خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (بەشی پێنجەم)


پارسۆنس لە تیۆرەکانی دا پیشانمان دەدات کە چۆن ستروکتوور رەفتارەکانی ئەکتەر تەیار دەکات، بەڵام ئەم ئەنجامە بە دەستەوە نادات کە ئەکتەر چۆن کاردانەوەی خۆی لەهەمبەر ستروکتوور دا دەردەخات بە بێ ئەوەی کە دەرەنجامی کاردانەوەی ئەکتەر ببێتە هۆی قەیران و ئاڵۆزی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دا. ئازادی تاک لەم بەستێنەوە لە پێناو هێشتنەوەی دەرکی کۆمەڵگا لە تەناهی و سەقامگرتووی دا فەنا دەکرێت.

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (بەشی پێنجەم)

رزگار ئه‌مین نژاد

کۆمەڵناسی و بنسیستەمی دامەزراوە

تیۆری “سیستەمە گشتییەکانی ماملە”، بە شێوەیەکی گشتی، دەلالەت لە کۆمەڵێ دیسیپلینی زانستیانە دەکات. هەرکام لەم بنسیستەمانە کە پێشتر باسیان لێ کرا بە پێی بنەما مەعریفییەکانیان خاوەن دیسیپلین و چوارچێوەیەکی پراکتیکین کە لە مەیدانی ماملەکانی مرۆڤ دا رەچاو دەکرێن. بۆ نموونە بنسیستەمی دامەزراوە لە پیوەندی بە زانستی کۆمەڵناسی دا شرۆڤە دەکرێت (وەک چۆن پرسی تاک لە بنسیستەمی کەسێتی دا پێوەندی بە سایکۆلۆژی هەیە). پارسۆنس ئەرکی کۆمەڵناسی لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر نیهاد و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و ستروکتوور بەگشتی، رێکارەکان و فۆنکشیۆنەکانی کۆمەڵگا دا دەبینێت. هەر لەم پێوەندییە دایە کە فۆرمی “ئاجییل” وەک بنەمایەک بۆ پۆلین کردن و شرۆڤە کردنی توخمە فرەچەشنییەکانی دامەزراوە مەدەنییەکان رەچاو دەکات، بۆ نموونە پرسی کۆدەنگی کۆمەڵایەتی کە لە رێگای دامەزراوەکانەوە بە مەبەستی یەکدەست کردنی ئاقارێکی رەفتاری هەموار دەکرێت. بە شێوەیەکی گشتی بنسیستەمی دامەزراوە لە هەوڵی هەماهەنگی نێوان ماملە هەڤبەرە کۆمەڵایەتییەکان دایە، بۆ نموونە تاکەکان، گرووپەکان، رێکخراوە و کۆمەڵە مەدەنی و کولتورییەکان.

مۆدێرنیتە و گەشەی کۆمەڵایەتی

گەشەی کۆمەڵایەتی بە شیوەیەکی راستەوخۆ کاردانەوەی لەسەر گەشەی “تاک”ی کۆمەڵایەتی دەبێت. هەرچەشنە گۆرانکاری لە کۆمەڵگا دا بە ئاراستەی چاکسازی لە فۆرمی ستروکتووری کۆمەڵایەتی دا تێدەپەرێت و، لە ئەنجامدا وچەی سەردەمی گۆڕان دەخاتە ژێر سریمەی ئەم گۆڕانکارییانە. ئەوەی لەم باسە دا دەردەکەوێت پرسی گەشەکردنی ‌شێوازەکانی ماملەی کۆمەڵایەتی تاک لە کۆمەڵگا دایە، کە راستەوخۆ دەکەوێتە بەر کارتێکەری ئەم گۆڕانکاریانە. پێشتر روانگەی پارسۆنسمان لەمەڕ ئیمکانی گۆڕان لە ستروکتوور دا خستە بەر باس. روانگەی پارسۆنس لەم سۆنگەیەوە روانگەیەکی پارێزگارانەیە (conservative) چوونکە ئەو پێی وایە پرسی “سەقامگرتویی” و “تەناهی” لە کۆمەڵگا دا لە گرەوی پاوەجێ بوون و مانەوەی ستروکتوور دایە. کەواتە ستروکتوور دیاردەیەکی ئابستراکە، بەڵام ئەم روانگەیە، ئەو واتایە ناگەیەنێت کە بە حوکمی پاوەجێ بوونی ستروکتوور، کۆمەڵگا ناکەوێتە بەردەم شەپۆلەکانی گۆڕان، کە راستەو خۆ نیازی سەرەکی و لەهەمان حاڵدا حوکمێکی جەببریە بۆ کۆمەڵگا. بەڵام لەم میانەیەدا بابەتێک جێی سرنجە کە پێوەندی هەیە بە پرسی ئەکتەر. دەوری ئەکتەر لە نێو تیۆرەکانی پارسۆنس دا لەژێر سێبەری ستروکتوورەوە خۆی دەردەخات و، لێرەدا پێناسەیەکی دوالیزمانە لەمەڕ شووناسی تاک لە ئارادایە. شووناسی تاک لەم بەستێنە تیۆریکەوە لە نێوان دوو تێگێشتنی کۆگنۆتیڤانەدا خۆی پێناسە دەکات کە بریتییە لە پێناسی “من” و پێناسی “بان من”. پێناسی “بان من” ئاماژەیە بە چەمکە بنەماییەکانی تاکی کۆمەڵایەتی کە بە ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شووناسی خۆی دیاری دەکات و لە ئەنجام دا ئەم وشیارییە کۆمەڵایەتییە لە ماملە کۆمەڵایەتییەکانیدا رەنگدانەوەیان دەبێت. پێناسی “من” لە تیۆرییەکانی پارسۆنس دا جێگای نییە، چوونکە شووناسی “من” خاوەن چەمکێکی ئیندیڤیدوالیزمییە (تاکگەرایانە) و لە تیۆرییە ئیرادەگەراییەکاندا زیاتر دەکاری دێنن، کە دواتر لە درێژەی ئەم بابەتەدا دێتە بەر باس.

Parsons
تاڵکۆت پارسۆنس (١٩٠٢-١٩٧٩)

وەک لە سەرێدا هاتەبەر باس “ئەکتەر” لە تیۆری پارسۆنس دا پەیرەوی لە پرۆسەی گەشەی ستروکتور دەکات و لەم تیۆرەدا تاکی کۆمەڵایەتی خاوەن ناسنامە و لەهەمان حاڵدا پێناسی دیاردەیەکە بە ناوی “بان من”. بە شیوەیەکی سادەتر ئەگەر ئەم بابەتە وورد بکەینەوە، ئاماژەیە بە نۆرم، بەها، بنەما ئاکاریی و پێوەندییە کولتورییەکانی تاک کە لەژێر سریمەی بنسیستەمی کولتوریدا بەرهەم دێنەوە و تاکی تێدا پەروەردە دەکرێت. “من” لە روانگەی پارسۆنسییەوە رەنگدانەوەی دەسەڵاتێکی کولتورییە بە ناوی “بان من” کە لە فۆرمی سیمبولە ئاکارییەکاندا و کاردانەوەی هەڤبەردا خۆی دەردەخات ().

کە دێنە سەر باسی گۆڕان لە ستروکتوور دا، پێویستە کەمێک بە پارێزەوە و هەروەها بە وەسواسەوە سەرنج بەم بابەتە بدرێت. پێشتر بینیمان کە ستروکتوور لە روانگەی پارسۆنسەوە دیاردەکی چەقبەستووە کە کەمتر دەکەوێتە ژێر سریمەی تەوژمی گۆڕان. هەرچەشنە جووڵەیەک لە کۆمەڵگا بەگشتی و بنسیستەمەکان بەتایبەتی لە خزمەت رەوتی گەشەی ستروکتووردا دەبێت نەک گۆڕان لە ستروکتوور دا. بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە لەمەڕ چۆنیەتی ستروکتووری سیستەمی بەرێوەبەری زانکۆکان، رەنگە ئەم بابەتە سادەتر شی بکرێتەوە؛ بۆ نموونە سیستەمی بەرێوەبەری زانکۆ (ستروکتوور) خاوەن کۆمەڵێک بنسیستەمی لاوەکییە. تێکڕای ئەرک و کارکردەکانی ئەم بن سیستەمانە تەواوکەری چەمکی سەرەکی سیستەمێکن بەناوی زانکۆ. زانکۆکان جگە لەوەی فۆنکشیۆنێکی پەروەردەیی هەیە، لەهەمان حاڵدا فۆرمی کۆمەڵگایەکی بچووکترە لە نێو کۆمەڵگایەکی گەورەتر کە لەباری بەرێوەبەرییەوە خاوەن سیستەمێکی بەرێوەبەرین. سیستەمی بەرێوەبەری زانکۆکان خاوەن زەنجیرە بنسیستەمگەلێکن کە هەرکام بەپێی کارکردی خۆیان و ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانیان بە شێوەیەکی هاوتریب چالاکن. بۆ نموونە سەرۆکایەتی زانکۆ، لێژنەی بەریوەبەری، لێژنەی ئابووری، لێژنەی کولتوری، لێژنەی خزمەتگوزاری، لێژنەی هەڵسەنگاندن و هتد، ئەمانە گشتیان بە پێی پەیرەو و بەرنامەکانی نێوخۆی زانکۆ چالاکی دەنوێنن. بێگومان لەم لێژنانەدا تاکەکان دەور دەبینین و بە پێی زەمەن وچەیەک جێگای خۆی بە وچەیەکی دیکە دەدات. ئەم جێگۆرکێیانە هیچ گۆڕانێک لە فۆرمی سەرەکی ستروکتووردا – کە هەمان سیستەمی ئیداری زانکۆیە – پێک ناهێنێت، بگرە ستروکتوور هەروا لە جێی خۆیدا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر لەم میانیەدا گۆڕان لە یەکێک لە پاژەکانی سیستەم دا پێک هات، بۆ نموونە یەکێک لە لێژنەکان لە فۆرم و کارکردی دا گۆڕانی تێدا پێک بێت، ئەوا لە درێژخایەندا گۆڕان لە فۆرمی لێهاتووی (بازدهی) ستروکتوور دا پێک دێت. بە واتایەکی دیکە ئەم پرۆسەیە بە ئاقاری گەشەسەندن دا گوزەر دەکات، دەنا ستروکتوور بە گشت فۆنکشیۆنەکانیەوە بەرردەوام دەبێت.

لەم گۆشە نیگایەوە دەبینین کە چەمکی “گۆڕان لە ستروکتوور” دا تایبەتمەندییەکی فۆنکشیۆنالیستی هەیە، واتە گۆڕان خۆی ئاراستەی فۆنکشێۆنەکان دەکات و دواتر دەچێتە خزمەت رەوتی گەشە لە ستروکتوور دا. تیۆری پارسۆنس لەمەڕ “سیستەمە گشتییەکانی ماملە” باس لە روانگەیەکی هەمەگیر دەکات کە پێوەندی بە تیۆریزەکردنی پێناسەیەکی گشتی هەیە لەمەڕ گشت کۆمەڵگاکان بەپێی زەمان و مەکان. بەڵام پرسیار ئەمەیە کە پارسۆنس لەمەڕ سەردەمی مۆدێڕن و لەهەمبەر چەمکی مۆدێڕنی کۆمەڵگا، چۆن ئەم تیۆرانە دەکار دەکات؟ هەروەها کاریگەری تاک وەک ئەکتەرێک چۆن لەم میانەیەدا خۆی دەبینێتەوە؟

پارسۆنس لە پێناسەکردنی بنسیستەمی دامەزراوە دا ئاماژە بە چوار ئەلێمێنتی سەرەکی دەکات کە بنەمای دیاری کردنی کارکردی ئەم بنسیستەمە دیاری دەکەن. ئەم ئەلێمێنتانە بریتین لە:

  1. ئابووری
  2. سیاسی
  3. کۆمەڵگای مەدەنی
  4. سیستەمی باوەرمەندی

هەرکام لەم ئەلێمێنتانە و کارکردەکانیان لە فۆرمی ئاجیل دا شرۆڤە کراون. پارسۆنس لە شرۆڤەکردنی چەمکی کۆمەڵگای ترادیشۆنی دا ئاماژە بە فۆرمی مولتیفۆنکشیۆنال (چند منظورە) دەکات کە لەودا سیستەمی “خێڵ تەوەری” کە لەسەر بنەمای خێڵەکی دامەزراوە، کارکردی بنسیستەمی دامەزراوەی لە ئەستۆ دا بووە. بۆ نموونە بنەماڵە یا خێل و تایفە ئەرکی پێراگێشتن و کۆنترۆڵ کردنی بەرهەم هێنان (ئابووری)، بەرێوەبەری لە رێگای دەسەڵاتی بنەماڵە یاخود خێل (سیاست)، پایبەندبوونی خێڵەکی (یەکدەستە بوون) و هەروەها بەرهەم هێنانەوەی ئۆلگووە رەفتارییەکانی (سوسیالیزاشێن) لە ئەستۆ بووە. گشت ئەم فۆنکشیۆنانەی کە هاتنە بەر باس بە تێکڕا پێناسەیەکن بۆ کارکردی “خێڵ” لە کۆمەڵگایەکی ترادیشۆنی دا.

کۆمەڵگای مۆدێڕن لە روانگەی پارسۆنسەوە گرینگی بە پسپۆری و هەروەها رێکخراوەی تایبەت دەدات کە ئەرکەکانی خۆی زیاتر لەمەڕ کارکردێکی کۆمەڵایەتی دیاری کراو دا چڕ دەکاتەوە و، گرینگترین پێناسەی ئەم چەشنە رێکخراوانە پرسی هەڵاواردنی دامەزراوەییە (institutional differentiation). کە باس لە هەڵاواردن دێتە ئاراوە، ئاماژەیە بە چوارچێوە دیاری کراوەکانی ماملە لە فۆرمی “ئاجیل” دا. بۆ نموونە دامەزراوە ئابوورییەکان لە فۆرمی وەبرهێنان و بڵاوکردنەوەی بەرهەم و دەزگا خزمەتگوزارییەکان دا پرسی فۆنکشیۆنی بەراوەردی (تطبیق) دەپارێزێت، سیستەمی سیاسی لە رێگای برۆکراسی ئیدارییەوە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی شارومەندان دابین دەکات و لە رێگای دەسەڵاتی شەرعی خۆیەوە ئاکارە مەدەنییەکانی شارومەندان لە چوارچێوەی کیانی سیاسی و بەرێوەبەری وڵات دا رێک دەخات. لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە لە دەرەوەی سیستەمی ئابووری کە هەمان بازارە و سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی، کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە ئارادایە کە لەسەر بنەمای بەشداری مەدەنیانە (نیهادە مەدەنییەکان، ئینجیۆکان، ئەنجوومەنەکان، سەندیکا و بە گشتی رێکخراوە مەدەنییەکان)، تۆڕی کۆمەڵایەتی (social networking) و ئەنگێزە خۆبەخشەکان دادەمەزرێن و، لە درێژخایەن دا لە چێ کردنی قەوارەی یەکدەستەبوونی (Integration) کۆمەڵگا و پاڵنەرە شاراوەکان و سیستەمە بڕوامەندەکاندا دەورێکی سەرەکییان دەبێت.

هەڵاواردنی دامەزراوەیی باس لە پێوەندییەکی کۆمپلێکس لە نێو کۆمەڵگا دا دەکات کە ئاستی هەماهەنگی کۆمەڵایەتی دەباتە سەرەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دامەزرانی رێکخراوەی فرەچەشن بە ناسنامەی تایبەتەوە، رۆڵی فرە چەشنی تاکەکان، ئەکتەری جیاواز و فرەلایەنانە، کاردانەوەی هەڤبەر و هتد. نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگا بەرهەمهێنانەوەی هاودژەکان و ناکۆکی و دابڕانە (تجزیە)، بەڵام پارسۆنس لەهەمبەر ئەم ئیمکانە – کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پچڕان لە هەماهەنگی کۆمەڵایەتی دا – باس لە سیمبولە کۆمۆنیکاشیۆنییەکان دەکات کە ئیمکانی پتەوکردنی ئەم هەماهەنگییە کۆمەڵایەتیانە مسۆگەر دەکات. بۆ نموونە هەرکام لە بنسیستەمەکانی بنسیستەمی دامەزراوە خاوەن مێدیۆم (واسطە) و ئامێری کۆمۆنیکاشیۆنی خۆیانن کە لە رێگەی ئەم مێدیۆمانەوە بەستێنی هاوپێوەندییەکی واتادار فەراهەم دەکەن؛ بۆ نموونە پارە لە دەستی بازاردایە، سیستەمی سیاسی خاوەن دەسەڵاتە، کۆمەڵگای مەدەنی خاوەنی نفووزە و سیستەمە باوەرمەندەکانی کۆمەڵگا () خاوەن ئەرکە بەهامەندەکانن. کارکردی ئامێرە کۆمۆنیکاشیۆنییەکان لە روانگەی پارسۆنسەوە دەبێتە هۆی هاوسەنگی و هەماهەنگی نێوان سیستەمە کۆمەڵایەتی و کاردانەوە هەڤبەرەکانیان کە لە هەندەر و هەناوی هەرچوار بنسیستەمەکانی بنسیستەمی دامەزراوەدا لە ئارادان. گشت ئەمانە هەڵگری دۆخێکی زەروورین کە پێوەندی هەیە بە سامان و دارابوون کە سەرمایەیەکی هاوبەش و گرینگە بۆ گشتیان. ئامێرەکانی کۆمۆنیکاشیۆن لەم میانەیەدا میدیۆمێکی سەرەکین بۆ چێ کردنی بەستەرێکی گونجاو بۆ ماملە کۆمەڵایەتی و رەفتارە هەڤبەرەکان کە لە رێگای رۆڵی دیاری کراوی ئەم میدیۆمانە و هەروەها لە نێو چوارچێوەی دۆخێکی ستانداردیزێرەکراو دا ئەم پێوەندییە زیاتر چڕ دەکاتەوە، بۆ نموونە پێوەندی نێوان بازار و مشتەری لە قۆناغی سەوداکردن دا، یان پێوەندی کرێکار و خاوەنکار لە سیستەمێکی هیرارێشی دا و هتد. لە لایەکی دیکەوە ئەم ئامێرە کۆمۆنیکاشیۆنانە دەبن بە هۆی هەڵایساندنی ئەنگێزە لەنێو لایەنەکانی ماملە و لە ئەنجام دا پرسی هەماهەنگی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دا رێکدەخات؛ وەک ئۆکڤۆگ ئاماژەی پێدەدات، ئەگەر پارەم هەبوو ئەوا سەودا دەکەم، ئەگەر دەسەڵاتم هەبوو ئەوا بڕیار دەدەم، دەیسەلمێنم، یان ئەواتا لە چوارچێوەی نۆرم و بنەما مورالییەکاندا مەبەستی خۆم جێگیر دەکەم و هتد. لە رێگای ئەم دوو فۆنکشیۆنە گرینگانەوە ئامێرە کۆمۆنیکاشیۆنییەکان دەتوانن قەرەبووی گرفتە پیچیدەکانی نێوان هاودژەکان بکەن.

کۆبەندی روانگەکانی پارسۆنس

  • سترووکتوور و ئەکتەر

لەمەڕ مەبستی سەرەکی ئەم باسە کە پێوەندی بە کاریگەری دوو توخمی ئەکتەر/ ستروکتوور لەسەر چێ بوونی چەمکی کۆمەڵایەتی تاک دا هەیە، بینیمان کە پرسی “ستروکتوور” لە نێو تیۆرەکانی پارسۆنس دا سەرنجێکی تایبەتی پێدراوە. تیۆری “سیستەمە گشتییەکانی مامڵە” و هەروەها تیۆری “نمونە گۆڕەکەکانی ماملە” بە شێوەیەکی گشتی باس لە سیستەمێکی بان تاکەکەسی دەکەن کە پرسی مامڵەکانی “تاک” دەخاتە ژێر سڕیمەی خۆیەوە. ئەوەی لەم شرۆڤەکارییەدا دێتە بەر چاو، ئەوەیە کە پارسۆنس لەمەڕ پرسی کاریگەری “ئەکتەر” لە چێکردنی زەمینەکانی مامڵە و هەروەها گەشەی کۆمەڵایەتی دا دەرەنجامێکی داهێنەرانە بە دەستەوە نادات، بەڵکە ئەم باتە بە شێوەیەکی کۆنکرێت لە خانەی دەوربینینی تاکە کۆمەڵایەتییەکان لە بنسیستەمی دامەزراوە دا بەرجەستە دەکرێتەوە کە دواجار بە ئاراستەیەکی چاکسازیانە دا و لەرەوتی بەرهەمهێنانەوەی ئۆلگووە رەفتارییەکان دا، دەبێتە هۆی چێکردنی زەمینەی گەشەی کۆمەڵایەتی و هەروەها تەنزیمی ماملە کۆمەڵایەتییەکانی تاک. هەر لەم سۆنگەیەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵناسانی مۆدێرن لەسەر ئەوباوەڕەن کە پارسۆنس لەم تیۆرانەدا نەیتوانیوە ریکارێکی گشتگیر لەمەڕ کێشەی نێوان دوو روانگەی پۆزیتیڤیزم وئایدیالیزمەکان بێنیتە ئاراوە کە لەمەڕ پرسی کاردانەوەی هەڤبەری نێوان ئەکتەر/ ستروکتوور دا ناکۆکییان هەبووە. تیۆرەکانی پارسۆنس بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژێر سێبەری بنەمایەکی ستروکتوورالیستی دا چۆتە پێش کە تاکە لینکی پێوەندیدەر لە نێوان ئەکتەر ستروکتوور لە گرەوی ئامادەبوونی ئەکتەر لە نەزمی کۆمەڵایەتی دا دەبینێتەوە. لە وەها دۆخێکدا ئەکتەری سەربەست ناچارە ئازادیی تاکێتی خۆی فیدای گەشەی کولتور و رێکخراوە بکات. بە شێوەیەکی کورت و پوخت دەشێ بڵێین کە پارسۆنس لە تیۆرەکانی دا پیشانمان دەدات کە چۆن ستروکتوور رەفتارەکانی ئەکتەر تەیار دەکات، بەڵام ئەم ئەنجامە بە دەستەوە نادات کە ئەکتەر چۆن کاردانەوەی خۆی لەهەمبەر ستروکتوور دا دەردەخات بە بێ ئەوەی کە دەرەنجامی کاردانەوەی ئەکتەر ببێتە هۆی قەیران و ئاڵۆزی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی دا. ئازادی تاک لەم بەستێنەوە لە پێناو هێشتنەوەی دەرکی کۆمەڵگا لە تەناهی و سەقامگرتووی دا فەنا دەکرێت.

  • زاڵبوونی رەهەندی ماکرۆگەرایی

وەک لە بەشەکانی پێشتردا ئاماژەی پێکرا، پارسۆنس لەمەڕ ئانالایزکردنی پرسی ئەکتەر/ ستروکتوور، ئەم بابەتە لە دوو زەمینەی ماکرۆ/ میکرۆ دا شرۆڤە دەکات. ئەم میتۆدە لە خۆیدا لەخزمەت کردنەوەیەکی فرەرەهەندیی (multi-dimensional) لە پێناو دیاری کردنی کاردانەوەی هەڤبەری نێوان ئەکتەر/ ستروکتوور دا هاتە ئاراوە. لەم بەستێنەوە بینیمان کە دوو بنسیستەمی کولتور و دامەزراوە لە خانەی رەهەندی ماکرۆ دا ئاماژەی پێکرا و، هەروەها دوو بنسیستەمی کەسێتی و ئۆرگانیزمی ئاکاری لە خانەی میکرۆ دا شرۆڤە کرا.  ئەوەی لەم میانەیە دا جێگای لێ وردبوونەوەیە ئەوەیە کە پرسی روانگەی ماکرۆگەرایی لە تیۆری پارسۆنس دا زۆر کۆنکرێتانەیە. پارسۆنس پێی وایە کە کۆمەڵناسی دەبێ خوێندنەوەی خۆی لەسەر بنسیستەمی دامەزراوە چڕ بکاتەوە و بەم چەشنە بنسیستەمەکانی وەک کولتور، کەسێتی و ئۆرگانیزمی ئاکاری دەخاتە پەراوێزەوە. بەم چەشنە تیۆرەکانی پارسۆنس زیاتر لەسەر پێوەندییە ماکرۆکان دا چڕ دەبێتەوە کە لەودا دۆخی واقعە کۆمەڵایەتییەکان سەرنجی تایبەتی پێ نادرێت بەڵکە کاریگەری ئۆلگووە بان تاکەکەسییەکان لەم خوێندنەوەیدا جێگای تایبەتی پێدەدرێت.

  • روانگەی جەبرگەرایانە لەمەڕ مرۆڤ

وەک لە نێوئاخنی ئەم باسە دا ئاماژەی پێکرا، یاسا جەبرگەراییەکانی (deterministic) ماملە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ لە پرۆسەیەکی هەناوی دا کارتێکەرییان لەسەر رەفتارەکانی تاک دا پێشان دەدەن. ئەم روانگەیە پێوەندی هەیە بە پێرسێکتیڤی فرۆیدیزم لەمەڕ پرسی “بان من” کە پارسۆنس بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاماژەی پێداوە و بە گشتی کارتێکەری یاسا جەبرگەراییە هەندەرەکان لەم پێوەندییەدا رەت دەکاتەوە. تاکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی هەمەلایەنانە نۆرم و بەها کولتوورییەکان لە هەناوی خۆیدا ئەنتەرنالیزە دەکات بە چەشنێک کە سیستەمی باوەرمەندی کۆمەڵگا لە هەناوی دا نەهادینە دەبێت. ئەم پرۆسێسە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی خۆرێکخەری تاک لەگەڵ یاسا و ئۆلگووە باوە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵ. بە کورتی، روانگەی پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوونی پارسۆنس خۆی لە تیۆری فرۆیدا دا پێناسە دەکات کاتێ کە دیاردەی رەفتاریی “بان من” دەلالەت لە رەفتاری “من” دا دەکات. لە وەها دۆخێکدایە کە “بان من” بە فۆنکشیۆنە سایکۆلۆژییەکانیەوە بۆ نموونە پرسی “ئازاری ویژدانی” و “سەرکۆنەی کۆمەڵایەتی”یەوە لە ماملەکانی ئێمەدا رەنگدانەوەیان دەبێت. هەر لەسەر بنەمای ئەم تێگێشتنەیە کە پارسۆنس جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لەژێر سریمەی هەستی جەبرگەرایانەی هەناوی دا ناچارە ملکەچی یاسایەکی بنەرەتی بێت لەمەڕ پاراستن و هێشتنەوەی تەناهی و سەقامگرتوویی، کە بەشێوەیەکی گشتی پێناسەیەکە بۆ نەزمی کۆمەڵایەتی.

  • بەها کۆمەڵایەتییەکان و خولیا لە ئەنگێزەی ماملەکردن دا

روانگەی کلاسیکی تیۆری ماملە، خۆی بە دوو پرسیارەوە خەیک کردووە کە یەکەمیان مرۆڤ لە روانگەیەکی نۆرماتیڤییەوە پێناسە دەکات، واتە ئایا نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی لە کۆنترۆڵ کردنی رەفتارەکانی تاک دا دەوریان هەیە؟ دووهەم، تیۆری عەقڵگەراییە کە لەسەر بنەمای مەبەستی حسابگەرانە دارێژراوە و پرسیاری سەرەکی ئەم بەشە ئەوەیە کە ئایا رەفتارەکانی ئێمە بنەمایەکی عەقڵانیان هەیە؟ روانگەی پارسۆنس لەمەڕ مرۆڤ خۆی بە پرسیاری یەکەمەوە خەریک دەکات و پێی وایە کە رەفتارەکانی مرۆڤ بەگشتی لەژێر سریمەی نۆرم و بەها کولتورییەکانە. ویژدانی موراڵی وەک بنەمایەکی وشیاری کۆمەڵایەتی، لە هەڵبژاردنی شێوازی مامڵەکانی مرۆڤ دا دەورێکی گرینگی هەیە و لە لایەکی دیکەوە خولیا و مەراقە خۆپەرستانەکانی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکات. لەسەر بنەمای وەها دیتنێکدایە کە پارسۆنس کەمتر بایەخ بە پرسی مەراق و سۆزە تاکگەراییەکان وەک بنەمایەک بۆ مامڵەی کۆمەڵایەتی دەدات.

  • تەبایی و هاودژی

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تیۆری پارسۆنس لەمەڕ سیستەمە ماملەگەراییەکان، بەرجەستە بوونی گرینگی تەبایی و هەروەها هارمۆنیک بوونی روانگەی ئەو لەمەڕ کۆمەڵگایە. هۆکاری ئەم قەناعەتە دەگەرێتەوە بۆ لەسەنتەردا بوونی بنسیستەمی کولتورە لە ماملە گشتییەکانی مرۆڤ دا. وەک پێشتر باس کرا موعاناتی کولتوور لە رێگای پرۆسەی بەکۆمەڵایەتی بوونەوە، واتە ئەندامانی کۆمەڵگا لە رێگای نەهادینە بوون و ئەنتەرنالیزاشێنی نۆرم و یاساکانی کۆمەڵگایەوە خۆیان بۆ رۆڵی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکەن کە لە ئەنجام دا دەبێتە هۆی هارمۆنیزە کردنی کۆمەڵگا. ئەندامانی کۆمەڵ لەم سۆنگەیەوە خاوەن وشیاری و هەروەها هەستێکی هاوبەشن لەمەڕ نۆرم و بەها کولتورییەکان و لەباری وجوودییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان چەمکی “تاک” و “کۆمەڵ” دا بەدی ناکرێت. ئەم دۆخە دەگەرێتەوە بۆ دەور بینینی بنسیستەمی دامەزراوە لە چەسپاندنی وەها وشیارییەکی کۆمەڵایەتی دا کە بە شێوەیەکی بنەرەتی لە هەناوی ئەکتەرەکاندا نیهادینە کراوە و نەهادینە دەکرێتەوە. ئەم روانگەیە بە پێچەوەانەی تێگێشتنی تیۆری هاودژە کە ماملە هەڤبەرەکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای هاودژە شاراوەکانی نێوان تاک، گروپ و چینەکانی کۆمەڵگا شرۆڤە دەکات، بۆ نموونە دژایەتی و نا یەکسانی کە بنەمای سەپاندنی دەسەڵات لەسەر لایەنەکان مسۆگەر دەکات. پرسی هاودژ لەم سۆنگەیەوە پاڵنەرێکی گرینگ دێتە ئەژمار کە مەجالی رەکەبەرایەتی و ململانێی دەسەڵات فەراهەم دەکات، بۆ نموونە لەمەڕ هاودژی زایەندی نێر و مێ، چینی باڵا دەست و چینی بندەست، کێشەی نێوان کەمینە و زۆرینە ئەتنیکییەکان و هتد. بەڵام ئەوەی لە تیۆرەکانی پارسۆنس دا ئاماژەی پێ کراوە کارێکی شرۆڤەکارانەیە لەمەڕ ئەندازیاری کۆمەڵایەتی و، هەربۆیە لەم میانەیە دا چاوپۆشی لە لایەنە ئایدۆلۆژییەکان کراوە.

  • سەقامگرتووی و گۆڕان

خاڵی سەرەکی لە تیۆرەکانی پارسۆنس دا، شرۆڤەکردنی پرسی بەرهەم هێنانەوە و سەقامگرتووییە و، هەر بۆیە زۆر بە کەمی ئاماژە بە گۆڕان دەکات. کۆمەڵگا لە روانگەی پارسۆنسەوە بالانسی سیستەمێکی جێ کەوتووە و لە سەقامگرتوویدایە کە دەتوانێ درێژە بە پرۆسەی بەرهەم هێنانەوە بدات. جگە لەم بابەتە ستروکتووری کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دوو بنسیستەمی کولتوری و دامەزراوەییدا بەرهەم هاتووە، ئەگەر بەها و نۆرمە کولتورییەکان لەهەناوی ئەندامانی کۆمەڵ دا نەهادینە و ئەنتەرنالیزە بووبن زۆر زەحمەتە گۆڕانی رادیکال لە ستروکتووری کۆمەڵگا دا بەدی بێت. بە واتایەکی دیکە رەنگە گۆڕان لە فۆرمی کۆمەڵگا دا پێک بێت، بۆ نموونە وەک ئینقلاب لە سیستەمێکی سیاسی دا، بەڵام پرسی کولتوور و دامەزراوە لەبەر دەم رەوتی گۆڕان دا زیاتر خۆی رادەگرێت. کەواتە رەنگە گۆڕانێکی رادیکاڵی بتوانێ بنسیستەمەکانی کولتور و دامەزراوە تووشی قەیران بکات، بەڵام ناتوانێ بە رادەی چەمکی گۆڕانی سیاسی لە سیستەمی دەسەڵات دا گۆڕان لە کولتور دا پێک بێنێت.

درێژەی هەیە

تێبینی: ئاماژە و سەرچاوەکان لە دوایین بەشی ئەم بابەتە دا دێن.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

w

Connecting to %s

Create a website or blog at WordPress.com

سەرەوە ↑

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: