ئه‌گه‌ر له سه‌ده‌کانی نێوه‌راستدا مه‌کیاڤێلی به روخسارێکی ناحه‌زه‌وه که‌وته نێو مێژووی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و بگره ئێستاش، هۆکاره‌که‌ی له دڕکاندنی واقعێکی ساده‌دا سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. ئه‌و په‌رده‌ی له سه‌ر واقعێکی مرۆڤایه‌تی هه‌ڵدایه‌وه که له سه‌رده‌مانێکی کۆنه‌وه و تا به ئێستاش وه‌ک زاتێکی نه‌فسی- به‌ڵام شاراوه- تهقهدووسێکی وه‌همی به “تاک” ده‌به‌خشی. ده‌سه‌ڵات و چۆن وه‌ده‌ست هێنانی و چۆن راگرتنی ده‌سه‌ڵات، ماکی سه‌ره‌کی کتێبێک بوو به ناوی “میر” (شه‌هریار) که به کۆمه‌ڵێ په‌ند و ئامۆژگاری فۆرمووله کراوه بۆ به‌کار هێنانی ته‌کنیکی سیاسه‌ت کردن.
ده‌سته‌واژه‌یه‌کی به‌ناوبانگ هه‌یه که ده‌خرێته پال مه‌کیاڤێلی و ئێمه له گه‌لێ باس و خواسی بابه‌تیانه یان سیاسی‌دا گوێ بیستی ده‌بین. ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ئه‌گه‌ر من به دروستی وهرمگێرابێته سه‌ر کوردی ئه‌مه‌یه: “ئامانج پاساوده‌ری که‌ره‌سه‌یه”. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی ساده‌تر ئه‌م ده‌سته واژه‌یه بخوێندرێته‌وه ئه‌م ده‌ره‌نجامه وه‌رده‌گرین که، بۆ گه‌یشتن به ئامانج که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ر چه‌شنه که‌ره‌سه یان تاکتیکێک شه‌رعییه.
نه‌ریتی مرۆڤایه‌تی وای کردووه که بۆ پێناسه کردنی هه‌ر چه‌شنه کردارێکی، حیجابێک بخوڵقێنێ بۆ سه‌رپۆش دانان له سه‌ر کاردانه‌وه‌ی ئاکاره‌کانی له روانگه‌ی به‌ها ئنسانییهکاندا. ئه‌گه‌ر مه‌کیاڤێلی به دڕکاندنی سیمای راستییانه‌ی ته‌کنیکی ده‌سه‌ڵات و هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئاوا که‌وته به‌ر نه‌فره‌تی سه‌رده‌مانێک، ئه‌مه به‌و مانایه نه‌بوو که ئه‌و درۆی له گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی ده‌کرد یان بوختانی هه‌ڵده‌به‌ست، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه رێک په‌نجه‌ی له سه‌ر واقعێک دانابوو که پیرۆز بوونی خودانی ده‌سه‌ڵاتی دایه ده‌م بای گومانه‌وه. ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڕانده‌وه بۆ غه‌ریزه نه‌فسی و شههوهتییهکانی مرۆڤ و بۆ هه‌تا هه‌تایه ئه‌م حوکمه‌ی شکاند که وچه‌ی نوێ پشت ببه‌ستێ به رزگاریده‌ر. به‌ڵام داخوا مرۆڤ تا به چ راده‌یه‌ک ده‌رس وه‌رده‌گرێ له ئه‌زموونی مێژوو و سایکۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات؟ ئه‌مه ئه‌و پرسه‌یه که مرۆڤایه‌تی هیلاکی ده‌ستی سه‌داقه‌تی خۆی ده‌کات.
ئه‌گه‌ر سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م وه‌ک سه‌ده‌یه‌کی رۆشه‌نگه‌ری وێسگه‌یه‌ک بوو بۆ پێناسه کردنی مه‌عریفه‌ت و ده‌سه‌ڵات، ده‌بینین که خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ به‌رهه‌م هێندرا بۆ رۆچوونه نێو بناغه گشتییه‌کانی به‌رهه‌می تاک و کۆمه‌ڵ. هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئاوڕێکی جیاواز درایه‌وه له به‌رهه‌مه به ناوبانگه‌که‌ی مه‌کیاڤێلی واته “میر”. به‌م خوێندنه‌وه نوێیه، مه‌کیاڤێلی له تاوان دهشۆردرێتهوهو هه‌موو ئه‌و قسه و قسهرۆکانهی که که‌وتبوونه پاڵی سڕانه‌وه. سپینوزا(Spinoza ) ده‌لێ: ” مه‌کیاڤێلی زۆر زیره‌کانه‌و به‌رواڵه‌ت وای شیده‌کاته‌وه که میرێک ( که جگه له کوڵ و کۆی ده‌سه‌ڵات هیچ ئه‌نگیزه‌یه‌کی تری نییه) ده‌بێ په‌نا بباته به‌ر چ که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ ملکه‌چ کردن و گوێ رایه‌ل کردنی مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له پێناو بڕیاره‌کانیدا. به‌لام زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌توانین له مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌و (مه‌کیاڤێلی) تێبگه‌ین. ره‌نگه ئه وستوویه‌تی بۆمان ده‌ربخات که مرۆڤی سه‌ربه‌ست و ئازاد ده‌بێ تا به چ راده‌یه‌ک وشیار و ژیر بێ له سپاردنی جاره‌نووسی خۆی به ده‌ستی “تاک”… چوونکه “تاک” بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه نیگه‌رانییه‌ک که ببێته هوی له‌رزاندنی ئاوتۆریتێتهکهی، هه‌ر ده‌م له پلان دایه بۆ دژ کرده‌وه و ئه‌مه وا ده‌کات که ناچار ده‌بێ پتر خۆی سه‌رقاڵ بکات به بابه‌ته تاکه که‌سییه‌کانی خۆی و به‌م پێیه خێر و به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ر ده‌کاته فیدای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و ده‌زگای ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی. سه‌باره‌ت به‌م پیاوه ورد بین و ژیرهدا ، من پتر له سه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌م که ئه‌مه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌و بووه. چوونکه ده‌زانم ئه‌و هۆگری ئازادی بووه و بۆ پاراستنی ئازادی دروست ترین و کارامه ترین ئهندهرزی به ئێمه داوه.”
به‌م پێوه‌ره، چاخی رهوشهنگری ده‌یه‌وێ هه‌ڵگری چ په‌یامێک بێ بۆ وچه‌ی دوای خۆی؟ بێگوومان ئه‌م جیله پابه‌ند بووه به‌م پره‌نسیبه ئه‌خلاقییه‌ی که پێویسته هه‌ر سه‌رده‌مێک به پێوه‌ره تایبه‌ته‌کانی خۆی ههڵسهنگێردرێ. وه‌ک مێتۆدیک ئه‌مه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی مێژووییه و نکۆڵی لێ ناکرێ، به‌ڵام وه‌ک “تاک” هیچ پێوه‌رێک له ئارادا نییه که “تاکی” دوێنێ له “تاکی” ئه‌مرۆ جیا بکاته‌وه. “تاک” به گشتی سه‌رچاوه‌یه‌کی نه‌فسییه که بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆی یان بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنی “ئامانج” ئاماده‌یه هه‌رده‌م بکه‌ری (فاعیل) سه‌ره‌کی کتێبی “میر” بێت و هه‌موو ته‌کنیکه‌کانی سیاسه‌ت ره‌پێش چاو بگرێ. ئه‌م چه‌مکه پاڵنه‌رێک بوو بۆ به‌رهه‌م هێنانی گیانی به کۆمه‌ڵ و ته‌نگ کردنه‌وه‌ی مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتی “تاک” له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگادا. ئه‌مه وای کرد که حه‌ول بدرێ بۆ نه‌هادینه کردنی کۆمار و ئه‌م کۆماره‌ش شه‌رعییه‌تی خۆی له جیاوازی یان به واتایه‌کی تر پلۆرالیسم وه‌ربگرێ. لیره به دواوه ئه‌مه “تاک” نییه که کۆمه‌ڵگا به‌رهه‌م دێنێ به‌ڵکوو ئه‌مه کۆمه‌ڵگایه که بۆ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی خۆی به کۆمه‌ڵێ پرۆسه‌ی عهقڵییهتیدا تێده‌په‌رێ.
گرینگ‌ترین هه‌نگاوی ئه‌م چاخه، حه‌ولێک بوو بۆ ئاوێته کردنی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت. ئه‌گه‌رچی ئه‌خلاق و سیاسه‌ت دوو چه‌مکی جیاوازن به‌ڵام زه‌روره‌تی نێزیک بوونه‌وه‌ی ئه‌خلاق له سیاسه‌ت، ده‌سته‌به‌رێک بوو بۆ ئازادی و نیشانه‌ی به‌رفراوان بوونه‌وه‌ی چه‌مکی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بابه‌ته وه‌ک پراکتیک گه‌لێ ئه‌سته‌م بووه، به‌ڵام وه‌ک ئامانج له گیانی دادپه‌روه‌ری و ئازادی‌دا ره‌گی قووڵی داکوتابوو. ئه‌مه پێوه‌رێکه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی و ده‌سه‌به‌ر کردنی به‌ها گشتییه‌کانی مرۆڤایه‌تی له مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی‌دا. لێره به دواوه جه‌ماوه‌ر به‌رزترین و دیارترین مۆتیڤی چه‌مکی سیاسه‌ته‌و، ته‌واوی حه‌ول و ته‌قه‌لاکان دێنه خانه‌ی پۆپۆلیسمێکی رادیکاڵانه و چه‌مکی ده‌سه‌ڵات جێی خۆی ده‌دا به واتای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خدمه‌ت گوزار.
هێشتا زووه ئه‌گه‌ر بمانه‌وه‌ێ حوکم بده‌ین له سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م ره‌وته وای کردووه که نه‌فسی واتای ده‌سه‌ڵات بگۆرێ. یان به واتایه‌کی تر قه‌ناعه‌ت هێنان به‌م گۆڕانکارییه له ئه‌ده‌بیاتی سیسهتدا گه‌شبینیه‌کی بێ ئاوزانهیه. چوونکو سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ڵگری واتایه‌کی تره بۆ چه‌مکی سیاسه‌ت. له‌م قۆناغه‌دا پچڕانێکی ئه‌وتۆ هه‌ست پێده‌کرێ له ره‌وشی دیپلۆماسیدا، به‌ڵام به گشتی ده‌کرێ بڵێین که دیپلۆماسی کۆلۆنیالیزم به چه‌شنێک خۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وه‌ک فاکتیک ده‌چێته به‌ره‌وه‌ی به‌ها گشییه‌کانی مرۆڤایه‌تی و مرۆڤ ده‌که‌وێته به‌رده‌م جه‌غزێکی بێ چاره‌سه‌ر له ئاست ویست وهیواکانی. هه‌ر بۆیه سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌ڵگری دڕندانه ترین و بێ به‌زه‌ییانه ترین چیرۆکی تاڵی هیوا جوانه مه‌رگه‌کانی مرۆڤ بووه.
سه‌ده‌ی بیسته‌م و ره‌وتی بزاڤه رزگاری خوازییه‌کان شایه‌د حاڵیکن بۆ ئیفلیج بوونی بزاڤی ره‌وشه‌نگه‌ری له سۆنگه‌ی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌گه‌ر له چاخی ره‌وشه‌نگه‌ریدا (سه‌ده‌ی هه‌ژده) واتای ده‌سه‌ڵات ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ی ره‌خنه‌ی سه‌رده‌می خۆی، هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ واتایه‌کی ریشه‌یی سه‌باره‌ت به یاسای مه‌ده‌نیه‌ت و چه‌مکی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م سه‌رده‌مه‌دا( سه‌ده‌ی هه‌ژده) نووخبه ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌یه له به‌رزکردنه‌وه‌ی واتای ئینسانی/ سیاسی‌دا. سیمای وه‌ک “ژان ژاک رۆسۆ”، “جۆن لاک”، “تۆماس هۆبز”، “سپینۆزا” و “مۆنتسیکۆ” دیار ترین که‌سایه‌تی کایه‌ی سیاسی و ماف په‌روه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه بوون. گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگا و سیسته‌می به‌رێوه بردن راسته‌وخۆ ده‌که‌وێته ژێر کارتێکردنی تیورییانه‌ی نوخبه‌ی سه‌رده‌می خۆی و لێره‌دایه که “فیکر” ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخانی مێژوو. دیاره ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش خاوه‌نی سه‌ربرده‌ی توند و تیژی و شه‌ڕ بووه به‌لام نه به واتای سه‌ده‌ی بیسته‌م.
سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م به پێچه‌وانه‌ی چاخی ره‌وشه‌نگه‌ری، عه‌قڵییه‌تی سیاسه‌ت له نوخبهڕا ده‌گوێزێته‌وه بۆ سیاسه‌توانی پیشه‌یی. لێره به دواوه گه‌ڵاڵه کردنی پلانی وه‌ک کۆمه‌لگاو په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی له مۆد ده‌که‌وێ و ئه‌فسانه سازی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌بیته گرانیگای سیاسه‌ت و فیکر به‌گشتی. ئه‌م وچهیه خۆی ئاماده ده‌کا بۆ وه‌دی هێنانی خه‌ونه ئه‌فسانه‌ییه‌کانی. ئه‌م ئه‌فسانه سازییه ده‌شێ له دوو فۆرمی جیاواز دا دهسهنیشان بکرێ. ئه‌فسانه‌ی ناسیۆنالیزم و ئه‌فسانه‌ی کۆمۆنیزم. بۆ ئه‌فسانه‌ی ناسیۆنالیزم ده‌شی ئاماژه بدرێ به ره‌وته نه‌ته‌وییه‌کانی به‌ر له شه‌ری یه‌که‌می جیهان له ئاوروپای ناوه‌ندی که سه‌ره‌نجامه‌که‌ی فاشیزم و نازیسمی لێکه‌وته‌وه و سه‌ره‌نجام بوون به هۆکاری دوو کاره‌ساتی دڵته‌زێن واته شه‌ری یه‌که‌م و شه‌ری دووهه‌می جیهانی. ئه‌گه‌ر چی شه‌ری دووهه‌می جیهانی به قزانجی کۆتایی هاتنی ئه‌فسانه‌ی ناسیۆنالیزم/ فاشیزم ته‌واو بوو، به‌ڵام له راستیدا بوو به سه‌ره‌تایه‌ک بۆ کردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌کی نوێ که هه‌میسان جیهانی کرده ئامانجی قه‌یرانێکی مرۆیی. له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا جیهان دابه‌ش کرا له نێوان دوو جه‌مسه‌ری دژ به یه‌ک، جه‌مسه‌ری لیبه‌رالیزم و سوسیالیزم. ئه‌م دوو جه‌مسه‌رییه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ سیناریۆی ده‌سه‌ڵات له فۆرمێکی جیاوازدا. ئه‌م سیناریۆیه دووپات بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مووناریشی سه‌ده‌کانی به‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌م نه‌بوون، به‌ڵکوو لێره به دواوه “تاک” جێی خۆی ده‌دا به “ئایدۆلۆژیا”. واته گه‌ڵاڵه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی “تاک” ده‌گوازرێته‌وه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئایدۆلۆژیا. به‌ڵام له راستیدا له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه‌دا “تاک” پتر به‌رچاو ده‌که‌وه‌ێ. به‌م راڤه‌یه ده‌شێ بڵێین “تاک” هه‌ر له جێی خۆیه‌تی و فۆرمووله کانی “میر” به‌رده‌وام خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه. “تاک”ی ئه‌م سه‌رده‌مه کۆمه‌ڵێک شێتی مێژوویی بوون که به جنوونه سهرکێشهکانیانهوه مێژوویه‌کیان بۆ به‌چێ هێشتین که زۆر به ده‌گمه‌ن جیله یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی مرۆڤایه‌تی له چاره‌نووسیان ده‌رباز ده‌بن. “هیتلێر و مووسهلینی” که تراژیدیای شه‌ری یه‌که‌می جیهانیان خووڵقاند، “فرانکۆ” و درامای کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌کانی ئیسپانیا، “ستالین” و شوێن ون کردنی ملیۆنان جیابیری یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، “مائۆ” و کوشتاری حه‌فتا ملیۆن له خه‌ڵکی چین، “پۆلپۆت” و دوو ملیۆن کوژراوی کامبوجی و…
ئه‌م واقعه تاڵه وه‌بیر هێنه‌وه‌ی گه‌مه ناشه‌رعییه‌کانی سیاسه‌تن که چلۆن کایه‌ی کرد به مرۆڤ و هیواکانی. یه‌که‌م نیهادێک که بوو به قوربانی ئه‌م گه‌مه سیاسییه نوێیه، نیهادهگهلی مه‌ده‌نی و بزاڤی رزگاری خوازی بوون له سه‌رانسه‌ری جیهاندا. له راپه‌رینه‌کانی وڵاتانی ئامریکای لاتینه‌وه تا به رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ئاسیای دوور و ته‌نانه‌ت ئه‌ورووپاش، هه‌ر هه‌موویان به‌ره‌و رووی نوشست هاتن جگه له‌و وڵاتانه‌ی که به‌رواڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی ئایدۆلۆژیا له‌وه دا بووه که پشتیوانی لێ بکرێ.له‌م نێوه‌نده‌دا نیهادهگهلی مه‌ده‌نی که له سه‌ر بناغه گشتییه‌کانی ماف و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان دارێژرا بوون و له کۆنواسیۆن وجاڕنامه‌ی مافی مرۆڤدا به‌رجه‌سته کرابوونه‌وه، مه‌زڵووم ترین یه‌خسیری ده‌ستی ئه‌م سه‌رده‌مه بووه.
به دوای کۆتایی پێ هاتنی شه‌ری سارد که له به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت به رواڵه‌ت هۆکاره‌که‌ی بووه، جیهان به گشتی و فۆرمی دیپلۆماتیک به تایبه‌تی پێی خسته نێو قۆناغێکی تر له کایه‌ی سیاسی‌دا. له‌م قۆناغه‌داو له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا ده‌وڵه‌تان پتر موولزهم ده‌کرێین به رهپێشچاو گرتنی بنه‌ما مه‌ده‌نی و رێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان وپاراستنی مافی مرۆڤ دێته خانه‌ی سه‌رووی هه‌موو پرینسیپه گشتییه‌کان و هه‌روه‌ها پرسی ژینگه و خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری به‌شێکی به‌رچاو بوون له‌و گرێبه‌ست و په‌یمانانه‌ی که له نێوان ده‌وڵه‌تاندا ئاڵ و گۆڕ ده‌کران. به‌ره‌و روو کردنی ده‌وڵه‌تان و به‌تایبه‌ت وڵاتانی به هێز له بواری ئابووریدا، له به‌رامبه‌ر کێشه و گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی مرۆڤ ئه‌و هیوایه‌ی له دڵی هه‌موو که‌سدا گه‌شانده‌وه که نه‌مانی سیسته‌می دوو جه‌مسه‌ری رووناکاییهکه بۆ به‌ره‌و پیر چوون و چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م کێشه سه‌ره‌کییانه که رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌هات له پێناسه کردن و گه‌ڵاڵه دارشتنیاندا ده‌وری کاریگه‌ر ببینێ. بێ گوومان له راپۆرتی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌ک گرتووه‌کان ئه‌م پرسه واته هه‌ژاری و ژینگه و چه‌سپاندنی مافی پرۆڤ و کێشه‌ی کۆچبه‌ری و که‌ڵه‌که بوونی چه‌کی میکرۆبی و ئه‌تۆمی و نه‌خۆشییه کوشه‌نده‌کان، به ههرهشيیهکی جیده‌ی هاته ئه‌ژمار بۆ مرۆڤایه‌تی و وچه‌کانی دوای ئێمه. به پێی سه‌رژمێرییه ره‌سمییه‌کان که له راپۆرته‌کانی رێکخراوه‌کانی سه‌ر به رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هاتووه و دێن، ژماره‌ی مه‌رگ و راده‌ی په‌ره سه‌ندنی ئه‌م گرفتانه گه‌وره‌ترین قووربانی له سه‌رجه‌م دانیشتوانی جیهان سه‌ندووه و ده‌ستێنی. به‌ڵام رووداوی یازده‌ی سێپتێمبێرو هه‌ره‌شه‌ی دیارده‌ی تێرۆریزم سه‌رپۆشی دانا له سه‌ر ئه‌م به‌دواداچوونه‌ی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. دیارده‌ی تێرۆر و گرینگی به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان له حاست تێرۆریزمدا، ده‌سپێکی گه‌مه‌یه‌کی نوێی سیاسی بوو که بوو به به‌رهه‌مهێنانی قه‌یرانه‌کانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌م.
ئه‌گه‌ر داڕمانی سیسته‌می سیاسی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت بوو به هۆی کۆتایی هاتن به شه‌ڕی سارد و ته‌نگژه‌ی سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌کان، له راستیدا سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ نا ئه‌من تر بوونی جیهان. شه‌ری باڵه‌کان و هێندێ له کۆماره‌کانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت که تازه سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاندبوو، ناوچه‌که‌ی تووشی کاره‌ساتی مرۆیی کرد و ره‌شه کووژی و تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ی له سنوور تێپه‌ریوی نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه سیمای مرۆڤایه‌تی شێواند. بێ سه‌ر و شوێن بوونی جبه‌خانه ناووکییه‌کان و نفووزی مافیای قوودره‌ت له‌و ناوچه‌یه، گوومان و دڵه‌راوکه‌ی درووست کرد له ئاست ده‌ست پێڕاگه‌یه‌شتنی هێندێ ده‌وڵه‌ت و گرووپی تێرۆریستی به ئه‌م چه‌که به کۆمه‌ڵ کووژانه. له مه‌یش گرینگتر ئه‌و بۆشاییه بوو که که‌وته نێو سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و پارسه‌نگی هێز له جیهاندا. سیسته‌می تاک جه‌مسه‌ری و به هێز بوونی بیرۆکه‌ی یه‌کیه‌تی ئه‌ورووپا و به‌رفه‌راوان بوونه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی سازدانی یه‌کیه‌تی و په‌یمان وکۆڕو کۆمه‌ڵی جۆراوجۆر چ له بواری ئابووری و چ ستراتیژی و ئائینی (وه‌ک کۆنفرانسی ئیسلامی)و هتد،هه‌ر هه‌موویان نیشانه‌یه‌ک بوون بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی که که‌وتبووه نێو سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و حه‌ولێکه بۆ پاراستنی ئه‌منیه‌ت و مانه‌وه‌ی ئه‌م چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتانه. به‌ڵام گرینگ‌ترین هۆکاری ئه‌م دامه‌زراوه نێونه‌ته‌وه‌ییانه وا مه‌زنده ده‌کرێ که ته‌قه‌لایه‌که بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌ی که به دوای داڕمانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت گۆیا تووشی بێ ئاسۆیی هاتبوون. ناتۆ- به گوێره‌ی بۆ چوونی هێنده‌ێ خاوه‌ن بۆچوونی سیاسی، له حه‌ولی پاکانه حیساب ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی که له سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد دا به باج وه‌رگرتن له هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ری سارد، مه‌جالیان ده‌ست که‌وت بۆ پێکهێنانی سیسته‌می دیکتاتۆری و نا مه‌ده‌نییانه. ئه‌م پاکانه حسێبه به فاکتی گه‌شه‌دان به ته‌رحی دێمۆکراتیزاسیۆن له ناوچه‌دا، یه‌که‌م ئامانجی خۆی به گه‌ڵاڵه کردنی شه‌ری دژه تیرۆر پێکا و ماشینی دژه تیرۆر یه‌که‌م هه‌ڵمه‌تی خۆی برده سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی که له سه‌رده‌می شه‌ری سارد دا به پشوو درێژییه‌وه یاسا بنچینه‌ییه‌کانی نێو نه‌ته‌وه‌یی و مافی مرۆڤی پێشێل ده‌کرد. به‌ڵام داخوا ره‌وتی دێمۆکراتیزاسیۆن په‌یره‌وی له چ بنه‌مایه‌کی عه‌قڵی ده‌کا که هه‌نگاوه عه‌مه‌لییه‌کانی خۆی به شه‌ڕ ههڵینایهوه؟ بێ گوومان ئه‌م ئاکسیۆنه جگه له ئاڵۆزتر کردنی ناوچه‌که و پێکهێنانی ئاسته‌نگ له به‌ر ده‌م ره‌وتی دێمۆکراسی خوازی هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆی لێ ناکه‌وێته‌وه. ئه‌مری دێمۆکراسی موستهلزمی که‌ره‌سه‌ی مه‌ده‌نییه و دێمۆکراسی له خۆیدا پرۆسه‌یه‌که که پێویسته به سه‌ر رهیڵی لێک تێگێشتن و تهساهوول دا بچێته پێش. به‌ڵام سه‌باره‌ت به بێ به‌ند و باری بازاری بازرگانی بابه‌ته‌که شتێکی تره و ره‌نگه بێ سوودیش نه‌بێ.
جێی خۆیه‌تی که وچه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌م گوومانه‌ی لا دروست ببێ له ئاست بیرۆکه‌ی نیۆلیبه‌رالیزم و گه‌ڵاله‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن له ناوچه جیاوازه‌کانی جیهاندا. بێ گوومان نه‌بوونی سیسته‌می دێمۆکراسی له‌م ناوچانه نکۆڵی لێ ناکرێ، به‌ڵام نه‌بوونی دێمۆکراسی ته‌نیا یه‌ک گرفته و گرفته سه‌ره‌کییه‌کانی تری ئه‌م ناوچه‌یه بێ ژمارن. چه‌مکی دێمۆکراسی و زه‌رووره‌تی ئه‌م سیسته‌مه مۆدێڕنه ئه‌و مانایه ناگه‌یه‌نێ که دێمۆکراسی دهسهبهرێکه بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و پاراستنی ژینگه و نه‌هێشتنی نه‌خۆشییه کوشه‌نده‌کان و پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و… ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێ به به‌شێکی زۆر له وڵاتانی دێمۆکراتیک که هه‌تا ئێستاش له چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م گرفتانه سه‌ر که‌وتوو نه‌بووه و بگره کێشه‌ی هه‌ژاری، ژینگه، ئابووری، گه‌نده‌ڵی ئیداری و مافیای ژن و منداڵ و چه‌ک و ده‌رمانی سڕکه‌ر، کۆمهڵیکن له‌و گرفتانه‌ی که ئه‌م وڵاتانه ده‌یان ساڵه له گه‌ڵیاندا ده‌ژین. ئه‌وه‌تا ئه‌مرۆ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به چاوی خۆیان ده‌بینن که له ئه‌نجامی گه‌ڵاڵه‌ی پرۆژه‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن چ جۆره دێمۆکراسییه‌ک به‌رهه‌م هاتووه. بێ گوومان هه‌رکه‌س سه‌رنج بدا به دۆخی ئێستاکه‌ی عێراق و ئه‌فغانستان ده‌بینێ که پرۆژه‌ی دێمۆکراسیزاسیۆن زیندووکه‌ره‌وه‌ی قه‌واره‌ی خێڵه‌کی و عه‌شایه‌رین له‌م ناوچانه. هه‌روه‌ها له گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌بینین که پلانه‌کانی ئاشتی له ناوچه جۆراو جۆره‌کانی جیهان چلۆن ده‌که‌ونه ژێر مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و باشترین به‌ڵگه‌ش ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیله، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به ته‌فسیر باس له قه‌یرانی ناووکی کۆماری ئیسلامی نه‌که‌ین، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سته که ئاماژه بدرێ به به‌سته‌ی پێشینیاره‌کانی وڵاتانی 1+5 که راشکاوانه پرسی مافی مرۆڤ فیدای راگرتنی پیتاندنی ئۆران‌یۆم کراوه. پرۆژه‌ی دێمۆکراتیزاسیۆن به‌م سه‌ودایه‌ی ده‌یه‌وێ به گه‌لانی ئێران بڵێ که ته‌سلیمی چاره‌نووستان بن و دابین کردنی مافی مرۆڤ رێگایه‌کی دووری له به‌ره
به له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و ته‌نگژانه‌ی که ئه‌مرۆ زێتر له هه‌ر سه‌رده‌مانێک به‌ره‌و رووی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بووه‌ته‌وه، ئاوڕنه‌دانه‌وه له گرفته بنچینه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی رێگا خۆشکه‌رێکه بۆ درێژه‌دان به سیسته‌می سیاسی سوننه‌تی. به‌م پێیه له خشته بردنی چه‌مکی مافی مرۆڤ و هه‌موار کردنی ده‌رفه‌تێکی یه‌کسان و له‌بار بۆ گشت کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤایه‌تی، ده‌بێته قوربانی سیاسه‌ت و ستراتژیای بازای ئازاد و ئابوورییه‌کی هه‌وسار پساو که ئه‌مرۆ گێشتوهته سنووری ئیفرات و له کۆنترۆڵ ده‌رچووه. به سه‌رنج دان به مۆنۆپۆله زل هێزه‌کانی جیهانی و سیما ئاشنا کانی سه‌رمایه‌داری سنوور به‌زێن، ده‌بینین که چه‌مکی “تاک” چلۆن له سیمایه‌کی دیکه‌دا ده‌ر ده‌که‌وێ. به‌ڵام ئه‌م سیمایه وه‌ک ده‌ستێکی نادیار له پشت په‌رده‌ی سیاسه‌ت و مۆدێرنیزم‌دا گه‌ڵاڵه‌ی سیناریۆی قازانج په‌ره‌ستی خۆی داده‌رێژێ.
07/07/2006
رزگار ئه‌مین نه‌ژاد
وەڵامێک بنووسە