فۆنکشیۆنه‌کان بۆ نموونه نیهادی بنه‌ماڵه و قوتابخانه، نیهاده مه‌ده‌نییه‌کان، دامازراوه پیشه‌یی و بازرگانییه‌کان، رێکخراوه به‌رێوه‌به‌ری و سیاسییه‌کان و… به‌گشتی به‌ستێنێکی گونجاون بۆ راهێنانی ئاستی وشیاری و بردنه سه‌ری پسپۆری تاک وه‌ک پێداویستییه‌کی عه‌ینی پێک دێنن. له‌م دۆخه‌دا “موراڵی ئۆرگانی” جێگه به “ویژدانی گشتی” چۆڵ ده‌کات و له ئه‌نجامدا خوێندنه‌وه‌یه‌کی فره‌چه‌شنی له چه‌مکی موراڵ دا به‌رهه‌م دێنێت که له ئه‌نجامدا تاک له ژێر سریمه‌ی ئه‌م کارکردانه‌دا کاراکتێری ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت.
خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک (به‌شی دووهه‌م)
رزگار ئه‌مین نژاد
1.2) روانگه‌ی فۆنکشیۆنالیسه‌کان له‌مه‌ڕ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا و ناسنامه‌ی تاک
روانینی مارکس له‌مه‌ڕ کاریگه‌ری سترووکتوور له‌سه‌ر چێ بوونی وشیاری تاک به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ژێر سریمه‌ی لۆژیکی جه‌ببرگه‌رایانه‌ی مێژوویی و، هه‌روه‌ها فاکتی سه‌رمایه و پێوه‌ندی وه‌به‌رهێنان دا بووه. لۆژیکی بازار و دیارده‌ی مۆدێڕنیزم له سه‌رده‌می مارکس دا گڕوتینێکی به‌رچاوی به‌م روانگه دیاله‌کتیکییه ده‌به‌خشی و، مرۆڤ وه‌ک مه‌تا (کالا) ئابوورییه‌کانی مه‌یدانی وه‌به‌رهێنان به‌شێک بوو له پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنان.هه‌ر له‌م گۆشه نیگایه‌دایه که فاکتی ئۆبژه‌کتیڤی مارکس له‌مه‌ڕ کاراکتێری تاکگه‌رایانه‌ی مرۆڤ، ده‌که‌وێته ژێر سریمه‌ی دینامیزمی تایبه‌تمه‌ندییه قازانجخوازییه‌کانی تاک. فاکته سه‌بژه‌کتیڤه‌کانی سه‌رده‌م، یان به‌واتایه‌کی دیکه زه‌ینییه‌تی زێده‌خوازی کاپیتالیسم، له ئافڕاندنی هه‌لومه‌رجه عه‌ینییه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی هه‌بووه له قوڵ بوونه‌وه‌ی ئه‌م روانگه کۆنکرێته. به بۆچوونی مارکس که‌سایه‌تی تاک له‌م سۆنگه‌یه‌وه و له‌ژێر سریمه‌ی وه‌ها زه‌ینییه‌تێکدا به‌رهه‌م دێته‌وه و، بێ گومان دیارده‌ی ئیراده‌گه‌رایی تاک له پرۆژه‌ی زێده‌بایی کاپیتالیزم دا بزره و مرۆڤ وه‌ک هه‌بوونێکی نامۆ، ده‌بێت به به‌شێک له که‌ره‌سه‌ی سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنان.
پاش خوێندنه‌وه‌ی روانگه‌ی ترادیشۆنی له‌مه‌ڕ پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا و چۆنیه‌تی کاردانه‌وه‌ی هه‌ڤبه‌ر له نێوان ئه‌کته‌ر/ ستروکتوور دا، ئه‌م وتاره هه‌وڵده‌دات له‌م به‌شه دا خوێندنه‌وه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ روانگه‌ی فۆنکشیۆنالیسته‌کان بکات. به بۆچوونی فۆنکشیۆنالیسته‌کان کۆمه‌ڵگا پێک هاتووه له کۆمه‌ڵێ ئه‌لێمێنتی جیاواز و هه‌ر کام له‌م ئه‌لێمێنتانه کارکردێکی راسته‌وخۆ یاخود ناراسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ستروکتووری کۆمه‌ڵگا دا هه‌یه. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌م ئه‌لێمێنتانه به کارکرده جیاوازه‌کانیانه‌وه و له هاوپێوه‌ندییه‌کی چڕدا کارتێکه‌ریان له‌سر یه‌کدی ده‌بێت و له ئه‌نجامدا گه‌شه ده‌که‌ن که دواتر گۆڕان له فۆرمی ستروکتوور دا پێک دێنن.
فۆنکشیۆنالیزم له‌سه‌ر بنه‌مای سێ گریمانه‌ی بنه‌ره‌تی دامه‌زراوه و به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌ژیر سڕیمه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی بایۆلۆژیانه‌یه له‌مه‌ڕ ئۆرگانیزم. ئه‌م سێ تیۆرانه بریتین له: 1) هۆلیزم (Holisme)؛ که ده‌گه‌رێته‌وه بۆ روانگه گشتییه‌کانی پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی، به واتایه‌کی دی گه‌رانه‌وه بۆ بنه‌ما گشتییه‌کان. به پێی ئه‌م بۆچوونه پرسی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له پێوه‌ندی به گشتیه‌تی کۆمه‌ڵگا دا شرۆڤه ده‌کرێت که له راستیدا خاڵی به‌رامبه‌ری مێتۆدۆلۆژیسک ئیندیڤیدوالیزمه. وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا بنه‌مای تیۆری مێتۆدۆلۆژیسک ئیندیڤیدوالیزم له‌سه‌ر شرۆڤه‌ی مامله کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی تاک له کۆمه‌ڵگا دا راوه‌ستاوه، واته کاریگه‌ری و شوێنگه‌ی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له کۆمه‌ڵگا دا شرۆڤه ده‌کات. روانگه‌ی هۆلیستی سه‌رنجی خۆی ئاراسته‌ی نیهاده‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا ده‌کات و له‌سه‌ر بنه‌مای شرۆڤه‌کردنی ئه‌و هاوپێوه‌ندیانه‌دا دامه‌زراوه که له نێوان ئه‌م نیهادانه دا هه‌یه که له ئه‌نجامدا واقعێکی گشتی تر به‌ناوی کۆمه‌ڵگا پێک ده‌هێنن. بۆ نموونه نیهادی خوێندنگه له پیوه‌ندی به کارکردی هه‌ڤبه‌ر له نێوان قوتابخانه و نیهادی بنه‌ماڵه دا شرۆڤه ده‌کرێت که له ئه‌نجامدا کارکردی بنه‌ماڵه وه‌ک بنکه‌یه‌کی راهێنان بۆ تاک که‌مره‌نگ تر ده‌کاته‌وه و نیهادی په‌روه‌رده ئه‌رکی وه‌به‌رهێنانی ره‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له ئه‌ستۆ ده‌گرێت. 2) چه‌مکی کارکردی (function concept)؛ که به‌شێکی گرینگ و له‌هه‌مان کاتدا ناووکی تیۆری فۆنکشیۆنالیزمه، له‌دوای خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ پاژه کارکردییه‌کانی نیهاده‌کان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا ده‌گه‌رێت، واته سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر توانای کارکردی نیهاده‌کان چڕ ده‌کاته‌وه که له ئه‌نجام دا گشتیه‌تی کۆمه‌ڵگا ده‌خه‌نه ژێر سریمه‌ی خۆیانه‌وه. 3) ئاوێته‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی (social integration)؛ ئه‌م تیۆره نکۆڵی له کێشه‌کانی نێۆ کۆمه‌ڵ به گشتی و پرسی هاودژی له کۆمه‌ڵگادا ناکات، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌م تیۆره باس له‌وه ده‌کات که بۆچی هێندێ له کۆمه‌ڵگاکان، سه‌ره‌رای جیاوازی و هه‌بوونی هاودژه‌کان، که‌چی له هه‌مان حاڵ دا خاوه‌ن نه‌زم، دامه‌زراوی (ثبات) و هارمۆنییه‌کی گونجاون. له پێناو شرۆڤه‌کردنی وه‌ها پارادایمێکدایه که ئه‌م تیۆره هه‌وڵده‌دات باس له‌و مه‌کانیزمانه بکات که پرسی ئاوێته‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌به‌رهاتنه‌وه (باز تولید) دابین ده‌که‌ن که ده‌بنه هۆی مانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکان (Aakvaag;2008).
1.2.1) ئیم‌یل دوورکهه‌یم

ئێمیل دوورکهه‌یم (1858 – 1917) له به‌رهه‌مه تیۆریکه‌که‌ی خۆیدا “خۆکووژی” (1897)، سه‌رنجێکی تایبه‌تی هه‌یه له‌مه‌ڕ چه‌مکی “منی کۆمه‌ڵایه‌تی” مرۆڤ. به واتایه‌کت دی “من”ێک که له سۆنگه‌ی به‌شداری کردن له پرۆسه کۆگه‌راییه‌کاندا کاراکتێری کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت. بۆ نموونه له مه‌یدانی خوێندنی باڵا، هوونه‌ر، له دۆخه مۆراڵییه‌کان، سیاسه‌ت و زانست دا و… هه‌رکام له‌م مه‌یدانه کۆمه‌ڵایه‌تییانه خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆیانن بۆ به‌شداربوونی مرۆڤ وه‌ک بوونێکی تاکگه‌را. ئه‌م نموونه بانفیزیکیانه به‌رهه‌می هه‌ڵ و مه‌رج و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئاقاری ژیان و زه‌رووره‌ته‌کانی ژیانی مرۆڤن. هه‌ر به پێی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که مرۆڤ به‌رده‌وام خۆی له پرۆسه‌ی کاردانه‌وه‌ی هه‌ڤبه‌ر (کنش متقابل) دا ده‌بینێته‌وه. کاردانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی له روانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای واقع دامه‌زراوه و بۆ مرۆڤ وه‌ک زه‌رووره‌تێکی گرینگی ژیان دێته ئه‌ژمار که پێویست ده‌کات ئه‌م پێوه‌ندییه بپارێزرێت و گه‌شه‌ی پێبدرێت. له راستیدا کاردانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌ته‌نیا وه‌ک فۆرمی سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ نێزیک کردنه‌وه‌ی مرۆڤ یاخود پێکه‌وه‌بووندا راڤه ناکرێت، به‌ڵکه به مانای دوورنمایه‌ک له‌مه‌ڕهه‌ڵبژاردن راڤه ده‌کرێته‌وه که له‌و دا مرۆڤ – نه‌ک ناچار بێت – به‌ڵکه سه‌رپشک بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌م جه‌غزی پێکه‌وه‌بوونه‌دا بمێنێته‌وه یان ئه‌وه‌تا خۆی له وابه‌سته بوون بکشێنێته‌وه و له‌هه‌مان کاتدا له فۆرمی چه‌مکێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی دا خۆی پێناسه بکاته‌وه.
دوورکهه‌یم سه‌رنجێکی تایبه‌ت ده‌دات به خوندنی باڵا و، ئه‌مه‌یش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ روانگه‌ی کارکردگه‌رایانه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵگا. پرۆسه‌ی خوێندن له‌م میانه‌یه‌دا وه‌ک یه‌کێک له فۆنکشیۆنه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه و، به‌گشتی دوورکهه‌یم هه‌وڵ ده‌دات کارتێکه‌رییه‌کانی خوێند له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا و مرۆڤ پیشان بدات. له روانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه خوێندن له خۆیدا بنه‌ما یاخود مێتۆدێکه بۆ پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی کردنی تاک و، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه خوێند وه‌ک فۆنکشیۆنێکی کاریگه‌ر له زۆر لایه‌نه‌وه کارتێکه‌ری له‌سه‌ر هومانیتیزه کردنی تاک دا ده‌بێت (Moore; 2004). به‌واتایه‌کی دیکه “تاکی سروشتی” له رێگه‌ی خوێندنه‌وه به‌ره‌و “تاکی کولتوری” گۆڕانی به‌سه‌ر دا دێت. “خود” ی مرۆڤ به‌لای دوورکهه‌یمه‌وه تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی دوالیستی هه‌یه و هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دایه که ئه‌و باس له “خودی دووچه‌شنی” (Dupelex self) ده‌کات. تاک له‌روانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه به‌سه‌ر دوو” دۆخی ده‌روونی” و “دۆخی ده‌ره‌کی” دا ئانالیزه ده‌بێت و له ئه‌نجامدا جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو دۆخه هه‌بوونییه (وجودی) ئاوا پێناسه ده‌کات که؛ دۆخی ده‌روونی تایبه‌تمه‌ندییه سروشتیییه‌کانی مرۆڤه که په‌یره‌وی ده‌کات له خووخده‌ی تاک و لایه‌نه غه‌ریزییه‌کانی مرۆڤ، به‌ڵام دۆخی ده‌ره‌کی له‌ژێر سریمه‌ی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤ دایه و له وه‌ها حاڵه‌تێکدایه که تاک وه‌ک جه‌سته‌یه‌کی ناسنامه‌یی ره‌سمیه‌ت به حزووری کلتووری خۆی له نێو کۆمه‌ڵگا دا ده‌دات. له‌م پیوه‌ندییه‌دایه که رۆڵی خوێندن وه‌ک فۆنکشیۆنێکی گرینگ له‌مه‌ڕ ترانسفۆرمێزه کردنی (تبدیل کردن) دۆخی ده‌روونی به‌ره‌و دۆخی ده‌ره‌کی به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌ی که له‌م میانه‌یه دا جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌م وتاره‌یه، ئه‌وه‌یه که خوێند وه‌ک رێخه‌رێکی گرینگ بۆ گرێدانه‌وه‌ی تاک و کۆمه‌ڵگا ره‌چاو ده‌کرێت. واته هه‌مان گرفتی نێوان ئه‌کته‌ر/ ستروکتوور که له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا هاته به‌ر باس. لێره‌دا ده‌بینین که به پێی بۆچوونی دووررکهه‌یم؛ کاراکتێره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (نۆرم و به‌ها کولتورییه‌کان) له رێگه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن له تاک دا نیهادینه ده‌کرێن و ده‌بن به به‌شێکی ناسنامه‌یی و له‌هه‌مان کاتدا پێناسه‌یه‌ک بۆ که‌سایه‌تی تاک.
ئه‌م پرۆسێسه له خۆیدا به‌شێکی گرینگه له دارشتنی ستروکتووری وشیاری به‌لای تاکه‌وه و ئه‌م ستروکتووره وه‌ک چوارچێوه‌یه‌کی ره‌فتاری کاریگه‌ری له‌سه‌ر مامڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک دا ده‌بێت. به‌م واتایه پرسی خوێند وه‌ک بنه‌مایه‌کی گرینگ بۆ کۆمه‌ڵایه‌تیی کردنی تاک له‌ژمار دێت و له‌م کۆنتێکسته‌وه‌یه که تاک فێر ده‌بێت چۆن مامڵه‌کانی خۆی له دۆخی کۆمه‌لایه‌تیدا رێکبخات و چلۆن له نێو کۆمه‌ڵ دا هه‌ڵسوکه‌وت بکات. ئه‌گه‌رچی کاتاگۆری خوێندن بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵایه‌تی بوون فه‌راهه‌م ده‌کات، به‌ڵام له‌هه‌مان حاڵ دا دوورکهه‌یم پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که کاتۆگۆرییه‌کی گشتگیر (universal) له‌مه‌ر سیسته‌می په‌روه‌ده بۆ گشت مرۆڤه‌کان له ئارادا نییه و به پێی ستروکتووری کۆمه‌ڵگاکان جیاوازی له‌م کاتاگۆریانه‌دا به‌دی ده‌کرێت (هه‌مان سه‌رچاوه). به‌واتایه‌کی دیکه فورمووڵه زانستییه‌کان هه‌ر یه‌ک شتن به‌ڵام فۆرم و شێوازه‌کانی پلان دانان بۆ خوێندن که مرۆڤ ده‌کاریان دێنێت بۆ ئۆرگانیزه‌کردنی پرسی زانست به پێی کۆمه‌ڵگاکان جیاوازن. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه دوورکهه‌یم باس له‌وه ده‌کات که بنه‌ماکانی خوێندنی زانستی پێویسته و حه‌تمه‌ن ده‌بێت له خزمه‌ت شرۆڤه‌کردنی واقع و دۆخی ستروکتووره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، شێوازه جیاوازه‌کانی خوێند و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاری تاک دا بێت. له وه‌ها حاڵه‌تێکدا پێویسته سیسته‌می په‌روه‌رده ناوه‌ندێکی سه‌ربه‌خۆ و له‌هه‌مان حاڵ دا ئامرازێک بێت بۆ به‌رجه‌سته کردنه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازییانه و خوێندنه‌وه‌ی ستروکتووره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
ئه‌گه‌رچی دوورکهه‌یم له سه‌ر گرینگی خوێندن له‌مه‌ڕ گه‌شه‌کردنی ئاستی وشیاری مرۆڤ پێ داده‌گرێت، به‌ڵام نکۆڵی له‌م فاکته‌یش ناکات که؛ کاراکتێری تاک به گشتی له‌ژێر سریمه‌ی ئه‌زموونه سه‌بژه‌کتیڤه‌کانی (زه‌ین گه‌رایی) مرۆڤ دایه و، هه‌روه‌ها نۆرم و به‌ها سه‌لمێندراوه‌کانی نێو کۆمه‌ڵیش به شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت له راهێنانی مرۆڤ، له‌سه‌ر زه‌ینیه‌تی مۆراڵی تاک و دۆخی ره‌فتاری مرۆڤ دا ده‌ورێکی به‌رچاو ده‌بینن. به پشت به‌ستن به‌م تێگێشتنه‌یه که دوورکهه‌یم گرینگی به پرسی هه‌ڵاواردن ده‌دات که له رێگه‌ی خوێندنه‌وه چێ ده‌بن. له وه‌ها دۆخێک‌دا تاک له‌به‌ر ده‌م دووحاڵه‌ت دا سه‌رپشک ده‌بێت که یه‌که‌م حاڵه‌ت دا ئاماده‌یی هه‌لبژاردنی مرۆڤه، واته چۆنیه‌تی که‌ڵک وه‌رگرتن له سه‌رمایه زه‌ینییه‌کانی خوێندن بۆ مامڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی و، دووهه‌م حاڵه‌ت توانا ئه‌زموونگه‌راییه‌کانی مرۆڤه که به پێی پره‌نسیبه نه‌ریتییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ ده‌جووڵێته‌وه. له‌مه‌ڕ حاڵه‌تی یه‌که‌م ئاماژه‌یه به دۆخی ده‌ره‌کی، واته له دۆخێک‌دا که تاک له رێگه‌ی زانیاری و ئه‌زموونه‌کانه‌وه کاردانه‌وه له خۆی پیشان ده‌دات و، له‌مه‌ڕ دووهه‌م حاڵه‌ت ئاماژه‌یه به دۆخی ده‌روونی که له‌و دا تاک له‌رێگه‌ی کاردانه‌وه‌ی ویژدانی گشتی دا مامڵه‌کانی خۆی رێکده‌خات.
لێره‌وه‌یه که دوورکهه‌یم روانگه‌ی فۆنکشێۆنالیستی (کارکردگرائی) خۆی ئاوێته‌ی بنه‌ما شرۆڤه‌کارییه‌کانی ستروکتوورالیستی ده‌کات و له‌مه‌ڕ پێناسه‌یه‌ک بۆ “فاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی” ئاماژه ده‌دات به کارکرده پراکتیکییه‌کانی کۆمه‌ڵگا، که چ به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یاخود ناراسته‌وخۆ، بڕشتی خۆسه‌پاندنیان له‌سه‌ر تاک هه‌یه. شرۆڤه‌ی کارکردگه‌رایانه له سه‌ر فاکته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به بۆچوونی دوورکهه‌یم ده‌ورێکی گرینگ و یه‌کلاکره‌وه ده‌بینێ له‌مه‌ر ده‌رک کردن و خوێندنه‌وه‌ی پرسه تایبه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه سه‌رنج به‌م پرسیاره ده‌دات که فۆنکشیۆنه‌کان چۆن کاریگه‌ریان له‌سه‌ر لایه‌نی پراکتیکیی سیسته‌مێکی گشتی (کلی) یاخود پاژه‌کانی (اجزا) بنیادنانی ئه‌م سیسته‌مانه داده‌نێن. به‌ڵام شرۆڤه‌کاری مێژووگه‌رایانه سه‌رنجی خۆی زیاتر له‌سه‌ر پاڵنه‌رێکی مێژووی یاخود دیارده‌یه‌کی سه‌رده‌میانه چڕ ده‌کاته‌وه که له‌باری مێژووییه‌وه توانیویه‌تی کارکردێکی تایبه‌ت وه‌ئه‌ستۆ بگرێت. واقع له روانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه بریتییه له هه‌بوونێکی ره‌ها و کارتێکه‌ر، که تا راده‌یه‌کی به‌رچاو تایبه‌تمه‌ندی جه‌ببرگه‌رایانه‌ی هه‌یه. هۆکاره دیاریکه‌ره‌کانی ئه‌م فاکته کۆمه‌ڵایه‌تییانه له راستیدا ره‌گیان له نێو واقعه‌کانی پێش خۆیان دا هه‌یه و له رۆانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به ئاستی وشیاری تاکه‌وه نییه. به واتایه‌کی دیکه ئه‌م واقعانه پێشتر هه‌بوون، له ئێستادا ده‌ژین و له دوارۆژ دا گه‌شه ده‌که‌ن و، تاک له نێو ئه‌م پرۆسه کامڵبوونه‌دایه که وشیاری به‌ده‌ست دێنێت. که‌واته رێساکانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێش تر دیاریکراون و له ژێر سریمه‌ی دیارده‌کان نین به‌ڵکه وه‌ک ئۆبژه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه‌دان بۆ هه‌ڵبژاردن.
لێره‌وه من هه‌وڵ ده‌ده‌م به پشت به‌ستن به تیۆری “دابه‌شکردنی کار” ی دوورکهه‌یم (Durkheim; 2007) چۆنایه‌تی کاریگه‌ربوونی ئه‌م دۆخه ئابستراکانه له‌سه‌ر جووله و شوێنی تاک له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیدا پیشان بده‌م. خاڵی هه‌ره به‌رچاوی جیاوازی نێوان دوورکهه‌یم و مارکس – ئه‌گه‌ر له دیدێکی کۆمه‌ڵناسیانه‌وه سه‌یر بکرێت نه‌ک ئایدۆلۆژیک – له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌مکی تاکگه‌رایی و کۆگه‌رایی دایه. دوورکهه‌یم له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌یه که کۆمه‌ڵگای مۆدێرن به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو له فۆرمی کۆگه‌راییه‌وه به‌ره‌و تاکگه‌رایی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌وه‌ی له‌م میانه‌یه‌دا بۆ دوورکهه‌یم جێی سه‌رنجه ئه‌م پرسیاره‌یه که کۆمه‌ڵگایه‌ک که به شێوه‌یه‌کی خێرا و له‌ژێر کاریگه‌ری مۆدێرنیزاسیۆندا به‌ره‌و تاکگه‌رایی ده‌چێته پێشه‌وه، چۆن ده‌توانێ گشتیه‌تی خۆی بپارێزێت؟ واته چه‌مکی کۆمه‌ڵگا پێناسه بکاته‌وه. هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئه‌و باس له‌وه ده‌کات که کۆمه‌ڵگای نوێ به شیوه‌یه‌کی خێرا به‌ره‌و تاکگه‌رایی رۆشتووه و له ئه‌نجامدا ئه‌م گۆرانکارییانه پرسی کۆده‌نگی یاخود پابه‌ندبوونه نه‌ریتییه‌کانی تووشی فه‌وتان کردووه و هاوپێوه‌ندی و پابه‌ندبوونێکی نوێی هێناوه‌ته رۆژه‌ڤه‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دۆخه گۆرانێکی بنچینه‌یی له چه‌مکی کۆمه‌ڵگا دا پێکهێناوه به‌ڵام له هه‌مان حاڵ‌دا پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگا وه‌ک بابه‌تێکی گشتی پاراستووه و به شیوه‌یه‌کی دیکه فۆرمالیزه کردووه. هه‌ر له‌م پیوه‌ندییه دایه که ئه‌و سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان تاکگه‌رایی و عه‌قڵگه‌رایی دا چڕ ده‌کاته‌وه که به شیوه‌یه‌کی پۆزیتیڤ ئاوێته‌ی یه‌کتر بوونه‌وه‌ته‌وه و چه‌مک و ده‌رکێکی دیکه‌یان له‌سه‌ر دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م هێناوه. ئه‌و راده‌گه‌یه‌نێت که: ” کاتێ تاک زیاتر به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆبوون هه‌نگاو ده‌نێت، به هه‌مان ئه‌ندازه زیاتر وابه‌سته به کۆمه‌ڵگا ده‌بێت” (هه‌مان سه‌رچاوه). کۆمه‌ڵگای مۆدێر چه‌مکێکی مۆدێرن له‌مه‌ڕ کاراکتێری کۆمه‌ڵ به‌رهه‌م دێنێته‌وه که ده‌لاله‌ت له پسپۆربوون (Specialization) ده‌کات و ئه‌مه له‌خۆیدا مه‌رجێکی گرینگه بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌می دابه‌شبوونی کار له کۆمه‌ڵ دا. له‌وه‌ها دۆخێکدایه که تاک له رێگای تایبه‌تمه‌ندیه تاکێتیه‌کانیه‌وه خۆی له مه‌یدانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌گونجێنێت و به‌م چه‌شنه ده‌بێت به به‌شێک له پێناسه‌ی گشتی. کارکردی “دابه‌شبوونی کار” له کۆمه‌ڵگادا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڤبه‌ر (متقابل) دامه‌زراوه، به واتایه‌کی دیکه دابه‌شبوونی کار له‌خۆیدا پرسی “پێداویستی” ده‌خاته رۆژه‌ڤه‌وه که مه‌جالی به‌کرده‌وه‌کردنی ئه‌م پێداویستیانه له پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دا مسۆگه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام به پیناسه‌یه‌کی کارکردگه‌رایانه‌وه. بۆ نموونه پێوه‌ندی راسته‌وخۆی نێوان پزیشک و نه‌خۆش و هه‌روه‌ها پێوه‌ندی ناراسته‌وخۆی نێوان پزیشک و کۆمپانیا به‌رهه‌م هێنه‌ره‌کانی ڤیتامین نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌م پزیشک و هه‌م کۆمپانیا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان ناچارن و، ته‌نانه‌ت بۆیان گرینگه که تۆرێکی هاوپه‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی دامه‌زرێنن که له‌ودا مانایه‌کی شناختی (Cognitiv) به به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانیان بده‌ن. واته گرینگی هه‌بوونی وه‌ها تۆڕێکی هاوپه‌یوه‌ندی که له‌ودا پێوه‌ندی نێوان نه‌خۆش، پزیشک، کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنه‌ری ده‌رمان، ته‌ندرووستی کۆمه‌ڵگا و له ئه‌نجامدا نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی رێکده‌خرێت و واتایه‌کی شناختی په‌یدا ده‌کات. له‌م پێوه‌ندییه‌دا کۆمه‌ڵگای مۆدێرن و کارکردی دابه‌شبوونی کار له‌خۆیدا زه‌مینه‌ی پابه‌ندبوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له کۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌م ده‌هێنێت و تاک له رێگای تایبه‌تمه‌ندبوونی خۆیه‌وه و به پێی پسپۆری خۆی ره‌چاوی ئه‌م پابه‌ندبوونه ده‌کات. پابه‌ندبوون ئاماژه‌یه‌که بۆ چه‌مکی چڤات (community)، له راستیدا کۆمه‌ڵگا هه‌ر به واتای کۆی تاکه‌کانی پێکهێنه‌ری کۆمه‌ڵ نییه، به‌ڵکه پێناسه‌یه‌کی گشتی تری هه‌یه و به‌ستێنێکی گشتی تره بۆ هه‌موو کارکرده کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ کاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رهه‌م هێنانی چه‌مکی کۆمه‌ڵگا دا هه‌یه. سیسته‌می دابه‌شبوونی کار له‌خۆیدا هه‌ڵگری چه‌مکێکی مورالییه بۆ هاودژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا و ئه‌م سیسته‌مه مه‌جالێکی هارمۆنیک بۆ ره‌که‌به‌رایه‌تی نێوان دژایه‌تییه‌کان فه‌راهه‌م ده‌کات.
هه‌روه‌ک له سه‌رێدا هاته به‌رباس پرسی دابه‌شبوونی کار له روانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه به‌ته‌نیا هه‌ر لایه‌نی ئابووری ناگرێته‌وه، به‌ڵکه کارکردی موراڵی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی گه‌لێک به‌رفراوانتره له کاریگه‌ی لایه‌نی ئابووریه‌که‌ی. به‌م پێیه سیسته‌می دابه‌شبوونی کار له خۆیدا دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ پرسی هه‌ڵاواردن (differentiation) وگرینگی‌دان به ئاستی پسپۆڕی و تایبه‌تمه‌ندی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا. پرسی هه‌ڵاواردن و پسپۆری له‌خۆیدا تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵگایه‌کی مۆدێڕنه که گوزارشت له کۆمپلێکس بوون و له‌هه‌مان حاڵ‌دا هارمۆنیک بوونی پێوه‌ندی نێوان ده‌زگا و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان ده‌کات. دوورکهه‌یم له پێناسه کردنی وه‌ها سیسته‌مێک دا ئاماژه به چه‌ندین پاڵنه‌ری عه‌ینی ده‌کات که وه‌ک بنچینه‌یی ترین هۆکاره‌کانی پێداویستی هاتنه ئارای دابه‌شبوونی کار له ژمار دێن؛ بۆ نموونه ئه‌و ئاماژه به پڕێتی (تراکم) ماتریالی و له‌هه‌مان کاتدا به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی مه‌عنه‌ویات ده‌دات وه‌ک هۆکاری پرسی دابه‌شبوونی کار. پرسی پڕێتی ماتریالی که له بنه‌ره‌تدا ئاماژه‌یه به زێده‌بوونی حه‌شیمه‌ت و هاتنه ئارای چه‌مکێکی تایپۆلۆژیک له‌مه‌ڕ پرسی شارنشینی، یه‌کێکه له‌و ئه‌لێمێنتانه‌ی که له تیۆره‌کانی دوورکهه‌یمدا سه‌رنجی تایبه‌تی پێده‌درێت. له لایه‌کی دیکه‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی مه‌عنه‌وی له کۆمه‌ڵگای مۆدێڕن دا بریتییه له فره‌یی زه‌رفیه‌ته مه‌عریفه‌ییه‌کانی موراڵ که گوزارشت له خێرایی و شیوازی سیسته‌می دامه‌زراندنی هاوپێوه‌ندی له کۆمه‌ڵگا دا ده‌کات. بۆ نموومه هه‌ر دامازراوه و نیهادێکی کولتوری/ مه‌ده‌نی یاخود رێکخراوه‌یه‌کی پیشه‌یی/ سیاسی چوارچێوه‌یه‌کی موراڵی بۆ خۆی پێناسه ده‌کات و له‌هه‌مان حاڵ‌دا پابه‌ندبوونی ئه‌ندامه‌کانیان به نیهاده‌کانیانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌ما مۆراڵیانه پێناسه ده‌که‌ن.
گرینگی فۆنکشیۆنه‌کان له پێوه‌ندی به پرسی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره دا، واته کێشه‌ی ئه‌کته‌ر/ستروکتوور، تا راده‌یه‌کی به‌رچاو جیوازییه‌کانی خۆی له حاند تێگێشتنی ماتریالیسمی مێژووی ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ماتریالیستی مێژوویی فۆرمی گۆڕان له کۆمه‌ڵگا دا له پێوه‌ندییه‌کی ستروکتوور/ ستروکتووری دا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه، تێگێشتنی فۆنکشیۆنالیستی ئه‌م پرسه ده‌خاته خانه‌ی ئه‌کته‌ر/ستروکتووره‌وه، به‌ڵام له‌ژێر سریمه‌ی فۆنکشیۆنه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا دا، به واتایه‌کی دی ره‌هه‌ندی گۆران له ستروکتوور دا به‌نێو فۆنکشیۆنه‌کان دا تێده‌په‌رێت. لێره‌وه تاک وه‌ک ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی قورسایی و کارتێکه‌رییه‌کانی خۆی له‌سه‌ر ستروکتوورهه‌ست پێده‌کات، به واتایه‌کی دیکه تاک له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه بوونێکی زۆر بزر نییه، به‌ڵکه ده‌رفه‌تێکی زیاتری بۆ ده‌ره‌خسێت بۆ هه‌ڵبژاردن که له کۆنتێکستی یه‌ک یان چه‌ندین فۆنکشیۆنی کۆمه‌ڵایه‌تی دا هه‌بوونی تاکگه‌رایانه‌ی خۆی پێناسه بکات و ده‌ره‌نجامه‌کانی بوونی خۆی له‌م مه‌یدانه رکه‌به‌رایه‌تییه‌دا ده‌ربخات. له پێوه‌ندی به کاریگه‌ری پرسی دابه‌شبوونی کار و کارتێکه‌ری فۆنکشیۆنه‌کان له‌مه‌ڕ گۆڕانێکی ئه‌ستوونی له فۆرمی ستروکتووری کۆمه‌ڵایه‌تی دا، دوورکهه‌یم پرسی کۆمه‌ڵگا به سه‌ر دوو شێوه سیسته‌م دا دابه‌ش ده‌کات که بریتین له کۆمه‌ڵگای مه‌کانیکی و کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی و، هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا باس له‌و مۆتیڤاشیۆنانه (ا‌نگیزه) ده‌کات که پرسی پابه‌ندبوونی مه‌کانیکی و ئۆرگانیکی به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه (هه‌مان سه‌رچاوه).
کۆمه‌ڵگای مه‌کانیکی؛
له یه‌که‌م نیگادا کۆمه‌ڵگای مه‌کانیکی به کۆمه‌ڵگایه‌کی نه‌ریتی پێناسه ده‌کرێت که له‌و دا پرسی هه‌ڵاواردنی پۆزیتڤ له ئارادا نییه و تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ له رێگای سۆز و هه‌سته زه‌ینییه‌کانیانه‌وه پرسی پابه‌ندبوونی خۆیان ده‌سه‌لمێنن. ئه‌م چه‌شنه پابه‌ندبوونه پیوه‌ندی هه‌یه به حاڵه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی که له‌ودا جیاوازی نێوان ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا زۆر که‌مره‌نگتره له کۆمه‌ڵگای مۆدێڕن، به واتایه‌کی دیکه ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له‌باری چۆنایه‌تییه‌وه (مه‌به‌ست له ئاستی پسپۆرییه که له‌م چه‌شنه کۆمه‌ڵگایانه‌دا که‌متر دیاره) له ئاستێکی هاوبه‌شدان. له‌وه‌ها کۆمه‌ڵگایه‌کدا پرسی ویژدانی گشتی به‌سه‌ر پرسی ویژدانی تاکێتی دا زاڵه. ویژدانی گشتی له دۆخێک‌دا به‌رهه‌م دێت که یه‌ک به‌یه‌کی ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا خۆی له‌گه‌ڵ بنه‌ما داندراوه‌کانی ویژدانی گشتی و به‌ها باوه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌رامبه‌ر ده‌کات. بۆ نموونه پرسی دین و نه‌ته‌وه‌گه‌رایی یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م چه‌شنه کۆمه‌ڵگایانه که له‌وێدا تاک ده‌چێته ژێر سریمه‌ی پرسی ویژدانی گشتیه‌وه و خۆی له‌گه‌ڵ نۆرم به‌هاکانی کۆمه‌ڵگا هاوده‌نگ ده‌کات. پرسی موراڵ له‌م کۆنتێکسته‌وه بابه‌تێکی ئابستراک و داندراوانه‌یه که له فۆرمێکی گشتیدا پێناسه و هه‌روه‌ها دیاری کراون و گشت ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای مه‌کانیکی خۆی پابه‌ند به‌م بنه‌ما موراڵیانه ده‌بینێت.
کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی؛
به پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگای مه‌کانیکی، کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی له‌سه‌ر جیاوازییه‌کان دامه‌زراوه و، ئه‌م چه‌شنه پابه‌ندبوونه ئافراندنی سیسته‌می دابه‌شبوونی کاره. هه‌تا کرکرده‌کانی کۆمه‌ڵگا فره‌چه‌شن بن، جیاوازی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه به‌رفراوانتر ده‌بێت. له‌م چه‌شنه کۆمه‌ڵگایانه‌دا ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ به کاراکتێری جیاوازه‌وه و به پێی پسپۆری ده‌ست بۆ ئه‌رکی جیاواز ده‌به‌ن و روڵی جیاوازیان له کۆمه‌ڵگا دا ده‌بێت و به گشتی ده‌توانین بڵێین که به‌شێوه‌یه‌کی ئۆرگانیکی وابه‌سته‌ی پێوه‌ندییه‌کی هارمۆنیک ده‌بن له‌گه‌ڵ هاودژه‌کانیان له کۆمه‌ڵگادا. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه که به تێگێستنێکی هاوبه‌ش ده‌گه‌ن، به‌ڵکه له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازبوون ئه‌م پێوه‌ندییه، واته کاردانه‌وه‌ی هه‌ڤبه‌ر رێکده‌خه‌ن. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی به بۆچوونی دووکهه‌یم بردنه سه‌ری ئاستی پسپۆری تاک و وابه‌سته‌بوونی زیاتری تاک به کۆمه‌ڵگایه. به واتایه‌کی دیکه کۆمه‌ڵگا مه‌یدانێکی چالاکییه بۆ مانا به‌خشین به ئاماده‌بوونی تاک و له‌هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌م دۆخه کارکردگه‌رایانه گرینگییه‌کی تایبه‌ت به هاوپێوه‌ندی سیسته‌م ده‌ده‌ن که به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر رێکخستنی سیسته‌می به‌رێوه‌به‌ری له کۆمه‌لگادا. بۆ نموونه پرسی دیاری کردنی ده‌سه‌ڵات له گره‌وی ململانه یاخود هاوپێوه‌ندی نیوان فۆنکشیۆنه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا دا دیاری ده‌کرێت. به‌م پێیه له کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیک دا پرسی هاوپێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی (نۆرم و به‌ها هاوبه‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا) تاراده‌یه‌کی به‌رچاو داکشان به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و پرسی هاوپێوه‌ندی سیسته‌م ده‌بێته کارکردێکی گرینگ بۆ رێکخستنی ده‌سه‌ڵات – وه‌ک یه‌کێک له فۆنکشیۆنه گرینگه‌کانی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌گه‌ر وه‌ک کۆبه‌ندییه‌ک روانینی دوورکهه‌یم له‌سه‌ر پرسی ستروکتوور و مه‌جاله‌کانی کارتێکه‌ری تاک له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا دیاری بکه‌ین، ده‌بینین که فۆنکشیۆنه‌کان به شێوه‌یه‌کی هاوتریب کاریگه‌ریان هه‌م له‌سه‌ر تاک و هه‌م کۆمه‌ڵگا هه‌یه. فۆنکشیۆنه‌کان بۆ نموونه نیهادی بنه‌ماڵه و قوتابخانه، نیهاده مه‌ده‌نییه‌کان، دامازراوه پیشه‌یی و بازرگانییه‌کان، رێکخراوه به‌رێوه‌به‌ری و سیاسییه‌کان و… به‌گشتی به‌ستێنێکی گونجاون بۆ راهێنانی ئاستی وشیاری و بردنه سه‌ری پسپۆری تاک وه‌ک پێداویستییه‌کی عه‌ینی پێک دێنن. له‌م دۆخه‌دا “موراڵی ئۆرگانی” جێگه به “ویژدانی گشتی” چۆڵ ده‌کات و له ئه‌نجامدا خوێندنه‌وه‌یه‌کی فره‌چه‌شنی له چه‌مکی موراڵ دا به‌رهه‌م دێنێت که له ئه‌نجامدا تاک له ژێر سریمه‌ی ئه‌م کارکردانه‌دا کاراکتێری ئه‌کته‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م چه‌شنه نیهادانه به‌گشتی کاریگه‌رییان له‌سه‌ر گۆڕان له ستروکتووری کۆمه‌ڵگا دا هه‌یه که به‌شێوه‌ی رێکخستن کارکردی خۆیان ده‌رده‌خه‌ن. چه‌مکی کۆمه‌ڵایه‌تی تاک له رۆانگه‌ی دوورکهه‌یمه‌وه له‌ژێر سریمه‌ی وه‌ها ریکخستنێکدایه، به واتایه‌کی دیکه تاکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێکه له میکانیزمی به‌رهه‌م هێنه‌ری کۆمه‌ڵگا و فۆنکشیۆنه‌کان پێناسه‌ی گشتی ئه‌م میکانیزمانه‌ن.
تێبینی:
سه‌رچاوه و ئامژه‌کان له دوایین به‌شی ئه‌م وتاره‌دا دێن
وەڵامێک بنووسە