که‌ڵك وه‌رگرتن له شێوازی ئاشتیخوازانه‌ی خه‌بات ئه‌گه‌رچی ده‌بێته هۆی زۆرتر بوونی گوشاری سیاسی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سه‌ر ئه‌م بزاڤانه به‌ڵام له کرده‌وه‌دا ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ناکۆکی له بۆچوندا له نێوان لایه‌نه‌کانی نێو سیسته‌می حکومه‌تی و له حاڵێکا مه‌یدانی کرده‌وه و سریمه‌ی ئه‌م شیوازه له خه‌بات به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه زۆر به‌ربڵاوتر ده‌بێت.
وتووێژی سه‌رنووسه‌ری سایتی مادرید 11 له‌گه‌ڵ دوکتور ماریا ئێستێفن و دوکتور ئێریکا
وه‌رگێران بۆ سه‌ر فارسی: مه‌حمود حسێنی شووشته‌ری
له فارسییه‌وه: رزگار ئه‌مین نژاد
خه‌باتی مه‌ده‌نی وه‌ک ستراتیژییه‌ک، هه‌ر به ته‌نیا له سونگه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه له‌حاند ره‌قیبه‌که‌ی واته خه‌بات به شێوازی توندوتیژی دا به‌رجه‌سته نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵکه ئه‌م شێوازه له کرده‌وه‌دا هه‌م کارتێکه‌ری زیاتری هه‌بووه و هه‌م مه‌جالی کرده‌وه‌ی تێدا به‌هێزتره و هه‌میش دڵنیاتر.
دوکتور ماریا ئێستێفن به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندی پهروهردیهیی لێکۆڵینه‌وه له “ناوه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان” و دوکتۆر ئێریکا چنۆوهت لێکۆڵه‌ر له سه‌ر “سه‌رکه‌وتن و شکستی شێوازه فره‌چه‌شنه‌کانی خه‌باتی هێزه مه‌ده‌نییه‌کان له حاست حکومه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان” خوێندنه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شیان له پرۆژه‌یه‌کدا به ناوی “کێشه‌ی (چالش طلبی) گولیات: لێکدانه‌وه‌ی نیسبی سه‌رکه‌وتنی ستراریژیکی شێوازه فره‌چه‌شنه‌کانی خه‌بات، مه‌ده‌نی و چه‌کداری- بۆ نموونه: شه‌ڕی پارتیزانی، تیرۆری شۆرشگێڕانه، تیرۆریزم و خه‌باتی ئاشتیخوازانه-” به‌رێوه بردووه. له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا ئه‌وان به روانینێکی ووردترهوه هه‌ستاون به شرۆڤه‌کردنی شیوازه‌کانی خه‌بات و هه‌ڵسه‌نگاندنی پێوه‌ر و ئاستی ده‌سکه‌وته‌کانیان. هه‌روه‌ها ئه‌مان هه‌وڵیانداوه راده‌ی ده‌سکه‌وتی ئه‌م بزاڤانه له‌مه‌ڕ ئامانجه به‌ده‌ست هاتووه‌کانیان، له به‌ستێنی ستراتیژی خه‌باته‌کانیان پیشان بده‌ن.
ئه‌م لێکۆڵینه‌وه پشت ده‌به‌ستێ به سوود وه‌رگرتن له بانکێکی زانیاری ده‌وڵه‌مه‌ند و خوێندنه‌وه‌ی زانیاری و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که له‌سه‌ر بزاڤه جۆراوجۆره‌کان تۆمار کراون و، له‌م رێگایه‌وه توانیویانه گه‌لاله‌ی کۆمه‌ڵێ پرسیای سه‌ره‌کی دارێژن بۆ لێکۆڵینه‌وه‌کانیان. ئه‌م دوو لێکۆله‌ره له مه‌ودای لێکۆڵینه‌وه‌کانیاندا هه‌وڵیانداوه وه‌ڵامی هێندێک له‌م پرسیارانه بده‌نه‌وه. بۆ نموونه:
- ئایا سه‌رکه‌وتنی نیسبی خه‌باتی چه‌کداری و خه‌باتی مه‌ده‌نی له به‌شێک له وڵاتان پیوه‌ندی هه‌یه به چییه‌تی (ماهیه‌تی) ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ولاتانه واته ماهیه‌تی دێمۆکراتیک یاخود نادێمۆکراتیانه‌ی ئه‌وان؟
- پێوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و دامه‌زراوی سیاسی حکومه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م بزاڤانه؟
- کورت یان درێژخایه‌ن بوونی ماوه‌ی خه‌باتێک چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌یه له‌سه‌ر به‌ختی سه‌رکه‌وتن یان شکستی ئه‌و بزاڤه؟
- ئایا پشتیوانی هێزه ده‌ره‌کییه‌کان له‌مه‌ڕ خۆراگرتوویی ئاشتیخوازانه کاریگه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر راده‌ی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م شیوازه؟
لێکۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کانی ماریا و ئێریکا ئه‌مه پیشان ده‌دات که سوود وه‌رگرتن له “چه‌کی” مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی (بۆ نموونه؛ بایکۆت، مانگرتن، ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و دامه‌زراندنی پێکهاته سیاسییه هاوتریبهکان و هتد) به به‌راورد له‌گه‌ڵ شێوازه‌که‌ی دیکه‌ی خه‌بات واته سود وه‌رگرتن له چه‌ک یان شه‌ری پارتیزانی به‌ختی سه‌رکه‌وتنی زیاتره. داتا (ئامار) و لێکۆڵینه‌وه‌کان ئه‌مه ده‌سه‌لمێنن که نێزیک به نه‌وه‌د له سه‌دی (90%) ئه‌و خه‌باتانه‌ی که به شێوازی ئاشتیخوازانه رێکخستنی بۆ کراوه، به ئه‌نجام گێشتوون، له حاڵێکا پێوانه‌ی سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باته چه‌کدارییه‌کان په‌نجا له سه‌دا (50%) پیشان ده‌دات. تیرۆر و شه‌ری پارتیزانی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که به کرده‌وه مه‌جالی سه‌رکوت کردن بۆ حکومه‌ته‌کان زیاتر هه‌موار ده‌بێت و توندوتیژی نواندن له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه گوژمێکی زیاتر په‌یدا بکات و، هه‌ر ئه‌م دۆخه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که مه‌جالی دانوستان و سازانی سیاسی و پێکهاتن له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی ئه‌م بزاڤانه که‌م تر ده‌بێت. له وه‌ها دۆخێکا حکومه‌ته ده‌سه‌ڵاتداره‌کان پتر تێده‌کۆشن ئه‌م دۆخه به ئاقاری توندوتیژیدا تێپرێنن. که‌ڵك وه‌رگرتن له شێوازی ئاشتیخوازانه‌ی خه‌بات ئه‌گه‌رچی ده‌بێته هۆی زۆرتر بوونی گوشاری سیاسی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ سه‌ر ئه‌م بزاڤانه به‌ڵام له کرده‌وه‌دا ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ناکۆکی له بۆچوندا له نێوان لایه‌نه‌کانی نێو سیسته‌می حکومه‌تی و له حاڵێکا مه‌یدانی کرده‌وه و سریمه‌ی ئه‌م شیوازه له خه‌بات به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه زۆر به‌ربڵاوتر ده‌بێت.
له دیمانه‌یه‌کی سه‌رنووسه‌ری “مادرید 11” له‌گه‌ڵ دوکتور ئێستفن و دوکتور چنۆوهت دا، ده‌یڤید ئۆکرێز ئه‌م پرسیارانه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌مان کردۆته‌وه:
خه‌باته مه‌ده‌نییه‌کان له رابردوودا چ ده‌سکه‌وتێکیان هه‌بووه؟
به‌رچاوترین نموونه کلاسیکییه‌کانی بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان بریتین له: بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هیندوستان به رێبه‌رایه‌تی گاندی، بزووتنه‌وه‌ی “هێزی گه‌ڵ” له ساڵی 1986 که توانی کۆتایی به دیکتاتۆریه‌تی مارکوس له فلیپین بێنێ، بزووتنه‌وه‌ی دژی ئاپارتاید له ئافریقای باشوور و، بزووتنه‌وه‌ی گه‌ل “دژی کۆمۆنیزم” له 1989 له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات و ناوه‌ندی ئۆرووپا، بزووتنه‌وه‌ی “یه‌کبوون” له پۆلۆنیا (لێهێستان) هه‌روه‌ها ئه‌و بزاڤانه‌ی که دواتر وه‌ک “ئینقلابی مه‌خمه‌لی” له سیربیا، جۆرجیا، ئۆکرائین ناوزه‌د کران و، سه‌ره‌نجام نموونه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی بزاڤی ئینتهفازهی لوبنان له ساڵی 2005.
هۆکاره‌کان و نموونه‌کان یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن تا به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین که بۆچی شانسی سه‌رکه‌وتنی بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان به هه‌ڵسه‌نگاندن له‌گه‌ڵ شێوازه‌کانی شه‌ڕی چه‌کداری له سه‌رتره. هۆکاره‌که‌ی ده‌شێ ئه‌مه بێت که به‌رهه‌ڤکردن (به‌سیج) و به‌رده‌وام بوونی بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان ئاسانتره و له هه‌مان کاتدا خه‌ڵک باشتر ده‌توانن لێی تێبگه‌ن و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵدا بگرن و، بۆ رێژیمه سه‌رکوتگه‌ره‌کانیش تێچوونێکی (هزینه) گرانی ئابووری و سیاسی به‌دواوه ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش ده‌ست بردن بۆ ماشینی توندوتیژی بۆ سه‌رکوتکردنی ئه‌م شیوازه له خۆراگرتن زۆر ئاسته‌م تر ده‌بێت. کاتێ هێزێکی سیاسی به شێوازی شه‌ڕی چه‌کداری له حاست رێژیمێکدا راده‌په‌رێ که گشت ئامرازه سوونه‌تییه‌کانی سه‌رکوتکردن؛ وه‌ک پۆلیس و ئه‌رته‌ش و پۆلیسی ئه‌منیه‌تی له‌به‌ر ده‌ستدایه، سروشتی ده‌نوێنێ که رێژیم له وه‌ها ململانهیهکدا سه‌رکوتن به‌ده‌ست بێنێ. چوونکه له راستیدا ئۆرگانه‌کانی سه‌رکوت به مه‌به‌ستی شکستدانی ئه‌م خه‌باتانه رێکخراون و راهێنانی پێویستیان بینیوه. ئه‌مه له‌حاڵێکدایه که ئۆرگانه‌کانی سه‌رکوت له به‌رامبه‌ر بزاڤێکدا که له‌باری ستراتیژیکه‌وه یه‌کگرتوو و ئاشتیخوازانه‌یه ئه‌و کارامه‌ییه‌ی نییه و هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی توندوتیژی له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ئه‌نجامی گرانی سیاسی به‌دوادا دێت و، به نۆره‌ی خۆی ده‌بێته هۆی به‌ربڵاوتر بوونی ئه‌م بزاڤانه و له کرده‌وه‌دا ده‌سکه‌وتێکی ستراتیژیکی ده‌بێت بۆ ئه‌م بزاڤانه. به‌م حاڵه‌ش نموونه‌ی هێنددێک له بزاڤه ئاشتیخوازانه‌کان هه‌ن که نه‌یانتوانیوه به ئامانجه ستراتیژییه‌کانی خۆیان بگه‌ن. هه‌ر به‌م پێیه ئێمه به‌ته‌ماین هه‌رکام له‌م نموونانه به شێوه‌یه‌کی جیاواز بخه‌ینه ژێر تیشکی لێکۆڵینه‌وه‌کانمان تاکوو هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتن یاخود شکستی بزاڤه‌کان ده‌رک بکه‌ین و به شیوه‌یه‌کی جیاواز هه‌ڵیانسه‌نگێنین و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین. نابێ ئه‌وه‌ش له یاد بکه‌ین که ئه‌مه بۆ یه‌که‌مجاره که وه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک و به‌راوردێکی ووردبینانه له‌مه‌ڕ دوو شێوازی خه‌باتی چه‌کدارانه و ئاشتیخوازانه و هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجام و ده‌سکه‌وته‌کان و تاکتیک و ستراتیژی ئه‌م بزاڤانه به‌رێوه ده‌چێت.
چۆن و تا چ راده‌یه‌ک ده‌کرێ بزاڤه مه‌ده‌نی و بزاڤه چه‌کدارییه‌کان له یه‌کتر هه‌ڵاوێرین؟ ئایا ده‌کرێ ئه‌م دوو شێوازه‌ی خه‌بات له میکانیزمێکێکدا بگونجێندرێت و پێکه‌وه ته‌با بن؟ سنووری هاوکاری نێوان ئه‌م دوو شیوازه له کوێدایه.
وه‌ک لێکۆڵه‌ر و شرۆڤه‌کارێک به پێویستی ده‌زانین که به شرۆڤه‌یه‌کی وورد جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو شیوازه له خه‌بات و خۆراگری به‌رجه‌سته بکه‌ینه‌وه. بۆ نموونه ده‌کرێ کرداره‌کان، شیوازه‌کان و تاکتیکه‌کانی خه‌باتی چه‌کدارانه – بۆ نموونه تاکتیکی لێدان و ده‌رچوون، له تاکتیکه‌کانی خه‌باتی پارتیزانی که به زۆری ئامانجی عه‌مه‌لیاته‌کانی پێگه و مۆڵگه نیزامییه‌کانی دوژمنن، تیرۆر که زۆرترین قوربانییه‌کانی کادێرانی تێکنۆکراتی حکومه‌تین- له‌به‌رچاو بگرین و له‌گه‌ڵ تاکتیکه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نیدا – بۆنموونه: تاکتیکی بایکۆت، ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕینی گشتی له شاره‌کان، مانگرتن، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و هه‌روه‌ها تاکتیکی هاوکاری نه‌کردن- به‌راوه‌رد بکه‌ین و جیاوازییه‌کان و ویكچونه نیسبییهکانی ئه‌م دو شێوازه هه‌ڵسه‌نگێنین. ئێمه به سوود وه‌رگرتن له‌م شێوازی مهزندهگهرانهیه (روش مقایسهیی) ده‌توانین پیشان بده‌ین که ده‌ستبردن بۆ شێواز‌و تاکتیکێکی دیاریکراو بۆ نموونه خه‌باتی چه‌کداری یان مه‌ده‌نی به‌گشتی چ کارتێکه‌ری و ده‌ره‌نجامێکی لێ ده‌بێته‌وه. ئه‌مه له‌خۆیدا پلانێکی سه‌ره‌تاییه بۆ کاره‌که‌مان و به دڵنیاییه‌وه ناکرێ ئه‌م ره‌وته وه‌ک شێوازێکی ته‌واو و کرده‌وه‌یانه (عه‌مه‌لی) بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تێکی وه‌ها گرینگ لێک بدرێته‌وه. ئه‌وه‌ی که له‌م میانه‌یه‌دا گرینگه شرۆڤه‌کردنێکی زانستیانه‌ی ئه‌م دیاردانه‌یه.
له زۆربه‌ی نموونه‌ی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئێمه شایدی ده‌رکه‌وتنی شێوازی جۆراوجۆر به‌ڵام له‌هه‌مان حاڵ‌دا پێوه‌ندیشیان به یه‌که‌وه بووه – بۆ نموونه شه‌پۆلێ له خه‌باتی توندوتیژی و یان تێکه‌ڵاوێک له نموونه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی و چه‌کدارانه- بووین. روواڵه‌تی وه‌ها تێکه‌ڵاوییه‌ک له نموونه‌کانی خه‌بات له خۆێدا ناتوانێ ئه‌م ئه‌نجامه به ده‌سته‌وه بدات که سوود وه‌رگرتن له خه‌باتی چه‌کدارانه هاوتریب له‌گه‌ڵ خه‌باتی ئاشتیخوازانه هۆکارێک بوون که یارمه‌تی به ئیمه گه‌یاندووه بۆ به‌ده‌ست هێنانی ده‌ره‌نجامه دڵخوازه‌کانمان له خه‌بات دا. یا ئه‌وه‌یکه به هه‌ڵه وا بیر بکه‌ینه‌وه که بۆ گۆرانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بێت هاوکات له‌گه‌ڵ خه‌باتی مه‌ده‌نی که‌ڵک له توندوتیژیش وه‌ربگرین. یا ئه‌وه‌یکه وا بیر بکه‌ینه‌وه که هۆکاری سه‌رکه‌وتنی به‌شیک له بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌کان له رێگای ده‌ستبردن بۆ توخمی توندوتیژی نواندن و فۆرمه‌کانی مه‌ده‌نی خه‌بات بووه.
ئه‌و کاره‌ی که ئێمه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین ئه‌وه‌یه که سه‌رنجێکی ووردتر بده‌یه‌نه سه‌ر ئه‌و به‌شه له خه‌باته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که توانیویانه شێوازی مه‌ده‌نیانه به شیوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک به‌کار بێنن و، نه‌ک هه‌ر پێوه‌ندییه چڕ و ده‌سکه‌وته‌کانی خه‌بات له فۆرمی خه‌باته‌که‌یان پیشان بده‌ین، به‌ڵکه روونکردنه‌وه‌مان هه‌بێت له‌مه‌ر هه‌رکام له‌م فاکتانه و تیشک بخه‌ینه سه‌ر ئه‌نجامی خه‌باته‌کانیان و، ئه‌و قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگاکانیان به‌رهه‌م هێناوه به‌رجه‌سته بکه‌ینه‌وه.
ئه‌گه‌ر ره‌وتی گرتنه‌به‌ری شێوازه‌کانی خه‌باتی مه‌ده‌نی بۆ گه‌یشتن به ئازادی به به‌راورد له‌گه‌ل به‌کارهێنانی خه‌باتی چه‌کداری کاریگه‌رییه‌کی زیاتری هه‌یه، که‌واته چ ئه‌نگیزه‌یه‌ک له پشت بریاری په‌نابردن بۆ توندوتیژی دا شاراوه‌ته‌وه که له هێندێ له بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له جیهاندا له ئارادایه؟
من وا بیر ده‌که‌مه‌وه تێگێشتنێکی گشتی هه‌یه له نێوان ئه‌و هێزه رۆشنبیرانه‌ی که پێیان وایه ئه‌گه‌ر وڵامی توندوتیژی به توندوتیژی بدرێته‌وه، کارتێکه‌رییه‌که‌ی زیاتره. له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌م تاقمه له رۆشنبیران، خه‌باتی توندوتیژی وه‌ک کاریگه‌رترین ئامراز بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شێوازه‌کانی زوڵم و زۆرداری رێژیمه سه‌رکوتگه‌ره‌کان، هێزه داگیرکه‌ره‌کانی ده‌ره‌کی، هه‌ڵاواردنه سیسته‌ماتیکه‌کانی حکومی و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌به‌ر چاو ده‌گرن. ئه‌م تێگێشتنه نه‌ریتییه که له نێوان به‌شێک له رۆشنبیران و چالاکانی پرسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بره‌وی هه‌یه، پێشینه‌یه‌کی مێژوویی هه‌یه. زۆربه‌ی ئه‌و شۆرشگێڕانه‌ی که باوه‌ریان به خه‌باتی چه‌کداری هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که ته‌نیا له رێگای توندوتیژییه‌وه‌یه که ده‌کرێ کۆمه‌ڵانی چه‌وساوه به دژی زۆرداری راپه‌رێنن و به پشت به‌ستن به‌م رێکاره‌یه که ده‌توانن بگه‌نه ئامانجه دڵخوازه‌کانیان و وڵامێکی شیاو به رێژیمه زۆرداره‌کان بدرێته‌وه. ئه‌گه‌ر چاوێک به سیمبوله شۆرشگێرییه‌کانی نیو سه‌ده‌ی رابردوو دا بخوشێنینهوه، له یه‌که‌م بینین دا روخسارگهلی وه‌ک مائۆ و “چ‌گوارا” که کهڵاشینکۆفێکیان له شان کردووه، دێته پێش چاومان. ئه‌گه‌رچی چه‌ند ده‌یه به‌سه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا تێپه‌ریوه، که‌چی ئێستاش ده‌سته‌واژه‌ی “خه‌باتی چه‌کدارانه” گڕوتین و سه‌رنج راکێشییه‌کی به‌هێزتری هه‌یه له‌چاو ده‌رک کردنی واقع و کارتێکه‌ری و ده‌ره‌نجامه‌کانی به‌کارهێنانی ستراتیژی ئه‌م شێوازه له خه‌بات. بۆ پیشاندانی کاریگه‌ری و ده‌ره‌نجامه راستییه‌کانی ئه‌م شێوازه له خه‌بات هێشتا پێویستییه‌کی زۆرمان هه‌یه به کارێکی تیۆریک و چه‌مکیانه. سه‌ره‌رای ئه‌مه‌یش پێویسته سه‌رنج به‌وه‌ش بدرێت که پرۆپاگه‌نده و که‌ره‌سه‌ی مێدیا له جیهانی ئه‌مرۆدا، بمانه‌وه‌ێ نه‌مانه‌وه‌ێ، به چه‌شنێک له خزمه‌ت بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رکه له خه‌باتدایه. “ته‌نیا به فیدا کردنی گیان و خوێنی خۆمان سه‌رده‌که‌وین” ئه‌مه ده‌سته‌واژه‌یه‌که که به‌رده‌وام و له هه‌ر قۆناغیکی خه‌بات دا له‌گه‌ڵمان هاتووه و کاریگه‌رییه‌کی ناراستی ده‌روونی به‌ڵام له هه‌مان حاڵ دا قوڵی له‌سه‌ر تێگێشتنی ئێمه داناوه. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له زۆربه‌ی دۆخه‌کاندا ئیلهام به‌خشی ئێمه بوووه و ئه‌م تێگێشتنهی لای ئێمه به‌رهه‌م هێنانه‌وه که هه‌ر له رێگای توخمی توندوتیژییه‌وه‌یه که ده‌توانین ده‌سه‌ڵات به ده‌سته‌وه بگرین. لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئێمه هه‌وڵ ده‌دات له‌م روانگه و تێگێشتنه بکۆڵێته‌وه. ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م چه‌شنه له خابت بکه‌ین.
ئایا ده‌شێ نکۆڵی له چه‌ندین نموونه‌ی سه‌رکه‌وتوو له بزاڤه چه‌کدارییه‌کان بکه‌ین له سه‌ده‌ی رابردوودا؟
ئه‌گه‌ر ئێوه سه‌رنج بده‌ن به شه‌ری پارتیزانی له ڤیه‌تنام، ئه‌م شه‌ره تا ئه‌و جێیه‌ی که ڤیت کۆنگه‌کان له ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له ڤیه‌تنام دا سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا و پاشان ڤیه‌تنامی باشووریان رزگار کرد، سه‌رکه‌وتووانه بووه. هه‌ر به‌م شێوه‌یه له ئه‌لجه‌زایه‌ر دا تا ئه‌و جێیه‌ی که توانی هێزه داگیرکاره‌کانی فه‌رانسه ده‌ر بکه‌ن، ئینقلابێکی سه‌رکه‌وتوو بوو. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له بابه‌ت ئه‌م نموونه “سه‌رکه‌وتووانه”یش ده‌بێ پشوویه‌ک راگرین. ئه‌م “سه‌رکه‌وتنه چه‌کدارانه‌یه” چ نرخێکی بۆ دراوه؟ رنگه بتوانین بڵێین – که حه‌تمه‌ن هه‌رواشه – هێزه شۆرشگێڕه‌کان توانیویانه به سوود وه‌رگرتن له توخمی توندوتیژی هێزه داگیرکاره‌کان له وڵاتی خۆیان ده‌ربکه‌ن و یان ده‌سه‌ڵاتی ئیسته‌عمار تێکبشکێنن. به‌ڵام به چ نرخێک؟ سه‌یر بکه که گیانی چه‌ندین هه‌زار مرۆڤ له‌م پێناوه‌دا فه‌وتاوه و تا چ راده‌یه‌ک وێرانی و کاول بوونی به‌دوادا هاتووه؟ ئه‌مه له خۆیدا کۆتایی سریمه‌ی ئه‌م شیوازه له خه‌بات نییه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین به ده‌رنجامه‌کانی دوای سه‌رکه‌وتن! ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه چی‌یان لێ که‌وته‌وه؟
خۆی ستراتیژی هه‌ر خه‌باتێک ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای نرخاندنێکی (محاسبه) وردی بیلان و زیانه‌کانی ئه‌نجامی خه‌باته‌که دارێژرێت. ئه‌و خه‌باته‌ی که ده‌سکه‌وته‌کانی کاوولبوون و تێداچوونی مرۆڤه‌کانی به‌دوادا دێت، جگه له خۆکووژی سیاسی ناشی هیچ ناوێکی دیکه‌ی له‌سه‌ر دابنێین.
ئامانجی سه‌ره‌کی ئێوه له‌م راپۆرت و لێکۆڵینه‌وه‌یه چییه؟ به‌ته‌مان کێ سوود له به‌رهه‌می کاره‌کانتان وه‌ربگرێت؟
به دڵنیاییه‌وه له ره‌ده‌ی یه‌که‌م دا خوێندکاران و توێژه‌رانی پرسه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و، هه‌روه‌ها سیاسه‌تمه‌داران و چالاکانی سیاسی لۆکالی. ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه که پیشانی بده‌ین که بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان له ماوه‌ی مێژوو دا هه‌م له‌باری تیۆریک و هه‌م له باری کرده‌وه‌یانه (کنش) ئه‌م شیوازه له خه‌باتی خۆیان زۆر به‌هێزتر و جوانتر پیشانداوه و که‌س ناتوانێ نکۆڵییان لێ بکات. نمادی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م بزاڤانه و سریمه‌ی نکۆڵی لێ نه‌کراوی ئه‌مان له گۆرانی پێکهاته سیاسییه‌کان، بۆته ئه‌نگیزه‌ی سه‌ره‌کی ئێمه بۆ شرۆڤه‌کردن و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ووردتر له‌مه‌ڕ ئه‌م بزاڤانه.
هه‌نووکه له نیوان لێکۆڵه‌ر و چالاکانی پرسه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌نیستیتۆ و زانکۆکانی “پێوه‌ندییه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان” دا راهات (گرایش) و هۆگرییه‌کی زۆر هه‌یه له‌مه‌ڕ لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. زۆر که‌س له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ن که که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانی بواری خه‌باتی مه‌ده‌نی باڵوێزانی گۆرانکارییه سیاسییه‌کانن. به‌م چه‌شنه پێویسته سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌یه‌ک بکرێ له‌مه‌ڕ ده‌سکه‌وت و هه‌ڵکشان و داکشانی ره‌وتی ئه‌م بزاڤه مه‌ده‌نیانه.
خویندنه‌وه‌یه‌کی وورد له‌مه‌ڕ ئه‌و تاکتیکه‌کانه بکرێت – بایکۆت، مانگرتن، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و…- که ئه‌م هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییانه له پیناو بردنه پێشی خه‌باتی خۆیان و گوشار هێنان بۆ حکومه‌ته‌کان به‌کاریان هێناوه، ئه‌م بابه‌ته له باری ئه‌منییه‌تیشه‌وه گرینگی خۆی هه‌یه. پێویسته ده‌رکێکی روون و تیۆریک له‌م تاکتیکانه به‌ده‌ست بێنین تاکوو له مه‌یدانی ئاکادێمیک و په‌روه‌رده‌ییدا سوودی لێ وه‌ربگیردرێ. ئه‌م پێداویستییه هێدی هێدی خه‌ریکه له زۆربه‌ی پلانه‌کانی په‌روه‌رده‌یی خاوه‌نڕا و پسپۆره‌کانی بواری پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیشدا جێی خۆی ده‌کاته‌وه.
لایه‌نێکی دیکه له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌یه که ناکرێ له‌به‌رچاوی نه‌گرین و، ئه‌مه ئه‌وه‌یه که له‌و وڵاتانه‌ی که خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی تێدا به‌ریوه‌ده‌چێت، ئیمکانی هه‌یه به پێی هێندێ هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت ئه‌م مه‌جاله بێته ئاراوه که رێبه‌رانی بزاڤه‌که بتوانن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی ده‌سه‌ڵات دانوستان بکه‌ن و، یا ته‌نانه‌ت له هێندێ حاڵه‌تی قه‌یراناوی هێزه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به هانای خه‌باتکارانی بزاڤی ئاشتیخوازانه‌وه بێن. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م نموونه‌یه‌ی دوایی که باسی لێوه‌کرا زۆر به ده‌گمه‌ن روو ده‌دات.
بۆ ئه‌وه‌ی که بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان کاریگه‌ری پێویستی هه‌بێت، به‌ر له هه‌ر شتێک گرینگه که ئه‌م بزاڤه ناره‌زایه‌تییانه به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو رێکبخرێن و رێبه‌ی بکرێن. یارمه‌تییه ده‌ره‌کییه‌کان له خۆیدا ناتوانن بهرههڤدهر و رێکخه‌ری ئه‌م بزاڤانه بن. ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین به دروستی رێکخستنی بۆ نه‌کرێت و هه‌ر به ته‌نیا چاوی له یارمه‌تییه ده‌ره‌کییه‌کان بریبێت، نه‌ک هه‌ر کاریگه‌ری خۆی له‌ده‌ست ده‌دات به‌ڵکه زه‌بر له دینامیزمی بنه‌ره‌تی ئه‌م بزاڤه ده‌گه‌یه‌نێ.
سه‌رچاوه:
http://www.turkmensahramedia.com/fa_gonagon/1386/mosalamet.htm
وەڵامێک بنووسە