په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م به‌ره‌و رۆژئاوا ده‌روانێ. ئێواران ئه‌و کاتانه‌ی تیشکی زه‌رده‌په‌ڕ به‌ره‌به‌ره روناکایی ژووره‌که‌م به‌ره‌و ره‌نگێکی مه‌یله‌و نارنجی ده‌باته‌وه، دڵم داده‌گیرێ. ئه‌م دڵته‌نگییه زۆر له‌مێژ نییه که داڵده‌م ده‌دات. ره‌نگه چه‌ند مانگیک بێ، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌دا، گشت ئێواره‌یه‌ک هه‌ست به دڵته‌نگی ده‌که‌م. کاتێ دوا تیشکی خۆر لهکهلهپۆی رۆژئاواڕا به نیو ژووره‌که‌مدا بڵاو ده‌بێته‌وه، چاوه‌روانییه‌کی بێهوده به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که‌م ده‌باته‌وه.
زه‌رده‌په‌ڕان
رزگار ئه‌مین نژاد
په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م به‌ره‌و رۆژئاوا ده‌روانێ. ئێواران ئه‌و کاتانه‌ی تیشکی زه‌رده‌په‌ڕ به‌ره‌به‌ره روناکایی ژووره‌که‌م به‌ره‌و ره‌نگێکی مه‌یله‌و نارنجی ده‌باته‌وه، دڵم داده‌گیرێ. ئه‌م دڵته‌نگییه زۆر له‌مێژ نییه که داڵده‌م ده‌دات. ره‌نگه چه‌ند مانگیک بێ، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌دا، گشت ئێواره‌یه‌ک هه‌ست به دڵته‌نگی ده‌که‌م. کاتێ دوا تیشکی خۆر لهکهلهپۆی رۆژئاواڕا به نیو ژووره‌که‌مدا بڵاو ده‌بێته‌وه، چاوه‌روانییه‌کی بێهوده به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که‌م ده‌باته‌وه. له‌وێرا چاوێ به کۆڵانه‌که‌ماندا ده‌گێڕم و گوێ هه‌ڵده‌خه‌م بۆ ده‌نگی نهرمهههنگاوێک که وه‌ک ده‌نگی پێی هیچکام لهدراوسێکانمان ناچێ. هه‌ست راده‌گرم، به‌ڵام ئه‌مه، چه‌ند مانگێکه نایه‌ته به‌ر گوێم. ئیستا تێده‌گه‌م که تا چ راده‌یه‌ک ره‌نگ کار ده‌کاته سه‌ر هه‌ست و سۆزی مرۆڤ.
بیرم نایه که‌ی بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌م په‌نجه‌ره‌وه، ئێواره‌یه‌کی پاییزی، ده‌نگی نهرمهههنگاوێک هاته به‌ر گوێم. هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م هه‌نگاوانه زۆر قورسترن له‌هه‌نگاوی دراوسێکانمان. وام بیر ده‌کرده‌وه که ره‌نگه هێنده گران بن که جێ پێی له سه‌ر قیره‌تاوی کۆڵانه‌که‌مان بمێنێته‌وه. هه‌رواش بوو. ئێستاش کهئێستایه، شوێن پێیه‌کانی ده‌بینم که‌به‌سه‌ر قیره‌تاوی کۆڵانه‌که‌ماندا ماوه‌ته‌وه.
نه ئێواره‌یه‌ک و نه‌دوو و نه‌سێ، ئه‌م ده‌نگه ببو به‌پرسیاری گشت ئێواره‌کانم. دوا هه‌ناسه‌کانی زه‌رده‌په‌ڕی ئێواره‌یه‌کی پاییزی بوو که کۆنجکۆڵانه سووکه چاوێکم به‌کۆڵانه‌که‌دا خشاند و زۆر به په‌له له ترسانا نه‌ک ئه‌م هه‌نگاوه قورسانه هه‌ست به سه‌رنجی چاوه‌کانم بکه‌ن- خۆم له پشت په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌که شارده‌وه. ئه‌مه ده‌نگی پێی ئه‌و بوو که‌هه‌موو ئێواره‌یه‌ک رۆژنامه‌یه‌کی لوول کراوی به‌ده‌سته‌وه دهگرتو به‌ره‌و خانوویه‌ک ده‌رۆشته‌وه که له‌م ماوانه‌دا به کرێی گرتبوو. دراوسێیه‌کی نوێ. ماڵه‌که‌ی به‌رامبه‌ر به‌ماڵی ئێمه، به‌ڵام دوو ماڵ به‌ره‌وژوورتر بوو. له پهنجهرهکهمڕا زۆر به جوانی ژوورهکهییم لێ دیار بوو که دیواره‌کانی به‌رۆژنامه داپۆشیبوون. لای خۆم مه‌زنده‌م ده‌کرد که گشت ئێواره‌یه‌ک رۆژنامه‌ی نوێ ده‌کرێت و دیواری ژووره‌که‌ی پێ ده‌رازێنێته‌وه. ره‌نگه وابێ، ئه‌مه گرینگ نییه. گرینگ ده‌نگی نه‌رمه هه‌نگاوه‌کانی بوو که ناچاری ده‌کردم ئێواران له پشت پهنجهرهکهڕا سه‌یری بکه‌م و چاوی لێ هه‌ڵنه‌بڕم تا ئه‌و کاته‌ی ده‌ست بۆ گیرفانی ده‌بات و کلیلی درگاکه‌ی ده‌ردێنێ و به‌ئاسپایی قوفڵی ده‌رگاکه‌ی ده‌کاته‌وه‌و به‌رله‌وه‌ی خۆی به ماڵێ‌دا بکاته‌وه، سه‌رێ هه‌ڵبڕێ و سه‌یری من بکات و ئینجا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک له‌سه‌ر روخساری بنیشێ و درگاکه‌ی له‌سه‌ر پشت دابخاته‌وه. تاقه‌تم نه‌ده‌هێنا، هه‌ر تاو ناتاوێک ده‌چوومه‌وه به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م و سیپهم بۆ ده‌نایه‌وه. هه‌ر لێره‌وه دهمروانییه ژووره‌که‌ی که گشت دیواره‌کانی به رۆژنامه رازاندبوه‌وه. گڵۆپی ژووره‌که‌ی کوژانه‌وه‌ی بۆ نه‌بوو. تا دره‌نگانێ له شه‌و من هه‌ر به‌دیار کوژانه‌وه‌ی ئه‌و گڵۆپه‌وه باوێشکم ده‌دایه‌وه. له‌به‌ر خۆمه‌وه لایه‌لایه‌م بۆ ده‌کرد تا به‌ڵکه ئه‌ویش چاوه‌کانی بۆ خه‌و کز ببن. به‌ڵام ئه‌وه من بووم خه‌و دهیبردمهوهو قه‌ت نه‌متوانی کوژانه‌وه‌ی گڵۆپه‌که‌ی ببینم. ئێستا هه‌ست ده‌که‌م که رووناکایی ئه‌و گڵۆپه چ مانایه‌کی ده‌دا به ئاوه‌دانی کۆڵانه‌که‌مان. ئێستا تاریکاییه‌کی خه‌ست وه‌ها به سه‌ر کۆڵانه‌که‌ماندا که‌وتووه که‌وا هه‌ست بکه‌م ئیتر گشت گڵۆپه‌کانی دونیا روناکی ناکاته‌وه.
نه‌مده‌زانی ئه‌م هه‌سته‌م چۆن شڕۆڤه بکه‌م. له‌گوتن نه‌ده‌هات. مه‌راقێک بوو ئه‌وکی ده‌گوشیم. ئازارێک بوو که شه‌وانه چه‌ند جار ده‌یگریاندم. خه‌مێکی گران به‌ڵام شیرین بوو. ده‌سته خوشکه‌کانم ده‌یانگوت ئاشق بووی. ده‌مپرسی: به‌چی؟ ده‌یانگوت له چاوهکانتڕا دیاره. بیستبووم یه‌که‌م کاریگه‌ری ئه‌وین له سه‌ر چاو ده‌رده‌که‌وێ، به‌ڵام تۆ بڵێی ئه‌و چاوانهیش که زهردهپهران به‌ر له‌وه‌ی ده‌رگاکه‌ی له سه‌ر پشت دابخاته‌وه، ئازاری ئه‌وینی لێ نیشتبێ. نا، وا نییه. ئه‌وه ته‌نیا نیگایه‌کی مێهره‌بان بوو که ئاراسته‌ی ده‌کردم. نا، راسته، رهنگهنیگایهکی ئه‌ویناوی بووبێ. ئه‌ی منی شێت، بۆ قه‌ت سه‌رنجێکی وردترم پێی نه‌دابوو؟
ئێواران بووبوو به‌نه‌ریتێک که‌وا هه‌ست بکه‌م گشت ئێوارانی ژیانم رهنگاوی بن. پێم وابوو هه‌موو ئێواره‌یه‌کم ته‌ژی ده‌بن له ده‌نگێ نهرمهههنگاوان. هه‌ستم ده‌کرد خوا ئێواره‌ی خوڵقاندوه که ببێ به‌ره‌مزی سۆزێک که ده‌ربڕینه‌که‌ی ژاناوییه. به‌ره‌به‌ره ده‌هاتمه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ره‌نگی نارنجی ره‌نگی ئه‌وینه. ده‌مه‌و کاتی زهردهپهران، باوه‌شم ده‌کرد به شه‌پۆلی ئه‌و ره‌نگه نارنجیانهی که له ژووره‌که‌مدا په‌نگیان دهخوارهوهو به حه‌سره‌ته‌وه له ته‌مه‌نی کورتی ئێواران راده‌مام. ئه‌م هه‌سته به‌رده‌وام بوو تاکوو ئێواره‌یه‌ک هات که گشت ئێواره‌کانی ژیانمی کرد به‌چیرۆکی دڵته‌نگی.
چاوم تێبڕی بوو، وه‌ک گشت زهردهپهڕهکانی دیکه. ده‌نگی نهرمهههنگاوهکانی ئاگاداریان کردمه‌وه که دیسان ئه‌وه وا به‌ره‌و ماڵ ده‌بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ئێواره‌یه مێلۆدی هه‌نگاوه‌کانی جیاوازیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ جاران، شلتر، ره‌نگه هێندێ گوماناوی بووبن. به به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌مدا تێپه‌ڕی له کاتێکا چاوی له چاوه‌کانم گرێدا بوو. هیچ ئێواره‌یه‌ک وا نه‌بوو. قه‌راری جاران ئه‌وه‌بوو هه‌ر بمکوژێ و ئاوڕم لی نه‌داته‌وه تا دهگاتهبهر ده‌رگاکه‌ی و ئه‌وجار به‌سووکه نیگایه‌کی تیژتێپه‌ڕ کووره‌یه‌کی ئاگر له دهڵمدا بکاته‌وه‌و ئیتر شه‌وێ تا به‌ر به‌یانی هه‌ر هه‌ڵقرچێم. چه‌ند هه‌نگاوێ دوور که‌وته‌وه‌و ئه‌وجار رووی له ماڵی ئێمه کرد. نازانم بۆ دڵم نه‌تۆقی، نازانم چۆن نه‌بووم به گڕکانێک و به‌و ئێواره‌یه نهتهقیمهوه. دڵم کهوتهلێدان و بینیم که‌هه‌نگاوی شل کردنه‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێک په‌شیمانی کردبێته‌وه، گه‌ڕایه‌وه‌و تا به‌ر ده‌رگاکه‌ی خۆی رانه‌وه‌ستا. وه‌ک جاران ده‌ستی برد بۆ گیرفانی، به ئاسپایی ده‌رگاکه‌ی کرده‌وه، سه‌رێکی هه‌ڵبڕی، بزه‌یه‌ک به روخساریدا گه‌ڕا و ده‌رگاکه‌ی له‌سه‌رپشت داخسته‌وه. لاقه‌کانم به زه‌حمه‌ت له په‌نجه‌ره‌که‌ی دوور خستمه‌وه. ئه‌ژنۆکانم بڕستی راگرتنی منیان لێ برا بوو. له قووژبنێکی ژووره‌که‌م دانیشتم و ئیتر کپ بووم. بێده‌نگ. ده‌تگوت له بێده‌نگیدا له دوای وه‌ڵامێک ده‌گه‌رێم بۆ ده‌یان پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره. سه‌رم کاس بوو و چاوانم له‌هیچ چه‌قیبوون. به‌خۆم وت ئه‌م ئێواره‌یه کۆتایی ژیانی منه. ئیتر من مردووم. نه‌ماوم. بریا وابا. نه‌مده‌زانی ئه‌و بێده‌نگییه بۆچی هێنده قوورس بوو؟ سه‌رم ده‌ر نه‌ده‌کرد و هه‌ر له قوورسایی ئه‌م بێده‌نگییه‌دا وه‌ستا بووم که له ناکاو ده‌نگێک بێده‌نگی ژووره‌که‌می راچڵه‌کاند.
ئه‌مه ده‌نگه‌ده‌نگی پێ نه‌بوو. ده‌نگی چۆله‌که نه‌بوو. ده‌نگی با نه‌بوو، هه‌وره تریشقهیش نه‌بوو. ده‌نگی هاڕه‌ی ماشێن بوو که به هه‌ڵکه‌وت ئارامیی کۆڵانهکهمانی ده‌شێواند. به‌ڵام ده‌تگوت ده‌نگی ئه‌م ماشێنه جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌نگی گشت ماشێنه‌کانی ئه‌م شاره. بۆچی؟ نازانم. به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو، گورج به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که ده‌رپه‌ڕیم و بینیم ماشێنێکی سپییه له جۆری په‌یکان. به سوڕمانه‌وه دیم که له به‌ر ده‌رگای ئه‌ودا بێده‌نگ بوو. چوار که‌س له په‌یکانه‌که دابه‌زین و له ده‌رگاکه‌یان دا. دوای ماوه‌یه‌کی کورت درگاکهکرایهوهو سێ که‌سیان خۆیان کرد به‌ژووردا. یه‌کیان به‌دیار ماشێنه‌که‌وه راوه‌ستابوو. زۆری پێنه‌چوو، ره‌نگه نیو کاتژمێر که ئه‌مجاره چوار که‌س له ماڵه‌که‌ی هاتنه‌ده‌ر. یه‌کیان خۆی بوو. به‌ڵام ره‌نگی روخساری وه‌ک خۆی نه‌ده‌چوو. ره‌نگ هه‌ڵبزرکاو ، وه‌ک ئه‌م زه‌رده‌په‌ڕه. یه‌کیان باوه‌شێ رۆژنامه‌ی له گه‌ڵ خۆی هێنابوه ده‌ره‌وه، به‌ڵام سه‌راوبن رایگرتببون. هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م رۆژنامانه ناز لێشێواوانه سه‌یری من ده‌که‌ن و پێم ده‌ڵێن: ئه‌ها تێگێشتی که ئێمه‌ی نه‌ده‌کڕی بۆ رازاندنه‌وه‌ی دیواره‌کانی. ئه‌رێ، منی گه‌مژه له‌وه تێنهدهگێشتم که ئه‌و هه‌مووه رۆژنامه‌یه به‌شی گشت دیواره‌کانی شاری ده‌کرد. ئه‌ی بۆچیی بوون؟ ئه‌ویان له‌ناوه‌ندی خویان سوار کرد و ئه‌وجار ماشێنه‌که به ده‌نگێکی به هه‌یبه‌ت که‌وته رێ و ئه‌وی له گه‌ڵ خۆیدا برد.
ئێستاش هه‌موو رۆژێ به دیار ئاوابوونی خۆره‌وه راده‌وه‌ستم و له به‌ر لێومه‌وه وشه‌ی زه‌رده‌په‌ڕان دووپات ده‌که‌مه‌وه. له‌و ئێواره دره‌نگ وهختهڕا چیرۆکی ئێوارانی منیش به‌خه‌مه‌وه کۆتایی دێ. ئێستا کاتی بانگی شێوانهو دایکم ده‌چێ بۆ نوێژ هه‌ڵبه‌ستن. زۆر حه‌ز ده‌که‌م له کاتی سڵاو دانه‌وه‌یدا، ئه‌و کاتانه‌ی ده‌ستی نیازی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌کاته‌وه، شه‌رم نه‌مگرێ و بڵێم دایه دوعایه‌کیش بۆ ئه‌م ده‌ڵه‌ی من بکه!
به‌راستی چیرۆکێکی ناسک و جوان بوو. هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ تۆ کاک رزگای خۆشه‌ویست.
لایکلایک