پێکهاتەی زمان بەشێکە لە لایەنی دیاردەشوناسی


وشە لەخۆیدا خاوەن پوتانسییەل و کۆدێکی ماناییە کە خوێنەر و بە تایبەتی وەرگێر لەکاتی شکاندنی ئەم کۆدانەدا (decoding) لەمەبەستی نووسەری دەقەکە نێزیک دەکاتەوە (بەرهەنگاری واتایی). کاتێ ئێمە لە دەقێکدا تووشی وشەکان دەبین، قەرار نییە کارکردی ئەم وشانە بەس چێکردنی وێنەیەک بێ لە زەینی ئێمەدا، بەڵکە ئەم وشانە و چۆنیەتی دەکارکردنیان، لەگەڵ جیهانی بیرکردنەوەی نووسەردا ئاشنامان دەکات. ئەوە ماوەتەوە بڵیم کە وشە لە کۆنتێکستەوە سەردەردێنێ و، ئەمە کۆنتێکستەکانن کە کارمان لێ دەکەن.

درێژەی دیمانەکە

پێکهاتەی زمان بەشێکە لە لایەنی دیاردەشوناسی

دیمانە: لاپەرەی کولتوور

نان و شه‌رابنووسەر و وەرگێڕ رزگار ئەمین نژاد، خەڵکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە. سەرەتای کاری ئەدەبی بە شێعر دەستپێکردووە کە لە گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کراونەتەوە. لە سەرەتای نەوەدەکان ئەندامی ئەنجوومەنی ئەدەبی شاری بانە بووە و دواتر پەریوەی باشووری کوردستان بووە. لەساڵی ٢٠٠٠ دا رۆمانی “نان و شەراب” لە نووسینی ئینیاتیسیۆ سیڵۆنە، لە فارسییەوە وەرگێراوەتە سەر کوردی کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی کردووە.

samfony-mediumدووهەمین بەرهەمی وەرگێڕانی رۆمانی “سەمفۆنیای مردووەکان”، لە نووسینی رۆماننووسی ناسراوی ئێرانی عەبباس مەعرووفی یە، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپی کردووە.

aawra 1copy

سێهەمین بەرهەمی کوورتە رۆمانی “ئەوورا” لە فارسییەوە کە لە نووسینی کارلۆس فۆنتێس ە. ئەم بەرهەمەی لە ساڵی دووهەزاردا وەرگێراوەتە سەر کوردی، رزگار ئەمین نژاد ئۆگرییەکی زۆری بە خوێندنەوەی رۆمان و چیرۆک هەیە، هەربۆیە چەندان بەرهەمی چیرۆکیشی هەیە و بەتەمایە بەردەوام بێت لە نووسینی چیرۆکدا. خوێندنی لە کۆمەڵناسی دا و لە زانکۆی ئۆسڵۆ لە وڵاتی نەرویج تەواو کردووە و کتێبێکی تیۆری فکری لەمەڕ بنەما تیۆرییەکانی کۆمەڵناسان سەبارەت بە شوێنگەی تاک لە کۆمەڵگا دا، لەبەر دەست دایە، بە نیازە لە داهاتوویەکی نێزیکدا چاپی بکات. بەدەرفەتمان زانی بەرێزیان لەمەڕ هوونەری وەرگێڕان و کێشەکانی بدوێنین:

کولتوور: زۆرجار لە پێوەندی بە کاری وەرگێڕاندا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە وەرگێری باش و کارامەِ چۆن دەکارێ لەوەرگێڕانەکەیدا بنەماو رێزمانی نووسەرەکە لەبەرچاو بگرێت؟ زمان لای وەرگێر چ تایبەتمەندییەکی هەیە و وەرگێڕ دەبێ چۆن ماملە لەتەک زماندا بکات؟

eg_storportrett
رۆگنار رۆمێتڤەت (١٩٢٤-٢٠١٧)

رزگار ئەمین نەژاد: کاتێ باس لە وەرگێڕان و ئەزموونی وەرگێران دێتە ئاراوە، رەنگە یەکەم شتێ کە سەرنجی خوێنەر بەلای خۆیەوە راکێشێ پرۆژەیەکی “دەق/زمانی” بێت، بەڵام لەم میانەیەدا توخمێکی گرینگی دیکە لە ئارادایە کە ئەویش هوونەری “گێڕانەوەیە”. بە واتایەکی دیکە ئەگەرچی زمان و شارەزایی لە هەردوو زماندا مەرجێکی گرینگە بۆ کاری وەرگێڕان، بەڵام توانایی گێڕانەوە بە بۆچوونی من تایبەتمەندییەکی ئەوتۆی هەیە کە بەجوانی لە دەقێکی وەرگێڕدراوی سەرکەوتوودا هەستپێدەکرێت. ئەگەر ئەم تیۆرە وەک بنەمایەک بۆ کاری وەرگێڕان رەچاو بکەین، دەبینین وەرگێڕ لە ئاست دوو توخمی سەرەکی بۆ کاری وەرگێڕان راوەستاوە؛ یەکەم زمانە و ئەوی دیکەیان هوونەری گێڕانەوەیە. سەبارەت بە پرسی “زمان” و پێناسەی زمان، رۆمێتڤەیت (Rognar Rommetveit 2005)[1] باس لە سێ مۆدێل یا بەواتایەکی دیکە سێ جۆرە خوێندنەوەی تێرمۆلۆژیکی بۆ پێناسەکردنی زمان دەکات:

خوێندنەوەی یەکەم؛ زمان وەک پێکهاتە (structure) رەچاو دەکات، واتە ئەو بەشانەی کە پێکهاتەی زمان لەخۆدەگرن بۆ نموونە، فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، سینتاکس، سێمانتیک و هتد. ئەم خوێندنەوەیە تەرکیز لەسەر دوو لایەنی کارکردگەرایی (functionalism) زمان دەکات؛ یەکەمیان پێوەندی هەیە بە لایەنی زمانەوانی (Linguistics) و، ئەوەی دیکەیان لە پێوەندی بە شووناسی سایکۆلۆژیانەی زماندا (cognitive psykologi) دەکاردێت.

خوێندنەوەی دووهەم؛ توخمی زمان نەک هەر لەپێوەندییەکی پێکهاتەشووناسیدا دەبینێ بەڵکە لەوە زیاتر، زمان لە روانگەیەکی کۆمۆنیکاتیڤییەوە شرۆڤەدەکات. زمان لەم گۆشەنیگایەوە وەک مێدیۆمێک بۆ دیالۆگ (یان بە واتایەکی دیکە کۆمۆنیکاشێن) و دەربڕینی مەبەست و تەنانەت داهێنانی موعانات پێناسە دەکرێت. کەواتە زمان لێرەدا وەک ئامێر، وەک بەرهەڤی سازگار بوون لەگەڵ دۆخە تایبەتەکاندا و دەلالەتێکی سەبژە/ ئۆبژەیە بۆ چێکردنی پێوەندی نێوان مرۆڤ و تەنانەت بنەمایەکە بۆ هاودژی و ماملە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگە.

خوێندنەوەی سێهەم؛ کە زیاتر لە خوێندنەوەی سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی ، کولتور، سیاسەت، کۆمەڵناسی و ئادیالۆژی دا بەرچاو دەکەوێ، تەرکیز لەسەر دەکارکردنی زمان دەکات و، هەروەها خوێندنەوەی خۆی لەسەر کارکرد (function) و ناوەرۆکی زماندا چڕدەکاتەوە کە زۆرتر لەپێوەنییەکی کۆمۆنیکاتیڤیدا دەکاردێت.

خوێندنەوەی یەکەم لەمەڕ زمان، واتە زمان وەک “پێکهاتە”، لەپێوەندی بە کاری وەرگێڕاندا زۆر بەدەگمەن رەچاو دەکرێت. بەڵام خوێندنەوەی دووهەم و سێهەم، واتە زمان وەک “میدیۆم” و وەک “کارکرد”، بابەتەێکن کە دەشێ لەپێوەندی بە کاری وەرگێڕاندا رەچاوی بکەین. بەم پێیە ئێمە لە چەمکی دیارەناسیانەی (phenomenology) زمان دێینەدەرو لە چەمکی دووهەم واتە دەق (contextual) وەک بنەمایەک بۆ قسەکردن لەسەر زمان نێزیکتر دەبینەوە. لەم سۆنگەیەوە ئێمە لەگەڵ رەهەندی سایکۆلۆژی زمان بەرەوروو دەبینەوە کە گرینگترین کارکردی خۆی لە دوو دۆخی سایکۆلۆژیانە دا، واتە واقعی سایکۆلۆژیانە (دەروونی) و واقعی سیمبولیک (دەرەکی) لەمەر تێگێشتن و موعاناتی زماندا دەبینێتەوە. واقعی سایکۆلۆژیانە پێوەندی بە چۆنیەتی بیرکردنەوە و هەروەها تۆڕە گوزارەییەکانی (semantic network) زمان و چۆنیەتی دەکارکردنی وشەکان هەیە و، واقعی سیمبۆلیک پێوەندی بە ماملەی زمانیی (گوتار)، دەق و هەروەها رێکەوتنێکی موعاناتییەوە هەیە (واتە کاتێ ئەندامانی کۆمەڵگە بۆ دەڕبڕینی مەبەستێکی تایبەت، وشەیەکی تایبەت دەکار دێنن). لە وەها دۆخێکدا ئێمە تووشی پێوەندییەکی سێکۆچکەیی دەبین کە چەمکی دەکارکردنی زمان لە سیکلێکی ئینتەراکشێنی دا بە یەکەوە دەبەستێتەوە، ئەم سێکۆچکەیە بریتین لە ” تاک – زمان – کۆمەڵگە “. پرۆسەی “وشە/ دەق” لە هاتووچۆیەکی بەردەوامدایە لە نێوان ئەم سێ فاکتە گرینگە دا. واتە فاکتی “تاک”؛ کاتێ تاکێکی کۆمەڵایەتی زمانەکە – کە بەرلەخۆی بوونی هەبووە- دەکات بە هی خۆی، بەڵام بەپێی زەمەن کارتێکەری خۆی لەسەر ئەو زمانەدا پیشان دەدات و زمانەکە گەشە پێدەدات (بۆ نموونە کاتێ دەبینین وەرگێڕێک وشەگەلێکی نوێ دادەهێنێت بۆ دەربڕینی موعاناتێکی تایبەت. ئەم وشەیە کاتێ لەلایەن کۆمەڵگاوە پەسند کرا، دەچێتە نێو قامووسی زمانەوە). فاکتی “زمان”؛ نیازی سەردەمە بۆ لێکتێگێشتن و کۆمۆنیکاشیۆن. لەوەها دۆخێکدا زمان وەک پردێک رەچاو دەکرێت بۆ چێکردنی پێوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە (لایەنی ئامێری زمان). فاکتی “کۆمەڵگە”؛ مەیدانی پراکتیزەکردنی زمانە، بە واتایەکی دیکە زمان وەک کاردانەوە (interaction) و هەروەها وەک فاکتێکی دیاریکەر دەبینێ بۆ ماملە کۆمەڵایەتییەکان. لە ئەنجامدا دەبینین چەمکی زمان لای وەرگێر پێویستە ئەم تایبەتمەندیانە لەخۆی بگرێت و وەرگێر لەم گۆشەنیگایەوە لەتەک زماندا ماملە بکات.

کولتوور: ئێستا بە پێی ئەم لێکدانەوەیە لە زمان، چی روو دەدا کاتێ وەرگێر بەرەورووی دەقێک دەبێتەوە بۆ کاری وەرگێڕان؟ لەکاتێکدا ئێمە دەزانین هەر زمانێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە لەرووی سینتاکس و ئیدیۆم و فۆرمۆلۆژیدا کە لەزمانەکەی دیکەی جوێ دەکاتەوە؟

رزگار ئەمین نەژاد: پێکهاتەی زمان وەک لە پرسیاری یەکەمدا باسم لێکرد، بەشێکە لە لایەنی دیاردەشووناسی زمان کە بەدەگمەن لە کاری وەرگێڕاندا گرفت سازدەکا. لەکاری وەرگێڕاندا کۆنتێکستی زمانەکەیە کە پێویستە وەرگێڕ تەرکیزی لەسەر باکات. بەڵام لەم میانەیەدا پێویستە سەرنج بە بابەتێکی دیکە بدەین کە ئەویش پێوەندی بە چۆنایەتی دەقەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە وەرگێر لەکاری وەرگێڕاندا تووشی دەقی فرەچەشن دەبێت، بۆ نموونە دەقی شێعری، دەقی ریوایەتی، دەقی ئاکادێمی، دەقی رەخنە و هتد. من پێم وایە هەرکام لەم دەقانە خاوەنی پانتایەکی تایبەتی زمانین و تەنانەت لە مێتۆدی دەکارکردنی زمان، بینای رستەکان، رێزمان و جێکردنەوەی وتەزاکاندا هەرکام لەم دەقانە مشووری تایبەت بە خۆیان هەیە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێ ئەم فاکتەیش رەچاو بکەین کە کاتێ نووسەرێک دەقێک دەنووسێ، بێگوومان لەبیری ئەوەدایە کە موخاتیبی هەیە و، نووسەر لە رێگای ئەو وشانەی کە لە دەقەکەیدا دەکاریان دەکا دەیهەوێ زیاترین کاردانەوە لە خوێنەری خۆیدا پێکبێنێ کە ئەم فاکتە بەشێکە لە تۆڕی گوزارەیی زمان. واتە هەر وشەیەک لەپێوەندی بە مانای وشەیەکی دیکەدا دەکاردێت و لە ئەنجامدا ئاماژە و سەرەتایەیکن بۆ گەیاندنی پەیام و، هەروەها دەربڕینی چەمکێکی تایبەت. وشە لەخۆیدا خاوەن پوتانسییەل و کۆدێکی ماناییە کە خوێنەر و بە تایبەتی وەرگێر لەکاتی شکاندنی ئەم کۆدانەدا (decoding) لەمەبەستی نووسەری دەقەکە نێزیک دەکاتەوە (بەرهەنگاری واتایی). کاتێ ئێمە لە دەقێکدا تووشی وشەکان دەبین، قەرار نییە کارکردی ئەم وشانە بەس چێکردنی وێنەیەک بێ لە زەینی ئێمەدا، بەڵکە ئەم وشانە و چۆنیەتی دەکارکردنیان، لەگەڵ جیهانی بیرکردنەوەی نووسەردا ئاشنامان دەکات. ئەوە ماوەتەوە بڵیم کە وشە لە کۆنتێکستەوە سەردەردێنێ و، ئەمە کۆنتێکستەکانن کە کارمان لێ دەکەن.

کولتوور: مەبەست چییە لەوەی کە دەگوترێ وەرگێڕ دەبێ شێوازی دەربڕینی نووسەر بپارێزێت؟ یان لەکاتی هەڵبژاردنی وشەو دەستەواژەی دروست ‌و خۆشئاوازدا ئەرکی وەرگێڕی شارەزا چییە؟ کورتکردنەوە یان ئیختیزالکردن لە دەقێکدا تاچەند لە کاری وەرگێڕاندا مەجالی هەیە؟

rmb(1)
رۆڵڤ میکێل بلاکار

رزگار ئەمین نەژاد: لەکاری وەرگێڕاندا ئێمە شتێکمان نییە بە ناوی کورتکردنەوە یان ئیحتیزالکردن. بە بۆچوونی من لەوەها دۆخێکدا وەرگێڕ چاوپۆشی لە تۆڕی گوزارەیی زمانی دەقەکە دەکات و، ئەمە لەخۆیدا بەمانی ئەستاندنەوەی دەسەڵاتە لە نووسەری دەقەکە. پرۆفیسۆر بلاکار (٢٠٠٦) کتێبێکی هەیە بەناوی “زمان دەسەڵاتە” [2] کە لەوێدا باس لەپێوەندی زمان و دەسەڵات دەکات و پێم وایە پێویستە زۆر بەکورتی لێرەدا باسێکی لێ بکرێت. ئەو پێی وایە زمان لەرێگای پێوەندییە کۆمەلایەتییەکانی مرۆڤەوە پێناسەی خۆی وەردەگرێت و، ئەو کەسەی کە زمان دەکار دێنێت خودی خۆی بەشێکە لە پەیامی سەرەكی یاخۆ مەبەستی سەرەکی زمانەکە. چوونکە تاک لە رێگەی سیستەمی زمانەوانییەوە باس لە خولیا و روانگەکانی خۆی دەکات و لە دەق یان ئاخاوتنەکانیدا هەوڵدەدات مەبەستێکی تایبەت بپێکێ. هەربۆیە بە بۆچوونی بلاکار واقعە کۆمەڵایەتییەکان لەرێگای زمانەوە دادەرێژرێن، بەرگریان لێدەکرێن و تەنانەت فۆرمیان پێدەدەین. کەواتە کاتێ باس لە زمان دێتە ئاراوە، نابێ چاوپۆشی لە پانتای کارکردی زمان بکەین. ئەم پانتایە تەک رەهەندانە نییە، بەڵکە سیکلێکی کاردانەوەییە کە لە نێوان دوو جەستەی کۆمەڵایەتیدا لە گەڕان دایە. لایەکی ئەم پانتا زمانییە هەنێردەیە ( واتە ئەوکەسەی دەقێک دەنووسێت یاخۆ وتارێک پێشکەش دەکات) و ئەوەی دیکەشیان وەرگرە (واتە ئەو کەسەی کە موخاتیبی دەق یاخۆ گوتارەکەیە). کەواتە مەیدانی دەسەڵاتی نووسەر لە چۆنیەتی دارشتنی سیستەمی زمانی دەقەکەیدا دەردەکەوێت، واتە نووسەر (هەنێردە) لەرێگای کۆدبەندی کردنی (encoding) وشەکانەوە دەسەڵاتی خۆی لە مەیدانی کۆمۆنیکاشێنیدا پیشان دەدات، بە واتایەکی دیکە نووسەر بە ئانقەست وشەگەلێک دەکار دەکات کە باشترین کاردانەوە لەمەڕ تێگێشتن بەلای خوێنەرەوە (وەرگر) چێبکات. وەرگریش لە رێگای شکاندنی ئەم کۆدە زمانیانەوە هەوڵدەدات لە مەبەستی سەرەکی نووسەر تێبگات و، ئەمە لەخۆیدا ئەو سیکلە کاردانەوەییە کە باسم کرد.

بەم چەشنە دەبینین کە ئەرکی وەرگێڕ بەجوانی روون دەبێتەوە. وەرگێر دەبێ ئەو تواناییەی هەبێت کە ئەم کۆدە زمانیانە بشکێنێت و بچێتە نێو کۆنتێکستی دەقەکە و، لە ئەنجامدا هەمان ئەرکی نووسەری دەق (هەنێردە) رەچاو بکات و لە رێگای دانانی کۆد بۆ وشەکان، هەوڵبدات سیستەمێکی زمانی هاوچەشن لە دەقە وەرگێڕدراوەکەیدا رەچاو بکات.

کولتوور” بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ کاری وەرگێڕان لە ئێستادا بووەتە بەشێک لە بازرگانیکردن نەک بەرپرسیاریەتی. بۆچی وەرگێران نەبۆتە پرۆسەیەکی مەعریفی لەناو ئێمەی کوردا لەکاتێکدا توانستی ماددی و مانەوی بۆ ئەم پرۆسەیە دابینکراوە؟

رزگار ئەمین نەژاد: سەرەتا حەزدەکەم ئاماژە بەوە بدەم کە دیاردەی بازرگانی کردن بەس لای ئێمە مانایەکی نەگەتیڤی هەیە، دەنا ئەم دیاردەیە لە خۆیدا دەتوانێ پاڵنەرێکی باش بێ بۆ کاری وەرگێڕان وەک چۆن لە زۆر وڵاتاندا ئەم دیاردەیە هەیە. بەڵام ئەگەر بازار لە بەربژار کردنی دەق بۆ کاری وەرگێراندا دەوری هەبێت و لە درێژخایەندا رچەی رۆشنبیری بەرەو تاکرەهەندی ببات، ئەمە جێگای نیگەرانییە.

کە دێینە سەر ئەوەی کە بۆچی کاری وەرگێڕان نەبۆتە پرۆسەیەکی مەعریفی، بەرای من بەپرۆسێسکردنی کاری وەرگێران نیازی بە دووهۆکار هەیە؛ یەکەم نرخاندنی کاری وەرگێرانە لە کۆمەڵگادا و، ئەوەی دیکە بوونی رەخنەی نوخبەی رۆشنبیرە. بەبۆچوونی من وەرگێڕ هیچکام لەم هۆکارانە شک نابات، چوونکە ئەگەر کۆمەڵگا کاری وەرگێڕان بەرز بنرخێنێ، بەستێنی بەپرۆسێس کردنی ئەمکارە هەموار دەبێت. لەلایەکی دیکەوە روانگەیەکی رەخنەیی لەمەر کاری وەرگێران لە سەحەی رۆشنبیرییدا شک نابەین کە مەجالێک دابین بکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری خەڵک لە پێوەندی بە کاری وەرگێڕاندا. بەگشتی کاری وەرگێران و ناساندنی بەرهەمی باش پێویستی بە هەموارکردنی کولتور بۆ ئەم ئەرکە هەیە و نوخبەی رۆشنبیر لە رێگای رەخنەکانیەوە دەتوانێ لەم پرۆسێسەدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت.

تێبینی:

ئەم دیمانەیە لە رێکەوتی ٢٣/١١/٢٠١١ لە لایەن فەرەیدوون سامان، بەرێوەبەری لاپەرەی کولتوور لە هەفتەنامەی ئاڵای ئازادی ئامادە کراوە و لە ژمارە ٩٣٢ ئەم هەفتەنامەیەدا بڵاو کراوەتەوە.

لینکی هەفتەنامەکە بە (PDF)

 http://www.estanews.com/files/articles/040112105556.pdf


[1] پرۆفیسۆری سایکۆلۆگی لە بەشی زمان/سایکۆلۆگی زانکۆی ئۆسڵۆ لە وڵاتی نەرویج، کە بەرهەمەکانی لە کاری زمانەوانی و کاریگەری زمان لە سایکۆلۆژیا دا بەناوبانگن. ناوی کتێبەکەی: “språk, tanke og kommunikasjon”

[2] Språk er makt. Blakar Rolv Mikkel. Oslo 2006.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: