جیاوازی له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ زۆر له مێژه سه‌رنجی فه‌یله‌سوف و سایکۆلۆگ و کۆمه‌ڵناسانی به لای خۆیه‌وه راکێشاوه. واته ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که له تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵدا به‌دی ده‌کرێن و له هه‌مان حاڵیش‌دا جیاوازیان هه‌یه پێکه‌وه. ئه‌م سه‌رنجه به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تیییه‌وه بیندراوه، به‌ڵام له مه‌زنده کردن و دیتنه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی که که‌سێک له چاو که‌سه‌کانی دیکه‌دا به‌رجه‌سته‌تر ده‌کاته‌وه، ناکۆکی هه‌یه. بۆ نمونه “ئه‌ره‌ستوو” له زۆنگه‌ی توانای رێبه‌ری کردندا ئه‌م جیاوازیانه گرێ ده‌داته‌وه به جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تی، زایه‌ندی (Gender) و نه‌ژادییه‌کانه‌وه.
چه‌مکی رێبه‌ر و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی
شایسته‌سالاری و ئورگانیزمی چالاک، پێناسه‌ی مۆدێڕنی رێبه‌ر
رزگار ئه‌مین نژاد
جیاوازی له نێوان تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ زۆر له مێژه سه‌رنجی فه‌یله‌سوف و سایکۆلۆگ و کۆمه‌ڵناسانی به لای خۆیه‌وه راکێشاوه. واته ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که له تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵدا به‌دی ده‌کرێن و له هه‌مان حاڵیش‌دا جیاوازیان هه‌یه پێکه‌وه. ئه‌م سه‌رنجه به درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تیییه‌وه بیندراوه، به‌ڵام له مه‌زنده کردن و دیتنه‌وه‌ی ئه‌و هۆکارانه‌ی که که‌سێک له چاو که‌سه‌کانی دیکه‌دا به‌رجه‌سته‌تر ده‌کاته‌وه، ناکۆکی هه‌یه. بۆ نمونه “ئه‌ره‌ستوو” له زۆنگه‌ی توانای رێبه‌ری کردندا ئه‌م جیاوازیانه گرێ ده‌داته‌وه به جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تی، زایه‌ندی (Gender) و نه‌ژادییه‌کانه‌وه. یان ره‌نگه زۆر به‌لامانه‌وه سه‌یر نه‌بێ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێ به دیتنی فه‌له‌کناسه‌کان که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی مرۆڤیان پێوه‌ند ده‌دایه‌وه به ئه‌ستێره‌کان و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و بورجانه‌ی که که‌سێکی تێدا له دایک بووه. سایکۆلۆگه‌کان ئه‌م بابه‌ته به راده‌ی “ژیر بوونی” (intelligence) تاکه‌وه گرێ ده‌ده‌نه‌وه و کاردانه‌وه‌ی ئه‌م ژیرمه‌ندیه ده‌گێڕنه‌وه بۆ ئه‌و به‌ستێنه‌ی که ژیرمه‌ندی ئه‌مان ده‌خاته ژێر کاریگه‌ری خۆی. دیاره ئه‌م بابه‌ته موتڵه‌ق نییه و له هێندێ مه‌جالی دیکه‌دا جیاوازی بۆچوون هه‌یه له زۆنگه‌ی په‌روه‌رده‌دا. به‌ڵام به گشتی نکۆڵی ناکرێ له جیاوازی تواناییه‌کانی مرۆڤ. ئه‌م جیاوازییانه له زۆنگه‌ی ژیرمه‌ندی، تاقه‌ت، جه‌سته، مشوری هونه‌ری و گه‌لێ بابه‌تی دیکه‌دا ده‌بیندرێته‌وه. یه‌کێک له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی که پێوه‌ندی هه‌یه به ته‌وه‌ری ئه‌مجاره توانایی رێبه‌رییه.
له سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ راڤه‌ی تاقمه بچوکه‌کاندا زیاتر که‌ڵک له چه‌مکی رێبه‌ری وه‌رده‌گیردرێ. به‌م واتایه سه‌رنج ده‌درێ به کارلێکی کارگێڕه‌کان له ده‌زگا یان دامه‌زراوه‌یه‌کی فه‌رمیدا و کاردانه‌وه‌ی مێتۆدی به‌رێوه‌به‌ردنه‌که‌ی له سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که له هه‌رێمی فه‌رمانگه‌ی ئه‌ودا ئه‌رک به‌رێوه ده‌به‌ن. له کۆمه‌ڵناسیدا، شوناسی رێبه‌ری راسته‌وخۆ پێوه‌ند ده‌ده‌نه‌وه به ده‌سه‌ڵات یاخود کارکردی نفوزی “رێبه‌ر” له ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا. ماکس وێبه‌ر، شووناسی رێبه‌ر له سێ شێوازی جیاوازدا راڤه ده‌کا که له پێوه‌ندییه‌کی کۆکدان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا.
- رێبه‌ری کاریزماتیک
ئه‌م چه‌شنه له رێبه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له‌و هێزه تۆکمانه‌وه وه‌رده‌گرێ که په‌یره‌وه‌کانیان بۆیان قایل ده‌بن و بوونیان وه‌ک ره‌مزێک بۆ یه‌کریزی و پێکه‌وه بوونی گشت چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ ره‌پێش چاو ده‌گرن.
- رێبه‌ری نه‌ریتی و رێبه‌ری ئائینی
ئه‌م چه‌شنه له رێبه‌رایه‌تی که له کۆمه‌لناسیدا به رێبه‌رایه‌تی ئه‌ریستۆکرات ناوزه‌د ده‌کرێن، شه‌رعییه‌ت له‌و قه‌ناعه‌تڕا وه‌رده‌گرن که له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کان و ئائینییه‌کاندا باوه و سه‌رچاوه ده‌گرێ له قه‌ناعه‌تێکی گشتی که شه‌رعییه‌تی رێبه‌رانی سه‌ر عه‌رز پێوه‌ند ده‌داته‌وه به نوێنه‌رایه‌تی خوا. له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کاندا زیاتر ئه‌و که‌سانه به رێبه‌ری په‌سه‌ند ده‌کرێن که له تۆرمه یان سه‌رچاوه‌یه‌کی ره‌سه‌نی چینی باڵاده‌سته‌وه هاتبن. ئه‌مان له رێگه‌ی داب و نه‌ریت و نۆرمه ئاراییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاوه ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن و له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌واندا به‌رده‌وام رێبه‌ری له پاوانی بنه‌ماڵه یان چینێکی تایبه‌تدایه.
- رێبه‌ری عه‌قڵانی (راشیۆنال)
ئه‌م چه‌شنه له رێبه‌ری دیارده‌ی مۆدێڕنیزمه و له پێوه‌ندییه‌کی راشیؤناڵیدا به‌رهه‌م دێن که به چه‌مکێکی تێکنۆکراتیانه‌وه کاریگه‌ریان ده‌بێ له کۆمه‌ڵگای مۆدێڕن‌دا. شه‌رعییه‌تی ئه‌م رێبه‌رایه‌تییه له سه‌ر سه‌لاحییه‌ت و نوخبه بوون راوه‌ساتاوه. ئه‌م چه‌شنه له رێبه‌رایه‌تی به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له فه‌رمانگه و داموده‌زاگا فه‌رمییه‌کاندا به‌دی ده‌کرێ. له‌م روانگه‌ڕا کارگێڕی نوێ، نوێنه‌ری کارکردی رێبه‌رییه‌که که له سه‌ر بناغه‌ی ئه‌و شه‌رعیه‌تانه راوه‌ستاوه که له‌باری تێکنۆکراتیک یا خود نوخبه بوونه‌وه باوه‌ر پێکراون. دیاره کۆمه‌ڵناسه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه، پتر داکۆکی له سه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن و سه‌رنج ده‌ده‌ن به چه‌مکی ده‌سه‌ڵات له باتی رێبه‌ری و له‌م زۆنگه‌یه‌شه‌وه به‌تایبه‌ت تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر مه‌رجه‌کانی ئه‌و پێکهاته‌یه‌ی که مه‌جالیان پێده‌دا تا ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ر خه‌ڵکانی دیکه‌دا بچه‌سپێنن.
به‌م شووناسه له رێبه‌ری، ئه‌و ئه‌نجامه هه‌ڵده‌گرینه‌وه که چه‌مکی رێبه‌ری له پێوه‌ندییه‌کی نه‌پساوه‌دایه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات. “کارڵ مارکس” مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی گرێده‌داته‌وه به کارکردی ئه‌و مرۆڤانه‌ی که نیازێکیان هه‌یه و ئه‌م نیازانه‌ش ته‌نیا له زۆنگه‌ی کار و به‌رهه‌م هێناندا دابین ده‌بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م تێزه‌ی مارکس بکه‌ین به زه‌مینه‌ی چه‌مکێکی گشتی له وته‌زای رێبه‌ر، ئه‌وا پێویسته سه‌رنج بدرێ به تایبه‌تمه‌ندی دروست بونی نیازی رێبه‌ری لای کۆمه‌ڵگا و ئه‌و زه‌مینانه‌ی که ده‌بنه هۆکاری به‌رهه‌م هێنانی نیازه‌کانی. به شێوه‌یه‌کی گشتی تر، نیازی رێبه‌ری تایبه‌تمه‌ندییه‌کی فره‌لایه‌نی هه‌یه، واته پێویستی رێبه‌ر هه‌م له لای کۆمه‌ڵگا و هه‌میش له لای تاک. چوونکه له به‌ستێنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه که نیازه‌کانی مرۆڤ ده‌بن به واقع. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه هه‌م له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هه‌میش له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا یه‌ک ئاراسته‌ی هه‌یه، به‌ڵام شێوازی رێبه‌ری له هه‌ردوو کۆمه‌ڵگادا به دوو مێتۆدی جیاواز کاری پێده‌کرێ.
پێوه‌ندی رێبه‌ر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی.
کاتێ باس له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌کرێ، بێگومان سه‌رنج ده‌ده‌ین به میکانیزمێکی به‌رێوه‌به‌ری له پێکهاته‌یه‌کی مۆدێڕن‌دا. ئه‌و میکانیزمانه‌ی که شووناسی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌ڵده‌گرن، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی عه‌قلانییان هه‌یه که له زۆنگه‌ی هه‌مه‌چه‌شنیدا و، هه‌روه‌ها ئاوتۆنۆمی ئه‌م فره‌چه‌شنانه‌ی نێو پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌دا به‌دی ده‌کرێن. ئه‌م میکانیزمه بنه‌مایه‌کی عه‌قڵانی هه‌یه و به فۆرمێکی ئورگانیکی بینا کراوه. له‌م سیسته‌مه‌دا شه‌رعیه‌ت (legitimacy) گرینگی خۆی هه‌یه و ته‌نانه‌ت پرسێکی شێلگیرانه‌یه و پێوه‌ندی هه‌یه به نوێنه‌رایه‌تی کردنی جه‌ماوه‌ر له مه‌جالی سیاسی‌دا و سه‌لماندنی رازی بوونی رای گشتی به‌م شه‌رعییه‌ته‌وه.
پرسی شه‌رعییه‌تی سیاسی، به له‌بارچوونی پێوه‌ندییه راسته‌وخۆکانی سیاسی نێوانی تاکی رێبه‌ر و جه‌ماوه‌ردا گه‌شه‌ی سه‌ند، که له کۆمه‌ڵگا مایکرۆکاندا باو بووه. به‌م واتایه شه‌رعییه‌ت ئاراسته‌ی که‌سێک ده‌کرێ که له باری یاساییه‌وه ئه‌و مافه‌ی هه‌یه که وه‌ک نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هێڵه گشتییه‌کانی به‌رێوه‌به‌ری دیاری بکات. له ئه‌نجامدا شه‌رعییه‌ت پێوه‌ندییه‌کی نه‌پساوه‌ی ده‌بێت له گه‌ڵ ماهیه‌تی رێبه‌ری سیاسی و، ئه‌م شه‌رعیه‌ته‌ش له خولێکی زه‌مانیدا بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو کاری پێده‌کرێ. به‌م ئاراسه‌تدایه که رێبه‌ر راسته‌وخۆ ده‌لاله‌ت ده‌کا له سیسته‌م و بڕیاری سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌رێوه‌به‌ری له‌و چوارچێوه‌یه‌یدا که یاسا مه‌جالی پێده‌دا.
فره‌بوونی رێبه‌ری یه‌کێکی دیکه‌یه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مۆدێرن که له‌خۆیدا سه‌رچاوه ده‌گڕێ له کۆمپله‌کس بوونی ئه‌م چه‌شنه سیسته‌مانه. له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌دا مه‌جالی به‌رهه‌م هێنانی رێبه‌ری و نوخبه‌ی نوێ فراوانه و ئه‌م رێبه‌رانه راسته‌وخۆ نوێنه‌ری به‌شه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگان، وه‌کوو: رێبه‌ری بزاڤی کرێکاری، بزاڤی جوتیاری، بزاڤی خوێندکاری، بزاڤی ژنان، سه‌ندیکاکان و… ئه‌م چه‌شنه رێبه‌رانه به هێنانه گۆڕی تیۆری نوێ، به‌رجه‌سته کردنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مه‌چه‌شنه و به‌رهه‌مهێنانی به‌های نوێ ده‌بنه هۆکاری زه‌مینه‌یه‌کی لۆژیکی بۆ فراوان بوونی هاوکێشه و نۆرم و به‌رژه‌وه‌ندی و، له ئه‌نجامدا ئایدیالۆژی نوێ له کۆمه‌ڵگادا. زۆر بوونی رێبه‌ر، پێناسه‌یه‌کی باوه‌ڕ پێکراوه بۆ فره‌چه‌شنی له ئایدیالۆژیا و وه‌رچه‌رخانی (انعطاف) نۆرمه‌کان و له هه‌مانکاتدا هۆکارێکی لۆژیکیشن بۆ زێده بوونی هاوکێشه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هاوکێشه جۆراوجۆره‌کانیش به‌رده‌وام دینامیزمێکن بۆ به‌رهه‌م هێنانی رێبه‌ری نوێ و ئایدیالۆگه نوێیه‌کان و دروست بوونی پۆلۆرالیسمی دیمۆکراتیک. ئه‌م سووڕه بازنه‌ییه له خۆیدا تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه و له‌م به‌ستێنه‌ڕا پێشوه‌چوونی کۆمه‌ڵگا به خێراییه‌کی سه‌یر کارکردی ده‌بێ. هه‌ر بۆیه جیهانی مۆدێڕن راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دیارده‌ی خێراییدا به‌رورووه، به‌م واتایه که گۆڕانکارییه‌کان زۆر خێراتر له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌کان روو ده‌ده‌ن. به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌م خێراییه به‌رهه‌می فره بوونی نۆرم، به‌هاکان، ئایدیالۆژی، هاوکێشه و که‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌م هێنانی مێژووه. کۆمه‌ڵگای نوێ به هۆی فره‌بوونی رێبه‌ر و نوخبه‌کانه‌وه، له هه‌ناوی خۆیدا ده‌بێته خاوه‌نی پوتانسێڵێکی تۆکمه بۆ مه‌جالی کارلێکی ئه‌م نوێگه‌راییانه له هه‌مبه‌ر گۆرانکاریه مێژووییه‌کان له سیسته‌می کۆمه‌ڵگادا.
پێوه‌ندی رێبه‌ر له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی
پێناسه کردنی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی تا راده‌یه‌ک پارادۆکساله، چوونکه له راستیدا چه‌مکی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی پێناسه‌یه‌ک بوو بۆ کۆمه‌ڵگاکانی به‌ر له گه‌شه سه‌ندنی پیشه‌سازی. واته سه‌رده‌می ئیمپراتۆره‌کان له سه‌ده‌کانی نێوه‌راست و شارستانیه‌ته‌کانی به‌ر له زایین (ئانتۆنی گیدێنز). به‌ڵام ئه‌م وته‌زایه به‌ره‌به‌ره بوو به هه‌ڵگری شووناسی ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که له ره‌وتی مۆدێڕنیزاسیۆن پاش که‌وتن و له ئه‌نجامدا نه‌گێشتوونه‌ته قۆناغی مۆدێڕن. له زۆنگه‌ی سیاسیش‌دا ئه‌و سیسته‌مانه‌ن که مه‌جالی ئازادی مه‌ده‌نی و په‌رپا کردنی رێکخراو و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی تیدا نییه، واته سیسته‌مه نادێمۆکراتییه‌کان. سیسته‌می حکومی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه پتر وه‌ک رێژیم ناوزه‌د ده‌کرێ چونکه ناگونجێ له‌گه‌ڵ شه‌رعییه‌ت به واتای مۆدێڕن. له‌م سیسته‌مانه‌دا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ نابیندرێ له نێوان دوو چه‌مکی “شه‌رعییه‌ت” و ” یاسایی بوون” (legal). شه‌رعییه‌ت لایه‌نی یاسایی هه‌یه، به واتایه‌کی دیکه هه‌رکات سیسته‌می ده‌سه‌ڵات شه‌رعییه‌ت بدا به که‌س یان که‌سانێک بۆ به‌رێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، له خۆیدا ئه‌م شه‌رعییه‌ته پێناسه‌یه‌کی یاسایی په‌یدا ده‌کا. چه‌مکی ئه‌خلاقی یاسا لێره‌دا گرینگییه‌که‌ی که‌متره. له‌م سیسته‌مانه‌دا حکومه‌ته‌کان ده‌توانن ئه‌وتۆریته‌یه‌کی یاساییان ببێت به بێ ئه‌وه‌ی له باری ئه‌خلاقییه‌وه پاساویان بۆ هه‌بێ.
به‌م تێبینییه‌ی که له ده‌سپێکی پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا باسی له‌سه‌ر کرا، ده‌رکێکی گشتی ده‌دا به ده‌سته‌وه له هه‌مبه‌ر چه‌مکی رێبه‌ر. رێبه‌ر له‌م چه‌شنه سیسته‌مانه‌دا له دوو جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ردا ده‌بیندرێنه‌وه که زیاتر تایبه‌تمه‌ندی ئایدیالۆژییان هه‌یه. ئه‌و رێبه‌رانه‌ی که به‌رگری ده‌که‌ن له ئایدیالۆژی ئارایی (رێبه‌ری کۆنسێرڤاتیڤ) واته ئه‌و ئایدیالۆژییه‌ی که پێناسه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌کاو، ئه‌و رێبه‌رانه‌ی که به ئایدیالۆژی جیاوازه‌وه دژایه‌تی سیسته‌می سیاسی ده‌کات و له خانی ئۆپۆزیسیۆندا خۆی ده‌بینێته‌وه (رێبه‌ری رادیکاڵیزم). له‌م سیسته‌مانه‌دا رێبه‌ره‌کان پتر سومبولیکن، به واتایه‌کی دیکه ئه‌م رێبه‌رانه بۆ لایه‌نگره‌کانیان لایه‌نی ره‌مزییان هه‌یه و هه‌ڵگری شووناسێکی پۆپۆلیستین. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه ده‌شێ له چه‌مکی کاریزماتیکی ماکس وێبه‌ردا ببیندرێته‌وه، به‌ڵام به هێندێ جیاوازییه‌وه: رێبه‌ری ئایدیالۆگ ناتوانێ ببێ به ره‌مزی یه‌کریزی گشت چین و توێژه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای خۆی چونکه ئه‌و ره‌مزی ئه‌و به‌شه‌یه که له‌سه‌ر ئایدیالۆژی ئه‌و راوه‌ستاون. نمونه‌ی به‌رچاو له چه‌شنی رێبه‌ری ئایدیالۆژی زۆرن، به‌ڵام ئه‌و نمونانه‌ی رێبه‌ری ئایدیالۆژی که به‌لای ئێمه‌وه زۆر ئاشنان، ئایدیالۆژی چه‌پ، ده‌سه‌ڵات، مه‌زه‌ب و ناسیۆنالیزمه.
له ئه‌نجامی شرۆڤه‌که‌ماندا به پێویستی ده‌زانم مه‌زنده‌یه‌کی گشتی بکرێ له هه‌مبه‌ر چه‌مکی رێبه‌ری له دوو کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و نه‌ریتیدا و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی رێبه‌ری که له هه‌رکامیاندا ده‌گونجێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پۆلین به‌ندییه‌ک دیاری ده‌که‌م و له ئه‌نجامدا رای گشتی خۆم ده‌رده‌بڕم له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و پێکهاتانه‌ی که مه‌جالی ئه‌م چه‌شنه رێبه‌ریانه‌یان تێدایه:
جیاوازییه‌کانی ئه‌م دوو به‌شه له زۆنگه‌ی یاساییه‌وه به‌رچاوترن. واته شه‌رعییه‌تی رێبه‌ر له کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا پێوه‌ندی هه‌یه به یاسایه‌ک که مه‌یدانی رێبه‌رایه‌تی تاک یان تاقمێک له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی یاسایی دیاری ده‌کات، واته رێبه‌ر پێویسته هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بێ که به‌رهه‌می سه‌ڵاحیه‌ت یا خۆد لێوه‌شاوه‌یی بێ و لێره‌دا پتر له‌سه‌ر بنه‌مای شایسته‌سالاریییه (meritocraty) که رێبه‌ر دیاری ده‌کرێ. له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی ئه‌م شه‌رعییه‌ته که‌متر یاساییه، مه‌یدانی رێبه‌ر له به‌ستێنی خاڵی به‌رامبه‌ردا شه‌رعییه‌ت وه‌رده‌گرێ. به واتایه‌کی دیکه ئیراده‌یه‌کی گشتی شووناسێک بۆ رێبه‌ر دیاری ده‌کات که پاساوی یاسایی نییه و ئه‌م چه‌شنه رێبه‌رایه‌تی کردنه له به‌رده‌م چاوه‌روانێیه‌کی گشتیدا راده‌گیرێن که ئه‌ویش مۆعجیزه له خۆ پیشاندانه. واته له بنه‌ره‌ته‌وه مه‌رجه‌کان مێریتۆکراسی نین به‌ڵکوو پراگماتیکین و پتر لایه‌نی ئایدیالی هه‌یه و هه‌میشه‌یش به کۆمه‌ڵێ سیفاتیه‌وه به‌رجه‌سته ده‌کرێنه‌وه که بنه‌مایه‌کی رێالیستی بۆ نییه. له‌م سیفاتانه له کۆمه‌ڵگادا زۆر ده‌بیسترێ که ده‌توانین ئاماژه بده‌ین به کۆمه‌ڵێ سیفاتی نایاسایی که سیرفه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌کی عاتیفییان هه‌یه، بۆ نمونه سیافاتی وه‌ک: باوکی نه‌ته‌وه‌یی، رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی، رێبه‌ری کۆما کۆمه‌ڵان، رێبه‌ری موسڵمانانی جیهان و… ئه‌م رێبه‌رانه شانسی ته‌مه‌ن درێژی ده‌سه‌لاتیان زیاتره به‌ڵام حزووریان له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیدا له‌مپه‌رێکه بۆ به‌رهه‌م هێنانی فره رێبه‌ری. چوونکه دابه‌زاندنی رێبه‌ر کارێکی نامومکینه. ئه‌م چه‌شنه رێبه‌رایه‌تییه به‌رهه‌می نێوان سه‌ده‌کانی هه‌ژده و کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌من –ئه‌گه‌رچی هه‌نووکه‌ش له هێندێ کۆمه‌ڵگاکاندا دوایین ئاسه‌واریان هه‌ر به‌دی ده‌کرێ، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنی ره‌وتی مۆدێرنیزاسیۆن به‌ره به‌ره کۆتایی دێنێ به ده‌سه‌ڵاتیان و پێویستیان که‌مره‌نگ ده‌کاته‌وه. به گشتی رێبه‌ری له سه‌رده‌می نوێ‌دا به‌ره به‌ره جێگای خۆی ده‌دا به کارگێڕانی ته‌کنیکی و ئورگانیزمی یاسایی. بێگومان له دوورنمای مه‌ده‌نیه‌تدا ئه‌مان ده‌ورێکی کاریگه‌رتر ده‌گێڕن له‌سه‌ر ئیراده‌ی گشتی و ده‌سه‌ڵاتدا.
18.10.2007
سه‌چاوه‌کان:
1/ جامعه‌شناسی. آنتونی گیدنز.
2/ Sociology. John J. Macionis and Ken Plummer. 2005
سه‌رچاوه نۆروێژییه‌کان:
1/ Det norske samfunn. Ivar Frønes og LiseKjøsrød.2005 Kapittel 2. Makt.
2/ Sosiologisk leksikon. Olav Krones, Heine Andersen og Thomas Brante. 2004
وەڵامێک بنووسە