گرینگ‌ترین مۆتیڤی (ئه‌نگیزه) سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌م کردنه‌وه‌ی ناته‌بایی و ناکۆکی نێوان پاژه‌کانی نێو سیسته‌می گشتییه (به‌واتایه‌کی دیکه هاودژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ) و ده‌سه‌ڵات له‌م میانه‌یه‌دا له رێگای ئاوتۆریته و به حوکمی شه‌رعی بوونی، یاسا بنچێنه‌ییه‌کان – که له رێگه‌ی کۆده‌نگییه‌کی گشتییه‌وه سه‌لمێندراون – له‌سه‌ر فۆنکشیۆن و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ جێ به‌جێ ده‌کات و، به‌م چه‌شنه هاوسه‌نگی و دامه‌زراوه‌یی له کۆمه‌ڵگا دا ده‌پارێزێت
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (به‌شی سێهه‌م)
رزگار ئه‌مین نژاد
1.2.2) تالکوت پارسۆنس (1909- 1979)

کۆمه‌ڵناسی مۆدێڕن له راستیدا له‌گه‌ڵ پارسۆنس ده‌ست پێده‌کات. سه‌ره‌کی ترین پرۆژه‌ی پارسۆنس له خزمه‌ت خوێندنه‌وه‌ی پرسی ئه‌کته‌ر/ ستروکتووره، که به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانین بڵێین؛ بنه‌مایی ترین گرفتی زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌و سه‌رده‌مه دا چۆنیه‌تی شرۆڤه‌کردنی ئه‌م پێوه‌ندییه واته پێوه‌ندی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگا بووه. پارسۆنس وه‌ک یه‌کێک له بنیادنه‌رانی قوتابخانه‌ی ستروکتوور- کارکردگه‌رایی (Structural Functionalism) ناسراوه که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م تیۆره ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ل و مه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می خۆی بووه که پێداگری له‌سه‌ر پرسی دامه‌زراوی کۆمه‌ڵایه‌تی دا کردووه و، هه‌روه‌ها گرینگی چێ بوونی هاوسه‌نگی نێوان کارکردی نیهاده‌کانی وه‌ک بنه‌ماڵه، سیسته‌می سیاسی، سیسته‌می ئابووری و سیسته‌مه به‌هامه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا ده‌خاته رۆژه‌ڤه‌وه. به‌هه‌ر حاڵ پرسی دامه‌زراوه بوون یه‌کێکه له گرینگ‌ترین بابه‌ته پێوه‌ندیداره‌کانی نێو تیۆرییه‌کانی پارسۆنس، ئه‌و پێی وابووه که مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له گره‌وی نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌سراوه‌ییه‌کی هه‌ڤبه‌ر له نێوان نیهاده فره‌چه‌شنه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا دایه. روانگه‌ی سترکتوور- کارکردگه‌رایی به چه‌شنێک وه‌ک سێنتێزی دوو تیۆری ستروکتورالیزم و فۆنکشیۆنالیزم دێته ئه‌ژمار که له‌م میانه‌یه‌دا گرینگی ستروکتوور وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ زه‌مینه ره‌فتارییه‌کانی تاک ره‌چاو ده‌کرێت و، له‌هه‌مان کاتدا ئێلێمه‌نتێکی ده‌ره‌کییه (ئۆبژه) که وه‌ک بنه‌مایه‌یک بۆ ده‌رک کردنی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی گرینگی پێدراوه. له لایه‌کی دیکه‌وه کاریگه‌ری فۆنکشیۆنه‌کان له‌سه‌ر نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی و رێکخستنی فۆرمی گشتی سیسته‌می کۆمه‌ڵگا له‌م میانه‌یه‌دا پرسێکی گرینگه که به شێوه‌یکه‌ی سیسته‌ماتیک زه‌مینه‌ی هاوپێوه‌ندی و به‌سراوه‌یی پاژه‌کانی کۆمه‌ڵگا فه‌راهه‌م ده‌که‌ن و له ئه‌نجامدا کارتێکه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتر ده‌بێت. لێره‌دا کۆمه‌ڵگا وه‌ک ئورگاینزمێک پێناسه کراوه که پرسی گه‌شه کردن و نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته گره‌وی هاوپێوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیکی له نێوان فۆنکشیۆنه‌کانی دیکه‌ی نێو سیسته‌م. له نێو هه‌رکام له‌م ئۆرگانانه‌دا یان به‌واتایه‌کی دیکه له نێو هه‌رکام له‌م سیسته‌مانه‌دا تاکه‌کان له رێکخستنی پلان و جێ به‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کان دا به‌شداریان هه‌یه که وه‌ک ئه‌کته‌رێکی چالاک پێگه‌ی خۆیان له رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌بیننه‌وه.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه چه‌مکی فۆنکشیۆنالیستی ده‌چیته خانه‌ی ده‌رکێکی گشتی له‌مه‌ڕ مێتۆدی ماکرۆ تیۆریک (تئوری کلان) که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر دوو گریمانه‌ی بنچینه‌یی دامه‌زراوه؛ گریمانه‌ی یه‌که‌م گرینگی به به‌سراوه‌یی هه‌ڤبه‌ر له نێوان پاژه سه‌ره‌کییه‌کانی نێو سیسته‌م ده‌دات و، پێشکه‌وتن و هه‌رچه‌شنه گه‌شه کردنێک له سیسته‌می گشتی کۆمه‌ڵگا دا له ژێر سریمه‌ی ئه‌م به‌سراوه‌ییه‌دا راڤه ده‌کات که له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه بوون و هاوسه‌نگی نێوان پاژه کاریگه‌ره‌کانی نێو سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی دا دامه‌زراوه. گۆڕان – چ به شێوه‌یه‌کی پۆزیتیڤ یاخود نه‌گه‌تیڤ – له هه‌ر کام له پاژه‌کانی نێو سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌لاله‌ت له گۆڕانکارییه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌کات له سیسته‌می گشتی دا. گریمانه‌ی دووهه‌م پرسی کۆک بوونی گشتی له‌مه‌ڕ به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه. له وه‌ها دۆخێکدایه که به بۆچوونی پارسۆنس گشت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا له‌مه‌ڕ راست بوون و چه‌وت بوونی کارکردی سیسته‌مه‌کان داوه‌ری ده‌که‌ن، که بێگومان ئه‌م داوه‌رییه به پێی بنه‌ما نۆرماتیڤه‌کان (هنجاری) و به‌ها سه‌لمێندراوه‌کانی نێۆ کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت که راسته‌وخۆ به پرسی مۆراڵه‌وه گرێ دراوه. ئه‌گه‌ر لایه‌نی مۆراڵی و نۆرماتیڤی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ڵامده‌ری باری مه‌تمانه و باوه‌ڕی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له هه‌وڵی گۆڕان له سیسته‌می گشتی دا ده‌بن. که‌واته گرینگ‌ترین مۆتیڤی (ئه‌نگیزه) سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌م کردنه‌وه‌ی ناته‌بایی و ناکۆکی نێوان پاژه‌کانی نێو سیسته‌می گشتییه (به‌واتایه‌کی دیکه هاودژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ) و ده‌سه‌ڵات له‌م میانه‌یه‌دا له رێگای ئاوتۆریته و به حوکمی شه‌رعی بوونی، یاسا بنچێنه‌ییه‌کان – که له رێگه‌ی کۆده‌نگییه‌کی گشتییه‌وه سه‌لمێندراون – له‌سه‌ر فۆنکشیۆن و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ جێ به‌جێ ده‌کات و، به‌م چه‌شنه هاوسه‌نگی و دامه‌زراوه‌یی له کۆمه‌ڵگا دا ده‌پارێزێت.
مامله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی
پارسۆنس له کتێبی (The structure of social action, 1937) باسێکی گشتی له‌مه‌ڕ بۆچوونه جیاوازه‌کانی نێوان دوو قووتابخانه‌ی هزری “ستروکتوورالیزم و ئایدیالیزم” ده‌کات و له ئه‌نجام دا هه‌وڵده‌دات ره‌هه‌ندێک به‌نێو تیۆری ئیراده‌گه‌رایی دا لێبدات وه‌ک تیۆرێکی مامڵه‌گارایانه بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م ناکۆکییه (نابێ له‌بیری بکه‌ین که پارسۆنس له خانه‌ی تیۆری ئیراده‌گه‌رایی دا خۆی نابینێته‌وه به‌ڵکه ئه‌و له‌ژێر سریمه‌ی فۆنکشیۆنالیزم دا بووه). به شیوه‌یه‌کی گشتی کاری پارسۆنس خۆی له کۆبه‌ندییه‌ک له‌مه‌ڕ دوو بۆچوونی پۆزیتیڤیزم و ئایدیالیزم دا ده‌بینێته‌وه و، دواجار له‌و به‌شه له روانگه‌ی ئادیالیزم مه‌ودا ده‌گرێت که مرۆڤ وه‌ک هه‌ڵبژێرێکی ئازاد و ئه‌کته‌رێکی سه‌ربه‌ست پێناسه ده‌کات (واته؛ مرۆڤ وه‌ک مامله‌گارایه‌کی چالاک که له ژێر هێژمۆنیای پالنه‌ره ده‌ره‌کییه‌کان دا نییه ).به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ی که داکۆکی له بۆچوونی پۆزیتیڤیزمه‌کان ده‌کات له‌مه‌ڕ کاریگه‌ری دۆخه ده‌ره‌کییه‌کان له‌سه‌ر مرۆڤ، هاوکات ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌یش ره‌ت ده‌کاته‌وه که ئه‌م دۆخه ده‌ره‌کییانه وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵ چاره‌نووسی مرۆڤ دیاری ده‌که‌ن. به گشتی خوێندنه‌وه‌ی پارسۆنس له‌مه‌ڕ ئه‌م ناکۆکییه له خۆیدا داهێنانێکی تیۆریکه که له نێو ئه‌م چه‌مکه ئانالایزییه دا ده‌بینێته‌وه: ” ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌ر له دۆخه‌کاندا” (هه‌مان سه‌رچاوه). بارودۆخی ژیان بابه‌تێکی هێنده داخراوه نییه که ئه‌کته‌ر له هه‌ناوی خۆیدا بزر بکات، به‌ڵکه ئه‌کته‌ر به پێی به‌ها دروونییه‌کانیه‌وه هه‌ڵبژێرێکی سه‌ربه‌سته، به‌ڵام ئه‌م سه‌ربه‌ستییه له چوارچێوه‌ی پێناسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سنوورێکی فیزیکی له نێو ئه‌و دۆخه‌دا راڤه ده‌کرێت که ئه‌کته‌ر خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه.
له پێوه‌ندی به‌و باسه‌ی که له سه‌رێدا هاته به‌ر باس، پرسی مامله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له کۆمه‌ڵگا دا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی بنچینیه‌یی و تایبه‌تی هه‌یه که ئه‌گه‌ر له پێوه‌ندی به سیسته‌می میکانیکی کۆمه‌ڵگا دا کارتێکه‌رییه‌کانی له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، ئه‌وا ناتوانین ده‌رکێکی گشتیمان له‌مه‌ڕ هه‌بوونی به‌سراوه‌یی و کاردانه‌وه‌ی هه‌ڤبه‌ری فۆنکشیۆنه‌کان له کۆمه‌ڵگادا هه‌بێت. که‌واته ئه‌م سیمبوله ره‌فتارییانه له خۆیاندا خاوه‌ن بنه‌مایه‌کی سیسته‌ماتیک و له‌هه‌مان حاڵ‌دا ئامانجدارن. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا پارسۆنس ئاماژه به چوار پێومانی سه‌ره‌کی له‌مه‌ڕ راڤه‌کردنی چه‌مکی وته‌زای مه‌مله ده‌کات: 1) مامله له پێوه‌ندی به هه‌بوونی هۆکار یاخود ئاماده‌بوونی ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له دۆخێکی مامله‌گه‌رایانه دا گرینگی خۆی وه‌رده‌گرێت. 2) ده‌بێ ئامانجدار بێت؛ واته دۆخ یاخود پلانێکی دیارکراو بواری هاتنه ئارای مامله دیاری ده‌کات. 3) دۆخی سه‌رهه‌ڵدانی مامله پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی بێت؛ واته له دۆخێک‌دا که ره‌وتی رووداوه‌کان پێداویستی نوێ به‌رجه‌سته ده‌که‌نه‌وه و له ئه‌نجامدا گۆران له ئامانجی دیاریکراو دا پێک دێنن. 4) ئه‌ڵته‌رنایڤ؛ واته مامله‌کان له پێوه‌ندی به ده‌ست بردن بۆ ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤانه دا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه که له‌به‌رده‌م بواری ئامانجی مامله‌کانی تاک دا داده‌ندرێن و له هه‌مان حاڵ‌دا چه‌ندین جێگره‌وه له‌به‌رده‌م چۆنیه‌تی مامله‌کانی مرۆڤ دا هه‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه پارسۆنس ئاماژه به‌وه ده‌دات که له هێندێ دۆخی تایبه‌تی دا مامله‌کانی مرۆڤ له‌مه‌ڕ هاتنه‌ده‌ی ئامانجدا ده‌که‌ونه به‌رده‌م دۆخێک که له‌ودا هیچ ئاڵته‌رناتیڤێک له ئارادا نابێت، له‌وه‌ها دۆخێک‌دا مامله‌کانی مرۆڤ کاراکتێری “هه‌ڵوێسته‌ی نۆرماتیڤی” ده‌بێت. به واتایه‌کی دیکه مرۆڤ له‌م دۆخه‌دا به پێی ویژدانێکی وشیار – که له رێگای نۆرم و به‌ها سه‌لمێندراوه‌کانه‌وه چێ ده‌بن – مامله له‌گه‌ڵ دۆخه ئاراییه‌کاندا ده‌کات (Parsons, 1937). به واتایه‌کی دیکه شێوه‌یه‌کی گشتی له‌مه‌ڕ “ره‌ووشتی باش” که بایه‌خێکی تایبه‌تیی پێدراوه و له کۆمه‌ڵگا دا واتای موراڵی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت. ویژدانی وشیار ئاماژه‌یه‌که بۆ دۆخێکی سایکۆلۆژیک له‌هه‌مبه‌ر مامله‌کانی مرۆڤ که له‌ودا مرۆڤ هه‌ست به بریندار بوونی ویژدانی خۆی ناکات و پێی وایه که ئاکامی مامله‌کانی – ئه‌گه‌رچی کامڵ نین – به‌ڵام لانی که‌م به ئاراسته‌یه‌کی نۆرماتیڤ دا تێپه‌ر ده‌بن.
به‌م شرۆڤه‌یه ده‌بینین که مامله‌کانی تاک به گشتی له‌ژێر سریمه‌ی دوو ئه‌لێمێنتی “سه‌رده‌م” و “ئامانج” دان. ئه‌له‌مێنتی سه‌رده‌م ئاماژه‌یه به دیارده هه‌نووکه‌ییه‌کان که پلانی گۆرانکارییه‌کان به‌ره‌و ئاکامێکی دیاریکراو ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌له‌مێنتی ئامانج له پێوه‌ندی به زه‌نجیره چالاکییه‌کانی مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌سته دیاریکراوه‌کان پێناسه ده‌کرێت که به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک پلانی مامله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مرۆڤ ده‌خه‌نه سه‌ر هێڵی واقع بۆ وه‌دی هێنانی ئامانج. له لایه‌کی دیکه‌وه مامله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له پێوه‌ندی به ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێناسه ده‌کرێت، واته مامله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له خۆیدا مانیفێستی چه‌مکێکی بنه‌ماییه بۆ تاک یاخود نیهادێکی مه‌ده‌نی که له کۆمه‌ڵگا دا رۆڵی ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینن. لێره‌دایه که ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌به‌رده‌م چوار قۆناغی بنه‌مایی دا له‌مه‌ڕ پرسی مامڵه کردن راده‌وه‌ستێت که پارسۆنس به‌م چه‌شنه شرۆڤه‌یان ده‌کات:
- هانده‌ر؛ پرسی هاندان پێوه‌ندی به مه‌به‌ست یاخود ئه‌و ئامانجه‌وه هه‌یه که تاک بۆ وه‌دی هێنانی هان ده‌دات. بۆ نموونه وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی خوێندن وه‌ک ئامانجێکی گرینگ که تاک هان ده‌دات بۆ خوێندن.
- هه‌موار کردن؛ لێره‌دایه که تاک هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێکاره‌کانی گێشتن به مه‌به‌ست ده‌دات. بۆ نموونه بۆ پرسی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی خوێندن، تاک هه‌وڵ ده‌دات که‌ره‌سه‌کانی فه‌راهه‌م کردنی ئه‌م ئیمکانه ببینێته‌وه، وه‌ک نموونه دابین کردنی سه‌رچاوه‌ی ماددی خوێند و…
- هه‌ل و مه‌رج؛ له وه‌ها دۆخێک‌دا پێویسته که تاک هه‌ل و مه‌رجی گه‌یشتن به مه‌به‌سته‌کانی ره‌چاو بکات. بۆ نموونه پێویسته به وردبینییه‌وه مه‌رجه‌کانی خوێندن ره‌چاو بکات که گرینگ‌ترینیان ئه‌وه‌یه که؛ ئایا تاک بڕشتی خوێند له خۆیدا شک ده‌بات؟، ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌بێت؟ و هه‌روه‌ها گرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی له‌به‌ر ده‌م ئه‌م ئامانجه دا رێگر نابن؟
- چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ لێره‌دایه که گرینگی چالاک بوونی تاک له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. به‌واتایه‌کی دیکه تاک ده‌بێ له هاوپیوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دا بێت که له‌ودا ره‌چاوی نۆرم و یاسا داندراوه‌کان بکات. بۆ نموونه پیویسته تاک له سیسته‌می رێکخستنی به‌رێوه‌به‌ری دا به‌شداری بکات که به‌جه‌شنێک به‌شداری کردنێکی یاسامه‌ندانه‌یه. به واتایه‌کی دیکه کایه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه که له‌ودا ده‌بێ ئه‌کته‌ر رێسا و یاساکانی ئه‌م کایه‌یه بناسێت و ملکه‌چان بێت، وه‌ک ره‌چاوکردنی یاسای خوێندن، به‌شدار بوون له تاقیکاری و تێپه‌راندی گشت قۆناغه‌کانی خوێندن و… (Parsons, 1937)
ئه‌م چوار قۆناغه له پێوه‌ندی به هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانی مامله‌ی تاک دا خۆی ده‌که‌وێته ژێر سریمه‌ی تێگێشتنی تاکی کۆمه‌ڵایه‌تی له چۆنیه‌تی مامڵه کردن دا. بێگومان تاک به‌لای پارسۆنسه‌وه جه‌سته‌یه‌کی ماشینی نییه که په‌یره‌وی له پرۆگرامێکی میکانیکی بکات، به‌ڵکه تاک به‌لای پارسۆنسه‌وه خاوه‌ن چه‌مکێکی کولتورییه. به‌م واتایه دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له چۆنیه‌تی مامله‌کانی ئه‌ودا ده‌روێکی به‌رچاو ده‌گێڕێت.
نموونه گۆڕه‌که‌کانی (متغیر) مامله
وه‌ک پێشتر باس کرا پارسۆنس له پێوه‌ندی به مامڵه کۆمه‌ڵایه‌تییکان دا جه‌خت له‌سه‌ر کاراکتێری سیسته‌ماتیک بوونیان ده‌کاته‌وه و له‌م پێوه‌ندییه دایه که که‌ڵک له وته‌زای سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام له‌م میانه‌یه‌دا گرینگی ره‌هه‌ندێکی پێوه‌ندیده‌ر له نێوان “مامله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی” و “سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی” دا دێته ئاراوه که پارسۆنس ئه‌م بابه‌ته وه‌ک “هۆکاره گۆڕه‌که‌کانی (متغیر) مامڵه” پێناسه ده‌کات. له راستی دا له پێوه‌ندی به مامله‌کردن، گشت تاکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له هه‌مبه‌ر یه‌ک یان چه‌ندین ئه‌لته‌رناتیڤی ره‌فتاری دا راده‌گیردرێن. ئه‌م ئه‌لته‌رناتیڤانه ده‌شێ عه‌قڵانی یاخود نا-عه‌قڵانی بن، به‌ڵام پێودانگی به‌راوردکردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه به بۆچوونی پارسۆنس له ژێر سریمه‌ی چه‌مکێکی کولتوری له‌مه‌ڕ مامله‌کانی تاک له کۆمه‌ڵگا دایه. له‌م پێوه‌ندییه دا پارسۆنس له “نموونه گۆڕه‌که‌کانی مامله” دا به شێوه‌یه‌کی تایپۆلۆژیک باس له پێوه‌ندی نێوان تاکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات که به‌سه‌ر دوو ره‌هه‌ندی گشتی دا دابه‌ش ده‌بن؛ ره‌هه‌ندی ئامێری (instrumental) و ره‌هه‌ندی ئاماژه‌یی (expressive). ره‌هه‌ندی ئاماژه‌یی له پێوه‌ندی به کۆمه‌ڵگا ترادیشۆنییه‌کان دا پێناسه ده‌کرێت که له‌ودا پێوه‌ندی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی واتادار دا رێک ده‌خرێت، بۆ نموونه له بنه‌ماڵه و پێوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کان دا، له گرووپه کولتوری و ئائینییه‌یه‌کان و … له لایه‌کی دیکه‌وه ره‌هه‌ندی ئامێری له پێوه‌ندی به کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان پێناسه ده‌کرێت که له‌و دا پێوه‌ندی و مه‌مله‌کانی تاکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌مه‌ڕ سه‌رنجدان به فۆرمی بۆرۆکراسی و مه‌نتیقی سه‌ودای بازار یان به واتایه‌کی دیکه مه‌نتیقی به‌رژه‌وه‌ندی خوازانه رێک ده‌خرێن. بێ گومان پارسۆنس به شێوه‌یه‌کی جیددی له ژێر کاریگه‌ری تیۆری عه‌قڵگه‌رایی ماکس وێبه‌ر (1864-1920) وه‌ک یه‌کێک له زه‌مینه تیۆریکه‌کانی سه‌رده‌می خۆیدا بووه، که ئه‌م هه‌ڵاواردنه له راستیدا ره‌گی له کاتاگۆری عه‌قڵانیه‌تی وێبه‌ری دا هه‌یه. به‌گشتی پرسی “نموونه گۆڕه‌که‌کانی مامله” تایپۆلۆژییه‌کی سیسته‌ماتیکه له‌مه‌ڕ مامله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی مرۆڤ له کۆمه‌ڵگا دا و، پارسۆن باس له پێنج نمونه له گۆڕه‌که مامله‌ییه‌کان ده‌کات که به شێوه‌یه‌کی کورتکراوه له خوارێدا دێنه به‌ر باس.
- کارابوون له‌هه‌مبه‌ر دارابوون دا: وته‌زای دارابوون پێوه‌ندی هه‌یه به کاراکتێر و تایبه‌تمه‌ندی که‌سی بۆ نموونه ته‌مه‌ن، میراتی پله‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، ره‌گه‌ز (نێر یان مێ)، رابردووی که‌سه‌کان وهتد. ئه‌م تایبه‌تمانه‌یانه له‌نێوان مرۆڤه‌کاندا یه‌کسان نییه، بۆ نموونه هێندێ تایبه‌تمه‌ندی که‌سی هه‌یه که وه‌ک میرات به که‌سێک ده‌گات به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه له چێ بوونی ئه‌م پله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا دوری گێڕا بێ. ئه‌م نموونه‌یه له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کان دا زۆر کاریگه‌ری هه‌یه بۆ نموونه له کۆمه‌ڵگای “کاست”ی هێندوستان دا. له‌هه‌مبه‌ردا وته‌زای کارابوون ئاماژه‌یه به پسپۆری و لێهاتووی که‌سه‌کان له‌مه‌ڕ جێ به‌جێ کردنی به‌رپرسیارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پیشه‌ییه‌کان. له‌م پێوه‌ندییه دا ئه‌کته‌رێک که پرسی دارابوون ده‌کاته پێوه‌ری مامله‌کردنی خۆی له‌هه‌مبه‌ر که‌سانی دیکه‌دا، زیاتر سه‌رنج به باری دارابوونی که‌سه‌که‌ی دیکه ده‌دات. به‌واتایه‌کی دیکه له‌باتی ئه‌وه‌ی سه‌رنج بدات به کارابوونی که‌سه‌که‌ی دیکه، لایه‌نی کاراکتێری که‌سی ئه‌وانی دیکه ره‌چاو ده‌کات. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه پێوه‌ری کارابوون گرینگی به باری کاراکتێری که‌سی نادات، واته بۆی گرینگ نییه که تاک کێییه به‌ڵکه گرینگی به‌وه ده‌دات که چی له ده‌ست دێت (Parsons, 1937).
- تایبه‌تمه‌ندبوون له‌هه‌مبه‌ر هه‌مه لایه‌نه‌بوون دا؛ ئه‌م بابه‌ته لایه‌نێکی دووجه‌مسه‌ری پێوه‌ره موراڵییه‌کانی مرۆڤ له‌مه‌ڕ مامله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێناسه ده‌کات. کاتێ پرسی هه‌مه‌لایه‌نه‌بوون دێته ئاراوه، ئاماژه‌یه به گشت بنه‌ما نۆرماتیڤ و به‌هامه‌نده‌کانی مرۆڤ که به‌شێوه‌یه‌کی ره‌مه‌کی له ره‌فتاری تاکه‌کاندا ره‌چاو ده‌کرێت. له وه‌ها دۆخێک‌دا بۆ ئه‌کته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گرینگه که بزانێت له چ ئاستێک دا له‌گه‌ڵ که‌سی به‌رامبه‌ری له پێوه‌ندی دایه. کاتێ باس له تایبه‌تمه‌ندبوون دێته ئاراوه ئاماژه به لایه‌نێکی تایبه‌ت له که‌سی به‌رامبه‌ر ده‌درێت که ده‌بێته هۆ یان هۆکاری پێوه‌ندی پێوه‌کردن یاخود مامله‌کردن. بۆ نموونه کاتێ دوو که‌س له بیری دامه‌زراندنی پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌مه‌ڕ سه‌ودایه‌کی بازرگانی دا ده‌بن، بێگوومان پرسی مۆراڵی به‌لای هه‌رکام له لایه‌نه‌کان زۆر گرینگ ده‌بێت. له وه‌ها دۆخێک‌دا هه‌ردوو لایه‌ن بۆیان گرینگه که شه‌ریکه‌که‌ی مرۆڤێکی راستگۆ بێت، ئه‌مانه‌تدار بێت، دز نه‌بێت، گرینگی بدات به به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و زیانه‌کانی هاوبه‌ش و هتد، لێره‌دا پرسی هه‌مه‌لایه‌نه‌بوونی تاک گرینگی پێ ده‌درێت. له‌لایه‌کی دیکه‌وه کاتێ ئێمه به مه‌به‌ستی راپه‌راندنی کارێک سه‌ردانی یه‌که‌ێک له داییره فه‌رمییه‌کان ده‌ده‌ین، زۆر سروشتی ده‌نوێنێ که یه‌که‌م که‌سی پێوه‌ندیدار به‌م ئیشه‌ی ئێمه‌وه فه‌رمانبه‌رێک بێت که ئێمه ناچار نین چاوه‌روانیمان لێی هه‌بێت که ئه که‌سه گشت تایبه‌تمه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی مۆراڵی تێدا به‌دی بکرێت، به‌ڵکه پسپۆری و لێهاتووی که‌سی فه‌رمانبه‌ر له‌مه‌ر راپه‌راندنی ئه‌رکه‌کانی دا له‌م پیوه‌ندییه‌دا گرینگی خۆی ده‌بێت، لێره‌دا پرسی تایبه‌تمه‌نبوون وه‌ک دیارده‌یه‌کی پۆزیتیڤ گرینگی خۆی وه‌رده‌گرێت. دیاره پرسی “تایبه‌تمه‌ندبوون” و “هه‌مه‌لایه‌نه بوون” له پێوه‌ندییه‌کی دیکه‌ش دا راڤه ده‌کرێت؛ بۆ نموونه چۆنیه‌تی داوه‌ری کردن یاخود مامله کردنی ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه دا. چۆنیه‌تی به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ی ئه‌کته‌ر له‌هه‌مبه‌ر که‌سانی دیکه‌دا به گشتی له دوو شێوه‌دا ده‌رده‌که‌وێت، یان ئه‌وه‌تا ئه‌کته‌ر ره‌چاوی کۆمه‌ڵێ پێوه‌ندی بان ئۆرگانی ده‌کات یاخود به شێوه‌یه‌کی ره‌مه‌کی ره‌چاوی بنه‌ما ئۆرگانییه‌کان ده‌کات. بۆ نموونه پێوه‌ندی نێوان مامۆستا و قوتابییه‌کانی له قوتابخانه‌دا. ئه‌گه‌ر مامۆستا چۆنیه‌تی هه‌ڵسه‌وکه‌وتی خۆی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌کانی جیاواز بێت واته یه‌کێک له قوتابییه‌کانی که سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی قوتابییه‌کی چالاک و زیره‌ک نییه، به‌ڵام به پێی بنه‌مای واسیته‌کاری چاوپۆشی له ئاستی چالاکی و زیره‌کی ئه‌و قوتابییه بکات ئه‌وا له‌م دۆخه‌دا مامۆستا به پێی بنه‌مای تایبه‌تمه‌ند بوون هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر گشت قوتابییه‌کانی ته‌نیا به چاوی قوتابی سه‌یر بکات ئه‌وا ره‌چاوی لایه‌نی هه‌مه‌کی بوونی کردووه (هه‌مان سه‌رچاوه).
- لایه‌نگری کردن له‌هه‌مبه‌ر شموولی بوون؛ ئه‌م بابه‌ته له پانتایه‌کی به‌ربڵاوتر دا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که پێوه‌ندی هه‌یه به چاوه‌روانی کردنی ئه‌وانی دی له حاست مامله‌کانی ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا. چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت کردنی ئه‌کته‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی پێوه‌ندی هه‌یه به ئاستی بینینی ئه‌کته‌ر که ئه‌م بینینه به‌گشتی له‌ژێر سریمه‌ی پێوه‌ندی نێوان که‌سه‌کان دایه. پرسی بینین خۆی له دوو حاڵه‌ت دا ده‌بینێته‌وه که یه‌که‌میان ره‌هه‌ندێکی سه‌بژه‌کتیڤانه‌یه (لایه‌نگری کردن) و ئه‌وی دیکه‌یان ره‌هه‌ندێکی ئۆبژه‌کتیڤانه‌یه (بێ لایه‌نی). له راستیدا ئاستی تێگێشتنی سه‌بژه‌کتیڤ و ئۆبژه‌کتیڤ له ژێر کاریگه‌ری نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه و ئه‌م چه‌مکانه به پێی کۆمه‌ڵگاکان جیاوازیان هه‌یه. بۆ نموونه لایه‌نگریکردنی سه‌بژه‌کتیڤانه له بنه‌ماڵه‌دا له ئاستێکی به‌رز دا به‌رچاو ده‌که‌وێت. له‌وه‌ها دۆخێک‌دا که‌س ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی خۆی به غه‌واره ناگۆڕێته‌وه، واته چۆنیه‌تی پێراگێشتن، سه‌یر کردن و هه‌ڵسوکه‌وت کردنی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه له‌هه‌مبه‌ر منداڵه‌کانی به شێوه‌یه‌کی سروشتی جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ که‌سی غه‌واره دا. به‌ڵام ئه‌م مامڵه‌یه له قوتابخانه دا له ره‌هه‌ندێکی ئۆبژه‌کتیڤانه‌دا به‌رێوه ده‌چێت. به‌واتایه‌کی دیکه چۆنیه‌تی پێراگێشتن، سه‌یر کردن و هه‌ڵسوکه‌وت کردنی یاساکانی قوتابخانه شموولی گشت قوتابییه‌کان ده‌کات. له‌وه‌ها دۆخێک‌دا پێوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت یاخود ره‌چاوکردنی باری که‌سی، نایاسای ده‌نوێنێت (هه‌مان سه‌رچاوه).
- ره‌فتاری سۆزدارانه له‌هه‌مبه‌ر دڵاوایی بێلایه‌نانه؛ ئه‌م بابه‌ته به شێوه‌یه‌ک خۆی له گۆڕه‌کی پێشووتردا ده‌بینێته‌وه. مامله‌ی سۆزدارانه له ژێر کارتێکه‌ری باری هۆگری و سۆزداری دایه که بۆ نموونه ده‌توانین له پیوه‌ندی نێوان ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌دا بیبینین. لێره‌دا ئه‌م پرسه به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که داخوا ئه‌کته‌ر ده‌توانێ چاوه‌روانی ئه‌وه بکات ئه‌له‌مێنتێکی سۆزدارانه له پێوه‌ندیییه‌کانی یاخود مامله‌کانی دا جێگای بۆ ببێته‌وه یان نا. پرسی دڵاوایی بێلایه‌نانه له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ندییه سۆزدارییه‌کاندا پێناسه ده‌کرێت و به شێوه‌یه‌کی دیسیپلینی پێویسته مل که‌چی رێساکانی ماله‌کردن بێت. بۆ نموونه له پیوه‌ندی به ده‌ره‌نجامی تاقیکارییه‌کان له قوتابخانه‌دا، نمره‌دان (ده‌ره‌جه) به به‌رهه‌می تاقیکارییه‌کان به پێی یاساکانی تاقیکردنه‌وه ره‌چاو ده‌کرێت نه‌ک پیوه‌ندی نێوان قوتابی و مامۆستا (هه‌مان سه‌رچاوه).
- خۆ له‌ته‌وه‌ردا بینین له‌هه‌مبه‌ر کۆ له‌ته‌وه‌ردا بینین؛ ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی به مۆتیڤی ئه‌کته‌ره‌وه هه‌یه، لێره‌دا ئه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که ئایا مامله‌کانی ئه‌کته‌ر له پیوه‌ندی به که‌سێکی تایبه‌تدایه یاخود کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک که‌سی دیکه ده‌بێت. له‌وه‌ها دۆخێک‌دا ئه‌گه‌ر مامله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی تاکه که‌سێک بێت ئه‌وا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی گروپ یان تاقمه‌کانی دیکه نه‌کراوه. ئه‌م گۆڕه‌که پێوه‌ندی به نۆرم و به‌ها گشتییه‌کانه‌وه هه‌یه که رێگا به ئه‌کته‌ر ده‌دات به‌پێی حه‌ز و ویستی خۆی مامله بکات، یان ئه‌وه‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا مامله بکات (هه‌مان سه‌رچاوه).
ئه‌م پێنج گۆڕه‌کانه به شێوه‌یه‌کی گشتی پێوه‌ندی هه‌یه به چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی تاکی کۆمه‌ڵایه‌تی له مامله‌کانی دا. لێره‌دا هه‌رکام له‌م بگۆڕانه باس له دوو شێوازی دژ به‌یه‌ک ده‌که‌ن که هه‌رکامیان له ره‌هه‌ندێکی تایپۆلۆژیکه‌وه پێناسه ده‌کرێن. لێره دا پرسی سروکتوور به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌رجه‌سته ناکرێته‌وه، به‌ڵکه چۆنیه‌تی بڕیاری تاک له‌مه‌ڕ ماله‌کانی دا ده‌که‌وێته به‌ر سه‌رنج. به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م نموونه گۆڕه‌کانه و سه‌رپشک بوونی تاک بۆ ره‌چاو کردنی ئه‌م سیسته‌مه ره‌فتاریانه خۆی ده‌لاله‌ت له هه‌بوونی دوو جۆره ستروکتووری ره‌فتاری ده‌که‌ن. هه‌رکام له‌م گۆڕه‌کانه و وه‌ک ئه‌له‌مێنتێکی ره‌فتاری له ته‌عامول و سازانی تاکه کان له‌هه‌مبه‌ر ئاقاری کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆلی کارکرده‌کانیان دا، ئه‌م ده‌رفه‌ته بۆ تاکی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ره‌خسێنن که له رێگه‌ی مامله‌کانیانه‌وه خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و چاوه‌روانییه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا بگونجێنن. نموونه ره‌فتارییه‌کانی تاکه‌کان بۆ نموونه شێوه‌ی سازان و شێوازی خۆگونجاندنیان له‌گه‌ڵ ئاقاری ژیان له خۆیدا ده‌رفه‌تێکه که کۆمه‌ڵگا بۆیان فه‌راهه‌م ده‌کات. به واتایه‌کی دیکه سه‌ره‌رای ره‌چاوکردنی گۆڕکه مامله‌ییه‌کان تایبه‌تمه‌ندییه‌کی کۆگه‌رایانه و ستروکتووریان هه‌یه. به پێی بۆچوونی رابێرت کی مۆرتێن (1910-2003) له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی کاراکتێره تاکێتیییه‌کانی مرۆڤ دایه
تێبینی:
سه‌رچاوه و ئامژه‌کان له دوایین به‌شی ئه‌م وتاره‌دا دێن
وەڵامێک بنووسە