مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی له نێو چوارچێوه داخراوه‌کانی لۆکاڵ و رێسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئۆرگانیزه بکرێت، دێته دونیاوه. وه‌ک بڵێی هاتنه دوونیای مرۆڤ هه‌مان ریتمی سروشتی به جیهانی بوونی ئه‌وبێت که به‌بێ ناسنامه و به رووت وقووتی به‌ره‌و دونیایه‌ک به‌رده‌بێته‌وه که به‌شێکه له فه‌لسه‌فه‌ی وجودی ئه‌و، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی بان تاکه‌که‌سی جه‌سته‌ی ئه‌و ده‌کاته یه‌که‌م فاکتی ناسنامه‌که‌ی و له مه‌ودای هه‌ڵدانیشیدا روحی به کۆمه‌ڵێ چه‌مکه‌وه پێناسه ده‌کا که هی ئه‌و نییه.
گلوبالیزاسیۆن، مۆتیڤاشیۆنێک بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی
مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی له نێو چوارچێوه داخراوه‌کانی لۆکاڵ و رێسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئۆرگانیزه بکرێت، دێته دونیاوه. وه‌ک بڵێی هاتنه دوونیای مرۆڤ هه‌مان ریتمی سروشتی به جیهانی بوونی ئه‌وبێت که به‌بێ ناسنامه و به رووت وقووتی به‌ره‌و دونیایه‌ک به‌رده‌بێته‌وه که به‌شێکه له فه‌لسه‌فه‌ی وجودی ئه‌و، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتێکی بان تاکه‌که‌سی جه‌سته‌ی ئه‌و ده‌کاته یه‌که‌م فاکتی ناسنامه‌که‌ی و له مه‌ودای هه‌ڵدانیشیدا روحی به کۆمه‌ڵێ چه‌مکه‌وه پێناسه ده‌کا که هی ئه‌و نییه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته چییه که تا ئه‌م راده‌یه زاڵه به‌سه‌ر گشت لایه‌نه مێنتالی و فیزیکییه‌کانی مرۆڤه‌وه؟ هه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که ده‌ست داده‌گرێ به‌سه‌ر ناسنامه، چاره‌نووس، ژیان و مه‌رگی تاکه‌وه. ره‌نگه وڵامی ئه‌م پرسیاره به‌لای هه‌موومانه‌وه یه‌کسان نه‌بێت، به‌ڵام نکۆڵی له حزوورێکی قورس و گران ناکرێت که ئه‌ویش یاساکانی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تییه. له راستیدا ده‌ربازبوونی تاک له ژیر ته‌وه‌ره‌ی هێژمۆنیکی کۆمه‌ڵ، ته‌قه‌لایه‌ک نییه که هی ئه‌مرۆ و هی دوێنێ بێت. ئه‌م چیرۆکه به‌رده‌وام هاتووه و نیشانه‌کانی به‌رده‌وام بوونه‌که‌یشی هێشتا دیاره.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وه‌ره، واته گلوبالیزاسیۆن و شووناس زیاتر بخه‌ینه رۆژه‌ڤی شرۆڤه‌یه‌کی مێتۆدیکه‌وه، پێویسته به‌ر له‌وه‌ی ده‌ره‌نجامێکی خێرا به‌ده‌سته‌وه بدرێت ئانالیزه بکرێ. به مه‌بستی ئه‌نالیزه کردنی ئه‌م بابه‌ته پێویسته دوو وته‌زای شووناس و گلوبالیزاسیون له یه‌کتر هه‌ڵاوێرین و، له ئه‌نجامدا ئه‌م باسه له دوو به‌ستێنی به ته‌واوی سه‌ربه‌خۆدا موجه‌ڕه‌د بکرێته‌وه و له کۆتاییدا کارتێکه‌ری هه‌رکام له‌م دوو وته‌زایه به‌سه‌ر یه‌کتره‌وه بخه‌ینه به‌رباس. وه‌ک ده‌ستپێک، سه‌ره‌تا له پرسی شووناسه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م و، ئه‌م وته‌زایه له کۆنتێکستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دا ده‌خه‌مه به‌ر باس که بێ گوومان له هه‌ندێ له وتاره‌کانی من سه‌باره‌ت به پرسه گشتییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵگا دا هاتوونه‌ته به‌ر باس. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ره‌نگه ناچار بکرێم زۆر به کورتی و به تۆکمه‌یی باسه‌که بده‌مه ده‌سته‌وه. له قۆناغی دووهه‌مدا حه‌ول ده‌ده‌م که ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی گشتیم هه‌بێ له‌هه‌مبه‌ر پرسی گلوبالیزاسیۆن و چونیه‌تی که‌وتنه رۆژه‌ڤی ئه‌م بابه‌ته و مه‌جاله‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی. له کۆتاییدا ئه‌م بابه‌ته زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره چڕ ده‌که‌مه‌وه که ده‌ڵیت: “تۆ بڵێی چه‌مکی هوییه‌ت و که‌سایه‌تی له سه‌رده‌می خێرا بوونه‌وه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری گلۆبالیزاسیۆن به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ک بڕوا و چ تایبه‌تمه‌ندی گه‌لێک وه‌ربگرێ؟ تۆ بڵێی که‌سایه‌تی بۆ هه‌میشه له که‌سایه‌تی ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه ده‌ربچێ و مرۆڤ که‌سایه‌تییه‌کی جیهانی ته‌نیا له مانای ئینساندا وه‌ربگرێ؟ یان که‌سایه‌تیه لۆکاڵیه‌کانن که ده‌بنه هوییه‌تی سه‌ره‌کی؟ یان ره‌نگه ئاوێته‌یه‌ک (بن) له‌م دووانه؟”
شووناس (هویه‌ت)
سه‌باره‌ت به‌م وته‌زایه‌دا گه‌لێک گوومانی جۆراوجۆر ئاراسته‌ی ده‌قه کۆمه‌ڵناسی و سایکۆلۆژییه‌کان بۆته‌وه. له بنه‌ڕه‌تدا چه‌مکی شووناس بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ نییه، واته ئه‌و مه‌جاله نییه که تاک سه‌رپشک بێت بۆ پێناسه کردنی که‌سێتی خۆی. ئه‌م بابه‌ته زیاتر له ژێر کارتێکه‌ری کاراکتێره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه و وه‌ک پرۆسه‌یه‌ک مه‌ودای کامڵ بوونی خۆی ده‌پێوێت. پرۆژه‌ی دروست بوونی شووناس له پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوونی تاکدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. گرینگ‌ترین شرۆڤه‌ی سایکۆلۆژییانه له‌هه‌مبه‌ر ره‌فتاری تاک له خوێندنه‌وه‌ی زیگمۆند فرۆیدا تیشکی خراوه‌ته سه‌ر که نیهادی تاک دابه‌ش ده‌کا به سه‌ر سێ به‌شدا و، فاکتی “وشیاری” تاک ده‌خاته به‌رده‌م فاکته‌رێکی کاریگه‌ر وه‌ک “ناوشیاری”. واته تاک به‌رده‌وام له ژێر قورسایی کارتێکه‌رییه‌کانی “ناوشیاریدا” ده‌مێننه‌وه و “ناوشیاری”ش پیوه‌ندی هه‌یه به کارلێکی کۆمه‌ڵێ روداو و یان ره‌فتاری که‌سانی دوور و نێزیک که له ده‌ره‌وه‌ی تاکن و شوێن له‌سه‌ر کرده‌وه‌کانی تاک داده‌نێن. ئه‌م روانگه‌یه له‌مه‌ڕ پێکهاته‌ی سایکۆلۆژییه‌تی تاک، قورسایی و کاریگه‌ری فۆنکسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر تاک ده‌خاته روو.
له زۆنگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه ئه‌م بابه‌ته، واته پرسی شووناس له پارالێڵی هه‌مان چه‌مکی سایکۆلۆژیانه‌ی “وشیاری” و “ناوشیاریدا” پێناسه ده‌کرێت و، تاک له پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا و له کۆنتێکستی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بووندا (سۆسیالیزاشێن) پێناسه ده‌کا. به‌رله‌وه‌ی بچمه نێو شیکاریی قۆناغه‌کانی پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون، به پێویستی ده‌زانم سه‌رنجێکی خێرا بده‌ینه روانگه‌ی “جۆرج هێربێرت مید” له‌هه‌مبه‌ر پرۆسێسی دروست بوونی “خۆد”.
مید پرۆسێسی دروست بوونی “خۆد” له په‌رچه‌کرداری تاک له حاند کرداری کۆدا پێناسه ده‌کات و ئه‌م پرۆسه‌یش به سه‌ر سێ فاکتۆردا دابه‌ش ده‌کات که بریتین له “زه‌ین”(Mind)، “خۆم “(Me)” و من”(I). “زه‌ین” که پێوه‌ندی هه‌یه به وشیاری تاکه‌وه، له پیوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆدایه به لایه‌نه زه‌ینییه‌کانی(سه‌بژه‌کتیڤ) تاک. به واتایه‌کی دیکه کۆمه‌ڵگا زێهنییه‌تێک له تاکدا به‌رهه‌م دێنێته‌وه که پێوه‌ندی هه‌یه به ئه‌زمونه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی تاک له خانه‌ی کۆمه‌ڵگادا. تاک به ئه‌زمونکردن، یان به واتاییه‌کی تر، خۆی به ئاقاری په‌یره‌وی کردن له نۆرم و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دا ده‌ناسێنێ که ئه‌م ئه‌زموونه‌یش به‌ستراوه‌ته‌وه به یاسا و جیهان بینییه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگاکه‌ی. “خۆم” بریتییه له به‌شی کۆمه‌لایه‌تی تاک، واته مه‌جالێکه بۆ ئه‌وه‌ی تاک خۆی له چاوی دیتراندا ببینێته‌وه. ئه‌م بابه‌ته پێوه‌ندی هه‌یه به خۆ ناسینی تاک له به‌راورد کردنی که‌سایه‌تی خۆی به‌لای کۆمه‌ڵگاوه، واته کۆمه‌ڵگا چ که‌سایه‌تییه‌کی پێده‌دات. “من” داویین فاکتۆری میده که سه‌ربه‌خۆتره له فاکتۆره‌کانی دیکه و حه‌وڵ ده‌دات بچێته خانه‌ی روڵێکی نوێ یاخود حه‌ولده‌دات روڵه ئاراییه‌کانی خۆی گه‌شه پێبدات و، زیاتر له‌و پیوه‌ندییه‌دا به‌رهه‌م دێته‌وه که تاک له حه‌ولی ئه‌وه‌دایه که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆتر بۆ خۆی چێ بکا و له هێندێ مه‌جالدا و به کۆمه‌ڵێ تایبه‌تمه‌ندیه‌وه ناسنامه‌ی تاک بوونی خۆی له ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌روانییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا به‌رجه‌سته بکاته‌وه تا به‌م چه‌شنه بگاته ئاستێکی بان کولتوری.
پرۆسه‌ی سۆسیالیزاشێن یه‌کێکه له که‌رته گرینگه‌کانی دروست بوونی که‌سێتی لای تاک. ئه‌م پرۆسه‌یه له گشت کۆمه‌ڵگاکاندا، واته چ له فۆرمی مۆدێرن و چ له فۆرمی پێش مۆدێرندا به‌دی ده‌کرێت که پێوه‌ندی هه‌یه به په‌روه‌رده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ستێنێکی به‌رفراوانه بۆ پراکتیزه کردنی پێشمه‌رجه‌کانی شووناسی تاک و به‌رز کردنه‌وه‌ی ده‌رکی ئه‌و له‌هه‌مبه‌ر رێسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. ئه‌م پرۆسه‌یه به‌سه‌ر سێ قۆناغی تایبه‌ت دا دابه‌ش ده‌کرێت که بریتین له:
- قۆناغی سه‌ره‌تایی، واته له‌و کاته‌وه که منداڵ له دایک ده‌بێت و له ژێر چاوه‌دێری راسته‌وخۆی بنه‌ماڵه‌دا په‌روه‌رده ده‌کرێت. دیاره له کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کاندا ئه‌م قۆناغه جیاوازی هه‌یه، به‌و مه‌رجه‌ی که ئه‌رکی بنه‌ماڵه له‌هه‌مبه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌کانیان ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی نیهاده‌کانی کۆنترۆڵ و په‌روه‌رده که له ژێر کۆنترۆڵی ده‌زگا حکوومییه‌کانن. له کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان به هۆی هه‌ل و مه‌رجی ژیانی خێزانه‌کان که زۆرتر له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ دا به کاره‌وه سه‌رقاڵن، منداڵه‌کانیان له هه‌ره‌تی ساواییه‌وه ره‌وانه‌ی باخچه‌ی مندالاندا ده‌که‌ن به مه‌به‌ستی پارێزگاری کردن و راهێنان. ئه‌م قۆناغه ده‌شێ به‌راورد بکرێت له گه‌ڵ فاکتۆری “زه‌ین” که مید ئاماژه‌ی پیده‌دات. واته چه‌سپاندنی ریسا و یاسا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له زه‌ینییه‌تی تاکدا. تاک له به‌رامبه‌ر چاوه‌روانی تاکه‌کانی ده‌ورو ته‌نیشتی راده‌گیردرێ و فێر ده‌کرێت که بۆ ته‌بایی و حاوانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌یکه‌ه‌ره بیانییانه ده‌بێ چۆن هه‌ڵسووکه‌وت بکا و، له‌هه‌مان حاڵیش‌دا کۆمه‌ڵێ سیمبول بۆ ناساندنی خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه وه‌ک ئاشنا بوون به ناوی خۆی، ره‌گه‌ز، نزیکایه‌تی کردن له رووی سۆزه هاوبه‌شه‌کاندا و…
- دووهه‌م قۆنا‌غ، پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون له فۆرمی “فه‌رعیی”دایه که له سه‌ره‌تای وه‌به‌رخوێندن خستنی منداڵه‌وه تا ته‌مه‌نی سه‌ربه‌خۆیی دێته ئه‌ژمار. له‌م قۆناغه‌دا منداڵ به شێوه‌یه‌کی گشتی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌رک و پرسه گشتییه‌کاندا په‌وه‌رده ده‌کرێت. ئه‌م قۆناغه ده‌شێ له پێوه‌ندیدا بێت له‌گه‌ڵ فاکتۆری “خۆم” و له‌م قۆناغه‌دایه که به بۆچوونی مید تاک حه‌ولده‌دا روڵی ئه‌و که‌سانه هه‌ڵگرێته‌وه که راسته‌وخۆ کاریگه‌ریان هه‌یه به‌سه‌ر ژیان و ره‌فتاری ئه‌وه‌وه، به واتایه‌کی دیکه لاسایی کردنه‌وه‌ی نموونه‌کان. ئه‌م روڵانه ده‌شێ روڵی دایک و باوک، مامۆستا، هونه‌رمه‌ند پاڵه‌وانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و… بێت. له‌م قۆناغه‌دایه که تاک له‌گه‌ڵ هێندێک ره‌مزی بان بنه‌ماڵه‌ییدا ئاشنا ده‌بێت که پێوه‌ندی هه‌یه به چه‌مکه مایکرۆییه‌کانه‌وه. له سه‌رده‌می خوێندندا تاک ئاشنا ده‌بێت به ره‌مزه نه‌ته‌وه‌یی و ئائنیی و هێما کولتورییه‌کانی و، هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دایه که په‌روه‌رده‌ی فه‌رعیی کار ده‌کا بۆ بنیاتنانی ستروکتورێک بۆ هێز به‌خشین به هه‌ستی پابه‌ندبوونی نیشتمانی. دیاره ئه‌م فاکته په‌روه‌رده‌ییه له وڵاته مۆدێڕنه‌کاندا که له سه‌ر کۆنتێکستێکی لیبه‌راڵ و سێکۆلاردا رێفۆرمیان له ستروکتوری سیسته‌می په‌روه‌رده‌دا کردووه جیاوازییه‌کی به‌رچاو ده‌بیندرێت، به‌ڵام به‌گشتی ره‌مزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان وه‌ک ئاڵا و سرود و بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌شێکن له راهێنانی تاک له قوتابخانه‌کاندا.
- قۆناغی سێهه‌م یان فۆرمی کامڵ بوونی تاک، پیوه‌ندی هه‌یه به ئاستی ژیری و وه‌رگرتنی به‌رپرسیاره‌تییه‌کانی تاک له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌م قۆناغه له خانه‌ی دوا فاکتۆری مید دا ده‌بیندرێته‌وه سه‌باره‌ت به “من”. له‌م قۆناگه‌دا راده‌ی وشیاری و رۆشنبیری تاک پێش مه‌رجێکه بۆ گێشتن به قه‌ناعه‌تێکی بان کولتوری و “من” شووناسێکه که ده‌توانێ به‌رده‌وام له گۆڕاندا بێت.
به‌سه‌رنجدان به ئه‌و فاکتانه‌ی که له سه‌ره‌وه‌دا هاتنه به‌ر باس، پرسی تێگێشتن له شووناسی تاک له پیوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه. ئه‌م بابه‌ته له فۆرمێکی ئه‌ستوونیدا شرۆڤه کرا‌وه که به‌چه‌شنێک ره‌هه‌ند لێدانێک بوو بۆ ده‌رخستنی ئه‌و فاکت و کاراکتێرانه‌ی که پێوه‌ندیان هه‌یه به ناسنامه‌ی تاکه‌وه.
لێره‌وه ئێمه ره‌هه‌ندێکی دیکه ده‌خه‌ینه به‌ر باس که پێوه‌ندییه‌کی ئاسۆیی هه‌یه به ناسنامه‌ی تاک. ئه‌م بابه‌ته به‌م پرسیاره‌وه زیاتر ده‌خه‌ینه رۆژه‌ڤی باسه‌که‌مانه‌وه، واته “من کێم؟”. با ئێمه حه‌ول بده‌ین ئه‌م پرسیاره به واتایه‌کی فه‌لسه‌فی وه‌رنه‌گرین و هه‌ر له مه‌جالێکی ئاسایی‌دا وڵامی به‌ده‌ینه‌وه. زۆر سروشتییه که هه‌ر کام له ئێمه له‌هه‌مبه‌ر پرسیارێک که داوات لێده‌کات خۆت بناسێنی کۆمه‌ڵێ فاکتی سه‌ره‌کی بده‌ینه ده‌سته‌وه بۆ ناساندنی خۆمان. واته ئه‌و فاکتانه‌ی که هه‌ڵگری شووناسی تاکن، بۆ نموونه: ناو، ناشیۆن، دین، ره‌گه‌ز (نێر یان مێ، یان جووت ره‌گه‌زه‌کان) و هه‌ندێ جاریش ئه‌تنیک (که له فۆرمی زماندا دیاری ده‌کرێت). ره‌نگه ئه‌م فاکتانه سه‌ره‌کی ترین پێناسه‌یه‌ک بن که له به‌ڵگه‌نامه یاساییه‌کانیشدا ده‌بیندرێته‌وه، وه‌ک پاساپۆرت، ڤیزا، پێناسه و… ئیستا جێی خۆیه‌تی له چه‌شنی خۆیدا هه‌رکام له‌م فاکتانه به‌راوه‌رد به‌که‌ین له‌گه‌ڵ شووناسی تاک. زۆر سروشتییه که هیچ کام له‌م فاکتانه له ده‌سه‌ڵاتی تاکدا نه‌بیندرێته‌وه، واته تاک سه‌رپشک نییه له هه‌ڵبژاردنی ناسنامه‌ی خۆی. ره‌نگه هه‌رکام له ئێمه ئومێدی ئه‌وه‌مان ده‌کرد که ناوێکی دیکه یان دین و ناشیۆنالیتییه‌کی دیکه هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئێمه بێت. به‌گشتی تاک سه‌ره‌کیترین فاکته‌کانی شووناسی خۆی له بنه‌ماڵه‌وه وه‌رده‌گرێت، واته له بنه‌ماڵه‌دا ناوی له‌سه‌ر داده‌نێن و، جۆگرافیای له دالیک بوونیشی مه‌رجی پێناسه‌ی ناشیۆن و ناسنامه‌ی ئائینی ئه‌و دیاری ده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌و زمانه‌ی که له په‌یڤی رۆژانه‌یدا فێری ده‌بێت به مه‌بستی سازدانی کۆمونیکاشیۆن له نێوان خۆی و بوونه فیزیکی و مێنتالییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکه‌ی، گشتیان له پێوه‌ندییه‌کی لۆکاڵیدا به‌رجه‌سته ده‌کرێنه‌وه. له قۆناغی فه‌رعیی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بووندایه که ئه‌م فاکتۆرانه ریشه‌یی تر له‌سه‌ر تاک ده‌چه‌سپێن و ده‌چێته سیسته‌می په‌روه‌رده کردنی تاکه‌وه. له سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێنداندا، تاک به سیمبوله ناشیۆنی و ئائینییه‌کانیه‌وه ئاشنا ده‌بێت و هه‌ر له‌م قۆناغه‌دایه که ئه‌م سیمبولانه ده‌چنه خانه‌ی پێگه پیرۆزه‌کانه‌وه. ئه‌م قۆناغه له زۆر سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییدا ته‌نانه‌ت به میتۆدێکی ئاوتۆریته‌ییه‌وه به‌شێک له فاکته سه‌ره‌کیه‌ه‌کانی شووناسی تاک ده‌سڕێته‌وه که گرینگترنیان پرسی ئه‌تنیکی و مه‌زه‌بییه. ئه‌زموون پێشانمان ده‌دات که له هێندێ وڵات‌دا که فره‌ئه‌تنیکن یان خۆد فره‌ئائینین، چلۆن کلتوری باڵاده‌ست یان ئه‌تنیکی باڵاده‌ست مه‌نتاڵییه‌تی شووناسی خۆی به‌سه‌ر ئه‌تنیک و ئائینه بن ده‌سته‌کاندا داده‌سه‌پێنێ. کاریگه‌ری ئه‌م قۆناغه – واته قۆناغی فه‌رعیی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون، له نامۆبوونی تاکی هاوچه‌شنه کراودا ده‌بیندرێته‌وه. واته له دۆخێک‌دا که تاک شووناسی خۆی پارادۆکسال ده‌بینێت، به واتایه‌کی دیکه تاکی هاوچه‌شنه کراو ده‌بێته دیارده‌ی پارادۆکساڵی خۆ له پێوه‌ندیدا بینین (تعلقی) له نێوان قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون و قۆناغی فه‌رعیی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوونیدا. به‌گشتی که‌سێتی لۆکا‌ڵی تاک له گره‌وی فۆرمی سیسته‌مێکی په‌روه‌رده‌ییدایه که تاک له به‌ستێنی لۆکاڵدا به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. له‌م قۆناغه‌دایه که ریتواڵه (مشاعیر) سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگا گرێ ده‌خۆنه‌وه به ژیانی تاک و به‌رده‌وام ئه‌م ریتوالانه له‌گه‌ڵ هه‌ناسه‌ی ژیانیان پراکتیزه ده‌کرێته‌وه، بۆ نمونه بۆنه ناشیۆنی و ئائینییه‌کان که له قۆناغی فه‌رعیی دا و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی تاکی هاوچه‌شنه‌کراودا دروست ده‌بن. مشووری ده‌سه‌ڵاته بان تاکه‌که‌سییه‌کان له هه‌مبه‌ر مێتۆدی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون له قۆناغی فه‌رعیی دا گه‌رانه‌وه‌یه‌که بۆ سازدانی هه‌ستێکی پته‌و له زۆنگه‌ی پابه‌ندبوونی نیشتیمانی و له خۆیدا گه‌رێنتییه‌که بۆ رێکخستنی دیسیپلینی کۆمه‌ڵگا له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتدا.
ته‌نیا له یه‌ک دۆخی تایبه‌تدایه که تاک حه‌ولده‌دا شووناسێکی سه‌ربه‌خۆتر له فاکتۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆی به‌رهه‌م بێنێته‌وه و ئه‌م دۆخه ده‌شێ له فاکتۆری “من” دا پراکتیزه بکرێت. له‌م قۆناغه‌دایه که تاک مه‌جالێکی کراوه‌تری هه‌یه که بگه‌رێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵێ پرنسیپی به‌رزه‌به‌هایی و مێتاکولتوری بۆ ناساندنی که‌سێتی خۆی. زۆر که‌س له‌م قۆناغه‌دا توانیویه‌تی گۆڕان له فاکته‌کانی شووناسی خۆیدا دروست بکا و حه‌ولی داوه ئه‌و شته بێت که خۆی په‌سه‌ندی ده‌کات (وه‌ک گۆڕینی ناو، دین و ناشیۆنالیتی). دیاره ئه‌م قۆناغه‌یش ناتوانێ له ده‌ره‌وه‌ی کارتێکه‌ری سیسته‌می کۆمه‌ڵگادا بێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک ده‌رفه‌ت بۆ تاک ده‌ره‌خسێنێت که مه‌ودا بگرێت له حاڵه‌ته ئابستراکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به واتایه‌کی دیکه به‌رفراوانتر کردنی مه‌جالی ئاوتۆنۆمی خۆی. ئه‌م دۆخه به‌نده به ئاستی گه‌شه‌ی رۆشنبیری تاک و نزیکایه‌تی ئه‌و له نۆرمه ئه‌خلاقییه‌کان که تاک له شێوه‌ی ره‌ها و له پێوه‌ندییه مرۆڤایه‌تییه‌کانیدا ده‌بینێته‌وه. له‌مه‌یش گرینگتر مه‌جالی دێمۆکراتیک بوونی سیسته‌می سیاسی/کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که ئه‌وی تێدا ده‌ژیت گرینگی خۆی هه‌یه.
گلۆبالیزاسیۆن
روانگه‌ی به‌جیهانی بون له راستیدا گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌مان داهێنانی “سیسته‌می جیهانی”یه که له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌می زاینی‌دا و به بنیادنانی سیسته‌مێکی نوێ بۆ دروست کردنی پێوه‌ندییه ئابووری و حکوومییه‌کان له نێوان ده‌سه‌ڵاته ناوه‌ندییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جیهاندا دروست ببو (گیدێنز 1986). ئه‌م قۆناغه له مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌مای عه‌قڵییه‌تێکی دامه‌زراند که بوونی ده‌سه‌ڵاته‌کانی له پێوه‌ندییه‌کی جیهانیدا ده‌بینییه‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئیپراتۆریه‌ته‌کاندا بوو. گرینگی دامه‌زرانی سیسته‌مێکی نێوده‌وله‌تی بۆ ته‌ناهی و دیسیپلین له نێوان زلهێزه‌کانی ئه‌و کاتی جیهان، یه‌که‌م هێمای واقعێک بوو بۆ سه‌رنجدان به دیارده فره‌چه‌شنه‌کان که له راستیدا کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر پێکه‌وه گونجانی ئه‌م ناوه‌نده سه‌ره‌کییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جیهانی. هه‌ر ئه‌م مه‌جاله له خۆیدا ده‌رفه‌تی ره‌خساند بۆ دامه‌زراندنی دیارده‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان و، هه‌ر ئه‌مه‌یش وای کرد که له نێوان چه‌ند سه‌ده‌دا جوگرافیای جیهان گۆرانێکی به‌رچاو به خۆیه‌وه ببینێ. دیارده‌ی سیسته‌می جیهانی وه‌ک گشت دیارده‌کان کۆمه‌ڵێ کارلێکی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌بووه له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ. به‌ڵام به گشتی دیارده‌ی ئیمپریالیزمی چه‌وسێنه‌ر و شه‌ری نێوان نه‌ته‌وه‌کان و دروستبوونی مه‌ودایه‌کی به‌رفراوان له زۆنگه‌ی ئابووری/کۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کانی لێ که‌ته‌وه (به تایبه‌ت له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م).
به‌هێز بوونی تیۆری به جیهانی کردن له سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێڕنیزمدا به‌رجه‌سته‌تر ده‌بێته‌وه که شۆرشی پیشه‌سازی وه‌ک بۆڵده‌زێرێک سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کانی هه‌ڵده‌ته‌کاند و ئاراسته‌ی لۆکاڵه داخراوه‌کان ده‌بۆوه. پێشتر که کۆمه‌ڵگاکان له هه‌رێمه ئیمپراتۆرییه‌کاندا به شیوه‌یه‌کی هه‌ره‌وه‌زی په‌یره‌وییان ده‌کرد له میکانیزمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌م میکانیزمه‌یش هێمای پابه‌ندبوونی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان بوو، ئێستا دێته خانه‌ی سیسته‌مێکی جیهانی که پێویستی هه‌یه به ئۆرگانیزه بوونی کۆمه‌ڵگا و دروست بوونی چه‌مکی تاک. هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا بزاڤی خه‌بات به دژی چه‌وساندنه‌وه فۆرمی جیهانی به خۆیه‌وه ده‌گرێت و له رێگای تیۆری مارکسیسم و به ئاقاری ئه‌نته‌رناسیۆناڵدا بزاڤێکی جیهانی له‌به‌رامبه‌ر بێدادی کۆمه‌ڵاته‌تیدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م بزاڤه به فاکتێکی چینایه‌تییه‌وه به‌رجه‌سته ده‌کرێته که چینی پرۆڵتاریا له ده‌ره‌وه‌ی لۆکالیزه‌بووندا پێناسه ده‌کات. به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و خه‌باتی چینایه‌تی بۆ هاتنه‌دی یه‌کسانی، گشت تاکه‌کانی جیهانی به ناسنامه‌یه‌کی چینایه‌تییه‌وه به یه‌که‌وه ده‌به‌سته‌وه. چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تی کاریگه‌ری ئه‌م بزاڤه، له‌م ته‌وه‌ره‌دا جێی باس نییه و ره‌نگه جێی سه‌رنجیش نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م دیاره‌ده‌یه له خۆیدا چه‌مکێکی گشتی به‌رجه‌سته کرده‌وه سه‌باره‌ت به به‌رز بوونه‌وه‌ی هه‌ستی هاوبه‌شی، پێکه‌وه بوون، به‌هێزبوونی روانگه‌ی هومانیتی، ده‌رباز بوون له لۆکالیزه‌کردن، ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری و ناسنامه‌یه‌کی نوێ بۆ چه‌مکی تاک که هه‌مان ناسنامه‌ی وشیاری چینایه‌تی بوو و له فۆرمی جیهان نه‌ته‌وه‌ییدا پراکتیزه ده‌کرایه‌وه.
چه‌مکی گلۆبالیزم به واتای ئه‌مرۆ، له سه‌رده‌می شه‌ری سارد و به تایبه‌ت پاش سه‌رده‌می شه‌ری سارد و چێ بوونی “کۆمه‌ڵگای زانیاری” گرینگییه‌کی تایبه‌تی وه‌رگرت. له ئاکامی په‌ره‌سه‌ندی ئه‌م تیۆره‌دا سنووره‌کانی نێوان ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه‌کان له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا و ته‌نانه‌ت به‌شێکی به‌رچاو له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌مریکا، تا راده‌ی سومبولیک سڕانه‌وه و ئه‌م دۆخه به‌تایبه‌ت به مه‌به‌ستی لابردنی ئه‌و له‌مپه‌رانه هاتنه ئاراوه که له رێگای گومرگ و باجه حکوومییه‌کانه‌وه ده‌که‌وتنه به‌ر ده‌م بازاری جیهان. له هه‌مان کاتیش‌دا نابێ ئه‌وه‌یش له به‌رچاو نه‌گیرێت که گلۆبالیزم له خۆیدا توانایه‌کی به‌هێزی ره‌خساند بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که بێ ده‌وڵه‌ت بوون تا له مه‌ودای ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا به راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، حزووری خۆیان له کایه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیدا رابگه‌یه‌نن. ره‌نگه ئه‌مه یه‌کێک بێت له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گلوبالیزم که سه‌ره‌تا گرینگی سه‌ربه‌خۆ بوونی لۆکاڵه‌کان به‌رجه‌سته بکاته‌وه و ئینجا له پێگه‌ی سه‌ربه‌ست بوونی خۆیانه‌وه له‌گه‌ل جیهاندا خاڵی ته‌ماس بینێته‌وه. به‌واتایه‌کی دیکه چه‌مکی جیهانی بوون له خاڵی ته‌ماسی نێوان کلتوور و ئه‌تنیکه فره‌چه‌شنه‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که به‌چه‌شنێک دان پێدانراون. ئه‌م تیۆره پابه‌نده به مه‌جالێکی مافپه‌روه‌ری که رێز له فره‌چه‌شنی شووناس له جیهاندا ده‌گرێت. هه‌ر ئه‌م واقعه ئه‌و فاکته‌ره ده‌دا به ده‌سته‌وه که کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراو که مافی بڕیاردانی دیاری کردنی شووناس له تاک ده‌ستێنێته‌وه، هومێدی هاتنه کایه‌ی به‌جیهانی بوونی لێ ناکرێت. تاک له کۆنتێکستێکی ئازاد و ره‌هایه‌وه خۆی ئاوێته‌ی جیهانێکی ئازاد و سه‌ربه‌ست ده‌کاته‌وه.
تیۆری گلوبالیزاسیۆن ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌یتوانییه‌وه له تیۆره‌وه به‌ره‌و پراکتیک هه‌ڵبکشێت. ئه‌م وته‌زایه ته‌نیا له خانه‌ی تیۆردا ماوه‌ته‌وه و تا گه‌یشتن به راده‌ی سیسته‌مێکی جیهانی که چاوه‌دێری بکات به سه‌ر گشت فۆنکسیۆنه‌کانی جیهان مه‌ودایه‌کی زۆری ماوه. به‌ڵام له گه‌لێک بواردا ئاماژه‌کان ئه‌وه‌مان پیشان ده‌ده‌ن که به‌جیهانی بوون کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی له خۆی جێهێشتووه. گرینگ‌ترین نیشانه‌کانی گلوبالیزاسیۆن له راگه‌یاندنه‌کاندا به‌ده‌رکه‌وت که له یه‌ک کاتدا جیهانی هێنده بچووک کرده‌وه تا ئاستی گوندێکی بچووک. له‌م زۆنگه‌یه‌وه راگه‌یاندن دزه‌ی کرده نێو ژیانی گشت تاکه‌کانه‌وه و له مه‌ودایه‌کی زه‌مانی زۆر کورت‌دا گشت تاکه‌کان به یه‌که‌وه گری ده‌داته‌وه. یه‌کێکی دیکه له نیشانه‌کانی گلۆنالیزم هاتنه کایه‌ی روانگه‌ی مێتا کولتورییه که له زۆنگه‌ی ئایدیالۆژیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. له مه‌یدانی ئایدیاۆلۆژیدا پرسی لیبه‌رالیزم له چه‌شنی ئیندیڤیدوالیزمدا (تاک گه‌رایی) وه‌ک کلتوورێکی جیهانی باڵ به‌سه‌ر جیهاندا ده‌گرێت. له‌م مه‌یدانه‌دا تاک خۆی له چه‌قبه‌ستوویی کلتووری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌هاوێژێ و خۆی ئاراسته‌ی کلتوورێکی جیهانی ده‌کاته‌وه که به‌ستراوه به هیچ سنوورێک نییه و په‌یره‌وی ده‌کات له نۆرم و به‌ها گلۆبالییه‌کان که ئه‌مرۆ زیاتر له جاران ده‌رکی پێده‌کرێت و له بزاڤه جیهانییه‌کان بۆ داکۆکی له مافی مرۆڤ، پاراستنی ژینگه، به‌رگری له ئاژه‌ڵ، داکۆکی کردن له ئازادی راده‌ربرین، نه‌هێشتنی هه‌ژاری و یارمه‌تی گه‌یاندن به ناوچه کاره‌ساتاوییه‌کان و زۆر لایه‌نی دیکه‌دا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه.
تیۆری گلۆبالیزم وه‌ک هه‌ر تیۆرێکی دیکه به‌ره‌ورووی ره‌خنه بۆته‌وه، دیاره ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندی گشت دیارده‌یه‌که که له دوو روانگه‌ی نه‌رێنی و ئه‌رێنیدا مشتومڕی له‌سه‌ر بکرێت. کۆنکره‌ت دوو بۆچوونی جیاواز هه‌یه له‌هه‌مبه‌ر تیۆری گلۆبالیزاسیۆندا: یه‌که‌م، گلۆبالیزاسیۆن له درێژه‌ی هه‌نگاونانی سیاسه‌تی قازانجخوازانه‌ی لیبێرالیزمی ئابووریدا ده‌بینێته‌وه و حزووری قورسی مۆنۆپۆلیی چه‌ند ده‌سه‌لاتی ئابووری جیهان له‌م ره‌وته‌دا ده‌بینێت و له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یه که گلوبالیزاسیۆن فۆرمێکی نوێیه له ئیمپریالیزم که به مه‌به‌ستی زیاتر کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی ده‌وله‌ت-نه‌ته‌وه‌کان له به‌رده‌م کاروانی بازرگانی ئه‌م سیسته‌مه ئابوورییه‌انه‌دا تیۆریزه کرا‌وه. ئه‌م بۆچوونه زیاتر له خانه‌ی چه‌پدا ده‌گوونجێت. دووهه‌م، په‌ره‌سه‌ندی گلوبالیزاسیۆن له گه‌شه‌یه‌کی کلتووری دا ده‌بینێته‌وه که پێی وایه جیهان ئاراسته‌ی فۆرمێکی سیاسی ده‌کات که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی مرۆڤ له چه‌مکی شارومه‌ندی جیهانیدا به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه و ئه‌م قه‌ناعه‌ته تاک وه‌ک په‌یکه‌رێک له جیهان و له ده‌ره‌وه‌ی لۆکاڵه‌کاندا ده‌بینێته‌وه.
ده‌رئه‌نجام
له ئه‌نجامی شرۆڤه‌ی دوو وته‌زای گلوبالیزاسیۆن و شوناس دا، بینیمان که شووناس پرۆسه‌یه‌که که به پێی زه‌مان به‌ره‌و کامڵ بوون ده‌چێت و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاک دایه. ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که گاریگه‌ری زۆر قورسیان هه‌یه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی شووناسی تاک، سیسته‌ماتیکن و په‌یره‌وی ده‌که‌ن له مێتۆدێک که به‌شێکی سه‌ره‌کین له کاراکتێری میکانیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ په‌ره‌وه‌رده. ئه‌م کاراکتێره‌یش هێز ده‌به‌خشێ به ته‌ڵقیندانی تاک که خۆی به لۆکاڵه‌وه بناسێنێت و له راستیدا پرۆسه‌ی کامڵ کردنی شووناسی تاک له خزمه‌ت ئامانجه لۆکالییه‌کانی تاک دایه. زۆر سروشتییه که تاک له کۆنتێکستێکی لۆکالییه‌وه خۆی پێناسه بکا، چونکه لۆکاڵ و گشت شووناسه‌کانی لۆکاڵ به‌شێکی کولتووری ئه‌ون و سیمبول و مێتۆده ره‌فتارییه‌کانی ئه‌و پێناسه ده‌کا. تاک له کۆنتێکستی لۆکاڵییه‌وه و پایبه‌ندبوون به کولتورێکی جیهانی، تا ئیستا تاکه مه‌جالی دروست بوونی وێنا کردنی به جیهانی بوونه.
هه‌تا ئێستایش تاک خۆی به لۆکاله‌وه پێناسه ده‌کا چوونکه پاراستنی مافی شارومه‌ندی تاک له گره‌وی ناسنامه‌ی لۆکا‌ڵی ئه‌ودایه و، هه‌ر له چوارچێوه‌ی یاسایی لۆکاڵه‌که‌یدا مافه تاکه‌که‌سییه‌کانی ئه‌و ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر رۆژێ له رۆژان سیسته‌مێکی جیهانی بێته ئاراوه که چاوه‌دێری بکا به‌سه‌ر گشت مافه‌کانی تاک له جیهاندا، ره‌نگه ئه‌و رۆژه هاتنه‌ده‌ر له چاره‌نووسی لۆکاڵه‌کان ئاساییتر خۆی بنوێنێ و له راستیدا تاک خۆی زۆر به ده‌روه‌ست نه‌بینێ که ده‌بێ حه‌تمه‌ن خۆی به ناسنامه لوکاڵییه‌کانه‌وه پێناسه بکا. گلوبالیزاسیون هه‌تا ئیستاش نه‌بووه به سیسته‌مێکی جیهانی و، ئاسه‌واره‌کانی به‌جیهانی بوون پتر له خانه‌ی راگه‌یاندن، ئابووری ئازاد ورێکلامدا به‌رجه‌سته بۆته‌وه که له خانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مۆتیڤه قازانجخوازه‌کانی ده‌سه‌ڵاته بان تاکه‌که‌سییه‌کاندا هاتۆته دی. ره‌نگه وێناکردنی ئایه‌نده‌ی سیسته‌مێکی جیهانی هێنده‌یش دوور له واقع نه‌بێت، که ئه‌مه‌یش پێوه‌ندی هه‌یه به گۆڕانێکی بنچینه‌یی له‌هه‌مبه‌ر کۆلتورێکی په‌روه‌رده‌یی که فاکتۆره‌کانی ناسنامه‌ی تاک به سیمبوله ناشیۆنی و ئائینییه‌کانه‌وه پێناسه نه‌کا، هه‌روه‌ها وێنا کردنی جیهانێک که له‌ودا مافی یه‌کسان بوون بایه‌خی خۆی پێبدرێ. گرینگی گلوبالیزاسیۆن پێویسته له ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و نایه‌کسانییانه‌دا به‌رجه‌سته ببێته‌وه که ئه‌مرۆ جیهانی به سه‌ر باکور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات دا پێناسه کردوه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته گرینگه روانگه‌ی به‌جیهانی بوون ببێت به مۆتیڤاشیۆنێک بۆ نه‌هێشتنی چه‌وساندنه‌وه. ئیستا ئیتر سه‌رنجه‌کان زیاتر به‌ره‌و دێمۆکراتیزه کردنی لۆکاله‌کانه. ئه‌گه‌ر تاک له لۆکالی خۆیدا بچه‌وسێته‌وه و هه‌ست به نامۆ بوون بکا، چۆن ده‌توانێ له جیهانێکی به‌ربڵاودا هه‌ست به ئارامی و سۆزی ئینسانی خۆی بکا.
24.05.2008
سه‌رچاوه‌کان:
Maconis, J. J. & Plummer, K. (2005): Sociology. A Global Introduction
گیدنز، آنتونی. جامعه‌شناسی
وەڵامێک بنووسە