شار لای کاکە برا شوێنی ژیان بوو و ژیانیش خەباتێکی بەردەوام بوو بۆ وەدیهێنانی دۆخێکی باشتر. دەیگووت دەرگاکان هەموویان بە داخراوەیی نامێننەوە، سروشتی رۆژگار بەچەشنێکە کە یەک بەیەکان دەکاتەوە. ئەو لەم گۆشەگیرییەدا بەردەوام بوو لەکاری نووسین دا، میوانەکان پۆل پۆل خۆیان بە ماڵەکەیدا دەکرد، هێندێکیش هەبوون کە چارەیان نەدەویست و ئەو ئەمەشی پێ نیعمەتێکی گەورە بوو چونکە بەم کارەیان پێت دەڵێن کە تۆ لێرە ماوی و لەژیانکردندا بەردەوامی.
گۆشەگیریی مەدەنی
لەپەراوێزی مەرگی برایم یونسی دا
پاییزی ساڵی ١٣٧١، چەند مانگ بەدوای ئازادبوونم لە زیندان، هەستم بە مەترسی گیرانێکی دیکە کردەوە. ناچار بەرەو شاری تاران کەوتمە رێ، بەڵکوو بۆ ماوەیەک لەبەرچاوان بزر بم تا بزانین دنیا چی لێدێتەوە. یەکێک لە خۆشەویستانم کە بەداخەوە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، لەو رۆژە سەختانەدا داڵدەی دام. قەرەباڵغی و غووربەتی شاری تاران و، بەتایبەت کاریگەری ئەم رووداوە کە نەیهێشت ماندوویی چەند ساڵەی زیندانم بە هەڵمژینی شنەی ئازادی بحەسێنمەوە، هێدی هێدی بەرەو گۆشەگیرییەکی رۆشنبیرییانە و خەمۆکییەکی گرانی دەبردم. لەبن کتێبخانەی ماڵی خانەخوێیەکەم دادەنیشتم و بەتاڵاییەکانی ژیانی خۆم بە خوێندنەوە پڕ دەکردنەوە. یەکێ لەو رۆژانەی کە بە خوێندنەوەی کتێبی “به دور از مردم شوریده – لە نووسینی تامس هاردی و وەرگێڕانی برایم یونسی” خەریک بووم، خانەخوێیەکەم پرسیاری کرد: حەزدەکەی سەردانێکی کاکە “برا” بکەین؟ زۆربەی بانەییەکان بە دوکتور ئیبراهیمی یۆنسی-یان دەگووت: “برایم خان” یا ئەوانەی کەمێ سەمیمیتر بوون دەیانگوت: “کاکە برا”.
ئەی بۆ نا؟ دیداری کەسێک کە بەشێ لە بەرهەمەکانیم خوێندبوونەوە، حەتمەن زۆر خۆش دەبوو. خانەخوێیەکەم چوو بۆ ژوورەکەی دیکە و تەلەفۆنی بۆ کاکە برا کرد: ” تازە لە زیندان ئازاد بووە… شێعر دەنووسێ… کوڕی فڵانەکەسە… هەڵاتووە… ماڵەکەیان پشکنیوە… دەفتەرێکی شێعر و کارێکی نیوەچڵی وەرگێڕانیان لێگرتووە… رۆمانی “ئاوای وەحش”ی جەک لەندەن… بەڵێ کوڕێکی… بەسەرچاو… سبەی دێینە خزمەتتان”. بۆ ئەوکەسانەی کە تازە پێدەگەن رەنگە سەردانی کەسانی بەناو بانگ بەلایانەوە زۆر خۆش بێت، بەڵام من کەمێ دڕدوونگ بووم. حەزم بە هێندێ تەشریفات نەدەهات و ئیستاشی لەگەڵدا بێت هەر کەیفم پێنایەت. بەتایبەت نەریتی فەخرفرۆشتن و خۆبەزلگرتنی بەشێک لە نوخبەی ئەو سەردەمە ئازاری دەدام، خۆیان وا دەنواند ئەمە ئەوانن خەریکە کارێک دەکەن، هیچیشی لەگەڵ نەدەکرا. بەکەمگرتنی خەڵکی ئاسایی بەداخەوە ببوو بە بەشێک لە کولتووری توێژی نوخبە. رەگەکانی ئەم کولتوورە چ بوون و چین، بابەتێکی دیکەیە کە لە قەرەی ئەم دەقە نایەن، بەڵام من بەنۆرەی خۆم چاوپۆشیم لە جەستەی کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە دەکرد و هەر لە رێگای دەقەکانیانەوە پێوەندیم پێوە دەکردن.
رۆژی دواتر خۆمان بۆ ئەم دیدارە ئامادە کرد، قەرارمان سەعات ٤ی ئێوارێ بوو. بەنێو قەرەباڵغی و هاڕەهاڕی دەنگی ماشین و تەننوورەی دووکەڵی تاران دا تێپەڕین و لە کۆڵانێکی تەنگەبەر ماشینەکەمان راگرت. لە زەنگی دەرگامان دا، دەرگا کرایەوە، بە پلیکانەکاندا هەڵگەڕاین و لەبەر دەم ئاپارتمانەکەیدا راوەستاین و بە ئارامی لە تەقەی دەرگامان دا. خانمێکی خوێنشیرین و رووخۆش درگاکەی بەسەردا کردینەوە. دایکم باسی فیداکاری، ئازار و میحنەتەکانی ئەم خانمە ئەرمەنییەی بۆ کردبووم. کەچی تەمی عومرێکی پڕ ئێش و حەسرەت هێشتا گەشایی چاوەکانی دانەپۆشیبوون. زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین و کوتی: “فەرموون، لەدیووی کارەکەی چاوەرێتان دەکات”. کە دەرگای ژوورەکەی بەسەردا کردینەوە، بەرلە خۆی تەننوورەی دووکەڵی سیگار بە پێشوازیمانەوە هات و، ئەوجا قەڵافەتی پیاوێکی بەهەیبەت کە لەسەر یەک لاق راوەستابوو لەپشت ئەو دووکەڵە دەرکەوت و بەدەنگێکی گڕ فەرمووی ژوورەکەی کردین.
کتێب، کتێب، کتێب، کتێب و کتێب. مەملەکەتی وشە و دەق و کتێب. بەرلەوەی لەسەر یەکێ لە کورسییەکانی بەرامبەری دانیشم، دەستێکم گێڕا بۆ ئەوەی دڵنیا بم لەسەر کتێب دانەنیشتووم و هاواری وشە داوێنگیرم نابێت و کتێبێک ئازار نادەم. نیگای وردبین و تیژی ئەم پیاوە “بەڕووخۆرە”[1] شەرمێکی تێدا دروستکردم.
– سیگار دەکێشی؟
– بەڵی دانە دانە!
سیگارێکی “هووما”[2]ی لە پاکەتەکەی دەرهێنا و فەرمووی کردم. کوتم نا، سپاس. وتی شێعرێکم بۆ بخوێنەوە. وتم لە زیندانی ئیتلاعات خەریکن دەیخوێننەوە. زەردەخەنەیەک لە روخساری نیشت. کوتی لە کودیتاکەی ٢٨ ی گەلاوێژ لەگەڵ باپیرت زیندانی بووم، دواتر بۆ ماوەیەک لەگەڵ باوکت لە زیندان بووین، پیری لەفریام کەوت دەنا رەنگە لەم دەورەیەشدا لە زیندان بە دیداری تۆش شاد بوومایە! بە پێکەنینەوە وتم “باز تولید نسل”. مژێکی قووڵی لە سیگارەکەی دا و وتی: نا، “باز تولید استیبداد!” کوتی قەرارە چەند میوانی دیکەیش بێن، عەلی ئەشرەفی دەرویشیان و چەند نووسەری خەڵکی کرمانشان. چاوەکانم بە بیستنی ناوی عەلی ئەشرەفی دەرویشیان تروسکەیان تێکەوت. کوتی شتەکانی دەرویشیانت خوێندوونەتەوە. کوتم بەڵی زۆربەیان. کوتی حەتمەن وایە، دەنا بۆ دەچووی بۆ زیندان!
میوانەکان هاتن و، هەموومان چووین بۆ ساڵۆنی پەزیرایی. ئەو رۆژانە هەموو کەسێک خەمێکی بوو، بەڵام نووسەر بوون چەند خەمی دیکەی دەخستە سەرجەستەی ئەم پیاوە بێ ئازارانە. باس باسی نامەی ئیعتیرازی سەبارەت بە رەوتی سانسۆر لە ئێراندا بوو کە ١٨٥ کەس لە نووسەران و هونەرمەندان ئیمزایان کردبوو، کاکە برا و میوانەکانیش ئیمزایان کردبوو. ئەم ئیمزایانە پیاوە نێوچاوان نوورانییەکانی هێندە دەهری کردبوو کە لەقەڵسان لە دەرگای هەر ١٣٤ ماڵەکانیان دابوو، داوایان لێکردبوون کە ئیمزاکانیان وەرگرنەوە. چەند کەس ئیمزاکانی خۆیان وەرگرتبۆوە، بەڵام ئەمان هەرچاوەرێی لەدەرگادانێکی دیکەیان دەکرد و دیار بوو کە قەراریش نییە ئیمزاکانیان وەرگرنەوە. دەرویشیان گلەیی لە محەمەدی قازی هەبوو کە بۆچی ئیمزای خۆی وەرگرتۆتەوە و لە روونکردنەوەیەکدا نووسیویەتی کە ئاگای لە نێوەرۆکی نامەی ئیعتەرازییەکە نەبووە. کاکە برا، بزەیەکی هاتێ و کوتی باوەڕی پێدەکەم. رەنگە کچێکی چاوجوان نامەکەی دابێ بەدەستی و ئەویش هەر چاوی لە چاوی برێوە و ئیمزای کردووە! هەموویان پێکەنین و منیش لە قوڵایی مانای ئەم جەفەنگەدا مابوومەوە. دەرویشیان کوتی میوانەکانمان پێ ناناسێنی؟ کاکە برا کوتی شاعیرە، ماڵیان تاڵان کردووە و بەدیار سفرەیەکی بەتاڵەوە دانیشتووە. دەرویشیان رووی تێکردم و وتی: لەدەرگای ماڵی کێت دابوو ئابرا؟ کوتم سیاسی نەبوون، بەرهەمی رۆژانی زیندان بوون. دەرویشیان کوتی: لە زیندان دەربازت کردن و لە ماڵی خۆتدا لێیان گرتی؟ کوتم لەدوای کەلوپەلی کەسێکی دیکە دەگەڕان، ئەوەی منیان بەردەستکەوت. میوانەکان هەستان و ئێمەیش هەستاین کە هاوکات ماڵئاوایی بکەین، کاکە برا کوتی ئێوە دانیشن، شام پێکەوە دەخۆین. دەرویشیان کوتی خوا نەیکرد لە بانە لەدایک بم. ئیدی لەدوای خۆی پێکەنینێکی بۆ جێ هێشتین. شام خورا و قسەیەکی زۆرمان کرد، بەشیکی زۆری بیرەوەری بانە بوو و هێندێکیش باسی بەرهەمەکانی بوون. شەو درەنگ ببوو، ئیزنمان لێ خواست و ماڵ ئاواییمان لێکرد. لە بەر درگا دەستی خستە سەر شانم و وتی: لێرە خۆت بە غەریب مەزانە، کەی پێتکرا وەرە. وە ئەم قسەیە پاساپۆرتی سەردانەکانی دیکەی من بوون.
جاری دووهەم لەگەڵ یەکێ لە ئاواڵەکانم سەردانیمان کرد و، سەردانی جاری سێهەم خۆمانەتر بوو، دۆستایەتی ئەم پیاوە مێهرەبانە بەرە بەرە هەیبەتی ئەفسەرییەکەی کەمتر دەکردەوە. میوانی زۆر دەهاتن و قسەی زۆر دەکران. رۆژانە چەند رۆژنامە بە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی بۆ دەهات، رۆژێک لاپەرەیەکی رۆژنامەی تایمزی لەندەنی پیشاندام. سەرم لە زمانەکەی دەرنەدەکرد و هەر سەیری وێنەی رێستۆرانێکم دەکرد کە لە بن سەرتیترەکەی بوو، دڵنیا بووم کە پێوەندی هەیە بە رووداوەکەی میکۆنوس. پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی بابەتەکە ، بۆی باس کردم کە رۆژنامەی تایمزی لەندەن چۆن باس لەم رووداوە دەکات. رۆژنامەکەی لەسەر مێزەکە دانا و، سیگارێکی داگیرساند. کوتی: “من نازانم ئەم هەمووە ریسکە لە پێناو چیدایە”. منیش نەمدەزانی، بەڵام هەستم دەکرد کە کاکە برا بەم رووداوە زۆر ئاڵۆز بووە. وتم: نرخی خەبات گرانە! کاکە برا کوتی: ئەوە نرخ نییە، تۆ نازانی تێداچوونی ئەم جۆرە کەسانە چ کاریگەرییەکی لەسەر چێبوونی “نەفرەتی نەتەوەیی” دەبێت. ئەگەر قازی محەمەد-یان لەدار نەدابا، رەنگە کارەساتەکانی ساڵانی دوای شۆرشی ١٣٥٧ بە ئاقارێکی دیکەدا برۆشتنایە”.
رەنگە وابێ، ئیحتیمالاتیش لە خۆیدا پێرەوی لە یاسایەک دەکەن. حەزم کرد ئەم دۆخە وەک دەرفەتێک بقۆزمەوە تا بەڵکە باسەکەمان بەرەو بیرەوەری ئەو سەردەمە ببەین کە ئەو سەرۆکی پارێزگای کوردستان بووە. کاتێ دەوڵەتی کاتیی بازرگان ئەم پێشنیارەی پێدەکەن، سەرەتا قبوڵی نەکردووە. بە گوتەی خۆی قاسملوو بە پێداگرییەوە داوای لێکردووە کە قبوڵی بکات، چوونکە نیگەران بووە لەوەی کەسێکی بێگانە بە کێشەی نەتەوەیی کورد ئەم بەرپرسیارەتییە وەربگرێت و لەلایەکی دیکەوە میانەرۆیی و کەسایەتی نەرم و نیانی کاکە برا هۆکارێکی دیکە بووە. ئەم بەرپرسیارەتییە سێ مانگی خایاند و ئەو دەستکشانەوەی خۆی رادەگەیەنێت. یەکێ لە گلەییەکانی خومەینی لە سیاسەتی بازرگان لەمەڕ کێشەی کوردستان، دیاریکردنی ئەم پیاوە کۆمۆنیستە بووە وەک سەرۆکی پارێزگای کوردستان. ئەم دەچیتەوە بۆ تاران و قەناعەت بە مووچەی خانەنشینییەکەی دەکات. بەڵام ئەمانە گشت ئەو شتانە نەبوون کە من تامەزرۆی بیستنیانم دەکرد. پێویست بوو کەمێ زیاتر هەلاجی ئەم بیرەوەرییە ئاڵۆزە بکرێت. زۆر زەحمەت بوو کە ئەم کۆنە ئەفسەرە وەقسە بێنی، بەتایبەت کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە زینداندا تێپەراندبوو. ناچار بووم بگەرێمەوە سەر قسەکانی پێشووی و لەوێڕا پرسیار بدۆزمەوە و بەم چەشنە روانگەی ئەو سەبارەت بەو رۆژانە ببیستم. سەرەنجام پرسیارەکان توانیان تا رادەیەک ئەو بورژێنن.
کۆمەڵێ شت دەیتوانی شیمانی شەری کوردستان کەم کاتەوە، شتەکان هەروا نەبوون کە خومەینی بە ئاسانی لەشکەر کێشی بکاتە سەر کوردستان. چەککردنی پادگان و پاسگاکان، مانۆڕی پێشمەرگە بەنێو شارەکان و بەتایبەت ناکۆکییە ئایدیالۆژییەکان وهەروەها کۆمەڵێ شتی دی. وتم ئەمکارە لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش کران! وتی پاساوی ئەوان بۆ پاڵپشتی ئینقلاب بوو، بەڵام کوردستان هەڵوێستی هەبوو. بە دوکتوور قاسملۆی کوتبوو ئەم منداڵانە چین دوای خۆت خستوون، لێگەڕێ با بچنەوە سەر کلاسی دەرسەکانیان. باسی تەلەگرافی ئاقای سەحابی کرد کە لە زمانی موهەندیس بازرگانەوە داوای لە دوکتوور قاسملۆ کردبوو بەر بە سازبوونی رەوتی توندئاژوێی بگرێت، سەحابی باسی لە نیگەرانی خۆی سەبارەت بە سازبوونی رەوتێکی هاوچەشن لە تارانیش کردبوو و، لە کۆتایی تەلەگرافەیەیدا کوتبووی: سێبەرێکی شووم خەون بەم ئاڵۆزییەوە دەبینێت، وەرن با نەیەڵین منداڵانی ئێران زەمین بەربنە گیانی یەکتر و مێژووی خۆێن بنووسنەوە. دوکتوور قاسملۆ لە نیگەرانی تەلەگرافەکەی بازرگان و سەحابی تێگێشتبوو، ئەم بابەتە ئەویشی نیگەران کردبوو چوونکە باش دەیزانی ئەگەر ئەم نەسلە نەتوانێ ئەم کێشەیە بە گفوگۆ چارەسەربکات، ئەوا چارەسەری گشت کێشەکانی دیکەش لە سەرکوتکردندا دەبینێتەوە. ئەم بابەتەی لە بەحسەکانی لەگەڵ دوکتوور قاسملودا دەرک پێکردبوو. کاکە برا وتی گەورەترین ئاستەنگی مێژوویی ئەوەیە کە خەڵک لەدەوری خۆت کۆ بکەیتەوە و دڵنیایان بکەی کە شتێکیان بۆ دەکەی، لەو حالەدا هەمووان چەپڵەت بۆ لێدەدەن و تۆش باوەڕ دەکەی کە بەراستی شتێکت لەدەست دێت. وتم بەراستی رێگایەکی دیکە هەبوو؟ وتم هەوڵیان دا لەرێگای دەنگوەرگرتنەوە بچن بۆ مەجلیس بەڵام… هاتە نێو قسەکانمە و وتی ئەمە بەڵگەی ئەوان بوو. تێنەگێشتم. وتی لەشەڕدا هیچ لایەنێک خۆی بە خەتابار نازانێ، بەڵام ئەو شتەی کە لایەنی خەتابار دیاری دەکات دادگا و قبووڵکردنی قاعیدەی داوەریکردنە. منیش بە نۆرەی خۆم پشتیوانیم لە داواکانی کورد دەکرد، داوایەکی رەوا بوو، بەڵام تۆ ناتوانی چاوپۆشی لە قاعیدەی گمەی سیاسی بکەی. هێڵێک بە دەوری خۆتدا دەکێشیت و دەلێیت ئەمە سنووری منە، لەو سنوورەوە هێزەکانت سەنگر دەگرن و ئەوجار هەوڵدەدەی بچیتە نێو مەجلیسیشەوە؟ وتم شتەکان هەر ئەوە نەبوون، باوەربکە حکومەت باوەڕی بە تەواویەتی کێشەکە نەبوو.وتی من دڵنیا بووم کە خومەینی باوەڕی بە هیچ نەبوو، بەڵام ئێمەش یارمەتیمان دا کە ئەو بێباوەرییەی خومەینی جێبکەوێ و خەڵک باوەڕ بە نیگەرانییەکانی بکەن و لەئەنجامدا پاڵپشتی لێبکەن.
وتم گەڕایتەوە بۆ تاران و بە بێدەنگی لەم بەحرەدا بزر بووی! وتی: “چار نەبوو، کە دنیایان لێ ئاڵۆزکردی باشترە لە گۆشەیەک کز دانیشی، بە ئارامی کار بکەیت و چاوەرێ بکەی دۆخەکە هێوڕ بێتەوە. من وەرگێڕم، نووسەرم، هەڵوێستەکانی ئەو سەردەمە لەگەڵ رۆحیەی من نەدەهاتنەوە. من تاقەتم نەبوو لەم خاکە هەڵکەندرێم. ژیان لە وڵاتی خۆتدا زۆر گرینگە”. زۆر دڵنیا نەبووم کە ئەو کەسانەی ئێستا لە خاک هەڵبڕاون تاچەند هەست بەم گرینگییە دەکەن. شار لای کاکە برا شوێنی ژیان بوو و ژیانیش خەباتێکی بەردەوام بوو بۆ وەدیهێنانی دۆخێکی باشتر. دەیگووت دەرگاکان هەموویان بە داخراوەیی نامێننەوە، سروشتی رۆژگار بەچەشنێکە کە یەک بەیەکان دەکاتەوە. ئەو لەم گۆشەگیرییەدا بەردەوام بوو لەکاری نووسین دا، میوانەکان پۆل پۆل خۆیان بە ماڵەکەیدا دەکرد، هێندێکیش هەبوون کە چارەیان نەدەویست و ئەو ئەمەشی پێ نیعمەتێکی گەورە بوو چونکە بەم کارەیان پێت دەڵێن کە تۆ لێرە ماوی و لەژیانکردندا بەردەوامی. کتێبەکانی لە چاپخانەکاندا تۆزیان لێدەنیشت و ئیزنی بڵاوکردنەوەیان پێنەدەرا، بەڵام ئەولە پرۆژەی نووسین وەرگێڕاندا بەردەوام دەبوو، کتێبێکی دیکەی دەناردەوە بۆ چاپخانە و هێندە بەردەوام دەبوو تا رۆژێک دەرگا داخراوەکان بەسەر چاپکردنی کتێبەکانیدا بکاتەوە و، هێندێ جاریش بەراستی دەکرانەوە. توخمی عەقڵانیەتی مرۆڤ، گرینگترین هاندەری کارە بە نرخەکانی بوون. دەیگوت دەبێ لە نووسیندا بەردەوام بیت، رەنگە زۆر جار وا هەست بکەی کە خوێنەری جیددیت نییە، بەڵام قەت لایەنی عەقڵانی خەڵک فەرامۆش مەکە. ئاڵۆزی و جەوسازی وەک گرفتێکی گەورە دەبینی لەبەردەم وشیاری کۆمەڵایەتیدا. ناشرەکانی پێیان وتبوو لە دوای راگەیاندنی ئاگربەسی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، فرۆشتنی بەرهەمەکانی لە سەتا شەست و هەشت هەڵکشانی بەخۆیەوە بینەوە. ئەمە بە مانای ئەوەیە کە خەڵک دەیەوێ بخوێنێتەوە، بیر بکاتەوە و بەهای خۆی لە کۆمەڵگادا پێناسە بکاتەوە. مەبەست هەر خوێندنەوەی کتێبەکانی خۆی نەبوو، بەڵکە هەڵکشانی ئەم ئامارەی وەک دیاردەیەکی هەمەگیر مەزندە دەکرد. ساڵانی دواتر کە شایەدی جووڵەی کۆمەڵایەتی دوای دووی خورداد بووم و سەرهەڵدانی نیهادە مەدەنییەکان، بەردەوام بیری تیۆری توخمی عەقڵانیەتی کاکە برا دەهاتمەوە.
وتم بێتاقەتیی بانە ناکەی. وتی زۆر. وتم ئەی بۆ سەردانێک ناکەی. وتی من بۆ هەر شوێنک بچم کراوات لێدەدەم، تاقەتم نییە منداڵە بەسیجییەک لە بازرەسی کەلیخان بەرم پی بگرێت و بڵی ئەو شتە تاغووتییە چییە لێتداوە! بەڵام نیگەرانییەکەی هەر ئەوە نەبوو، باش دەیزانێ ئەگەر رۆژێک بچێتەوە بۆ بانە لە نۆستالێژیای رابردوویدا نغرۆ دەبێت و هەست بە تەنیاییەکی سارد دەکات. شار بۆ ئەو چرایەک بوو کە لە دوورەوە تروسکەی دەدایەوە. چرایەک کە لە ئەنگووستەچاوی شەوانی گۆشەگیریدا بە هێمنی رووناکایی بە دڵتەنگییەکانی دەبەخشی.
ئەمە دوایین سەردانم بوو، دۆخەکە بۆ منیش هێوڕ بۆوە و گەڕامەوە بۆ بانە. کە لە کەلیخانەوە چاو لەشار دەکەی تاسەی غەریبییەکەت دەشکێ. شار لە شوێنی خۆیەتی و، لەنێو زارکی ئەو گڕکانە خامۆشەدا بە سەبووریەوە چاوەڕیت دەکات. کە دێیتەوە بۆ شار هەوای سەفەرێکی دیکە دەکەیتەوە، بەڵام تاسەی ئەم شارە دەستت لێهەناگرێ و بە مردوویش بێت رۆژێ دەبێ هەر بگەرێیتەوە لای.
رزگار ئەمین نژاد
١٠/٢/٢٠١٢
کاک رزگار لهوێ بهڕوو گیر ناکهوێ وایه..
خۆشحالم له پانتایهکی بهرینتردا چاوم پێت کهوتهوه.دهتخوێنمهوه
لایکلایک