رۆشنبیریی دیاردەیەکی مێژووییە!


 

لەگەڵ گەڕانەوەی (پێرەمێرد) لە ئەستەنبوڵەوە، بنەمای ڕەوتێکی ڕۆشەنگەری لە شەقامی کوردیدا چێ دەبێت. هاندانی گەل بۆ دەرچوون لە خورافە و نەزانپەرستی بەشێک بووە لە پڕۆژەی کاری ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە کە تەنانەت لە شیعری شاعیراندا ڕەنگی داوەتەوە و ڕەمزی ڕزگاری و بەختەوەری خەڵکیان لە پەنابردن بۆ عیلم و …

رۆشنبیریی دیاردەیەکی مێژووییە!

رزگار ئەمین نژاد

سازدانی دیمانە: شۆرش غەفووری

ـ رۆشنبیریی چییە؟ رۆشنبیری كوردیی تاچەند توانیویەتی لەو کاراکتێرانە بەهرەمەند بێت کە رۆشنبیرێک خاوەنیەتی و، بەگشتی رۆشنبیری کوردیی ده‌كه‌وێته‌ نێو كام خانه‌ی کۆمەڵایەتییەوە؟

رۆشنبیریی دیاردەیەکی مێژووییە. ئەو چەمک و دیاردانەی کە مێژوو بەرهەمی هێناون بە پێی زەمەن و بەپێی کۆنتێکستە مێژوویەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، ئەمە لەخۆیدا قاعیدەیەکی گشتییە. کەواتە بۆ تێگێشتن لە چەمکی رۆشنبیریی ناچارین ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت دیاردەی رۆشنبیری لە گۆشەنیگای خوێندنەوەیەکی مێژووییەوە شرۆڤە بەکەین. لێرەوە من هەوڵدەدەم دیاردەی رۆشنبیریی بەسەر سێ بەستێنی مێژوویی/مەعریفی دا پۆلین بکەم (با ئەم پۆلینکردنە وەک مۆدێلێک بۆ تێگێشتن لە چۆنایەتی سەرهەڵدانی دیاردەی رۆشنبیریی رەچاو بکەین، نەک وەک مۆدیلێکی تایپۆلۆژیک چوونکە دڵنیام روانگە و مۆدیلی جیاواز لەئارادایە). ئەم سێ بەستێنی مەعریفی/ مێژووییە دەشێ بەم چەشنە پۆلین بکەین:

١/ رۆشنبیریی  رۆشنگەرانە

1486056312_2037مێژووی دەکارکردن یاخۆ پێناسەکردنی رۆشنبیریی (Intellectualism)، بە بۆچوونێک، دەگەرێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەراست. وتەزای رۆشنبیریی لەم سەردەمەدا وەک “کاراکتێر” لەپێوەندی بە وشیاری یاخۆ ئاستی ژێریی (Intelligence) کەسانی نێو کۆمەڵگەدا پێناسەکراوە. پرسی رۆشنبیریش وەک زۆربەی دیاردە کۆمەڵایەتی/ مێژووییەکان لەخانەی هاودژی یاخۆ ململانێکردن لەگەڵ بنەما نۆرمییەکانی سەردەمی خۆیدا دێتە بەر باس و، ئەم هاودژییە لەخۆیدا پێویستی بە مێکانیزم و، لانیکەم چێکردنی دیسکۆرسێک هەیە بۆ سەرخستنی بنەما ئەخلاقی و نۆرمییەکانی خۆی. بەم پێیە دیسکۆرسی “وشیاری” وەک هەڵوێستەیەک لە ئاست “خورافە” دا دێتە ئاراوە کە گشت بنەماکانی دەسەڵاتی کەلیسە یان بە واتایەکی دیکە عەقڵییەتی “ئائین تەوەریی” دەخاتە خانەی گوومانەوە. لە ئۆرووپای سەدەکانی ناوەراستدا بەرەبەرە توێژێکی نوێ ئامادەبوونی خۆی لە گمە کۆمەڵایەتییەکاندا پیشان دەدات کە بە ناسنامەیەکی نوێی چینایەتییەوە و، لە رێگای خوێندنی باڵا لە ناوەندە ئاکادیمییەکان، شوێنگەی خۆی لەدەرەوەی خانەی چینایەتی ئەو سەردەمەدا (فێئۆدالیزم) دیاری دەکات. لەم میانەیەدا زانست و بنەما فکرییەکانی سەردەم وەک میکانیزمێک لە چۆنایەتی چێکردنی دیسکۆرسی وشیاریدا دەورێکی باڵای هەبووە. هەر لەم سەردەمەدایە کە خۆێندنەوەیەکی نوێ لەمەڕ هوونەرو نیگارکێشان، ئەدەب، موزیک، پەیکەرسازی، شانۆ و هتد دا دێتە ئاراوە کە لەئەنجامدا زەمینەی سەرهەڵدانی رۆمانتیزم و هومانیزم هەموار دەکات و ڕچەی بەرهەمەکانی مرۆڤ لە وەهمێکی ئاسمانییەوە بەرەو واقعێکی زەمینی رادەگوازرێتەوە کە سەرەتای گۆڕانێکی بنچیینەیی لە ئاراستەی بیرکردنەوەی مرۆڤدا پێکهێنا. بەڵام لەم میانەیەدا پرسی پێناسەکردنەوەی “گەل” گرینگترین بەرهەمی ئەم سەردەمەیە کە بەشێوەیەکی رێژەیی زەمینەی دەرچوون لە فیۆدالیزمی مێژوویی بەرەو بورژوازی هەموار دەکات. راڤەی “گەل” لەم سەردەمەدا، نەک هەر وەک رەهەندلێدانێکی مێژوویی بەرەو قۆناغی برۆژوازی گرینگی هەبووە، بەڵکە بەستێنێکی پراکتیکیشی بۆ تەعاموولی رۆشنبیر لەگەڵ کۆمەڵگەدا هەموار کرد.

٢/ رۆشنبیریی پراگماتیک

0009287 (1)لە سەدەی هەژدەهەمەوە ئێمە لەگەڵ گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە چەمکی رۆشنبیرییدا بەرەوروو دەبینەوە. لەم سەردەمەدایە کە چەمکی “رۆڵی رۆشنبیریی” جێگای “کاراکتێری رۆشنبیریی” دەگرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە لەژێر سریمەی پارادایمە ئایدیالۆژیەکانی مۆدێرنیتەدا بووە کە سەرەتا لە سەدەی هەژدەهەمدا و لە خانەی بزاڤی لیبێرالیستی، سێکولاریستی و هومانیزمیدا خۆی بینیوەتەوە و، دواتر لەسەدەی نۆزدەهەمدا ئەم ئاراستە ئایدیالۆژییە تووشی وەرچەرخانێکی مێژووی دەبێت و خۆی لە فۆرمی بزاڤی سوسیالیستیدا پێناسە دەکاتەوە و سەرئەنجام لە سەدەی بیستەمدا بەرەو بزاڤێکی دژی ئیمپریالیستی هەنگاو دەنێت (واتە رادیکال تر دەبێتەوە). فەلسەفەی هاتنەئارای چەمکی “رۆڵی رۆشنبیریی” پێوەندیی بە خوێندنەوەیەکی نوێ سەبارەت بە چەمکی “دادپەروەری” هەیە. وتەزای دادپەروەری لەم قۆناغە مێژووییەدا لە کۆنتێکستێکی ئادیالۆژیکەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و دەچێتە ژێر سریمەی دیسکۆرسی “یەکسانی”. ئەمە لەخۆیدا هەوڵدانێک بوو بۆ لادان لە بنەما فەلسەفییەکانی “مافی سروشتیی” و، نێزیک بوونەوە لە روانگەی فەلسەفی “مافی کۆمەڵایەتی” کە لەخۆیدا وەک پرەنسیبێک لە دیسکۆرسەکانی ئەو سەردەمەدا بەرجەستە بۆتەوە. لەلایەکی دیکەوە شۆرشی پیشەسازی و گەشەی ماشینیزم بەرادەیەک کارتێکەریی لەگۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە کە لەئەنجامدا ئەم باوەڕە بەلای وچەی مۆدیرنیتەدا بەهێز دەکرد کە ئەوانیش دەتوانن بە خێرایی هەموو شتێک بگۆڕن و، دواجار ئەنگیزەی “فیکسیزم” (واتە دانانی شتێک لە جێگای شتێکی دیکە) لەم وچەیەدا بەهێز دەکات. پەرەسەندی ماشینیزم و ستراتیژی کەڵەکەکردنی سەرمایە و لە ئەنجامدا پرسی چەوساندنەوە گۆڕانێکی بنچینەیی لە ستروکتوری کۆمەڵایەتی وڵاتانی خاوەن تەکنۆلۆژیادا پێکهێنابوو کە تا دەهات مەودای چینایەتی بەرینتر دەکردەوە. لە وەها دۆخێکدا ئاراستەی رۆشنگەری پێدەنێتە ئاستێکی دیکە، ئەگەر پرسی رۆشنگەری لە سەدەکانی نێوەراستدا ئاراستەیەکی دەرەکی هەبوو، ئەوا لەم سەردەمەدا ئاراستەیەکی دەروونی دەگرێتەبەر. بە واتایەکی دیکە هەوڵی رۆشنبیری سەدەکانی نێوەراست بە ئۆبژەکردنی دیاردەکان و سڕینەوەی خورافەگەرایی و راڤەکردنی واقعەکانی جیهانی دەوروبەری مرۆڤ بوو، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنەدا هەوڵەکان بۆ بەسەبژەکردنی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانە، واتە چێکردنی دەرکێکی واقعگەرایانە لەمەڕ وشیاری چینایەتی، تیۆریزەکردن و شرۆڤەکردنی میکانیزمەکانی تیۆری دەسەڵات، بەرجەستەکردنەوەی کانسێپتی یاسایی مافی یەکسانی ئەندامانی کۆمەڵگە، پرسی چەوساندنەوە و هتد. لەوەها دۆخێکدا ئەرکی رۆشنبیر نەک هەر لە بەئاگاکردنەوەی کۆمەڵدا دەردەکەوێ، بەڵکە لە رێبەریکردنی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گرنگی بە ئامادەبوونی رۆشنبیران دراوە کە وەک نوخبەی پراگماتیک جێگا و رۆڵی خۆی پاراستووە. بە پێی رۆڵی مێژوویی رۆشنبیران و هەروەها سروشتی خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی دادپەروەری و یەکسانی، دۆخێکی لە ئاشتی نەهاتوو لە نێوان رۆشنبیر و دەسەڵاتدا هاتە ئاراوە کە ئینقلابی گەورە، راپەرینی جەماوەری و سەرکوتی خوێناوی لێکەوتەوە. ئەم دۆخە بەمە کۆتایی نەهات، بەڵکە دوو شەڕی مالوێرانکەری وەک شەری یەکەم و دووهەمی جیهانیش لە ژێر سریمە و کاریگەرییەکانی وەها ناکۆکییەکدا بوو.

٣/ رۆشنبیریی رێفۆرمیست

IATSE-363-Labor-Muralسەدەی بیستەم لە زاکیرەی مێژوودا سەدەیەکی پڕ لە رووداو و کارەسات بوو کە لە زۆر شوێندا وەک سەدەی خەونەکان، توندووتیژی، ئەفسانە، هیواکان و خورافەی ئایدیالۆژییەکان ناوی دەبەن. جیهان لەم سەدەیەدا دوو شەڕی ماڵوێرانکەر تێپەڕدەکات و لە نیوەکانی سەدەدا شمشێری دامۆکلێسی شەڕی ساردیش هەڕەشەی لە ئاسایش و سەقامگرتوویی جیهان دەکرد. راپەڕینی قوتابیان لە دەیەی شەستی زاینیییدا زەمینەخۆشکەری ئافراندنی پارادایمێکی نوێ لە شێوەی تەعاموولی کۆمەڵایەتیدا بوو و، جیهانی خستە بەردەم هەڵبژاردنێکی مێژوویی. سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان یا دەبوو گۆڕانێکی بنچینەیی تێدا بکرێت کە مەجالی تەعامولی نێوان سوسیالیزم و دێمۆکراسی فەراهەم بکات، یان ئەوەتا لەگەڵ بێهیوایی و ناسەقامگرتووییەدا بژیت. رەوتی رەخنەگرانەی ئەو سەردەمە لە چۆنایەتی هاتنەئارای ئەم پارادایمە نوێیەدا دەورێکی کارای هەبووە کە زەمینەی ئاوڕدانەوەیەکی مێژوویی لەمەڕ رەخنە فەراهەم کرد و دواتر وەک مەکتەبی فرانکفۆرد، فەلسەفەی ئیگزیستانسیالیزمی، فرۆیدیزم، گلۆبالیزم، کولتوررێئالیزمە و هتد دا ناویان دەرکرد. کاپیتالیزم لەژێر تیشکی مەنتیقی ئەم بزاڤە بەربڵاوە کۆمەڵایەتیانەدا بەرەو دۆزینەوەی رێکارێکی عەمەلی بۆ گۆڕان لەسیستەمی بەرهەمهێناندا هەنگاوی هەڵهێنایەوە (لەباری نەرمئامێری و سەختئامێریدا)، چەمکی دەوڵەت لەم سەردەمەدا لیبەراڵانەتر و دێمۆکراتیکتر دەبێتەوە. وەک بڵەی ئەم پارادایمە سەرەتای دۆزینەوەی زەمینەیەکی گونجاو بوو بۆ چێکردنی دیالۆگی نێوان رۆشنبیر و دەسەڵات. ئێستا ئیدی رۆشنبیر لەترسی پۆلیس خۆی لە ژێرزەمینی ماڵەکاندا ناشارێتەوە، وەک لێنین مستەکانی گرێ نادات و خەڵکی نێو شەقامی گشتیی بۆ ئینقلاب دنەنادات و وەک چە گیڤارا چەک لەشان ناکات و رێگای شاخ و لێرەوارەکان ناگرێتە بەر، بەڵکە رۆشنبیر شوێنگەی خۆی لە دامەزراوەکاندا دەبینێتەوە و لەوێرا قورسایی خۆی لە پرۆژە چاکسازییەکاندا پیشان دەدات. ئەم دۆخەی کە باسم لێکرد، لە ژێر سریمەی سێ فاکتەری گرینگدا چێبووە کە بریتین لە: دێمۆکراتیزەکردنی دەسەڵات، بەستێنسازی رەخنە و مافی شارومەندی (یەکسانی لە مافی سیڤیلی، سیاسی و ئابووری دا).

64
تۆفیق مەحموود هەمزە (پیرە مێرد) ١٨٦٧- ١٩٥٠

رۆشنبیریی کوردیش ئەگەر لەباری زەمەنییەوە لەگەڵ ئەم رەوتە مێژووییانە هاوتریب نەبووبێت، بەڵام لەباری چۆنایەتییەوە کەوتۆتە ژێر سریمەی سروشتی کاملبوونی رەوتی رۆشنبیریی. بۆ نموونە لەگەڵ گەڕانەوەی پێرەمێرد لە ئەستەنبووڵەوە، بنەمای رەوتێکی رەوشەنگەری لە شەقامی کوردیدا چێدەبێت. هاندانی گەل بۆ دەرچوون لە خورافە و نەزانپەرستی بەشێک بووە لە پرۆژەی کاری رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە کە تەنانەت لە شێعری شاعیرانی ئەو سەردەمەدا رەنگی داوەتەوە و رەمزی رزگاری و بەختەوەری خەڵکیان لە پەنابردن بۆ عیلم و سەنعەت و خۆپێگەیاندا بەرجەستە کردۆتەوە. دواتر وچەی رۆشنبیری پراگماتیک بە چەپ و نەتەوەییەوە دەبێتە پێشرەوی خەبات بۆ رزگاری و بەختەوەری و تەنانەت پەنا بۆ شاخ دەبات و دەبێت بە بەشێک لە مێژووی خەباتی خوێناوی بۆ دابین کردنی ژیانێکی بەختیارانەتر. بەڵام تا قۆناغی سێهەم مەودایەکی دوور هەست پێدەکرێت کە هۆکارەکانی دەگەرێتەوە بۆ ئەو سێ فاکتەرەی کە پێشتر باسم لێکرد.

ـ كه‌لتوورسازی چه‌نده‌ په‌یوه‌ندی به‌و ستراكتۆره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نوخبه‌ ئیشی تێدا ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه‌ نوخبه‌ یا بژارده‌ی نێو فه‌رهه‌نگی كوردی چه‌نده‌ له‌ ئاست كه‌لتوورسازیدا ده‌ستیان ده‌بێت هه‌بێت بە لەبەرچاو گرتنی‌ ستراكتۆری كوردی کە زۆر ستراكتۆرێكی رۆژئاواییانه‌ نییه‌، چونكه‌ بژارده‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ خۆیان جێگه‌ی تێڕامانن و له‌ هه‌ناوی كوردییه‌وه‌ دروست نه‌بوون؟

سەرەتا حەز دەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە من لەگەڵ ئەم چەشنە خوێندنەوەیە نیم کە پرسی گەشەی کۆمەڵایەتی و ستروکتوور لوکاڵی دەبینن. ئەم شتانە بابەتێکی مرۆڤایەتین، دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و پرۆسەی گەشەکردن رەنگە لەباری جوگرافییەوە لە ناوچە جیاوازەکانەوە سەری هەڵدابێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بەس کەڵکەڵەی تاکەکانی ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی بێت، بەڵکە ئەم بابەتانە بە گشتی کەڵکەڵەی مرۆڤایەتییە و تەنانەت لەباری سایکۆلۆژییەوە بەشێکە لە تایبەتمەندییە مەنتاڵییەکانی مرۆڤ کە بەردەوام لە تێکۆشاندا بووە بۆ دابینکردنی بەختەوەری. پرسی ستروکتووریش کە دواتر زیاتر ئاماژەی پێدەدەم، لە باری دیاردەشووناسییەوە پێرەوی لە رێسا و کۆمەڵێ فاکتی هاوچەشن دەکات کە حاڵەتێکی هەمەگیری هەیە ، بەڵام لەباری تایپۆلۆژیکەوەیە ئێمە بە  ئەنجامی جیاواز دەگەین.

پرسی کولتوورسازیش کە لە پرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێداوە، لە ئاستی میکرۆ یاخۆ تاکەکانی کۆمەڵدا چێدەبێت و بەسراوە بە چۆنایەتی نەفسی پێوەندیگرتنی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، چوونکە کولتوور لەبنەرەتدا یەکێکە لە بەرچاوترین تایبەتمەندیی و هەروەها گرنگترین میکانیزم بۆ چێکردنی پێوەندیی نێوان مرۆڤ. بۆ نموونە من و تۆ دادەنیشین و لەسەر پرسێکی تایبەت وتووێژ دەکەین، لە راستیدا بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە خەریکین کولتوورێک ساز دەکەین. تەعامولی رەفتاری و زمانی نێوان من و تۆ لەم دیمانەیەدا پێناسەیەکی گشتییە بۆ دیاریکردن و پێناسەکردنی نۆرم و بەهاکانی ئەم کولتوورە. بەڵام ئەم نموونە رەفتارییەی کە باسمان کرد زۆر بە زەحمەت لە کۆمەڵگەدا جێدەکەوێت، چوونکە کۆمەڵگە پێرەوی لە ئاستێکی مایکرۆ یاخۆ کۆمەڵ دەکات کە ئەویش میکانیزم و سازوکاری تایبەتی گەرەکە بۆ کولتوورسازی. کەواتە بۆ دۆزینەوەی لینکێکی مەنتیقیی لەنێوان “ستروکتور” و “کردەوەی کولتووری” دا پێویستە کەڵک لە وتەزای “لێکدانی کولتووریی” (Acculturation) وەرگرین. لێکدانی کولتووریی بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە بەرەورووبوونەوەی کولتورە جیاوازەکان، ئەمە لەخۆیدا هێمای پۆلۆرالیزمی کولتووری دەگەیەنێت. کۆمەڵگە بە پێی سروشتی خۆی لەباری کولتوورییەوە یەکدەست نییە بەڵکە لە چەندین کولتوور پێکهاتووە کە یەکیان کولتووری فەرمییە و ئەوانەی دی وردەکولتوورەکانن کە ئولگووی رەفتاریی و ناسنامەی تایبەتیی گروپییان هەیە و بە پێی زەمەن کاردانەوەیان لەسەر یەکدی دەبێت.

لە پێوەندی بە ستروکتوور ناچارین سەرنج بە دوو روانگەی جیاواز سەبارەت بەم تیۆرە بدەین کە یەکەمیان روانگەیەکی میکانیکییە و ئەوەی دیکەیان روانگەیەکی ئیرادەگەرایانەیە. روانگەی میکانیکی لەمەڕ سترووکتوور کە خۆی لە مەکتەبی ستروکتوورالیزم و دواتر فۆنکشیۆنالیزم دا دەبینێتەوە، قاعیدەیەکی گشتی (ئابستراک) بۆ پێوەندی و کارتێکەری ئەکتەر و ستروکتوور رەچاو دەکات کە بەشێوەیەکی گشتی مارکسیزمیش بەشێکە لەم ترادیشۆنە. ئەم روانگەیە مامڵەی کۆمەڵایەتی مرۆڤ لە بەستێنی ستروکتووری کۆمەڵایەتیدا راڤەدەکات و، پێی وایە کە بۆ شرۆڤەکردنی ماملە کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە دەبێ سەرنج بە فاکتی ستروکتووری کۆمەڵایەتی (دۆخێکی دیاریکراو) بدرێت کە بە پێچەوانەی مێتۆدۆلۆژیک ئیندیڤیدوالیز و ئیرادەگەراییە.

Giddens
ئانتۆنی گیدێنز

ستروکتووری کۆمەڵایەتی ئاماژەیەکە بە کۆمەڵێ رێسا و تایبەتمەندیی بنەمایی و سەقامگرتوو کە لە ماملە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤدا خۆی دەردەخات. کەواتە ئێمە لەهەمبەر وابەستەگییەکی دوولایەندا – نەک هاودژی – لە نێوان ماملەکانی مرۆڤ و ستروکتووری کۆمەڵایەتیدا راوەستاوین. ئانتۆنی گیدێنز لە کتێبی (The Constitution of society 1984) ئاماژە بەوە دەدات کە ستروکتورری کۆمەڵایەتی چوارچێوەیەکی دیایکراو نییە کە لەدەرەوەی ئێمە بوونی هەبێت و ئێمە دەچینە ناویەوە، بەڵکە کۆمەڵێ نۆرم و یاسایە کە بەدەستی مرۆڤ بەرهەمهاتووە و لە رێگای ماملە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤەوە دیسان بەرهەم دێتەوە (Reproduce). بۆ نموونە ئێمە ناتوانین گمەیەکی تۆپانە بهێنینە بەرچاو ئەگەر یاریزانەکانی بە پێی یاسا و ستروکتووری یارییەکە رۆڵی خۆیان دیاری نەکەن و ماملەئاسا پێکەوە گمە نەکەن. لە هەمان حالدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمە خودی مرۆڤە کە بە گشتی داهێنەری تەکنیکی گمەکەیە، کەواتە خودی خۆی دەزانێ چۆن رێسا و یاساکانی گمەکە رەچاو بکات و کاریان تێدا بکات. لێرەوە ئێمە لەگەڵ وتەزای “دوالیزمی ستروکتوور” بەرەوروو دەبینەوە کە گیدێنز ئاماژەی پێداوە، واتە ستروکتوور لە خۆیدا هەم ژێهاتەکان (مەجالەکان، ئیمکانەکان) و هەمیش بەربەستەکانی گمەکە دەخاتە بەردەم ئەکتەری کۆمەڵایەتییەوە. ئەکەتەری کۆمەڵیەتی لەم گۆشەنیگایەوە بەرهەمی ستروکتوورە و لەهەمان حاڵیشدا بەرهەم هێنەری ستروکتووریشە، واتە لەرێگای رۆڵی کۆمەڵایەتی و ماملەکانییەوە ئەم پێوەندییە چێدەکات کە لە ئەنجامدا ئیمکانی گەشەسەندوویی ستروکتوور هەموار دەکات. با بچینەوە سەر نموونەی گمەی فوتباڵ کە گیدێنز ئاماژەی پێداوە؛ گشت ئەو کەسانەی کە لە یارییەکەدا بەشدارن رۆڵی خۆیان هەیە. لە گۆڵچییەوە تا ئەو کەسانەی کە لە نووکی هەڵمەتبردندان هەموویان شارەزای یاسای گشتی گمەکەن و ئامانجی سەرەکی گمەکەش دەناسن. هەرکام لەم یاریزانانە لە شوێنگەی خۆیانەوە و بەپێی ئەو ستروکتوورەی بۆی دیاریکراوە لە گمەکەدا بەشداری دەکەن و هەوڵدەدەن سەرکەوتن لە گمەکەیاندا بەدەست بێنن. لە میانەی یارییەکەدا گۆڕان لە بەشێک لەم ستروکتوورەدا پێکدێت، بۆ نموونە یەکێک لە یاریزانەکان لە هاڤباگەوە دەچێتە نووکی هەڵمەتبردن و لە مسۆگەرکردنی گۆڵێکی سەرکەوتوودا رۆڵێکی باش دەبینێت، ئەمە وەک نموونەیەک لە چۆنیەتی فۆنکشیۆنالیستی گۆڕان لە “وردەسیستەمی” یارییەکەدا دەکرێ رەچاو بکەین. لەلایەکی دیکەوە لە بەردەوامی کارکردن بە یاساکانی گمەکە هەستدەکەین بە پێی زەمەن گۆڕان لە یاساکانی گمەی فوتباڵیشدا هاتۆتە ئاراوە کە لەخۆیدا دەکرێ وەک گۆڕانێکی بنچینەیی لەسیستەمی ستروکتووردا سەیر بکرێت، بەڵام راڤەیەکی گشتی سەبارەت بە “ستروکتووری گمە” هەر لە جێی خۆیدایە.

بە پێی ئەو نموونەیەی کە لەسەرێدا هاتە بەرباس دەبینین خودی رۆشنبیریش بەشیکە لە گمەی سیاسی/ کۆمەڵایەتی. رۆشنبیر دەبێ یاسا و قاعیدەی گمەکە بناسێ (وشیاری)، شوێنگەی خۆی لە گمەکەدا دیاری باکات (پۆزیشێن) و لە نجامدا هەنگاو بەرەو گەشەی گمەکە هەڵێنێتەوە (پراکتیک). هەر لەم پێوەندییەدا رێگەم بدە ئاماژە بە دوو فاکتی گرینگ بدەم کە وەک میکانیزمی گۆران لە پارادایمی کۆمەڵایەتیدا دێنە ئەژمار و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی گۆڕان لە ستروکتووردا، ئەم دوو فاکتە گرینگە بریتین لە رۆڵی پەروەردە و میدیا لە چۆنایەتی گەشەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی. ئەم دوو فاکتە لەراستیدا ئەو بەستێنانەن کە پێویستە رۆشنبیر رۆڵی خۆی تێدا ببینێتەوە.

ـ سه‌رمایه‌ی كه‌لتووری كه‌ جه‌نابتان له‌ وتارێكتاندا ئاماژه‌تان پێ كردووه‌، چه‌ندی به‌ر بژارده‌ ده‌كه‌وێت و چه‌ندی به‌ر عه‌وام ده‌كه‌وێت؟ ئایا ئه‌وه‌ هه‌ردوو لایه‌نی بژارده‌ و خه‌ڵكی ساده‌یه‌ كه‌ خودی سه‌رمایه‌ی كه‌لتووری كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات یا نا ته‌نیا بژارده‌كانن كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن؟ بە واتایەکی دی رۆشنبیر تاچەند لە دیاریکردنی سەرمایەی کولتووریدا دەتوانێ دەوری هەبێت؟

pierre-bourdieu
پییەر بۆردیۆ (١٩٣٠-٢٠٠٢)

سەرمایەی کولتووری یەکێکە لە تیۆرەکانی پییەر بوردیۆ (١٩٨٤) کە وەک نموونەیەکی تایپۆلۆژی بۆ خوێندنەوەی دابەشبوونی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا دەکاری هێناوە کە لەشێوەی هێژمۆنیای سیستەمە هیراریشییەکاندا خۆیان پیشان دەدەن. ئەم تیۆرە خوێندنەوەیەکی نوێ دەدابەدەستەوە لەمەڕ روانگه‌ی ترادیشۆنی مارکسیسزم که‌ بنه‌مای هاودژی چینایەتی بەپێی فاکتەری ئابووری پیناسه‌ ده‌کرد. جیاوازی چینایه‌تی به‌لای بوردیۆ خۆی لە سێ فاکتی گرینگدا دەبینێتەوە کە بریتین لە؛ سه‌رمایه‌ی ئابوری، سه‌رمایه‌ی کولتووری و سه‌رمایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی. کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می نوێ بەپێی بۆچوونی بوردیۆ، هه‌ڵگری شووناسێکی فره‌کولتورییه‌ کە لەئەنجامدا دەورێکی گرینگی لە دەرککردنی فۆرمی پۆلۆرالیستی کۆمەڵگادا هەیە و، لەلایەکی دیکەوە هاودژی و ناکۆکییەکان ئەمرۆ لە ئاستێکی کولتووریدا زۆرتر خۆیان دەردەخەن. ئاستی چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی لە نێو گرووپەکانی کۆمەڵگەدا وه‌کوو لایەنێکی گرنگی ستاتووسی ئه‌م گرووپانه‌ دێنه‌ ئه‌ژمار که‌ بوردیۆ له‌ خانه‌ی “مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی” دا پێناسه‌یان ده‌کات. ئه‌وه‌ی که‌ جێی سه‌رنجه‌، هەبوونی هاودژی چینایه‌تی لەنێو‌ “مه‌یدانی کۆمه‌ڵایه‌تی” دایە کە نەک هەر تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌ده‌ست نەداوە، بەڵکە له‌ چه‌مک و گووزاره‌کانیدا گشتییتر بۆتەوە. ئه‌م هاودژییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێناسه‌ ترادیشۆنییه‌که‌ی ماتریالیزمی مێژووییه‌ (واته‌ دابه‌ش کردنی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چینی باڵاده‌ست، مامناوه‌ندی و ژێرده‌ست)، چوونکە مه‌یدانی ئه‌م هاودژیانه‌ بە شێوەیەکی ئاسۆیی خۆی له‌ تیۆری “سه‌رمایه‌” دا وەک فاکتێکی گشتی ده‌بینێته‌وه‌. سه‌رمایه‌ لەم گۆشەنیگایەوە، وەک دیاردەی دەسەڵات، پێوەندی بە چۆنایەتی دابەشبوونی لە کۆمەڵگادا هەیە. چەمکی سەرمایە لە روانگەی بوردیۆیەوە هەر لایەنی ماتریاڵیی سەرمایە ناگرێتەوە، بەڵکە خۆی لە کۆمەڵێ فاکتی رەفتاری/ کولتووریشدا دەبینێتەوە کە شوێنگە و ستاتووسی تاک و گرووپەکان لە کۆمەڵگادا دیاری دەکەن. بەم چەشنە سەرمایە بریتییە لە گشت دەرفەت و چالاکییە کۆمەڵایەتیانی مرۆڤ کە لە ماملە کۆمەڵایەتییەکانیدا سەرنجی پێدەدرێت. چۆنیەتی دەستراگەیشتن بەم سەرمایانەش لە ژێر سریمەی دۆخی نایەکسانی، ئینتیمای قازانجخوازانە و هێژمۆنیای کولتووری دایە. کەواتە فۆرمی سەرمایە و چەمکی سەرمایە هەر پێوەندی بە فۆرمی ماتریالەوە نییە، بەڵکە پێوەندی بە سیمبۆلە مەعریفییەکان و دۆخی کۆمەڵایەتیی تاکەکانیشەوە هەیە. بۆ نموونه‌ سه‌رمایه‌ی کولتوری که‌ به‌شیکی گرینگه‌ له‌ نێو تیۆری بۆردیۆ دا، یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ گرینگه‌کانی سه‌رمایه‌ی تاک که‌ له‌خۆیدا بڕشت و دەسەڵاتی تاک له‌ خانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییدا دیاری ده‌کات.

گرووپه‌ جیاوازه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگە، هه‌رکام خاوه‌نی قه‌باره‌یه‌کی جیاوازی ئابوری و کولتورین. سه‌رمایه‌ی ئابوری وه‌ک له‌ ناوه‌که‌ی ڕا دەردەکەوێ، پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ماتریال، واته‌ سامان، مڵکداری و تواناییه‌ بوسنیزییه‌کانی به‌شێکی بژاردەی نێو کۆمه‌ڵگە. سه‌رمایه‌ی کولتوری به‌رهه‌می میراتێکی ره‌فتارییه‌ که‌ تاک له‌ ماوه‌ی باڵغبوونی و له‌ رێگای په‌روه‌رده‌ و (خوێندکاری) راهێناندا به‌ده‌ستی دێنێت. که‌ڵه‌که‌ بوونی سه‌رچاوه‌ مه‌عریفه‌ییه‌کان بەلای ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی چێبوونی بڕشت و رێز و دەسەلاتێکی مەعنەوی لە کۆمەڵگەدا، بۆ نموونه؛ زانست، زمان، نۆرم، که‌سایه‌تی به‌رز و کرداری باش. سه‌رمایه‌ی کولتوریی خۆی له‌ سێ فۆرمی جیاوازدا ده‌رده‌خات‌: یەکەم‌ فۆرمی بابەتیکراوە و مه‌به‌ست له‌ ئاستی رۆشنبیریی توێژێکی تایبه‌تی نێو کۆمه‌ڵگایه‌ کە خەڵک بە چاوی رێزەوە سەیری رۆڵ و ئاستی رۆشنبیرانەیان دەکات رێز لە کەساتەتییان دەگرن و، لە ئەنجامدا دەسەڵات و هێزێکی مەعنەوی شیاویان پێدەبەخشێ. دووهەم فۆرمی دیاریکراوە و پێوه‌ندی هه‌یه‌ بە ستایلی ژیان و سێهەم فۆرمی نیهادینه‌کراوە کە بەپێی کۆمپێتانس و تواناییەکانی تاک لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکرێن و‌ پیوه‌ندیی ‌ به‌ قۆناغه‌کانی چالاکی تاک له‌ مه‌جالی پسپۆریدا هەیە (پزیشک، ئه‌ندازیار، کارمه‌ند و…).

بە پێی ئەو شرۆڤەیەی کە لەسەرێدا هاتە بەر باس، پرسی شوێنگەی بژاردە و عەوام لە چۆنایەتی دیاری کردنی سەرمایەی کولتووریدا بە پێی قەبارەی سەرمایەی ئەم گروپانە (کولتووری و ئابووری) دیاری دەکرێت. کەواتە پرسی سەرمایە لە خۆیدا دەلالەتێکی ستروکتوورالیستی هەیە و کەمتر لە پێوەندی ئیرادەگەرایانەدا گشتیی دەکرێتەوە. تاک (چ بژاردە بێ و چ عەوام) ده‌توانێ لەباری ئۆبژه‌کتیڤییەوە له‌ چینێکی دیاریکراودا جێگای خۆی بکاته‌وه‌، به‌ڵام له‌باری سه‌بژه‌کتیڤییه‌وه‌ ئه‌م مه‌جاله‌ زۆر لاوازه‌. باری ئه‌بژه‌کتیڤ پێوه‌ندیی به‌ پابەندبوونی تاک به‌و پێگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وە هەیە که‌ خۆی تێدا رێکده‌خات. باری سه‌بژه‌کتیڤ پێوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ راهات (گرایش)، ئامانج و کولتوری تاکەکانی نێو کۆمەڵ. تاک ده‌بێ له‌ هه‌مان حاڵدا که‌ وه‌ک ئۆبژه‌ خۆی له‌ مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا جێده‌کاته‌وه‌، ده‌بێ له‌ هه‌مان حاڵدا له‌ باری کولتوری و راهات و ئامانجه‌وە زەمینەکانی ئه‌م جێگۆرکێیه‌ فه‌راهه‌م بکات.

١٥/٢/٢٠١٢

سەرچاوە: رۆژنامەی هەولێر

http://www.calameo.com/read/0000847939e3b7b333539

http://hawler.in/news27182-8.htm

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: