ده‌ست پێکردنی شرۆڤه‌یه‌کی بابه‌تیانه له هه‌مبه‌ر پرسی “ئازادی تاک، پێوه‌ندی و شوێنی له نێو بنه‌ماڵه‌دا”، هه‌ڵگری شووناسێکی کۆمه‌ڵناسانه‌یه که ئه‌م بابه‌ته له هه‌مان کاتیش‌دا فره‌ره‌هه‌ندییه. ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که په‌یوه‌ستن به پرسی تاک و بنه‌ماڵه له به‌ستێنێکی مه‌عریفییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن که ده‌شێ له دوو زۆنگه‌ی مافناسی و سایکۆلۆژیدا ئاوڕی لێبدرێته‌وه. به‌رله‌وه‌ی به نێو چه‌مکی گشتی ئه‌م پرسه‌دا رۆبچین، پێویست ده‌کا تا راده‌یه‌ک دوو چه‌مکی تاک و بنه‌ماڵه ئانالیزه بکرێ بۆ خوێندوه‌یه‌کی وردتر و شه‌فافیه‌تێک له هه‌مبه‌ر ئه‌م دوو وته‌زایه.
ئازادی تاک به‌رهه‌می ئاستی کولتوورێکی په‌روه‌رده‌ییه
ده‌ست پێکردنی شرۆڤه‌یه‌کی بابه‌تیانه له هه‌مبه‌ر پرسی “ئازادی تاک، پێوه‌ندی و شوێنی له نێو بنه‌ماڵه‌دا”، هه‌ڵگری شووناسێکی کۆمه‌ڵناسانه‌یه که ئه‌م بابه‌ته له هه‌مان کاتیش‌دا فره‌ره‌هه‌ندییه. ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که په‌یوه‌ستن به پرسی تاک و بنه‌ماڵه له به‌ستێنێکی مه‌عریفییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن که ده‌شێ له دوو زۆنگه‌ی مافناسی و سایکۆلۆژیدا ئاوڕی لێبدرێته‌وه. به‌رله‌وه‌ی به نێو چه‌مکی گشتی ئه‌م پرسه‌دا رۆبچین، پێویست ده‌کا تا راده‌یه‌ک دوو چه‌مکی تاک و بنه‌ماڵه ئانالیزه بکرێ بۆ خوێندوه‌یه‌کی وردتر و شه‌فافیه‌تێک له هه‌مبه‌ر ئه‌م دوو وته‌زایه.
تاک
شووناسی “تاک” هه‌ڵگری پێگه و بناغه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ئه‌م دۆخه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ دوو چه‌مکی گشتی له زۆنگه‌ی مافی تاک و ره‌هه‌نده پێکهێنه‌ره‌کانی که‌سایه‌تی ئه‌و له جه‌غزێکی جوگرافیدا که هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی دروست بوونی تاکن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه که له هه‌مان کاتیش‌دا شووناسێکی گشتییه بۆ پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگا بریتین له کولتور، دین، به‌هاکان، نۆرمه‌کان، مه‌رجه‌کانی ئابوری، نیهاده مافپه‌روه‌ییه‌کان و… به گشتی له یه‌که‌م پێناسه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ ئاشکرا ده‌بێ که تاک شووناسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی تاک به‌م شووناسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه پێناسه بکه‌ین، له گه‌ڵ واقعیکی فیزیکیدا روو به‌روو ده‌بینه‌وه که هه‌ڵگری مافی تاکه‌که‌سێتی خۆیه‌تی. واته تاکێک که له کاتی هاتنه دونیایه‌وه مافی ژیانی پێدراوه. چه‌مکی مافی ژیان ئه‌گه‌رچی هێندێ جار تووشی پارادۆکسێکمان ده‌کاته‌وه له‌هه‌مبه‌ر مافی ئیرادی یان خود ئیختیاری، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئه‌م مافه ده‌بێ پارێزراو بێت و له باری یاسایی و عاتیفیشه‌وه شه‌رعییه‌تی هه‌یه. ئه‌م بوونه فیزیکییه له‌گه‌ڵ له دایک بوونیدا له تایبه‌تمه‌ندی سروشتی خۆی هه‌ڵده‌برێ که هه‌مان یاسا سروشتییه‌کانن بۆ چه‌مکی ره‌های تاک بوونی. به واتایه‌کی دیکه ئه‌م تاکه دێته نێو گه‌مه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی که کۆمه‌ڵگا بۆی فه‌راهه‌م کردووه و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگایش بریاری دروست بوونی بۆ داوه. چه‌مکی کۆمه‌ڵگا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ رێسا و یاسای تایبه‌تن که مه‌جالێکی په‌ره‌وه‌رده‌یی ده‌ره‌خسێنی بۆ تاک تا له‌م زۆنگه‌یه‌وه خۆی بگوونجێنێ له گه‌ڵ گشت ئه‌و رێسا و یاسایانه‌ی که بناغه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگای له‌سه‌ر دارێژراون. ئه‌م خۆ گونجاندنه له پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بووندا (سوسیالیزاشێن) مه‌رجه‌کانی بۆ ئاماده ده‌کرێ. که یه‌کێ له سه‌ره‌تایی ترین قۆناغه‌کانی پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون هه‌مان یه‌که‌ی بنه‌ماڵه‌یه که تاکی تێدا راده‌هێندرێ.
پرسی تاک له نێو سیسته‌می کۆمه‌ڵڵایه‌تیدا بوونێکی سه‌ربه‌خۆی نییه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێ به تێبینییه سایکۆلۆژییه‌کان سه‌باره‌ت به تاک و دیاری کردنی که‌سێتی (فه‌ردییه‌ت) لای تاک. تاک له سه‌ره‌تای له‌دایک بوونییه‌وه له کارلێکێکی به‌رامبه‌ردایه له هه‌مبه‌ر ئه‌و نموونانه‌ی که میکانیزمی دروست بوونی که‌سایه‌تی ئه‌و پێک دێنن. ئه‌م قه‌ناعه‌ته تا راده‌یه‌کی زۆر پشتی به‌ستووه به بۆچوونه‌کانی زیگمۆنه فرۆید له‌هه‌مبه‌ر تیۆری سایکۆئانالیزه کردنی که‌سێتی تاک که بریتین له ناوشیاری و وشیاری. تاک له زۆنگه‌ی فرۆیده‌وه بوونه‌وه‌رێکه که به‌رده‌وام مه‌یل و ئاره‌زووه‌کانی له لایه‌ن دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی کۆنترۆڵ ده‌کرێ و ئه‌م مه‌یله سه‌رکوت کراوانه به قه‌ناعه‌تی فرۆید له نیهادی ناوشیاریدا ده‌مێننه‌وه. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی که تاک به وشیاری ده‌گه‌یه‌نێ هه‌ر ئه‌و واقعانه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ی تاکن و ئه‌م واقعانه دوور له ئیختیاری تاک له “خۆد بوونی” ئه‌ودا زه‌ینی ده‌کرێن. زۆر گرینگه ئه‌گه‌ر زۆر به کورتیش بێ سه‌رنج بده‌ین به بۆچوونه‌مانی ” جی. ئێچ . مید” له هه‌مبه‌ر دروست بوونی وشیاری لای تاک. دیاره “مید” وه‌ک فرۆێد که‌سایه‌تی لای تاک هێنده‌ش به شێواوی نابینێ به‌ڵام له زۆر لایه‌نه‌وه هاوبۆچوونی لای ئه‌مان دیاره. “مید” راده‌گه‌یه‌نێ که تاک له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه له رێگای لاساییكردنه‌وه‌ی ره‌فتار‌و كرداری گه‌وره‌كانه‌وه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌شه ده‌ستێنێ. لای ئه‌و گه‌مه کردن رێگایه‌كه بۆ گه‌یشتن به‌م مه‌به‌سته، واته وشیاری. له روانگه‌ی میده‌وه، كاتێ تاک فێر ده‌بێ “منی به‌ركار” (me) له “منی بكه‌ر ( I ) جیا بکاته‌وه، ده‌گاته وشیاری. به‌م واتایه، خوود بوون هه‌ر له سه‌ره‌تای ساواییدا به‌ره‌ورووی پرۆسه‌یه‌ک ده‌بێته‌وه که تاک ناچار ده‌کا به ملکه‌چ کردن له به‌رامبه‌ر ئیراده‌یه‌کی گشتیدا. ئه‌م ئیراده گشتییه چوارچێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی دابین ده‌کا که له‌ودا سنوور و مه‌ودای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تاک و کۆمه‌ڵگا دیاری ده‌کرێن. لێره‌وه تاک وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ساوا له سروشتی ره‌ها بوون داده‌بڕێ و فێر ده‌کرێ که به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بدۆزێته‌وه، واته پرۆسه‌ی راشیۆنال. چوونکه عه‌قڵ لایه‌نێکی گشتی هه‌یه، تاک ناچاره بۆ ئه‌و بنه‌مایانه بگه‌رێته‌وه که له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و راوه‌ستاوه.
هێندێک له کۆمه‌ڵناسان له سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ن که مه‌یدانی کارتێکه‌ری تاک زۆر به‌رته‌سک کراوه‌ته‌وه و له بنه‌ڕه‌تدا پێناسه‌یه‌کی گشتی بۆ تاک له ئارادا نییه جگه له‌وه‌ی که بڵێین که‌سایه‌تی تاک به‌رهه‌می کاردانه‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگایه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی قه‌ناعه‌تی کۆمه‌ڵێک له کۆمه‌ڵناسان له‌هه‌مبه‌ر نیگه‌رانی ئه‌وان له چه‌مکی پێگه‌ی تاک له به‌ستێنی کۆمه‌ڵگا و هه‌روه‌ها فه‌نا بوونی ئیراده‌ی ئازادی تاک و چه‌مکی گشتی که‌سێتی (فه‌ردییه‌ت)، ئانتۆنی گیدێنز له‌م زۆنگه‌یه‌وه پێناسه‌یه‌کی ورد و سه‌رنج راکێشی هه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێ: “ ئه‌وه راسته که ئێمه له سه‌رده‌می له دایک بوونه‌وه تا مردن له کارلێکێکی به‌رامبه‌رداین له هه‌مبه‌ر خه‌ڵکانی دیکه‌دا، به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ره‌وشه که‌سایه‌تی ئێمه، به‌هاکانمان و، ره‌فتاره‌کانمان ده‌خاته گره‌وی مه‌رجێکه‌وه (مه‌رجی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون). به‌ڵام به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون بناغه‌کانی که‌سێتی ئازادی ئێمه‌شه. له بواری به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبووندا هه‌ر کام له ئێمه هه‌ستێکی هه‌ویه‌تی تاکه‌که‌سی (self-identity) و، توانایی ئه‌ندێشه و کرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ په‌یدا ده‌که‌ین.”
بنه‌ماڵه
بنه‌ماڵه بریتیه له کۆمه‌ڵێ له ئه‌ندامانی خێزان که له رێگای پێوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کان (زه‌ماوه‌ند) به یه‌کتره‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و که‌سانی به ته‌مه‌نتر هه‌میشه هه‌ڵگری به‌رپرسایه‌تی راسته‌وخۆی که‌سانی که‌مته‌مه‌نترن. ئه‌م به‌رپرساریه‌تییه له زۆنگه‌ی دابین کردنی بژیوی ژیان، ئاسایش، په‌روه‌رده‌یه و هه‌روه‌ها مه‌یدانێکی راهێنانه بۆ چوونه نێو پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون. بنه‌ماڵه له هه‌مان کاتدا که قه‌واره‌یه‌کی دیاری کراوه له تاکه‌کانی نێو ئه‌م کۆیه، له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری کۆمه‌ڵێ نه‌ریت و به‌های په‌سه‌ند کراویشه که شیرازه‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه پێک دێنێ. هه‌رکام له‌م تاکانه به نۆره‌ی خۆیان به پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بووندا تێده‌په‌ڕن که له راستیدا هه‌مان شووناسی کۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه که کۆمه‌ڵگاکه‌یان پێ پێناسه ده‌کرێ. مه‌رجی سه‌ره‌کی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه (بنه‌ماڵه) پرۆسه‌یه‌کی نه‌هادینه‌یه که به په‌روه‌رده ناوزه‌د ده‌کرێ. په‌روه‌رده (ته‌ربیه‌ت) مه‌قووله‌یه‌کی به‌رفراوانه که به گوێره‌ی جیاوازی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی کولتوری هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ک میزان و قورساییه‌که‌ی جیاوازیان هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌کتردا. جیاوازی ئه‌م قه‌وارانه سه‌رچاوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه و ئه‌م سه‌رچاوانه‌یش له زۆنگه‌ی نموونه‌کانی پێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، شیوه‌ی به‌رهه‌م هێنان و کولتور که به گشتی مێتۆدی ژیان پێک ده‌هێنن جیاوازیان هه‌یه و ئه‌م جیاوازیانه‌یش نیشانه‌یه‌کی به‌رچاون له ئاستی چینایه‌تی ئه‌وان. شووناسێکی گشتی له هه‌مبه‌ر بنه‌ماڵه و پێوه‌ندییه‌کانی له کۆمه‌ڵگای جیهانیدا هه‌یه که ئه‌م نیهاده کۆمه‌ڵایه‌تییه دابه‌ش ده‌کا به سه‌ر دوو تاقمی گشتی له بنه‌ماڵه. ئه‌م دوو تاقمه بریتین له 1/ مایکرۆ بنه‌ماڵه یان به واتایه‌کی دیکه بنه‌ماڵه‌ی به‌رفراوان 2/ بنه‌ماڵه‌ی ناو‌کی. ئه‌م دوو پێناسه‌یه له بنه‌ماڵه دۆخی بنه‌ماڵه و کاریگه‌ری ئه‌م نیهاده دیاری ده‌کات له زۆنگه‌ی په‌روه‌رده‌ی تاک و پێکهاته‌ی گشتی کۆمه‌ڵگا. دیاره بره‌وی هه‌رکام له‌م دوو نماده به‌رهه‌می دۆخێکی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تین که هه‌رکام له‌مانه پێوه‌ند ده‌درێنه‌وه به سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک سیسته‌می سووننه‌تی و سیسته‌می مۆدێڕن.
مایکرۆ بنه‌ماڵه، مه‌یدانێکی به‌رفراوانی پێوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کانه که ئه‌ندامه‌کانی به ته‌نیا هه‌ر بریتی نین له ئه‌ندامانی پله یه‌کی بنه‌ماڵه وه‌ک دایک و باب، به‌ڵکوو ئه‌م نیهاده به‌رفراوانتره و پێناسه‌که‌ی له چه‌مکێکی گشتی‌تر وه‌رده‌گرێ له هه‌مبه‌ر به‌رپرسیاره‌تییه‌کان. ئه‌م قه‌واره بنه‌ماڵه‌ییه بریتییه له باپیره و دایه‌گه‌وره، مامه‌کان، پووره‌کان، خاڵه‌کان و ئه‌و وه‌چه‌یه‌ی که نه‌وه‌ی ئه‌مانن و سه‌ره‌نجام باب و دایک و منداڵه‌کانیان. ئه‌م فۆرمه له بنه‌ماڵه هه‌نووکه‌ش له به‌شێکی گه‌وره‌ی جیهاندا پارێزراوه و ئه‌و سیسته‌مانه‌ی که له‌م چه‌شنه بنه‌ماڵانه‌ی تێدا به‌دی ده‌کرێن تایبه‌تمه‌نی مۆدێڕنیان نییه و پتر له سیسته‌می فیۆدالی و یان ئه‌و وڵاتانه‌دا باوه که له پێوه‌ندییه‌کی مۆدێڕنی ئابووریدا نین و پتر تایبه‌تمه‌ندییه‌کی مڵکداری یان شوانکارانه‌یان هه‌یه. شێوه‌ی پێکه‌وه ژیان له‌م مۆدێله‌دا زۆر گرینگه و بنه‌ماڵه‌کان هه‌میشه له ده‌وری یه‌کترن واته له چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافیدا.( دیاره پێویسته سه‌رنج بده‌ین به عه‌شیره و خێڵ که ئه‌مانیش هه‌ر له خانه‌ی مایکرۆ بنه‌ماڵه‌دان.)
بنه‌ماڵه‌ی ناو‌کی، بریتییه له باب، دایک و منداڵه‌کانیان. له‌م مۆدێله‌دا خزمانی نێزیک‌تر که‌متر ده‌وریان هه‌یه له پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان و به گشتی کاریگه‌ریان که‌متره به سه‌ر ره‌وشی ئه‌م پێوه‌ندییانه‌دا. بنه‌ماڵه‌ی ناو‌کی به چه‌شنێک له مایکرۆ بنه‌ماڵه‌کانیشدا به‌دی ده‌کرێن، به‌ڵام مه‌یدانی کاریگه‌ری ئه‌مان له پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا که‌متره. شێوه‌ی ژیان له‌م مۆدێله‌دا دورکه‌وتنه‌وه له سه‌نته‌ری پێوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کانه‌وه و له باری جوگرافییه‌وه خۆیان له‌و شوێنانه ده‌بیننه‌وه که له پێوه‌ندی کار و ژیاندایه. بنه‌ماڵه‌ی ناو‌کی که خۆی ده‌پچڕێنێ له پێوه‌ندیه‌کانی به مایکرۆ بنه‌ماله، نموونه‌یه‌کی به‌رچاوه له وێنای چه‌مکی گشتی له شووناسی بنه‌ماڵه له وڵاتانی مۆدێڕن.
مه‌رجی گۆڕانکاری، یان به واتایه‌کی دیکه ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ی که کۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه‌کانی به‌ره‌و هه‌ڵبڕان له فۆرمی مایکرۆ بنه‌ماڵه دنه داوه، کۆمه‌ڵێ فاکتی مێژوویین که له پێوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆدان به سه‌رهه‌ڵدانی شۆرشی پیشه‌سازی و هه‌نگاونانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه به‌ره‌و مۆدێڕنیزاسیۆن. یه‌که‌م کارتێکه‌رییه‌کانی مۆدێڕنیزم له سه‌ر کۆمه‌ڵگاکان هه‌مان دروست کردنی مه‌جالی پره‌ساندنی ژیانی نێو شاره‌کان و به‌رهه‌م هێنانی چه‌مکی کولتوری “شار” بوو. ئه‌م وته‌زایه واته شارستانیه‌ت، به‌رهه‌می نیهادینه کردنی کۆمه‌ڵێ که‌ره‌سه‌ی مۆدێڕن بوون بۆ گه‌شه‌ساندنی کۆمه‌ڵگا وه‌ک خوێندنگه، باخچه‌ی منداڵان، خوێندنی باڵا، ده‌رفه‌تی به‌رامبه‌ر بۆ کارکردنی ژن و پیاو، چوونه‌سه‌ری ئاستی ته‌ندروستی، بزاڤه مه‌ده‌نییه‌کان (که ده‌ورێکی گاریگه‌ریان هه‌یه له هاندانی بزاڤی ژنان و داککۆکی کردن له مافی منداڵ و پاراستنی مافی تاک)، راگه‌یاندراوه گشتییه‌کان و… به گشتی گۆڕانکاری له نموونه‌کانی بنه‌ماڵه‌دا په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵێ فاکتی سه‌ره‌کی که به‌رچاوترینیان گه‌شه‌ساندنی حکوومه‌تی ناوه‌ندییه یان ده‌وڵه‌تی خزمه‌تگوزار ( ئه‌م ده‌سه‌ڵاته میکانیزمێک دابین ده‌کا بۆ سه‌روه‌ری یاسا و ره‌خساندنی مه‌جالی دادپه‌روه‌ری، که شه‌رعیه‌تی شووناسی یاسا سه‌رچاوه ده‌گرێ له نۆرم و به‌ها گشتییه‌کانی مرۆڤایه‌تی که له جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤدا هه‌ن)، په‌ره‌سه‌ندنی شاره گه‌وره و چکۆله‌کان و سه‌ره‌نجام ده‌رفه‌تی دامه‌زران له‌و ده‌زگایانه‌ی که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌دان.
ئه‌م پێناسه‌یه له چه‌مکی بنه‌ماڵه، پێموایه تا راده‌یه‌کی گونجاو له مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م ته‌وه‌ره‌مان نێزیک ده‌کاته‌وه. به‌ڵام لێره‌دا پێویست ده‌کا بابه‌تی ته‌وه‌ری ئه‌م جاره بخه‌ینه به‌رده‌م پرسیارێکی گشتی‌تر له هه‌مبه‌ر پرسی بنه‌ماڵه. داخوا مه‌به‌ستی ئه‌م ته‌وه‌ره له بنه‌ماڵه کام مۆدێلی بنه‌ماڵه‌یه؟ ئه‌م پرسیاره کاتێ دێته گۆڕێ که به پێی شیکارییه‌ک که له سه‌رێدا ئاماژه‌ی پێدرا، ئازادی و پێوه‌ندی و شوێنی تاک له بنه‌ماڵه‌دا، له هه‌رکام له‌م مۆدێلانه‌دا جیاوازی هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندی خۆشیان پێوه دیاره. له مۆدێلی مایکرۆ بنه‌ماڵه‌دا پێوه‌ندی و شوینی تاک به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیکه که سه‌رنج ده‌درێ به کۆمه‌لێ تایبه‌تمه‌ندی که له تاکدا به‌دی ده‌کرێن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌یش بریتین له ته‌مه‌ن، گرینگی فیزیکی و کاریزمایی تاک و کاریگه‌ری تاک له پته‌وتر کردنی پێوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کانی مایکرۆ بنه‌ماڵه‌دا. ئازادی تاک له‌م مۆدێله‌دا که‌متر جێگای سه‌رنجه و به‌رده‌وام مه‌حدوود ده‌بێته‌وه به نه‌ریته پاوه‌جێکانی نێو بنه‌ماڵه. چوونکه پێوه‌ندی تاک و بنه‌ماڵه له سه‌ر بناغه‌یه‌کی نیازی ئابووری دارژاوه، تاک ناچاره هه‌میشه چاوپۆشی بکات له ئازادییه‌کانی له پێناو ئه‌و دۆخه‌ی که نه‌کا خێڵ یان بنه‌ماڵه خۆی لێ نه‌بان که‌ن و له‌باری پێوه‌ندییه خزمایه‌تییه‌کانیه‌وه بێ به‌ری بکرێ و بێ گوومان پشتگیری بنه‌ماڵه ئه‌مرێکی حه‌یاتییه بۆ تاک له سیسته‌می مایکرۆبنه‌ماڵه‌دا. تاک له‌م مه‌یدانه‌دا ئه‌وه‌ندی نیازی هه‌یه به پێوه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی ئه‌وه‌نده‌ی نیاز نییه به ئازادی.
به‌ڵام له مۆدێلی بنه‌ماڵه‌ی ناوکیدا ئه‌م مه‌رجانه تا راده‌یه‌کی به‌رچاو جیاوازن. پێوه‌ندی تاک به بنه‌ماڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ له سنووری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تاک و، شوێنی تاک له بنه‌ماڵه‌یشدا تا راده‌یه‌کی به‌رچاو له گۆڕاندایه. چوونکه مه‌جالی هاتنه ده‌ر له نیهادی بنه‌ماڵه له بنه‌ماڵه ناوه‌ندییه‌کاندا زۆرتره، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێ به ئه‌و یاسایانه‌ی که له باری یاساییه‌وه ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێنێ بۆ تاک که له ته‌مه‌نی یاساییدا له‌و پێوه‌ندییه بنه‌ماڵه‌ییه بێته‌ده‌ر. له‌م مۆدیله‌دا ئازادی سنورێکی یاسایی هه‌یه. لێره‌دا خاڵێکی وه‌رچه‌رخان هه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتی یاسا له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا. واته دیاری کردنی سنور و مه‌جالی ئازادی تاک له کۆمه‌ڵگادا.
ئه‌گه‌ر به‌گشتی ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کمان هه‌بێ له هه‌مبه‌ر نیهادی بنه‌ماڵه وه‌ک ناوه‌ندێک بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی تاک، پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌م که ئه‌م نیهاده ئه‌گه‌رچی لانکێیه‌که بۆ به‌رده‌وام بوونی وه‌چه‌کانی مرۆڤ له هه‌مان کاتدا بناغه‌یه‌که بۆ به‌رهه‌م هێینانی که‌سێتی لای تاک. بنه‌ماڵه ده‌ورێکی کاریگه‌ر ده‌بینێ له پرۆسه‌ی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوونی تاک و له‌م بنکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تاک راده‌هێندرێ بۆ هه‌ڵکردن و راهاتن له‌گه‌ڵ به‌ها گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگا. میکانیزمی به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوون لای بنه‌ماڵه پرسی په‌روه‌رده‌یه و، له‌م زۆنگه‌یه‌وه ئازادی و پێوه‌ندی و شوێنی تاک له بنه‌ماڵه و ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگاشدا دیاری ده‌کرێ. ئه‌مه قه‌ناعه‌تێکی گشتییه سه‌باره‌ت به بنه‌ـاڵه، به‌ڵام بنه‌ماڵه روویه‌کی دیکه‌ی هه‌یه که ئانتۆنی گیدێنز به ” روویکه‌ردی ره‌ش” ناوزه‌دی ده‌کا و ئاماژه به‌وه ده‌دات که مه‌یدانی توند و تیژی (که هۆکاریه‌کی قه‌تعییه بۆ پێشێلکاری ئازادی تاک و مافه‌کانی) له بنه‌ماڵه‌دا زۆرتره تا کۆمه‌ڵگا. به‌ڵگه‌ی ئه‌و بۆ ئه‌م قه‌ناعه‌ته ئه‌مه‌یه که که‌س بۆی نییه له ده‌ره‌وه‌ی ماڵێ‌دا که‌سێکی دیکه بداته به‌ر په‌لامار یان مافی لێ زه‌وت بکا، چوونکه له‌و حاڵه‌دا ده‌زگا ئاساییشییه‌کان مه‌جالی کۆنترۆڵ کردنی ئه‌و چه‌شنه دۆخه‌یان هه‌یه، به‌ڵام له بنه‌ماڵه‌دا ئه‌م بابه‌ته به‌شێکه له نه‌ریتی رۆژانه.
ئه‌گه‌ر له گۆشه نیگایه‌کی ئایدیالیستانه‌وه سه‌رنج بدرێ به پرسی ئازادی تاک، پێوه‌ندی و شوێنی له ناو بنه‌ماڵه‌دا، ده‌بێ رابگه‌یه‌نم که هه‌ر شتێک که شیاوی ئاستی مرۆڤه پێویسته بۆ مرۆڤ بگه‌رێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته له خانه‌ی ئایدیالیستیدا ده‌مێنێته‌وه، چوونکه واقعه‌کان له دیتنی رێیالیستییه‌وه بابه‌تێکی دیکه‌ن. ئازادی تاک به‌رهه‌می ئاستی کولتوورێکی په‌روه‌رده‌ییه و مافی تاک له که‌شێکدا پارێزراو ده‌مێنێته‌وه که که‌ره‌سه‌ی نه‌هادینه کردنی نۆرم و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانی تێدا ئاماده کرابێ. ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه له ده‌ره‌وه‌ی کۆنترۆڵی نیهاده مه‌ده‌نییه‌کان بێ و وه‌ک چوار چێوه‌یه‌کی داخراو و خسووسی (پریڤات) بمێنێته‌وه و ده‌ستی یاسای پێڕانه‌گات، بێگوومان ئازادی تاک و گشت مافه‌کانی له نێو بنه‌ماڵه‌دا پێشێڵ کراوه و ته‌نانه‌ت دوور له ده‌رکیشه. گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئازادی و مافی تاک له گره‌وی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و فاکتانه‌ن که له‌باری سایکۆلۆژی و کۆمه‌ڵناسییه‌وه کارتێکه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا. ئه‌گه‌ر له بنه‌ماڵه‌یه‌کدا توندوتیژی به‌شێکه له نه‌ریتی رۆژانه، ئه‌گه‌ر له بنه‌ماڵه‌دا قه‌تڵی نامووسی شه‌ره‌فێکی به‌رزه، ئه‌گه‌ر له بنه‌ماڵه‌دا پێوه‌ندی تاکه‌کانی نێو خێزان له ژێر رکێفی سووڵته‌ی خاوه‌ندارێتیدایه، ئه‌گه‌ر شوێنی تاک له بنه‌ماڵه‌دا وه‌ک ئه‌رک دیاری ده‌کرێ، گرفتی سه‌ره‌کی له ته‌عاموولی بنه‌ماڵه له گه‌ڵ تاک دا نییه به‌ڵکوو کاریگه‌ری ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ن که مه‌جال ده‌دا به بنه‌ماڵه که خۆی به خاوه‌ن بڕیار بزانێ له دیاری کردنی چاره‌نووسی تاک. ئه‌م واقعه نێر و مێی بۆ نییه و ناشێ ته‌نیا وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باوکسالارانه پێناسه بکرێ، به‌ڵکوو ئه‌مه هێزێکه به ناوی “سوڵته” و دیارده‌یه‌که به ناوی ” توندوتیژی” پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژی/ کۆمه‌ڵناسیمان هه‌بێ له هه‌مبه‌ر ئه‌م دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌مه تراژدییه‌کی غه‌ماوییه کاتێ به‌سه‌ر دیارده توندوتیژییه‌کانی بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵدا هه‌ڵده‌کورمێین و شێعریان بۆ ده‌هۆنینه‌وه و شین گێڕیان بۆ ده‌که‌ین، تۆ بڵه‌یی هیچکام له ئێمه روخساری خۆی له نێو ئه‌و حه‌شاماته‌دا نه‌ده‌بینییه‌وه کاتێ به‌رده‌بارانی جه‌سته‌ی “دووعا” یان ده‌کرد؟
رزگار ئه‌مین نژاد
05.07.2007
سه‌رچاوه‌کان:
1/ زمینه روان‌شناسی هیلگارد
2/ جامعه شناسی/ ئانتۆنی گیدێنز
3/ فرهنگ جامعه / ئابێرکرامبی/ ئێستێفێن هیل
وەڵامێک بنووسە