کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام تووشی کۆمه‌ڵێ پارادۆکس ده‌بێته‌وه و، ئه‌م ناته‌باییانه‌ش به شێوه‌یه‌ک پێوه‌ندییان به سیسته‌می هەیە. ره‌نگه هێندێک له‌م پارادۆکسانه سه‌ره‌تا کارتێکەرییەکی دینامیکیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا نەبێ، لانیکه‌م له کورتخایەن یاخۆ زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا: له‌م حاڵه‌دا توخمه ناته‌باکان به ئاقارێکی تەبا و سازشتدا تێده‌په‌ڕن و خۆیان له‌گه‌ڵ واقعه‌کانی کۆمه‌ڵگادا دەگونجێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی به‌رهه‌ڵستکاری و به‌ره‌ورووبوونه‌وه بێن.
کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام تووشی کۆمه‌ڵێ پارادۆکس ده‌بێته‌وه و، ئه‌م ناته‌باییانه‌ش به شێوه‌یه‌ک پێوه‌ندییان به سیسته‌می هەیە. ره‌نگه هێندێک له‌م پارادۆکسانه سه‌ره‌تا کارتێکەرییەکی دینامیکیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا نەبێ، لانیکه‌م له کورتخایەن یاخۆ زه‌مه‌نێکی دیاریکراودا: له‌م حاڵه‌دا توخمه ناته‌باکان به ئاقارێکی تەبا و سازشتدا تێده‌په‌ڕن و خۆیان له‌گه‌ڵ واقعه‌کانی کۆمه‌ڵگادا دەگونجێنن به‌بێ ئه‌وه‌ی تووشی به‌رهه‌ڵستکاری و به‌ره‌ورووبوونه‌وه بێن. لە وەها دۆخێک‌دا زێده‌بوونی کارکرده یه‌کده‌سته‌کان و هەروەها که‌مبوونه‌وه‌ی گوشاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هۆکارێکی گرینگن بۆ ته‌حه‌مولکردنی پارادۆکسه‌کان. به‌ڵام ئه‌م دۆخە لە راستیدا هه‌میشه وا دەرناکەوێ، هێندێ پارادۆکسی دیکه هه‌ن که بەهۆی تایبه‌تمه‌ندیی کۆمەڵایەتی و زەمینە مێژووییەکانی سەرهەڵدانیان، سەقامگیرتر و لە ئەنجامدا کاراتر دەردەکەون. لە وەها دۆخێک‌دا کاریگەرییان لەسەر سیستەم زیاتر دەبێ و دەزگای سەرکوتی دەسەڵات کاریان لێ ناکا و، له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی هاوکێشه و دواجار له قه‌واره‌ی بزاڤی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ردەکەون. هەڵبەت پێویسته سه‌رنج به ئاستی خوێنده‌واری و وشیاری ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه بدرێ که به‌ره‌ورووی وەها هاوکێشەیەک ده‌بنه‌وه. کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان له بەرامبەر ئاسته‌نگه پێکهاته‌ییه‌کان و گوشاره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا زیاتر هەستیارن، هه‌ر بۆیه کۆمه‌ڵگا مۆدێڕنه‌کان لەچاو کۆمه‌ڵگا نەریتییەکان زۆرتر تووشی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و کاردانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و گروپییه‌کان ده‌بنه‌وه، چوونکە پوته‌نسێلی به‌رهه‌مهێنانی بزاڤه مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان تێدا به‌دی ده‌کرێ. ئه‌م فاکته ده‌بێته پاڵنه‌رێک تاکوو سیسته‌می سیاسی/ کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و وڵاتانه (وڵاتانی مۆدێڕن) به‌رده‌وام له چالاکیدا بن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌وژمی ئه‌م پرادۆکسانه دابەزێنن و له‌حاند هاوکێشه هه‌نووکه‌ییه‌کاندا رێگایه‌کی میانی بدۆزنه‌وه بۆ تەبایی و سازان، ئەمە لە خۆیدا رێگر دەبێ له سەرهەڵدانی کاردانه‌وه شۆرشگێرییه‌کان، که له ئه‌نجامدا سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی تووشی ئاسته‌نگ ده‌کا. هه‌ر لێره‌دایه که چه‌مکی “هاوکێشه” (تضاد) وه‌ک پاڵنه‌رێکی کاریگه‌ر ده‌وره مێژووییه‌که‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه. هاوکێشه بێجگه له پێناسه دیالیکتییه‌که‌ی مارکس، له خۆیدا مه‌حه‌کێکه بۆ شه‌فافکردنی به‌رژه‌وه‌نییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا. ئەگەر نکۆڵی لە هاوکێشە بکرێ یاخۆ سەرکوت بکرێ، ئەوا ده‌بێته هۆی ئالۆزییه‌کی هه‌مه‌گیر و بنیاده سه‌ره‌کییه‌کانی سیسته‌می کۆمه‌ڵگا تووشی ئاڵۆزی ده‌کات.
ئەوەی کە به‌رژه‌وه‌ندیی له‌سه‌ر چ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه پێناسه بکرێ، له خۆیدا پرسێکی بابه‌تییانه‌یه که په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی هه‌نووکه‌یی و له ئه‌نجامدا گرێده‌درێته‌وه به پرسی فرەهاوبه‌شی که له به‌ستێنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا به‌رجه‌سته ده‌کرێته‌وه. پێویستە سەرنج بەم بابەتە بدەین کە چه‌مکی به‌رژه‌وه‌ندیی له خۆیدا دوو رواڵه‌تی هه‌یه، یه‌که‌میان به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کانن ئه‌وه‌ی دیکه‌شیان به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کانن. به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کان که پتر له پشت گوتاره رومانتیکه‌کانه‌وه ده‌شاردرێنه‌وه، له خۆیدا هانده‌رێکن بۆ ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان – به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌کته‌رانه به شێوه‌یه‌کی وشیارانه له پێناسه‌کردنی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه نادیارانه‌دا ده‌ستیان هه‌بێ یاخۆ ده‌رکی پێبکه‌ن. بەڵام به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کان ئه‌نگیزه‌یه‌کی وشیارانه‌ن که ئیلهام به ره‌فتار و کاردانه‌وه‌ی ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دەدەن.
له پرۆسه‌ی سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ره‌هه‌نده کارتێکه‌ره‌کانی هاوکێشه‌دا، به دڵنییاییه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه نادیاره‌کان نابنه هۆکارێک بۆ پێناسەکردنی هاوکێشه‌کان، چوونکه وشیارانه نین و شاراوه‌ن، بەرژەوەندییە نادیارەکان تەنیا هۆکارێکن بۆ رێکەوتنی دەروونگروپی، تاقمگەرایی و په‌راوێزه هاوچه‌شنه‌کان و له ئه‌نجامدا توانای به‌رگریکردن له به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانیان نابێ. به پێجه‌وانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه دیاره‌کان به‌هێزترین هۆکاری هاوکێشه‌کانن و له په‌نای ئەو دامه‌زراوه و پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەدا دەردەکەون کە به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش کۆیان دەکاتەوە، وه‌ک حیزب، سه‌ندیکا و بزاڤه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکێکی روون له چه‌مکی هاوکێشه (تضاد)، بکه‌یه‌ن به بنەمای پێناسه‌کردنی پاڵنه‌ری بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سه‌رتا سه‌رنج ده‌ده‌ین به واتای چه‌مکی هاوکێشه له روانگه‌ی کارل مارکس وه‌ک یه‌کێک له پێشەنگەکانی داهێنانی گوتاری کۆمه‌ڵناسیانه. له کۆمه‌ڵناسی مارکس دا باس لە چوار خاڵی بنچینه‌یی کراوە سەبارەت بە هاوکێشه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان:
- “بەردەوامی و پەیوەستەگی هاوکێشە لە گشت کۆمه‌ڵگایەکدا به‌دی ده‌کرێ”. واتە؛ هاوکێشه به‌شێکی جیانه‌بووه له ژیان و گشت دیاردەکانی ژین و هەروەها له ململانەیەکی نه‌پساوه‌دان کە بە شێوەی هاوکێشە خۆ دەردەخەن. کۆمه‌لگاش که پێکهاتووه له مرۆڤه‌کان، له‌م نه‌ریته به دوور نییه، چوونکه له راستیدا هاوکێشه پێویستییه‌کی زاتییه بۆ کارکرده‌کانی مرۆڤ.
- به پێی بۆچوونه‌کانی مارکس، هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بریتین له هاوکێشه له نێوان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که به پێی پێویست ته‌نیا دوو تاقم ده‌گژ یه‌کتر راده‌کا، چونکه بەرژەوەندیی هاوکێشەکان له کۆمه‌ڵگادا ده‌بێته هۆی به‌رجه‌سته‌بوونی دژایه‌تییه‌کی نه‌پساوه له نێوان ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له به‌رده‌وامبوون و پارێزگاریکردنی دۆخی هه‌نووکه‌ییدا ده‌بین و ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له گۆرانی دۆخی هه‌نووکه‌یی دا ده‌بیننه‌وه”. به واتایه‌کی دیکه هه‌میشه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ دۆخه هه‌نووکه‌ییه‌کاندایه که هه‌ڵوێستی هه‌ردوو لایه‌نی دژ به یه‌ک دیاری ده‌کرێ و به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. له راستیدا مێژوو هەمیشە لەبەردەم یەک هەڵبژاردن دایە؛ یا پاراستنی دۆخی ئارایی یاخۆ گۆڕانی ئه‌م دۆخه‌یه.
- مارکس، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ره بوو که: ”هاوکێشه دینامیزمی سه‌ره‌کی مێژووه “. به بۆچوونی مارکس هاوکێشه و هاودژی بەرژەوەندییەکان هۆکارێکی به‌هێز و پێویستییه‌کی قه‌تعییە بۆ گۆڕانکاری و له ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی مێژوودا به‌رده‌وام خۆی پیشانداوە، ئه‌م بابه‌ته‌ش هۆکاری سه‌ره‌کی گۆڕانن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
- مارکس به شرۆڤه‌کردنی گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوکێشه چینایه‌تییەکاندا، مێتۆدێکی نوێی داهێنا پێکهاتەشکاندن. به بۆچوونی مارکس؛ ئه‌و هێزانه‌ی که کارتێکردنیان له‌سه‌ر گۆڕانکاریه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هەیە، دەکرێ جیا بکرێنه‌وه. مارکس باس لە دوو پاڵنه‌ر دەکا: هێزه ده‌ره‌کییه‌کان که له ده‌ره‌وه‌ی سیستمه‌وه کارتێکه‌ری خۆیان دەردەخەن، وه‌ک کاریگه‌ری سروشتی، ئیقلیمی، په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنۆلۆژیا و وشیارییه بابه‌تییه‌کان، که پتر له زۆنگه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی هزردا خۆ ده‌رده‌خه‌ن. دووهه‌م هێزه ده‌روونییه‌کانن که له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی و له هەناوی سیستمدا وەک ده‌ره‌نجامی پراکتیک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. هەڵبەت ئه‌م بابەتە له راستیدا یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناخی خۆیدا کۆمه‌ڵێک هێز به‌رهه‌م ده‌هێنێ که ده‌بنه هۆی گۆڕان.
ئه‌گه‌رچی مارکس تێوره‌کانی خۆی زۆر به چڕکراوه‌یی و بە زمانێک ده‌رده‌بڕێ که هێمایەکە بۆ شەڕێکی چینایەتی، واته شەڕی چینی پرۆڵتاریا و چینی خاوه‌ن سه‌رمایه، به‌ڵام روانینه‌کانی مارکس پێناسه‌یه‌کی بابه‌تیانه و مێژوویی ده‌دا به ده‌سته‌وه و یارمەتیمان دەدا کە دەرکێکی عەینیمان لەسەر هاوکێشه و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه هەبێ. هه‌ر ئه‌م تیۆره بوو به به‌ستێنێک بۆ راڤه‌یه‌کی مێتۆدیک لەسەر خوێندنه‌وه‌ی هاوکێشه و ده‌رک پێکردنی کاردانه‌وه‌کانی. ئه‌م بابه‌ته، له کۆمه‌ڵناسی نوێ‌دا به‌ربڵاوتر کرایه‌وه و سه‌رنج و تێبینی زیاتر هاتە ئاراوە. ئه‌م سه‌رنج و تێبینییانه بوون به هۆی چێ‌بوونی روانگه‌یه‌کی ره‌خنه‌گه‌رانه لەهەمبەر خودی مارکس‌یش، به‌ڵام له راستیدا هیچ له مێتودی خوێندنه‌وه‌ی مارکس لەسه‌رئه‌م دینامیزمه کاریگه‌ره کەم ناکاتەوە. گرینگ‌ترین ره‌خنه‌یەک کە له مارکس کراوە؛ بەستنەوەی گشت هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له چوارچێوەی کێشه‌ی چینایه‌تیدایه. کۆمه‌ڵناسی نوێ پێی وایە که چین شتێک نییه که له‌ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نه به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کان بێ و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا له چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شانه‌دا له ده‌وری یه‌کتر کۆبکاته‌وه. به‌م چەشنە چینه‌کانیش به‌شێکن له‌و هاوکێشه‌یانه‌ی که هه‌مه‌گیرتره، چوونکه پۆلینکردنی کۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیدا کارێکی ساکارانه‌یه. لە راستیدا کۆمه‌ڵێ رایه‌ڵکه‌ی دیکه له ته‌ونی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگادا به‌دی ده‌کرێن که کاریگه‌رتره و زۆرجار دەبنە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ناتەبایی و پارادۆکس لەنێو چینێکی یه‌کده‌ستیش دا.
کۆمه‌ڵناسی نوێ به پێچه‌وانه‌ی مارکس، هۆکاری بنچینه‌یی هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هەر له دابه‌شبوونی نادادپه‌روه‌رانه‌ی که‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهێناندا نابینن، به‌لکه هۆی بنچێنه‌یی ئه‌م هاوکێشه‌یه له دابه‌شبوونی نادادپه‌روه‌رانەی “ئۆتۆریتی” یاخۆ ده‌سه‌ڵات له نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌شدا ده‌بینن که که به‌شێکن له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا. ده‌شێ ئه‌م نایەکسانییە له نێو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵیشدا بەدی بکرێ. هه‌ر سه‌باره‌ت به ئۆتۆریتی “ماکس وێبه‌ر” به‌راوه‌ردێکی دیاردەناسیانەی هه‌یه سەبارەت بە ئۆتۆریتی و ده‌سه‌ڵات دا . ئه‌و ده‌ڵێ: ”ئۆتۆریتی بریتییه له شانس و ده‌رفه‌تێک که لە سیستمێکی تایبه‌تدا بۆ تاک یاخۆ گرووپێکی مرۆیی دەستدەدا و به ناوەرۆکێکی هەژمۆنیک ده‌بێته هۆی ملکه‌چکردنی گرووپەکانی دیکەی نێو کۆمه‌ڵگا ”. لێرەوە پێناسەی ده‌سه‌ڵات له چه‌مکی ئۆتۆریتی جیا ده‌کرێته‌وه ماکس وێبه‌ر بەم چەشنە ده‌سه‌ڵات پێناسە دەکا: ”ده‌سه‌ڵات ده‌رفه‌تێکه که ئه‌کته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگا له پێوه‌ندییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌یقۆزنه‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و شتانه به‌ده‌ست بێنن که مه‌به‌ستیانه و خەباتی بۆ دەکەن.” که‌واته ده‌سه‌ڵات پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی به تاکەوە هەیە و ده‌شێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته پێوه‌ندیی به لێهاتوویی، ئازایه‌تی، تواناییه واتاییه‌کانی و هه‌روه‌ها پله‌و پایه‌ی کۆمەڵایەتی تاکەوە هەبێ، بەڵام ئۆتۆریتی پێوه‌ندیی به رۆڵ یاخۆ ده‌رفه‌تێک هه‌یه که تاک له رێکخراوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیدا یاخۆ ده‌زگایه‌کی سینفی یا له مه‌یدانێکی بازرگانیدا دەوری هەیە و تا رادەیەکی زۆر ئەمرێکی سایکۆلۆژیانەیە.
به ده‌رککردنی رۆڵی ئۆتۆریتی له هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، هۆی ملمانێ و دژایه‌تی نێو رایه‌ڵکه سه‌ره‌کییه‌کانی ته‌ونی کۆمه‌ڵگاش شه‌فافتر ده‌رده‌که‌وێ. چونکه ئۆتۆریتی له گشت کۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تییه‌کاندا هه‌یه و به به‌راوردێ؛ بۆخۆی به‌شێکه له دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که ده‌کرێ شێوازی جۆراجۆری هه‌بێ و کاردانه‌وه‌ی جیاوازی هه‌بێ. واته له هێندێ حاله‌تدا دابه‌شبوونی ئۆتۆریتی په‌یوه‌سته به رۆڵی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له به‌رهه‌مهێنانی مێژوو دا. له کۆمه‌ڵگادا که‌سانێک به‌دی ده‌کرێن که خاوه‌نی ئۆتۆریته‌یه‌کی گه‌وره‌ن و به‌رده‌وام گرووپ و تاقمی جۆراوجۆریش به‌دی ده‌کرێن که ملکه‌چی بریار و تواناییه‌کانی ئەوانن.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئۆتۆریتی به بۆچوونی ماکس وێبه‌ر؛ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی قه‌تعییه. واته له دوو حاله‌ت به‌ده‌ر نییه: یا که‌سانێك ئۆتۆریته‌یان هه‌یه یاخۆ نییانه. ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته به‌راورد بکرێ له گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی مارکس له هه‌مبه‌ر نایەکسانی سه‌رمایه، ده‌بینین جیاوازی دابه‌شبوونی سه‌رمایه به‌رچاوتره، واته تاقمێک خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌کی زۆرترن، بەڵام چینی کرێکار لانیکه‌م شتێک به‌دی ده‌که‌ن یاخۆ لانیکه‌م به فرۆشتنی کار بژیوی خۆیان دابین ده‌که‌ن. به‌ڵام نایەکسانی ئۆتۆریتی زۆر قه‌تعییه، واته بەشێک لە کۆمەڵ به گشتی له ئۆتۆریتی به‌هره‌مه‌ندن، بەشەکەی دیکە به ته‌واوی لێی به‌هره‌مه‌ند نین و له ئه‌نجامدا ملکه‌چی ئیراده‌ی ئۆتۆریتین.
گرینگی ئه‌م بابه‌ته له لەم پرسیارەدا دەردەکەوێ که؛ داخوا کاردانه‌وه‌ی ئۆتۆریتی و سنووری ئه‌م بابه‌ته له کوێی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا خۆ ده‌بیننه‌وه؟ نابێ چاوپۆشی له‌م بابه‌ته گرینگه بکەین که ئۆتۆریتی له پێناسەی که‌لاندا هه‌ڵگری واتای هاوکێشه‌یه و کاریگەرییەکی له مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتدا پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. واته له پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتدایه که به‌رژه‌وه‌ندیی ئۆتۆریتی مانایەکی بابه‌تیانه وەردەگرێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا، له نێوان ئۆتۆریتی و ئه‌و که‌سانه‌ی ملکه‌چی ئۆتۆریتین، هیچ هاوکێشه‌یه‌ک له ئارادا نییه، به‌ڵکه هاوکێشه له مه‌یدانی به‌ره‌وروو بوونه‌وه‌ی دوو یاخۆ چه‌ند ئۆتۆریته‌ی جیاوازدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. له‌م حاله‌ته‌دا ئۆتۆریتە جیاوازه‌کان داهێنه‌ری دوو سێناریۆی ره‌ش و سپین که هه‌رکامیان به نۆره‌ی خۆی هه‌ڵگری واتایه‌کن بۆ ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر ئه‌م پێناسەیە به‌که‌ین به بنەمایەک بۆ نزیکبوونه‌وه له چه‌مکی هاوکێشه بەمانای ئۆتۆریتی، ئه‌وا پێناسه‌ی بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له چه‌مکی گۆڕانه‌وه بره‌و ململانه‌ی ده‌سه‌ڵات په‌رت ده‌کرێن. واتە هاوکێشه له به‌رهه‌مهێنانی مێژوودا ده‌وری تێکده‌رانه ده‌بینێ و مرۆڤ له مەیدانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بێته پارسه‌نگی زۆرینه‌ی ده‌نگ بۆ رەوایی دان به حزووری شه‌رعیی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر سه‌رنج به راڤه‌ی مارکس له هه‌مبه‌ر هاوکێشه له ململانه‌ی خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار له حاند نه‌هێشتنی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داریدا بدەین، ده‌بینین هاوکێشه له راڤه‌ی مارکسدا ئه‌کته‌ری به‌رهه‌مهێنانی مێژووه و مرۆڤ به‌رزده‌کاته‌وه به‌ره‌و قاتی سه‌رووی پاش دەورانی کاپیتالیزم، واتە سوسیالیزم. ئه‌م قۆناغه له مێژوو به بۆچوونی مارکس هه‌ڵگری به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی مرۆڤه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستاش ئه‌م تیۆره‌ی مارکس بابه‌تی نه‌کراوه و که‌ره‌سه‌ی گونجاو بۆ پراکتیزه‌کردنی ئەو تیۆرە به شێوه‌یه‌کی مۆدێرن نه‌ره‌خساوه (نابێ له بیر بکرێ که تیۆری مۆدێڕن پێویستی به که‌ره‌سه‌ی مۆدێڕن هه‌یه)، به‌ڵام له راستیدا له سه‌ر بناغه‌یه‌کی عه‌قڵانی دارژاوه. نه‌بوونی که‌ره‌سه‌ی گونجاو بۆ پراکتیزه‌کردنی ئه‌م تیۆره ره‌نگه بگه‌رێته‌وه بۆ راڤه‌ی مارکس له‌مه‌ڕ کاپیتالیزمی سه‌ده‌ی نۆزده که له چاو سیتمی لیبرالیزمی هه‌نوکه‌ییدا سه‌رمایه‌دارییه‌کی کلاسیکی و فه‌شه‌ل هاتووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م شرۆڤه‌یه تا راده‌یه‌کی به‌رچاو کلاسیکی بێ، به‌ڵام به‌ستێنی سه‌رمایه و مه‌یدانه به‌رفراوانه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌م سه‌رده‌مه و هەروەها تێگێشتنی سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌رده‌می مۆدێرنیزم‌دا، زەروورەتی هاتنەئارای تێگێشتنێکی نوێ بەرجەستە دەکاتەوە بۆ گۆران و، له هه‌مان کاتیش‌دا پێویستی مێتۆدێکی نوێ زەق دەکاتەوە بۆ هزری به‌رهه‌مهێنانی مێژوو.
سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی به بێ حزووری دیارده‌ی هاوکێشه له ده‌ره‌وه‌ی ته‌سوه‌ری عه‌قڵییه‌تی مرۆڤه. گرنگی هاوکێشه‌ش له سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیدا، پێویستی بە حزوورێکی عه‌قلانی هەیە که ره‌وتی به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و بنیادنای کۆمەڵگای مەدەنی ئاراسته بکا. ئه‌وه‌ی که تا ئێستا ئه‌م حزووره عه‌قڵانییه نه‌یتوانیوه ماددی بکرێ و به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه به‌ستێنێک بۆ دادپه‌روه‌ری بگوونجێنی تاکو حوکمێکی عه‌قلانی له نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه جیوازه‌کاندا بکا، له خۆیدا گرفتێکی هه‌نووکه‌ییه که ره‌گی سه‌ره‌کی له شووناسی “ده‌سه‌ڵات” دا ده‌بیندرێته‌وه. ئه‌وه‌ی که جێی سه‌رسوڕمانه، تا ئێستاش بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (به‌تایبه‌ت له سیسته‌مه سوننه‌تییه‌کاندا) به شه‌رمه‌وه له ده‌سه‌ڵات ده‌روانن و نه‌یانتوانیوه مامله‌یه‌کی عه‌قڵانی له گه‌ڵ چەمکی ده‌سه‌ڵات بکه‌ن. بێگومان ده‌رکه‌وتنی پارادۆکسیش له هه‌ر کۆمه‌ڵگا و لە نێو هەر تاقم و گرووپێکدا لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە نکۆڵی له‌م واقعه عەینییە دەکەن واتە؛ ئەمری دەسەڵات. ئه‌م بابه‌ته کاتێ پتر به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه کە بزاڤه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ره‌وتی بزوتنه‌وه‌بوون به‌ره‌و دامه‌زراوه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌رۆن و پێگه‌یه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بیننه‌وه، لە وەها دۆخێک‌دا کەم کەم تایبه‌تمه‌ندیی بوروکراتیک جەستەیان قورس دەکا و له قه‌واره‌ی رێکخراوه‌یه‌کی فه‌رمیدا دەچەقن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه هه‌رده‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری هاوکێشه‌ن و دیسان کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و رووی پارادۆکس ده‌کاته‌وه و، ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ دابینکردن و تەبایی نانەوە لە نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه هاودژەکان کەم دەکاتەوە.
رزگار ئه‌مین نه‌ژاد
26.02.2007
سه‌رچاوه‌کان:
نظریه‌های بنیادی جامعه‌شناسی/ لویس کوزر- برنارد روزنبرگ
تغییرات اجتماعی / گی روشه
جامعه‌شناسی/ گیدنز
وەڵامێک بنووسە