سێوەکانی هەڵوەرین!


هەموومان لە بێدەنگی دا و لەبن نمە نمی ئەو بارانە پاییزییەوە سەیری کابرای دوکەڵمان دەکرد. دایکم وشک هەڵاتبوو. هەستم دەکرد ئێستا بیر لەو هەمووە فرمێسکانەی دەکاتەوە کە بەسەر ئەم خاکەدا رشتبووی. ئیتر دڵە گەورەکەی شکا! کاس ببوو. بە بێ جووڵە لەو گۆڕە راما بوو کە ئیتر بەردە سپییەکانی لەسەر نەماون. چاوەکانی لەو شوێنە حاسیە ببوون. رەنگە لەمەودا غەریبی خاکێک بکەن بۆ گریان.

سێوەکانی هەڵوەرین!

رزگار ئەمین نژاد

ئێستا ئیتر دایکم وەک ئێوارەکەی شینگێڕی سەر قەبران، ناگریت. بە دڵشکاوییەوە لە لای ژورووی کێلەکەی گۆڕی باوکم دادەنیشێت و گوڵەکانی دەوری کێلەکەی ئاودەدات. ئەگەر چۆڕی ئاوی زیادی مایەوە، ئەوا بەردەسپپەکانی سەر سینگی گٶڕەکەشی پێدەشواتەوە. من و خوشکە چکۆلەکەشم بەدیار دایکمەوە هەڵدەتووکەین و بە بێدەنگی لەچاوەکانی رادەمێنین. کە دایکم ناگریت ئێمە زۆر خۆشحاڵ دەبین. نازانم بۆ! رەنگە لەوە دەترساین کە بەدەم گریانەوە رۆژێک ئەو چاوە هەنگوینیانەی قاڵ ببنەوە و، دڵۆپ دڵۆپ بەلاجانگیدا بێنەخوار!

یەکەم ئێوارەی گریانی دایکم بوو کە رێمان لەم گۆڕستانە کەوت. دایکم وەک شۆڕەبییەک بەسەر ئەم کێلەدا کەوت. گریا، هەر گریا، دەی قیژاند و دیسان دەگریایەوە. سەری بەسەر گۆڕەکەی باوکم دا دەکرد و بەدەم لاواندنەوەوە هەر دەگریا. کە سەری هەڵێنایەوە، بە لاچاویدا قوڕاو دەچۆرایەوە و چاوەکانیشی سوور سوور هەڵگەڕابوون. وەک قەترانی خوێن. سەری بەسەر خاکەکەدا دەکردەوە و بۆنی پێوە دەکرد. بەدەم گریانەوە بە مامی دەگوت: “درۆیە! برا راست ناکەن! کوا ئەم خۆڵە بۆنی ئەوی لێدێت؟ بەخوا وا نییە! درۆمان لەگەڵ دەکەن!” ئیتر هەموومان دەگریان. مامم دەیگوت: “بیکەن بۆ خاتری خوا بە سەبری بگرین!” منیش لە ترسانا هەنیسکم دەخواردەوە. بە دڵەراوکێەوە سەیری گریانی دایکم دەکرد و، لەبەری دەپاڕامەوە کە بە ئارامی بگری. دایکم شێتانە دەیقریشکاند و بە هەردوو دەستی خۆڵی بەسەر خۆیدا دەکرد. ئەو رۆژە هەر ئێمە لەوێ نەبووین، خەڵکی دیکەش پۆل پۆل لەدەوری بستە خاکێک ئاڵابوون و شین و شەوپۆڕیان دەکرد. لەخوا دەپارامەوە کە خۆر زوو ئاوابێت و بچینەوە بۆ ماڵەوە. حەزم دەکرد بچمەوە ژووری حەوشەکەمان و دڵنیا ببمەوە کە سێوەکان بەدار سێوەکەمانەوە ماون.

ئیتر دایکم وەک ئەو رۆژانە ناگریت. لە جاران کەمدوێ تر بووە. بە بێدەنگی لە بەردەسپییەکانی سەر خاکی باوکم رادەمێنێت و بە حەسرەتەوە هەناسەیەکی سارد هەڵدەکێشێت. هەست دەکەم هەناوی هەڵقرچاوی بەم هەناسانە فێنک دەکاتەوە. کپ و بێدەنگ. هێندە بێدەنگ دەبێت کە دەڵێی بەردێکی گرانە و لەسەر سینگی من کەوتووە. ئەم رۆژانە زۆر شتمان لێ وون بووە. وەک جاران نەماوە. زۆر جار بیری لێ دەکەمەوە و، حەز دەکەم بزانم کە ئەم شتانە بۆ وا زوو بزر بوون. زۆر سەیرە!

لە خوار گۆرستانەکەوە کابرایەکیشی لێیە کە لەسەر بەردێک دانیشتووە، گوڵێکی بەدەستەوەیە و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت. وەک هەمیشە دووکەڵێکی خەست لەسەر سەری مۆڵ دەخواتەوە. جارجار سەیرێکی ئێمە دەکات و دیسان سەر دادەخاتەوە و وەکوو کوورەخانە دوکەڵی لێ بەرز دەبێتەوە. حکایەتی کابرای دووکەڵ و گوڵەکەی دەستی ماوەیەکە هاتوەتە نێو ژیانمان. وەک هەمیشە لە خوار گۆرستانەکە و هەر لەو شوێنە، لەسەر بەردێک دادەنیشێت و سیگار بە سیگار دادەگیرسێنێت. دوکەڵ بەسەر سەریەوە لەنگەر دەگرێت و لە قانگی دووکەڵی سیگارەکەیەوە جار جار سەیرمان دەکات. کە دایکم چاوی پی دەکەوێت، گورج هەڵدەستێت، دەستمان دەگرێت، ناهێڵێت لە خەڵکی دیکە دوا کەوین و، بە پەلە لە گۆرستانەکە دوور دەکەوینەوە. لە ئاوڕدانەوەکانی را دڵنیا دەبوومەوە کە دوکەڵ و سەیرکردنی ئەم کابرایە دایکمی هەراسان کردووە. دەترسێت. زوو زوو دەنگمان دەدات و بە خێرایی بەرەو مینی بووسەکە دەمانبات و بە پەلە سوارمان دەکات. لەم کاتەدا پڕ بەدڵ حەزم دەکرد خوا کارێک بکا من زوو گەورە بم. ببم بە پیاوێکی بە قەڵافەت و بەهێز. جا ئەودەم ئەگەر چاوم بە پیاوێکی دووکەڵاوی کەوت کە گوڵێکی بەدەستەوەیە و لەسەر قەبران سیپە بۆ خەڵک دەنێتەوە، بیگرم و هەر بەو دەستانەم دەست بخەمە بینەقاقای و بیخنکێنم. دایکم لە پەنجەرەی مینی بووسەکەوە چاوی بۆ سەر خاکی باوکم دەگێرا و ئێمەش لە سیلەی چاوی دایکمانەوە دەمان بینی کە کابرای دووکەڵ، بەسەر گۆڕی باوکماندا شۆڕ بۆتەوە. هەتا مینی بووسەکە لەو شوێنە دووری دەخستینەوە، هەر دەمان بینی کە وەک کێلێک لە تەنیشت گٶڕەکەی باوکمان چەقیوە و دوکەڵ لەسەریەوە هەڵدەستێ. کە حەوتووەکەی دی هاتینەوە، بینیمان دەستە گوڵێک بە ژاکاوی لەسەر سینگی گۆڕەکەی باوکم داندراوە. دایکم سەیرێکی کرد و بە بێ وازی پێی وتم کە لەسەر گۆڕەکەی لابەم و، منیش بە ڕقەوە تووڕم هەڵدا. کە لام کردەوە، هەمیس کابرای دووکەڵ بوو کە لە شوێنی جاران دانیشتبوو. بە باوەش دووکەڵی لێ بەرز دەبێتەوە و جارناجار سەیری ئێمە دەکات و سەری دادەخاتەوە. وەک سێبەر بەدوامان دا دەهات. کە دەهاتین بەدوامان دا پەیدا دەبوو، کە دەرۆیشتین بەدوامان دا دەهات، بەڵام کە دەگێشتە سەر گۆڕەکەی باوکم، وەکوو کێلێک دەچەقی و ئەو دووکەڵە نەفرەتاوییە لەسەر سەری مۆڵی دەخواردەوە. ئەمجارەش لە پەنجەرەی مینی بووسەکەوە دەمان بینی، بەڵام ئێستا دایکم بە بێزارییەوە سەیری نەدەکرد. کە دوور دەکەوتینەوە و کابرای دووکەڵ لە چاومان بزر دەبوو، دایکم بە بێدەنگی لە ناو داڵانەکانی بیرکردنەوەی دا وون دەبوو. هەستم دەکرد بیر لە کابرای دوکەڵ دەکاتەوە. زۆر دڵ گران دەبووم. پێم خۆش بوو حکایەتی کابرای دوکەڵ وەک شتەکانی دیکەی ژیانمان بزر ببێت، تەواو بێت و واز لە دڵەراوکەی ئێمە و خەڵوەتی دەوری گۆڕەکەی باوکمان بێنێت.

ئەم ئێوارەیەش کە گۆرستانەکەمان بەجێ هێشت، کابرای دووکەڵ هەر وەک جاران، بوو بە کێلێک و لەسەر گۆڕی باوکم چەقی. وەک کوانووی سەربانی ماڵان دووکەڵ لەسەریەوە هەڵدەستا. لەولاترەوە هەورێکی رەش بەرەو گۆرستان دەخوشی. زریانێکی سارد کابرای دوکەڵی لە ناو تەپوتۆزدا بزر کرد و دڵۆپ دڵۆپ باران بەسەر شووشەی مینی بووسەکەدا دەکەوت. کە گێشتینەوە ماڵێ، باران بە گۆزە دەباری و هەور دەیگرماند و شووشەی پەنجەرەکامان دەلەریەوە. خوشکە چکۆلەکەم وەک چۆلەکەیەکی ترساو لە باوەشی دایکم دا گرمۆڵەی کردبوو و، منیش بیرم لە چاوە واق وڕماوەکانی دایکم دەکردەوە. ئەم حاڵەتانەی چاوی دایکم هەمیشە دەیترساندم. هەستم دەکرد شتێکی بەدوادا دێت، شتێکی یەکجار ناخۆش. ئەو شەوە دایکم نەی دەویست بخەوێت، یان رەنگە نەیدەتوانی بخەوێت. بە نائارامی بە ژوورەکەدا دەگەڕا، تاوێ لەبەردەم پەنجەرەکە رادەوەستا و سەیری بارانی دەکرد کە زریان بە دەرو دیواری مالەکانی دا دەدا. دەمزانی کە دایکم سەیری باران دەکات، بەڵام دڵنیا بووم کە ئەو باران نابینێت. سەیر دەکات، بەڵام نایبینێت. لە پەنجەرەکە دوور دەکەوتەوە و لێفەی لەسەرمان هەڵ دەدایەوە کە دڵنیا بێت ئێمە خەومان لێ کەوتووە. کە دایکم لێم نێزیک دەبووەوە چاوەکانم دەقونجاند، کە لێفەکەی بەسەرما دەدایەوە، چاوم هەڵدێنایەوە و لەبن لێفەوە سەیری لێزمە ئاوی بارانم دەکرد کە بە شووشەی پەنجەرەکەدا شۆڕ دەبوونەوە. یادی ئەو رۆژە بەهارییە دەکەوتمەوە کە رەنگی شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان بەسەر حەوشە و ماڵەکەمان دا کەوتبوو. خوشکە چکۆلەکەم بانگی دایکمی دەکرد: “دایە، دایە، دارەکەمان گوڵی کردووە!” دایکم بە دەم بزەوە دەیگوت: “ئەزیزم، ئینشائەڵا گوڵی دیکەش بەرێوەیە! گوڵێکی پاییزی!” خوشکەکەم پرسی: “ئەویش سێو دەردەکات؟” دایکم بە پێکەنینەوە و لە کاتێکا لەبن چاوەوە سەیری منی دەکرد وتی: “بەڵێ! سێوێکی زۆر زۆر گەورە!” و، بە تاسەوە چاوی لە شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان بڕی بوو.

دایکم دڵنیای کردبووینەوە کە کاتێ ئەم شکۆفانە بوون بەسێو و سێوەکانیش پێگەیشتن، باوکمان دەگەرێتەوە. هەموو بەیانییەک من و خوشکەکەم بەدیار شکۆفەکانەوە دادەنیشتین و چاوەرێی سیومان دەکرد. سێوی سوور، یان رەنگە زەرد. سێوی گەورە.

کە شنە بایەک بە حەوشەکەماندا دەگەڕا، شکۆفەکان لە لقی دارەکە بەردەبوونەوە و بە هێوڕی بەسەر عەرزی دا دەرژان و بۆنیان بە بۆنی خاکەوە دەکرد. ئەو بەهارە شکۆفەکان زووتر هەڵوەری بوون. هاوینەکەشی بەخێر نەبوو. هەر زۆر زوو زریانێکی گەرم هەڵی کرد و بە نێو دەر و کۆڵانی شاردا لوولی خواردەوە و، سێوەکان زووتر لە وادەی خۆیان هەڵوەرین. دایکم دەی گوت: “حەیف!” من و خوشکیشم هەراسان دەبووین کە نەکا باوکم بەسەر حەوشەیەکی رووت و سارد دا بکەوێت. لەبەر خوا دەپارامەوە کە سێوەکان هەڵنەوەرێن و، بەشی هاتنەوەی باوکمانی پێوە بمێنێتەوە.

کە لەگەڵ دایکمان چووین بە دوای باوکمان دا، هێشتا چەند دانە سێو بە سەر پەلی دار سێوەکە مابوونەوە. دایکم شانەی بە پرچی خوشکم دا دەهێنا و منیش بەرگێکی جوانم لەبەر کردبوو و لەبن دارەکە سەیری سێوە زەردەکانم دەکرد. کە خاڵم لە دوامان هات، من چاوم هەر لە سێوەکان هەڵنەبڕی بوو. رۆیشتین و لە رێدا هەر لەبەر خوا دەپارامەوە کە زریان هەڵنەکات و سێوە زەردەکان بەر نەداتەوە. لەبەر درگای زیندان راوەستاین، چاوەرێمان کرد. دایکم جارجار سەری بە دەربیجەیەک دا دەکرد و پرسیارێکی دەکرد و دەگەڕایەوە لامان. زەمان هەر دەهات و خاو دەبوەوە و ترپەی دڵی دایکیشم بەرزتر. من و خوشکم لەبن سێبەری دیوارەکە دانیشتبووین و بازەڵێنمان دەکرد کە دەنگێک لە دەربیجەی ژوورەکەوە بانگی دایکمی کرد. دایکم و خاڵم لە درگایەکی سووەوە چوونە ژوور و، ئێمەش وەک دارسێوی حەوشەکەمان چاوەرێی سێوێکی زۆر زۆر گەورەمان دەکرد.

کە دایکم هاتە دەر، رەنگی روخساری گۆڕا بوو، وەک سێوەکانی حەوشەکەمان زەرد زەرد هەڵگەڕا بوو. بە بێ دەنگی دەستی ئێمەی توند توند گرت و بەداوی خۆێدا پەلکێشی کردین. خاڵم دەتگوت ئەژنۆی شکاوە، جانتایەکی بەدەستەوە بوو و هێواش هێواش بەدوامان دا دەهات. درگای ماشینەکەی کردەوە، جانتاکەی دایە دەست دایکم و ئەویش لەسەر کۆشی خۆی داینا. دایکم کاغزێکیشی بەدەستەوە بوو. بە زەحمەت توانیم وەشەیەک و ژمارەیەک بخوێنمەوە؛ “گۆڕستانی … ژمارە ٣٦٧ …” خۆشکم تێنەدەگێشت، منیش …! سەری دایکم وەک سێوەکانی حەوشەکەمان بە ملییەوە لار ببوەوە، دەستەکانیشی سارد سارد وەک پەلی دارسێوەکەمان دەلەرزین. ترسام. زۆر زۆر ترسام کە نەکا نەرمە بایەک سەری ئەمیش بەربداتەوە. بە سڕی و سووڕمانەوە زەنجیری جانتاکەی کردەوە. خوشکم وتی: “ئەوە خۆ سەعات و عەینەکەکەی باوکمە!” ئیتر دایکم قوڕگی گریانی تەقییەوە و دایە پڕمەی گریان. ئێمەش گریان، نەک لەبەر ئەوەی کە زانیومانە چی قەوماوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دایکم دەگریا و دڵنیاش بووین کە حەتمەن شتێک قەوما بوو کە قبوڵ کردنەکەی زۆر زۆر ئەستەم بێت.

بە دەم باران و خەیاڵەوە خەوم لێ کەوتبوو. نازانم دایکم ئەو شەوە خەوی لێ کەوتبوو یان نا. بەیانی زوو بە دەنگە دەنگی مام و خاڵەکانم لە خەو هەستام کە دەوری دایکمیان دابوو و، هەستم دەکرد بەتەمان لە بڕیارێک پەشیمانی بکەنەوە. دایکم وەک هەمیشە و، وەک شاخێکی سەخت لەسەر بڕیاری خۆی راوەستابوو. لێیان نێزیکتر بوومەوە و بینیم کە دایکم پاچ و پێمەرەیەکی بەدەستەوەیە و چاوەکانی تەژی لە پاڕانەوەن و لە ناو ئاپۆرەی کەس و کاری دا راوەستاوە. دڵم داچڵەکی. نازانم بۆ لە نەکاو بیرم بۆ لای دارسێوەکە چوو! دارێک کە بەر رانەگرێ، بۆ تەندوور باشە! بە پەلە خۆم گەیاندە حەوشەکەمان و لە بن دارسێوەکە راوەستام. باران هەروا بە خوڕەم دەباری. ئێستا ئیتر دارسێوەکە گەڵاکانیشی هەڵوەری بوون. یادی شکۆفەکانی ئەو رۆژە بەهارییە و سێوەکانی دەم زریانی گەرمی هاوین، دڵتەنگی کردبووم. شتەکان بۆ وا زوو بزر دەبن؟ کە بیرم لە بزر بوونی دارسێوەکەش دەکردەوە، ئارام و قەرارم لێ هەڵدەگیرا. دڵنیا بووم بۆ بەهارێکی دی ئەم دارسێوە شکۆفەی زیاتر دەردەکات. شکۆفەکان دەبن بە سێو، سێوی سوور یاخۆد زەرد. خۆ قەرار نییە هەموو ساڵێک هاوینەکەی بە زریانێکی گەرم دەست پێبکاتەوە. ئەگەر وابا تاقە سێوێکیش لەم دنیایەدا دەست نەدەکەوت بۆ خواردن.

هەور دەیگرماند، باران بە ئاسمانەوە تەندوورەی دەخواردەوە و بەسەر دار و بەردی ئەم شارەدا دەرژا. کەس بە دەرەوە نەبوو. خەڵکی شار خۆیان لە ژوورەکانیان خزاندبوو. دووکەڵی سۆبەی ماڵان وەک هەڵمێکی خاو بە ئاسمان دا بڵاو دەبووەوە. کەس نەیدەزانی ئەم هەموو هەور و بارانە لە کوێڕا دێت. خاڵم ماشینەکەی لەبەر درگا راگرتبوو. ئاوی باران وەک چۆمێک بە ژێر ماشینەکەی دا دەرۆیشت. هەموومان سوار بووین. نازانم بەو پاچ و پێمەڕانەوە چۆن جێگامان بووەوە! کە بەسەر پردەکەی نێو شاردا تێپەڕین، بینیمان کە چۆمەکە هەستاوە. ئەگەر باران هەروا بێ بڕانەوە ببارێت، لافاو ئەم شارە لەگەڵ خۆی دەبات. کەس نازانێ بۆ کوێی دەبات. رەنگە بۆ شوێنێکی زۆر دوور. شوێنێک کە ئیتر کەس نەیبینێتەوە. کە لە گۆرستانەکە نێزیک بووینەوە، هەورەکان کەمێ تەنکتر ببوونەوە و بارانیش دڵۆپ دڵۆپ لێرەو لەوێ دەکەوتن. دنیا چۆڵی چۆڵ بوو، هەر ئێمە بووین و قەبرەکان، ئەو قەبرانەی کە بەریز لەبن ئەم بارانەدا راکشا بوون. بیرم کردەوە ئەگەر نەمامی دارسێوێک لەسەر گۆڕەکەی باوکم بچەقێنین، رەنگە بۆ ئەم بەهارە شکۆفە دەر بکات. باوکم حەزی لە پشکووتنی شکۆفەی دارسێوی حەوشەکەمان دەکرد. بە پشتێنەکەی خۆی جۆلانەیەکی بە دارسێوەکەوە هەڵدەواسی و من و خوشکمی بەنۆرە سوار دەکرد و پاڵی پێوە دەناین. دەیگوت ئێستا جۆلانە کردن خۆشە! هەر بەراستی خۆش بوو. کە توند پاڵی پێوە دەناین، دەتگوت ختیلکەمان دێت، لەشمان سووک دەبوو و، لە خۆشیان قاقا پێدەکەنین. تاوێ لێمان دوور دەکەوتەوە و لەسەر لێواری پیلکانەکان دادەنیشت و سەیری دەکردین. ئێستا ئیتر شکۆفەکان بەسەرماندا دەبارین و باوکم بە بزەلێدانەوە شاگەشکەی ئەم تێکەڵاوییە دەبوو. تێکەڵبوونی ئێمە و دارسێو و جۆلانە و قاقای پێکەنین و شکۆفەکانی هەڵوەرین.

لە تەنیشت گۆرستانەکە، لە ماشێنەکە دابەزین و چاومان بە دەور و بەری گۆڕستان دا گێڕا. کەس دیار نەبوو، چۆڵ و بێدەنگ. رەشە با گەواڵ گەواڵ هەوری رەشی لەسەر شار کۆ دەکردەوە و دنیا لەبەر چاوماندا لێڵ و لێڵ تر دەبوو. کە یەکەم پاچیان لە گۆڕی باوکم دا، دڵنیا بوومەوە کە جەماعەت بۆ ناشتنی نمامی دارسێو نەهاتوون. بە مەراقەوە حەزم دەکرد حیکایەتەکانی قەدیم وەراست بگەرێن و باوکم بە زیندووی لەبن ئەو گۆڕە بێتە دەر. خۆزگە وابێت. زۆرم وەڕەسی دەکرد. نازانم چی رووی دا کە وای کرد ئیتر باوکمان لە نێوانمان نەمێنێت و، هەر لەپشت دیوارە شووشەییەکانی زیندانەوە بیبینین و بە تەلەفۆن گوێمان لە دەنگی بێت. باران نمە نمە دەباری و منیش چەترێکم هەڵدا بوو و سەیری جەماعەتم دەکرد. لە نەکاو مامم وتی: “هێواش! راوەستە، ئەوە دەستی دەرکەوت.” دایکم بە خێرایی بازی دایە نێو گۆڕەکەی. وەک ئەوەی دەست بۆ پەپوولەیەک ببات، بە هێوڕی دەستی برد بۆ دەستی باوکم. ئەو دەستە سپییانەی کە ئێستا رەش رەش هەڵگەرابوون. بە ئارامی گڵەکەی لەسەر لادا. باوکم دەستی وەک مشتێک گرێ دابوو. دایکم سەرەداوی زەنجیرێکی ئاڵتوونی بینی کە لەبن پەنجەکانیەوە دیار بوو. دەستی رەق ببوو، بە ئاسانی نەدەکراوە. دایکم ویستی بە تۆبزی قامکەکانی پێ بکاتەوە. مامم بە دەم گریانەوە وتی: “مەکە، توخوا مەکە. گوناحمان دەگاتێ!” دایکم نەدەگریا، هەر دەیویست ئەو زەنجیرە ئاڵتوونییە لە مستی دەر بێنێت. هەستم دەکرد دایکم شتێکی لێ وون بووە کە ئێستا شێتانە بەدوای دا دەگەڕا. رەنگە شتێک بێ کە قەتی بیر نەدەهاتەوە. سەرەداوی زەنجیرەکەی گەرت و یەک بە خۆی رای کێشا. ئێستا گەردانەیەکی ئاڵتوونی بەدەستیەوە هاتووە کە سێوێکی ئاڵتوونی پێدا هەڵواسراوە. جەماعەت دایانە پڕمەی گریان. منیش. دایکم وەک خوودارەکان بۆ لای سەری چوو. بە چنگان گڵی لەسەر سەری لادا. سەرەتا پەرۆیەکی شین دەرکەوت، ئەوجار قژی ئاڵۆزکاوی ئافرەتێک دەرکەوت کە گوێ و گوارەکەی داپۆشی بوو.

کەس گریانی لە بیر نەما، منیش. پیلی دایکمیان گرت و لە گۆڕەکەیان هێنایە دەر. دایکم بە حەپەساوییەوە سەیری گەردانە ئاڵتوونییەکەی دەکرد کە سێوێکی بچکۆلانەی پێوە بوو. زاری کرابووەوە، بەڵام هەر بە چاو قسەی دەکرد. ئێمەش سەرمان بەسەر گۆڕەکەدا کرد کە لەچکەیەکی شین و قژێکی ئاڵۆزکاو لەناو قوڕ و گڵ دا دەرکەوتبوون. بۆن و دووکەڵی جگەرەیەک لە نەکاو بەناومان دا بڵاو بووەوە. کابرای دووکەڵ بە بێدەنگی لەپشت سەرمان راوەستا بوو. هەراسان بووم. بە پەلە باوەشم بە دایکم دا کرد. وەها توند دایکم لە باوەش گرتبوو کە هیچ دەستێکی ئەم دنیایە نەتوانێ لە باوەشم بکاتەوە. بە کۆخە کۆخ بەنێو جەماعەتدا رێگایەکی کردەوە و لە حاست من و دایکم راوەستا. چاوێکی لە نیگا حەپەساوەکانی دایکم کرد و، بزەیەکی دوکەڵاوی بەرووی دایکم دا لێدا. لەو بزانەی کە ئەمرۆ لەسەر روخساری خەڵک پەیدا دەبن و وەک سێوە زەردەکانی حەوشەکەمان بەدەم زریانێکەوە هەڵدەوەرن. بەرو گۆڕەکە رۆیشت. پشوویەکی راگرت و بە نیگایەکی مێهرەبانەوە سەیری لەچکە و قژەئالۆزکاوەکەی کرد. سیگارێکی دیکەی بە سیگارەکەی داگیرساندەوە و بە دووکەڵ هەموومانی قانگ دا. پێمەرەکەی لە دەست خاڵم وەرگرت و ئارام ئارام گۆڕەکەی داپۆشیەوە. لەلای لاقەکانییەوە دەستی پێکرد و کە گێشتە لای سەری، بە ئارامی چووە ناو گۆڕەکە و بە پەنجە لەرزۆکەکانی، دەوری روخساری پاک کردەوە و لەچکەکەی لە سەروچاوی پێچایەوە. ئەوجار ئارام ئارام بە گڵ دایپۆشی. کەس تاقەتی نەبوو یارمەتی بدات. رەنگە ئەوێش حەزی نەدەکرد کەس یارمەتی بدات. تا بە ئەوکاتە هەستم نەکردبوو کە پرچی کابرای دووکەڵ چەندە سپییە. کە تەواو بوو سیگارێکی دیکەی داگیرساندەوە و پشتی لە جەماعەت کرد و وەک چۆلەکەیەکی خوساوی بەر باران، پاڵی بە کێلی گۆڕەکەوە دا.

هەموومان لە بێدەنگی دا و لەبن نمە نمی ئەو بارانە پاییزییەوە سەیری کابرای دوکەڵمان دەکرد. دایکم وشک هەڵاتبوو. هەستم دەکرد ئێستا بیر لەو هەمووە فرمێسکانەی دەکاتەوە کە بەسەر ئەم خاکەدا رشتبووی. ئیتر دڵە گەورەکەی شکا! کاس ببوو. بە بێ جووڵە لەو گۆڕە راما بوو کە ئیتر بەردە سپییەکانی لەسەر نەماون. چاوەکانی لەو شوێنە حاسیە ببوون. رەنگە لەمەودا غەریبی خاکێک بکەن بۆ گریان. لە نەکاو تەکانێکی وەبەر خۆی دا و بە ئارامی گەردانەکەی لەسەر کێلی گۆڕەکە بەجێ هێشت و، دەستی منی گرت و بەرەو ماشێنەکە رۆیشتین. دیسان باران بە خۆڕمەم دەستی پێ کردەوە. لە شووشەی ماشێنەکەوە زوو زوو ئاوڕم لە گۆرستانەکە و کابرای دووکەڵ دەدایەوە کە ئیتر وەردە وردە خەریک بوو ئەوانیش بزر دەبوون.

02.09.2010

2 thoughts on “سێوەکانی هەڵوەرین!

Add yours

  1. بژی زۆر جوان بوو
    چیرۆکێکی هەست بزوێن بوو. لینکەکەی بۆ دوستانم ئەنێرم کە ئەوانیش بیخوێننەوە. حەتمەن وەک من زۆریان پێ خۆش ئەنێ.
    کاک رزگار کارێکی خاس ئەکەی کە لە فەیسبووکیش ئەم بابەتانەت دائەنێی. ئاوا خەڵکانی تر ئەتوانن بابەتە تازەکانت بخوێننەوە.
    سەرکەوتوو بیت
    لەیلا

    لایک

  2. بەراستی جوان بوو. زۆر لەمێژ بوو ئاوەها چێژیم لە چیرۆک نەدیتبوو. دەست خۆش و بەردەوام بی کاک رزگار. هیوا زوازم بە بەرهەمی نوێ شادمان بفەرمووی.
    ئاشنایەک

    لایک

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out / گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out / گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out / گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out / گۆڕین )

Connecting to %s

Blog at WordPress.com.

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: