سه‌راپام له ئاره‌قه‌دا خووسابوو، که خۆم له باوه‌شی دایکمدا بینییه‌وه. سه‌رم به سینگییه‌وه نابوو. بیرم ده‌هاته‌وه که شه‌وانێکی زۆر هه‌ر له‌و باوه‌شه گه‌رمه‌یدا به‌خه‌به‌ر ئه‌مامه‌وه. ئه‌و کات خه‌وم ئه‌هات، به‌ڵام حه‌زم ئه‌کرد نه‌خه‌وم و بزانم دایکم تا که‌ی من له باوه‌شیدا رائه‌ژێنێ. منداڵیکی لاسار نه‌بووم، ره‌نگه ئه‌مه‌ویست به ئازاردانی دایکم باری خۆشه‌ویستی خۆم له لای ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنم.
خه‌وزڕان
رزگار ئه‌مین نژاد
سه‌راپام له ئاره‌قه‌دا خووسابوو، که خۆم له باوه‌شی دایکمدا بینییه‌وه. سه‌رم به سینگییه‌وه نابوو. بیرم ده‌هاته‌وه که شه‌وانێکی زۆر هه‌ر له‌و باوه‌شه گه‌رمه‌یدا به‌خه‌به‌ر ئه‌مامه‌وه. ئه‌و کات خه‌وم ئه‌هات، به‌ڵام حه‌زم ئه‌کرد نه‌خه‌وم و بزانم دایکم تا که‌ی من له باوه‌شیدا رائه‌ژێنێ. منداڵیکی لاسار نه‌بووم، ره‌نگه ئه‌مه‌ویست به ئازاردانی دایکم باری خۆشه‌ویستی خۆم له لای ئه‌و هه‌ڵسه‌نگێنم. تۆ بڵێی چه‌نده منی خۆش بوێ؟ رایدهژاندم و لایه‌لایه‌ی بۆ ئه‌کردم. گه‌رمای باوه‌شی ورده ورده شلی ئه‌کردمه‌وه و که به‌یانی به ده‌نگی هازههازی سهماوهرهکهمان له خه‌و هه‌ڵده‌ستام، دڵنیا ده‌بوومه‌وه که من له لای دایکم زۆر زۆر خۆشه‌ویستم.
ئه‌و شه‌وه هه‌ر به‌راست خه‌وم لێ زڕا بوو. له خه‌و راچڵه‌کیم و چاوه‌کانم له په‌نجه‌ره‌ی روو به حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌مان بڕی بوو. ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی که نیگای ترس لێ نیشیووی منی تا به ئێستاش پێوه‌دیاره. ئه‌ڵێی چوارچێوه‌ی سه‌ر تاقی دیوارهکهمانه و وێنه‌ی سامگرتووی منیان تێگرتووه. له خوا ترسان ئه‌زموونێکی زۆر ناخۆش بوو. چاوه‌کانم نه ئه‌ترووکاند، یان ره‌نگه ئه‌ترسام که به یه‌ک چاو تروکاندن دیسان خه‌و بمباته‌وه. دیسان له خه‌ونمدا بچمه نێو حه‌وشه‌یه‌کی پڕژو بڵاو، گوریسێکی شین، دار سێوێکی پیر، شانه‌یه‌کی دار، ئاوێنه‌یه‌کی ژه‌نگاوی، ئافره‌تێکی…
دایکم ده‌ستی به سه‌رمدا ئه‌هێنا و به ئه‌سپایی به‌گوێما ئه‌یوت: “بنوو!”
سه‌رم له سینگی جیا نه‌ده‌کرده‌وه، ترپه‌ی دڵی ئارامی ئه‌کردمه‌وه. بیرم ئه‌هاته‌وه که دایکم پێی ده‌وتم: ” درۆ مه‌که، ده‌نا جنۆکه دێته خه‌ونت!” من جنۆکه‌م نه‌دیبوو، به‌ڵام ئه‌مزانی بوونه‌وه‌رێکی قێزه‌ون و ترسناکه. کاتێ له کن ئاواڵه‌کانم شتم ده‌خوارد، ئه‌یانوت: “به‌شی منیش!” حه‌زم نه‌ده‌کرد به‌شیان بده‌م. هی خۆم بوو. حه‌زم لێ بوو خۆم بیخۆم. ده‌یانوت: “ئه‌گه‌ر به‌شمان نه‌ده‌ی خوا کارێ ئه‌کا مار بێته خه‌ونت!” گشت ئه‌م شتانه قه‌رار بوو بێنه خه‌ونم و پرسیارم له خۆم ئه‌کرد، ئه‌ی باشه بۆ ئه‌بێ خوا حه‌تمه‌ن له خه‌وندا تۆڵه‌م لێ بکاته‌وه. نازانم، زۆر سه‌یر بوو به لامه‌وه.
ده‌ور تادهوری ئه‌و حه‌وشه هه‌ڵرژاوه و له‌سه‌ر دیواره‌کانی، هه‌موو منداڵه‌کانی گه‌ره‌کم ئه‌بینی. یه‌ک به پێیه‌وه، یه‌ک دوودانه ههڵترووکابوون، چه‌ندانه‌ی دیکه‌یش دانیشتبوون و لاقه‌کانیان به دیواره‌که‌وه شۆڕ کردبۆوه. هه‌ر له په‌پووله ئه‌چوون. سه‌یربوو، په‌پووله بوون و سه‌ری ئاواڵه‌کانی منیان پێوه بوو. ئه‌ی من بۆ له‌وێ نه‌بووم؟ بۆ له‌وێ نیم؟ دار سێوه‌که شتێکی پێوه هه‌ڵواسرابوو. وه‌ک باندۆڵی سه‌عاته دیوارییهکهمان به‌سه‌ر حه‌وزه‌که‌دا ده‌هات و ده‌چوو. منداڵه‌کان، نا، په‌پووله‌کان سه‌یریان ئه‌کرد. ده‌تووت چاوه‌رێی په‌پووله‌یه‌کی دیکه ده‌که‌ن که بێت یاریان له‌گه‌ڵدا بکات. ئافره‌ته‌که له ته‌نیشت حه‌وزه‌که قژی شانه ده‌کرد. له ئاوێنه ژهنگاوییهکهوه چاوی که‌وت به په‌پووله‌کان و، به‌سه‌ریاندا قریشکاندی…
دایکم ده‌یوت: “بنوو کوڕم.”
ره‌نگه خه‌وم ئه‌هات، به‌ڵام نه‌مده‌وێرا بخه‌وم. دڵنیا بووم ئه‌وشته دیسان ئه‌هاته‌وه خه‌ونم. هه‌ر وه‌ک خۆی. وه‌ک فیلمه کارتۆنییه‌کانی تهلهفیزۆنهکهمان که زوو زوو دووپات ده‌بوه‌وه. چۆن ده‌ستی پێ کردبوو، ئاواش دووباره ئه‌بۆوه. کاتێ له خه‌و رائهچڵهکیم ئه‌مبینی دایکم له بان سه‌رمه‌وه به ده‌سماڵێکی ته‌ر ناوچاوانمی فێنک ئه‌کرده‌وه. ده‌یوت: “بنوو به‌رخی دایه، بنوو!”
که له خه‌و رائهچڵهکیم، دڵنیا ئه‌بوومه‌وه که ئه‌وه خه‌ونم دیوه. به‌ڵێنم به خوا ئه‌دا که ئیتر قه‌ت قه‌ت درۆ نه‌که‌مه‌وه، هیچ شتێکیش به ته‌نیا نه‌خۆم و به‌شێ ئاواڵه‌کانم بده‌م. به‌ڵام بێسوود بوو. ئه‌م خه‌ونه وازی لێ نهئههێنام. له خه‌ونمدا له حه‌وشه‌یه‌کی ته‌نگه‌به‌ر و ئالۆز، دارسێوێکی لێ بوو. له‌بن دارسێوه‌که حه‌وزێکی بچووک بوو، پڕ بوو له ئاو. ره‌نگه ئاو نه‌بێ، ره‌نگه‌که‌ی وه‌ک ئاو روون نه‌بوو. به‌ڵام گوێم له دلۆپه‌ی شێره‌ی ئاوه‌که بوو که به‌سه‌ر حه‌وزه‌که‌دا ده‌که‌وت و ئه‌مبینی شه‌پۆلێکی خڕ تا لێواری حه‌وزه‌که بڵاو و بڵاوتر ئه‌بوه‌وه. ئافره‌تێک پرچی شانه ئه‌کرد. ئاوێنه‌یه‌کی ژه‌نگ گرتووی له سه‌رلێواری حه‌وزه‌که دانابوو… جار جار له ئاوێنه‌که‌وه سه‌یری خۆی ئه‌کرد. پشتی له من بوو. روخساریم نه‌ده‌بینی. له بان سه‌ریه‌وه، به دار سێوه‌که‌وه گوریسێکی شین شۆڕ ببوه‌وه و شتێکی پێوه هه‌ڵواسرابوو… که ڕاچه‌نیم بینیم دایکم دهسماڵیکی ته‌ڕ له‌سه‌ر نێوچاوانم دائه‌نێت. ” بنوو جه‌رگم، قه‌زات له دایه…”
پێم خۆش بوو پێی بڵێم که ئه‌ترسم بخه‌وم، به‌ڵام نه‌مده‌توانی. که ئارامتر ئه‌بوومه‌وه، خه‌و ئه‌یبردمه‌وه. له خه‌ونمدا منداڵیک به دار سێوه‌که‌وه هه‌ڵواسرابوو وه‌ک باندۆلی سه‌عاته دیوارییهکهمان ده‌هات و ده‌چوو. ئه‌مبینی، پانتۆڵه‌که‌ی زهرداییهکی پێوه دیاره، ره‌نگه پیسایی بووبێت. به ئاسته‌م نووزه‌یه‌کی لێههڵئهستا و له بن ده‌نگی ناره‌ناری ئافره‌ته‌که‌دا کپ ئه‌بوو. له خه‌ونمدا حه‌وشه‌که تاریک و تاریک‌تر ئه‌بوه‌وه و روخساری منداڵه‌که لێڵ و لێڵتر ئه‌هاته به‌رچاوم. ئافره‌ته‌که هه‌ستا و رووی له منداڵه‌که کرد. ده‌ستی له سه‌ر ده‌م و لووتی منداڵه‌که دانا‌و پاش چه‌ند چرکه‌یه‌ک و چه‌ندجار پهڵهقاژه کردن، منداڵه‌که شل وه‌ک شووڵه بییه‌ک به‌ده‌م بایه‌وه ئه‌شنایه‌وه. پێاوێک ده‌رگای حه‌وشه‌که‌ی کرده‌وه و به‌ره‌و دار سێوه‌که رۆشت. به‌رامبه‌ر ئافره‌ته‌که راوه‌ستا و چه‌ند قاقایهکیان بۆ یه‌ک ستانده‌وه. دوو جار له سه‌ریه‌ک به‌سه‌ر په‌پووله‌کاندا گوڕاندی و، منداڵه‌که‌ی له دارسێوه‌که کرده‌وه و له حه‌وشه‌که چووه ده‌ر. بردی. په‌پووله‌کان هه‌ڵفڕین و ئافره‌ته‌که به چه‌قڵه‌سه‌ما، به پیلکانه‌کاندا هه‌ڵگه‌ڕا و له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌یه‌وه چاوه‌کانی لێ بز ده‌کردمه‌وه… قریشکاندم.
دایکم هێدی هێدی له باوه‌شیدا رایدهژهنیم و به ئاسپایی به گوێم‌دا کوتی: ” ئارام به کوڕم، دایکی خۆته به‌رخۆڵه‌که‌م. مه‌ترسه جه‌رگی دایه. منم دایکی خۆت.”
خه‌وم لێ که‌وته‌وه و هه‌میس له‌و حه‌وشه‌یه‌دا چاوم که‌وت به دار سێوێکی پیر، حه‌وزێک، ئاوێنه‌یه‌کی ژه‌نگاوی ، شانه‌یه‌ک، ئافره‌تێکی سه‌ر و پرچ ئاڵۆز و گوریسێکی شین… په‌پووله‌کان هه‌ڵفڕی بوون. ئافره‌ته‌که له ئاوێنه ژهنگاوییهکهدا سه‌یری خۆی ده‌کرد. چاوه بزه‌کانی ئه‌بریسکانه‌وه. که لێی ورد بوومه‌وه، روخساری دایکم بوو. دیسان سه‌یرم کرده‌وه، خۆی بوو. منیش به گوریسه‌که‌وه هه‌ڵواسرابووم و وه‌ک شووڵه بییه‌ک با رایدهژاندم. دایکم به‌ره‌ورووم راوه‌ستا و منیش یه‌ک به‌خۆم قریشکاندم: نا، دایه نا، وامه‌که…
05.05.2008
وەڵامێک بنووسە