ته‌وه‌ر؛ کاریگه‌ری خۆپێشاندانه‌کانی باشوور له‌سه‌ر حیزبەکان‌و بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ئێران


ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ چۆن و چەندە کاریگه‌ری له‌سه‌ر حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داده‌نێت؟ لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤەکانی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ له‌سه‌ر حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کوردستان له‌ ئێران چی دەبن؟
له‌ به‌شی یه‌که‌می ئه‌م ته‌وه‌ره‌دا رزگار ئەمین نژاد کۆمه‌ڵناس و ئەندامی ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران، شه‌هین شه‌هلایی راگه‌یه‌ندکار و چالاکی بواری ژنان و جه‌لیل ئازادیخواز ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌شدارن و له‌مباره‌وه‌ ده‌دوێن.

کاریگه‌ری خۆپێشاندانه‌کانی باشوور له‌سه‌ر حیزبەکان‌و بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌ ئێران

 

رۆژهه‌ڵات تایمز- جه‌مال نه‌جاری؛ خۆپێشاندانه‌کانی باشووری کوردستان له‌ سلێمانی و چه‌ند شاری دیکه‌ هه‌فته‌ی سێهه‌می تێپه‌ڕاند. پاش ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئەو خۆپیشاندانانە توندوتیژی لێکه‌وته‌وه‌، ئێستا پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێکی تازه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک کە له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌و‌ تیایدا زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمه‌ڵگه‌ به‌شدارن به‌ ئامانجی نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و خوازیاری ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستانن.
لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ و ویست و خواستی خه‌ڵکه‌که‌ قسه‌ بکه‌ین و باش و خراپی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنین، به‌ڵکو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ بزانین ئاخۆ ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ چۆن و چەندە کاریگه‌ری له‌سه‌ر حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داده‌نێت؟ لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤەکانی ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ له‌سه‌ر حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کوردستان له‌ ئێران چی دەبن؟
له‌ به‌شی یه‌که‌می ئه‌م ته‌وه‌ره‌دا رزگار ئەمین نژاد کۆمه‌ڵناس و ئەندامی ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران، شه‌هین شه‌هلایی راگه‌یه‌ندکار و چالاکی بواری ژنان و جه‌لیل ئازادیخواز ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌شدارن و له‌مباره‌وه‌ ده‌دوێن.
لە بەشی دووهەم دا چەند چالاکوانی دیکە بەشدارن و ئەم باسەیان لەگەڵ تاوتوێ دەکەین.

وڵامی یەکەم:

رزگار ئەمین نژاد

ئەندامی ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێران

ئەم پرسیارە چەند پارادایمی هاوتریبی لەخۆ گرتووە کە هەرکامەیان گوزارشت لە دۆخ و ستراتیژیی تایبەت بە خۆیان دەکەن. بۆیە بە پێویستی دەزانم لە سێ تەوەری جیاوازدا وڵامێکی گشتی بەم پرسیارە بدرێتەوە. ئەم تەوەرانە سێ فاکتی جیاواز و لەهەمان کاتدا شوێندانەرن کە پێویستە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیانەوە شرۆڤە بکرێن و، دواتر باس لە ئەگەری کاردانەوەی هەرکام لەم پارادایمانە لەسەر یەکتر دەکەین.

دارشتنی تەوەرەکان بەم چەشنە دەبن:

١/ باسێک لەسەر رەگی کۆمەڵایەتی/ سیاسی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان

٢/ چاوخشاندنێک بەسەر رەفتارە پێکهاتە شووناسییەکانی دەسەڵاتی کوردی

٣/ خوێندنەوەیەک لەسەر دۆخی سیاسی/ کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی کوردی لە ئێران

 

١/ رەگی کۆمەڵایەتی/ سیاسی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان

لەم مانگانەی رابردوو دا رۆژهەڵاتی ناڤین و بەشێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا، لەگەل شەپۆلی ناررەزایەتی خەڵک بە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان بەرەوروو بوونەتەوە. ئەم بزاڤە نارەزایەتیانە – بە پێی تایبەتمەندییە ژێئۆپۆلیتیکیی و کۆمەڵایەتییەکانیان – لە هێندێ حاڵەتدا جیاوازییان بە یەکەوە هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش و تەنانەت چارەنووسی هاوشێوەی ئەم بزاڤە جەماوەرییانە خۆی لە چەند فاکتی بنەماییدا دەبینێتەوە کە من هەوڵدەدەم بە کورتی ئاماژە بە هێندێکیان پێبکەم.

 

ئەلف/ دێمۆکراسی نوخبەگەرایی

دوابەدوای کۆتایی هاتنی شەری سارد و بەتایبەت هەڵوەشانەوەی سیستەمی سیاسی دووجەمسەری لە جیهاندا، دێمۆکراسی وەک مۆدێلێکی کریستالیزەکراو بۆ سیستەمی سیاسی لەم ناوچانەدا سەرنجی تایبەتی پێدراوە. هەربۆیە دەوڵەتانی ناوچە رەچاوی پێداویستی چاکسازی لە سیستەمی سیاسی وڵاتەکانیان – کە بەرهەمی رکەبەرایەتی سیاسی شەری سارد بوو- کرد و، مەشرووعییەتی حکومەتەکانیان بە پرۆسەی دەنگدانەوە گەرێ دایەوە. بەڵام لەم پێوەندییەدا پارامێترێکی چارەنووس سازیش دەوری سەرەکی دەبینی، ئەویش لیبەرالیزمی ئابووری بوو. مەنتیقی بازاری ئازاد کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ لێهاتی (بازدە) سەرمایە لەم سیستەمانە دا هەبوو. ئەم سیستەمانە نەیاندەتوانی وەڵامدەری خێرایی وەبەرهێنان، خێرایی گەیاندنی زانیاری و هەروەها خێرایی ترانسپۆرتی بازاری ئازاد بن. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتە گومورکییەکانی ئەم دەوڵەتانە پێویستی بەەوە هەبوو کە بە پێی نیازی بازار رێفۆرمیان تێدا بکرێ و، هەروەها کرانەوەیەکی سیاسی/ کۆمەڵایەتی لەم ناوچانەدا زەروور دەهاتە بەرچاو بۆ ئەوەی یارمەتی بە گەشەکردنی کولتوری مەسرەف بدات کە لە مەنتیقی بەرهەمهێناندا گرینگی خۆی هەیە. لە وەها دۆخێکدا دێمۆکراسی وەک میکانیزمێکی گونجاو بۆ هەڵکردن (تەعامول) لەگەل لیبەرایزمی ئابوریدا مانا و واتایەکی تایبەت بەخۆی وەرگرت.

 

دێمۆکراسی بە پێوەری تێگشتنی ئەم سەردەمە، بەرلەوەی کە مۆدێلێکی سیاسی بێت بۆ دەسەڵات، کولتوورێکی رەفتارییە. کاتێ باس لە کولتووری رەفتاری دێتە ئاراوە، ناچار دەبین ئەم بابەتە لە روانگەیەکی کۆمەڵناسیانەوە شرۆڤە بکەین. کۆڵمەن (J. S. Coleman) ئاماژە بە سێ پرۆسەی گرینگ بۆ گرسانی (شکل گیری) رەفتاری کۆمەڵایەتی لای مرۆڤ دەکا: یەکەم زانیارییە (information)، دووهەم دەروونی کردنی (internalization) ئەم رەفتارانەیە و سێهەم نیهادینە کردنی (institutionalization) رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەمانە سێ پرۆسەی گرینگن بۆ چێبوونی زەینیەتی رەفتاری بەلای تاکەکانی کۆمەڵگاوە. ئەوەی لە پیوەندی بەم باسەدا دەبێ ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە دێمۆکراسی وەک ئەو مۆدێلە کریستالیزەکراوەی کە لەم ناوچانەدا پێناسە دەکران، زیاتر تایبەتمەندییەکی نوخبەگەراییانەی هەبوو تاکوو کولتوری. لە حاڵێکا ئەزموونەکان باس لە شتێکی دیکە دەکەن، رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان کە یەک لەوان کولتوری دێمۆکراسییە، دەبێ لە خوارەوە، واتە لە توێژەکانی خوارووی کۆمەڵگاوە راهێنانی بۆ بکرێت و دواتر کاریگەری خۆی لەسەر رەفتاری نووخبەکانی دەسەڵات دابنێ. ئەوەی لە مۆدێلی حکومەتی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین و وڵاتانی دەوروبەریدا دەبیندرا، نەک دێمۆکراسی بە واتای کولتورێکی رەفتاری و بەشداریکردنی شارومەندان لە دەسەڵاتدا نەبوو، بەڵکە سیستەمێکی حکومەتی بوو کە لەودا تاک یان نوخبەی دەسەڵات سنووری بەشداریکردنی شارومەندانی لە دەسەڵاتی سیاسیدا دیاری دەکرد (جێی وەبیرهێنانەوەیە کاتێ باس لە نوخبە دەکرێت، مەبەست لە توێژێکی کۆمەڵگایە کە دەسەڵات لە پاوانی خۆیان دا رادەگرن، بۆ نموونە، بنەماڵە، سەرۆکی حیزب و هتد). کەواتە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم راپەرینانە پێوەندی هەیە بە شکستی پرۆژەی دێمۆکراسی نوخبەگەرا.

 

ب/ قۆرغکردنی سامانە نەتەوەییەکان

ئەو ناوچانەی کە ئەمرۆ لەبەردەم شەپۆلی بزاڤی نارازییانیدا بەرەوروو بوونەتەوە، لە باری سامانە سروشتیییەکانەوە خاوەنی دەوڵەمەندترین سەرچاوەی ژێرزەمینی لە جیهاندایە کە نیازی ماشینی بەرهەمهێنانی وڵاتانی خاوەن تەکنۆلۆژیا دابین دەکەن. بەڵام ئەم سامانە سروشتیانە، بە شێوەیەکی سەرسامهێنەر لە قووڵتر کردنەوەی نادادپەروەری لەم وڵاتانەدا دەور دەگێڕێ. لەباتی ئەوەی ئەم سامانە نەتەوەییانە لە خزمەت پرۆژەی چێکردنی دەوڵەتی رفاه بۆ شارومەندان بێ، لە دەستی مافیای ئابووری و دەڵاڵی ناراستەوخۆدا دەگەڕێ و، لەئەنجامدا بەشێوەیەکی ترسناک پەرە بە جیاوازی چینایەتی و هەڵاواردنی ئابووری و کولتووری دەدا. دەرەنجامی وەها دۆخێک چێبوونی گروپی مافیایی چارەنووسسازە کە وەک دەوڵەتی سایە چارەنووسی سیاسی ئەم وڵاتانە دیاری دەکەن. پرسی شارومەند بوون لە وەها دۆخێکدا سوودی ئامێری لێ وەردەگیرێ و هەر لە بازارگەرمی دەنگدان دا سەرنجی پێدەدرێ (کە لە هێندێ لە وڵاتانی ناوچە دا تەنانەت ساختەکاری لەم میزانی دەنگدانەیشدا دەکرێ).

 

ج/ رەچاونەکردنی پلۆرالیزمی سیاسی/ کولتوری

یەکێک لە چەمکە مۆدێرنەکان بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگا، قبوڵکردنی دیاردەی فرەچەشنییە. کۆمەڵگا بە پێی سروشتی کۆمەڵایەتیبوونی خاوەن پتانسێڵێکە بۆ ئافراندنی بیری جیاواز و چاکسازی کولتووریی، کە لە ئەنجامدا شووناسێکی فرەکولتوری بە کۆمەڵگا دەبەخشێ. ئەوەی لەم سیستەمانەی ناوچەدا بەرچاو دەکەوێ شیوەی ماملەکردنی دەسەڵاتدارن لەگەڵ دەرکی چەمکی کولتورە. دەسەڵاتی سیاسی لەم ناوچانەدا لەبەردەم هەرچەشنە جیاوازی و فرەچەشنییەک دا دژکردەوە لەخۆ پیشان دەدن و بە ماشینی سەرکووت هەرچەشنە دیاردە و بزاڤێکی کۆمەڵایەتی کە ناتەبایی لەگەڵ کولتوری سیاسی سیستەمدا هەبێ فەلەج دەکەن.

 

د/ تەنگبوونەوەی مەیدانی ئیجرایی یاسا

کاتێ باس لە یاسا و مەیدانی ئیجرایی یاسا دەکەین، راستەوخۆ پێوەندی بە پرسێکی گرینگی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەوە هەیە کە ئەویش پرسی گەندەڵییە. دیاردەی گەندەڵی هۆکاری فراوانی هەیە، بەڵام کاتێ رێژەی گەندەڵی لەگەڵ سیستەمی دادوەری حکومەتەکاندا بەراورد بکەین دەبینین کە بەرەنجامی (ضریب) گەندەڵی لەو وڵاتانەدا لەسەرترە کە سیستەمی دادوەرییەکەی سەربەخۆ نییە و لەژێر سێبەری دەسەڵاتدایە. لەم سیستەمانەدا بازنەی مەیدانی لێپرسیینەوە لە نوخبەکانی دەسەڵات و کارتێلە ئابوورییەکان هێندە تەنگ دەبێتەوە کە ناتوانن لێی گوزەر بکەن، بە پێچەوانەوە قەبارەی چووکەتر کە شارومەندانی پلە دووی نێو کۆمەڵگا لە خۆی دەگرێ، زۆر بە ئاسانی لێی تێدەپەرن.

 

ئەم فاکتانە و چەندین هۆکاری دیکە بیانووی راپەرینەکانی ئەم دوایانەی رۆژهەڵاتی ناڤین و بەشێک لە وڵاتانی ئافریقا بوون کە خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستانیش – بە کۆمەڵێ تێبینییەوە کە دواتر ئاماژەی پێدەدەم – خۆی بەم نەریتی ئیعتەرازییەوە پێناسە دەکا. خاڵی جێی سەرنجی ئەم راپەرینانە – بە پێچەوانەی نیگەرانییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا – نەک هەر رەوتی ئیسلامیزە کردنی ئەم ناوچانە نییە، بەڵکە هەوڵدانێکە بۆ نەهێشتنی دوا ئاسەوارەکانی شەری سارد، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، پێشێل کردنی ئازادی تاک و دێمۆکراسی نۆخبەگەرایی. دیارە داوەری کردنی لەسەر دوورنمای ئەم بزاڤانە هێشتا زووە و پێوەندی بە ئایەندەوە هەیە. دەبێ لە نێزیکەوە چاوەدێری رووداوەکانی دواتر بکەین و چاوەروان بین کە ئەم بزاڤە تا چ رادەیەک تەژی لەم ئیرادە مێژووییە بووە و، هەروەها حکوومەتی نوێی ئەم وڵاتانە تاچەند دەتوانن مەودا لە ئەزموونەکانی رابردوو بگرن. خاڵێک کە لەم میانەدا زۆر جێگای سەرنجە ئەوەیە کە خەڵکی سیڤیل لەم وڵاتانەدا ئەم دەرکەی لا چێبووە کە وەک چۆن حکومەت لە رێگای دەنگی خەڵکەوە بە دەسەڵات دەگا ، دەبێ هەرواش لە رێگای دەنگی خەڵکەوە دەسەڵاتی لێ بستێندرێتەوە. ئەمە یەکێکە لە کاراکتێرەکانی ئەم بزاڤە و هومێد دەکرێ کە ئەم ئیرادەیە دەسپێکی رەوتێکی کامڵتر بێ، کە ئەویش دێمۆکراسی لەسەر بنەمای خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

٢/ رەفتارە پێکهاتە شووناسییەکانی دەسەڵاتی کوردی

لەدوای راپەرین و لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ١٩٩٢ دا کە ململانەی دوو حزبی خاوەن هێز بۆ وەرگرتنی دەسەڵات هاتە نێو قۆناغێکی نوێیەوە، سیستەمی دەسەڵات لەم دەڤەرەدا فۆرمێکی دیکەی بەخۆیەوە گرت. ئاکامی هەڵبژاردنەکەی ١٩٩٢ کە بە جیاوازییەکی زۆر کەمەوە یەکێک لە حزبە سەرەکییەکانی تێدا براوە راگەیاندرا، کەچی دواتر حزبی دۆڕاو ملی بە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە نەدا و حزبی سەرکەوتوو بە دانی پوانگێکی سیاسی ئاکامی پەنجا پەنجای دەسەڵاتی راگەیاند. ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە سیمای دوارۆژی دەسەڵاتی سیاسی ئەم هەرێمەی خستە نێو قۆناغێکی ترەوە، واتە لە سەرەتای دەسەڵاتی کوردییەوە زەمینەی شەڕ و سازان (مساومە) لە نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداردا چێ بوو، بە چەشنێک کە ئایەندەی سیاسی ئەم هەرێمە کەوتە ژێر سریمەی بەرژەوەندی ئەم دوو حزبە. لێرەوە بوو کە دوو حزب، بە رابردووی خەباتی شاخ و بە فۆرمێکی سێکتاریزمییەوە، دێتە قۆناغی حکومکردن. ئەم قۆناغە قۆناغێکی زۆر هەستیارە لە مێژووی هەرێمی کوردستان دا و، دەسپێکی گرفتەکانی دوارۆژی ئەم هەرێمەش بوو. هەموو شۆرشەکانی جیهان و بەتایبەت ئەو شۆرشانەی لە رێگای خەباتی چەکدارییەوە بە ئاکام دەگەن، بەهۆی کاراکتێری ئینقلابییەوە، لە سەرەتادا چارەنووسێکی هاوشێوەیان هەیە و لە ئەنجامدا تووشی چارەنووسی جیاواز دەبن. دوورنمای ئەم شۆرشانە خۆی لە سێ فازدا دەبینێتەوە، کە من بە چڕکراوەیی ئاماژەیان پێدەکەم.

 

  • فازی یەکەم، ” سونامیی مەدەنی”

کاتێ جووڵانەوەیەکی شۆرشگێر لە رێگای ئینقلابەوە بە دەسەڵات دەگا، دەرکێکی زەینیگەرایی لەگەڵ خۆیدا بەرهەم دێنێ کە زەمینەی پۆپۆلیزمی سیاسی لە دەسەڵاتدا هەموار دەکات. ئەم زەینییەتە لەسەر بنەمای سێ پارامێتری هەستیار، واتە “شۆرش – گەل – حزب” خۆی دەردەخا و، بەم چەشنە فۆرموولە دەکرێ کە “شۆرش لە پێناوی گەل و، گەڵ لە پێناو حزبی شۆرشگێر” و، دواتر ئەم زەینییەتە دەبێت بە کاراکتێری ئینقلابی. لە وەها دۆخێکدایە کە چەمکی گەل شووناسێکی ئۆبژە ئاسا وەردەگرێ. واتە “گەل” وەک شتێکی ماددی ماملەی لەگەڵدا دەکرێت. کە حزب سەرکەوت، گەل هی ئەوە و چارەنووس و خۆشبەختی گەل وابەستە بە دەسەڵات و ئیرادەی سیاسی حزب دەبێت. ئەم زەینیەتە زەمینەی خاوەندارێتی بۆ حزبی بەدەسەڵات گێشتوو خۆش دەکا و لە یەکەم قۆناغدا مەجالی پێدەدا کە دەست بەسەر سەرچاوە ئابووری و دام و دەزگا حکومی و مەدەنییەکانی وڵاتدا بگرێ و، لە دووهەم قۆناغ دا لە رێگای هێژمۆنی شۆرشگێڕییەوە و بە پشتیوانی جەماوەرییەوە هەڵدەستێ بە پاکتاوکردنی ئاسەواری نۆرم و کولتوری سیاسی پێش خۆی کە بە شۆرشی کولتووری بەناوبانگە. لەم قۆناغەدا یەکەم توێژێک کە زۆرترین زیانی بەردەکەوێ، چینی مامناوەندی کۆمەڵگا یان بە واتایەکی دیکە قەوارەی کۆمەڵگای مەدەنییە کە لە راستیدا ئاخێزگەی سەرمایەی کولتووریی هەموو کۆمەڵگایەکن. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان و لە سەرەتای راپەرین ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی لەژێر سریمەی وەها زەینییەتێکدا هەوڵیان بۆ پاراستنی ناسنامەی مەدەنی خۆیان نەدا، بەڵکە بە ناسنامەیەکی حزبییەوە شوێنگەی شارومەندی خۆیان پێناسە دەکرد. هەموومان لە بیرمانە کە لەو سەردەمەدا گشت تاکەکانی کۆمەڵگا ناسنامەی خۆی بە یەکێک لە حزبەکانی کوردستانەوە گرێ دابوو. ئەم دیاردەیە هۆکاری زۆری هەیە، بەڵام من تەنیا ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دەدەم؛ یەکەم، هێژمۆنی بەنۆرمکراوی خەباتی شاخ بوو و ئەوەی دیکەیان قۆرغکردنی سامان و داهاتە سەرەکییەکانی ئەم دەڤەرە بوو کە گەشتیان کەوتبوونە پاوانی ئەم حزبانە. ئەندام بوون لە هەرکام لەم حزبانەدا بەمانای دیتنەوەی سەرپەنایەکی گرینگ بوو بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و لانیکەمی بژیوی ژیانی هاولاتیان.

 

  • فازی دووهەم، “ترادیژیای ئینقلاب”

شەری تەرازووی دەسەڵات لەم فازەدا دەکەوێتە قۆناغێکی دیکەوە. لێرەوە خەونەکانی شۆرش لە ئارمانگەراییەوە بەرەو پراگماتیزمی دەسەڵات دەچێ. شەری دەسەڵات لەنێو هێزە شۆرشگێرەکان دەستپێدەکا و دواتر ئەم شەرە تا هەناوی حزبی دەسەڵاتداریش تەشەنە دەکا. پرۆپاگەندەی ئەم شەرە سەلماندنی رەسەنایەتی باڵەکانی دەسەڵات یاخۆ نوخبەی ئینقلابییە. لەم فازەدایە کە ئەم  وتەزایە وەراست دەگەڕێ کە: “ئینقلاب منداڵەکانی خۆی هەڵدەلووشێ”. هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی دراماتیک چووە نێو ئەم قۆناغە – دیارە هێشتا زەحمەتە ئەگەر بڵێین کە ئەم قۆناغەی تێپەر کردووە. شەری درێژخایەنی نێوخۆیی کوردستان کاریگەرییەکی نەگەتیڤی هەبوو لەسەر رەواندنەوەی خەونەکانی راپەرین. لە لایەکی دیکەوە شەری نێوخۆیی ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی بەدەستەوە نەدا، بەڵکە دامەزرانی دوو ئیدارەی حیزبی لێکەوتەوە کە لە درێژخایەندا بنەماکانی دامەزراوەبوونی لەم هەرێمەدا شێواند. سەروەری یاسا کەوتە ژێر ئیرادەی بەرژەوەندی حزب. ئەم دۆخە هەر بەوە کۆتایی پێنەهات، بەڵکە لە بازنەیەکی گەورەتردا سەروەری وڵاتیش فیدای پشتگیری ئەو دەوڵەتانە کرا کە بەرژەوەندی خۆیان لەم ناکۆکی و ئاڵۆزییەدا دەبینییەوە.

 

  • فازی سێهەم، ‌قٶناغی “بەرچاوگەی گەشەکردن”

زۆربەی ئەو سیستەمانەی کە لە رێگەی ئینقلابەوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، پاش تێپەرکردنی ئەو دوو فازەی کە لەسەرێدا هاتنە بەرباس، لە رێگای پلاندانانی درێژخایەنی ئابووری، زەمینەی دەرچوون لە قۆناغی “قەیرانی ئینقلابی” هەموار دەکەن تاکوو ولات بەرەو ئاقاری دامەزراوەیی و گەشەکردن راگوێزن. یەکەم قۆناغی پراکتیزەکردنی ئەم ئامانجە، پێداچوونەوە لە یاسای بنچینەیی وڵاتە کە زەمینەی ریفۆرم لە سیاسەتی ئابووری، ستراتیژی دیاریکردنی پلانە ژێرخانەکان (وەک  ستانداردیلیزەکردنی دامەزراوە حکومی و مەدەنییەکان)، پلانی مۆدێڕنیزەکردنی سیستەمی پەروەردە و فێربوون، پلان وچاکسازی کردن لە سەرچاوەکانی وەربەرهێنان، یاسای ئەحواڵی مەدەنی و هتد دا دەبینێتەوە کە لە ئەنجامدا بەرچاوگەی گەشەکردن روونتر دەکاتەوە. دیارە بەشێکی بەرچاو لەو دەسەڵاتانەی کە لە رێگەی ئینقلابەوە بە دەسەڵات گێشتوون، لە فازی سێهەمی ئینقلاب دا سەرکەوتوو نەبوون کە رەنگە لەم بابەتەدا ئاماژەکردن بە هۆکارەکانی نەگونجێ. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەشنێک خۆی لەم فازەدا دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی کە تاچەند توانیویەتی سەرکەوتوو بێ لە زۆر روانگەوە گومانی لەسەرە. هۆی دەربازنەبوونی حکومەتی هەرێم لە قەیرانی ئینقلابی هۆکاری زۆری هەیە، بەڵام من لێرەدا تیشک دەخەمە سەر چوار هۆکاری گرینگ. یەکەم؛ سیاسەتی ناوەندگەراییە، دووهەم؛ نەبوونی کەرتی تایبەتە (بەشی خسووسی)، سێهەم؛ بێ مەتمانەیی نەتەوەیی و چوارەم ئەوتۆریتەی حزبی.

 

سەرەتا لە چوارەمین فاکتەوە دەست پێدەکەم، واتە ئەوتۆریتەی حزبی. رۆڵی حزبی سیاسی لەو حکومەتانەی کە لەسەر پرنسیبی دێمۆکراسی دامەزراون، رۆڵێکی میکانیکییە. لە دونیادا هیچ سیستەمێکی دێمۆکراتی شک نابەین کە دەوری واسیتەگەری حزبی سیاسی تێدا پێناسە نەکرابێ. بەڵام پێناسەی حزب لەم سیستەمانەدا بنەما و پێناسەیەکی یاسایی هەیە کە سنووری دەرەتان و دەسەڵاتی حزب دیاری دەکات. یەکێک لە گرفتەکانی دێمۆکراسی لە هەرێمی کوردستان بوونی حزبی میلیتارییە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەیتوانیوە فۆرمێکی مەدەنی بەخۆی بدات. تا حزب فۆرمی میلیتاری خۆی بپارێزێ، ئەوتۆریتەی حزبی بەسەر یاسادا زاڵ دەبێت و تەنانەت مەیدانەکانی دیکەی حکوومیش دەخاتە ژێر سەیتەرەی خۆیەوە.

 

سەبارەت بە بێ مەتمانەیی نەتەوەیی، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دا دەردەکەوێ جۆرێک لە دابەشبوونی دەسەڵاتە کە حزبەکان لەسەری رێککەوتوون. پاش تێپەربوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر راگرتنی شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان و راگەیاندنی حکومەتی هاوبەش، هێشتا ئاسەوارە سایکۆلۆژییەکانی ئەم شەڕە بە تەواوی بن بڕ نەکراوە و تەنانەت هێشتا بەشێک لە ئیدارە هەستیارەکان تێکەڵ نەکراونەتەوە. ئەم بێ مەتمانییە تەنانەت تا توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاش تەشەنەی کردووە. ئەوەی ئەمرۆ لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی کوردستان دا دەردەکەوێت، بەشێکی پێوەندی هەیە بە ئاسەوارە سایکۆلۆژییەکانی شەڕی نێوخۆیی و هەروەها نەبوونی مەتمانەی نەتەوەیی.

 

سەبارەت بە سیاسەتی ناوەندگەرایی، دەتوانین ئاماژە بە سیاسەتی لە پەراوێز خستنی ناوچەکانی کوردستان بکەین کە بە قازانجی ئاوەدانکردنەوەی پایتەختێکی لۆکس لە پرۆژە ژێرخانەکانی ئابووری و خزمەتگوزاریدا کەم بەهرە بوون. لەلایەکی دیکەوە سەرمایەگوزاری کردن لەسەر پرۆژە دێمۆکراتی و پەروەردەییەکان و هەروەها سامانە کولتووری و هوونەرییەکاندا هێندە بەرچاو نییە کە بیتوانیبا جێگەیەکی شیاو بۆ کولتور وهوونەری کوردی لە جیهاندا بکاتەوە. سیاسەتی ناوەندگەرایی لە راستیدا ستراتیژی مانۆری ئەوتۆریتەی دەسەڵاتە. دەسەڵاتی ناوەندگەرا، هەوڵدەدات گشت ووزە و سەرمایەکانی وڵات لە پایتەختدا کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی گەورەیی و شکۆی دەسەڵات نمایش بدات.

 

سەبارەت بە نەبوونی کەرتی تایبەت، حەزدەکەم لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە دوو خاڵی گرینگ بکەم. کاتێ باس لە کەرتی تایبەت دێتە گٶڕێ، زەروورەتی چێبوونی سیستەمێکی ماڵیاتی دێتە ئاراوە کە لەودا حکومەت لە رێگای ماڵیاتەوە چاوەدێڕی کارکردی ئەم کەرتە تایبەتانە دەکا و، هەروەها چێبوونی کەرتی تایبەت لە پابەندبوونی سیستەم بە بنەما دێمۆکراتییەکاندا کاریگەرییەکی مسۆگەرانەی هەیە. لە حکومەتی هەرێمدا نەک پرۆژەیەکی ماڵیاتی بۆ ئەم چاوەدێرییە لە ئارادا نییە بەڵکە ئەوە حکومەت و بەتایبەتی حزبەکانن کە بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا ماڵیات بە خەڵک دەدەن  و برەو بە کولتوری ستیگماتیزم دەدەن (بۆ نموونە نەریتی مووچەخۆری لەم هەرێمەدا، بەبێ ئەوەی لێهاتی کاری بۆ حکومەت هەبێ). ئەمەو خاڵێکی گرینگ کە لە پێوەندی بە کەرتی تایبەت دا دێتە ئاراوە، ئەوەیە کە کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی بەرچاو رێگری لە دەخاڵەتی راستەوخۆی حکۆمەت دەکا و هەروەها بە ئەزموون دەرکەوتووە کە بوونی کەرتی تایبەت رادەی گەندەڵی کەم دەکاتەوە و بگرە رادەی بەپرسایەتیوەرگری ئەندامانی کۆمەڵگا لە حاست مەتمانەی نەتەوەییش دەباتە سەر. ئەمرۆ بوونی کەرتی تایبەت لە هەرێمدا بە بەشخۆری مەسئوولە حزبییەکانەوە گرێ دراوە. ئەوەی لە نێزیکەوە چاوەدێری دۆخی هەرێم بکا، باش دەزانێ دیاردەی مەسئوولی حزبی چ رۆڵێکی چارەنووسسازی لەسەر بەهێزبوونی کەرتی تایبەت هەیە.

 

ئاماژەدان بەو خاڵە لاوازانە، لە خۆیدا نیشانەی نەفی کردنەوەی گشت پێکهاتەکە نییە. بەڵام پاش تێپەرینی ٢٠ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کوردیدا لەم دەڤەرە، زوڵمێکی گەورە لە کەسایەتی مەدەنی خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکەین ئەگەر دیسان وەک ئەزموونێکی ساوا باس لە حکوومەتی هەرێم بکەین. پێداچوونەوە بەو خاڵانەی کە لە سەرێدا هاتنە بەرباس ئەم ئاکامە بەدەستەوە دەدا کە فازی سێهەم، واتە بەرچاوگەی گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستان نەچوەتە نێو قۆناغی جێبەجێ کردن و لە راستی دا ئاسۆی دامەزراوەبوون لەم هەرێمەدا، ئاسۆیەکی لێڵ و ناهومێدکەرە. کەشی سیاسی کوردستان تا ئێستاش لەبن شمشێری دامۆکلێس دا رزگاری نەبووە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ویژدانی کۆمەڵگا زیندوو رابگرن، خەڵکی ئەم دەڤەرەیان لە نێوان ترس و هیوادا راگرتووە.

 

٣/ دۆخی سیاسی/ کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی کوردی ئێران

لە پێوەندی بە تەوەری سێهەمی ئەم باسە، حەزدەکەم ئاماژە بە خاڵێکی لاوازی پرسیارەکەتان بکەم، ئەویش دەگەرێتەوە بۆ دیاری کردنی دەوری یەکلاکەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە چارەنووسی بزاڤە فرەرەهەندییەکانی کوردستانی ئێران دا. هەرکەسێک لە نێزیکەوە چاوەدێری دۆخی هەنووکەیی کوردستانی ئێران بکات، گوومانی لەوەدا نامێنێ کە بزووتنەوەی کوردی لە ئێران فرەرەهەندە و لەهەمان کاتدا خاوەن ناسنامە و ستراتیژی جیاوازە. بۆ نموونە لەم دەساڵەی دواییدا رێکخراوەی مەدەنی فرەچەشن، سەندیکا پێشەییەکان و ئینجیۆکان – چ بەشێوەی یاسایی یاخۆ نافەرمی – لە کوردستان دا چالاکیان هەیە کە لەخۆیدا هەبوونی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنن. ئاماژە نەدان بەم فاکتە گرینگەی کۆمەڵگای کوردی لە ئێراندا، لەخۆیدا چاوپۆشی کردنە لە هیز و پۆتێنسیالێکی چارەنووس ساز لە رەوتی گەشەی کولتوری سیاسی کۆمەڵگا.

 

لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی مافخوازی کورد لە ئێران دا، خاوەن پلاتفۆرمێکی یەکدەست نییە. لە دوای دەیەی حەفتای هەتاوییەوە، رەوتێکی دیکەی خەباتی مافخوازی کورد لە ئێران سەری هەڵداوە کە ویست و مافەکانی نەتەوەی کورد لە ئێراندا و لە چوارچێوەی مافی شارومەندیدا تەعقیب دەکا کە ناتەبایی لەگەڵ ئەسڵی قانوونی ئەساسی ئەم وڵاتەدا نییە (ئێستا بۆچی ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانییوە لە بەدەست هێنانی مافی شارومەندی کورددا سەرکەوتوو بێت، باسێکی دیکەیە کە رەنگە لە دەرفەتێکی دیکەدا وڵام بدرێتەوە). بەم پێیە ئێمە لە کوردستان لەگەڵ دوو پلاتفۆرمی مافخوازی دا بەرەورووین؛ یەکەم بزوتنەوەی دیاریکردنی مافی چارەنووسە (دەسەڵاتی کوردی) و، دووهەم بزووتنەوەی مافی شارومەندییە (خەبات بۆ ناسنامەی مەدەنی). بەم چەشنە من هەوڵدەدەم ئەگەری کاریگەری ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کۆردستان هەم لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە تاراوگە و، هەم بزوتنەوەی کوردی لە نێوخۆی ئێراندا شرۆڤە بکەم و ئاماژە بە خاڵە نەگەتیڤ و پۆزیتیڤەکانی بکەم.

 

سەرەتا حەزدەکەم لەم پرسیارەوە دەستپێبکەم کە ئایا خۆپیشاندانەکانی ئێستای کوردستان رەوتێکی ناشەرعی و نائاساییە؟ ئەوەی لە گەڵاڵەی پرسییارەکەتان دەردەکەوێ، گوومانێک لەسەر نەفسی ئەم خۆپیشاندانە بەرجەستە دەکاتەوە. بە پێی پرینسیبە دێمۆکراتییەکان هەموو داوایەکی سڤیلی لە هەر چەشنێک و لە هەموو حاڵەتێکدا، داوایەکی ئاسایی و شەرعییە. خەڵک لە شاری سلێمانی رژاونەتە نێو شەقامی گشتی و نارەزایەتی خۆیان لە دۆخی ئارایی دەر دەبڕن. ئەمە لەخۆیدا مافی دێمۆکراتیک و سڤیلیی هەموو شارومەندێکە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر سەرنج بە دروشمەکانیان بدەین، شتێکی ناشەرعی یاخۆ نائاسایی تێدا بەدی ناکەین. خەڵک بە دژی گەندەڵی رژاونەتە سەر شەقامی گشتی، کە حکومەت و تەنانەت سەرۆکی هەرێمیش ئیعتەرافی پێدەکەن. بەرپرسانی حکوومی پێویستە بە پێی ئەرکی دێمۆکراتیک و بەرپرسایەتی ئەخلاقییەوە بە پێشوازی ئەم داوایانە بچنەوە کە خۆپێشاندەران بەرزی دەکەنەوە. ئیتر پەنا بردن بۆ تیۆری پلانگێڕی و، پرۆپاگەندەی ئەوە کە دەستی دەوڵەتانی دەوروبەر لەپشت ئەم بزووتنەوەیە، چاوپۆشیکردن لە ئەسڵی واقعی کێشەکەیە و زۆر نامەسئوولانەیە. لە بیرمان نەچێ کە موبارەک، بن عەلی، قەزافی و حکومەتی ئێرانیش لە هەڵوێستەکانیان بە دژی خۆپیشاندەران دا سوود لە هەمان تیۆر وەردەگرن و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بە دنەدەری بزووتنەوە نارەزایەتییەکان تاوانبار دەکەن. عەقلانی ترین کار بۆ دەسەڵاتی کوردی ئەوەیە کە پێشوازی لەم راپەرینە شەرعییە بکات و ئەم حزووری جەماوەرییە بکات بە دەرفەت و هەروەها پاڵنەرێک بۆ خەبات کردن بە دژی گەندەڵی. لە وەها دۆخێکدایە کە گریمانەی دەستتێوەردانی بێگانەش پووچەڵ دەبێتەوە و، حکومەتیش دەبێتە خاوەنی پاڵپشتێکی بەهێز کە ئەویش ئامادەبوونی خەڵکی سڤیلە لە پرۆژە چاکسازییەکانی ئەم هەرێمە دا.

 

بەم لێکدانەوەی کە لەسەرێدا هاتە بەرباس، من کاریگەری ئەم رەوتە لەسەر بزووتنەوەی کوردی لە ئێران بە نەگەتیڤ نابینم و تەنانەت پێم وایە کاریگەری پۆزیتیڤیشی دەبێت. ئەگەر بزاڤی دژی گەندەڵیی لە هەرێمی کوردستان بتوانێ داواکانی خۆی بەسەر حکومەت دا بسەپێنێ، ئەوا دوورنمای دێمۆکراسی هەرێم گەشتر دەبێت و، بێگوومان هەبوونی وڵاتێکی دراوسێ کە پابەندی مەرجە دێمۆکراتیکەکان و کولتوری دێمۆکراسی بێت لە خۆیدا ووزەو هیوایەکی نوێ بە بزووتنەوەی دێمۆکراسیخوازی لە کوردستان و تەنانەت لە ئێرانیش دەبەخشێ. لە لایەکی دیکەوە ئەم بزاڤە دژی گەندەڵێێە لە خۆیدا پەیامێکی زۆر گرینگی بۆ چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی ئێران پێێە، ئەم پەیامە بزووتنەوەی مەدەنی لە کوردستانی ئێران وشیار دەکاتەوە کە پاراستنی کولتور و ناسنامەی مەدەنی تاچەند دەتوانێ رێگر بێ لە دووپاتبوونەوەی ئەم ئەزموونە.

 

لە پێوەندی بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لەتاراوگە دا، من هیوادارم ئەم خۆپیشاندانەی ئێستای هەرێم کاریگەری پۆزیتیڤی لەسەر ئەمان هەبێ. خوێندنەوەی ئەم خۆپێشاندانە و شرۆڤەکردنی هۆکارەکانی، دەتوانێ یارمەتی بە واقع بینی ئەم حزبانەی کوردستانی ئێران بگەیەنێت و لە ئەنجامدا ببێ بە خاڵێکی دەسپێک لەمەڕ چاکسازی لە دیسکۆرسی سیاسی ئەم حزبانە دا. ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە تاراوگە بە خوێندنەوەی ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان دەبێ بەم قەناعەتە گێشتبن کە بەرزکردنەوەی دروشمی رادیکاڵی نەتەوەیی تەنیا بۆ سەرنج راکێشانی جەماوەر و وەک پرۆژەیەکی کورتخایەن کارایی دەبێ، دەنا بۆ پرۆژە درێژخایەنەکان واتە جێبەجێ کردنی پرۆژە کەلانەکانیان پێویستییان بە گوتار و رەفتاری دێمۆکراتیک و مەدەنی هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئەم دۆخەی کوردستان ئەم راستییەش دەسەلمێنێ کە بزووتنەوەیەکی مافخوازی هەرچەندیش موقەدەس بێت، شیمانەی لە کەمین کەوتنی رەفتاری نادێمۆکراتیکیشی زۆرترە.

 

لەم میانەیەدا ئەگەر خاڵێکی نەگەتیڤ لە ئارادا بێت، لە پێوەندی بە نەفسی ئەم خۆپیشاندانەدا نییە، بەڵکە بە پێچەوانەوە لە ئاراستەی ماملەی دەسەڵاتی کوردیدایە. دەسەڵاتی کوردی دەبێ دەفرایەتی (زەرفیەت) و پشوویەکی ئەخلاقی و دێمۆکراتیک لە خۆی پیشان بدات کە بتوانێ ئەم بزاڤە لە هەناوی خۆیدا هەزم بکات. دەنا کاردانەوەی توندویژی و پشتگوێ خستنی مافی شارومەندان، نەک کاریگەری نەگەتیڤی لەسەر حزبەکانی کوردستانی ئێران دەبێت، بەڵکە لەسەر هەرێمی کوردستایش دەبێت. چوونکە رەفتاری نادێمۆکراتی لە نەفسی خۆیدا زەمینەکانی توندوتیژی هەموار دەکا.

بە سپاسسەوە

رزگار ئەمین نژاد

٠٨ / ٠٣ / ٢٠١١

 

سەرچاوە:

http://rojhelattimes.org/read.php?id=2505

 

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

Blog at WordPress.com.

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: