراوەندێکی چەپی بوو کە حیزبی دێمۆکرات لە خۆیدا نیهادینەی کردبوو. دووهەم هۆکار دەگەرێتەوە بۆ “ئینقلابی سپی” شا لە ئێراندا، کە بەشێوەیەکی رێژەیی چاکسازی ئەرزی پێکهێنا بوو. ئەگەر حیزبی شیوعی لە لە کوردستانی عێراق دا توانی نفووزێکی بەرچاوی لە نێو جووتێرانی کوردستان هەبێت، هۆکارەکەی کێشەی “زەوی/ دەسرەنج” لەنێوان جوتیاران و ئاغاکانی ئەو هەرێمە بوو. بەڵام کۆمەڵە بە چ پەیامێکەوە دەیتوانی یەکریزی جوتێران لە پشت دروشمەکانی بەهێز بکا لە کاتێکا کێشەی زەوی و زار بەکردەوە کێشەیەکی کەم بایەخ بوو لە کوردستانی ئێران دا. ئەو بڕە کێشەی زەوی و زارەی کە لە سەردەمی شادا چارەسەر نەکرابوون، حدکا لە سەرەتای شۆرشی ٥٧ دا چارەسەری کرد و بەشێکی بەرچاوی ئەو زەوی و زارانەی بەسەر جوتیاران دا دابەش کرد کە لە ئەنجامدا ئاغاکان چەکیان بۆ حکومەت هەڵگرت و بەدژی حدکا ڕاپەرین.

٢
سەبارەت بە شۆرشی ساڵێ ٥٧ شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاواز لە ئارادایە کە هێندێکیان لە رەهەندی سیاسییەوە و بە پێشزەمینەیەکی ئایدیالۆژیانە ئاوڕیان لەم قۆناغە مێژووییە داوەتەوە، بەڵام لە لایەکی دیکە خوێندنەوەیەکی دی لە ئارادایە کە پرسی شۆرشی ساڵی ٥٧ لە رەهەندی دیکەوە شرۆڤە دەکەن. من بە نۆرەی خۆم هەرکام لەم رەهەندانە لە خوێندنەوەی ئەم شۆرشەدا رەچاو دەکەم، بەڵام ئەو بەشەی کە پێوەندی بە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە، بە بۆچوونی من زیاتر جێگەی سەرنجە.

کاتێ شۆرشی ٥٧ شکستی بە سیستەمی پاشایەتی لە ئێران دا هێنا، ئێمە زیاتر سەرنجمان بە لایەنی سیاسی و هەروەها پەیامەدە سیاسییەکانی ئەم شۆرشە دا. ئەمە خوێندنەوەیەکی گشتی بوو لەمەڕ ئەم ئینقلابە، بەڵام بەشێک لە چاودێڕان و رەخنەگران و تەحلیلگەرانی مۆدێڕنیزم – یەک لەوان میشێل فۆکۆ – روانگەیەکی دیکەیان سەبارەت بەم رووداوە مێژووییە هەبوو. فاکتی سەرەکی بۆ خوێندنەوەی ئەم بەشە لە بیرمەندانی رۆژئاوا پرسی مۆدێڕنیزم و کاردانەوەکانی لەسەر “عەرزە و تەقازا” کۆمەڵایەتییەکان بوو. بە واتایەکی دی مۆدێڕنیزم بەر لەوەی ئینتخابی بێت، پرۆسەیەکی ئیقتەدارگەرایانە بوو کە گرینگیترین ئەسڵ یان بەواتایەکی دی مافی سروشتیی مرۆڤایەتی پێشێل کردبوو کە ئەویش پرسی ئیندیڤیدوالیزم و مافی هەڵبژاردن بوو. لەبیرمان نەچێ کە مۆدێڕنیزم نووسخەیەکی پێچراوە بوو کە لەدەست نوخبەکانی سەدەی بیستەمدا بوو کە بەناوی سیڤیلیزاشێن یاخۆ شارستانیەت پلانە موهەندیسییەکانی خۆیان بە پێی ئەم نوسخەیە دادەرشت بەبێ ئەوەی سەرنج بە بەشداری گشتی بدەن. تۆ یا مۆدێڕن بووی یا نەبووی و، ئەوەی کە لە خانەی مۆدێڕندا پێناسە نەدەکرا مەحکوم بە “مۆدێڕن بوون” دەکرا. لەوەها دۆخێکدا پەیامەدی مۆدێڕنیزم بۆ سەدەی بیستەم بڵاو بوونەوەی ئایدیالۆژی ناسیۆنالیزم، سەرهەڵدانی فاشیزم، نازیسم، دوو شەڕی جیهانی، کۆمەڵکووژی، سێکۆلاریزم (چەمکی سەرەکی سیکۆلاریزم لەسەر بنەمای نەهێشتن تیۆریزە کرابوو)، کۆمۆنیزم (نوسخەی ئیستالینی)، هۆلۆکاست و … بوو.

ئەو شتەی کە سەرنجی بیرمەندانی پەسامۆدێرنی بەرەو ئەم ئینقلابە راکێشا دوو فاکتی گرینگ بوون: یەکەم فاکتی زەمەنی و ئەوەی دیکەیان فاکتی کۆمەڵایەتی بوو. فاکتی زەمەنیی؛ نزیکایەتی شۆرشی ١٩٧٩ ئێران و راپەرێنەکانی لاوانی ئۆرووپا – بەتایبەت لە فەرانسە – لە ساڵی ١٩٦٨ زاینی بوو. چاوەدێرانی پەسامۆدێڕن پێیان وابوو کە ئەمە ئیدامە و کاردانەوەی هەمان راپەرین بوو کە لە رۆژهەڵاتی ناڤین دا سەری دەرهێناوەتەوە. فاکتی کۆمەڵایەتیی؛ فۆرمێکی پەرچەکردارانە بوو لەهەمبەر دیکتاتۆری نوخبەگەرا و پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆن لە ئێران دا. لەبیرمان نەچێ کە ئینقلابی ئێران ئینقەلابێکی کۆمەڵایەتی بوو، واتە نە پێناسەی چینایەتی هەبوو نە پێناسەی توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگای بەسەرەوە دیاربوو. خاڵێکی زۆر گرینگ کە پێویستە رەچاویکەین بوونی رێبەراییەتێکی ترادیشیۆنی بوو لە پشت ئەم راپەرینە، واتە خومەینی.

گۆیا میشێل فۆکۆ سالانی دواتر لە بۆچوون و پێشگۆییەکانی خۆی لەمەڕ ئینقلابی ئێران پاشگەز بۆتەوە و تەنانەت زۆر ناهومێدیش بووە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەمە تەواوی مەسەلەکە نەبوو. ئەوان لە خوێندنەوەی هۆکارەکانی ئینقلابی ئێران دا بەهەڵەدا نەچووبوون، بەڵکە نەیانتوانی بوو پێشبینی ئەوە بکەن کە وەها راپەڕینێکی جەماوەری چ کاردانەوەیەکی نەگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە کە لە پێش هەموو شتێکدا گومان لە پرسی ئازادی تاک دەکا و دواتر مەفهوومی گشتی ئینسانیەت دەکاتە فیدای ئامانجە نائینسانییەکانیان. چوونکە کارکردی ئینقلاب بە مانای تەقەدوسی دەسەڵاتێکە کە خەڵک لەپشتی راوەستاوە، لە وەها دوخێکدایە کە دەسەڵات شەرعییەتی خۆی وەردەگرێت و دواتر بەناوی پاراستنی ئینقلاب هەرچەشنە گوتارێکی ناتەبا لەگەڵ ئوسوولی ئینقلاب حەرام دەکا و لەنێوی دەبات. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە مەرجەعیەتی تەفسیری ئوسوولی ئینقلابیش خودی دەسەڵاتە شەرعییەکەیە.

چیرۆکی پرۆژەی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئێران یەکێکە لە چیرۆکە تاڵەکانی مێژووی سەدەی بیستەمی ئەم وڵاتە، چوونکە لە بنەڕەتدا هێرشێک بوو بۆسەر شەخسیەتی فەرهەنگی و کەرامەتی فەردی ئەو مرۆڤانەی کە لە چوارچێوەی جوغرافیایەکی سیاسی دا دەژیان بەناوی ئێران. بەڵام بۆچی شەخسیەتی فەرهەنگی و کەرامەتی فەردی؟ چوونکە پێناسەی مۆدێڕنیزم لە ئێران دا لەسەر بنەمای تیۆری شارەستانیەتێک دارێژرا بوو کە گومانی لە هۆیەتی فەرهەنگی خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکرد. لەسەردەمی پەهلەوییەوە و دواتر لەسەردەمی ئینقلاب و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەم هۆیەتە بەردەوام تەفکیر کراوە. لە سەردەمی پەهلەوەی یەکەمدا کولتور و داب و نەریتەکانی خەڵک وەک ترادیشۆنی قەجەری ناوزەد دەکران، لە سەردەمی پەهلەوی دووهەم دا بە ناوی بێ فەرهەنگی و عەرەبزەدەگی و دواتر لە ئینقلابی ئێران دا بەناوی طاغوتی و غەربزەدەگی و ئێستاش بەناوی فەرهەنگی ئائینی و ئاخوندی دەکەوێتە بەر پەلامار و تەوس و توانجان. ئەم پرۆژەیە بە ئاقارێکی ئیقتەدارگەرایانە چۆتە پێش کە تاکە کەرەسەی سەرخستنی ئامانجەکانی لە پرۆسەی ئاسیمیلاشێن دا بینیوەتەوە، بێگومان تۆ شارەزای ئەم فاکتە هەیت کە کاردانەوەی نەگەتیڤی ئاسیمیلەکردن لەسەر مرۆڤ ئەوەیە کە لەپێش هەموو شتێکدا رقی لەخۆی بێتەوە.

پرۆژەی مۆدێڕناسیۆن لە ئێران دا خۆی لە دوو فاز دا دەبینێتەوە کە من لەم بابەتەدا بەناوی فازی پەهلەوی یەکەم و فازی پەهلەوی دووهەم ناویان دەبەم.

فازی پەهلەوی یەکەم (واتە رەزا شاه):
فازی پەهلەوی یەکەم زیاتر تەرکیزی لەسەر پرۆژەی میلەت/دەوڵەت سازی دەکرد. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا جێگای لێووردبوونەوەیە خودی چەمکی میلەتە. من کاتی خۆی لە زانکۆی ئۆسلۆ دا دەرسێکم هەڵگرت بەناوی “ناسیۆنالیزم و مێژووی دروستبوونی لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا”. ئەم دەرسە لەلای من زۆر سەرنج راکێش بوو، چوونکە لەراستیدا حەزم دەکرد زانیارییەکانم لەمەڕ ئەم ئایدیالۆژییە گەشە پێ بدەم. تا ئەو کات پرسی ناسیۆنالیزم لای من وەک خوێندنەوەیەکی رووکەشیانە و رومانتیک بوو، بەڵام زۆر حەزم دەکرد خوێندنەوەیەکی ئاکادێمیکم سەبارەت بەم دیاردەیە هەبێ. بەهەرحاڵ، ئەم کۆرسە بەرچاوروونییەکی باش بوو، ئەوەی لەم کۆرسەدا سەرنجی منی راکێشا دوو فاکتی گرینگ بوو: یەکەم تایپۆلۆژی ناسیۆنالیزم بوو، دووهەم خسڵەتی ئامرازگەرایانەی ناسیۆنالیزم بوو. من هەوڵدەدەم لە خاڵی دووهەمەوە دەست پێبکەم.

خۆی هێنانەگۆری ئیدەی ناسیۆنالیزم لەخۆیدا زۆر پارادۆکساڵییە، چوونکە بنەمای ئەم ئایدیایە لەسەر هەمگەراییەکی ئیسپاتی دامەزراوە، مەبەست لەوەیە کە ئەندامانی کۆمەڵگا دەبێ بەردەوام هۆیەتی میللی خۆی لەگەڵ ستاندارەکانی بەناسیۆنبووندا تەعریف بکەنەوە و، دواتر بەرهەمی ئەم بزاڤە دەسەڵاتێک دەبێ کە لە هەناوی خۆیدا توانای بەرهەمهێنانی میکانیزمێک نییە بۆ هەمگەرایی. هۆکارەکەشی دەلیلێکی زۆر سادەیە: واتە دەسراگەیشتنی نایەکسانی ئەندامانی ئەم ناسیۆنە بە سامانە گشتییەکان، چوونکە لەبنەرەتدا ناسیۆنالیزم خاوەن بەرنامەیەکی دیاریکراوی ئابووری/ کۆمەڵایەتی نییە بەڵکە خاوەن کاراکتێرێکی رۆمانتیکانەیە. لەوەها دۆخێکدایە کە لە کۆمەڵگادا شارومەندی پلە یەک و دوو و سێ و هتد بەرهەم دێ کە بنەمای سەرەکی بۆ پێناسەی مەوقەعییەتی کۆمەڵایەتییەکەی فاکتۆری چینایەتییە. دەوڵەتی ناسیۆنالیستی لە باشترین حاڵەتدا تەنیا دوو شت بە شارومەندەکانی دەبەخشێ کە یەکەمیان مێژوویەکی کریستالیزەکراوە کە پڕی وەهم و خەیاڵە و، دووهەم شانازی بەناسیۆنبوونە بۆ نموونە دەوڵەتە عەرەبەکان. بەڵام کارکردی نەتەوە لە دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستدا بەهێزکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرایە. رەنگە هەر ئەم چەشنە خوێندنەوەیە بێت کە دووکتوور قاسملۆ قەت نە وەک ستراتیژی و نە وەک تاکتیک ئیدەی ناسیۆنالیزمی مەترەح نەدەکرد چوونکە حەتمەن نیگەرانی ئەوە بووە کە دواتر خۆشی نەتوانێ کۆنترۆڵی بکا.

خاڵی دووهەم واتە پرسی تایپۆلۆژی ناسیۆنالیزم؛ ئەم ئایدیایە بەسەر کاتاگۆری جیاواز دا دابەشدەکات کە لە خەسڵەتدا جیاوازیان بەیەکەوە هەیە، بۆ نموونە ناسیۆنالیزمی رووسی، ئیتالیایی، ئاڵمانی، فەرانسی، ژاپۆنی و هتد. بەڵام ئەوەی لەم میانەیەدا زیاتر وەک نموونە دێنە بەرباس دوو جۆرە ناسیۆنالیزمە کە دەتوانین گشت نموونەکانی ناسیۆنالیزم لەواندا ببینینەوە؛ یەکەم ناسیۆنالیزمی ئاڵمانییە و ئەوەی دیکەیان ناسیۆنالیزمی فەرانسەوییە. ناسیۆنالیزمی ئالمانی لەسەر بنەمای پێناسەیەکی خوێنی دامەزراوە، بەڵام ناسیۆنالیزمی فەرانسەوی لەسەر پێناسەی شارومەندی دامەزراوە، واتە ئەندام بوون لە کۆمەڵگایەک وەک خانەیەکی ناسیۆنی بەندە بە گەرەنتی پاراستن و بەرگری کردنی سیستەم لە ئەرزش و مافەکانی تاک لە کۆمەڵگا دا. بەڵام ناسیۆنالیزمی ئاڵمانی زیاتر پێ لەسەر رەسەنایەتی ئەتنیکی دادەگرێ ، بۆ نموونە ناسیۆنالیزم لە تورکیا لەسەر نموونەی ناسیۆنالیزمی ئاڵمانی دارێژراوە کە تەنانەت ناوی وڵاتەکەشی بە تورکیا ناودێر کرد و ناوەرۆکی نەتەوەی لەسەر ئیتنیکی تورک پێناسە کرد. لە ئێران دا بەشێک لە نوخبەی ئەو سەردەمە لەهەوڵی ئەوەدا بوون کە نموونەی ئاڵمانی ناسیۆنالیزم مەترەح بکەن، بەڵام ئەم پرۆژەیە پێویستی بە نرخێکی زۆر گران بوو، چوونکە ئێران خاوەن هەمەچەشنیەکی ئەتنیکی بوو، لە تورکیا دا تورکەکان دوو نەتەوەی کورد و ئەرمەنیان هەبوو کە ئەرمەنەکانیان ژێنۆساید کرد و کوردەکانیشیان تەسلیم بە ئێرادەی تورکبوون کرد – کە بێگومان تۆ خۆت باش شارەزای ئەم بەشەی و من پێشتر وتارێکی تۆم لەم بارەوە خوێندبۆوە.

بەم پێیە دەبینین کە رەزا شا لەبنەڕەتدا پرۆژەی میڵەت/دەوڵەت بەشێوەیەکی نوقوستان تەرح دەکا و لە خێری پرسی یەک نەتەوەیی دەگوزەرێت و هەوڵەکەی زیاتر لەسەر پرۆژەیەکی دیکە چڕ دەکاتەوە کە ئەویش چێکردنی دەوڵەتێکی ناوەندی و بەهێز بوو. لەراستیدا خەونی چێکردنی وەها دەوڵەتێک نەک هی رەزاشا بەڵکە وەک زەروورەتێکی مێژووی لەو سەردەمەدا بەرجەستە بوو. ئێران لەو سەردەمەدا تووشی قەیرانی حکومەت و گرفتی نا ئەمنی هاتبوو و، وڵات کەسێکی گەرەک بوو کە ئەمنیەت و ئاسایش بگەرێنێتەوە. هەربۆیە یەکەم پرۆژەی رەزاشا چێکردن و تەیار کردنی ئەرتەشێکی بەهێز بوو کە تەنیا فەرمانی لە یەک کەس وەردەگرت و ، سەرکوتکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان و سەنترالیزەکردنی ئادمینیتراشۆن لە ئێران بوو. ئێمە لە هیچکام لە بەڵگەکانی ئەو سەردەمەدا شتێک نابینینەوە کە تەعریفی ئێرانی بوون بە ئەتنیکێکی دیاریکراو پێناسە بکا. تەعریفی ئێرانی بوون لەسەر بنەمای پۆلیتیک جیۆگرافی (بە واتایەکی دیکە ئیداری) بووە.

بەڵام دەرەنجامەکانی ئەم پرۆژەیە هەر بەوە کۆتایی نەهات، بەڵکە دەسپێکی کارەساتێک بوو بەناوی پێناسەی کۆلتووری. یەکێک لە تایبەتمەندییەکان یاخۆ پێناسەکانی کولتور ئەوەیە کە شووناسێک دەبێتە سەنتەری کولتوور. واتە کولتورلەراستیدا شووعاعی نوقتەیەکە کە “دەسەڵات” خۆی تێدا دەبینێتەوە. کێ دەسەڵاتی زیاتری هەبوو و خۆی لەو نوقتەیەدا جێگیر کرد، ئەوا دائیرەی کولتورەکەش دیاری دەکا و لێرەدایە کە دەسەڵات دەبێت بە پێناسەی کولتور. لەبیرمان نەچێ کە ئەم پێناسەیە بۆ کولتور تەنانەت تا ئەمرۆش ئیعتیباری هەیە و لە وڵاتانی دێمۆکراتیکیشدا هێشتا رەچاو دەکرێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە هۆیەتی کولتوری لە ئێرانی سەردەمی پەهلەوەی یەکەمدا چۆن پێناسەکراوە؟ ئایا ئەم هۆیەتە هۆیەتێکی فارسییە؟ ئەوەندەی کە من خوێندوومەتەوە و لە ئێران گەڕاوم و ئاشناییم بە نەقشەی دێمۆگرافی ئێران هەیە، لە هیچ شوێنێکدا هیچ بەڵگەیەکم دەستنەکەوتووە کە بیسەلمێنێ کولتوری ئێران هۆیەتێکی فارسی هەیە. چوونکە لەیەکەمین هەڵمەتی کولتورسازی لە ئێرانی ئەو سەردەمەدا زۆرترین زیان بەر کولتوری فارسەکان کەوت. بۆ نموونە دیزاینی لیباس کە لەلایەن دەوڵەتەوە مەمنووع کرا، خەڵک دەبوایە بە کۆت و شەڕواڵ و کلاوی پەهلەوی لە خیابان بگەڕایە (سەبارەت بە کڵاوی پەهلەوی حەز دەکەم داستانێکت بۆ بگێڕمەوە: داستانێک لە ناوچەی بانە هەیە بەناوی چیرۆکی کڵاوی بلە. گۆیا لە سەردەمی رەزاشا کەس بۆی نەبووە جگە لە کلاوی پەهلەوی هیچی دیکەی لەسەر بکا، بۆیە لە یەکێک لە گوندەکانی بانە کابرایەکی تەنەکەساز بە فۆرمی کلاوی پەهلەوی کلاوێک لە تەنەکە ساز دەکات و لە ماڵی کوێخای ئاوایی دادەنێن و، هەرکەسێک رێی لەشاری کەوتبا ئەو کڵاوەی لە کوێخا بە قەرز وەردەگرت و دەچوو بۆ شار). دیزاینی لیباسی فارسی ئەو سەردەمە بەتەواوی تێدا چوو، کەشفی حیجاب لەراستیدا نەهێشتنی ئەو شێوە پۆششەی ژنان بوو کە لەسەردەمی ساسانییەوە لەناو فارسەکاندا باو بووە، نەک لابردنی حیجاب چوونکە کێشەکە هەر چارشیو نەبووە بەڵکە شیوەی پۆشش نەک هەر بۆ ژن تەنانەت بۆ پیاوەکانیش دیاری کراوبوو. بەشێکی زۆر لە داب و نەریتەکان فەوتان کە ئەو سەردەمە بە داب و نەریتی قاجاری ناویان دەبردن و کەس بۆی نەبوو رەچاویان بکا، زمانی فارسی ئەو سەردەمە زۆر لەگەڵ فارسی ئێستادا جیاوازی هەیە و زۆر شتی دیکە کە رەنگە جێی نەبێ لێرەدا باسی لێ بکرێت. بەڵام نەتەوەکانی دیکە لەم هەڵمەتدا کەمتر زیانیان بەرکەوت، چونکە ناوچەکانیان کەمتر لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ناوەندیدا بوو. ئەم کولتورسازییە جگە لە کولتوری دیسپۆتیزمی پەهەلەوەی ناتوانین هیچ هۆیەتێکی دیکەی بۆ قائیل بین.

فازی پەهلەوەی دووهەم:
فازی پەهلەوی دووهەم کامڵکردنی سەنتەرگەرایی و گەشەپێدانی کولتوری دیسپۆتیزمیی یاخۆ ئیستبدادیی پەهلەوی یەکەم بوو. لەم سەردەمەدا هۆیەتی کولتوری زیاتر فۆکووسی لەسەر دەکرێت. چوونکە ناکرێ هۆیەت بەس لەسەر پێشمەرجەکانی داهاتوو دا دامەزرێت، بەڵکە پیویستە رەگی لە رابردووشدا هەبێت. لێرەوە هۆیەتی کولتوری دەچێتە خانەی نۆستالۆژییەوە. بەڵام ئەوەی لەم میانەیەدا دیسان جێی سەرنجە ئەوەیە کە ساختی نۆستالۆژیی کولتور لەسەر بنەمای خاترەی ئەتنیکی دانارێژرێت، بەڵکە ئوسوولەن پشت بە عەزەمەتە خەیالییەکانی پاشاکانی ئەم دەڤەرە دەبەستێت (بۆ نموونە کوروش) و بەم چەشنە رەسەنایەتییەک بۆ هۆیەتی کولتورییە ساختەکەی خۆیان دروستدەکەن. لێرەوە دیاردەیەک بەناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی خۆی دەردەخات کە ئەسالەتی خۆی بەم مێژووە سەیروسەمەرەوە گرێدەداتەوە. بەڵام رووی هەڵمەتی ئەم ناسیۆنالیزمە نەتەوە یاخۆ نەقشە ئەتنیکییەکانی نێو ئێران نەبوو -چوونکە لەراستیدا پشتیوانی ئەم تەنەوەعی ئەتنیکییە پێویست بوو بۆ هێزبەخشین بەم دیاردەیە، بەڵکە بە پێچەوانەوە رووی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بوو. وەک خۆت ئاگاداری یەکێک لە پێشفەرزەکانی ناسیۆنالیزم لەسەر ئەسڵی نەفرەت “لەوانی دی” دامەزراوەو ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەراستیدا وەک دژکردەوەیەک لە ئاست ناسیۆنالیزمی عەرەب لەم دەورەدا گەشە دەکا. ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم تۆ خوێندنی ئاکادێمیت لە مێژوودا هەیە و بێگوومان ئاگاداری کە لەو سەردەمەدا ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، لە رێگای کودیتا و ئینقلابەوە، رۆژ بەرۆژ دەسەڵاتیان بەدەست دێنا. خۆی دیاردە مێژووییەکان لە بەستەرێکی تایبەتی مێژوویدا عەینی دەبن، کە بێگومان تۆ لەگەڵمدا هاوڕای.

بەڵام پرسی سەنتەرگەرایی لە فازی پەهلەوی دووهەمدا بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە چێکردنی نایەکسانی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیدا رۆڵێکی گەورە دەبینێ. ئێران لەم سەردەمەدا بەکردەوە – بەڵام بێ ئەوەی رەچاوی بنەما کولتورییەکانی ئەو سەردەمە بکەن- خەون بە پەڕینەوە لە قۆناغی فیۆدالیزم بەرەو سیستەمێکی پیشەسازی دەبینێت. لێرەوە دەبینین پێداویستی رێفۆرم لە ساختی کولتوری دیسپۆتیزمی پەهلەوەیدا دێتە ئاراوە، چونکە ئەم کولتورە قۆناغی دوای خۆی جێ هێشتبوو و کارایی خۆی لەبەرامبەر سیستەمی بەرهەمهێنانی نوێدا لەدەستدابوو. وەک خۆت ئاگاداری پێوەندییەکی ژیاری لەنێوان کولتور و کەرەسەی بەرهەمهێناندا هەیە و ئەم پێوەندییە هاوتریب کاردانەوەی لەسەر یەکتر دەبێ. یەکێک لە پێشمەرجەکانی سەنعەتی بوون بنیاد نانی مەزن-شارە! و کۆچاندنی خەڵک لە ناوچە دابڕاوەکانەوە بەرەو شار بۆ ئەوەی خەونەکانیان بەدی بێنن. ئەم دیاردەیە لەهەناوی خۆیدا هۆیەتێکی کولتوری سازدەکا کە بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا لەگەڵی دا نامۆیە. کولتوری شار سەرەتای پرۆسەی نامۆکردنی شارومەندانی کۆمەڵگایە، لە وەها دۆخێکدایە کە نائەمنی کۆمەڵایەتی خۆی پیشان دەدا. ئانتۆنی گیدێنز یەکێک لە کاراکتێرە نەگەتیڤەکانی مۆدێڕنیزم لە بەرهەم هێنانی نائەمنی مەدەنی دا پێناسە دەکات، کاتێ کە تاک لە هۆیەتی خۆی دڵنیا نابێت. لە سیستەمی کاپیتالیستیدا پرسی ئەتنیک و مەزهەب بزرە، چوونکە لەبنەرەتدا ئەم جۆرە دیاردانە کۆسپن لەبەردەم پرۆژەی زێدەبایی دا. هەربۆیە ئێمە هیچ فاکتێک نابینین کە هەڵاوردنێکی ئەتنیکی رەچاو کرا بێ. نازانم تۆ تاچەند بە ناوچە فارسنشینەکان دا گەڕاوی، بەڵام من بەشێکی زۆر لەو ناوچانە گەڕاوم و بە چاوی خۆم بینیومە کە هەژاری و نەبوونی خەدەماتی ریفاهی لەو شوێنانە کارەساتسازە. من گەلێ ناوچەم بەچاوی خۆم بینیوە کە لە کوردستان زۆر هەژارترن و تەنانەت لە پرۆژەی ئاوگەیاندن و تەندروستیش بێ بەری بوون. لە لایەکی دیکەوە لە قانوونی ئەساسی سەردەمی پەهلەوەیدا تۆ هیچ مادەیەک نابینیتەوە کە باس لەوە بکەن کە جگە لە ئەتنیکێکی تایبەت ئەوانی دیکە مافی ئەوەیان نییە کە ببن بە وەزیر و لە دەسەڵاتە گرینگرکانی دەوڵەتی شاهەنشاهی بێبەری بن. رەنگە ئاگادر بی کە بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی شا لە نەتەوەکانی ئێران بوون و تەنانەت رەئیسی دادگوستەری کە لە مەجرای قانوون دا دەسەڵاتی لە شا زیاتر بوو، کورد بوو. تەنیا لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی دایە کە ئێمە لە قانوونی ئەساسی دا بە سەراحەت دەبینین کە هەڵاوردنێکی مەزەبی هەیە، دەنا لەوێشدا باس لە هەڵاوردنی ئەتنیکی نەکراوە.

ئێستا لەم بەحسەدا ئێمە چ نەتیجەیەک وەردەگرین؟ بەراستی ئینقلابی ئێران لە ساڵی ٥٧ دا بۆ کرا؟ 

سۆران گیان! قبووڵی دەکەم کە ئەنجامگیری لەم بوارەدا زۆر سەختە. زۆر سەختە ئەگەر ئێمە تێگەیشتنێکی دیاریکراومان لەسەر دیاردەی کولتوریی نەبێ، زۆر سەختە ئەگەر ئێمە پشت بە بەڵگەی مێژوویی نەبەستین، زۆر سەختترە ئەگەر ئێمە بەس لە بەستەرێکی سیاسییەوە شرۆڤەی ئەم رووداوە مێژوویە بکەین. بەڵام ئیجازە بدە بە شێوەیەکی تەمسیلی ئاماژە بە شتێک بکەم؛ نازانم تۆ تاچەند سەیری بەرهەمە سینەماییەکانی سەردەمی پەهلەویت کردووە؟ پێشینیارت پێدەکەم لە دەرفەتێکدا ئەگەر بۆت گونجا جار و بار سەیرێکیان بکە. بەشێکی زۆر لەبەرهەمە سینەماییەکانی ئەو سەردەمە باس لە سیناریۆیەکی تکراری دەکەن کە بە دەیان جار لە فیلمە دراماکانی ئەو سەردەمەدا دووپاتە بۆتەوە. چیرۆکەکان هەمیشە لەگەڵ ئافرەتێک دەستی پێدەکرد. ئافرەتێکی بێ هۆویەت! ئافرەتێک کە کچی پیاوە رەسەنەکانی شار نەبوو، کچێکی جوانی دێهاتی، یاخۆ کچە هەژارێکی زەریف و ناسکی قەراغنشینەکانی شار کە لەداوی کۆمەڵێ مرۆڤی شەیاد و ساختەچی دەکەوتن و رێگایان لە کابارا و رووسپیخانەکان دەکەوت. ئەم کچانە دەبوونە ئامرازێک بۆ پارە پەیدا کردن. بەڵام چاوێکیان هەمیشە لەدوای نەجاتبەخشێک بوو کە رۆژێ لە رۆژان دەرکەوێت و ئەوان لەم دۆخە، واتە دۆڕاندنی هۆویەتی ئینسانی، رزگار بکا. لە نەکاو پاڵەوانێکی فشەکەر پەیدا دەبوو، عاشقی ئەم کچە کاباراییە دەبوو و شەرەچەقۆی لەسەر دەکرد و لە ئەنجامدا لەدەست پیاوە شەیادەکان و ژیانی کابارانشینی رزگاری دەکرد و دەیبردەوە بۆ خۆی. بە واتایەکی دیکە تەتهیری دەکرد و ئیدی ئەم کیژە بە نیشانەی پێزانین دەبوو بە قەرەواشی پاڵەوانە فشەکەرەکە، چوونکە لەراستیدا هەستی بە ئەمنیەت دەکرد. کۆمەڵگای ئێران ئەو “کابارایە” بوو، گەلی ئێران ئەو کچە “کەسایەتیی شکاوانە” بوون کە چاوەڕێی “پاڵەوانێکی” دەکرد بێت رزگاریان کا و، و ئەم پاڵەوانە خومەینی بوو کە لە ساڵی ٥٧ دا نموودی پەیدا دەبێ. لەو سەردەمەدا قەت بەرهەمێکی سینەمایی دروست نەبوو کە باس لە هەوڵی خۆرزگارکردنی ئەو کچانە بکا، قەت دەرکێکی دروستمان لە خۆئاگایی ئەم کچە ناسکانە لە فیلەمەکانی ئەو سەردەمەدا نەبینی، چوونکە “خوود” لە بنەرەتدا ئەسالەتی نەبوو و وەک فارس دەڵێ: ئەمە پارادۆکسی فاحشی مۆدێڕنیزە کردنی ئێران بوو. واتە ستاندنەوەی هۆیەتی ئەکتیڤی تاک و نیهادینەکردنی هۆیەتێکی پاسیڤ.

٣
ئینقلابی ٥٧ کرا! ئێستا بە هەموو تەفسیر و خوێندنەوە و لێکدانەوەکان لەمەڕ چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم ئینقلابە، لەبەردەم پرسیارێکی گرینگدا راوەستاوین. ئەو پرسیارە ئەوەیە کە ئەم ئینقلابە چی گۆڕی؟ کۆشکی پاشایەتی جێی خۆی دا بە جەماران، یاخۆ تاجی شاهی جێی خۆی دا بە مێزەری مەلا؟ پرۆژەی سەنتەرگەرایی پەهلەوییەکان و پرۆژەی هۆیەتسازی بە هەمان کاراکتێر، بەڵام لە فۆرمێکی دیکەدا دووپاتدەبێتەوە. سەنتەرگەرایی لە دەسەڵاتی موتەڵەقی وەلی فەقیه دا خۆی بازسازی دەکاتەوە و، بەڵام هۆیەتی کولتوری بە ئاقارێکی دیکەدا دەروا. واتە گەڕانەوە بۆ ترادیشیۆن! ئەو شتەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم ترادیشۆنە بەشێک نەبوو لە هۆیەتی کولتوری ئێرانییەکان. هۆیەتی کولتوری ئیسلامی لەبنەرەتدا شێوەیەک تەزکییەی رۆحی بوو کە تاکی بۆ تەسلیمبوون ئامادە دەکرد. تاکی کۆمەڵگای ئێرانی لە باری سایکۆلۆژییەوە تەڵقین دەکرا کە مرۆڤێکی گۆناهکارە و بەس لە رێگای تەزکییەوە دتوانێ خۆی تەتهیر بکات. ئەگەر لە سەردەمی پەهلەوییەکاندا هۆیەتی کولتوریی تاک بە عەزەمەتی سیڤیلیزاسیۆنی ئێرانییەوە گرێ درا بوو، ئێستا ئەم عەزەمەتە تا رادەی گوناح دابەزیوە.

بۆچی ئەم پرۆسەیە؟ ئەم پرسیارە بەردەوام لای من دروست بووە، بەڵام قەت نەمتوانیوە وڵامێکی شیاو بۆ ئەم پرسیارە بینمەوە، کەچی کاتێ پرۆژەی “هۆیەتیی/ کولتووریی” لە بەستەری رووداوە مێژوویەکاندا دەخوێنمەوە تا رادەیەک تێگەیشتن لێی بەلامەوە  ئاسانتر دەبێ. چ پێوەندییەک هەیە لە نێوان کولتورسازی و دەسەڵاتدا؟ ئەی چ پێوەندییەک لە نێوان پرسی هۆیەت تەڵەبی و کولتورسازی لەگەڵ گەشەی ئابووریدا هەیە؟ بۆچی ئەم دیاردانە هێندە وابەستە بەیەکترن؟ خومەینی باس لە سڕینەوەی کولتوری طاغوتی دەکات و کولتوری “ئیسلامی نابی محەمەدی” عەرزە دەکات. وە کاتێ باس لە ناب بوونی کولتور دێتە ئاراوە، بێگومان وابەستە بە تەفسیرێکە کە خودی کەسی تەرویجگەری ئەم کولتورە دتوانێ فۆرموولەی بکات. ئەم فۆرموولە دەچیتە خانەی هەمان ستروکتوری کولتوورییەوە، واتە کولتور وەک شووعاعی نوقتەیەک کە دەسەڵات دەوری تێدا دەبینێ. ئەم کولتورە نوێیە زۆر بە خێرایی توانی ئاسەوارە رەوانییەکانی سەردەمی پێشخۆی بسڕێتەوە و بەستەرێک بۆ دەسەڵاتی وەلی فەقیه ئامادە بکات و تەنانەت قودرەتی ٨ ساڵ دفاعی موقەدەسی پێ بەخشی. بەڵام کاتێ دەوڵەتی سازەندەگی رەفسەنجانی بە بەرنامەی ٥ ساڵەی یەکەم و دووهەمەوە پەیدا دەبێت، دەبینین کە خۆدی ئەم فەرهەنگە دەبێتە کۆسپ لەبەردەم پرۆژەکانی ئەم بەرنامانە. دەورانی سازەندەگی پێویستی بە سیستەمێکی تێکنۆکرات هەیە و کەچی فەرهەنگی ئیسلامی نابی محەمەدی رێگرێکی جیددییە لەبەردەم سەرکەوتنی ئەم پرۆژانە. لەم سەردەمەوەیە کە هێدی هێدی نۆرمەکانی بەرگری موقەدەس کە بریتی بوون لە شەهادەت تەڵەبی، گریان، خۆبەخشی ئابووری، حەرامکردنی وامە بانکییەکان، کۆپین، دژایەتی فەرهەنگی مەسرەفگەرایی و هتد، دەچێتە خانەی فەرامۆشی. بە تەفسیرێک، خاڵی دەسپێکی ناکۆکی نیزام لەم قۆناغەدا واتە قۆناغی سازەندەگییەوە دەست پێدەکات، چوونکە لە بنەرەتدا ناکۆکی لە نێوان نۆرمپەروەری و دیاردەی رانتیی لەم سەردەمەوە دەست پێدەکا.

لێرەوە لە پارادایمەکانی دەیەی ٧٠ هەتاوی نێزیک دەبینەوە. دەیەی ٧٠ لە مێژووی کولتووری/ سیاسی ئێراندا زۆرگرنگە، چوونکە لەم سەردەمەوە لەگەڵ پارادایمێک ئاشنا دەبین بەناوی “کۆمەڵگای مەدەنی”. دڵنیام کە تۆ لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی دا ئاشنای، بۆیە زۆر ناچمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی لەسەر ئەم چەمکە بە گرنگ دەزانم بۆ ئەوەی فەزای بەحسەکەمان بەرفراوانتر بکاتەوە. خۆی چێبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ تیۆری “مافی شارومەند” یاخۆ “سیتیزێنشیپ” ی مارشاڵ (١٩٤٩) دا دێتەگۆڕێ (دیارە لەباری تەبارشوناسییەوە ئەم بابەتە بۆ دەورانی کانت دەگێڕنەوە، بەڵام ئەم بابەتە وەک ئایدیا هاتۆتە گۆڕێ نەک وەک تیۆریی). خوێندنەوەی مارشال بۆ مافەکانی شارومەند، لە راستیدا بەس لە بەستێنێکی حقوقییەوە گرنگیی خۆی وەرناگرێ، بەڵکە رەهەندی هۆیەتیی ئەم دیاردەیە زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە کە پێوەندییەکی قووڵی بە ستاتوسی تاک لە کۆمەڵگادا هەیە و لە ئەنجامدا رێگە بۆ هاتنەئارای ئیدەی کۆمەڵگای مەدەنی هەموار دەکات. مارشاڵ یەکێک بوو لەو تیۆریسێنانەی کە چەمکی شارومەندی لە بەستێنێکی بەرفراوانتر دا پێناسە کردەوە، لێرەدایە کە چەمکی شارومەند لە دوو بەستێنی عەینی و زەینی دا پێناسە دەکا؛ یەکەم ئەندام بوون لە کۆمەڵگا دا و دووهەم ستاتوسی ئەندامانی کۆمەڵگە کە پێویستە لەباری حقوقیی و هەروەها لە ئەرکەکانیاندا یەکسان بن. لەم زۆنگەیەوە ئاماژە بە سێ ئێلێمێنت یاخۆ عونسووری سەرەکی دەکا بۆ دیاریکردنی ستاتوسی ئەندامانی کۆمەڵگە: مافی مەدەنی (سیڤیلی)، مافی سیاسی و مافی کۆمەڵایەتی. مافی مەدەنی بریتییە لەو مافانەی کە نابێتە هۆی بەرتەسک کردنەوەی بازنەی ئازادی فەردیی ئەندامانی کۆمەڵگا کە یاسا بۆی دیاری کردووە، مافی سیاسی بریتییە لە مافی بەشداریکردن لە دیاریکردنی چارەنووسی تاک لە کۆمەڵگا و هەروەها مافی ئەوەی هەبێ کە بە شێوەیەکی یەکسان تەمرینی دەسەڵات بکات، مافی کۆمەڵایەتی بریتییە لە مافی هەڵبژاردنی ستانداردی ژیان و پاراستنی کەلەپووری کۆمەڵایەتی تاک لە کۆمەڵگا دا. دیارە ئەم تیۆرە بە پێی هەلومەرجی سەردەم برفراوانتر دەبێتەوە و گەلێک رەهەندی دیکە لەخۆی دەگرێ بۆ نموونە خوێندنەوەی بزاڤی ژنان بۆ ئەم تیۆرە خوێندنەوەیەکی رەخنەییە کە لە خانەی ماسکۆلین یاخۆ پیاوانەدا ئەم تیۆرە پێناسە دەکا چوونکە پرسی مافی جێندەر یاخۆ رەگەزی تێدا  جێنەکراوەتەوە و، هەروەها بەداوای هاتنەئارای رەوەندی مەهاجرەت بۆ وڵاتانی پیشەسازی، تیۆری شارومەندی تووشی چالشی جیددی هات و ئەمرۆکە ئێمە لەگەڵ توخمێکی حقوقی یاخۆ ئایدیالتیپیسکی دیکەدا ئاشناین بەناوی مافی دیاری کردنی “هۆیەت و بەرەسمییەتناسین” یاخۆ قبوڵکردن.

ئەم تیۆرە سەرەتای چێکردنی پارادایمێک بوو بەناوی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئۆروپا. وێناکردنی ئۆروپای دێمۆکراتیک قەت چێنەدەبوو ئەگەر ئەم پارادایمە لە بەستێنێکی مەدەنیانەدا بەهێز نەبا، چوونکە پێوەندییەکی ژیاری لەنێوان قانون و دێمۆکراسیدا هەیە. دێمۆکراسییەکی ئیدەئال بە بێ قانوونێکی ئیدەئال ئیمکانی نییە، کەواتە ئاقڵانەترین بژاردەی بزاڤە مەدەنییەکان لە ئۆروپادا تێکۆشان بۆ خوازراو بوون و ئیدەئالتر کردنی قانون بوو، نەک ئینقلاب و شەر و خوێن و …

جموجۆڵە مەدەنییەکان لە دەیەی ٧٠ لە ئیراندا بە شێوەیەک باس لە وەها دەرکێکی مەدەنی و زەروورەتی مەهارکردنی باڵە توندرەوەکان چ لە ئاستی پۆزیسیۆن و چ لا ئاستی ئۆپۆزیسیۆن دا بوو. گەشەی رۆشنبیری و ئاستی وشیاری ئەندامەکانی کۆمەڵگا و بزاڤە مەدەنییەکان وەک فارس دەڵێ: لە راستیدا قەرزاری هەنگاوێکی  دەوڵەتی رەفسەنجانی بوو، کە ئەویش دامەزراندنی زانکۆی ئازاد لە ئێران و دیاری کردنی بودجەیەکی کەلان بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتن بوو. رۆڵی زانکۆی ئازاد چی بوو؟ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە ئەگەر بەس وەک چاوەدێرێک سەیری رۆڵی کاریگەری ئەم نیهادە مەدەنییە بکەین. پێش دامەزراندنی زانکۆی ئازاد، لە ئێراندا تەنیا یەک زانکۆی رەسمی هەبوو کە سەهمییەی وەرگرتنی خوێندکار لە نێوان ١٠٠ تا ١٥٠ هەزار خوێندکار بوو لە ئاستی ئێراندا کە ئەم رێژەیە وڵامدەری حەشیمەتی ٦٠ ملیۆنی ئێران نەبوو و، خۆت ئاگاداری کە لانی کەم لە سەتا هەشتای ئەم سەهمییەیە بەر بەسیجییەکان، جانبازان، خانەوادەی شەهید و هتد دەکەوت. بەڵام زانکۆی ئازاد دەرفەتێکی لەبار بوو بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی ئێرانی کە لە شانسی درێژەدان بە خوێندن بێ بەری کرابوون و، لەوە گرنگتر ئەوە بوو کە زانکۆی ئازاد چوونکە نیهادێکی دەوڵەتی نەبوو کەمتر سانسۆری لەسەر بوو. هەر لە زانکۆی ئازاددا بوو کە بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی ئێرانی لەگەڵ چەمکی زانستی کۆمەڵایەتی و فەلسەفە و سایکۆلۆژی و … ئاشنا بوون و، دواتر بەشێکی زۆر لە رەخنەگرانی حکومەتی ولایەتی فەقیه و رەخنەگەرانی شێوازی بەرێوەبەری سیستەمی دەوڵەت هەر لەم زانکۆیانەدا مەدرەکیان وەرگرت. حەتمەن لەبیرت ماوە کە گرینگترین پاساوی خامەنیەیی بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز خوێندنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بوو و، دواتر فتوای دا کە دەبێ پێداچوونەوە بە ماددەی دەرسییەکانی ئەم زانستەدا بکرێتەوە و تەنانەت گلەیی لەوە بوو کە سەهمییەیەکی زۆر لە خوێندکاران خۆیان بۆ خوێندن لەم رشتەیەدا ناونووس دەکەن.

بزووتنەوەی ٢ی جۆزەدان بەرهەمی وەها گەشەیەکی کولتوری ئابووری بوو لە ئێراندا. لەم سەردەمەدا بوو کە کۆمەڵگای ئێران لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی شارومەندی ئاشنا  دەبێت و لە راستیدا لێرەوەیە کە شارومەندانی ئێرانی دەچنە فازێکی نوێ بەناوی “هۆیەت خوازی”. پرسی هۆیەت لەو لایەنەوە گرنگی خۆی وەردەگرێت کە ئاراستەکەی خودی ئەکتەری کۆمەڵایەتییە (کنشگر اجتماعی). لە پێناسەکردنی هۆویەتدا ئێمە لەبەردەم پرسیارێکدا رادەوەستین و، ئەم پرسیارە ئەوەیە کە من کێم؟ “من” لەم کۆنتێکستەدا خاوەن دوو کارکردی عەینی و زەینییە کە لە دوو فۆرمی “منی” مەفعولی و “منی” فاعلی دا خۆی دەردەخا. بەڵام بۆ کۆنێشگەرێکی کۆمەڵایەتی پێناسەی هۆیەت سێنتێزی ئەم دوو کۆنتێکستەیە، کە لەئەنجامدا کەسایەتی کۆمەڵایەتی ئەو پێک دەهێنێ. “منی” مەفعولی زادەی ئەو شووناسانەن کە بە ئێمەی دەبەخشن، بۆ نموونە: رەگەز، ناو، ئائین، ناسیۆن و… ئەمە هەمان پێناسەی کلاسیکە لە “من” کە تاک لە ناوەندی بازنەیەک لە پێناسەی هۆیەتییەکاندا رادەگرێ. بەڵام “منی” فاعلی لە پێوەندی بە رەفتارەکان و دوورنمای ئامانج و ویستەکانی ئێمە لە کۆمەڵگەدا پێناسە دەکرێتەوە و لە راستیدا رووی لە داهاتوویە، واتە “منێک” کە بەردەوام لە دۆخی فۆرم گرتن دایە. پرسی هۆیەت خوازی لەو لایەنەوە گرنگە کە کۆمەڵێ پرسی دیکە بەدوای خۆیدا دێنێتە گۆڕێ کە یەک لەوانە ستاتوسی تاک و قەدر و شوێنگەی لە کۆمەڵگەدایە و دواتر ئەم پرسە شناختیانە لە پرۆسەیەکی دەسەڵات دا خۆی دەبینێتەوە کە ئاراستەکەی بەپێچەوانەی فۆرمی کلاسیکی دەسەڵاتە؛ واتە فشار لە خوارەوە بۆ سەرەوە. بەم چەشنە دەبینین کە هەموارکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بە هەمان ئاراستەی ئۆرووپا خەریکی فۆرم گرتن  بوو، سەرەتا روویکەردێکی مەعریفی لەمەر پێناسەی تاک لە کۆمەڵگادا دێتە ئارا و دواتر کۆنشگەرە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆیەتی پێناسەکراوەوە شوێنگەی خۆی لە نیهادە مەدەنییەکاندا دەبینێتەوە و لە ئەنجامدا چینی مامناوەدنی فەزای چینی باڵادەست و بن دەست تەسکتر دەکاتەوە و لە کۆمەڵگادا بەهێزتر دەبێت. بەم راڤەیە کەم کەم لە تیۆری گۆڕانی مارکس نێزیک دەبینینەوە: میکانیزم و زەرفییەتی گۆڕان، چوونە سەری ئاستی رۆشنبیریی میکانیزمی گۆڕان پێک دێنێ و، زەرفیرتی گۆڕانیش بریتییە لە ئامادەیی عەینی چینی مامناوەندی لە کۆمەڵگەدا.

لەوەها دۆخێکدا بوو کە سەرهەڵدانی نیهادە مەدەنییەکان، ئینجی یۆکان، بزاڤی ژنان، ژینگە پارێز، منداڵ پارێز و… سەردەردێنێ، کە هەرکام بە نۆرەی خۆی ناسێنەری هۆیەتی کۆنشگەرانی کۆمەڵایەتی بوون. کاتێ باس لە بزاڤی ژنان لە ئێران دا دێتە ئاراوە، بەتەنیا هەر بزاڤێکی خیابانی نەبوو بەڵکە ئەم بزاڤە سەری لە ناوەندی دەسەڵاتیشدا دەرهێنا. بزاڤی مەدەنی لە راستیدا هەوڵێک نییە بۆ نەهێشتن، بەڵکە خەباتێکە بۆ زۆرترین رێژەی راکێشان. ئەم بزاڤە مەیدانی پاکانە حیساب نییە، بەڵکە زەرفییەتێکە بۆ تەعاموولی کۆمەڵایەتی و وەک هابرماس دەڵێت: دۆخێک کە باشترین ئارگومێنت دەبێتە پێوەری هەڵسەنگاندن و کۆدەنگی.

بەم باسەی کە لەسەرێدا هاتە بەر باس، من نامەوێ بزووتنەوەی رێفۆرمخوازی دەیەی ٧٠ی هەتاوی کریستالیزە بکەم. ئەمە خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە کە شرۆڤەی هۆکارە عیلەت/ مەعلوولییەکانی هەر دیاردەیەک لە کۆنتێکستی خودی بزاڤەکاندا دەکا. بەڵام حەزم کرد لەم سۆنگەوە بچمە ناو باسێکی گشتی تر کە ئەویش پێوەندی بە بزووتنەوەی سەوزەوە هەیە. بزووتنەوەی سەوز لەو لایەنەوە گرنگی خۆی وەرگرت کە توانی عەرزە ئەندام و نەتیجەی بزاڤە مەدەنییەکان بە دەسەڵات پیشان بدات. لەبیرت ماوە کە یەکەم رێپێوانەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماری چەندین ملیۆن رژانە نێو شەقامەکانی تاران و بە بێدەنگی رێپێوانیان کرد. سەیر ئەوە بوو کە هیچ رێبەرییەتێک لە رێکخستنی وەها خۆپیشاندانێکدا دیار نەبوو. تۆ بڵەی بزاڤی مەدەنی ئەم دەرکەی لای نەسلی نوێی ئێران دروستکردبێ کە لە کۆمەڵگایەکی مەدەنی دا جێگایەک بۆ رێبەریی کردن نییە؟ یاخۆ دەرکی چینی مامناوەندی بەو ئاستە گێشتبوو کە پرۆژەیەک تاقی بکاتەوە بەناوی “دەستنەبردن بۆ توندوتیژیی”؟ بەهەر حال ئامارەکان ئەو شتانە باس دەکەن کە بە پێچەوانەی ئارەزووکانی ئێمەن. کاتێ ئەم بزاڤە بەرەو توندووتیژی رۆیشت، دیمان کە هەژماری بەشداربووان جار لەگەڵ جار کەم و کەمتر دەبۆوە. لێرەدا هەر ماشینی سەرکوتی رێژیم مەترەح نییە، بەڵکە خەڵکی ئێران نایەوێ بچێتە نێو پرۆژەیەک کە پێشتر تاقی کردبۆوە، پرۆژەی ئینقلاب.

داهاتووی ئێران چی و کێ دیاری دەکا؟ پرسێکی دیکەیە. بەڵام ئەوەی تا ئێستا خۆی دەرخستووە نموودی رەوتێکە کە دەرککردن و پاراستنی بۆ هەموولایەک گرنگە. بە بۆچوونی من فەزای دێمۆکراتیک وابەستە بە وەها نەفەسێکی درێژە.

سپاس
هیوام سەرکەوتنتە سۆران گیان!

رزگار ئەمین نژاد
٢١/٧/٢٠١٢

سەرچاوەی وتووێژەکانی سۆران عەلیپووور:

بەشی یەکەمی دیمانەکە

بەشی دووهەمی دیمانەکە

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: